ئازار 23, 2008
سایکۆلۆژیای خه‌و
به‌شی یه‌که‌م
توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
ئێمه‌ی مرۆڤ نزیکه‌ی سێ یه‌کی ته‌مه‌نمان به‌خه‌و به‌سه‌ر ده‌به‌ین ، هه‌مووشمان پێداویستیه‌کی زۆرمان به‌خه‌وه چونکه یه‌کێکه له‌پێداویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیانمان وه‌ک خواردن ، خواردنه‌وه ، سێکس . هه‌رکاتێک میانه‌مان له‌گه‌ڵ خه‌ودا تێکچێت وه‌ک ئه‌وه‌ی تووشی بێخه‌وی یان خه‌وزڕان یان زۆرخه‌وی ببین ، سه‌ری دنیامان لێدێته‌وه یه‌ک و جه‌نجاڵ و هه‌راسان ده‌بین ، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵین به‌مه‌سه‌له ژیانیه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک سیاسه‌ت ، ئابوری ، خوێندن ، خواردن ، ڕابواردن ، کارکردن و … هتد ، له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا وه‌ک پێویست مافی خه‌و ناده‌ین ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت هه‌رگیز یاخود زۆربه‌که‌می به‌دوای زانیاری‌دا ده‌گه‌ڕێین ده‌رباره‌ی ئه‌م وێستگه گرنگه‌ی ژیانمان که‌به‌رده‌وام له‌دوای چه‌ند کاژێرێک له‌بێداری په‌نای بۆ ده‌به‌ین و خۆمانی پێده‌سپێرین و به‌هۆیه‌وه چالاکی بۆ جه‌سته و مێشکمان ده‌گێڕینه‌وه . سه‌یره ، ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ڕۆژێکدا سێ جار نان ده‌خۆین ( هه‌ندێ جار دووجار ) ، ماوه‌ی خواردنی هه‌ر ژه‌مێک له ده خوله‌ک تێناپه‌ڕێت واته له‌ڕۆژێکدا ته‌نها 30 خوله‌ک یان که‌متر نان ده‌خۆین که‌چی ئه‌و هه‌موو ئاماده‌کاریه‌ی بۆ ده‌که‌ین ، ڕه‌نگه چه‌ند کاژێرێک به‌دروستکردنی ژه‌مه خواردنێکه‌وه سه‌رقاڵ بین هه‌ر له‌کڕینی پێداویستیه‌کانی ژه‌مه خواردنه‌که‌وه که‌به‌دوای که‌ره‌سه و جۆری باش و تازه و به‌تامدا ده‌گه‌ڕێین هه‌تا لێنان و ئاماده‌کردنی خواردنه‌که و ڕازاندنه‌وه‌ی خوان و خواردنی ژه‌مه خواردنه‌که . گه‌لێک جاریش ده‌گه‌ڕێین به‌دوای زانیاری‌دا بۆ ئامادکرده‌نی ژه‌مێک که‌له‌وه‌وپێش نه‌مانخواردووه یان ناوازه‌یه لامان . له‌به‌رامبه‌ردا خه‌و به‌پرۆسه‌یه‌کی لاوه‌کی ده‌بینین و نرخێکی ئه‌وتۆی ناده‌ینێ که‌له‌ئاست گرنگی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا بێت . هه‌ندێک جار بینیومانه یان بیستومان که‌سانێک بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته یان سێ هه‌فته یاخود مانگێک مان له‌خواردن ده‌گرن له‌زینداندا یان بۆ به‌جێهێنانی داوایه‌ک که‌له‌لای ئه‌وان ڕه‌وایه به‌ڵام زۆر سته‌مه یان مه‌حاڵه مرۆڤێک به‌رگه‌ی بێخه‌وی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بگرێت .
له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی زۆر بێبا‌یه‌خانه له‌خه‌و ده‌ڕوانرێت . پێکهاته‌ی خێزانی کوردی به‌شی هه‌ره زۆری له‌جۆری فره ئه‌ندامیه واته خێزانی پێنج یان شه‌ش یان حه‌وت ئه‌ندامی و به‌ره‌ژوورتره، هه‌میشه به‌هۆی نه‌زانی و نزمی ئاستی ڕۆشنبیریه‌وه ئه‌ندامانی خێزان ڕاهێنراون له‌سه‌ر سیستمێکی هه‌ڵه‌ی خه‌وتن ، یان به‌هۆی خراپی ده‌رامه‌ته‌وه خێزانێکی فره ئه‌ندام ته‌نها دوو ژوور یان یه‌ک ژووری نووستنیان هه‌بووه که‌تێکڕا ئه‌ندامانی خێزان به‌یه‌که‌وه خه‌وتوون . یان به‌هۆی گرانی و که‌می سووته‌مه‌نیه‌وه ته‌نها یه‌ک ژوور گه‌رم کراوه ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار له‌به‌ر نه‌بوونی پێخه‌ف و ڕاخه‌ری ته‌واوه‌وه ئه‌ندامانی خێزان ناچاربوون تێکڕا له‌ژوورێکدا بخه‌ون ، ئیدی گه‌وره و بچوک و هه‌رزه‌کار .. قوتابی و کاسبکار ، کچ و کوڕ ، به‌بێ ویست و ئیراده‌ی خۆیان ده‌بوو به‌ناچاری خۆ بگونجێنن له‌گه‌ڵ خه‌وی به‌کۆمه‌ڵ ، که‌گه‌وره‌ی ماڵ بخه‌وتایه ده‌بوو هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان بخه‌ون یان خۆیان له‌چالاکی بوه‌ستێینن ، به‌یانیانیش که‌گه‌وره‌ی ماڵ به‌ئاگابووایه ده‌بوو هه‌موو به‌ئاگا بێن ، ئه‌و شه‌وانه‌ش ماڵ میوان ڕووی تێبکردایه و میوان هه‌تا دره‌نگی شه‌و دانیشتایه ده‌بوو ئه‌ندامانی خێزان هه‌موو ئێشکگر بوونایه تاکو میوانه‌کان ئۆغریان ده‌فه‌رموو ئه‌وجا ده‌رفه‌تی خه‌ویان بۆ ده‌ڕه‌خسا ، مناڵان‌یش که‌به‌رگه‌ی ئه‌و ئێشکگرتنه ناگرن ده‌بوو له‌په‌نایه‌کی ژووره‌که‌دا خۆیان لوول بکردایه له‌ناو ژاوه‌ژاو و دوکه‌ڵی جگه‌ره و ده‌نگی تی ڤی بخه‌وتنایه هه‌تا جارێکی تر ده‌گوێزرانه‌وه سه‌رجێگه‌ی خۆیان ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار مناڵ سه‌رزه‌نشت ده‌کرا و ده‌شکێنرایه‌وه له‌ڕووی ده‌روونیه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی بێئه‌ده‌بییان نواندووه له‌به‌رچاوی میواندا کاتێک ده‌یانه‌وێت بخه‌ون . به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر ماڵێک سه‌ردانی ماڵێکی تریان بکردایه ده‌بوو مناڵه‌کانیان نه‌خه‌ون هه‌تا کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماڵه‌وه که گه‌وره‌کان ئه‌م کاته‌یان دیاری ده‌کرد به‌پێی تاقه‌ت و مه‌زاژی خۆیان بێئه‌وه‌ی گوێ بدرایه به‌خه‌وی مناڵه‌کانیان . ئه‌مانه وێڕای ده‌یان کێشه‌ی تری وه‌ک میز به‌خۆداکردن له‌خه‌ودا .. خه‌وڕۆ .. به‌ئاگابوونه‌وه‌ی کت‌وپڕ له‌خه‌و به‌هۆی کابوسه‌وه .. خه‌وزڕان و … هتد ، که‌تێکڕا مامه‌ڵه‌ی ناهۆشیارانه ده‌کرا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کێشانه‌دا .
ئه‌و وێنانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا وه‌ک ڕابردوو باسی لێوه‌کرا به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئێستاش به‌رده‌وامه ، ئه‌گه‌رچی ناتوانین بڵێین هه‌موو خێزانێکی کوردی به‌م جۆره مامه‌ڵه‌یان کردووه له‌گه‌ڵ خه‌ودا به‌ڵام له‌ڕاستیه‌وه دوور نا‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین به‌شی هه‌ره زۆری خێزانی کورد له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌م جۆره بوون تائێستاش ئه‌م حاڵه‌تانه درێژه‌یان هه‌یه . هه‌ربۆیه ئێمه‌ی کورد پێویستییه‌کی زۆرمان به‌هۆشیاری هه‌یه له‌م بواره‌دا تابتوانین به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ودا بکه‌ین و گرنگی خۆی بده‌ینێ ، له‌کێشه و تێکچوونه‌کانی خه‌و ئاگادار بین به‌تایبه‌تی له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستاماندا که‌جه‌نجاڵی و فشاره ده‌روونیه‌کان زۆر زیادیان کردووه و ته‌ندروستی ده‌روونی و جه‌سته‌یی مرۆڤه‌کان له‌ژێر چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌دان ، ئه‌و به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژیانه‌ی تێکه‌ڵ به‌ژیانمان بوون هێنده‌ی تر کاتی پشوودان و خه‌وتنی که‌م کردووینه‌ته‌وه ، سه‌ختی ژیان و گرانی و ڕاکه ڕاکی زۆر بۆ دابینکردنی بژێوی و زیاد کارکردن له‌ئاستی سروشتی خۆی تێکڕا ئه‌مانه باری خه‌ویان تێکداوین ، ئه‌م تێکچوونه‌ش واته تێکچوونی باری ده‌روونی و جه‌سته‌ییمان . ئه‌گه‌ر تۆ کارمه‌ند بیت له‌فه‌رمانگه‌یه‌کدا و شه‌وێک باش نه‌خه‌وتبیت یان خه‌وت زڕا بێت بۆ ڕۆژی دوایی نه‌وه‌ک ڕۆژانی ئاسایی چالاک ده‌بیت چونکه هه‌ست به‌ماندوێتی و شه‌که‌تی ده‌که‌یت ، نه مه‌زاژت وه‌ک ڕۆژانی ئاسایی ده‌بێت چونکه زوو توڕه ده‌بیت و هه‌ڵده‌چیت ، که‌ڕه‌نگه تووشی گرفتیش ببیت له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی کاریان ده‌که‌وێته لای تۆ یان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندانی تردا . ئه‌ی ئه‌گه‌ر شۆفێر بیت بێگومان ئه‌گه‌ری تووش بوونت به‌ڕووداوه‌کانی هاتووچۆ زۆر زیاد ده‌کات ، ئاماره‌کانیش له‌م بواره‌دا ئاماژه بۆ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی که‌م خه‌وی به‌ڕووداوه‌کانی هاتووچۆوه ده‌که‌ن . ئه‌ی ئه‌گه‌ر قوتابی بیت ، ئه‌وا توانای ته‌رکیز کردنت نا‌بێت بۆ وانه‌کان و مامۆستا، هه‌میشه باوێشک ده‌ده‌یت له‌پۆلدا و خه‌و ده‌تباته‌وه و هیچ فێر نابیت . ئه‌گه‌ر کرێکار بیت له‌کارگه‌یه‌کدا به‌رهه‌می ئه‌و ڕۆژه‌ت که‌متر ده‌بێت له‌چاو ڕۆژانی ئاسایی و دووچاری سه‌رزه‌نشت کردن و ئاگادار کردنه‌وه ده‌بیت له‌لایه‌ن خاوه‌ن کاره‌وه . کورد وته‌نی مرۆڤ له‌م باره‌دا له‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆیشیدا شه‌ڕ ده‌کات . باشه ئه‌م باره ئه‌گه‌ر بۆ ته‌نها شه‌وێک بێت کاری به‌خێره وه‌لێ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت حاڵ به‌چی ده‌گات ؟ .
ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
لەهاوپۆلی: خـــــــــــه‌و
« دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ توێژه‌ری ده‌روونی سامان سیوه‌یلی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | به‌م شێویه ده‌توانین ڕێگه له‌بیرکردنه‌وه‌ی خراپ بگرین »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
