كانونی دووه‌م 24, 2008
![]()
بۆچی قسه له‌سه‌ر سێکس نه‌که‌ین ؟ ( به‌شی یه‌که‌م )
نووسینی : توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
ماوه‌یه‌که له‌چه‌ند ماڵپه‌ڕێکی کوردی له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت و له‌سه‌ر ڕووبه‌ری چه‌ند گۆڤار و ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردستاندا ناوه ناوه لێره‌و له‌وێ بابه‌ت و وتاری جۆراوجۆر به‌دی ده‌کرێت ده‌رباره‌ی سێکس ، وێڕای ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان له‌م بواره‌دا سازی ئه‌ده‌ن و ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی له‌گه‌ڵ پسپۆراندا سازده‌کرێت . ئه‌وه‌نده‌ی بینراوه یان توێژه‌رانی ده‌روونی یان پزیشکه ده‌روونیه‌کان یان تاک و ته‌را ڕۆشنبیران ده‌نووسن یان قسه له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره ده‌که‌ن ، تائێره شتێکی ئاساییه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نیه له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند هه‌وڵێکی کۆنه‌پارێزانه هه‌یه که‌خوازیارن قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌کرێت به‌بیانووی ئه‌وه‌ی قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره وروژاندن دروست ده‌کات و ئاکامی باشی لێناکه‌وێته‌وه . لێره‌دا ده‌پرسین چ ترسێک له‌پشت ئه‌م بۆچوونه کۆنه‌پارێزانه‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به‌م ته‌وه‌ره ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سانه خۆیان به‌ده‌م ڕاستی موسوڵمانان و بانگه‌وازکاری ئایینی ئیسلام ده‌زانن ئه‌وا به‌هه‌ڵه‌دا چوون، چونکه هه‌ر ئه‌م به‌د حاڵی بوونه‌یه که ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌پێشه‌نگی موسوڵمانان زانیوه به مامۆستایانی ئایینی به‌ڕێزیشه‌وه هه‌تاکو ئێستا نه‌یانتوانیوه له‌ئاماده‌بوونی ئه‌م هه‌موو قه‌یرانه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و په‌روه‌رده‌ییه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌مانی تێدا ژیاوه و ده‌ژی قسه‌یان هه‌بێت و خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌و ژانکۆیانه بده‌ن که ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ده‌ستیان ده‌ناڵێنێت ، گوتاری ئه‌م توێژه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان گوتارێکی ته‌قلیدیه و هاوڕێی گۆڕانه‌کان و پێشهاته‌کان و ژانکۆی ئێمه‌ی کورد نه‌بووه ، جگه له‌وه‌ی هه‌ر خودی ئه‌م توێژه خۆیان سه‌رچاوه‌ی گه‌لێک له‌و قه‌یرانه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ن که ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگه‌که‌مان به‌ده‌ستیانه‌وه گرفتاره ، ئه‌دی ئه‌و هه‌موو گه‌وره به‌چووک و ماره‌بڕینی سه‌ربێشکه و ماره‌بڕینی نابه‌دڵ و … هتد ، له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م به‌ڕێزانه‌دا ئه‌نجام نه‌دراوه ؟ ئه‌دی بۆچی ده‌یان ساڵه ئه‌م پێشه‌نگه ئایینیانه‌مان قسه‌یان نه‌بووه له‌سه‌ر خه‌ته‌نه‌کردنی مێینه ؟ چما دانیشتوانی کوردستان گوێتان لێناگرن یان ئه‌و به‌ڕێزانه خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌م کێشانه نه‌داوه ؟ باشه بۆچی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ( د.خ ) چه‌ندین فه‌رمووده و ڕێنمایی ده‌رباره‌ی سێکس و جووت بوون باس کردبێت به‌ڵام مامۆستایانی ئایینی به‌نه‌نگی و شه‌رمی ب‌زانن له‌گوتارێکیاندا قسه له‌سه‌ر سێکس بکه‌ن و ڕێنمایی ئه‌و که‌سانه بکه‌ن که گوێیان لێده‌گرن ؟ ئه‌ی له‌قورئاندا ئاماژه نه‌دراوه به‌م لایه‌نه؟ ئایینێک که‌قسه‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر وردودرشتی ژیانی ئینسانه‌کان ته‌نانه‌ت پێمان ده‌ڵێت سوننه‌ته قاچی چه‌پمان پێشبخه‌ین له‌چوونه سه‌ر پێشاودا ئیدی بۆچی قسه‌کردن له‌سه‌ر سێکس که‌پانتاییه‌کی گه‌وره‌ی له‌ژیانی ئینسانه‌کاندا گرتووه به‌نه‌نگی بزانین ؟ بۆچ باسکردن و ڕێنمایی کردنی خوێنه‌رانی کورد له‌ڕووی سێکسیه‌وه به وروژاندن هه‌ژمار بکرێت ؟ ئه‌وه چه‌پاندنی سێکسیه وایلێکردووین که چێژی سێکسی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی زانستیش وه‌ربگرین که‌ده‌رباره‌ی سێکس نوسرابێت و به وروژان له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین ده‌نا له‌زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا جگه له‌ئه‌فغانستان و وڵاتانی هاوشێوه‌ی جگه له‌وه‌ی سێکس وه‌ک ماده‌یه‌ک له پرۆگرامه‌کانی خوێندندایه و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی پێ هۆشیار ده‌کرێت ، ده‌یان گۆڤار و ماڵپه‌ڕی ئه‌له‌کترۆنی زانستیش هه‌یه که سه‌رجه‌میان قسه له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه گرنگه‌ی ژیانی مرۆڤ ده‌که‌ن ، ته‌نانه‌ت له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانیشدا پیاوانی ئایینی شانبه‌شانی پسپۆرانی ئه‌م بواره چه‌ندین ماڵپه‌ڕی ئه‌له‌کترۆنیان هه‌یه که‌سه‌رجه‌میان شتێک نه‌ماوه له‌م بواره‌دا قسه‌یان له‌سه‌ر نه‌کردبێت . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ترسه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت با کولتوری چه‌قبه‌ستووی کوردی و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان نه‌له‌قێن و درزیان تێنه‌که‌وێت ئه‌وا دووباره هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تره که خاوه‌نی ئه‌م بۆچوونانه تێیکه‌وتوون ، کێ گه‌ره‌نتی ئه‌وه ئه‌دات که به‌شێکی زۆر له ناپاکی هاوسه‌رگیری ( الخیانة الزوجیة ) و جیابوونه‌وه و لێکهه‌ڵوه‌شانی خێزانی کوردی له‌کۆمه‌ڵگه‌که‌ماندا به‌هۆی نه‌بوونی ڕۆشنبیری سێکسیه‌وه نیه؟ له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌نووسێکیش که له‌دادگای باری که‌سێتی له‌سلێمانی ئه‌نجامی دابوو هه‌مان ڕاستی پشتڕاست ده‌کرده‌وه ، تو ویژدانتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م بۆچوونانه‌ن هه‌ر له‌خۆتان و ده‌وروبه‌ر و هاوڕێ و که‌سوکاره‌کانتانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ن ، ڕاپرسیه‌کی بێده‌نگ ئه‌نجام بده‌ن ب‌زانن به‌شی هه‌ره‌زۆرتان گرفتتان نیه له سێکسدا ؟ گه‌نجێکی کورد له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ کوێ شک ده‌بات که زانیاری ده‌رباره‌ی جه‌سته‌ی خۆی ، پاڵنه‌ره سێکسیه‌کانی ، نه‌خۆشیه‌کانی ئه‌م بواره ، باشی و خراپی ڕه‌فتاره سێکسیه‌کانی لێوه وه‌ربگرێت ؟ ئه‌دی هه‌موومان هه‌ر له‌کوچه و کۆڵان و له‌ده‌می هاوڕێ و براده‌ره‌وه زانیاری لاکۆڵانمان وه‌رنه‌گرتووه ؟ خۆ نه‌دایک و باوک وه‌ک ڕابه‌رێکی ڕێنماییکار ڕۆڵی خۆیان بۆ بینیوین له‌م بواره‌دا و نه مامۆستایانی قوتابخانه و نه له‌پرۆگرامێکی خوێندندا هیچمان پێبڕاوه ، له‌بیرم دێت دوو سێ لاپه‌ڕه له‌وانه‌ی زینده‌وه‌رزانیدا ده‌رباره‌ی کۆئه‌ندامی زاووزێ هه‌بوو له‌پرۆگرامی خوێندنی هه‌شتاکاندا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی بوو هیچ مامۆستایه‌کی کورد له‌و ده‌مه‌دا بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بوو قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بکه‌ن ، ده‌بوو ئه‌م لاپه‌ڕانه لوول و قه‌د بکرانه‌یه ، پاش نزیکه‌ی حه‌ڤده ساڵ له ئازادیش به‌داخه‌وه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی کوردستان و پرۆگرام دانه‌رانی ئه‌م وه‌زاره‌ته هیچ بیریان له‌گۆڕانێک له‌م بواره‌دا نه‌کردۆته‌وه ، باشه ده‌پرسم هه‌رزه‌کارێکی کچ له‌قۆناغی ناوه‌ندیدا کاتێک ده‌که‌وێته سوڕی خوێنی مانگانه‌وه پێویستی به‌وه نیه که ده‌رباره‌ی خوێن دانان و ئه‌و دیارده ده‌روونی و فسیۆلۆژیانه‌ی هاوه‌ڵی ئه‌م گۆڕانه و گشت گۆڕانه‌کانی تری جه‌سته‌یی و ده‌روونی کچان ده‌که‌ن له‌م قۆناغه‌دا ب‌زانن ؟ به‌هه‌مان شێوه‌ش کوڕان سه‌باره‌ت به‌گۆڕانه‌کانی ئه‌م قۆناغه ناسکه‌ی ته‌مه‌نیان ، خۆ خێزانی کورد ( دایکان و باوکان ) به‌داخه‌وه له‌و ئاسته هۆشیاریه‌دا نین که دابنیشن له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌کانیاندا و ڕێنمایی زانستیانه و دروستیان پێببه‌خشن . ئێمه‌ی کورد هه‌تا ئێستاش به‌و خه‌ونه سێکسیانه‌ی له‌سه‌ره‌تای باڵق بوونه‌وه ده‌بنه ماده‌ی خه‌ونی هه‌رزه‌کارانمان ده‌ڵێین شه‌یتانیبوون واته هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه جه‌سته‌ی مێینه به شه‌یتان ده‌چێنین و ئه‌م بۆچوونه نازانستیه و هه‌ڵه‌یه له‌هزر و بیرکردنه‌وه‌ی هه‌رزه‌کاراندا ده‌ڕوێنین که له‌وانه‌یه هه‌موو خه‌ونێکی سێکسیانه‌ی هه‌رزه‌کاری به‌دبه‌ختی کورد تووشی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و هه‌ستکردن به‌گوناهی بکات له‌ئه‌نجامی ئه‌م بۆچوونه هه‌ڵانه‌وه ، ( هه‌ر له‌مبواره‌دا له‌م ڕۆژانه‌دا هاوڕێیه‌کی به‌ڕێز که‌ئێستا پۆستێکی ئیداری ده‌رکه‌وتووی هه‌یه له‌شاری سلێمانی باسی له‌یه‌که‌م خه‌ونی سێکسی خۆی بۆکردم که‌له‌سه‌ره‌تای هه‌رزه‌کاریدا بینیویه‌تی که‌ڕه‌نگه مایه‌ی پێکه‌نین بێت به‌ڵام له‌ڕاستیدا کاره‌ساته ، ئه‌و به‌ڕێزه وتی له‌خه‌وما جه‌سته‌ی ئافره‌تێکی جوان و ناسکم بینی به‌ڕووتی به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌زعه‌که‌ی لێتێکدام له‌جێی زێی ئافره‌ته‌که گیپه‌یه‌کی پێوه‌بوو چونکه ته‌نانه‌ت به‌وێنه‌ش تا ئه‌و کاته زێی ئافره‌تم نه‌بینیبوو بۆیه هیچ وێنه‌یه‌ک له‌خه‌یاڵمدا دروست نه‌بووبوو سه‌باره‌ت به شێوه و پێکهاته‌ی زێی مێینه ، پاشان وتی که چوومه ژیانی هاوسه‌ریه‌وه له‌یه‌که‌م شه‌وی مانگی هه‌نگوینیدا کاتێک جه‌سته‌ی هاوسه‌ره‌که‌م بینی وتم ئه‌ره‌وه‌ڵا ئه‌وه گیپه‌که‌یه ، هاوسه‌ره‌که‌م به‌ملاولادا ده‌یڕوانی بۆ گیپه و به‌سه‌رسامیه‌وه پرسی کوا گیپه؟ گیپه‌ی چی ؟ وتی ئینجا باسی خه‌ونه‌که‌ی خۆمم بۆ گێڕایه‌وه و هه‌ردووکمان تێر پێکه‌نین ) .
لەهاوپۆلی: ســــــــــــێكس
« برای ئازیز کاکه سیا ( نامه‌یه‌کی کراوه ) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | بۆچی له‌سه‌ر سێكس قسه نه‌كه‌ین؟! [ به‌شی دووه‌م ] »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

به‌رێزان سه‌لاو ماندوو نه‌بن مالپه‌رێکی ئه بۆ کورد سودێکی زۆری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین پرسیارێک که‌نه‌توانین به‌راشکاوی بیکه‌ن له‌م مالپه‌ره به ئازادی ئه‌توانین بیکه‌ین.پرسیاره‌که‌م من ماوه‌یه‌کی زۆره خوم به سایتی سیکسی کردوا رۆژانه چه‌ندین کاتژمێر چاویان لێده‌که‌م خۆم له‌به‌ریان ئرزا ده‌که‌م واته خۆم ره‌هه‌ت ده‌که‌م دوای هه‌ستێکی ناخۆشم لا دروست ده‌بێت .تکایه رێکا چاره‌چیه؟ئایه چه‌نده زیان به‌خشه؟چۆن لێی دوور بکه‌ومه‌وه؟د‌ه‌ست په‌ر زیانی هه‌یه ؟زیانه‌کانی چین؟