پرسیار و وه‌ڵام ده‌رباره‌ی سێکس

پرسیار و وەڵام ده‌رباره‌ی سێكس
پ: ئایا بوونی تەنها وەتەیەك (گونێک) كێشەیەك نییە بۆ وەچە خستنەوە؟
• مرۆڤ بە تاكە وەتەیەك دەتوانێت منداڵی ببێت چونكە تۆوەكان بۆ دروست بوونیان پێویستیان بە دوو وەتە نییە لەبەرئەوەی لە هەردوو گونەكەوە تۆو دروست دەبێت, گرنگ تەنها ئەوەیە كە لێنۆڕین و شیتەڵكاری تۆواودا ژمارەی تۆوەكان تەواو بن و ساغ بن و توانای جوڵەیان باش بێت. ئەوەش بزانە زۆر كەس بە تاكە وەتەیەكەوە زیاتر لە شەش تا حەوت منداڵیان بووە و هیچ دڵەڕاوكێیەكت لەو بارەیەوە نەبێت.
پ: ئایا شیردان بە منداڵ دەبێتە هۆیەك بۆ ئەوەی سك پڕ نەبێت؟
• لەڕاستیدا ئەو بڕوایە زۆر بڵاوە لە ناو خەڵكدا بەڵام بنچینەی ئەو بڕوایە لە بوونی شیرداندا نییە بەڵكو لە بڕی ئەو هۆڕمۆنەدایە لە خوێندا كە یارمەتیدەری دروستكردنی شیرە لە مەمكەكاندا و پێی دەوترێت پرۆلاكتین (Prolactin) كە ڕاستەوخۆ لە ژێر مێشكە ڕژێنەوە دەردەچێت و دەچێتە خوێنەوە, بونی بڕی زۆری ئەو هۆرمۆنە لە خوێنی ژنەكەدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەرفەتی سكپڕی. زۆر جار بێ منداڵ بوون و شیردانیش ئەو هۆڕمۆنە بڕەكەی لە خوێندا زیاد دەكات بەهۆی تێكچوونی ڕژاندنیەوە لە ژێر مێشكە ڕژێنەوە ئەوەش دەبێتە هۆیەك بۆ ئەو ژنانەی كە سكیان پڕ دەبێت.
پ: تەمەنم لە 16 ساڵ تێپەڕ بووە و تا ئێستا سوڕی مانگانەم نەبووە ئایا ئەمە كێشە نییە؟
• كچ لە نێوان 13-14 ساڵی دا بەشێوەیەكی سروشتی دەكەوێتە سەر خوێن و سوڕی مانگانەی دەبێت, بەڵام هەندێك جار بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە و باری خێزانی و فیسۆلۆژی كەسەكە خۆیەوە دوا دەكەوێت. بۆ ئەم حاڵەتە پێویستە سەیری ئەم ڕوخسارانەی خوارەوە بكەین:
1- بچوكی ئەندامی زاوزێ.
2- كەم كێشی.
3- لاوازی جەستە.
4- گەورە نەبوونی مەمك.
5- دەرنەكەوتنی مووی بەر موسەڵدان.
6- دەرنەكەوتنی كەوتنە سەر خوێن.
هۆی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ نەڕژاندنی هۆڕمۆنێك كە لە ژێر مێشكەوە ڕژێنەوە دەردەچێت پێی دەوترێت هۆڕمۆنی هاندەری چیكڵدانە یا (FSH) ئەم هۆڕمۆنە هانی هێلكەدان دەدات بۆ ڕژاندنی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین كە بە هۆڕمۆنی مێ دەناسرێت هۆڕمۆنی مێ بەرپرسی دەرخستنی سیفەتە دووەمیەكانی مێیە, بە هۆی سەرەكی دادەنرێت بۆ رێكخستنی سوڕی مانگانە بە یارمەتی هۆڕمۆنی پڕۆجسترۆن لەبەرئەوە لەو حاڵەتەی تۆدا وا باشە لێنۆڕینێكی تاقیگەیی دەربارەی ڕێژەی هەریەك لە هۆڕمۆنی FSH, و ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن بكەین لە خوێنتدا, هەروەها ئەگەر پێویستی كرد ڕێژەی هۆڕمۆنێكی دی كە پێی دەڵێن هۆڕمۆنی هاندەری تەنە زەرد یان LH. ئەو كاتە پزیشكی پسپۆڕ دەتوانێت بگاتە ئەو هۆكارەی حاڵەتەكەی دروست كردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا بۆماوە لە هەندێك خێزاندا ڕۆڵی تایبەتی دەبینێت لە درەنگ كەوتنە سەر خوێن و سوڕی مانگانەدا, جگە لە حاڵەتەكانی بوونی هەندێك نەخۆشی جەستەیی و دەروونی كە پزیشك دەتوانێت بە باشی دەستنیشانیان بكات.
پ: ئایا پەیوەندیەك هەیە لە نێوان جۆری خۆراك و ڕەپبوونی چوكدا؟ و ئایا قەڵەوی لەو بارەیەوە هیچ زیانێكی هەیە؟
• بەپلەی یەكەم ڕەپبوونی تەواوی چوك لە كاتی پەیوەندی سێكسدا بەندە بە باری دەروونی ئەو كەسەوە, دەربارەی تا چەند هروژاندنە سێكسیەكە تەواوە بۆ ئەوەی ڕەپبوونەكە جێ بەجێ بكات و ئایا چەند ترس و دڵەڕاوكێیەك لە ئارادا هەیە لەو بارەیەوە تا چەند هاوسەرەكەی خۆش دەوێت؟ هتد…
ئەوانە هەر یەكەیان پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان بە توانای ڕەپكردنەوە هەیە. لەگەڵ ئەوانەشدا گەلێك هۆكاری جەستەیی و دەروونی دی ڕۆڵی خۆیان هەیە, لەوانە نەخۆشییەكانی شەكرە و پەستانی خوێن و دڵ و لولەكانی خوێن هتد…
بەپلەی دووەمیش خۆراك ڕۆڵی سەرەكی هەیە لەو بارەیەوە كەم خۆراكی, كەم خوێنی, لاوازی جەستەیی بەدخۆراكی ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە كەم كردنەوە یا دابەزاندنی ئەو ووزە لە شیەی پێویستە بۆ كارە سێكسیەكە.
بەڵام چەوری زۆر لە خۆراكدا زیانێكی زۆر دەگەیەنێت چونكە دەبێتە هۆی تەسككردنەوە و هەندێك جار گیرانی ئەو لولە خوێنانەی خوێن بە هروژم دەبەن بۆ چوك و ڕەپی دەكەن, ئەگەر دیواری ئەو لولە خوێنانە پڕ بوون لە چەوری و كۆلیسترۆڵ ئەوا ڕۆیشتنی خوێن بە باشی ڕوونادات و ڕەپبوونەكە تەواو نابێت.
لەكەسە قەڵەوەكانیشدا, بە تایبەتی ئەوانەی وەرزش ناكەن ڕەپبوون بە باشی ڕوونادات لەبەرئەو هۆیەی سەرەوە بۆیە هەمیشە ڕێنمایی ئەو كەسانە دەكەین كە:
1- كەمكردنەوەی خواردنی چەوری لە خۆراكدا.
2- دووركەوتنەوە لە هەموو بارێكی دەروونی شڵەژاو و دڵەڕاوكێ.
3- دابەزاندنی كێش.
4- وەرزشكردنی زۆر و بە بەرنامە.
5- خواردنی زۆری سەوزە و میوە.
6- خۆ دوورگرتن لە بەكارهێنانی دەرمان لەو بارەیەوە لە هەموو حاڵەتێكی لەو بابەتەشدا پێویستە كەسەكە خۆی پیشانی پزیشكی پسپۆڕی بدات و لێنۆڕینی سۆنار بۆ لولە خوێنەكانی ناوچەی زاوزێی بكات, تا وەڵامی تەواوی دەست بكەوێت.
پ: ڕێگای ئەسكیم و زۆندێك چییە لە زانینی سكپڕیدا؟
• ئەسكیم Aschiem و زۆندیك Zondek دوو زانا بوون ڕێگایەكیان دانا بۆ زانینی ئایا سكپڕی لە پاش هەفتەیەك بەسەر نەبوونی كەوتنە سەر خوێندا ڕوویداوە یان نا.
• ڕێگاكەش بریتی بوو لەوەی چەند دڵۆپێك لە میزی ژنەكەیان بە دەرزی دەكردە لە لەشی مشكێكی مێ وە لە پاش 48 سەعات بەسەر ئەو تێكردنەدا, لێنۆڕینی هێلكەدانی مشكەكەیان دەركرد ئەگەر هێلكەدانەكان گەورە بوون و ئاوسابن ئەوا بەڵگە بوو بۆ ئەوەی كە ژنەكە سكی پڕبووە و ئەگەر هێلكەدانەكان هەر لە شوێنی خۆیاندا بوون و بچوك بوون ئەوا بەڵگەی نەبوونی سكەكە بوو بەڵام ئەم ڕێگایە زۆر كۆنە و ئێستا زۆر كەم بەكاردێت و ڕێگای نوێ زۆرە بۆ زانینی ئەوەی ئایا سك هەیە یان نییە.
پ: بۆچی هەندێك كەسە زوو تووشی پەككەوتنی سێكسی دەبن؟
• گەلێك هۆ كاریگەرییان لەسەر پەككەوتنی سێكسی هەیە بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین دەستنیشانی ئەم خاڵانە بكەین:
1- بۆماوە.
2- تەندروستی گشتی كەسەكە.
3- تەمەن.
4- باری سایكۆلۆژی كەسەكە و بوونی دڵەڕاوكێ و ترس و دوو دڵی.
5- نەخۆشییەكانی كۆئەندامی زاوزێ بە تایبەتی نەخۆشییەكانی پڕۆستات و تواوە چیكڵدانە.
6- نەخۆشییەكانی دەمار و دەماخ.
7- زۆر بەكارهێنانی كبوت واتە ئەو بەرگە لاستیكیەی كە لەكاتی جوتبوندا دەكرێتە چوك بۆ ڕوونەدانی سكپڕی چونكە زۆر بەكارهێنانی كبوت واتە ئەو بەرگە لاستیكیەی كە لەكاتی جوتبوندا دەكرێتە چوك بۆ ڕوونەدانی سكپڕی چونكە زۆر بەكارهێنانی مرۆڤ لەبەر یەككەوتنی چوك بە دیوارەكانی زێوە دوور دەخاتەوە كە بەردەوام هروژاندن دروست دەكات و نایەڵێت مرۆڤ تووشی پەككەوتن بێت.
8- هۆكارە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان.
9- زۆر بەكارهێنانی ڕێگای ناسروشتی بۆ گەیشتن بە لوتەكەی چێژ, بەتایبەتی دەستپەڕ كردن لە وچانی لاوی دا, چونكە تا ڕادەیەكی زۆر دەبێتە هۆی هیلاك كردنی ئەو ناوچانەی دەماخ كە بەرپرسی كاری سێكسی و تابێت وەڵامدانەوەیان خێرایەكەی جارانی نامێنێت.
مرۆڤ تا تەمەنی سەروو سی و پێنج بە باشی دەتوانێت وەڵامی ڕاستەوخۆی هروژاندنی سێكسی هەبێت و ڕاستەوخۆ بتوانێت كاری سێكسی ئەنجام بدات بەڵام وردە وردە توانای وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ كەم دەبێتەوە لەبەرئەوەی ئەو مەڵبەندانەی دەماخ ئەو توانایەیان نامێنێت كە ڕاستەوخۆ وەڵام بدەنەوە بۆیە زۆرتر پێویستی بە ماوەیەك هەیە تا دەهروژێن, هەرچۆنێك بێت وەڵام دانەوەی سێكسی لە زۆر كەسدا تا تەمەنی سەروو پەنجا و پێنج و شەست ئاسایی دەڕوات ئەگەر چی بەرەو كەمی دەڕوات بەڵام لەسەروو ئەو تەمەنەوە وەڵامدانەوەكە زۆرتر دادەبەزێت و پێویستی بە هروژاندنی زیاتر لەگەڵ ئەوەشدا زۆر كەس تا تەمەنەكانی 75-80 و زیاتریش پارێزگاریان بە توانای سێكسی تەواوەوە كردووە.
هەرچۆنێك بێت زۆر پێویستە گەنچ و لاو ئەوە بزانن كە خۆیان لە هروژاندن دووربخەنەوە بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر ڕێگای دەستكرد بۆ گەیشتن بە لوتكەی چێژ چونكە ئەوە بەرە بەرە دەبێتە هۆی شەكەت كردنی ناوچە بەرپرسەكانی دەماخ و توانایان كەم بكاتەوە, ڕێگای سروشتی ڕاستەقینە هاوسەرییە پێویستە مرۆڤ بە تاكە ڕێگای گەیشتن بە چێژی دابنێت.
پ: لەكاتی گەیشتن بە ئۆرگازم لە پیاودا چی ڕوودەدات؟
• پیاوەكە دەگاتە لوتكەی چێژ یا ئورگازم ڕیشاڵە ماسولكەكانی ناو وەتە و جۆگاكانی ناو تۆوا و گرژ دەبن و دەجوڵێن بەوەش تۆوەكان بەرەو سەرەوە فرێ دەدەن, هەروەها هەردوو ڕژێنی پڕۆستات و كۆپەر لەگەڵ تۆواودا چیكڵدانە دەست دەكەن بە گرژبوون و جوڵە تا تۆواو دەڕژێن ئەوسا هەموو ئەو تۆواوە لەگەڵ تۆوەكاندا دەڕژێنە ناو میزەڕۆوە لە چوكدا ئەمەش چێژێكی زۆر قوڵ بۆ كەسەكە پەیدا دەكات هەروەها لەو كاتە زۆرێك لە ماسولكەكانی هەناوی سك و ناوچەی حەوز دەجوڵێن, سەرەڕای هەموو ماسولكە خۆویستەكان و لە ئەنجامی گرژبوون و خاوبونەوەی یەك لەدوای یەكدا تۆواو بۆ دەرەوەی چوك دەردەپەڕێت, لەو كاتەدا گرژ بوونی ڕژێن و ماسولكەكان خوێن لەناو سەنتەرەكانی ڕەپبونی چوكدا بە پەنگ خواردووی دەهێڵێتەوە و سەری چوك زۆرتر گەورە دەبێت, ئەوەش هانی ژن دەدات كە بەرەو ئۆرگازم بڕوات, پیاو لەكاتی فڕێدانی تۆواودا كۆمەڵێك جوڵەی خێراو لە پڕ دەكات, ئەو جوڵانە لەگەڵ ڕژاندنی تۆواوەكاندا بۆ ناو زێی ژنەكە زیاتر هروژاندن لە ژنەكە دروست دەكات, لەپاشتردا كشانەوەی خوێن لەناو چوك و خاوبوونەوەی ماسولكەكان و تەواو ڕژاندنی تۆو لەیەك كاتدا جۆرە چێژ و خۆشیەكی زۆر بە پیاوەكە دەبەخشێت لە پاش نەمانی هێزی هروژاندن و جوڵە لەشی پیاوەكەدا هیلاكیەكی پڕ چێژی پێ دەبەخشێت.
سه‌رچاوه‌: گۆڤاری زانستی سه‌رده‌م ژماره‌ (30)

نیسان 18, 2010

سەرنجەکان

٢ وەڵام بۆ “پرسیار و وه‌ڵام ده‌رباره‌ی سێکس”
  1. aso فەرمووی:

    سڵاو بەڕێزان
    پێش هەموو شت دەست خۆشیتان لێئەکەم بۆ سەرپەرشتى وبەڕێوەبردنى سایتى دەرون ناسى خزمەتێکى باش بە خوێنەران دەکات لە سەرجەم بوارەکاندا.
    بەڕێزان من لە بابەتى سێکسیەکاندا پرسیارێکم هەیە کە تایبەتە بە شەوى زاواییەوە کە بڕوام وایە هەموو گەنجێک لەو کاتەدا پێوستى بە و وەڵامە هەیە یان ڕێنمای کردن لە لایەن کەسانى دەورو بەروە. بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەم بەوردى وەڵامم بدەنەوە تائەوەى بتوانم سود لە ڕێنماییەکانتان وەربگرم.
    پرسیارەکەشم ئەوەیە ئایا لەکایتى جوتبونى یەکمجاردا تا چەنێک پێویستە پیاو بەردەوام بێت لە کاتێکدا کە پەردە دەدڕێت و زێ ى ئافرەتەکە خوێنى لێدێت؟ یان با بڵین کاتێک کە خوێنەکە دێت پێویستە پیاو درێژە بدات بە کارە سێکسیەکە تا دەکاتە ئۆرگازم یان دەست بە جێ وازى لێبێنێت تا خوێنەکە تەواو دەبێت؟
    تکایە لەسەر ئەو حاڵتەو زیان و سودەکانى بەردەوامبوون یان کۆتایى پێهێنان ڕوون بکەنەوە. وەڵامدانەوەتان خزمەت و هاوکاییەکى گەورەیە.
    لەگەڵ ڕێزدا….

  2. کاک ئاسۆ سڵاو: به‌ڕێز پێویسته‌ پرۆسه‌که‌ ته‌واو بکرێت، به‌ڕێزت ته‌سه‌ور نه‌که‌یت ده‌ریایه‌ک خوێن ده‌ڕژێت، ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند دڵۆپێک تێپه‌ڕ نه‌کات، به‌هه‌رحاڵ دوای ئه‌وه‌ش پرۆسه‌که‌ ته‌واو ده‌کرێت هه‌تا کۆتایی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ پاش یه‌که‌م جووتبوونی شه‌وی په‌رده‌ باشتر وایه‌ هه‌تا بیست و چوار کاژێر جووتبوون ئه‌نجام نه‌درێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.