په‌یاممان
ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی … بۆچی ؟
![]()
زۆر له مێژبوو خه‌ونم به ماڵپه‌ڕێكی كوردی له بواری ده‌روونناسیدا ده‌بینی ، به تایبه‌تی كه ده‌مبینی ماڵپه‌ڕی له‌مجۆره لای زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه ، ئه‌و به‌سته‌رانه‌ی من زۆر پێیان ئاشنا بووم له‌م بواره‌دا به زمانی عه‌ره‌بی بوون ، له‌لایه‌ك سوودێكی زۆرم لێوه‌رده‌گرتن ، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌رجارێك به‌ناو بابه‌ت و به‌شه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕام وه‌كو كوردێك هه‌ستم به‌كه‌می ده‌كرد كه ئێمه‌ی كورد هه‌تا ئێستا ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌تمه‌ندمان له‌م بواره‌دا نیه . كه له‌ئه‌ڵمانیا ده‌ژیام ، ژووره كوردیه به‌ڕێزه‌كانی پالتۆك له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت چه‌ند جارێك بانگهێشتیان كردم بۆ ئێواره كۆڕی تایبه‌ت له بواری ده‌روونناسیدا ، له‌هه‌موو كۆڕێكدا به‌شداران به ده‌یان و سه‌دان پرسیاریان ڕووبه‌ڕوو ده‌كردمه‌وه كه زۆربه‌ی پرسیاره‌كان له‌و كێشه و گرفتانه بوون كه ئه‌وان پێی نائارام بوون و بوو بوو به خه‌میان ، زۆر جار پرسیاره‌كانیش په‌یوه‌ندی به ته‌وه‌ری كۆڕه‌كه‌وه نه‌ده‌بوو ، به‌ڵام بۆ ئه‌وان هه‌لێك بوو كه خه‌مه‌كانیان هه‌ڵڕێژن بۆ كه‌سێك گوێیان لێبگرێت و وه‌ڵامێكی گونجاویان چنگ بكه‌وێت . بابه‌تی پێشكه‌شكراو له‌م كۆڕانه‌دا له‌نێوان كاژێرێك تا دوو كاژێری ده‌خایاند ، به‌ڵام پرسیاره‌كان له نێوان پێنج تا حه‌وت كاتژمێری ده‌خایاند . به‌وه‌ش ته‌واو نه‌ده‌بوو چه‌ندین به‌ڕێز داوای ژماره ته‌له‌فۆن یان ئیمه‌یل ئه‌دره‌سیان ده‌كرد و ڕۆژانی داهاتوو تریش په‌یوه‌ندی ده‌كرا . پرسیاره‌كانیش هه‌مه‌جۆر له بواری په‌روه‌رده‌ی مناڵان ، نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌كان ، سێكس ، خه‌و ، گیرۆده‌بوون ، ته‌ندروستی ده‌روونی ، …. هتد ، بوون .
هه‌موو مرۆڤێك مافی خۆیه‌تی كه گومانه‌كانی بڕه‌وێنێته‌وه ، یان به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت بۆ گرفته جۆراوجۆره‌كانی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانیه تاكو ئێستا تاكی كورد پێی نه‌نگیه كه سه‌ردانی پزیشكێكی ده‌روونی یان ڕاوێژكارێك له‌م بواره‌دا بكات ، ئه‌مه‌ش زیاتر ڕه‌وشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر ده‌كات . هه‌ربۆیه له پێش شاشه‌ی داتایه‌كه‌وه كه كه‌س نایبینێ و ڕه‌نگه كه‌سیش نه‌یناسێ به له‌بارتر و په‌سه‌ندتر ده‌زانێت پرسیاره‌كانی بكات و خه‌مه‌كانی بخاته ڕوو . به‌هه‌مان شێوه له‌ئه‌نجامی تێبینی كردن و له‌و ڕه‌وشه دژواره‌ی كوردستان پیایدا تێده‌په‌ڕێت و زیاد بوونی كێشه‌و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیه‌كان له‌ناو كوردستاندا هێنده‌ی تر جوڵاندمی كه پرۆژه‌ی خه‌ونی ماڵپه‌ڕێكی ده‌روونناسی بهێنمه دی . هه‌ر بۆیه داوام له به‌ڕێز سیامه‌ند عه‌لی نه‌ریمان كرد كه هاوكاریم بكات له دیزاینی ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا و ئه‌ویش خۆبه‌خشانه و دڵسۆزانه ئه‌م ئه‌ركه‌ی له ئه‌ستۆ گرت و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌ئه‌نجامی گه‌یاند كه كاره‌كه‌ی جێگای سوپاس و پێزانینه . ڕوونتر ئه‌م ماڵپه‌ڕه له‌پێناوی ئه‌م ئامانجانه‌دا له‌دایك بوو :
١- بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و ڕۆشنبیری له‌بواری سایكۆلۆژیادا به‌گشت به‌شه‌كانیه‌وه ( په‌روه‌ر‌ده ، ته‌ندروستی ده‌روونی ، سێكس ، … هتد ) .
٢- پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌روونی له‌ڕێگای ناردنی كێشه و گرفته‌كانی كوردستانیان له‌هه‌ر كوێیه‌كی جیهان بن بۆ ئیمه‌یلی ماڵپه‌ڕه‌كه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی كێشه‌و گرفته‌كان له‌لایه‌ن كه‌سانی پسپۆر له‌بواری پزیشكی ی ده‌روونی و ده‌روونناسیه‌وه .
٣- له‌به‌ركه‌می سه‌رچاوه‌ی سایكۆلۆژی به‌زمانی شیرینی كوردی ، ئه‌م ماڵپه‌ڕه ده‌توانێت سوود ببه‌خشێته ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا یاخود ئه‌و قوتابیانه‌ی له قۆناغه‌كانی خوێندنی زانكۆ و په‌یمانگاكانن . جگه له‌و مادانه‌ی له‌شێوه‌ی وتاردان هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و كتێبانه‌ی له‌م بواره‌دا به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نرێن له‌كوردستان بیخه‌ینه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌وه به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئازیزانه‌ی دووره وڵاتن و ده‌ستیان به‌م جۆره سه‌رچاوانه ناگات .
٤- پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ی له‌م بواره‌دا تا ئێستا ئێمه‌ی كورد له‌ده‌ستی ناڵاندوومانه .
ڕێگای هه‌زاران میل به‌هه‌نگاوێك ده‌ست پێده‌كات ، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م هه‌وڵه له‌خۆبردووانه‌یه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ كاری باشتر و به‌كه‌ڵك تر . به‌ئومێدی گه‌شه‌پێدان و فراوان كردنی ئه‌م پرۆژه‌یه و پشتگیری كردنی له‌لایه‌ن پسپۆرانی ئه‌م بواره . شایانی ئاماژه بۆكردنه پاش گه‌ڕانه‌وه‌م به‌یه‌كجاری بۆ كوردستان و په‌یوه‌ندی كردنم به چه‌ند دكتۆر و مامۆستای زانكۆ و توێژه‌ره ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه به‌مه‌به‌ستی پشگیری كردن و ده‌ستگیرۆیی كردنی ئه‌م پرۆژه‌یه تێكڕای به‌ڕێزان ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ هاوكاری كردنی زانستیانه‌ی ئه‌م ماڵپه‌ڕه . ئاماده‌یی پیشاندانیان جێگای پێ‌زانین و ڕێزه . لێره‌وه به‌خوێنه‌رانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه ده‌ڵێم ، خوێنه‌ری كورد ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی بۆ خزمه‌تی تۆ هاتۆته گۆڕه‌پانه‌وه ، هه‌ر پێشنیار و سه‌رنج و تێبینیه‌كت هه‌یه یان هه‌ر كێشه‌و گرفتێكت هه‌یه له‌ڕێگای پۆستی ئه‌له‌كترۆنی ماڵپه‌ڕه‌كه‌وه یان پۆستی ئه‌لكترۆنی به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ بۆمان ڕه‌وانه بكه ، به‌ئه‌مانه‌تی زانستیه‌وه نهێنی كێشه‌و گرفته‌كانت ده‌پارێزرێت و ڕێنمایی دروست و گونجاوت چنگ ده‌كه‌وێت . هه‌روه‌ها داوا له‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌كه‌ین كه له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه ده‌ژین و توانای وه‌رگێڕانی بابه‌تی سایكۆلۆژیان هه‌یه له‌زمانه جیاجیاكانه‌وه بۆ زمانی كوردی با هاوكاری ئه‌م ماڵپه‌ڕه بكه‌ن ، هه‌ره‌ها هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی توانای نووسینیان هه‌یه له‌م بواره‌دا به سنگی فراوانه‌وه بابه‌ته‌كانیان بڵاوده‌كرێته‌وه ئه‌گه‌ر مه‌رجی زانستی و بڵاوكردنه‌وه‌ی تێدا بێت .
به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ
توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
سلێمانی
١ / ٨ / ٢٠٠٧
s.siwaily@gmail.com

دوا سەرنجەکان: