نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ترس لە قوتابخانە ( School phobia )

ئه‌یلول 2, 2007

trs-le-qwtabxaneلەگەڵ نزیک بوونەوەى کردنەوەوى درگاى قوتابخانەکان بەڕوى ساڵێکى نوێى خوێندندا، ژمارەیەکى زۆر لە منداڵان لە چین و توێژى جیاجیا بە هاوکارى ئەندامانى خێزانەکەیان لە ئامادەباشى تەواودان بۆچوونە قوتابخانە، بەڵام لە هەمان کات قەیرانێک ڕودەکاتە هەندێک لە خێزانەکانىتر، ئەویش بریتییە لە ترسى چوونە قوتابخانە لاى منداڵان و بە هەموو شێوازێک ڕەتى دەکەنەوە ماڵەوە جێبهێڵن و بچن بۆ قوتابخانە، لەبەرئەوەى بۆ منداڵ شێوازى ژیان لەم ژینگە کۆمەڵایەتییە نوێیەدا جیاوازە لەژیانى نێوماڵ لە چەندین ڕوەوە، وەکو دورکەوتنەوە و دابڕان لە دایک و باوک، هەستان لەخەو بەیانیان زوو، ناسینى شوێنێکى نوێ، تێکەڵبوون بە هاورێى نوێ، دانیشتن لەسەر کورسییەکى تەختە بۆماوەیەکى درێژ و گوێگرتن لە مامۆستا، پابەندبوون بە یاسا و پەیڕەوى قوتابخانە، جێبەجێکردنى ئەرک، سنورداربوون و بەرتەسکبوونەوەى ئازادی و ئارەزووەکان، کەمبوونەوەى ماوەى یارى کردن، …… هەموو ئەو خاڵاًنەى باسکران هۆکارن بۆ دروستکردنى ترس، بەڵام کاتێک دەتوانین بڵێین بارێکى نائاساییە ئەگەر بەردەوام بوو بۆ ماوەیەک و بووە هۆکارى ترسێکى نادیار و ئاڵۆز لاى منداڵ، کە ئەویش بە حاڵەتى ترس لە قوتابخانە دەناسرێت.
منداڵ ئەم حاڵەتەى لەسەر دەردەکەوێت لە یەکەم ڕۆژ یان یەکەم هەفتەى ژیانى قوتابخانە، ڕۆژانى جێبەجێنەکردنى ئەرک، ڕۆژانى تاقیکردنەوە، ڕۆژانى لێپرسینەوە و سەرزەنشتکردنى لە لایەن مامۆستا.
ئەو نیشانانەى لەم حاڵەتەدا لەسەر منداڵ دەردەکەون بریتین لە ترس، گریان، زەردهەڵگەڕان، ئازارى سک، دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە، سەرئێشە، دەربڕینى بێزارى و داواکردنى مانەوەى لە ماڵەوە و نەچون بۆ قوتابخانە، هەروەها چەند نیشانەیەکى تر.
ئەم حاڵەتەش بۆتە گرفتێک بۆ قوتابخانەکان و لەگەلڕ دەست پێکردنى ساڵى خوێندنى نوآ لە قۆناغى یەکەم و دووەمى سەرەتایدا بە زۆرى دەبینرێت و بە گرفتێکى سەرەکى قوتابخانە سەرەتاییەکان دەژمێردرێت.
بوونى ترس لە قوتابخانە لاى مندالڕ بەو شێوازەى باس کرا کاریگەرى دەبێت لەسەر گەشە و ئاستى خوێندنى منداڵ، لەبەر ئەوە دەبێت بە حاڵەتێکى ڕاستەقینە سەیرى بکەین و زوو هەوڵى چارەسەرکردنى بدەین.
پاش باسکردنى زاراوەى ترس لە قوتابخانە، دەتوانین بڵێین جیاوازە لە هەردوو حاڵەتى ڕاکردن لە خوێندن و دڵەڕاوکێى دابڕان، لەگەڵ ئەوەى هەندێک کەس هەمان واتاى دەدەنێ.
پێناسەى ترس لە قوتابخانە: بریتییە لە تێڕوانینێکى ترس ئامێزى نائاسایى لە چوون بۆ قوتابخانە، لاى منداڵ و هەرزەکار، ترسێکى دەروونییە و خودى خۆى نەخۆشى نییە، بەڵکو وەڵام دانەوەیەکى دڵەڕاوکێیانەیە بۆ حاڵەتێکى تر.
بۆچونەکان دەربارەى ترس لە قوتابخانە:
1.هەندێک لە زانایانى دەروونناس دەڵێن ئەم حاڵەتە ترسە هەندێکى تر دەڵێن نەخۆشییە، بۆچونیان وایە سەرچاوەى ترس لە قوتابخانە بریتیە لە توڕەبوون و ترسى خەفەکراو لاى منداڵ، کە ناتوانێت بە ووتە باسی بکات بەڵکو بە شێوازى نیشانەى جەستەیى دەریدەبڕێت وەکو ڕشانەوە، ئازارى سک، …
2.هەندێک دەڵێن سەرچاوەى ئەم ترسە بریتییە لە دابڕانى منداڵ لە دایک و دورکوتنەوەى لەو پەیوەستییە نزیکەى هەیەتى لەگەڵیدا، ئەم حاڵەتەش بە دڵەڕاوکێى دابڕان ناسراوە. هەروەها منداڵ ژینگەى قوتابخانە نائارام دەبینێت بەراورد بە ماڵى خۆیان.
3.بریتییە لە وێنەیەکى نێگەتیف، دروست دەبێت لە تەمەنێکى کەمەوە لاى منداڵ بەرامبەر مامۆستا و قوتابخانە، لەڕێگەى دایک و باوک، خوشک وبرا، خزم وکەس، هۆکارەکانى ڕاگەیاندن کە قوتابخانە دەناسێنن وەکو شوێنی لێپرسینەوە، لێدانى منداڵ، ڕاستکردنەوەى هەڵسوکەوتى هەڵە.
4.زانا ( لانغ ) دەڵێت سەرچاوەى ئەم حاڵەتە بریتییە لە ئامادەبوونى منداڵ لە قوتابخانە بە زۆر و لە ژێر فشاردا، و تێنەگەیشتنێکى ڕاست و دروست لە شوێنەکە.

رێژەى ترس لەقوتابخانە:
ترس لە قوتابخانە تایبەت نییە بەکۆمەڵێک یان چینێک، یاخود کۆمەڵگەیەک، بەڵکو لەهەموو قوتابخانەیەکیدا ئەم حاڵەتە هەیە، بەتایبەتى لە سێ ساڵى یەکەمى قۆناغى سەرەتایى.
- 5% ى قوتابیان لەقۆناغى سەرەتاییدا ،تووشى ئەم جۆرە ترسە دەبن.
- 2% ى قوتابیان لەقوناغى ناوەندییدا دوچارى ئەم جۆرە ترسەدەبن.
- 3% ى ئەو منداڵانەى ترس لەقوتابخانەیان هەیە، توشى یەکێک لە تێکچونە دەرونییەکان بوون و هاوسەنگى دەرونى باشیان نییە.
هۆکارەکانى ترس لە قوتابخانەدا:
( 50% - 80% )ى حاڵەتەکان بەهۆى دڵەڕاوکآى دابڕانەوە دەبێت، ، لەبەرئەوەى وابیردەکەنەوە ئەگەر ماڵەوە جێبهێڵن ڕوداوێک ڕوودەدات وەک ( دروست بوونى شەڕ لەنێوان دایک و باوک، یەکێک لە دایک و باوکى دەمرێت یان نەخۆش دەکەوێت،……هتد ).
هەبوونى کێشە و ململانێى بەردەوام لە ماڵەوە لە نێوان دایک و باوکیدا.
گرنگى پێدانى زیاد لە ڕادە بە منداڵ لەکاتى پەروەردەکردنیدا لەلایەن دایک و باوک، هەموو کات لە نزیک خۆیان بووە و بوارى پێنەدراوە سەربەخۆبێت و متمانەى بەخۆى بێت و ئەزموونى شوێنى نوێ بکات جگە لەماڵى خۆیان.
هەندێک دایک لە ماڵەوە بەتەنها بێزاردەبێت ، لەبەرئەوە خۆی ئارەزوو دەکات منداڵەکەی لاى بمێنێتەوە هانى دەدات بۆ ئەو مەبەستە.
لەدایک بوونى منداڵێکى نوێ لە خێزانەکەدا و هەست کردن بە کەمبوونەوەى خۆشەویستى و گرنگى پێدانى لەلایەن دایک و باوک.
مندالڕ توشى نەخۆشى خەمۆکى ببێت.
کەم توانایى ژیریى، کەمى ئاستى زیرەکى لاى منداڵ.
ترس لە خوێندنگە یان مامۆستا یان منداڵى تر لە قوتابخانەکەیدا.
لە قوتابخانە گاڵتەى پێبکرێت لەلایەن هاوڕێکانی یان مامۆستا بەهۆى بوونى کەمئەندامى جەستەیى یان هۆکارى تر.
ترس لە بوونى لێدان و سزاى توند لە قوتابخانەدا.
ئەرکى قوتابخانەى زۆر پێبدرێت و بۆى جێبەجآ نەکرێت، بە تایبەت لە ڕۆژانى سەرەتاى دەستپێکردنى خوێندن.
ترسى سەرنەکەوتن لە قوتابخانەدا.

چۆن و بەچ نیشانەیەک ترس لەقوتابخانە لاى منداڵ دەناسرێتەوە ؟
بەگشتى نیشانەکانى ترس لە قوتابخانە، هەمان ئەو نیشانەن لەکاتى دڵەراوکێ و ترسدا تاک توشى دەبێت:
زۆربەى نیشانەکانى ئەم حاڵەتە لە بەیانیاندا دەردەکەون، بەتایبەتى لە کاتى نزیکبوونەوەى ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە.
ئەم منداڵانە لەگەڵ دایک و باوکیان بەردەوام ململانێیان هەیە لەسەر ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە و هەوڵدەدەن پاساو بهێننەوە بۆ ئەوەى لە ماڵەوە بمێننەوە و نەچن بۆ قوتابخانە.
چەند نیشانەیەکی جەستەییان تیا دەردەکەوێت بەتایبەت بەیانیان پیچش ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە وەک :( ئازارى سک ، سەرئێشە، هێڵنجدان و ڕشانەوە، سکچون، زەردهەڵگەڕان، نەبونى ئارەزوى خواردن، بێخەوى )
چەند نیشانەیەکى تریان هەیە وەکو ترس، گریان، دڵەڕاوکێ، بێزارى، …
بەهاتنەوەى منداڵەکە بۆ ماڵەوە نیشانەکان نامێنن و وەکو منداڵێکى ئاسایى دەردەکەوێت.
ئەرکى قوتابخانە جێبەجێناکات.
شەوى تاقیکردنەوە نەخۆش دەکەوێت.

چارەسەرى ترس لە قوتابخانەدا:
چارەسەرى ئەم حاڵەتە لەماوەى 2 – 3 هەفتەدا دەکرێت بە گرتنەبەرى ڕێگاو شوێنى پێویست بەم شێوەیە:
ڕ. لەسەر ئاستى ماڵ :
1.منداڵەکە هانبدرێت لە زووترین کات بچێتەوە قوتابخانەو دوانەکەوێت ، بەڵام پێویستە ئاگاداربین ، هەندێک جار چەند هەنگاوێک پێویستە بۆ ئەم کارە .
2.دەرخستنى خۆشەویستى و گرنگى پێدان بۆ منداڵ لە ناو خێزان و قوتابخانەدا و هەست بکات کەسێکى ڕێزدارە.
3.دایک و باوک پەیوەندى نزیک لەگەڵ منداڵەکەیان دروست بکەن بەمەبەستى ئاگاداربوون لە کێشەکانى، هەروەها نموونەکانى منداڵى خۆیان باسبکەن لەوجۆرەو چۆن چارەسەربوون.
4. ئەنجامدانى گفتوگۆى کراوە بۆ دەست نیشانکردنى هۆکارەکانى ترسى منداڵەکە لە قوتابخانە و هاندانى بۆ دەربڕینى ناخى بێ شەرم کردن.
5.ئەگەر هۆکارەکە بریتى بوو لە نەخۆشى خەمۆکى لاى منداڵ ئەوا دەکرێت لەژێر چاودێرى پزیشکى تایبەت دەرمانى بۆ بەکاربهێنێت، بەڵام ئاگاداربە دەرمان بۆ خودى ترس لە قوتابخانە بەکارناهێنرێت.
6.دایک و باوک هاودەنگ بن لەسەر چوونەوەى منداڵەکەیان بۆ قوتابخانە هەموو ڕۆژێک، هەروەها مامۆستا وقوتابخانە خۆشەویست بکەن لاى بە ناساندنى سیما جوانەکانیان.
7.بەکارهێنانى ڕێگاى پاداشت کردن بەرامبەر جێبەجێکردنى ئەرکەکانى و ئامادەبوون لەقوتابخانە.
8.دایکان و باوکان لەسەرەتادا هاوڕێیەتى منداڵەکەیان بکەن لە چوون بۆ قوتابخانە، هەروەها لەڕێگادا سودى خوێندن و خۆشییەکانى قوتابخانەى بۆ باس بکەن.
9.دایکان و باوکان لەماڵەوە یارمەتى منداڵەکەیان بدەن لە جێبەجێکردنى ئەرکى قوتابخانە و پێداچوونەوەى وانەکانى.
10.پێویستە دایک وباوک لەبەردەمى منداڵەکەیاندا شەڕوململانێ نەکەن بۆ ئەوەى دوچارى دڵەراوکێ نەبێت و هەموو کات بیرى لاى ئەوان بێت و مانەوەى خۆى لە ماڵەوە بە پێویست بزانێت.
11.پێویستە ئاگادارى بەڕێوەبەرو مامۆستاکان بکرێت مۆڵەت نەدەن بە منداڵەکە نەچێت بۆ قوتابخانە، بەڵام گرنگییەکى تایبەتى پێبدەن تاکو خۆى دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو ژینگە نوێیەدا.
12.پێویستە دایک و باوک ڕێگە نەدەن منداڵەکەیان لە ماڵەوە بمێنێتەوەو نەچێت بۆ قوتابخانە لەژێر هیچ پاساوێکدا، پاشان بەباشى بکۆڵنەوە لەو بیانووەى منداڵەکەیان دەیهێنێتەوە بۆ مانەوەى لە ماڵەوە، بۆ ئەوەى ئەگەر بیانووەکەى ڕاست بوو لەبەرچاو بگێڕێت.
13.دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێز لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا بە سەردانى دایک و باوک بۆ قوتابخانە، ئامادەبوون لە کۆبونەوە گشتییەکانى دایکان و باوکان ، بۆنە و ئاهەنگەکان.
14.دوربکەوەرەوە لە تەرکیزکردنە سەر نیشانە جەستەییەکانى منداڵەکە، وەکو دەستدان لە ناوچاوانى منداڵ بەمەبەستى زانینى پلەى گەرمى لەشى ، هەروەها بەیانیانى ڕۆژى قوتابخانە پرسیار مەکە دەربارەى بارى تەندروستى چۆنە ئەگەر دڵنیابوویت حاڵەتى نەخۆشى نییە.
15.ئەگەر دایک و باوک بەگومان بوون لەبارى تەندروستى منداڵەکەیان، دەتوانن نەنێرنەوە بۆ قوتابخانە و سەردانى پزیشکى تایبەتى پێبکەن بەتایبەت لەم کاتانەدا ( بوونى تایەکى بەرز کە پلەى گەرمى لەشى لەسەروو 37 پلەبێت، ڕشانەوە زیاتر لەیەکجار، سکچوونى زۆر، ئازارى گوێ، ئازارى ددان، کۆکەى توندو بەردەوام )
16.ئەگەر منداڵەکە پزیشک پشکنینى بۆ کردو و حاڵەتەکەى ئاسان بوو، پێویستە هەمان ڕۆژ بنێردرێتەوە بۆ قوتابخانە ئەگەر تەنها وانەیەکیش مابێت بخوێندرێت.

ب. لەسەر ئاستى قوتابخانە :
1.پەسەند کردنى منداڵ لە قوتابخانە و ڕێزگرتن لێی، هەروەها نیشاندانى خۆشەویستى و نەرمونیانى بەرامبەرى.
2.ئاسانکارى لە پەیڕەو یاساى قوتابخانە و نزیکخستنەوەى لە ژینگەى ماڵ.
3.ڕێنمایکردن و یارمەتیدانى منداڵ لە جێبەجێکردنى ئەرکى قوتابخانە و بەکارهێنانى ڕێگاى پاداشت کردن لە بەرامبەریدا.
4.لابردنى هۆکارەکانى بێزرانى قوتابخانە لاى منداڵ وەکو سزادانى جەستەیى و دەروونى، سەرزەنشت و بریندارکردن،….
5.پێویستە قوتابخانە لەسەرەتادا ئامانجى سەرەکى بریتى بێت لە گرنگیدان بە گونجاندنى منداڵ لەگەڵ ژینگەى قوتابخانە، نەک گرنگیدان بە ئەرکى قوتابخانە، لەبەرئەوەى دڵەڕاوکێ لاى منداڵ زیاد دەکات.
6.نواندنى نەرم ونیانى و چاوپۆشى لە هەڵەکانى منداڵ بەتایبەت لە ساڵى یەکەمى خوێندن.
7.ئارەزوکردنى قوتابخانە لاى منداڵ دروست بکرێت بە مامەڵەى جوانى مامۆستا، زیادکردنى ماوەى یاریکردن، گێڕانەوەى چیرۆک، …
8.گوێگرتن لە قوتابى و هاندانى لەسەر قسەکردن، بۆ ئەوەى هەست بە نرخ و بەهاى خۆى بکات.
9.پاش ئەوەى زانرا منداڵێک ئەم حاڵەتەى هەیە ، پێویستە قوتابخانە لەگەڵ خێزان بەهاوکارى و ئاگادارى یەکتر هەنگاوبنێن بۆ چارەسەر.
10.پێویستە مۆڵەت نەدرێت بەم جۆرە منداڵانە قوتابخانە جێبهێڵن و بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە.

ئەگەر ئەم جۆرە منداڵانە نەچوون بۆ قوتابخانە و لە ماڵەوە مانەوە بە پاساوى نەخۆشى، پێویستە بەم شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت :
1.دایک و باوک لە جێگەیەکدا پاڵیبخەن و پێى بڵێن تۆ نەخۆشیت نابێت هەڵبستیت، ڕێگەى نەدەن بچیتەدەر یان لەناو ماڵ یارى بکات لەگەڵ خوشک و براکانى ترى بە پاساوى ئەوەى نەخۆشە، بۆ ئەوەى چێژ لە یاریکردن وەرنەگرێت.
2.خواردنێکى سادەى بدرێتێ و خزمەتى زۆر نەکرێت، بۆ ئەوەى ژینگەى ماڵەوەى لا خۆشتر نەبێت لە قوتابخانە.
3.دایک هەوڵ بدات سەرقاڵى کارى خۆى بێت یان بچێتە دەرەوەى ماڵ، بۆ ئەوەى منداڵەکە هەست بکات ئەگەر نەچێتەوە بۆ قوتابخانە گرنگى پێنادرێت.

سەرچاوەکان:
1.الاسرە واگفال المدارس / د. على القائمى 1998 .
2.NMS Psychiatry 3rd edition - 1996
3.محازەراتى ( د. تورگنى گوستافسون ) کۆرسى Child & Adolescence Psychiatry / سەر بەزانکۆى ئۆمیۆى سویدى / دهۆک ساڵى 2000 .
4.تۆڕى ئنترنێت ( www.almualem.net/ / www.nafsany.com / www.almllah.8m.com )

ێلاح حسن / چارەسازى دەروونى
salahboskany@yahoo.com

لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده‌ و فێركردن

بۆچوونەکان


« هێزی سێکسی لای پیاوان | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای یاری »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional