ئاب 17, 2007
ئاشکرایە هەر یەکە لە ئێمە توانایەکی دیاری کراوی هەیە لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا هەر لە هەستەکانەوە (بینین ، بیستن، ……هتد) تاکو سەرجەم بوارەکانی تری توانای مرۆڤ لە توانای قورسایی هەلگرتن ، راکردن ،دانیشتن ، تەنانەت نوستنیش توانایەکی دەوآ ومرۆڤ ناتوانآ بەردەوام بنوآ .
توانای وەرگرتن و وەبیرهاتنەوەی زانیارییەکانیش سنوردارەو مرۆڤ تاکو ئاستێکی دیاری کراو توانای وەرگرتنی هەیە و ناتوانێت هەموو رووداو و بیرەرییەکان بێنێتەوە یاد خوی ، سەرەرای ئەم سنوداریە تاک دەتوانێت تاکو رادەیەک توانای وەرگرتن و وەبیرهاتنەوەی خۆی باشتر بکات تاکو لەماوەیەکی کورتدا برە زانیارییەک وەرگرآ زیاتر بێت لەوەی پێشوتر وەری دەگرت لە هەمان ماوەدا.
زیرەکی چییە؟
زانایان گەلێک پێناسەیان داناوە بۆ زیرەکی لەهەندآ سەرچاوەدا دەیەها پێناسەی بۆ کراوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بلێن زیرەکی بریتیە لە وەرگرتنی زانیاریەکا ن بەشیوەکی خێرا ، وەبیر هاتنەوەی باش و هەڵسەنگاندنی یان پەیوەست کردنی زانیارییەکان پێکەوە.
ئەوەی روونە زۆر جۆر زیرەکی هەیە وەکو زیرەکی کۆمەڵایەتی و کارزانی و سیاسی و بیرکاری و…هتد ناتوانین بڵین هیچ کام لەم زیرەکیانە لەسەرو ئەوی تریانەوەیە چونکە هەریەکەیان رۆلی خۆی دەبینێت لە جێ بەجێ کردنی کارەکاندا، بەردەوام بوونی ژیان بەتەنها زیرەکیەیەک مەحالە . بۆنمونە دەشێ تاکێک لەرووی کۆمەڵایەتییەوە زۆر زیرەک وچاپوک بێت وسەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێت لەژیاندا بتوانآ خەلکانێکی زۆر لە خۆی کۆبکاتەوە و پێشرەویان بکات نەخشەی ئایندەیان بۆدانێت بەڵام لە خوێندنگەدا کەسێکی سەرکەوتوو نەبێت . هەروەها دەشآ یەکێکی تر لە بواری کارزانیدا دەست رەنگینی تەواوی پێوە دیاربێت لە بواری وردەکاریدا یان تەنانەت لە کۆشک وتەلار دروستکردندا بەڵام دەرچووی هیچ کام لە زانکۆکان نەبێت .
شاعیرو نوسەرە گەورەکان مەرج نییە هەموویان خاوەن پلەی خوێندنی بەرزبن یان تەنانەت خۆیندنیان تەواو کردبآ . ئەمانەی سەرەوە هەموویان جۆرێکن لە جۆرەکانی زیرەکی کەپەیوەندی بە خوێندنەوە نییە .
بەڵام ئەوەی ئەمرۆ لە خوێندنگەکاندا داواکراوەو خوێندکار بەهۆیەوە ئایندەی دیاری دەکرآ ئەوانەی سەرەوە نین بەلکو وەرگرتنی خێراو وەبیرهاتنەوەی خێراو هەندآ جار پەیوەندار- کردنی بابەتەکان پێکەوەو هەندێ جاری تر لەبەر کردنی بەشێوەیەکی کوێرانەو ووتنەوەی وەکو تووتی؟!
دی بەهرەمەندی نوسین و وێنەکێشان و سەلیقەی کارو پیشە و توانای کۆمەڵایەتی و…..هتد هیچ نرخێکی نییە ؟! تەنانەت هەندێ جار لەبری سود زیان بە خوێندکار دەگەیەنێ ولەلایەن مامۆستاو هاوەڵەکانییەوە لەبری ئەوەی بەجۆرێک زیرەکی تەماشا بکرآ بە تاکێکی تەمەڵ و ڕاکردوو لە وانەکان ناودەبرێ چونکە لەبەرکردن سەنگی مەحەکە و رۆژی تاقیکردنەوەش قیامەت.؟
پێوەری زیرەکی چییە؟
زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەلێن رێژەی زیرەکی یەکێک (80%) هی یەکێکی تر (100%) یەکێکی تر ژمارەیکی تر و هەندآ جار لە سەرو (100%) ەوەیە .
ئاستی زیرەکی یان لەرێی هاوکێشەیەکی تایبەتییە وە دەپێورآ بریتیە لە
تەمەنی عەقلی
تەمەنی راستەقینە * 100 = رێژەی زیرەکی
تەمەنی راستەقینە بریتییە لە بەرواری لە دایک بوون تاکو کاتی پشکنین
تەمەنی عەقلی بریتییە لەو تەمەنەی کە تاک کۆمەڵە کارو چالاکییەکی هەیە دەبآلەو تەمەنەدا بتوانآ جێبەجێی بکات . بۆ نمونە منالێکی (10ساڵان ) دەبآ بتوانآ
1- پێناسەی (11) ووشە بزانآ لە کۆی (45) ووشە کە ریزبەند کرابن لە سوکەوە بۆ قورس
2- نەگونجانی وێنەیەک لە نێوان زنجیرە وێنەیەکدا جیا بکاتەوە
3- بتوانێ راڤەی هەندێ لە رووداوەکانی ژیانی رۆژانە بکات
4- بتوانآ نزیکەی (20) ووشە بدرکێنێت لە ماوەی یەک خولەکدا
5- دووبارەکردنەوەی ژمارەیەکی (6) خانەیی پاش یەک جار بیستن.
گەر مناڵەکە لەتەمەنی 10 ساڵیدا بتوانێ ئەم کارانە هەمووی ئەنجام بدات ئەوە تەمەنی عەقلی 10 سالە .
خۆگەر توانی هەندێکیان ئەنجام بدات وهەندێکی تر نەتوانآ واتە توانای جێبەجێکردنی ئەو شتانەی هەبآ کە منالێکی (8) ساڵان دەیکات ئەوەتەمەنی عەقلی (8) ساڵانە .
بەڵام گەرتوانی ئەمانە هەمووی ئەنجام بدات و هەندآ شتی زیادەش بکات کەبۆ منالێکی تەمەن (12 )ساڵ تەرخان کراوە ئەوە تەمەنی (عەقلی (12) سالانە.
واتەبەپێى هاوکێشەکەی سەرەوە مناڵەکە لە باری یەکەمدا رێژەی زیرەکی (100%) و لەباری دووەمدا (80%) ولە سێهەمدا (120%).
تێبینی :
1- هەر تەمەنێک هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی هەیە.
2- پرسیارەکان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ گۆمەڵگەیەکی تر دەگۆرآ .
هەرچەندە زۆربەی زانایان لەو باوەرەدان کە زیرەکی لە رێی بۆماوەوە دیاری دەکرآ و ئەگەری گۆڕانی کەمە یان نییە بەڵام بەپێی توێژینەوەکانی ڤێرنۆن تێبینی ئەوەی کرد ئەوانەی دەچنە زانکۆ وپەیمانگاکان ئاستی زیرەکیان بە نزیکەی(12پلە) بەرزترە لەوانەی لە خوێندن دادەبرێن .
هەروەخا ئەگەری گۆرانکاری هەیە لە ئاستی زیرەکی منداڵدا بەنزیکەی (5-10 پلە) لە منداڵی زیرەکدا ئەگەرەکە زیاترە وەک لە مناڵآ کەئاستی زیرەکی کەم بێت.
زیرەکی و تەمەن:
ئاستی زیرەکی تاک بەشێوەیەکی بەردەوام لە برەودایە تاکو تەمەنی 15 ساڵی هەندێ دەڵێن تا تەمەنی 18 ساڵی .
لە نێوان تەمەنی (20 -80 ساڵیدا) تاک نزیکەی (50%) ى دەمارە خانەکانی توێژاڵی مێشکی لەدەست دەدات بەڵام گۆڕان لە ئاستی زیرەکی و وەبیرهاتنەوە تاکو ئەو رادەیە نییە ، چونکە گەڵێک هەن تاکو دوای تەمەنی (100ساڵیش ) هەر بەهرەمەندن و خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن.
دابەشبوونی رێژەی ئاستی زیرەکی بەسەر هاوولاتیاندا :
ئاسایی : (85-115)
خوار ئاسایی : (70-85)
دواکەوتنی هۆشمەندی : (70 بەرەو خوار)
سەرو ئاسایی: (115-130)
سوپیریەر : (130-140)
بەهرەمەند (عەبقەری) : (145 – بەرەو ژوور)
چۆن مێشک زانیاری سەیف دەکات؟
مێشک نزیکەی (2%)ى کێشی لەش پێک دێنآ و لە (10%)ى ووزەی لەش کار ئەکات و لە (20%) ى ئۆکسجین لەلایەن مێشکەوە بەکاردێ لە کاتی ئیستراحەتدا .
لە منداڵی (5) ساڵاندا نزیکەی لە (50%) ى ئۆکسجین لە لایەن مێشکەوە بەکاردەهێنرێت و بەکارهێنانی ئۆکسجین لەلایەن خانەدەمارییەکانەوە (10 -100) هێندەی بەکارهێنانی دەبێ لەلایەن خانەکانی تری مێشکەوە .
لەکاتی بێهۆشیدا لە هەر خولەکێکدا مێشک بری (0،15ملی مۆل) گلوکۆز بەکاردێنى بۆ هەر یەک کغم کێشی لەش بەڵام لەکاتی گەشکەدا بری (10 ملی مۆل )بەکاردێنى بۆ یەک کغم لەش .
مێشکی مرۆڤ لە دووبەشی تارادەیک لێکچوو پێک هاتووە و هەربەشەش دەبێت بە چوار بەشی ترەوە کەهەریەکەیان فرمان وبەرپرسیارێتی خۆی هەیەو لەکاتی روودانی هەرناتەواویەکدا لە هەربەشێکیان کۆمەلە نیشانەیەک روودەدات بەهۆیەوە دەزانین ناتەواویەکە پەیوەندیدارە بە چ بەشێکەوە.
ئەم دوو بەشەی مێشک یەکێکیان زالە وئەوی تریان بەزیو تێبینی کراوە لەوکەسانەی دەستە راستن لاى چەپی مێشکیان زالە و ئەوانەی دەستە چەپن لە زۆربەیاندا لاى راستی مێشکیان زاڵە ودەشآ لاى چەپیشیان زاڵ بێت .
تێبیی کراوە لە رێی هەندآ توێژینەوە لە کاتی وانە خوێندندا وهەوڵدان بۆ سەیف کردنی زانیاری لاى چەپی مێشک چالاکە لە کاتی هەوڵدان بۆ وەبیرهێنانەوە لاى راست چالاک دەبێت واتە برێکی زیاترخوێنی بۆ دەچێ.
زانیاری بە دوو شێوە خەزن دەبآ لە مێشکی مرۆڤدا
1- بیرەوەری بۆ ماوەیەکی کورت.
2- بیرەوەری بۆ ماوەیەکی درێژ.
لەجۆری یەکەمدا بە شێوەی وێنە یا دەنگ یا بۆن…. هەڵدەگیرآ و ماوەیەکی کورت دەخایەنی وگەر دووبارەنەکرێتەوە ئەوا پاش ماوەیەک لە بیر دەچێتەوە زانیاری تر شوێنی دەگرێتەوە ، بەڵام لە جۆری دووەمدا زیاتر پشت بە واتای شتەکان دەبەستى ماوەیەکی زیاتر دەخایەن وبە ئاسانی بیر ناچێتەوە .بۆیە لە کاتی وانە خوێندندا دەبێ هەوڵ بدەین لە واتای بابەتەکان تێبگەین نەک تەنها وێنە ودیمەنی شتەکان لەبەربکەین.
ئەو هۆکارانەی کار دەکەنە سەر وەبیر هاتنەوە:
1- رووداوە سالیب و موجەبەکان باشتر دێنەوە یاد وەک لە رووداوە ئاساییەکان واتە ئەو رووداوانەی دڵخۆش یان نیگەرانیان کردبیت باشتروبۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێننەوە لە بیرەوەریماندا وەک لەو رووداوانەی کە هیچ کاریگەریەکیان نەبێت و بەشێوەیەکی رۆتینیانە رۆژانە رووبدەن.
2- فلاش باک : واتە رووداوە زیندوەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێننەوە لە یادەوەریماندا وەک لە رووداوەکانی تر و هەندآ جار لە یاد ناچن وەکو گرتنی سەرۆکی پێشووی رژێم لە چاڵدا وتەقینەوەکەی چێرنۆبل …..
ڕەنگە هۆی ئەمەش بگەرێتەوە بۆ رژاندنی هۆرمۆن لە کاتی سەیف کردنی ئەم زانیاریانەدا وەکو هۆرمۆنی ئەدرینالین لە کاتێکدا ئەم هۆرمۆنە لە کاتی سەیفکردنی زانیاری ئاساییدا نارێژرێت.
3- عاتیفەی سلبیانە وەبیرهاتنەوە کەم دەکاتەوە : بۆنمونە لە کاتی تاقیکردنەوەدا گەر پرسیاری یەکەم ودووەم گران بێت یان نارەحەت بێت و تۆ نەیزانی ئیتر هەست بە دڵەراوکێ دەکەیت و سوورەبیتەوە تەرکیزت نامێنآ و بیرهاتنەوەت لاوازدەبێ و کاردەکاتە سەر ئاستی وەڵام دانەوەت بۆ پرسیارەکانی تر ئەمەش ئەو نیشانە دەرونیانەن کەهاوشانی دڵەراوکێن .
4- شوێنی بابەتەکە: بۆ نمونە گەر لیستێکت بدەنآ پێک هاتبێ لە ناوی کۆمەڵە کەسێک یان وەڵامی پرسیارێک بێت و بەخالڕ وەڵام درابێتەوە پاش خوێندنەوەی دەبێنی ناوەکانی یا خاڵەکانی سەرەتاو کۆتاییت دێتەوە یاد بەڵام ئەوانەی ناوەراستت نایەتەوە بیر مەگەر شتێکی شازی تێدابێ .
5- هەمان ژینگە : بونی هەمان ژینگە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر وەبیرهاتنەوە بۆ نمونە گەر لەکاتی وانە خوێندندا خۆت فێرکرد بەدەم مۆسیقا یا گۆرانی یا …….. سەعی بکەیت ئەوا پێویستت بەهەمان ناوەندە بۆ ئەوەی هەموو زانیاریەکان یا زۆربەیانت بێتەوە بیر .
چۆن وەبیرهاتنەوەمان باشتر کەین؟
واتە ئەو بابەتەی دەیخوێنینەوە چۆن بتوانین زۆرترن بڕی بێنینەوە یاد خۆمان ، ئەویش لەرێی پەیرەوی کردنی ئەم خاڵانەوە :
1- دیاری کردنی شوێنی نوسینەکە: ئەو بابەتەکەی دەیخوێنیتەوە هەوڵ بدە شوێنی نوسینەکە دیاری بکەیت یا هێلێکی بەژێردا بێنیت هەولڕ بدە ڕەنگی پێنوسی بەکارهاتوو هەمان رەنگی نوسینەکە نەبێت ، خۆگەر هەولًت دا بابەتەکە بنوسیتەوە واتە کورتی بکەیتەوە لە سەر لاپەرەیەک ئەوە واشە بەخەتێتکی جوان بینوسیت و زیاتر لە رەنگێک بەکاربهینیت و یان شێوازی رێنوسەکەت بگۆریت و هەندآ جار بەلاری بنوسێت بۆ زیاتر سەرنج راکێشان چونکە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە بیرەوەریتدا دەمێنێتەوە ، یان هێلێکی چەماوە بەدەوری نوسینەکەدا بکێشیت .
گرنگ ئەوەیە بە شێوازێک لە شێوازەکان لە ریتمی نوسینەکانی تری پەرەکەی جیایبکەیتەوە .
2- پرسیارکردن لەوەی پێویستە فێری بیت: لە کتێبە نوێکاندا شێوازێکی نوآ بە کاردەهێنرێت لە سەرەتای هەر بەشێکدا یان پەرەگرافێکدا پێت دەلى پاش خۆێندنەوەی ئەم بابەتە دەبآ ئەم شتانە بزانیت یان بتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەیتەوە .
3- رێک خستن : هەولڕ دان بۆ رێکخستنی بابەتەکە و پەیوەستدارکردنی بابەتەکان پێکەوە . تێگەیشتن لە کرۆکی بابەتەکە نەک تەنها بەروکەشی و لە کۆڵکردنەوە بێت .
بە پێی توێژینەوەکانی کلارک و تولفین ژمارەی ئەو جارانەی بابەتە دەخوێنتەوە کەم تر کاریگەرترە وەک لە خوێندنەوەی بە ووردی وتێگەیشتن لە ماناکانی.
دەبێت هەوڵ بدەین بابەتەکان ببەستین بەژیانی رۆژانەی خۆمانەوە تاکو لە کاتی بیرکردنەوەدا بەئاسان تر بێتەوە یادمان.
بۆ نمونە لەکاتی لەبەرکردنی لیستێک ناو (جا هی کور وکچ بێت یان ناوی میوە بێت )دەبێت هەوڵ بدەین ناوەکان بە پێی رەگەز یان بەپێی جۆر دابەش بکەین .
4- دووبارەکردنەوەی زانیاری وەرگیراو بەبێ تێروانین بۆی واتە لەبەر ووتنەوەی بابەتەکە بە بێ ئەوەی تەماشای بکەی (بەپێی توێژینەوەکان خوێندنەوە ولەبەرووتنەوە چوارجار کاریگەرترە وەک لەوەی تەنها بابەتەکە بخوێنیتەوە بە بێدەنگی ).
PQRST 5-بەکارهێنانی شێوازی
P= PREVIEW سەرەتا
Q=QUESTION پرسیاکردن
R= READ خوێندنەوە
S= SELF RECITATION هەڵسەنگاندن
T= TEST تاقیکردنەوە
واتە ئەو بابەتەی دەتەوێ بیخوێنیتەوە لە سەرەتادا دەبێ زانیارییەکی گشتی لە سەر وەرگریت و پاشان پرسیارلەخۆت بکەیت دەبێ چی فێر بیت و پاشان باتەکەتە بخوێنیتەوە و هەوڵ بدەیت ئاستی تێگەیشتنی خۆت بزانیت بەوەی زانیاریەکان بڵێیتەوە و پاشان تاقیکردنەوەی خۆت بکەیت .
6- بەش بەشکردنی بابەتەکە باشترە وەک لە خوێندنەوەی هەموو بابەتەکەبەجارێ .
گەر بریاروابوو بۆماوەی 6 کاژێر سەعی بکەیت واباشترە دابەشی بکەیت بۆ 2*2*2 نەک هەر 6 کاژێرەکە بەسەر یەکەوە سەعی بکەیت .
واباشترە تەنها بابەتی تاقیکرنەوە بخوێنیتەوە لەکاتی سەعی کردندا گەر ناچار بویت زیاتر لە بابەتێک بخوێنیتەوە ئەوا هەوڵ بدە بابەتی تاقیکردنەوەکە دوا بابەت بێت ،چونکە زانیاریەکان بەیەکدا دەچن و بیرچونەوە زیاتر دەبآ واباشترە شەوی بابەتێک بکەیت وەک لەوەی چەند بابەتێک بخوێنیتەوە .
7- بەکارهێنانی دەنگ و چاو هەندێ جار جولەی لەش کاریگەرترە وەک لە بەکارهێنانی چاو بەتەنها .
8- گۆرینی باری خوێندن لە پاڵ کەوتنەوە وبۆ دانیشتن و هەڵسان باشترە لەوەی تەنها لە یەک باری خوێندندا بیت.
9- کێشانی وێنە یان هێلکاری بۆ زیاتر روون کردنەوەی بابەتەکە تاکو بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بیرمان بمێنێت.
چۆن سوود لە کاتی خوێندن وەرگرین :
1- ئایا شوێنی خوێندن ئامادەیە .
2- ئایا دوورە لە پچراندن لە لایەن کەسانی ترەوە.
3- ئایا دوورە لە دەنگە دەنگ .
4- ئایا میزی خوێندن جێی هەموو شتەکان دەکاتەوە.
5- ئایا هەموو پێویستیەکانی خوێندن ئامادەیە .
6- ئایا هەموو شتەکان لە هەمان ژووردایە یان پەرت بلاوە .
7- جۆری کورسی بەکارهاتوو ( یان شێوازی دانیشتن یا پاڵکەوتن)
8- ئایا بری رووناکی گونجاوە .
9- ئایاپلەی گەرمی گونجاوە.
10- ئایا سەرمێزەکەت شتی زیادەی لەسەرە.
11- گەر زانیت بیرت بلاوە وا بشترە پشوو وەربگریت .
دوو تێبینی :
بۆ وەلامی ئەم پرسیارە کە زۆر جار خوێندکاران بە دەست ئەم کێشەیەوە دەناڵینن و باس لەوە دەکەن کاتێکی زۆریان بە دالغەوە یان خەیاوە دەروات دەتوانین بلێین کە :
1- هەموو کەسآ لە ئێمە دوو خودی هەیە خودی راستەقینەو خودی خەیالى مەبەست لە خودی راستەقینە ئەو بارەیە کە ئێستا تۆی تێدای وخودی خەیالی ئەو بارەیە کە حەز ئەکەی تێیدابیت .هەتاکو ئەم دو خودە لێک نزیک بن ئەوە لەرووی دەروونیەوە تۆ ئارام تر دەبیت و زیاتر هەست بەکامەرانی دەکەیت ، بەڵام تاکو لێک دوور بن ئەوە زیاتر لە خۆت نارازی دەبیت وهەست بە نائارامی ودلەراوکآ وکێشمەکێش و خەیال کردنەوە دەکەیت چۆن بگەیتە خودە خەیالاویەکە .
2- بە پێی بایەخ دانی تۆ بەرووداوەکانی ژیان خەیالت بڵاوە و چەند سۆزت لەگەل رووداوەکاندا دەجولێت هێندە تۆ خەیال دەتباتەوە بیر لەگەل دەوروبەردا ئالوودە دەبیت .
خواردن :
واباشە زیاتر شیرینەمەنی بخورێت وەک لەوەی چەوری وپرۆتین بخورێت . چونکە خۆراکی سەرەکی مێشک مادەی گلوکۆزە .
چەوری وپرۆتین فشارێکی زۆر دەخەنە سەر گەدە و پێویستی بە خوێنی زیاترە تاکو کارەکەی ئەنجام بدات ئەمەش لەسەر حیسابى خوێنی مێشک دەبى .
سەرچاوە:
1- Introduction to psychology 2003
Hilgard & Atkinson
2- Psychology themes & variation 2004
Wayne weiten
3- Companion to psychiatric studies 2004
Freeman. Johnston. Sharpe. Lawrie. Cunningham.
4- Hawler GLOBE No، 38 Dec 27، 2005
لەهاوپۆلی: پهروهرده و فێركردن
« ئاشوبهنانهوهی گهنجانی شاری یۆتۆبۆری ڕێکهوتی ٩/٩/٢٠٠٦ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | شۆفێری و شەڕەنگێزی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

سڵاوێکی گهرم د.ئەفرام محمد حسن!
دهستخۆشیت لێ دهکهم، بابهتهکهت بابهتێکی زیندوه و شایهنی لێکۆڵینهوهی درێژه. من تهنها تێبینی ئهوهم ههیه که لهناو دهقهکانی باسهکهدا ناوی ئهو سهرچاوانه نابینم که له کۆتایدا ئاماژهت پێ داون. هیوادارم تێبینیهکه، به دڵێکی فراوان وهربگریت.
ئاسۆ بیارهیی/سوید/17-8-2007
سوباسي ودةستخؤشي بؤ ئةم سايتة بةريَزةو دةستخؤشي كةرميش لة دكتؤري بةريَز.
بةراستي لة بابةتةكةي بةريَزت زؤر سوودمةند بووم هيواى بةردةوامي سةركةوتنت بؤ دةخوازم .