ئاب 28, 2008
دۆزى پەروەردە لەگەڵ بەرەبەیانى فەلسەفەدایە ….
توێژەرى کۆمەڵایەتى : حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
بەشی دووەم
جۆرەکانى فەلسەفە کامانەن ؟ مێژووى فەلسەفە بە چەند جۆرێکى زۆر ئاشنا بووە ، هاتنە ئاراى ئەم جۆرانەش یان پشت بەو بابەتە دەبەستن کە فەلسەفە لێى دەکۆڵێتەوە یاخود بەو میتۆدەى بەکار دەهێنێت ،یان لەسەر ئەو پلەء جۆرێتیەى یەقین کە فەلسەفە مەبەستیەتى پێى بگات ، ئێمە لێرەدا چەند جۆرێک لەوانە باس دەکەین کە دەسەڵاتى خۆیانیان بەسەر مێژووى فەلسەفەدا سەپاندووەء ، بریتین لە :.
یەکەم - فەلسەفەى میسالى “ئایدیالیزم Idealisim” ، “لالاند” لە فەرهەنگە فەلسەفیەکەیدا “ئایدیالیزم” بەوە پێناسە دەکات کە “ئەو ئاراستە فەلسەفیەیە کە هەموو بوون بۆ فیکر دەگێڕێتەوە “ء باوەڕى وایە کە شتە واقیعیەکان جگە لە ئایدیاکانمان شتێکى تر نین .
هیچ حەقیقەتێکیش لە جیهاندا نییە خودى بیرکردنەوەمان نەبێتء بوونى شتەکان پشت بە دەرککردنى خود دەبەستنء هیچ حەقیقەتێک نییە لەودیوى خودەوەء هەڵوێستى میسالیانەى فەلسەفە لەم دوو مەسەلەیەدا کورت دەکرێنەوە :
1-سەربەخۆیى سروشتء پشتبەستنى بەخۆى هیچ نییە وەهم نەبێت ،سروشت لە رەوتى خۆیدا پشت بە شتێکى دیکەى غەیرى خۆى دەبەستێ.
2-عەقڵ یاخود گیانى فەردى یان هەمەکى “کلى”ى ئیلاهى ئەو شتەیە کە سروشت پشتى پێ دەبەستێ .
دووەم - فەلسەفەى ریالیزم “الواقعیە” Realism، فەلسەفەى واقیعى دان بە بوونێکى سەربەخۆ بەسروشتء دنیاى شتەکاندا دەنێت ،لەکاریگەرى خودء ئاراستە شەخسیەکانى کەم دەکاتەوە لە بڕیاردان بەسەر شتەکاندا نکووڵى لە خودیش دەکات لەو بانگەشەیەیدا کە گوایا بوونى شتەکان خەڵقدەکات دانیى بە تواناى خوداشدا ناوە لەسەر ناسینى شتەکان .
ئەم دیدە واقیعییە فەلسەفییە بە دابەشکردنى بەرپرسیارێتى هەڵدەستێت ، بەرپرسیارێتى زانینى جیهان لەلایەن مرۆڤەوە رۆڵى بە خودء کاراییەکەى بەخشیوە رۆڵێکى دیکەش بە سروشتء ئاکتیڤبوونى لە رێگەى ئەم کاراییە دووفاقەوە : ئەو کاراییە لەخودەوە هاتووەء ئەوەشیان کە لە سروشتەوە هاتووە ، زانینى مرۆڤ دەربارەى جیهان بەم دوانە بەیەکەوە تەواو دەبێت .
سێیەم - فەلسەفەى سروشتى “ناچڕاڵیزم Naturalism ” فەلسەفەى سروشتى بڕواى وایە کە جیهان پێویستى بە هۆکارێک نییە لەسەروى سروشتەوە بێت یاخود بە تەدبیرێکە نەریتى باوەى تێپەڕاندبێ “خارق للعادە” . ئەو بڕواى بەوەیە جیهان بەهۆى خۆیەوە وەستاوە هەر بۆخۆشى بەڵگەیە لەسەر بوونى خۆىء بۆخۆى دەبات بەڕێوە ، جیهان هیچ ئامانجێکى نییە بیەوێ پێى بگات ، ژیانى مرۆیىء فیزیکىء رەوشتىء گیانى هیچ نین جگە لە روداوگەلێکى سروشتى بەها ئەخلاقیەکانیش دەکرێ بەهۆکارى سروشتى پاساء بدرێن بەبێ پێویستبوون بە پەنابردنەبەر هێزێکى باڵاتر لە سروشتء بەبێ چاوەڕوانکردنى پاداشت یاخود قەدەرى ئەودیو نەریتى باوەوە “خارقە العادە” ، ئامانجى کردارە رەوشتیەکانیش ئەوەیە کە مرۆڤ بە گوێرەى سروشت بژىء ئارەزووەکانى سەرکوت نەکاتء بۆ سروشت بگەڕێتەوەء مەدەنیەتى دەستکرد وازلێبهێنێ کە لە شوێنەوارەکانى عەقڵدا خۆى دەنوێنێ لە زانستء هونەرء فەلسەفە .
چوارەم - فەلسەفەى عەقڵگەرایى “رەشناڵیزم Rationalism”، فەلسەفەى عەقڵگەرایى بڕواى وایە عەقڵ تاکە سەرچاوەیە بۆ هەموو جۆرەکانى زانینى راستەقینە ، ئەم زانینەش بە زەرورەتء هەمواندن “التعمیم” جیا دەکرێتەوە . زەرورىء پێویستە لەو رووەوە کە راستگۆیە ، راستگۆییەکەشى زەرورەتێکى عەقڵى دەیکاتە پێویست لەبەرئەوە بەردەوام هەر راستگۆیە مەبەستیش لە هەمواندن “التعمیم” ئەوەیە کە حوکمى راستگۆیانە لەهەموو کاتء شوێنێکدا راستگۆیانە دەبێ چاوگى ئەوەش سروشتى عەقڵە .
عەقڵگەراکان لەسەر ئەوەش هاوڕان کە عەقڵ هێزێکى خۆڕسکە لەخەڵکێدا بەگشتى . بڕواشیان وایە کە دروستێتى بەڵگاندنەکان “الاستدلالات” بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەسەر یاساکانى عەقڵ بەندە ، مرۆڤ لە دەرەوە زانستێکى یەقینیانە وەرناگرێت ، ئەزموونء تاقیکردنەوەش دەستەوەسانە لەوەى زانستى دڵنیاگەرانە “یەقینیانە” بە مرۆڤ ببەخشێ .
پێنجەم- فەلسەفەى ئەزموونگەرایى “الفلسفە التجریبیە” Empirism ، ئەزموونگەرایى بڕوابوون بە ئایدیا خۆڕسکە بۆ ماوەکانء پرنسیپە عەقڵیە بەڵگەنەویستەکان رەفز دەکات ، ئەو پرنسیپە رەوشتیە سەرەتاییانەش رەفز دەکات کە لەواقیعەوە نەهاتوونء مەعریفە بە هەموو شێوەکانیەوە بۆ ئەزموون دەگێڕێتەوە ، تێبینى دەکرێ کە هەندێک لە ئەزموونگەراکان زێدەڕۆییان کردووە لە مەیلە ئەزموونگەراییەکەیانداء نکوڵیان لە بووونى عەقڵێک کردووە کە بیربکاتەوەء زیاد رۆیشتوون لە دانانى هەستى پەتى “الحس الخالێ”دا بەسەرچاوە بۆ مەعریفە ، بۆ ئەوە رۆیشتوون کە عەقڵ وەک لاپەڕەیەکى سپى دێتەبوون کە خاڵیە لە هەموو نەخشێک یاخود شوێنەوارێک کە کەوتبێتە پێش ئەزموونء تاقیکردنەوە ، ئەو ئەزموونە شوێنەوارەکانى لەسەر ئەم لاپەڕەیە بەجێ دەهێڵێ ، هەروەها وایدەبینن کە بڕیارە عەقڵیەکان لە هەموو شێوەکانیاندا بە گوێرەى کاتء شوێن گۆڕانیان بەسەردا دێت .
شەشەم – فەلسەفەى ماددەگەرایى “ماتریالیزم Mateialism ” ، ماددەگەرایى بڕواى وایە جەوهەرى جیهان ماددەیە ، ماددەش بەهێزء جۆراوجۆرێتىء جووڵەو ژیانء بیرکردنەوە جیادەکرێتەوە ، عەقڵیش شێوەیەکى لە شێوەکانى گەشەکردنى ماددە ، ماددەگەرایى بڕوا بە بوونى شتێک ناکات ناوى گیان یاخود عەقڵ بێت دابڕاو لە ماددە ، با ژیانیشى بکرێت بەبەردا ، هەروەها پێیوایە دیاردە ویژدانیەکان هیچ نین جگە لە چەند ئەرکێکى ئەندامەکانى مرۆڤ بۆ نموونە بیرکردنەوە ئەرکى مێشکەو ، چێژکردن ئەرکى زمانەء …هتد . ماددەگەرایى نکووڵى لەبوونى خوداش دەکاتء ، باوەڕى وایە تەنها بیرۆکەیەکە لە عەقڵى خەڵکیدا .
حەوتەم- فەلسەفەى گیانگەرا رۆحگەرایى “الفلسفە الروحیە Spiritualism ” ، فەلسەفەى گیانگەرا برواى بە بوونى گیان یاخود عەقڵ هەیە یاخود بەوەى هاوشێوەى گیان یان عەقڵە بەتەنها . باوەڕیشى وایە کە سروشتى ئەو شتانەى لەودیوى هەستپێکراوەکانەوە ئامادەن گیانیە لە بنەڕەتداء ، دان بە بوونى پەیوەندى لەنێوانى دەروونء جەستەداء ، بیرکردنەوەء مێشکدا دەنێت ، بەڵام ئەم پەیوەندییە وەک پەیوەندیەکى هۆگەرایانە “علیە: سببیە” دەخاتە لاوە ، ئەو پێى وانییە نەجەستە هۆکارى دەروونء نەبیرکردنەوەش بەرهەم “معلول”ى مێشک بێت وەک هۆکارێک لەو سونگەیەوە کە مێشک ماددەیەء ماددەش نەبیر دەکاتەوەء نەهەستیشى هەیە “گیان” یاخود “عەقڵ” لاى ئەو سەرچاوەى دیاردە ماددىء جەستەییەکانە ، ئێمە ناتوانین بە هەستەکان دەرک بە شتەکان بکەین بەڵکو تەنها بە بیرکردنەوەى پەتى دەیانناسینء بەرهەمى ئەوەش هەمووى ئەوەیە کە سروشت گیانییە .
پەیوەندى چییە لە نێوان فەلسەفەء پەروەردەدا ؟ یان بە گوزارشتێکى دیکە : کامەیە شوێنەوارى ئاڵوگۆڕى نێوانیان ؟ یەکەمین کار کە ئاماژەى بۆ دەکەین ئەوەیە کە فەلسەفەء پەروەردە دوو رووى جوداى یەک شتن ، یەکەمیان فەلسەفەییە لە کاروبارەکانى ژیاندا .
پەسەندکردنى پێناسەى پەروەردە بەوەى ” فەلسەفەیەکى عەمەلیەء لە هەموو دۆخێکدا ” .
هانمان دەدا بۆ تەسلیمبوونێکى بێگومانانە بەوەى فەلسەفەء پەروەردە دوو رووى دراوێکن رەنگە دیاریکردنى ئامانجى پەروەردە ئەم بەیەکداچوونەى نێوان فەلسەفەء پەروەردەمان بۆ کەشف بکات . ” ئامانجى پەروەردە بە شێوەیەکى توند بە ئامانجى ژیانەوە گرێدراوە . فەلسەفەش ئەوە بڕیار دەدات کە بە ئامانجى ژیان دەیبینین ، پەروەردەش پێشنیارى وەسیلەکانى هێنانەدى ئەم ئامانجە دەکات ” .
جەخت لەسەر ئەو رایەش دەکاتەوە کە پێى وایە پەروەردە “لایەنە دینامیکیەکەى فەلسەفەیە ، وەسیلەى کردەییانەى هێنانەدى نموونە باڵاکانە “المپل العلیا” : فەلسەفە لایەنە تێورییەکەء پەروەردە لایەنە عەمەلیەکەى هەمان شتە ” .
ئەمە هەمووى دەمانخاتە سەر ئەوەى بڵێین پەروەردە نمایشکەرى “کارێکى رێکخراوە کە ئامانجى گواستنەوەى مەعریفەء گەشەدان بە تواناکانء راهێنانء چاککردنى ئەداکردنى مرۆییە لە کۆى کایەکانداء لە رێگەى ژیانى مرۆڤەوە بەگشتى ” . فەلسەفەش ئەو تۆرانە دادەڕێژێ کە پەروەردە پراکتیزەکردنیان دەهێنێتە دى ” .
لێرەدا دەوەستینء پرسیار دەکەین : کامەیە شتى هاوبەش لەنێوان پەروەردەء فەلسەفەدا ؟ پەروەردەء فەلسەفەدا لە بابەتەکەدا هاوبەشن ، بابەتى پەروەردە مرۆڤە ، مرۆڤیش تەوەرەى بنەڕەتى بابەتەکان فەلسەفەیە . کامانەن ئەو هۆکارانەى هەر یەکێک لەم دوانە دەیگرنەبەر ؟ لەراستیدا وەسیلەى پەروەردە عەمەلى زانستى پراکتیکیە ، بەڵام وەسیلەى فەلسەفە فیکرى رامانکارانەیە . ئەم راستیە دەمانخاتە سەر ئەوەى بڵێین بابەتى فەلسەفە گەورەترە لە بابەتى پەروەردە ، بەڵام وەسیلەکان “هۆکارء ئامڕازەکان”ى پەروەردە زۆرترن لەهى فەلسەفە . بەمەش تێبینى ئەوە دەکەین کە ئەم دوانە لە پەیوەندى کارێکى بەردەوامدان چونکە فەلسەفە پێویستى بە پەروەردەیە بۆ جەختکردنە سەر رۆڵەکەى وەک وەسیلەیەک کە بەرجەستەکردن هەڵبستێت لە شێوەى کارێکى پەروەردەییدا ، پەروەردەش لەکارى خۆیدا ناتوانێ رێ بکات بەبێ ئامانجگەلێکى دیاریکراو ئەم ئامانجانەش لەواقیعدا داڕشتنیان بە گوێرەى چەند بنەمایەکى فەلسەفى بەئاکام دەگات کە پاڵ بە ئاراستەیەکى روونء دیاریکراوەوە دەدات .
ئەوەى لاپەڕەکان مێژوو بپشکنێت ئەوە بەدى دەکات کە پەیوەندى نێوان فەلسەفەء پەروەردە زۆر کۆنە لەهەمان کاتیشدا تێبینى ئەوە دەکات کە ئەو شوێنەوارەى لەسەر یەکترى بەجێى دەهێڵن دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتا مێژووییەکان ، شێوەکانى پەیوەندى نێوانیان لەکارى فەیلەسوفانى نموونەى : سۆفستاییەکانء سوکراتء ئەفلاتونء ئەرستۆء ئیبن سیناء جۆن دێویدا دەرکەوتووە .
سۆفیستەکان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا فەلسەفەء پەروەردەیان بەیەکەوە گرێدا ، ئاشکرایە لاى ئەو کەسەى کە لە مێژووى فەلسەفە بەئاگایە کە فەلسەفەکەیان وەک گوزارشتێکى بەهێز لە مەیلى تاکگەرایى هاتە ئاراوە ، دەرەنجامى ئەم مەیلە کە گرنگى وەرگرتن لە خۆڕسکى بۆماوەیى “الفگرە الموروپە”لە پێشتر دادەنێ بەدواشیدا جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى فەزیلەت وەرگیراوە ، مەعریفەش هەر وەرگیراوە سەرچاوەى ئەمانەش هەمووى بۆ تواناى تاک لەسەر فێربوون دەگەڕێتەوە .
سوقرات فەیلەسوف هاتء وەرچەرخانێًکى لە ئەرکى فەلسەفەدا دروستکرد لەدواى ئەوەى فەلسەفە رووى لە کێشەکانى سروشت بوو ، سوقرات لەرێگەى ئیعلانە فەلسەفیەکەیەوە “بۆ خۆت خۆت بناسە” داواى کرد فەلسەفە لێکۆڵینەوەکەى خۆى ئاراستەى ئینسان بکات .
ئەم وەرچەرخانە لە ئاراستەکانى بیرکردنەوەى فەلسەفیدا لەنوێکردنەوەیەک لەچەمکى فەلسەفەدا دادەنرێت دەرەنجامەکەشى لە یەکترنزیککردنەوەى نێوان فەلسەفەء پەروەردە بوو ، بەڵکو دەتوانین بڵێین ئەم نوێکردنەوەیە لە چەمکى فەلسەفەدا سوقراتى هاندا بۆ ئەوەى راشکاوانە بڵێت ئەم دوانە “فەلسەفەء پەروەردە” بە تەواوى بەیەکەوە پەیوەستن ئەگەر هەر یەک شتیش نەبن ، رەنگە مایەى سودمەندى بێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئامانجى فەلسەفە لەدیدى سوقراتدا داڕشتنى نەفسى مرۆییەء راهێنانیەتى لەسەر هەقء خێرء جوانىء هێنانەدى کۆمەڵگەیەکى باش ئەو وەسیلەیەى فەلسەفەى سوقرات لەهێنانەدى ئەم ئامانجەدا پشتى پێ بەستووە بریتییە لە پەروەردە .
ئەوەى سەیرى کۆمارەکەى ئەفلاتون بکات تێبینى بوونى پەیوەندییەکى پتەءء پێکەوەگرێدانێکى بەهێز دەکات لە نێوان فەلسەفەء پەروەردەدا لێرەدا مایەى سوودمەندییە باس لەوە بکەین کە رۆسۆى پەروەرشیارى ناودار دەڕبارەى کتێبى کۆمار وتوویەتى سەبارەت بەوەى ئەم کتێبە بە گوێڕەى خەمڵاندنى ئەو جوانترین کتێبە لە پەروەردەدا نوسرابێت .
ئەوەى لەم کتێبە ورد بێتەوە پەیوەندییەکى زۆر جوان بەدى دەکات ئەفلاتون لە نێوان پەروەردەء فەلسەفەدا پێى هەستاوە ، یەکەمین مەسەلەش کە لێرەدا ئاشکراى دەکەین ئەوەیە کە داڕشتنى ئەفلاتون بۆ پێناسەى پەروەردە رادەیەکى زۆر کاریگەرە بەو دەیدە فەلسەفیەى کە دەڵێت بەهرەى عەقڵیى منداڵ لە قۆناغى منداڵیدا کارى خۆى ناکات ، بەڵکو کارەکەى لە قۆناغى هەرزەکاریدا دەست پێى دەکات کەواتە پێناسەیەکى لەسەر بناغەى ئەم دیدە فەلسەفیە دامەزراند کە جۆرێکە لە “ئەو راهێنانەى کە تەواو گونجاوە لەگەڵ ژیانى عەقڵداریدا کاتێک کە دەست بە دەرکەوتن دەکات “.
ماویەتى
لەهاوپۆلی: پهروهرده و فێركردن
« دۆزی پهروهرده لهگهڵ بهرهبهیانی فهلسهفهدایه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پێوهری تایبهتمهندییهکانی کهسێتی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
