نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

میدیاکان و نه‌وه‌یه‌کی نه‌خۆش

ته‌مموز 29, 2008

10.jpgمیدیاکان و نەوەیەکى نەخۆش
هاوبیر کامەران
مامۆستای کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری یۆگا

پاش ڕاپەرین ئێمەى هاوڵاتى کەوتینە بەردەم لێشاوێکى زۆرى تەلەفزیۆن و میدیاکانى راگەیاندن ، ئەوانیش بەزانایى و نەزانى خۆیانەوە و بەچاک و بەخراپ کەوتنە وێزەى هاوڵاتیان . دەمێ بۆ بانگەشە بۆ براکوژى و دەمێ بۆ جنێوو نیوە ناتۆرە بەحیزبى بەرامبەر ، چونکە تەلەفزیۆنەکان لەسەرەتادا تەنها دەنگێکى حیزبى روت بون و هیچى تر و لەپاڵ ئەمەشدا جارناجارێک چەند گۆرانیەک دادەبەزێنران . پاش ماوەیەک ئەم تەلەفیزیۆنانە زیادیان کردو هەریەک بە پرۆگرامێک و پرەنسیپێکى تایبەت کاریان دەست پێکرد. هەر یەکیان بۆ ئەوەى خەلکێکى زۆرتر بەلاى خۆیاندا راکێشن بەرنامەو راگەیاندنى تایبەتیان دابەزاند کە بیکەنە جێ سەرنجى خەڵکى . بەهەرحاڵ ئێستا پاش جێگیربونى میدیا تایبەتەکان لە گۆڤار و رادیۆو تەلەفزیۆنەوە خاوەنى کەناڵى ئاسمانى تایبەتین ، خاوەنى گۆڤار و رۆژنامەى تایبەتین ، خاوەنى رادیۆى تایبەتین . من لێرەدا دەمەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەم کە ئایا لە کوردستاندا میدیا تا چ رادەیەک بەکاردەهێنرێت بۆ سودگەیاندن و فێرکردنى خەڵکى ، ئایا تا چ رادەیەک ئەم میدیا حیزبیانە بەکاردێن بۆ سارێژکردنەوەى برینەکانى خەڵک ، دەمەوێت باسى ئەوە بکەم کە ئایا میدیاکان یارمەتى دروست بونى نەتەوەو نەوەیەکى تەندروست دەدەن لە کوردستاندا یان ئەوەى رژێمى بەعس کردى ئەمان بەشێوەیەکى دیکە دەیکەن .
کاریگەرترین هێز بۆ گۆرینى بیرورا و دەرونى خەڵکى دو رێگەیە ، یان مینبەرى مزگەوتەکان یان میدیاکان . ئەمرۆ ئێمە ئەوە دەزانین کە وەک جاران مزگەوتەکان جێگەى پێگەیاندنى خەڵک نین و تەنها شوێنى عیبادەتن نەک شتێکى تر ، ئەگەر فێرکردنێک هەبێت لەوێدا ئەوا زۆر کاڵ و کرچ و نازانستین و تەنها لەسەر پێگەى ئیمان راوەستاون نەک لەسەر پێگەیەکى زانستى چەسپاو . هۆکارى سەرەکى بۆ کاریگەرى خستنە سەر خەڵک لەمرۆدا میدیاکانن بەشێوەیەک کە میدیاکان کاریگەریان هەیە لەسەر شێوازى جل و بەرگ و تەنانەت مۆدێلاتى ریش تاشینیش .
هەر تەلەفزیۆنێک یان گۆڤارێک دەبێت خاوەنى پرەنسیپێکى کۆمەڵایەتى بێت و پەیوەست بێت بە کۆمەڵە یاسایەکى تایبەتەوە کە رێ نادات سنورى راگەیاندن ببەزێنرێت . بەڵام بەداخەوە نە کەناڵە ئاسمانیەکانى ئێمە و نە هەندێ لە گۆڤار و رۆژنامەکانمان لەو پلەیەدان کە تێبگەن لەوەى چى دەکەن و چ کارەساتێک دەخولقێنن ، نە گوێ بە یاساکانى راگەیاندن دەدەن و نە حسابێکیش بۆ دەرون و بارى دەرونى مرۆڤەکان دەکەن ، چونکە ئەوان ئەوە بەلایانەوە گرنگە کە زۆرترین کەس رۆژنامەکە ببینن و زۆرترین کەس سەیرى بەرنامەکان بکەن ، ئیدى پاشان چى دەقەومێت جار بە جەهەننەم .
بڵاوکردنەوەى ئەو هەمو هەواڵە دڵتەزێنە لە رۆژنامەکاندا ، بڵاوکردنەوەى وێنەى کوشتن و سەربرین لەلایەن تەلەفزیۆن و رۆژنامەکانەوە وەک بڵاوکردنەوەى وێنەکانى (حەمەخانى حاجى دارا)، پیشاندانى بەرنامەى دەرهێنانى جنۆکەو زەرگ لەخۆدانى دەروێشان و خورافاتى ئایینى وەک ئەوەى ئێستا لە کوردستان تى ڤى دەبینرێت ، گێرانەوە و تەمسیل کردنى تاوان لەلایەن کەس و کارى قوربانى و کەسانى لیپرسراوى تاوانەوە وەک ئەوەى تەلەفزیۆنى یەکگرتوو ، باسکردنى تاوانى زۆر قێزەون و پیشاندانى وردەکاریەکانى وەک ئەوەى کوردستان تى ڤى کە دەربارەى شێخ زانا ئەنجام درا و پیشاندانى لێدان و تەعزیبى نێو (گەردەلولى کوردسات) .
بەداخەوە دەڵێم ئەوانەى لە راگەیاندنەکاندا بە ئەنقەست ئەو کارانە دەکەن بێ بەشن لە رۆشنبیرى گشتى و هیچ لەبارەى مرۆڤەوە نازانن ، ئەوان دەبێت بەجۆرێک یان دادگایى بکرێن لەسەر تاوانى پیشاندانى تاوان یان ئەگەر لەروى نەزانیەوەیە دەبێت وەک منداڵ فێربکرێن و پێیان بوترێت کە ئەوەى ئەوان دەیکەن زۆر خەتەرناکە بەرامبەر نەوەیەک لەم میللەتە کە هێشتا برینى زۆرە . رێزو خۆشەویستیم هەیە بۆ هەمویان بەڵام ئەوکارانە هیچ بە پێگەیشتنى نەتەوەیەکى داماوى وەک نەتەوەى کورد زیاد ناکات .
بەهەمو جۆرێک لەروى دەرونزانیەوە بەهەڵە و ترسناک لە قەڵەم دراوە کە منداڵ یان تەنانەت کەسانى پێگەیشتو سەیرى ئەو جۆرە بەرنامەو وێنە ترسناکانە بکەن کە ئەمرۆ لە میدیاکاندا بێ حسابکردنى شعورى خەڵکى بڵاودەکرێنەوە. مێشک و دەرونى منداڵ ، مێشک و دەرونى پیاوو ئافرەتى پێگەشیتوو زیانبار دەبێت بە سەیرکردنى ئەو وێنەو فیلمانەى کە کوشتن و بابەتى ترسناکى تێدایە . ئایا کێ بەرپرسیارە لەو (فۆبیا)و ترس و تۆقینانە ، کێ بەرپرسیارە لەو هەمو نەخۆشیەى بەو هۆیەوە دروست دەبێت ؟ دایک یان باوک ؟ حکومەتى بێ سەرپەرشت یان میدیاکانمان ؟ پێویستە وەزارەتى تەندروستى بەخۆیدا بچێتەوە بۆ بەئاگابون لەو بابەتە گرنگە ، خۆ خۆیان باش بەرزبونەوەى رێژەى نەخۆشیە دەرونیەکان دەزانن لە کوردستاندا لەم چەند ساڵەى رابردودا .
دەمەوێت بە میدیاکان بلێم تاوانە پێشاندانى تاوان ، هەرچى زیاتر تاوان پیشان بدرێت زیاتر رێگە بۆ تاوان خۆشدەکرێت ، هەرچى زیاتر خوێن رشتن باسى بکرێت و لە تەلەفزیۆنەکانەوە بلاوبکرێتەوە زیاتر ئەم کارە لاى خەڵکى ئاسایى دەبێتەوە کوشتن وەک ئاو خواردنەوەى لێدێت . هەرچى زیاتر ترس و تۆقین بخەنە سەر شاشەکان و لاپەرەکان ، ئەوەندە زیاتر مرۆڤێکى هەست مردوى بێ شعور و نەخۆش و ترسنۆک بەرهەم دێت ، مرۆڤێک یان نەوەیەک کە لە بەسەرهاتى ناخۆش و قێزەون زیاتر هیچى پێنیە بۆ نەوەکەى دواى خۆى . ئێمە پێویستمانە گوێمان لە بەسەرهاتى خۆش بێت ، ئایا ژیان بەسەرهاتى خۆشى پێ نیە بۆ ئێمە ؟ ئایا لە ژیانى باوانى ئێمەدا و ئێستاش هیچى خۆش رونادات ؟ دەمەوێت بپرسم بۆچى راگەیاندنەکان و هەواڵەکان هەمیشە بەدواى شەڕو ئاژاوەدا دەگەرێن کە بیگەیەننە هاوڵاتیان ؟ دەپرسم ئایا خەڵکى ئێمە هێندە تینوى خوێنن کە بەبیستنى هەواڵى تەقینەوەو کوشت و بڕ دڵخۆش دەبن ؟ ئەگەر نا ئەوا بۆچى هێندە خەڵکى بریندار دەکەن و سیفەتى ئاژەڵى و خوێن رێژى لە ئێمەدا دروست دەکەن ؟
بۆچى میدیاکان ناگەرێن بەشوێن هەواڵى دڵفرێندا ، هەواڵێک کە ئومێد لە دڵى خەڵکیدا بروێنێت ، هەواڵێک ، بەرنامەیەک ، باسێک کە وامان لێبکات یەکترمان خۆشبوێت و رێز لەیەکتر بگرین و ئاسودەبین . بۆچى باسى کردنەوەى دوکانى گوڵفرۆشتن و چاندنى سەوزایى ناکەن ؟ بۆچى باسى سودەکانى خۆشەویستى و راستى و درۆنەکردن ناکەن ؟ بۆچى ژیانى پر جۆش و خرۆشى مندالێک تەسویر ناکەن لەبرى قسەى پیاوکوژێک یان وێنەى مردنێک ؟ بۆچى وەکو بۆق هەمیشە حەزمان بە گۆماوو قوڕاوە ؟ بۆچى ساتێک نابنە هەنگ و شیلەى گوڵەکان نادەنە خەڵک ؟ خەڵکى پێویستى بە قیرەقیر نیە ، پێویستى بەشیلەى گوڵە .
رژێمى بەعس زۆرى کرد بۆ لەناوبردنى ئەو ئاسودەیى و پاکیەى هەمانبوو ، کاتێک ئەو رۆشت ئێمە درێژەمان بەکارەکەى ئەودا لەرێگەى میدیاکانەوە . ئەمرۆ ئێمەى رەق مرۆڤى دەستى میدیاکانى پاش و پێش راپەرینین . هەربۆیە ئەگەر ئەم کارەى میدیاکان رانەوەستێت و پزیشکە دەرونناسەکان و راگەیاندن و بەرپرسان کارێک نەکەن لەم بارەیەوە ئەوا دڵنیابن نەوەیەکى نەخۆش و هەست مردوو دەبنە نەوەى داهاتو ، منیش لێرەوە سەرەخۆشى خۆم بۆ ئەو نەوەیە رادەگەیەنم .

لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده‌ و فێركردن

بۆچوونەکان


« ترس و درۆ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دیارده‌ی ژن کوشتن : به‌رهه‌می توندوتیژییه‌کی به‌رکه‌ماڵه‌ له‌کوردستاندا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional