حوزه‌یران 7, 2008
توێژه‌ری ده‌روونی
ته‌لار که‌مال مه‌دحه‌ت
مامۆستای سایکۆلۆژیا / په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌کان
سلێمانی
هێنده‌ی تێبینیم کردبێت هه‌موو پۆلێک له مامۆستاوه ده‌ستپێده‌کات ، خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه مامۆستاش نه‌بین ئه‌وا هه‌رچۆنێک بێت به‌شداری چاودێری منداڵمان کردووه له‌ژیانماندا . کاتێک باس له جینه‌کانی ژیری ده‌کرێت ڕاسته‌وخۆ بیر له‌و سه‌رئه‌نجامه ده‌که‌مه‌وه که ئایا وانه ووتنه‌وه و خوێندن و فێرکردن ده‌بێت چۆن بێت ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتن له‌فێرخوازاندا دروست نه‌کات . پاشان بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر مناڵێکت هه‌بوو ده‌بێت تاچه‌ند ئه‌گه‌ری فێربوونی ئه‌و بابه‌تانه‌ی هه‌بێت که‌بۆی دانراوه ، واته ده‌بێت ئاستی ژیری مناڵه‌که چه‌ند بێت تاکو بتوانرێت به‌پێی توانای ژیری خۆی مامه‌ڵه‌ی بکرێت ، پاشان ده‌توانرێت بڕیار له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی مناڵه‌که بده‌یت که تاچه‌ند له‌ژیانیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت ، واته به‌پێی دیاریکردنی ئاستی ئه‌و ژیریه‌ی که‌بۆی دیاریبکه‌یت ئاستی گوزه‌رانیشی دیاری بکرێت ، بۆ نموونه : ئه‌و مناڵانه‌ی که‌له‌دایک ده‌بن و ڕێژه‌ی ژیریان که‌مه ئایا ده‌توانرێت ڕاسته‌وخۆ بڕیاری ئه‌وه بدرێت که له‌ئایینده‌دا ناتوانن ببنه پزیشک یان کادرێکی زانستی ؟ ئایا ده‌بێت ئه‌و مناڵانه ته‌نها سنووردار بکرێن به‌و کارانه‌ی که‌ژیری که‌می ده‌وێت ، هه‌روه‌ها ئاستی گوزه‌رانیشیان نزم بێت ؟ به‌پێی هه‌مان بۆچوون که‌واته ده‌بێت ئه‌و مناڵانه بخرێنه ناو لیستی ئه‌وانه‌ی که‌یارمه‌تی زیاتریان پێویسته له‌قوتابخانه‌دا . بێگومان ئه‌مانه بۆچوونی ئه‌وانه‌ن که‌باس له‌کاریگه‌ری جینه‌کان ده‌که‌ن له‌سه‌ر ژیری ئه‌مه بابه‌تێکی کۆنه ( واته لایه‌نی دیاریکردنی ئاستی ژیری تاکێک ) سروشتیه ، ڕاهێنراوه ، قه‌زاوقه‌ده‌ره ، سه‌ربه‌ستانه گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت .
له‌م باسه‌مدا دمه‌وێت ئه‌و بیرۆکه‌یه‌تان بۆ ڕوون بکه‌مه‌وه که‌په‌یوه‌ندی جینات به شته مجه‌ره‌ده‌کانه‌وه وه‌ک ژیری ئه‌و په‌یوه‌ندیه نیه که‌هه‌یه‌تی به‌و شتانه‌ی که‌ده‌توانرێت پێوانه بکرێت ، بۆنموونه وه‌ک : به‌رزی باڵا و کێشی له‌ش . چونکه په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر به‌هێز و کاریگه‌رانه هه‌یه له‌نێوان جینه‌کان بۆ به‌رزی باڵا و کێشی له‌ش و … هتد .
بێگومان ژیری له‌په‌یوه‌ندیدا به‌بۆماوه و جینه‌کانه‌وه وه‌ک په‌یوه‌ندی سیفاتی باڵا نیه ، هه‌روه‌ها له‌سیفه‌ته‌کانی تریشدا . له‌به‌رئه‌وه له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌مه‌وێت تیشک بخه‌مه سه‌ر ئه‌و بیروبۆچوونه رادیکالیانه‌ی که‌ژیری به‌ته‌واوی ده‌خاته ژێر کاریگه‌ری جینه‌کانه‌وه ، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وه‌ش ڕوون بکه‌مه‌وه که‌بۆچی ئه‌وانه له‌ڕاستیدا زۆر واقیعی نین . بۆ ده‌ستپێکردنی پێوانه‌ی ژیری پێویسته ئه‌وه بزانین که ئه‌و ڕێگایانه‌ی به‌کارده‌هێنرێت گه‌لێک جیاوازی له‌نێوانیاندا هه‌یه . زۆربه‌مان بۆ پێوانه‌کردنی ژیری گه‌لێک هۆکاری جیاواز به‌کار ده‌هێنین ، به‌ڵام له‌ڕووی زانستیه‌وه پێوانه‌ی ژیری سنوورداره چونکه زانستیانه واته ده‌بێت سه‌لمێندراو بێت و ئاماری هه‌بێت واته به‌ژماره ئه‌نجامه‌کان پیشان بدرێت . ئێستاکه نوێترین تاقیکردنه‌وه داهێنراوه بۆ پێوانه‌ی ژیری که‌به‌کار ده‌هێنرێت بۆ زانینی ژیری سه‌ره‌تایی یان ( به‌یسک ئینته‌لیجینت ) . له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بزانم تاچه‌ند جینه‌کان کاریان ده‌بێت به‌سه‌ر ژیریه‌وه ، جیاواز له‌وه‌ی که‌ئێمه ئاره‌زوو ده‌که‌ین بڕوای پێبکه‌ین . ئه‌م گفتوگۆیه وابه‌سته‌یه به‌ناوه‌رۆکی ئه‌و په‌ڕتوکه‌وه که‌نواسراوه له‌لایه‌ن هه‌ردوو نووسه‌ر ( میورای له‌گه‌ڵ هێرنستین ) له‌ژێر ناوی (The Bell Curve ) واته ( المنحنی الجرسي ) که‌باس له‌زیره‌کی و پێکهاته‌ی جینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریکی ده‌کات ساڵی 1994 . بێگومان ده‌رچوونی ئه‌م کتێبه بووه هۆی د‌روستکردنی گه‌لێک گفتوگۆ و نووسینی گه‌لێک بابه‌تی به‌پێز و بێ نموونه ، ئه‌گه‌رچی له‌دژی بووبێت یان پاڵپشتیان کردبێت . که‌واته لێره‌دا پێویسته بزانین ژیری واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟
ژیری ( زیره‌کی ) چیه ؟
زیره‌کی تاکو سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ( 19 ) یه‌کێک بووه له‌و چه‌مکه فه‌لسه‌فیانه‌ی که‌لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی وردی بۆ نه‌ده‌کرا تاکو له‌لایه‌ن زانایان ( فرانس جالتون و جیمس کاتل ) لێکۆڵینه‌وه‌ی وردیان له‌باره‌وه کرد . زانایان کۆمه‌ڵێک پێناسه‌یان بۆ زیره‌کی کردووه ، واته ته‌نها یه‌ک پێناسه نیه که زانایان له‌سه‌ری کۆک بن ، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی سه‌رده‌م و جۆری ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی هه‌ریه‌ک له‌زانایان له‌سه‌ر زیره‌کی ئه‌نجامیانداوه ، به‌ڵام لێره‌دا هه‌ندێک له‌و پێناسانه ده‌خه‌مه ڕوو تاکو خوێنه‌ر زیاتر ئاشنا بێت به زاراوه‌ی زیره‌کی ، بۆ نموونه :
● زانا کلفن ده‌ڵێت ، زیرکی توانای فێربوونه .
● بوونی توانای چاره‌سه‌رکردنی کێشه به‌شێوه‌یه‌کی پراکتیکی .
● بوونی توانای زانستی و وێژه‌یی و ئاخاوتن .
● بوونی توانای د‌روستکردنی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان .
● بوونی توانای فێربوون و تێگه‌یشتن .
● تێگه‌یشتن له‌خودی که‌سایه‌تی خۆی ( تفهم الذات ) .
● سه‌لماندنی خود ( تاکید الذات ) .
● ستانفورد بینیه ده‌ڵێت : زیره‌کی توانایه بۆ بڕیاردانی ئاڕاسته‌یه‌کی دیاریکراو و به‌رده‌وامبوون تێیدا و هه‌روه‌ها توانای گونجاندن و ڕه‌خنه‌ی خودی .
● زانایان ( پیاجیه و ستانله‌ر و هاوڕێکانی ) به‌مجۆره پێناسه‌ی زیره‌کی ده‌که‌ن و ده‌ڵێن : بریتیه له‌توانا عه‌قڵیه‌کانی تاک که‌یارمه‌تیده‌ره بۆ فێربوون و بیرکه‌وتنه‌وه‌ی زانیاریه‌کان و به‌کارهێنانی به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو بۆ کێشه و فێربوونی ئاخاوتن و بڕیاردانی ورد و دۆزینه‌وه‌ی جیاوازی و له‌یه‌کچوون له‌نێوان بابه‌ته شاره‌زاییه هه‌ستی و فکریه‌کان .
● بریتیه له‌توانا عه‌قڵیه‌کان له‌پێناو به‌دیهێنانی گونجاندنی تاکی و کۆمه‌ڵایه‌تی و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر .
● ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی ئیجرائی پێناسه‌ی بکه‌ین ئه‌وا زیره‌کی بریتیه له‌و پله‌یه‌ی تاک به‌ده‌ستی ده‌هێنێت له‌ڕێگه‌ی تاقیکردنه‌وه‌کانه‌وه .
له‌م پێناسانه‌وه بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه که‌چه‌نده‌ها پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ زیره‌کی له‌لایه‌ن زانایانی سایکۆلۆژیاوه کراوه . لێره‌دا پرسیارێک دێته پێشه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه : ئایا ئه‌م فاکته‌رانه ده‌توانرێت پێوانه بکرێن ؟
ئه‌مه باسێکی کۆنه له‌سه‌ر بابه‌تی داهێنان و تواناکانی پراکتیکی و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شیکردنه‌وه ته‌قلیدیه‌ن که بۆ ژیری کراوه .
سه‌رئه‌نجام : تائه‌مڕۆکه زۆر بابه‌تی نوێ هه‌ن له‌سه‌ر ژیری و ڕێژه‌ی ژیری ( IQ ) و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت و جینه‌کان ، ئه‌مه جگه له لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر تواناکانی بنه‌مای جینه‌کان . له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بابه‌تی سایکۆلۆژی ناتوانێت چاوپۆشی بکات له هه‌مه‌چه‌شنه‌یی تواناکانی مرۆڤ و لایه‌نه‌کانی تری ده‌روونیی له‌ڕووی لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچووندا . سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش بابه‌تی جینه‌کان و هه‌ڵسوکه‌وت ده‌مێنێته‌وه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وه‌ک خۆبه‌خش له‌ئیمپراتۆریه‌تی جیناتدا کارده‌که‌ن . لێره‌دا ده‌توانرێت بوترێت که له‌ڕێگه‌ی تاقیکردنه‌وه‌ی ژیری ( IQ ) :
1- ده‌توانرێت زۆر به‌وردی پێوانه‌ی ژیری گشتی پێبکرێت ، له‌کاتێکدا تێسته ستانده‌ره ئاکادیمیه‌کان له‌توانایاندایه پێوانه‌ی ژیری بکه‌ن تاڕاده‌ی چه‌ند پله‌یه‌ک ، واته لایه‌نی وردی که‌متره وه‌ک ئه‌نجام .
2- تاقیکردنه‌وه‌کانی ( IQ ) ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو جێبه‌جێکرا بۆ پێوانه‌کردنی ڕێژه‌ی ژیری گشتی به‌ده‌ر له‌جیاوازی ڕه‌گه‌ز ، ئایین ، باری کۆمه‌ڵایه‌تی ، باری ئابوری و … هتد ، ئه‌وا ڕێژه‌ی ژیری گشتی بۆماوه‌یی له‌نێوان 40% بۆ 80% ده‌بێت .
3- ڕێژه‌ی ( IQ ) تاڕاده‌یه‌ک نه‌گۆڕه و به‌درێژایی ژیانی ئه‌و تاکه هه‌ر به‌نه‌گۆڕی ده‌مێنێته‌وه .
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا قسه‌وباس زۆر ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌و زانیاریانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی ژیری نزم و ئه‌و هۆکارانه‌ی دروستی ده‌کات . ( میرای ) جه‌خت له‌وه دکاته‌وه که‌ژیری ( IQ ) نزم گه‌وره‌ترین هۆکاره بۆ د‌روستکردنی هه‌ژاری ، هه‌روه‌ها با س له‌وه‌ش ده‌کرێت که نزمی ( IQ ) په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌هۆکاری بۆماوه‌یی هۆزێکه‌وه یان میلله‌تێکه‌وه ، بۆنموونه : ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وریاترن له سپیه‌کان ، هه‌روه‌ها سپیه‌کان وریاترن له ڕه‌شه‌کان .
4- ژیری نزم به‌زۆری له‌وانه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌له‌خوێندندا دواکه‌وتوون یان زۆر ده‌مێننه‌وه . له‌لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا که‌له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زی سپیه‌کان کراوه ده‌رکه‌وتووه ( 20% ) ی خه‌ڵکی چینه نزمه‌کان به‌ڕێژه‌ی ( 55% ) له‌خوێندنی باڵادا ده‌رده‌کرێن .
5- به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌وانه‌ی ژیرییان نزمه گه‌وره‌ترین ڕێژه‌ی بێ‌کاری پێک ده‌هێنن ، ( 10% ) ی به‌شدارانی ئه‌و ڕاپرسیه له‌چینه نزمه‌کانی کۆمه‌ڵ بوون ، ( 20% )یان بێکاربوون بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ . له‌کاتێکدا هیچ ئامارێک تۆمار نه‌کراوه له‌سه‌ر بێ‌کاری له‌و خه‌ڵکانه‌ی ئاستی زیره‌کیان ( 40% ) ی ده‌بێت .
6- ده‌رکه‌وتووه که‌مترین ژماره له ( IQ ) ی نزم ده‌چنه ژیانی هاوسه‌رییه‌وه ، ئافره‌تانی سپی له‌چینه نزمه‌کان ( 5% ) ی ( IQ ) شه‌ش که‌ڕه‌ت زیاتر تووشی ڕوودانی دروستبوونی مناڵی نایاسایی ( غیر شرعی ) ده‌بن ، له‌چاو ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که‌له‌سه‌ره‌وه‌ن به‌ڕێژه‌ی ( 5% ) .
7- ( 62% ) ی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێژه‌ی ( 20% ) ی نزمه‌کانه ده‌خرێنه به‌ندیخانه‌وه ، پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خه‌ڵکی . ( مورای ) ده‌ڵێت هه‌ژاری تاکه هۆ نیه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک تووشی تاوانکردن بێت .
تاچه‌ند ئه‌م زانیاریانه کاریگه‌ریان ده‌بێت بۆسه‌ر بیروباوه‌ڕی گشتی ؟ :
1- میرای له‌گه‌ڵ هیرنستن وایان پێشنیار کرد که خه‌رجکردنی پاره له‌سه‌ر خوێندنگاکان نابێته هۆی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ژیری فێرخوازان . له‌پرۆگرامی ( Head Start ) بۆنموونه وایان ده‌ستنیشانکردووه که‌زۆربه‌ی سوودمه‌ندێتی لایه‌نی ژیری وونبووه یان له‌ناوچووه به‌پله‌ی سێ . هیچ پێشکه‌وتنێک به‌ئاماره‌وه له‌ڕووی ژیریه‌وه دروست نه‌بووه . ئه‌مه زانیاریه‌کی بڕوا پێکراوه به‌پێی به‌رنامه‌ی ( Head Start ) .
2- یاسای به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌کان سیستمی فێرکردنیان دووره له‌فێرخوازی ژیری به‌رزه‌وه ( زیره‌ک ) به‌ڵکو زیاتر بۆ فێرخوازی ژیری نزمه . ئه‌و باجێته‌یه‌ی که ته‌رخانه بۆ کڕینی دیاری فێرخوازی زیره‌ک ، که‌م ده‌کرێته‌وه و به‌کارده‌هێنرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی فێرکردنی فێرخوازه ژیریه نزمه‌کان .
3- کارێکی ئیجابی له‌سیستمی خوێندنی باڵا ( زانکۆ ) دانراوه له‌سه‌ر بنه‌مای چاره‌سه‌رکردنی ئاسته نزمه‌کانی فێرخوازان له‌ڕێگای کۆرساتی چالاک بۆ باشتر کردنی ئاستی زانستیان .
له‌نێوه‌ندی هه‌موو ئه‌و کاریگه‌ریانه‌ی دیکه‌دا میرای بۆی ده‌رکه‌وت که ئه‌م هه‌موو بیروبۆچوونانه و کێشه‌کانیش ویستی ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌کان خۆیانه ، له‌کاتێکدا پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌کانی میرای بوون بۆ خۆشترکردنی ژیانی تاکه‌کان . جێگای سه‌رسوڕمان نیه ئه‌گه‌ر میرای ئه‌وه‌نده‌ی لا په‌سه‌ند بوو بێت که‌پێویسته خوێندنی باڵا بۆ ژیری به‌رز بێت ، بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که جۆری ئیشی به‌رز و گرنگیش بۆ خاوه‌ن ( IQ ) به‌رزه‌کان ده‌بێت ، هه‌رچه‌نده ئێستاش ئه‌مه‌ش کێشه‌ی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانه له‌جیاکردنه‌وه‌ی ئیش بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی ڕێژه‌ی زیره‌کیان نزمه . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که‌ده‌وڵه‌تیش خۆی که‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر به‌ڕه‌خساندنی کار بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌ن زیره‌کی نزمن و هه‌میشه بۆچوونه‌کان واده‌بن که له‌ئاستیان که‌مبکرێته‌وه . ( میرای ) جه‌ختی له‌وه ده‌کرده‌وه که‌پێویسته له‌هه‌ردوو جۆری ژیری نزم و به‌رز خزمه‌ت و کاری خۆیان بکه‌ن له‌ناو کۆمه‌ڵدا به‌پێی ئه‌وه‌نده‌ی پێیان ده‌کرێت له‌کارامه‌یی ئیشکردندا .
پاوڵ نوسینه‌که‌ی خۆی وا کۆتایی پێهێناوه له‌سه‌رچاوه‌ی تۆماس جیفرسۆن بۆ میرای ده‌ڵێت ( پێویست به‌سه‌رسوڕمان ناکات ئه‌گه‌ر میرای بۆرو باوه‌ڕی جیفرسۆنی به‌دڵ بووبێت له‌وه‌دا که‌ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت به‌باشترین یاسا خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ڕێوه به‌رێت . ئه‌وه‌ش ده‌بێت له‌ڕێگای باشترکردنی خه‌ڵک به‌پێدانی بوار بۆ پێشکه‌شکردنی تواناکانیان به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌ر تاکێک ده‌توانێت بیکات ) . واته خه‌ڵک و تواناکانیان پۆلێن نه‌کرێن به‌پێی ئاستی ژیریان ، به‌ڵکو ده‌بێت حساب بۆ کارامه‌یی ئه‌و که‌سه بکرێت له‌کاره‌که‌یدا تا چه‌ند ده‌توانێت خزمه‌ت بکات و ئیشه‌که‌ی باشتر بکات له‌پێناوی خزمه‌تی کۆمه‌ڵدا .
هۆکاری ( g ) :
ئارسه‌ر جینسن کتێبێکی نووسیوه له‌ساڵی 1998 له‌ژێر ناوی ( هۆکاری g ) ، ناوه‌رۆکی ئه‌م کتێبه زۆر پاڵپشتی بیروبۆچوونه‌کانی ( میرای و هیرنستن )ی کردووه . جینسن پاڵپشتی ئه‌و بۆچوونه‌ی کردووه که‌ده‌ڵێت به‌تاقیکردنه‌وه ده‌رکه‌وتووه که‌خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا وریاترن له‌چاو خه‌ڵکی سپی ، هه‌روه‌ها سپیه‌کانیش وریاترن له‌چاو ڕه‌شه‌کاندا . جینسن خۆی جیاده‌کاته‌وه له‌کتێبی ( The Bell Curve ) به‌دوو خاڵ :
1- جینسن ده‌ڵێت په‌یوه‌ندیه‌کی به‌هێز هه‌یه له‌نێوان ڕێژه‌ی زیره‌کی و قه‌باره‌ی مێشک‌دا .
2- جینسن باس له‌وه ده‌کات که‌بیردۆزی ژیری له‌بیرۆکه‌ی ( بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقیا )هاتووه ، واته بیردۆزی گه‌شه‌کردن. جینسن وای بۆ ده‌چێت که ژیان له‌سه‌ره‌تاوه له‌ئه‌فریقیاوه ده‌ستی پێکردووه ، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا به‌شێک له‌و خه‌ڵکانه توانیویانه ده‌ربچن و کۆچ بکه‌ن بۆ باکور و خۆرئاوا ، ئه‌و مرۆڤانه له‌و کۆچکردنه‌یاندا تووشی بارودۆخی گرانی و برسێتی و که‌ش و شاخ و داخ بوون ، به‌ڵام توانیویانه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌ختیه‌دا پارێزگاری له‌ژیانی خۆیان بکه‌ن و به‌رده‌وام بن له‌ژیاندا ، بێگومان ئه‌و کێشانه وای لێکردوون که‌زیاتر مێشکیان به‌کاربهێنن و هه‌وڵ بده‌ن به‌باشترین شێوه خۆیان ڕزگار بکه‌ن له‌ده‌ست ئه‌و ڕێگرانه‌ی که‌تووشیان بووه ، ئه‌م کێبه‌رکێیه له‌گه‌ڵ ژیان و سروشتدا وایکردووه ئاستی زیره‌کی له‌پێشبڕکێدا بێت و ئاستی زیره‌کی به‌رزبێته‌وه .
سه‌باره‌ت به‌بۆچوونی خۆم له‌سه‌ر بیرۆکه‌ی ئه‌م بیردۆزه ، نازانم تاچه‌ند ڕاسته هه‌رچه‌نده بڵاوکراوه‌ته‌وه ، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که بۆچوونه‌کانی جینسن بێ که‌موکوڕیه و هیچ به‌دواداچوونێکی ناوێت . به‌ڵام ڕه‌وتی ئه‌م گفتوگۆیه بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێڵم . هه‌رچه‌نده پێشتریش ده‌ستنیشانی ئه‌وه‌م کردووه پێویسته مامۆستا و دایک و باوکیش ئه‌وه بزانن که‌ده‌وروبه‌ر کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر مناڵ یان فێرخواز به‌شێوه‌یه‌کی گشتی . بۆنموونه له‌پۆلدا زۆر خاڵ هه‌ن که‌ده‌بنه جێی سه‌رنج و پشتیوانی له‌م بۆچوونه ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌ی شایانی باسه ده‌بێت ئه‌وه بزانرێت که‌ناتوانرێت به‌ته‌نها له‌ڕێگه‌ی جیناته‌وه ژیری ده‌ستنیشان بکرێت یان پێشبینی ژیری بکرێت به‌ته‌واوی ( واته ته‌نها به زانینی بۆماوه‌ی ئه‌و تاکه ) ، ئه‌مه ڕاستیه‌که و ته‌نانه‌ت له‌ناوه‌رۆکی په‌ڕتوکه‌که‌ی ( میرای و هیرنستن )یشدا باس له‌وه ده‌کات که ژیری به‌ته‌نها له‌ڕێگای هێڵی جیناته‌کانه‌وه ناگوێزرێته‌وه . ئه‌م باوه‌ڕه زۆرێک له‌زانایان له‌سه‌ری ڕێکه‌وتون و لایان په‌سه‌نده . که‌واته ده‌کرێت بگوترێت ژیری له‌ژێر کاریگه‌ری هۆکاری بۆماوه و ژینگه‌دا ده‌بێت . بۆ زانین ژیری تاکێک به‌ته‌نها ناتوانرێت له‌ڕێگه‌ی بۆماوه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت که ئه‌و تاکه ئاستی ژیری به‌رزه یاخود نزمه ، به‌ڵکو ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه له‌گشت بارودۆخ و لایه‌نه‌کان بکرێت و دواتر له‌ڕێگه‌ی تاقیکردنه‌وه‌کانی زیره‌کی ده‌توانرێت بڕیار بدرێت که ئاستی ژیری تاکێک چه‌نده .
لێره‌دا پرسیارێک دێته پێشه‌وه که‌ڕێژه‌ی زیره‌کی ( IQ ) واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟ له‌وانه‌یه زۆربه‌ی مامۆستایان و دایکان و باوکان ئه‌وه‌یان وتبێت که‌ئه‌م منداڵه یاخود قوتابیه زۆر زیره‌که و ئه‌وی دیکه‌یان ژیری نزمه ، لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشک بخه‌مه سه‌ر واتای ڕێژه‌ی ژیری و ئاسته‌کانی له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا و دواتر له‌وتاری ئایینده‌دا هه‌ندێک له‌تاقیکردنه‌وه‌کانی ژیری که‌له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌کارده‌هێنرێت و به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆرکه‌م له‌کوردستانیشدا به‌کاردێت ده‌خه‌مه‌ڕوو و باس له‌چۆنێتی ئه‌نجامدانی ئه‌م تاقیکردنه‌وانه ده‌که‌م و باس له‌وه ده‌که‌م له‌کوردستان چ تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک به‌کاردێت .
( IQ ) واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت ؟
( IQ ) واتای ڕێژه‌ی زیره‌کی ده‌گه‌ێنێت و یه‌کێکه له‌و ڕێگایانه‌ی که‌به‌کارده‌هێنرێت بۆ پێوانه‌ی توانای تێگه‌یشتن و زیره‌کی تاکێک . ڕێژه‌ی گشتی ( IQ ) له‌نێوان ( سفر – 200 ) پله‌دا ده‌بێت ، هه‌رچه‌نده ( 70% ) خه‌ڵکی ڕێژه‌ی زیره‌کیان له‌نێوان ( 85 – 115 ) دا ده‌بێت ته‌نها ( 2% ) ی خه‌ڵکی پله‌ی زیره‌کیان له‌سه‌روو ( 130 ) پله‌وه ده‌رده‌چێت .
توانای تێگه‌یشتن و فێربوون چیه ؟
توانای تێگه‌یشتن و فێربوون واپێناسه ده‌کرێت تاچه‌ند که‌سێک توانای فێربوونی زانیاری ده‌بێت یاخود تاچه‌ند ده‌توانێت به‌چاکی کێشه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر بکات . ئه‌و که‌سانه‌ی ڕێژه‌ی تێگه‌یشتنیان به‌رزه هه‌میشه ده‌توانن سه‌رکه‌وتووبن له‌زانسته پله به‌رزه‌کاندا ، هه‌روه‌ها له‌بواری جێبه‌جێکردنی به‌ڕێوه‌بردندا و کاره هاوشێوه‌کانی . بێگومان ئه‌وه‌ش ڕاسته که تائاستی زانست و ئه‌زموونه‌کان به‌رزتر بن بواری به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی توانای فێربوونی تاکیش به‌رزتر ده‌بێته‌وه .
ئایا هه‌میشه زیره‌کی پله به‌رز باشه ؟
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ئاستی زیره‌کیان به‌رزه هه‌میشه له‌کۆشش و گه‌ڕاندان له‌کاره‌کانیاندا بۆ باشترکردنی ، هه‌روه‌ها زوو بێزار ده‌بن له‌و کارانه‌ی که‌ته‌نها دووباره‌کردنه‌وه‌یه و سنوری ڕۆتین تێپه‌ڕ ناکات .
ئایا زیره‌کی پله نزم خراپه ؟
نه‌خێر ، زۆر هۆکار هه‌ن یارمه‌تیده‌رن بۆ ئه‌وه‌ی که‌سه‌که بکه‌ن تاکێکی سه‌رکه‌وتوو ، له‌وانه مانه‌وه و به‌رده‌وامی و پێداگرتن له‌کاره‌کانیدا که سه‌رکه‌وتن سه‌رئه‌نجامی ده‌بێت . توانای تاکه که‌سی وه‌ک پله‌وپایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وایه ، هه‌روه‌ها توانای فیزیکی و ڕۆحی زۆر نه‌برختر و گرنگتره له‌هه‌موو هۆکاره‌کانی دی ( IQ ) ته‌نها ڕاستیه‌که که‌تاکێک به‌هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه دروستی ده‌کات .
ئاسته‌کانی ڕێژه‌ی زیره‌کی بریتیه له :
سه‌روو 140 ئه‌وا که‌سێکی بلیمه‌ته ، ( 120 – 130 ) زۆر زیره‌که ، ( 110 – 120 ) سه‌روو ناوه‌ند ، ( 90 – 110 ) ناوه‌ند ، ( 80 – 90 ) خوارناوه‌ند ، ( 70 – 80 ) گێل ، که‌متر له 70 که‌متوانای ژیری ، ( 50 – 70 ) که‌متوانای ژیری پله‌ناوه‌ند ، ( 20 – 25 ) که‌متوانای ژیری پله‌به‌رز .
لێره‌دا له‌وانه‌یه خوێنه‌ر بپرسێت ئایا ئه‌م ڕێژانه چۆن به‌ده‌ست دێت یاخود چۆن دیاری ده‌کرێت . له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم سه‌رجه‌م ئه‌و ڕێژانه له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاقیکردنه‌وه‌ی زیره‌کی ده‌بێت نه‌ک له‌ڕێگه‌ی تاقیکردنه‌وه ئه‌زموونیه‌کانی خوێندنه‌وه .
سه‌رچاوه : گۆڤاری سایکۆلۆژیا ژماره 10 ساڵی 2007
لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده و فێركردن
« ئه‌گه‌ر که‌س نه‌بێت گوێم لێبگرێت ئه‌وا خۆم ده‌سوتێنم ”’ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | لێکۆڵینه‌وه‌ی سایکۆلۆژی و تیۆره‌کانی گه‌شه‌ی ده‌روونی له‌لایه‌ن سێ زانای سایکۆلۆژیه‌وه / به‌شی دووه‌م و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
