فێبرایه‌ر 10, 2008
قوتابخانه و ته‌ندروستی ده‌روونی
نووسینی : د . ڕوشدی جاف
پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر
کۆلیژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی
زانکۆی سلێمانی
هه‌ندێ که‌س واده‌زانن که په‌یوه‌ندی نێوان قوتابخانه و ته‌ندروستی ده‌روونی په‌یوه‌ندیه‌کی به‌زۆر به‌یه‌که‌وه گرێدراوه چونکه ئه‌مانه پێیان وایه قوتابخانه وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌ک ئامانجی بنه‌ڕه‌تی فێرکردن و گه‌شه‌پێدانی زانینی فێرخوازانه و مامۆستاش له‌م دامه‌زراوه‌یه‌دا ڕۆڵی ئاماده‌کار ده‌گێڕێت . به‌ڵام له‌ڕووی زانستی و پراکتیکیه‌وه پێویسته ڕۆڵی قوتابخانه ته‌نها هێنانه‌دی ئه‌م ئامانجانه نه‌بێت به‌ڵکو گه‌شه‌پێدانی قوتابی و ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری ئه‌رێنی له‌که‌سێتی قوتابی و کارکردن بۆ گه‌شه‌کردنی به‌شێوه‌یه‌کی ته‌ندروست ده‌بێت بکه‌ونه خانه‌ی ئه‌رک و گرنگی پێدانه‌کانی قوتابخانه شانبه‌شانی ئه‌رکه‌کانی تری ، هه‌روه‌ها مامۆستای سه‌رکه‌وتووش وێڕای گرنگی پێدان به‌لایه‌نی زانستی و فێرکردن ده‌بێت گرنگی بدات به‌به‌دیهێنانی ته‌ندروستی ده‌روونی قوتابی .
هه‌ندێ جار ده‌روون دروستی به‌ساغ و سه‌لامه‌تی تاک له‌نه‌خۆشیه ده‌روونی و ژیریه جۆراوجۆره‌کان و ده‌رنه‌که‌وتنی دیارده‌کانی تێکچوونی ڕه‌فتار لێک ده‌درێته‌وه ، له‌ڕاستیدا ئه‌مه مانایه‌کی ته‌سک و سنووربه‌ندکراوی ته‌ندروستی ده‌روونیه به‌پێی پێوه‌ری پزیشکی . به‌ڵام ته‌ندروستی ده‌روونی به‌مانا گشتگر و فراوانه‌که‌ی وێڕای ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ڕه‌هه‌ندی تریش له‌خۆده‌گرێت که‌بریتیه له‌ڕاده‌ی سه‌رکه‌وتنی تاک له خۆسازاندنی ناوه‌کیانه‌ی نێوان پاڵنه‌ره جۆراوجۆره‌کانی و خۆسازاندنی ده‌ره‌کیانه له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری جا له‌گه‌ڵ که‌سانی تر بێت یان له‌گه‌ڵ کاروباره‌کانی . به‌م پێودانگه ده‌بینین ئه‌و که‌سانه‌ی خاوه‌نی ده‌روون دروستین ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ی تیاده‌رده‌که‌وێت :
1- هه‌ست به‌ڕه‌زامه‌ندی و ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری ده‌که‌ن به‌رامبه‌ر به‌خودی خۆیان .
2- سۆزه‌کانیان وه‌ک ( ترس و دڵه‌ڕاوکێ و تووڕه‌بوون و کینه‌کێشی و …هتد ) تێکیان ناشکێنێت .
3- سه‌رنه‌که‌وتنه‌کانیان له‌کایه‌کانی ژیاندا نابێته به‌ربه‌ست بۆیان و درێژه‌پێده‌ری کاروانی خۆیان ده‌بن .
4- له‌گه‌ڵ خودی خۆیان و که‌سانی تریشدا لێبوورده و ئاسانکارن .
5- به‌که‌م ناڕواننه توانسته‌کانی خۆیان و زیاد ڕه‌ویش ناکه‌ن له‌ده‌رخستنی تواناکانیاندا .
6- هه‌ڵه و که‌موکورتیه‌کانیان په‌سه‌ند ده‌که‌ن .
7- ڕێز له‌خۆیان ده‌گرن .
8- هه‌ست ده‌که‌ن که‌توانای ڕوبه‌روبوونه‌وه‌ی زۆربه‌ی کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کانی به‌رده‌میان هه‌یه له‌ژیاندا .
9- به‌خۆشییه ساکاره‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌یان خۆشحاڵ ده‌بن .
بۆئه‌وه‌ی بتوانین وا له‌قوتابیانی قوتابخانه‌کانمان بکه‌ین ببنه خاوه‌نی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه ، پێویسته پشت به‌چه‌ند ڕێوشوێنێکی تایبه‌تی به‌ستین که‌پاڵپشتی ده‌روون دروستی ئه‌وان ده‌کات . ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ش بریتین له :
یه‌که‌م : فێرکردنی قوتابیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاڕاسته و نه‌ریتی دروست :
قوتابخانه ئه‌رکێکی گرنگی له‌ئه‌ستۆیه که‌بریتیه له کارکردن بۆ پێکهێنانی ئاڕاسته‌ی له‌بار ، هه‌رکاتێک ئه‌م ئاڕاستانه پێکهات ده‌بنه ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی که‌یاریده‌ی بنیاتنانی که‌سێتی قوتابیان ده‌دات ، گرنگترین ئه‌م ئاڕاستانه:
1- ئاڕاسته به‌ره‌و قوتابخانه : پێویسته قوتابخانه کاربکات بۆئه‌وه‌ی قوتابی پاپه‌ند بێت به‌قوتابخانه‌وه ، چونکه ئه‌م پابه‌ندبوونه یاریده‌ی ئه‌دات که‌باش بگونجێت و ته‌با بێت له‌گه‌ڵ ڕه‌وشی ژیانی ئاسایی و وایلێده‌کات هه‌ست به‌به‌خته‌وه‌ری و ئارامی بکات ، ئه‌مه‌ش ده‌کرێت به‌م ڕێگه‌یانه بێته دی :
● ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی سه‌رپه‌رشیارانی په‌روه‌رده‌ی قوتابی سۆز و میهره‌بانی له‌خۆ بگرێت چونکه ترساندن و هه‌ڕه‌شه لێکردن ده‌بنه هۆی خوڵقانی هه‌ستکردن به‌نائاسایشی ناوه‌کی لای قوتابی . ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین که پێویست به‌سۆز په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌وی هه‌یه به‌پێویستی به‌ئینتیماوه .
● له‌و فاکته‌رانه‌ی تر که‌ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌پێکهێنانی ئاڕاسته‌یه‌کی پۆزه‌تیڤانه بۆ قوتابخانه لای قوتابی بریتیه له‌زۆری یاسا و ڕێساکانی قوتابخانه ، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر قوتابخانه که‌قوتابیان تێبگه‌یه‌نن که‌ئه‌و یاسا و ڕێسایانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی ئه‌وان دانراون .
● گرنگیدان به‌ڕواڵه‌تی گشتی بینای قوتابخانه و ڕێکخستنی یاریگا و شوێنه‌کانی چالاکی ئه‌نجامدان و پۆشاکی مامۆستایان .
2- ئاڕاسته به‌ره‌و کار : پێویسته قوتابخانه هه‌لی وه‌ها ببه‌خشێته قوتابی که پێویستی به‌سه‌رکه‌وتنی تێر بکات ، چونکه قوتابی ئاره‌زووی ده‌رچوون و سه‌رکه‌وتن ده‌کات و به‌هیواوه بۆی ده‌ڕوانێت ، ده‌رچوون وایلێده‌کات باوه‌ڕ به‌خۆی بکات و هه‌ست به‌دڵنیایی بکات و هه‌وڵی باشتر بدات بۆ باشترکردنی ڕه‌فتاره‌کانی . به‌م پێودانگه نابێت قوتابی له‌بوارێکدا دابنرێت که هه‌ستکردن به که‌وتن و سه‌رنه‌که‌وتنی هه‌وڵه‌کانی دووباره و چه‌ند باره ببنه‌وه ، هه‌روه‌ها نابێت قوتابی هان بدرێت بۆ ئاستێک که له‌ده‌سه‌ڵات و توانای ئه‌وه‌وه دووربێت و پێی نه‌گات .
3- ئاڕاسته به‌ره‌و که‌سانی تر : ئه‌رکێکی تری قوتابخانه کارکردنه بۆ پێکهێنانی ئاڕاسته به‌ره‌و هاریکاری و به‌خشنده‌یی و ڕێزگرتن له‌موڵکداری و مافه‌کانی که‌سانی تر و پاراستنیان ، هه‌روه‌ها بۆ خوڵقاندنی هه‌ستکردن به‌ئاسایش له‌نێو گروپ و کۆمه‌ڵدا . قوتابخانه ناتوانێت ئه‌م ئاڕاسته‌یه لای قوتابیان بخوڵقێنێت ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی مامۆستایان و سه‌رپه‌رشتیاران خاڵی بێت له‌سۆز و لێبوورده‌یی ، یاخود مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌سه‌ر بێڕێزی و سووکایه‌تی پێکردن بنیاتنرا بێت . ئه‌رکی قوتابخانه له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌یه کاربکات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو قوتابیه‌ک هه‌ستبکات مامه‌ڵه‌یه‌کی دۆستانه و به‌ویژدانانه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت ، چونکه ئه‌م شێوازه مامه‌ڵه‌یه وا له‌قوتابی ده‌کات که‌بڕوا بهێنێت به‌وه‌ی که‌ئه‌مه ئه‌و شێوازه‌یه که‌ده‌بێت ئه‌میش په‌یڕه‌وی لێبکات له‌مامه‌ڵه‌کردنی که‌سانی تردا .
دووه‌م : پرۆگرامه‌کانی خوێندن :
کۆمه‌ڵێک بنه‌ما و ڕێسا هه‌یه که‌ده‌بێت ڕه‌چاو بکرێت له‌کاتی دانانی پرۆگرامه‌کانی خوێندندا بۆئه‌وه‌ی که‌شێک له‌ده‌روون دروستی بۆ قوتابیان فه‌راهه‌م ببێت ، له‌و بنه‌مایانه :
1- نابێت پرۆگرام پێکهاتبێت له‌چه‌ندین بڕگه‌ی بچوک که‌باس له‌چه‌ندین مادده‌ی خوێندن بکات ، چونکه ئه‌م جۆره پرۆگرامانه ته‌نها گرنگی ئه‌ده‌ن به‌لایه‌نی مه‌عریفی به‌ڵام دوور ده‌که‌وێته‌وه له‌هه‌ڵوێسته‌کانی ژیانی سروشتی .
2- نزیکترین پرۆگرام به‌سایکۆلۆژیه‌تی قوتابی بریتیه له‌پرۆگرامی گفتوگۆکردن چونکه یارمه‌تییان ئه‌دات له ده‌رک پێکردنی هه‌ڵوێسته فێرکاریه‌کان به‌گشتگری ، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شێوازه‌ش ئه‌وه‌یه که‌قوتابی هه‌ست به‌ئاسووده‌یی ده‌کات به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی زانیاریه‌کان ، ئه‌م گۆڕانه‌ش له‌په‌یڕه‌وکردنی سیستم و په‌سه‌ندکردنی ڕێنماییه‌کانی مامۆستا و گوێ بیستنی گفوگۆکان ڕه‌نگ ده‌داته‌وه لای قوتابی .
3- پێویسته پرۆگرامه‌کان سنووربه‌ند نه‌کرێت ته‌نها به‌زانست و زانیاری ناو قوتابخانه ، به‌ڵکو ده‌بێت قوتابی تێکه‌ڵ بکرێت به‌ژینگه‌ی ده‌ره‌وه له‌بوار و چالاکی جۆراوجۆردا .
سێیه‌م : ڕێنمایی دایک و باوکان ( باوان ) :
په‌یوه‌ندی ئاسایی نێوان باوان و ڕۆڵه‌کانیان یارمه‌تی پێکهاتنی که‌سێتی مناڵه‌کانیان ده‌دات و ته‌ندروستی ده‌روونی باشیان پێده‌به‌خشێت . هه‌رچه‌نده باوان سازاو و ته‌با بن و هه‌ڵچوونیان که‌متر بێت هێنده دیارده‌کانی ڕه‌فتاری نه‌خواستراو لای ڕۆڵه‌کانیان که‌متر و که‌متر ده‌بێت ، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر دامه‌زراوه فێرکاریه‌کان له‌ناویشیاندا قوتابخانه کاربکه‌ن بۆ چاککردنی په‌یوه‌ندی باوان به‌ڕۆڵه‌کانیانه‌وه له‌ڕێگه‌ی ڕێنماییکردنیانه‌وه . ڕێنمایی ده‌روونی ئامانجی به‌خشینی شێوازی سه‌رکه‌وتوو و کارایه به‌دایک و باوکان له‌په‌روه‌رده‌کردن و گه‌شه‌پێدانی ڕۆڵه‌کانیان به‌شێوه‌یه‌کی دروست .
چواره‌م : ته‌ندروستی ده‌روونی مامۆستایان :
مامۆستا ڕۆڵی کاریگه‌ر و سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت له‌پرۆسه‌ی فێرکردن‌دا ، زیاتر له‌هه‌موو که‌سێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قوتابیدا ده‌کات . بۆیه پێویسته مامۆستا کاربکات له‌سه‌ر ڕێنماییکردنی قوتابی بۆئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌نی ته‌ندروستیه‌کی ده‌روونی باش . خودی مامۆستا خۆیشی ده‌بێت پێشه‌نگێکی دروست بێت بۆ قوتابی ، چونکه ئه‌گه‌ر مامۆستا خۆی خاوه‌نی چه‌ند خه‌سڵه‌تێکی نه‌رێنی بێت وه‌ک ( په‌شێوی ، ده‌مارگیری ، حوکمدانی به‌په‌له ، که‌متوانایی له‌به‌رگه‌گرتنی فشاره‌کاندا ، به‌ته‌سکی ڕوانین له‌شته‌کان ، نیشاندانی ئه‌وه بۆ قوتابی که ئه‌م هه‌ڵگری خه‌مه‌کانی دنیا و ئه‌رک و فه‌رمانه‌کانیه‌تی ) ، بێگومان تێکڕا ئه‌م خه‌سڵه‌تانه له‌قوتابیدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه .
پێنجه‌م : کۆمه‌ڵگه‌لی قوتابیان :
گومانی تیانیه که‌قوتابیان به‌رده‌وام ئاره‌زووی به‌یه‌کگه‌یشتنی یه‌کتر و کۆمه‌ڵ به‌ستن ده‌که‌ن جا بۆ مه‌به‌ستی قسه‌کردن بێت له‌سه‌ر خوێندن یان یان بۆ کاروباری تایبه‌تی و گوزه‌راندنی کاتی خۆش . لێره‌وه گرنگی ئه‌م کۆمه‌ڵ به‌ستنه نافه‌رمییانه سه‌رهه‌ڵئه‌دات بۆ ده‌ستبه‌رکردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیاندا ، بۆیه هه‌میشه ده‌بینرێت که‌قوتابیان له‌ناو قوتابخانه‌دا ئاره‌زووی جێگا و شوێنی له‌بار و شیاو ده‌که‌ن بۆ به‌سه‌ربردنی کاته‌کانی خۆیان و قسه‌کردن له‌سه‌ر خوێندن و کاروباری خۆیان و بیروڕا گۆڕینه‌وه . بێگومان به‌جێهێنانی ئه‌م خواسته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی دروست ده‌کات لای قوتابیان ، به‌مه‌ش په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و هاوڕێیه‌تی زیاتر بناغه داده‌نێت و گه‌شه ده‌کات .
ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده و فێركردن
« خۆشه‌ویستی ئه‌ندریایی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پرسیار و وه‌ڵام »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
