دیسهمبهر 13, 2007
![]()
زانکۆ وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی، ئەوەندەی لەڕووی زانستی و ئەکادیمی و کولتوری و کۆمەڵایەتییەوە، نەوەکان بۆ بوارەکانی ئایندەی کۆمەڵگە پەروەردە دەکات و کادری شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی، بەرهەم دەهێنێت. کاری ئەو دەزگایە ئەوەندە بەرهەم هێنانی مەعریفەو گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەو دروستکردنی هەڵوێستی نیشتمانی نییە و نەبۆتە کارخانەیەک بۆ دروستکردنی فەیلەسوف و سیاستمەدارو تێکۆشەری چاکسازی وداهێنەران. چەند ئەزموونێکی کەمی چەند وڵاتێکی لێدەرچێت، تۆوی ئەوانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا لەدەرەوەی زانکۆکاندا شین بووەو گەشەی کردووە. زۆرێک لەو بلیمەتانەی بەداهێنانەکانیان ئامرازی سەرەتایی ژیانی مرۆڤیان بەتەکنۆلۆژیاو دیجیتاڵ کرد. بەشێکی گەورە لەو شۆڕشگێڕانەی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەکانیان بەیەکجاری گۆڕی. ڕێژەیەکی بەرچاو لەو زانایانەی بەهۆی تێفکرین و تیۆرو لێکدانەوەکانیانەوە هزری مرۆڤایەتیان ڕۆشن کردەوەو چارەسەریان بۆ کێشەو گرفتەکان دۆزییەوە، ئەوانەش بەشاکارە ئەدەبی وهونەرییەکانیان رێزو بەهای مرۆڤیان باڵا پێکردو بردیانە سەرەوە، یان وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ بەتایبەتی لەهەردوو بواری لەئەدەب و ئاشتیدا: زۆرێک لەوانە لەزانکۆوە دووربوون و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا نەبووە یان پلەی خوێندەوارییان لەخوار خوێندنی زانکۆییەوە بووە. لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا واقیعی زانکۆ لەڕابردوودا ئاوا بووەو ئێستاش هەروایە. ئەوە چ بێ ئاگایی یان خۆگێل کردن یان نەزانینی هەندێ کەسە کە ئەرکی ڕاستەقینەی زانکۆ بەتەنها دەیبەستنەوە بەپڕۆژەی مەعریفی و بەرهەم هێنانی فەیلەسوفەوە و پێیان وایە زانکۆیەک زانکۆ نییە ئەگەر خوێندکارو مامۆستاکانی هەر لەهۆڵ وتاقیگەکاندا بن ونەبنە شۆڕشگێڕ فیشەک نەتەقێنن وسیستمی حوکمڕانی نەگۆڕن. گەرچی زانکۆی ئێمە لەسەردەمێکی دیاریکراوی مێژووییدا ڕۆڵی نیشتمانی و هەڵوێستی کوردانەی خۆی گێڕاوە، ئەمەیان نکولی لێ ناکرێت. بەڵام بۆ سەردەمی ئەمڕۆ ئەرکی زانکۆ جودایە وشتێکی دیکەیە. ئەوانەی کە هەر بەبڕیاری خۆیان و لەدیگای خۆیانەوە، تاکە هەڵکەوتووی بیرمەندو داهێنەرن و، دوور لە زانکۆ پێگەشتوون و زانکۆکان بە کەمتەخەم و شکست خواردوو دادەنێن و بەدیوێکی شاراوەدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەناویاندا نەتوانراوە زاناو داهێنەری وەکو ئەوان بەرهەم بهێنرێت و لەهەموو بۆنەو نا بۆنەیەکدا بەتوندی و دڵڕەقانە و بێ ئاگا لەچالاکی زانکۆ و لە شکۆی ئەو دامەزراوە زانستییە کەم دەکەنەوەو سووکی دەکەن. ئەمە دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوەو دڵی چەندین نەوەی لێ ڕەش دەکات. ئەگەر ڕەخنەکان لەپڕۆگرام و سیستم و هەڵسوڕێنەرانی ئەو دامەزراوە بگیرێن و چارەسەریش بۆ هەڵەو کەموکورتییەکان بخرێنەڕوو، ئەمەیان ڕەوایەو خزمەت بەزانست و مەعریفەو خوێندکارو مامۆستایانیش دەگەیەنێت. کە ئەمەیان بەدی ناکرێت، ئەو ناوزراندن وبە کەم زانینەی زانکۆ بۆچی؟، ئەو خۆ بەبیرمەند زانینەی هەندێ کەس ئەو کاتە ڕاستە کە وەک گەلانی تر ئێمەش لەدەرەوەی زانکۆ، نوبڵ وەرگرێکمان هەبێت ئەوسا حەقە لەوەی ئێستا توندتر سەرزەنشتی زانکۆ بکرێت. ئەو دەمەی زانکۆی ئێمەش لەڕووی بڕیارەوە سەربەخۆ بێت، لە کەرەسەو ئامرازی پێشکەوتوودا، لە بیناو تاقیگەو وپێداویستییەکانیدا کەموکورتی نەبێت، لە ژمارەی کادری پلە بەرزی زانستیدا بێ گرفت و ئەو کادرانەش بە ئیشی خۆیان هەڵبستن کە وانەووتنەوەیە بەخوێندکاری بکالوریۆس نەک لەبەر پۆست وجیاوک فەرامۆشیان بکەن وهەر بەتەنها چاوببڕنە خوێندنی باڵاو زۆرترین دەستکەوتی دارایی. ئەو دەمەی توێژینەوەی خوێندکارو مامۆستایان بەپراکتیک کراو کاری پێکرا و دڵنیا بووین لەوەی کە بێ فەڕن، حەقە بڵێین: بۆ وەک هەندێ زانکۆی بەناوبانگی جیهان کە ژمارەیان لە دوانزە زانکۆ کەمترە، ئێوەش داهێنەرو ئەفراندنتان نییە. بۆچی لەشکۆو کەرامەتی زیاتر لەحەوت سەد مامۆستا و پانزەهەزار خوێندکار بدرێت؟ بۆچی لەدەستکەوتنی پێگەیاندنی هەزاران کادری زانستی بوارە جۆراوجۆرەکاندا چاو بنوقێنرێت وبەهیچ بزانرێت؟ با ڕەخنەیەک بگرین کە ماکی بەرەو پێشخستنی زانکۆی لەخۆگرتبێت نەک ڕەخنە نەگرین وبەچەقبەستووی ڕازی بین.
لەهاوپۆلی: پهروهرده و فێركردن
« ژیان لهوێوه دهست پێدهکات | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دیمانهیهک لهگهڵ د . کهریم شهریف قهرهچهتانی .. بهشی سێیهم »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
