نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

قوتابخانه‌ و مامۆستا و ده‌رووندروستی

ئازار 10, 2010

قوتابخانە و مامۆستا و ده‌رووندروستی
توێژه‌ری ده‌روونی
ته‌لار که‌مال مه‌دحه‌ت

رۆڵی قوتابخانە تەنها لەفێركردندا خۆی نابینێتەوە، بەڵكوگوزەردەكات بەرەو پەرورەدەو رۆشنبیریش، بێگومان فێركردنی زانیاری یەكێكە لەڕۆڵە بنچینەییەكان، گەرچی لەم ساڵانەی دوایدا رۆڵی قوتابخانە بریتیبووە لەفێركردن لەچوارچێوەی ژوورە داخراوەكانی بینایی قوتابخانەكاندا، كەهەمووكاتەكانی منداڵی داگیركردوە .بەجۆرێك هیچ روبەرێكی كات‌و سەردەم بۆ قوتابیەكان نەمابووە، لەبەرنامەی دیاریكراوی خوێندن زیاتر نەبێت، هەروەها زۆری ژمارەی خوێندكاران بووەهۆی لابردنی ژووری مۆسیقاو وێنەو ئیشی دەست‌و شانۆ‌و تەنانەت وەرزەش، وانەكانی تر جێگایان گرتنەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا قوتابخانە هەر رۆڵی رۆشنبیری خۆی هەبوە، بەڵام بەشێوەیەكی سلبی، پرۆسەی جیابوونەوەی منداڵ لەدایك‌و خێزان، گەورەترین رەنگدانەوەی لەسەرگەشەكردنی كۆمەڵایەتی بوون‌و كاردانەوەكانی كەسێتی منداڵ دەبێت، لەبەرئەوە هەستكردنی بە دڵنیایی لەقوتابخانەدا زۆر گرنگە، بۆیە ئەو منداڵەی لە خێزانێكەوە دێت، كەخۆشەویستی‌و باوەری تێدایە زیاتر توانای وەرگرتنی ئەم بارودۆخە نوێیە دەكەن، ئەمە لەلایەكەوە لەلایەكی تریشەوە هۆكاری خێزانی لەسەرئاستی وەرگرتندا، بۆیە ئەو منداڵانەی توشی دڵەڕاوكێ‌ بووە‌و بەكێشەكانی خۆیەوە خەریكە، منداڵەكە هۆشی لای ئەمانەیە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی تواناكانی‌و بەوردی ناتوانێت بۆ وانەكانی هەوڵبدات‌و سەركەوتونابێت‌و توشی دڵەڕاوكێ‌‌و گرژی زیاتری دەكات، كەواتە لێرەوەبۆمان دەردەكەوێت كەپەیوەندی نێوان قوتابخانەو تەندروستی دەرونیەوە چەند بەهێزە، لێرەدا ئەوبابەتانە باسدەكەین، كەڕۆڵی قوتابخانە لەتەندروستی دەرونی منداڵدا روندەكاتەوە :

1- بینای قوتابخانە :
بینای قوتابخانە كاریگەرییەكی زۆری لەسەرتەندروستی دەرونی منداڵ هەیە، لەبەرئەوە لەدروستكردنی قوتابخانەدا، هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو‌و دروستكردنێكی جوان، یاریگای باش، ژوری خوێندنی تەندروست لەروی هەواگۆرگێ‌‌و روناكی‌و شوێنی كورسی‌و مێزەكانی قوتبیان لەسەری دادەنیشن، جگەلەراگرتنی پاك‌و خاوێنی‌و هەبوونی باخچە بەگشتی، هەمووئەمانە ئاسودەیی بەمنداڵ دەبەخشێت.
2- رێكخستن و یاسالەناو قوتابخانەدا :
لەپێناو پاپەندبوونی منداڵ بەیاساوە، دەبێت لەژیانیاندا هەست بەگرنگیەكەی بكات، بۆئەوەی لەسەری رابێت لەڕێگای دروستكردنی خشتەیەكەوە، یاخود بەدووبارەبوونەوەیەكی ڕۆژانە بەڕێكوپێكی بۆیان، چەسپاندن‌و پێكهێنانی یاسا، پێویستی بەپرۆسەی روون‌و ئاسان‌و ڕاست‌و یەكسان هەیە، وێرای ئاماژەكردن بۆ هۆكار‌و ئەنجامەكان، دەبێت هەمووئەمانە بەشێوازێكی نەرم‌و نیان‌و بەدڵنیاییەوە كەسوربێت لەسەر ئەنجام گەیاندن پێكبێت، چونكە بەناچاركردن‌و توندو تیژی خزمەتی یاسا، بۆمنداڵ پێچەوانەدەكاتەوە‌و منداڵێكی مل كەچ‌و شەرخوازی لێدەردەچێت .
پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان لەناو قوتابخانەدا
پەیوەندی مرۆڤ دۆستی لەقوتابخانەكاندا تاچەند لەسەرەوە بۆ خوارەوە پڕبێت لەنەرمی و بەخشندەیی، ئەوەندەش كاریگەریەكانی كۆمەڵگەی قوتابخانە دەبێت، هەرلەمامۆستاو بەرێوەبەرو خوێندكارەكان خۆیان لەنێوان یەكتریدا، رەنگدانەوەی ئەمەش لەسەرگەشەو و پێشكەوتن‌و جێگیری كۆمەڵگەی قوتابخانە بەشێوەیەكی گشتی هەیە، بۆیە پێویستەبەرێوبەر بەدیموكراسی مامەڵەبكات‌و راوبۆچونی مامۆستایان وەربگرێت، ئەمەش والەهەموان دەكات، كەهەستن بەلێپرسراوێتی‌و ئینتما بكەن، بەرامبەر قوتابخانەو خۆشەویستی‌و رێزو هاوكاریكردنیان زیاتربێت بۆ كاركردن لەگەڵ یەكتری.
3- تەندروستی دەرونی و پرۆگرام :
پێویستە لەپرۆگرامدا، چەند پرنسپێك رەچاوبكرێت، تەندروستی دەرونی بۆ منداڵ لەقوتابخانەكاندا پێك بێت .
1- پێویستەلەپرۆگرامدا بەژمارەیەكی زۆر وانەكان‌و بەپەرەگرافی كورتكورت دانەنرابێت، چونكە ئەم جۆرە پەرەگرافانە، زیاتر گرنگی بەلایەنی زانابوون دەدات وەك زانیاری سودوەرگرتن لەژیانی ئاساییدا، بەمەش پرۆگرام نابێتە یاریدەدەری چارەسەری هیچ كێشەیەكی واقعی خوێندكار .
2- نزكیترین پرۆگرامی گونجاو بۆ دەرونی منداڵ، پرۆگرامی تەوەرەیی‌و پرۆگرامی چالاكیەكانە .
3- نەرمبوون لەرێبازی وانەوتنەوەو بەكارهێنانی شێوازی نوێ‌‌و چالاكی كاری گروپ.
4- پێویستە پرۆگرام بەتەنیا لەسەر شارەزایی دیوارەكانی قوتابخانە سنوردارنەكرێت، بەڵكو پێویستە لەپرۆگرامدا بابەتی وەهای تێدابێت كە قوتابیاكان ئەو زانیاریانە بەرێتە ژینگەی دەرەوەی قوتابخانەو سوودی لێوەربگرێت بۆ ژیانی رۆژانەی .
5- پێویستە پرۆگرام بابەتی رۆشنبیری تەندروستی دەرونی‌و جەستەیییی تێدابێت .
بەگشتی پێویستە پرۆگرام گونجاو بێت لەگەڵ تواناكانی خوێندكارەكاندا‌و، ئامادەباشی‌و ئارەزوو خولیاكانیاندا بەشێوازێكی ئاسان‌و رەنگا‌و رەنگ‌و تەندروستی دەرونیان ئاسودە‌و دەوڵەمەند بكات.
4- تەندروستی دەرونی مامۆستا
تواناو لێهاتوی مامۆستاو پەیوەندی لەگەڵ قوتابیەكاندا هەمووی رەنگدانەوەی هەیە لەسەر هەڵسوكەوتی قوتابیەكان‌و خۆگونجاندنیان لەناو قوتابخانەو دەرەوەی قوتابخانە، رۆڵی مامۆستا تەنها وانەوتنەوەنییە، بەڵكو دەبێت پەروەردەكار بێت‌و توانای چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابیانی هەبێت، بەشێوەیەكی راست‌و دروست‌و هەلڕەخساندنی بوار بۆ قوتابیان لەپێناو گوزارشت كردن لەخودی خۆیان، لەرێگای چالاكیە جۆراوجۆرەكان وەك یاریكردن، یاخود لایەنی هونەر ..هتد
سیفەتەكانی دەروندروستی مامۆستا بریتیەلە:
 هاوكاریكردن بەچەمكی دیموكراسی .
 سۆزدار بێت‌و چاودێری هەستی كەسانی دەوروبەری بكات .
 كەیف خۆش‌و كراوە نەرم بێت .
 گرنگیدان بەكێشەی قوتابیان .
 لێهاتو بێت لەوانە وتنەوەدا .
 كەسێكی دادوەرو بەسەبر بێت .
 توانای ئەوەی هەبێت، كەچەند رۆڵێك ببینێت بەیەكەوە، چونكە ئەو نمونەی رێنیشاندەر‌و مامۆستا‌و هاوڕێیە‌و شیكردنەوەی فەرهەنگی لایە، سەركردەیە، نمونەی بەرزی كەسی پێگەیشتوە، هەوەها بۆچونەكانی مامۆستا گاریگەری لەسەر سەركەوتنی قوتابی دەكات، لەگەڵ تێگەیشتنی قوتابی لەخودی خۆی، گشت ئەم بۆچونانە بەهەندێك هۆكارەوە پەیوەستن بەكەسێتی مامۆستا گرنگترینیان بریتیەلە:
تەمەنی مامۆستا، تەمەنی زەمەنی مامۆستاو پێگەیشتن‌و كارامەیی هزری‌و كاریگەری لەسەر ئاستی تێگەیشتن‌و هەستپێكردنی مامۆستا بۆ قوتابیەكان هەیە، كەبتوانێت وەك منداڵی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، ئەمەش بێگومان توانای قوتابی بۆ سەركەوتن زیادەكات .
رەگەزی مامۆستا:
توانای مامۆستا بۆ مامەڵەكردن لەكاتی كێشەكانی ناو پۆلدا، هەندێك مامۆستا سزایی جەستەیییی بەباشترین ڕێگا چارە دادەنێت، بۆ روبوروبونەوەی كێشەكانی پۆل بەگشتی، بۆیە زۆرپەنای بۆدەبەن، لەگەڵ ئەوەی پەرورەدەیی نیە، باوەڕی ئەم مامۆستایە بەچاكبونی منداڵان تەنیا لەڕێگای سزادانەوە دەبێت، ئەویش شكاندن‌و هەستكردن بەكەمی‌و نەبونی باوەڕبەخۆبوون لەلای منداڵ دروستدەكات .
5-توانای مامۆستا بۆسۆز بەخشین:
بەرپرسیاری مامۆستا پەرورەدەو فێركردن، لایەنی پەروەردە پێش فێركردنە، فێركردنی منداڵیش پێویستی بەسەبرو لێبوردن هەیە، نەك پەلەكردن‌و بەكارهێنانی شێوازەكانی سزادان، هەرمامۆستایەك رەفتاری شەرانگێزی منداڵ بەدژایەتی بەرپەچبداتەوە، كەواتە مامۆستایەكی پێگەیشتوو نیە‌و ناتوانێت سۆز بە قوتابیان ببەخشێت‌و وەك منداڵی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدابكات، كەواتە بۆچونەكانی مامۆستا بۆ قوتابی پەیوستە بەپلەیەكی بەرز بەگەشەكردنی خودی لەلایان، بۆچوونی هەرەمەكی كەپشت بەهیچ ئیدراكێك‌و شێوازێكی زانستی نابەستێت، بەڵكو زیان لەچەمكی خود دەدات لای قوتابیەكان، بۆنمونە كاتێك مامۆستا بەقوتابیەك دەڵێت تۆ زیرەك نیت، یاخود تۆ بێگوێ‌و لاساریت، یاخود هەرقسەو رەفتارێك بێت، ئەمە وا لەقوتابی دەكات كەبۆچونێكی خراپی بەرامبەربەخودی خۆی هەبێت‌و باوەڕی بەتواناكانی خۆی نامێنێت، لەبەرئەوە پێویستە مامۆستا زۆر وریا‌و جدی بێت لەدۆزینەوەی بۆ چوونی گونجاو، لەگەڵ توانای قوتابیەكاندا، لەگەڵ ئەمانەشدا مادەكانی خوێندن‌و پرۆگرامی فێركردن هەموو ئامانجەكانی منداڵان ناپێكێنن، لەبەرئەوە هەمیشە دەپرسین چۆن بتوانین ئەوەبگەیەنینە ئەنجام، كەببێتە پارچەیەكی جیانەكراوە لەفەرهەنگی منداڵان چ لەناو قوتابخانە، یاخود لەدەروەی قوتابخانە، لێرەدا دووكێشە وەك كارەسات دەبینرێت كەبریتیەلە:
كێشەی یەكەم
سوربونی گەورەكان كەتەنیا زانست‌و زانیاری بەمنداڵان بدرێت، بێگومان ئەمەش كارێكی پەروەردەیی نیە‌و نابێت .

كێشەی دووەم
هەوڵدانی منداڵانە بۆ لەبەركردنی ئەو زانست‌و زانیاریانەیە، كەئەمەش كارێكی بێسودە .
كەواتە پێویستە یارمەتی منداڵان بدەین، كە خۆیان رۆشنبیربكەن لەرێگای كارو چالاكیەكانی ناو قوتابخانە‌و ئاراستەكردنی منداڵان، كەبتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن .

قوتابخانەو پەیوەندی خێزان:
قوتابخانە دووەمین دامەزراوەی كۆمەڵایەتیە بۆ منداڵ، لەدوای دامەزراوەی یەكەمین كەخێزانە، بەرپرسە لەپێگەیشتنی منداڵ، رۆڵی قوتابخانەتەواوكەری پەروەدەكردنی منداڵە، هەربۆیە رێكخستنی پەیوەندی نێوان قوتابخانەو خێزان ئامانجی سەرەكی پەروەردەی كۆمەڵایەتیە، چونكە قوتابخانە پشت بە ژینگەی دەوروپشتی دەبەستێت بۆ بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی پەروەردەی كۆمەڵایەتی، لێرەدا پێویستە قوتابخانە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم رێبكات‌و بەرپرسیارەتی خۆی فراوان‌و چاكتر بكات، كاریگەری لەسەر كۆمەڵگەش بەجێبهێڵێت لەڕێگەی فێركردنی تاكەكانیان‌و بەشێوەیەكی تێگەیشتوانە لە كێشەكانی كۆمەڵگە‌و ووڵات بەگشتی، پێویستە سود لەخاوەن منداڵەكان‌و دامودەزگا كۆمەڵایەتیەكانی تریش وەربگرێت‌و لەگەڵ دامودەزگا كۆمەڵایەتیەكانی تردا هاوكار بێت بۆئەوەی سوود لەتواناكانیان وەربگرێت.

گرنگی كاردانەوەی نێوان قوتابخانەو خێزان
گرنگترین بەرژەوەندی منداڵ كاردانەوەی نێوان قوتابخانەو خێزانە، چونكە هەردوكیان بەرپرسیار سەرەكی پەروەردەی منداڵن‌و یەكتری تەواو دەكەن، ئەوەی لەسەرئەم كاردانەوەیەباڵادەست دەبێت بریتیەلە:
1- ژمارەی زۆری قوتابیان لەناوپۆلەكاندا، ئەمەش بەشداریكردنی قوتابی لەوانەكاندا كەمدەكاتەوە .
2- لەپێناو جێگیركردنی بەهرەمەندییەكانی منداڵ، كە لەقوتابخانەدا فێردەكرێت، پێویستە لەماڵەوە لێپرسینەوە لەلایەن دایك وباوكی قوتابیەكەوە هەبێت.
3- پێویستە بەبەردەوامی سەرپەرشتیكردن هەبێت، چ لەقوتابخانەو چ لەماڵەوە بۆ رێگاگرتن لە دووركەوتنەوە لەقوتابخانە‌و نەچوونەوە .
4- گاریكەری كێشەكانی خێزان لەسەر ئاستی خوێندنی قوتابی، لەپێناو بەرژەوەندی منداڵەكەدا، پێویستە شێوەی پەیوەندی لەنێوان خێزان‌و قوتابخانە لەسەرئەم بنەمایانەی خوارەوە بێت :
أ‌ هاوكاریكردن لەپێناو ئامانجە پەروەردەییەكاندا، گرنگی هاوكاری نێوان قوتابخانەوخێزان لەڕێگای تەنسیقكردنی هۆكارەپەروەردەییەكان لەپێگەیشتن، رێككەوتن، دیاریكردنی روون بۆ ئامانجە پەرورەدەیییەكان لەچوارچێوەی گشتكیریدا .
ب‌ هاوكاریكردن لەپێناو گەشەكردنێكی تەواودا، چ قوتابخانە‌و چ خێزان، ناتوانن بەتەنیا پەرورەدەیەكی گشتگیر بۆ هەموولایەنەكانی گەشەكردنی جۆراوجۆر پێكبهێنن، چونكە گەشەكردن پرۆسەیەكی بەردەوامە، بۆیە هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتردا لەوچوارچێوەیەدا بێت، كەبوارپێدانی گەشەكردن‌و جۆراوجۆركردنی بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ تواناكانی منداڵەكەو ئامادەكاریی بەپێی قۆناغەكانی گەشەكردن، بۆ دەستەبەربكرێت، ئەم هاوكاریە پێویستە بۆیەكتر تەواوكردنی گەشەكردن لەقۆناغە جیاجیاكاندا، لەگەڵیشدا لایەنی پەرورەدەی تەواوبكات، لەپێناو تەواكردنی كەسایەیتەكی فرەتوانایی‌و فرەبانگەشە، ئەویش پێی دەوترێت پەرورەدەی هاوسەنگ .
ت‌ هاوكاریكردن لەپێناو چارەسەركردنی ناكۆكیەكان، زۆرجار منداڵ دەبێتە قوربانی ئەو ناكۆكیەی كەلەبۆچون‌و هەڵوێستی جیاواز لەنێوان قوتابخانەو خێزاندا دروستدەبێت بۆیە پێویستە تەنسیق لەنێوان هەردولادا هەبێت‌و منداڵ لەو ناكۆكیانە دوربخرێتەوە، كە گاریگەری لەسەر دروستدەكات‌و لەوانەیەتوشی نەخۆشی دەرونی جەستەیییی بكات .
پ‌ هاوكاری لەپێناو گونجاندن لەگەڵ گۆرانگارییە فەرهەنگیەكاندا، وەك دەزانرێت گۆرانگاریییەكانی ئەم سەدەیە زۆر‌و خێراییە، چ لەچۆنیاتی یاخود چەندایەتی، ئەمەش بۆ پەرورەدە هۆكارێكە كەهەماهەنگی لەنێوان گۆرانگاریە فەرهەنگیەكان دروستدەكات، بۆ دروستبوونی بۆچونی عەقلانیەتی نوێخواز، كەبتوانێت گۆرانگارییە فەرهەنگیەكان پەسەندبكات، واتا هاوكاری نێوان قوتابخانەوخێزان بۆ نزیكردنەوەی بوچَونەكان بەیەك ئاراستەو هەڵوێستی نزیك وەرگرتن بەرامبەر گۆرانگاریە رۆشنبیریەكانی ئەم سەردەمە .
سەبارەت بەئاستی پەیوەستبوونی دایكان و باوكان بە سەردانیان بۆ قوتابخانەوە ،دەتوانرێت دابەشبكرێن بەسەر پێنچ بەشەوە كەبریتیەلە:
1-باوكان كەخۆیان بەدووردەگرن لەقوتابخانە .
2-باوكان پێویستیان بەهاندان هەیە كەسەردانی قوتابخانە بكەن .
3-باوكان دەچن سەردانی قوتابخانەدەكەن، كاتێك داوایان لێبكرێت .
4-باوكان لەسەردانی قوتابخانەدا، هەست بە ئیسراحەت دەكەن و دڵیان خۆش دەبێت .
5- باوكان هەستێكی بەهێزیان هەیە لەسەر قواتابخانەكان، بەوەی زۆر سەردان دەكەن، زۆر پرسیار دەكەن لەبەرێوەبەرو مامۆستا .
كۆمەڵەی یەكەم ئاراستەیەكی نەرێیان بەرامبەر قوتابخانەكان هەیە، بەڵام كۆمەڵەی (2،3،4)ئامادەن بۆهاوكاریكردن لەگەڵ قوتابخانەدا دەكرێت بەسوودبن، بەڵام كۆمەڵەی (5)دەبنە زویربوونی بەرێوەبەری قوتابخانەكان‌و مامۆستایان.
شێوازی پەیوەندی نێوان قوتابخانەو ماڵ :
هاوكاری لەنێوان قوتابخانەو خێزان، لەرێگای چاوپێككەوتن لەنێوان دایكان‌و باوكان‌و مامۆستایان، ئەویش لەرێگای :
1-ئەنجومەنی باوكان‌ودایكان، ئەركیان بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوەی كێشەكانە، كەروبەروی قوتابی دەبنەوە لەهەر بوارێكدا بێـت .
2-كۆمەڵەی چالاكیەكان، دروستكردنی كۆمەڵەی چالاكی جۆراوجۆر لەمامۆستایان‌و قوتابیان لەپێناو چارەسەری كێشەی قوتابیان .
2-رێكخستنی كۆبونەوەی خولی بۆ خاوەن منداڵەكان، كەتیایدا قوتابیەكان لەگەڵ باوكەكانیاندا چاویان بەیەك دەكەوێت، دەكرێت مانگی جارێك بێت، یاخود زیاتر، تیایدا باوكان ئاگاداری ئاستی پێشكەوتنی منداڵەكانیان دەبن.
4- رێكخستنی رۆژێكی كراوە، لەم رۆژەدا هەریەكێك لەخێزان‌و قوتابخانە بیروباوەرو بۆچونەكان ئاڵوگۆردەكەن، لەڕێگەی زانینی چالاكیەكانی منداڵەكانیان لەقوتابخانەكاندا .
5-هاندانی قوتابیان بەئەنجامدانی هەندێك ئەركی قوتابخانە كەلەماڵەوە جێبەجێبكەن .
6-ئامادەكردنی بەرنامەی رۆشنبیری بۆ دایكان‌وباوكان، ئەویش بەبەستنی كۆڕو سمنار لەسەر بابەتی جۆربەجۆری ئەدەبی‌و زانستی‌و رۆشنبیری .
7-دروستكردنی ئەنجومەنی راوێژكاری لەباوكان بۆ سود ورەگرتن جەستەییارەزاییەكانی ژمارەیەك لەباوكان بۆ لێكۆڵینەوە لەكێشەی قوتابخانەو كاركردن بۆ چارەسەری‌و پێشخستنی قوتابخانە.
8- بڵاوكراوە، ئەمەش بریتیەلەبەرنامەی كاری تایبەت بۆ پێكهێنانی هەندێك ئامانجی تایبەت كەبۆخاوەن منداڵەكان دەنێرێت، پێویستە ئەم بڵاوكراوانە روون وئاشكراو كورت بن.
9-چاوپێككەوتنی تاكی، ئەمەش بۆ لێكۆڵینەوەی كاری تاك، نەك شتی گشتی، وەك پێشخستنی خوێندن، یاخود نزمبوونەوەی پلەكان، راكردن لەقوتابخانە، ئەم چاوپێككەوتنانە یارمەتی باوك‌و دایك‌و مامۆستاش دەدات كە، وێنەیەكی ئاشكرا لەسەر منداڵەكە وەربگرێت، چ لە قوتابخانە، یاخود لەماڵەوە‌و تێبینكردنی هەر رەفتارێكی نەشاز كە كەلەمنداڵەكەدا دەردەكەوێت .

لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده‌ و فێركردن هیچ بۆچوونێک نییە »

بۆچوونەکان


« | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional