ئایار 17, 2009
به‌هره‌داران
توێژه‌ری ده‌روونی: سامان سیوه‌یلی
مامۆستای سایکۆلۆژیا له‌کۆلیژی ئه‌زمه‌ڕ بۆ به‌هره‌داران
به‌هره‌دار كێیه ؟
زاراوه‌ی به‌هره‌دار له‌م وتاره‌دا به‌رامبه‌ر زاراوه‌ی (ژیر باڵایی – التفوق العقلی) هاتووه، كه‌مه‌به‌ست لێی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه جیاوازن له‌كه‌سانی ئاسایی به‌جۆرێك له‌ڕووی ئاستی ژیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و … تد باڵاترن. هه‌ربۆیه ده‌كرێت بڵێین ئه‌و كه‌سانه‌ی (به‌تایبه‌تی مه‌به‌ست له منداڵان و قوتابیان و خوێندكارانه) به‌پێی پێوه‌ره زانستییه‌كان به‌هره‌دارن ده‌بێت په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت بیانگرێته‌وه و گرنگی ئه‌وتۆیان پێبدرێت كه به‌هره‌كانیان زیاتر و زیاتر گه‌شه بكات. دیاره په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت له‌یادگه‌ی زۆربه‌ماندا بۆ ئه‌و منداڵانه‌یه كه بیركۆڵن یان په‌ككه‌وته‌ی جه‌سته‌ن یان نابینان یان خاوه‌ن هه‌ر پێداویستییه‌كی تایبه‌تی تر بن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و منداڵانه‌ی كه خاوه‌ن زیره‌كییه‌كی باڵان یان به‌هره‌دارن به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت. ئه‌گه‌ر چاوێك به مێژووی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌تدا بخشێنین ده‌بینین كه پسپۆرانی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت سه‌ره‌تا ته‌نها گرنگییان ده‌دا به‌خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان و ئه‌م توێژه گرنگه‌ی كۆمه‌ڵ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان پێنه‌داوه ئه‌گه‌رچی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێویستییه‌كی زۆری به‌تواناكانی به‌هره‌دارانه، هه‌تا نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست پسپۆرانی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت باڵا ژیره‌كانیان نه‌خسته چوارچێوه‌ی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ته‌وه. بۆنموونه له‌وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكادا هه‌تا ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌داوه به به‌هره‌داران ئه‌م گرنگیدانه‌یان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كاتێك بینیان ڕوسه‌كان ( یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو ) پێشڕه‌ویان كردووه له‌بواری گه‌ردوون و هاویشتنی مووشه‌ك و ئه‌ستێره‌ی ده‌ستكرد، ئه‌وسا ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌خۆیاندا چوونه‌وه و گه‌یشتنه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ده‌بێت گرنگی به‌به‌هره‌داران بدرێت.
توێژه‌ران و پسپۆران دیدی جیاوازیان هه‌بووه و هه‌یه له‌دیاریكردنی مانای به‌هره‌دار و ئه‌و ئامڕازانه‌ی به‌هره‌ی پێ ده‌ستنیشان ده‌كرێت. بۆنموونه هه‌ندێ زانا و پسپۆر له‌ناویاندا ( لویس تێرمان – كه‌به‌پێشه‌نگی توێژه‌ره‌وانی بواری به‌هره‌داران داده‌نرێت ) پێیان وایه كه به‌هره‌دار یاخود ژیر باڵا له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕێژه‌ی زیره‌كی كه‌سه‌كه پێناسه ده‌كرێت. (لویس تێرمان) كه‌یه‌كه‌م كه‌س بوو توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌شێوازی (درێژه ڕێگه- الگریقه الگولیه) ئه‌نجامدا و (35 ) ساڵی خایاند، به‌مجۆره پێناسه‌ی به‌هره‌دار ده‌كات: (منداڵی ژیر باڵا ئه‌و منداڵه‌یه كه ڕێژه‌ی زیره‌كی له (135) تێپه‌ڕ بكات ئه‌گه‌ر پێوه‌ری ستانفۆرد بێنیه‌ی له‌سه‌ر تاقی بكه‌ینه‌وه كه‌تایبه‌ته به‌پێوانه‌ی ڕێژه‌ی زیره‌كی). به‌ڵام چه‌ند زانایه‌كی تر وه‌ك ( ده‌نلاپ Dunlap ) پێیان وایه خۆبه‌ستنه‌وه به‌و ڕێژه‌یه‌ی لویس تێرمان دایناوه زێده‌ڕۆیی تێدایه، ده‌نلاپ پێی وایه ده‌بێت ئه‌و ڕێژه‌یه دابه‌زێنرێت بۆ (120). به‌بۆچوونی ئه‌م زانایه ئه‌و منداڵانه‌ی ڕێژه‌ی زیره‌كییان ده‌كه‌وێته نێوان (120-135) ده‌كرێت له‌ده‌سته‌ی نایابه‌كاندا پۆلێن بكرێن، هه‌ربۆیه ئه‌م زانایه به‌هره‌دارانی دابه‌ش كرد بۆ سێ ئاست:
1- ده‌سته‌ی نایابه‌كان: ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه ڕێژه‌ی زیره‌كییان له‌نێوان (120- 135 یان 140 ) به‌پێی پێوه‌ری ستانفۆرد بێنیه.
2- ده‌سته‌ی باڵاكان: ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه ڕێژه‌ی زیره‌كییان له‌نێوان (135 یان 140- 170 ) به‌پێی پێوه‌ری ستانفۆرد بێنیه.
3- ده‌سته‌ی بلیمه‌ته‌كان ( زۆر باڵاكان ): ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه‌ڕێژه‌ی زیره‌كییان ده‌گاته (170 ) یان له‌و ئاسته تێپه‌ڕ ده‌كات، ڕێژه‌ی ئه‌م منداڵانه له‌نێو كۆی منداڵانی كۆمه‌ڵگه‌دا له‌نێوان (01% – 001% ).
– – – – –
هه‌ندێك له زانایانی ده‌روونناسی و پسپۆرانی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت پێیان وایه كه تاقیكردنه‌وه‌ی زیره‌كی به‌ته‌نها به‌س نیه بۆئه‌وه‌ی به‌هره‌دار ده‌سنیشان بكه‌ین یان بیانناسینه‌وه، مشتومڕی ئه‌م زانا و پسپۆرانه ئه‌م له‌م چوارچێوه‌ی ئه‌م خاڵانه‌دا بوو:
1- تاقیكردنه‌وه‌كانی زیره‌كی وێنه‌یه‌كی سه‌راپاگیری ئاستی وه‌زیفی ژیری تاك نادات به‌ده‌سته‌وه چونكه ئه‌م تاقیكردنه‌وانه ته‌نها چه‌ند توانستێكی كه‌م له توانسته ژیرییه‌كان ده‌پێوێت.
2- ئه‌م تاقیكردنه‌وانه زیره‌كی به‌ته‌نها زیره‌كی ناپێوێت وه‌ك توانستێكی ژیری، به‌ڵكو چه‌ند لایه‌نێكی تر ڕۆڵ ده‌گێڕن و ده‌ستێوه‌ردانێك كار له‌ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك شاره‌زایی و فاكته‌ری ڕۆشنبیری و ژینگه‌یی، بۆیه نابێت پێوه‌رێكی زیره‌كی كه بۆ كه‌لتورێكی دیاریكراو دانراوه له‌كه‌لتورێكی تردا به‌كاربهێرێت.
– – – – –
هه‌ندێكی تر له‌زانایانی تر پێیان وایه كه‌به‌هۆی ئه‌و گرفتانه‌ی ده‌روونناسه‌كان دووچاری ده‌بن له‌ده‌ستنیشاكردنی به‌هره‌داراندا كاتێك تاقیكردنه‌وه‌ی زیره‌كی به‌جێده‌گه‌یه‌نن ده‌بێت پشت به نمره‌ی به‌ده‌ستهاتوو ببه‌سترێت له‌تاقیكردنه‌وه‌كانی خوێندندا. بۆنموونه ( پاسۆ Passow ) ده‌ڵێت: به‌هره‌دار ئه‌و كه‌سه‌یه توانای به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی نایابی هه‌بێت له‌خوێندندا. كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی توێژینه‌وه‌كانی په‌روه‌رده له‌ئه‌مه‌ریكا (N.S.S.E ) ڕایان وایه كه: به‌هره‌دار ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌به‌رده‌وامی پله‌یه‌كی باڵا به‌ده‌ستبهێنێت له‌بوارێك له‌و بوارانه‌ی كۆمه‌ڵگه بۆی دیاریده‌كات.
له‌ڕاستیدا به‌ته‌نها پشت به‌ستن به‌نمره‌ی ده‌رچوون وه‌ك ئامڕازێك بۆ ده‌سنیشانكردنی كه‌سی به‌هره‌دار، له‌جێی خۆیدا نییه و نه‌نگی تێدایه، چونكه ئاستی به‌ده‌ستهینان له‌هه‌ر بوارێكدا بێت ته‌نها پشت به‌توانسته ژیرییه‌كان نابه‌ستێت به‌ته‌نها به‌ڵكو فاكته‌ری تری وه‌ك پاڵنه‌رێتی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ده‌روونیش ڕۆڵ ده‌گێڕن. بۆنموونه ڕه‌نگه خوێندكارێك ئه‌و توانا ژیرییه پێویسته‌ی هه‌بێت كه نمره‌ی باڵا یان نایاب به‌ده‌ستبهێنێت به‌ڵام ناگاته ئه‌و ئاسته به‌هۆی بوونی گرفتێك یان فاكته‌رێك له‌و فاكته‌رانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا. بۆیه ده‌كرێت ئه‌م جۆره كه‌سانه به خاوه‌ن توانای باڵابوون ناوزه‌د بكه‌ین، واته تواناكانیان تیا هه‌یه به‌ڵام ڕه‌وشێكی ڕێگر هه‌یه له‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌م توانا ژیرییه.
– – – – –
ده‌رئه‌نجامی ئه‌م مشتومڕانه‌ی نێوان زانایانی ده‌روونی و پسۆرانی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت، شێواز و میكانیزمی په‌سه‌ند بۆ ده‌ستنیشانكردنی كه‌سی به‌هره‌دار ئه‌و شێوازه دانرا كه به ( فره مه‌حه‌ك ) داده‌نرێت، واته زیاتر له‌پێوانه‌كردنێك، به‌م پێودانگه ئه‌و خوێندكاره به‌به‌هره‌مه‌ند داده‌نرێت مه‌رجێك ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت:
1- ڕێژه‌ی زیره‌كی بگاته (120 ) به‌پێی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زیره‌كی زاره‌كی.
2- نمره‌ی به‌ده‌ستهاتووی له‌خوێندندا به‌رز بێت به‌جۆرێك له‌كۆمه‌ڵی (15%- 20%)ی خوێندكاره سه‌ركه‌وتووه‌كاندا بێت له‌چاو تێكڕای خوێندكارانی تردا. به‌مه‌رجێك خوێندكاره سه‌ركه‌وتووه‌كان هاو ته‌مه‌نی خۆی بن.
3- ده‌بێت ئاماده‌گی تایبه‌تی ( الاستعدادات الخاصه ) هه‌بێت له‌ئاستێكی به‌رزدا وه‌ك : ئاماده‌گی زانستی یان هونه‌ری یان ڕابه‌رێتی كۆمه‌ڵایه‌تی.
4- ده‌بێت توانای بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ی له‌ئاستێكی به‌رزدا بێت.
خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌هره‌داران
توێژه‌ره‌وان و ده‌روونناسان گرنگییه‌كی زۆریان داوه به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی به‌هره‌داران له‌كه‌سانی تر جیاده‌كاته‌وه. گرنگترین توێژینه‌وه‌ش له‌مبواره‌دا توێژینه‌وه‌كه‌ی ( لویس تێرمان و میلتا ئۆدن)ه. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌ساڵی (1921) ده‌ستیپێكرد و (35 ) ساڵی خایاند، هه‌تا مه‌رگی زانا(لویس تێرمان)ی به‌سه‌ردا هات. ئه‌م دوو توێژه‌ره له‌گه‌شه‌ی به‌هره‌دارانیان ده‌كۆڵییه‌وه و چاودێرییان ده‌كرد، ئه‌و به‌هره‌دارانه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه هه‌ڵیبژاردبوون به‌پێی تاقیكردنه‌وه‌ی زیره‌كی (ستانفۆرد بێنیه) به‌هره‌دار ده‌ستنیشان كرابوون. ئه‌و منداڵه به‌هره‌دارانه ژماره‌یان (1500) منداڵ بوو، له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ده‌ژیان، ڕێژه‌ی زیره‌كییان (135) و باڵاتر بوو. سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی توێژینه‌وه‌كه ئه‌م سامپڵه له‌منداڵان له‌ته‌مه‌نی (10) ساڵاندا بوون. به‌كورتی گرنگترین ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌مجۆره بوو:
1- به‌هره‌داران جیاده‌كرێنه‌وه له‌كه‌سانی ئاسایی له‌ڕووی گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌نگی ده‌روونی، واته باڵاترن له‌م بوارانه‌دا.
2- به‌هره‌داران له‌ژیانیاندا ئه‌نجامی باڵا به‌ده‌ست ده‌هێنن چ له‌بواری خوێندندا بێت یان له‌بواری پیشه‌وه‌ری بێت، ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێن به‌كه‌سانی ئاسایی. بۆنموونه دوو توێژه‌ره‌كه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و منداڵانه‌ی ڕێژه‌ی زیره‌كییان گه‌یشتۆته (135) یان زیاتر ئاستیان له‌ئاستی هاوته‌مه‌نه‌كانیان باڵاتربووه به دوو پۆل یان سێ پۆل ته‌نانه‌ت چوار پۆلیش، واته ئه‌گه‌ر خوێندكارێك له‌پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بووبێت ئاستی له‌ئاستی خوێندكارێكی چوار یان پێنجه‌می ئاماده‌ییدا بووه. سه‌ركه‌وتنی ئه‌م به‌هره‌دارانه له‌خوێندن و گه‌شه‌ی ژیریاندا هه‌تا ته‌مه‌نی (50) ساڵییان به‌رده‌وامبووه.
3- جێگیری پاڵنه‌ر بۆ خوێندن و له‌بواری ئاكادیمیدا: (66%)ی پیاوان و (60%)ی ژنانی ئه‌و سامپڵه خوێندنی باڵایان خوێندووه دوای ته‌واوكردنی خوێندنی زانكۆ، (30%) كه‌خوێندنی زانكۆییان ته‌واو نه‌كردووه به‌هۆی فاكته‌ری ئابوری یان ده‌ستێوه‌ردانی كه‌سوكار و خێزانه‌وه بووه.
4- گونجاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو به‌هره‌داراندا له‌ئاستێكی به‌رزتردا بووه له‌چاو ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌لای كه‌سانی ئاسایی، (93%) كوڕه‌كان ژنیان هێناوه و (90%) كچه‌كان شوویان كردووه، كاتێك داوایان لێكراوه ئاستی به‌خته‌وه‌ریی خێزانییان ده‌رببڕن ده‌ركه‌وتووه (85%) له‌ئاستێكی به‌رزی به‌خته‌وه‌ریدا بوون له‌چاو كه‌سانی ئاسایی تردا، ته‌نها (6%) كه‌متر به‌خته‌وه‌ر بووه له‌كه‌سانی ئاسایی، هه‌روه‌ها تێبینی كراوه هیچ حاڵه‌تێكی جیابوونه‌وه‌ی خێزانی له‌ناویاندا ڕووینه‌داوه.
له‌به‌ر گرنگی توێژینه‌وه‌كه‌ی ( لویس تێرمان و هاوڕێكه‌ی) كه له‌ئاستی جیهاندا ناوبانگێكی زۆری هه‌یه بۆیه ئه‌و چه‌ند ده‌رئه‌نجامانه‌مان له‌سه‌ر خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌هره‌داران ئاماژه پێدا. ده‌نا پاش ئه‌و توێژینه‌وه‌یه چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی تر ئه‌نجامدراوه له‌بواری خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌هره‌داراندا كه به‌كورتی تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ریان.
خه‌سڵه‌ته جه‌سته‌ییه‌كان
سه‌رده‌مانێك وه‌ها بیر ده‌كرایه‌وه كه به‌هره‌داری له‌و كه‌سانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌مسه‌رییه‌كیان (النقص)، به‌و پێودانگه‌ی كه‌سی وه‌ك له‌بری خستنێك وه‌هایه بۆ ئه‌و كه‌موكورتییه‌ی كه‌سه‌كه هه‌یه‌تی. به‌ڵام توێژینه‌وه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یان سه‌لماند، له‌ناویشییاندا توێژینه‌وه‌كه‌ی (تێرمان)، كه ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه به‌هره‌داران له‌ئاستێكی به‌رزی گه‌شه‌ی جه‌سته‌یی و ته‌ندروستی گشتیدان له‌چاو كه‌سانی ئاسایی. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت هه‌ر كه‌سێك به‌هره‌دار بوو، باڵای به‌رزتر یان كێشی زیاتر یان ته‌ندروستی باشتر ده‌بێت له كه‌سانی دیكه، یاخود ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ی په‌ككه‌وته‌یی یان لاوازییه‌كی هه‌بێت له‌گه‌شه‌ی جه‌سته‌ییدا ئیدی نابێته به‌هره‌دار، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه باڵابوونی ژیری یان به‌هره‌داری نابێته هۆی تێكچوونی ته‌ندروستی ، به‌نموونه ئه‌گه‌ر به‌هره‌دارێك پێكهاته‌یه‌كی بایۆلۆژی سه‌روو مامناوه‌ندی هه‌بێت ئه‌وا باڵابوونی ژیرییه‌كه‌ی كارێكی وه‌ها ده‌كات گه‌شه‌یه‌كی باشتر و باڵاتر بكات له‌چاو منداڵێكی ئاسایی تر كه هاوشێوه‌ی پێكهاته‌ی بایۆلۆژی هه‌بێت، چونكه كه‌سی به‌هره‌دار زیاتر په‌ی به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هۆكار و ئه‌نجام ده‌بات و باشتر فێری نه‌ریتی ته‌ندروستی دروست ده‌بێت و په‌یڕه‌وی لێده‌كات.
خه‌سڵه‌ته ژیرییه‌كان
بێگومان گرنگترین خه‌سڵه‌ت كه كه‌سی به‌هره‌دار له‌كه‌سانی ئاسایی تر جیا ده‌كاته‌وه، خه‌سڵه‌ته ژیرییه‌كه‌یه. گرنگترین خه‌سڵه‌ته ژیرییه‌كانی منداڵ (كه‌س) ی به‌هره‌دار ئه‌مانه‌ن:
1- گه‌شه‌ی ژیری به‌هرده‌ار خێراتره له‌چاو گه‌شه‌ی ژیری كه‌سانی تر، هه‌میشه ته‌مه‌نی ژیری به‌هره‌دار له‌پێش ته‌مه‌نه زه‌مه‌نییه‌كه‌وه‌یه‌تی، واته ته‌مه‌نی زه‌مه‌نی به‌هره‌دارێك وایدابنێین (12) ساڵه، ته‌مه‌نه ژیرییه‌كه‌ی ڕه‌نگه (16) ساڵ بێت، واته ئاستی ژیری ئه‌م به‌هره‌داره وه‌ك ئاستی ژیری كه‌سێكی ته‌مه‌ن (16) ساڵ وایه، به‌واتایه‌كی ئه‌گه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی زیره‌كی به‌پێی پێوه‌ری (ستانفۆرد- بێنیه) ئه‌نجامبده‌ین بۆ ئه‌م به‌هره‌داره ئه‌وا ڕێژه‌ی زیره‌كییه‌كه‌ی به‌م جۆره ده‌رده‌هێنرێت: ته‌مه‌نی ژیری/ ته‌مه‌نی زه‌مه‌نی x 100 ، واته ته‌مه‌نی ژیری دابه‌ش ته‌مه‌نی زه‌مه‌نی كه‌ڕه‌ت 100 ، له‌و نموونه‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و به‌هره‌داره ڕێژه‌ی زیره‌كییه‌كه‌ی ده‌كاته (133)، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش واتا زۆر زیره‌ك یاخود به‌هره‌دار ، له‌كاتێكدا كه‌سێكی ئاسایی كه‌ته‌مه‌نی (12) ساڵ بێت، ته‌مه‌نه ژیرییه‌كه‌یشی هه‌ر له‌ئاستی (12) ساڵیدایه.
2- به‌هره‌دار به‌زوویی فێری خوێندنه‌وه ده‌بن، پێش چوونه قوتابخانه. له‌توێژینه‌وه‌كه‌ی (تێرمان) دا ده‌ركه‌وت (43%) فێری خوێندنه‌وه بوون پێش چوونه قوتابخانه، (20%) پێش ته‌مه‌نی پێنج ساڵی فێربوون، (6%) پێش ته‌مه‌نی چوار ساڵی، (2%) پێش ته‌مه‌نی سێ ساڵی.
3- زووتر و زیاتر فێر ده‌بن.
4- ته‌ركیزیان به‌هێزتره.
5- بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌یان هه‌یه.
6- توانای په‌ی پێ بردنیان به‌رزتره، زووتر بۆ شت ده‌چن.
7- ئاره‌زوو و گرنگی پێدانی فراوانتر و زیاتره.
8- باشتر و زووتر توانای چاره‌سه‌ركردنی گرفتیان هه‌یه.
9- توانای هاوبه‌ستی یاخود په‌یوه‌ندی دروستكردنی نێوان زانیاری و شته‌كانی ده‌وروبه‌ریان زیاتره.
10- زووتر فێری قسه‌كردن و ئاخاوتن ده‌بن و ده‌وڵه‌مه‌ندن له وشه و ده‌ربڕیندا.
11- توانای بیركه‌وتنه‌وه و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌هاو لۆژیكییان به‌هێزتره.
12- وردترن له‌تێبینی كردن‌دا.
ئه‌مانه و چه‌ندین خه‌سڵه‌تی ژیری تر كه‌لێره‌دا ناكرێت ئاماژه به‌هه‌موویان بده‌ین.
خه‌سڵه‌ته ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان:
ئه‌گه‌رچی وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا خه‌سڵه‌ته ژیرییه‌كان گرنگترین جیاكه‌ره‌وه‌ی به‌هره‌دارانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چه‌ند خه‌سڵه‌تێكی جیاكه‌ره‌وه‌یان هه‌یه:
1- به‌هره‌داران زیاتر باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌یه.
2- زیاتر حه‌ز به‌سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوون ده‌كه‌ن.
3- جدین له‌خوێندن و به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانیاندا.
4- زیاتر په‌نا بۆ ڕه‌فتاری زینده‌خه‌ون ده‌به‌ن.
5- زیاتر كۆمه‌ڵایه‌تین.
6- زیاتر هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن.
7- زیاتر هاوسه‌نگی هه‌ڵچوونییان هه‌یه.
8- زیاتر ئاره‌زووی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و گوێگرتن له‌مۆسیقا و هونه‌ره جۆراوجۆره‌كانیان هه‌یه.
چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌هره‌داراندا بكه‌ین؟
له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هره‌داران جیاوازن له كه‌سانی ئاسایی تر، كه‌واته ده‌بێت هێنده‌ی ئه‌و جیاوازییانه‌یان زه‌مینه‌سازی بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌هره‌كانیان بكرێت. گرنگترین قۆناغ قۆناغی منداڵییه، واته ئه‌ركی یه‌كه‌م ده‌كه‌وێته سه‌ر خێزان چۆن بتوانێت په‌ی به‌به‌هره‌ی منداڵه به‌هره‌داره‌كه‌ی ببات و ده‌ستنیشانی بكات، تاكو مامه‌ڵه‌ی گونجاوی له‌گه‌ڵدا بكرێت و زه‌مینه‌ی بۆ بڕه‌خسێنرێت. چونكه ئه‌گه‌ر له‌ته‌مه‌نێكی دره‌نگدا به‌به‌هره‌ی ڕۆڵه‌كانمان ئاشنابین ئه‌وكاته ڕه‌نگه وه‌ك پێویست نه‌توانین هاوڕێ بین له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانیدا. خێزان ده‌بێت دوور بكه‌وێته‌وه له به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره توندوتیژییه‌كی جه‌سته‌یی و ده‌روونی منداڵه به‌هره‌داره‌كه‌ی، نابێت جه‌نجاڵیان بكه‌ین و خۆمان بكه‌ینه سه‌رچاوه‌یه‌كی فشار، ده‌بێت پشتگیری‌یان بكه‌ین له‌دانانی خشته‌یه‌كی دروست بۆ دابه‌ش كردنی كاته‌كانی، له‌نێوان خوێندن و به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی خوێندن و كات به‌سه‌ربردن و ئه‌نجامدانی ئاره‌زووه‌كانی وحه‌وانه‌وه و پشوودانی. نابێت كاته‌كانی پڕ جه‌نجاڵی بێت. ده‌بێت خێزان به‌هره‌ی منداڵه‌كه‌ی وه‌ك خاڵێكی به‌هێز باس بكات و شانازی پێوه بكات، زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ به‌كاربهێنێت له‌گه‌ڵیدا.
هه‌ندێ جار به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیاری پێویست یان ڕه‌وشێكی خێزانی نادروست گوێ به‌به‌هره‌ی منداڵ نادرێت و ئه‌و منداڵه ده‌كرێته قوربانی، بۆیه پێویسته باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تێبینی توانسته ناوازه‌كانی منداڵان بكه‌ن، توێژه‌ره ده‌روونییه‌كان ده‌كرێت ڕۆڵی به‌رچاو ببینین له‌مبواره‌دا، با منداڵه به‌هره‌داره‌كان زوو ده‌ستنیشان بكرێن و خێزانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه و كاری پێویستیان بۆ ئه‌نجام بدرێت.
سه‌باره‌ت به كۆلیژی ئه‌زمه‌ڕی به‌هره‌داران كه وه‌ك خوێندنگایه‌كی شیاو و له‌بار دامه‌زراوه بۆ كۆكردنه‌وه و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و سامانه مرۆییه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ناویان به‌هره‌دارانه، پێویسته توێژه‌ری ده‌روونی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بێت له‌چاودێریكردنی ڕه‌فتاری به‌هره‌داره‌كان و تۆخكردنه‌وه‌ی خاڵه به‌هێزه‌كانی كه‌سێتی به‌هره‌داره‌كان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه له‌نێوان خێزانه‌كان و ئه‌م كۆلیژه‌دا، هه‌روه‌ها ئاڕاسته‌كردنی به‌هره‌داره‌كان و خێزانه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك كه به‌هره‌داران باشترین سوود له‌توانسته‌كانی خۆیان ببینن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گرنگه لانی كه‌م مانگانه كۆبوونه‌وه‌ی دایكان و باوكانی به‌هره‌داران سازبكرێت له‌گه‌ڵ كارگێڕی كۆلیژ و مامۆستایان و توێژه‌ری ده‌روونی.
هه‌موومان به‌رپرسین له‌ڕووی زانستی و ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌م پۆله به‌هره‌دارانه، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی زانا و پسپۆر و كه‌سانی هه‌ڵكه‌تووی دواڕۆژی ئه‌م نه‌ته‌وه‌كه‌مان بن.
تێبینی/ ئه‌م وتاره له یه‌که‌مین پێشانگه‌ی زانستی کۆلیژی ئه‌زمه‌ڕ بۆ به‌هره‌داران له‌سلێمانی پێشکه‌شی میوانانی پێشانگه کرا.
لەهاوپۆلی: په‌روه‌رده و فێركردن 10 بۆچوون »
« ده‌ستێوه‌ردانی کۆمه‌ڵگه له‌ژیانی تاکدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان و که‌لتوری به‌عه‌یب زانین »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

ده‌ستخۆشی و سوپاس بۆ نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته کاک سامان سیوه‌یلی، له‌ڕاستیدا یه‌که‌م جارمه به‌زمانی کوردی نووسین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بخوێنمه‌وه .
سه‌رکه‌وتوو بن
هاوناز فه‌تاح
نه‌رویج
slaw kak samani aziz u xoshawist , barasty babateki gwan u dawlamandt nwsiwa , parwardai tayabat lanau kurda zor kam grngi pedrawa, chawarwany barhami awa baswdi trin la toi barez.
shilan
slemany
dast xwsh babatakat bakalk bo hewam bardawameta la nwseny babaty baswd spas
dastakant xosh bet kak sama
barasty babateky zor baswd bw mn zor dameka
badway am babatada agarem zor kas pem dalle bahradary
7azm krd bzanm xaslatakany bahradarim tyadaya larwy zanstyawa
zor jwan bw zor baswd bw heway sarkawtnw bardawamy barezm
dast xosh kaka saman bariste babatakat zor ba pezu drusta hewadarm lasar am babata zyatr bnuse dubara slawm botan
dastan xosh
Am katat bash mamosta Saman, Barasty jegay supas u dastxoshy lekrdnyt u babatakat zor basudbw bo hamw kasek la hamw tamanekda! . Hywadarm har wa bardawambyt la blaw krdnaway babaty basud u bakalk bo xalk. u dwbara zor swpas.
سڵاو سانا خان : سوپاس بۆ تێبینه‌کانت ، بێگومان که‌سانی به‌هره‌داری وه‌ک تۆ سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی و زانستین بۆ گه‌له‌که‌مان ، هیوادارین به‌خێزانه‌کانتان و ئێمه‌ی مامۆستایان پێکه‌وه بتوانین په‌ره به‌تواناکانتان بده‌ین ، ئایینده‌یه‌کی گه‌ش چاوه‌ڕێتانه ، لێره‌شه‌وه جارێکی تر پیرۆزباییت لێده‌که‌م که‌یه‌که‌م بوویت له‌سه‌ر ئاستی قۆناغه‌که‌ت.
سامان سیوه‌یلی
مامۆستای سایکۆلۆژیا
کۆلیژی ئه‌زمه‌ڕ بۆ به‌هره‌داران
Amakatat bash mamosta saman mn lanya la kolezhawa barasty dast khoshyt le akam bo am babata basudu khosha barasty ta7amulm nakrd hata hamuym khwendawa balam zor pewystm bawaya ka 2 jary trysh bykhwenmawa zor supas ba hyway away ka hamu dayku bawkanu mamostayanu khwendkaran u roshnbyran ka heshta am babatayan na khwendwatawa barchawyan bkawetu hawly khwendnaway bdan zor supas dubara
Lanya Muhammad
Slemany
سڵاو له‌نیا خان : سوپاس بۆ ئێوه‌ش ، دیاره ئێوه‌ی به‌هره‌داران جێی ئومێدی هه‌موومانن، سه‌رکه‌وتن و گه‌شه سه‌ندنی زیاتر بۆ ئێوه و ئه‌و سیستمه نوێی ئێوه په‌روه‌رده ده‌کات
م. سامان سیوه‌یلی