نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

چاره‌سه‌رکردن به‌ته‌زووی کاره‌با Electroconvulsive Therapy / به‌شی یه‌که‌م

نیسان 1, 2008

images47.jpgچارەسەرکردن بەتەزووی کارەبا
Electroconvulsive Therapy
به‌شی یه‌که‌م
نووسینی : د . ئه‌فرام محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
پسپۆری نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌کان

نەخۆشییە دەروونییەکان وەکو هەموو نەخۆشییەکانی تر چارەسەریان هەیە و رێگە چارەیان لەنەخۆشییەکەوە بۆنەخۆشییەکی ترولەنەخۆشێکەوە بۆنەخۆشێکى تر دەگۆرێت ؛ بەرەچاو کردنی گەلێک هۆکارگرنگترینیان تەمەنی نەخۆش و باری گوزەران وبوونی حالەتی تر لەگەل نەخۆشییەکەدا . رێگاچارەکانیش هەرلەبەکارهێنانی دەرمان و چارەسەری دەروونی و گۆمەڵایەتی و هەتا تەزووی کارەباکە یەکێکە لەو چارەسەرانەی ڕۆڵی گرنگی هەیە لەچارەسەر کردنی گەڵێک نەخۆشیدا .

چارەسەرکردن بەتەزووی کارەبا بریتییە لە دروست کردنی گەشکەیەکی کۆنترۆڵ کراو لە رێی بەکار هێنانی برێکی دیاری کراو لە تەزووی کارەبا بۆ ماوەیەکی دیاری کراو .

مێژووی دۆزینەوەی :
لەسەرەتاوە دەبێ ئەوە بزانین بەکارهێنانی تەزووی کارەبا بۆ چارەسەر کردنە نەک بۆ سزادان .سەدەها ساڵ لەمەو بەر؛ پێک هاتەی کیمیاویان بەکاردەهێنا بۆدروست کردنی گەشکە پاشان لە ساڵی (1934) دا میدۆنا مادەی کامفوری (Camphor) بەکارهێنا بەشێوەی دەرزی و هەندێ مادەی تریش بەکارهێنراون وەکو پێنتیلین تترازۆڵ Pentylenetetrazol) ) . سێرلیتی و بینی(Cerletti and Bini) لەساڵی (1938)دا تەکنیکی نوێیان بەکارهێنا لەرێی تەزووی کارەباوە ئەویش زۆر بەخێرایی بڵاو بوەوەو بووە رێگەیەکی خواستراو .

ئامادەکارییەکانی پێش بەکارهێنانی تەزووی کارەبا :
دەبێت نەخۆشەکە پشکنینی تەواوی بۆبکرێت بەتایبەتی بۆکۆئەندامی سوڕان وهەناسە و دەمار؛ ئەنجامی هێڵکاری دڵ و تیشکە بەرداری سنگ و پشکنینی خوێن و هەندێ جار پێویستی بە پشکنینی ووردتریش هەیە ؛ پشکنینی ناو دەمی نەخۆشەکە بۆهەرناتەواوییەک گەر هەبێ .
هەندێ دەرمان هەیە پێش بەکارهێنانی تەزووی کارەبا دەبێت ڕابگیرێت یان دەبێت کەم بکرێتەوە وەکو دەرمانی دژە پەلام و زایلۆکاین و سیۆفلین .
شەش کاژێر پێش بەکارهێنانی چارەسەرەکە دەبێت نەخۆش هیچ نەخوات پاشان لەلایەن پزیشکی بێهۆشکارییەوە بڕی پێویست دەرمانی بێهۆشکردنی دەدرێتێ بەپێی کێش و تەمەن ؛ لەو ماوەیەدا چاودێری هێڵکاری مێشک (Electroencephalogram)و ڵێدانی دلڕ و هەناسە وپەستانی خوێنی نەخۆشەکە دەکرێت .
ئەو بڕە تەزووەی بەکار دەهێنرێت ؛ لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی ترجیاوازە ؛ لەسەرەتادا برێکی کەم بەکاردەهێنرێت ؛ گەرگەشکە رووی نەدا ئەوا برەکە بەرێژەی (20%) زیاد دەکرێت ؛ئەگەر نەبوو بەهەمان شێوەی پێشوو زیاد دەکرێت تاکو گەشکە روودەدات ؛ دەبێ ئەوەش بزانین ئاستی دروست بوونی گەشکە لە مێینەدا نزمترە وەک لە نێرینە و لە مرۆڤی بەتەمەندا بەرزترە وەک لە گەنج .

چۆنێتی دانانی هەردوو جەمسەری تەزووەکە :
1-لەهەردوو لاجانگ (Bitemporal).
2 – لەهەردوولای بەشی پێشەوەی کاسەی سەر Bifrontal) ).
3 – هەردوو جەمسەرەکە لە یەک لای سەر دادەنرێت Unilatral) ) ؛ یەکێکیان لەلاجانگ و ئەوی تریان لەبەشی سەرەوەی کاسەی سەر .

چۆن دەزانین نەخۆشەکە گەشکەی لێهاتووە :
1 – لەرێی هێڵکاری مێشکەوە ؛ ئەویش لە کاتی لێدانی تەزووی کارەبادا بەکاردەهێنرێت ئامێرە نوێکان هەردوو کردارەکەی تێدایە (واتە تەزووی کارەبا و تۆمارکردنی هێڵکاری مێشک ) .
2 – لەرێی گرژبون و ڕاوەشاندنی یەکێک لە پەلەکان ؛ ئەویش بەوەی لەکاتی پێدانی مادەی بێهۆشکردن پێش ئەوەی ئەو مادەیەیی تایبەتە بەخاو کردنەوەی ماسولکەکان بدرێت بەنەخۆشەکە ؛ ئامێری پێوانی فشاری خوێن لەقۆڵی نەخۆشەکە دەبەسترێت و بۆسەرو پەستانی سەرەوەی نەخۆشەکە هەوای تآ دەکرێت ؛ بەمەش ئەو مادەیە ناگاتە ئەو پەلەو گرژبوون و ڕاوەشاندن روودەدات .
تەزووەکە بۆ ماوەی (3چرکە) دەدرێت بەنەخۆش و گەشکە ماوەی (30 بۆ 60 چرکە ) دەخایەنێت .

هەندآ کەس و کاری نەخۆش دەڵێن نەخۆشەکەی ئێمە کارەبا نایگرێت پێویستە لەم حاڵەتەدا رەچاوی ئەم خاڵانەیخوارەوەبکەیت :
1. پێویستە لەگەل سەرجەم ئەندامانی تیمی چارەسەرکردندا بگەرێیت بۆ بوونی نیشانەکانی گەشکە جونکە هەندێ جار تەنها لە پەلێکدا روودەدات دەشێ تۆ نەیبینی .
2. پێش بەکارهێنانی تەزوەکە نەخۆش ئۆکسجینی بەرێژەی (100%) دەدرێتی (20 بۆ 30 هەڵمژین ) .
3. دڵنیابە لەوەی تەزوەکەت لە شوێنی گونجاودا داناوە و سوری کارەباکە تەواوە و هیچ رێگرێک نییە لەگەیاندنی تەزوەکە وەکو مووی سەر .
4. زیادکردنی بڕی تەزوەکە بەرێژەی لە ( 25%) .
5. فشارێکی توندتر بخەرە سەر ئیلیکترۆدەکان .
6. دووبارە سەیری دەرمانەکانی نەخۆش بکە گەر ئەو دەرمانانەی هەبوو کە دژە پەرکەمن یا ڤالیۆم یاهەردەرمانێکی تر کەکاربکاتەسەر ئاستی گەشکە لێهاتن ڕایبگرە یان کەمی بکەرەوە .
7. گرتنی تیشکە بەرداری کاسەی سەر؛ دانانی ئیلیکترۆدەکان لە تەنکترین شوێندا .
8. پێدانی بڕێکی کەم فینۆسایەزین (Phenothiazine)چەند کاژێرێ پێش بەکارهێنانی تەزووی کارەبا بۆدابەزاندنی ئاستی فێلێهاتن .
9. گەر گەشکە رووی نەدا چیتر هەوڵی دووبارە کردنەوەی لێدانی تەزووی کارەبا مەدە.

چەند جار تەزووی کارەبا بەکاردەهێنرێت :
1. زوربەی نەخۆشەکان یەک کۆرسیان بۆدەکرێت واتە ( 6 بۆ 8 )جار ئەمەش پێی دەڵێن نموونەیی (Typical).
2. هەندێ نەخۆش پێویست بەوە دەکات کە هەفتانە یان مانگانە بۆی بەکار بهێنرێت بۆماوەی ( 6 مانگ ) پێی دەڵێن بەردەوامی (Continous)
3. گەر چارەسەرەکە ماوەی ( 6 مانگ ) زیاتری خایاند پێی دەڵێن جێگیریی (Maintenance).
هەفتەی (3 جار )بەکاردەهێنرێت و هەندآ توێژینەوە لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا باس لە هەفتەی ( 2 جار ) دەکەن و کەمتر زیانی لاوەکی هەیە بەڵام ماوەیەکی زیاتری دەوآ بۆچاک بوونەوە . لەهەندێ حاڵەتدا ناچار دەبیت رۆژانە بەکاری بهێنیت بەتایبەتی لەو کەسانەدا کەمەترسییان هەیە بۆ سەر ژیانی خۆیان و دەوروبەر .
بڕی کارەبای پێدراو ( 110 بۆ 150 ڤۆڵتە) لەنەخۆشێکەوە بۆنەخۆشێکی تر جیاوازی هەیە بەرێژەی (40 هێندە ) هەندێ نەخۆش پێویستی بە( 25 میلی کۆلۆم)ە هەندێکی تر ( 504 میلی کۆلۆم ).کەزوربەی لە ئێسکی کاسەی سەردا بڵاو دەبێتەوە .

چۆنێتی کارکردنی :
هەرچەندە شێوازی کارکردنی تەزووی کارەبا لەسەر مێشک بەتەواوەتی نەزانراوە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە دەبێتە هۆی رێک خستنەوەی ئاستی کۆلینێرجیک (Cholinergic) و پێنج- هایدرۆکسی تریپتامین (5-HT2) و وەرگرەکانی بێتا (B-receptor).

سودەکانی بەکارهێنانی :
تەزووی کارەبا بەکاردەهێنرێت بۆچارەسەرکردنی :
1 – خەمۆکی گەورە (Major Depression):گەرنەخۆشەکە هەوڵی خۆکوشتن بدات ؛ ڕازی نەبێت نان بخوات بەجۆرێک ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە ؛ نیشانەکانی سایکۆسسی لەگەڵدا بێت ؛خەمۆکییەکی توند لەکاتی سک پڕیدا ؛ کاتێک چارەسەر بەدەرمان سودی نەبێت یان نەخۆشەکە نەتوانێت دەرمان بەکاربهێنێت ؛ گەرکاریگەری خێرامان مەبەست بێت و بمانەوێ نەخۆش زووچاک بێتەوە . بۆچارەسەرکردنی خەمۆکی تەزووی کارەبا لەدەرمانی دژە خەمۆکی کاریگەر ترە بەرێژەی لە ( 20% ) .
2 – شادی (Mania): تەزووی کارەبا بەلایەنی کەمەوە کاریگەری هێندەی مادەی لیسیۆم دەبێت کە مادەیەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شادی بەکاردەهێنرێت .
3 – سکیتزۆفرینیا Schizophrenia) ) : بەکاردەهێنرێت کاتێ نەخۆشەکە هەوڵی خۆکوشتن بدات ؛ نیشانە پۆزەتیفەکانی نەخۆشییەکەی هەبێ وەکو هەلوەسە و وەهم (Hallucination and Delusion) ؛ حاڵەتی کەتەتۆنیا .کاریگەری هێندەی دەرمانی دژە سایکۆسسەکان دەبێ .
4 – هەندێ ناتەواوی لە جوڵەدا وەکو پارکینسۆنیزم و ئەو ناتەواویانەی بەهۆی بەکارهێنانی هەندێ دەرمانەوە پەیدا دەبێ .

ئەوحاڵەتانەی ناتوانرێت ئەم چارەسەرەیان بۆ بەکاربهێنرێت :
1. بەرز بوونەوەی پەستانی ناو کاسەی سەر.
2. تازە توشی جەڵتەی دڵ بوبێ ؛کەمترلە( 2 هەفتە ) ؛ لەپاش ( 3 مانگ ) ترسی زۆر کەم دەبێتەوە و بەکارهێنای تەزووی کارەبا مەترسییەکی کەمی دەبێت .
3. نەخۆشی توندی کۆئەندامی سوڕان یان هەناسە .
4. ناتەواوی لەمولوولەکانی خوێن .
5. شکاوی تازە هێشتا خۆی نەگرتبێتەوە .
6. نەخۆشی سیل کەهێشتا چالاک بێت .

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ ژیریه‌كان

بۆچوونەکان


« تۆ نه‌خشه‌ کێشی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | یۆگای شری گۆسوامی و گه‌یشتن به‌هاوسه‌نگی ( ناتوندوتیژی ) »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional