دیسهمبهر 13, 2007
![]()
نەک هەر لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەدا بەڵکو لەبوارەکانی ئەدەب و سیاسەت و ئابوری و هونەرەکان و تەنانەت تەندروستی و پزیشکیشکدا، زۆر کەس لەخۆڕا و بەناڕەوا و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، سیفاتی شێتی و نەخۆشی عەقڵی، بەسەر بیرکردنەوەو ڕەفتاری ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە نەیتوانیوە لێیان تێبگات یان هەڵسوکەوت و گوفتارەکانیانی پێ قبوڵ نەکراوە. یاخود پێی نەکراوە بەجۆرێک لەجۆرەکان لەگەڵیاندا بگونجێت و بگوزەرێت. ئەم تۆمەتە بەتەوێڵی ئەو کەسانەشەوە لکێندراوە کە لەگەڵ واقیعی باو و بیرکردنەوەو ئەزموونی کۆمەڵگەدا یەکیان نەگرتۆتەوەو بە ئاراستەی جیاوازدا چوون. ئەگەر ئەم پێوەرانە دروست بن ئەوا هەموو نەیارو ئۆپۆزسیۆنێک، هەموو بلیمەت و داهێنەرێک، هەموو چاکساز وپەیامبەرێک، شێت و دێوانەی سەردەمەکەی خۆی بووە. ئەمە بەتەنها پێشێل کردنی ماف و سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤەو هیچی تر. لە لایەکی ترەوە کێ هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەگەر بۆ ساتەوەختێکیش بووە هزرو بیری، ناسروشتی و ناواقیعی نەبوو بێت؟ یان هەڵوێستێکی ناعەقڵانی سەرەڕۆیانەی نەنواند بێت؟ یاخود ڕەفتارێکی شێتانەی لێنەوەشابێتەوە؟. بەپێوانەکانی زیرەکی و ئاسایی بوون، شێتی و بلیمەتی وەکو یەک وان، عەقڵی هەردوولا وەک خەڵکی ئاسایی نییەو لەزۆرینە لایانداوە. ئەمیان بە ڕووە خراپ و نێگەتیڤەکەدا و ئەویشیان بە ڕووە باش و پۆزەتیڤەکەیدا.
ئەو کەسەی بانگەشەی شێتی دەکات، شێت نییە. ئەوەش کە خۆی بەزاناو بلیمەت دەزانێت، شێت و ناتەواوە. عەقڵێک، ئەگەر پزیشکی تایبەت بەشێنەیی لێی کۆڵیبێتەوەو بەدواداچوونی وردی پزیشکی بۆ کردبێت و دواجار بەنەخۆشی دانابێت، ئەو کاتە گومان لەنەخۆشییەکەی ناکرێت کە خاوەنەکەی خۆی بەساغ و تەواو بزانێت. ئەگەر کەسەکە خۆی بەنەخۆش زانی ئەوا لەڕووی عەقڵییەوە ساغەو دەشێت لەڕووی دەروونییەوە نەخۆش بێت. لێرەدا چارەسەری نەخۆشییەکەی دەکرێت و قورس نییە، چونکە ئەو کەسەی ئاگای لەنەخۆشییەکەی خۆیەتی و ئومێدی بەچاکبوونەوەیەو بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت و داوا دەکات ببرێتە لای پزیشکی شارەزاو بۆ دۆزینەوەی پزیشکی پسپۆڕیش، پرسیارو ڕاوێژ بەکەسانی نزیکی خۆی دەکات لەناو ئەندامانی خێزان یان لەنێو هاوڕێ و هاوکارەکانیدا، تا ئەم ئاستە، ئەو کەسە پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئاساییەو نەشێواوە. عەقڵ نەخۆش پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی لەبەریەک ترازاوەو کەسانی نزیک و دوور لێک جیاناکاتەوەو لەجیهانی تایبەتی خۆیدا دەژی و وڕێنەو وەهمی تایبەت بەخۆی هەیەو بەردەوام لەئەندێشەو داڵغەدایەو بێ ئاگایە لەدەوروبەرو لەوانەیە زیان بەنزیکترین کەسی خۆی بگەیەنێت و ئەگەری دەست وەشاندنی هەیەو دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت. ئەو جۆرە کەسە، کەسێتی جارانی نامێنێت و هەڵدەوەشێتەوەو دیدو بۆچوونی سەیرو سەمەرە لەهزریدا دەردەکەوێت و داکۆکی لە هەڵەو چەوتی و باوەڕی هیچ وپوچ و ناماقول دەکات وشەرمی نامێنێت و وەک منداڵان ڕەفتار دەکات ونازانێت لەچ قۆناغێکی تەمەندایە. شارەزایان پێیانوایە شێت لەبنەماڵەکەی خۆیدا تاقانەو هەڵتۆقیو نییە، ئەگەر بەوردی پشکنینی پزیشکی بۆ لایەنی عەقڵی خزم و کەسە نزیکەکانی بکەیت یان بەمێژووی بنەماڵەکەیدا بچیتە خوارەوە، لەکەسێک زیاتر دەدۆزیتەوە کە هەمان نەخۆشی هەیەو یان هەیبووەو لەوانەیە چارەسەری بۆ کرا بێت و چاک بووبێتەوە. عەقڵ نەخۆش هۆشی بەلای تەندروستی جەستەیی خۆیەوە نییەو دەیخاتە مەترسییەوەو نایپارێزێت و بایەخ بەخاوێنی وپاک ڕاگرتنی خۆی نادات، نافامێت بەرژەوەندی خۆی لەچیدایە. لەلایەکی ترەوە وەک مرۆڤی ئاسایی بەهای زێڕو پارەو پول نازانێت و مەزنی و بچوکی نرخی دراوەکان تێناگات و بۆ دەستکەوتنیان ڕۆژێک لەڕۆژان سواڵ کردنی بەخەیاڵدا نایەت. ئەوانەی لەبەرگی شێتیدا سواڵ دەکەن، شێت نین. لە گۆشە نیگای ئەم پێوەرەوە: لەناو ئەو بڕە بەناو شێتەی شارێکی وەک سلێمانیدا، تەنها دوو سێیەکیان شێتن و پارەوەرگرتن بەهیچ شێوەیەک نازانن و ڕەتی دەکەنەوە. ئەوانەی تر هەتا پارەی کاغەزی هەزار دیناریت بەدەستەوە بێت، پێنج سەد یان دووسەدو پەنجا دیناریت لێوەرناگرن ونایانەوێت.
لەهاوپۆلی: نهخۆشییه ژیریهكان
« ئۆقیانوسێک له تاوان …. بهشی شهشهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ڕۆشنبیر …. نا ڕۆشنبیر »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
