تشرینی یه‌كه‌م 24, 2008
سۆز بۆ ڕابردوو یان دڵه‌ڕاوکێی مردن
نووسینی : توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
بۆچی ئێمه که باسی ڕابردوو ده‌که‌ین زۆربه‌ی جار ئاخی بۆ هه‌ڵده‌کێشین نه‌ک هه‌ر بۆ ڕووداوه خۆشه‌کانی ڕابردوومان که چێژمان لێوه‌رگرتوون ، ته‌نانه‌ت بۆ ناخۆشییه‌کانیش . ده‌بێت نهێنی ئه‌م سۆزه بۆ ڕابردوو له‌چیدا بێت ؟ تۆ بڵێیت حه‌سره‌تێک بێت بۆ ته‌مه‌نمان که ئه‌و ڕۆژگارانه له‌ته‌مه‌نمان که‌مبوونه‌ته‌وه؟ یان حه‌سره‌ته چونکه ناتوانین یه‌ک خوله‌ک پێش ئێستا بگه‌ڕێنینه‌وه ؟ یان بۆ ئه‌وه‌یه چونکه هه‌ستده‌که‌ین له‌ئێستاماندا کۆنترۆڵی ئه‌و ڕۆژگارانه‌مان به‌باشی بۆ ده‌کرێت که له‌ده‌ستمان چوون ئه‌گه‌ر بۆمان بگه‌ڕێته‌وه چونکه شاره‌زاییمان په‌یداکردووه ده‌رباره‌یان ، به‌ڵام هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئاییندهیهکداین که ته‌مومژاویه و نازانین چی تیادا ڕووئه‌دات هه‌رشتێکیش نادیار بێت بۆ ئێمه‌ی مرۆڤ جۆرێک له نائارامی و دڵه‌ڕاوکێمان پێده‌به‌خشێت به‌ڵام ڕابردوو ڕوونه له‌به‌رچاومان . یان ئه‌م ئاخ هه‌ڵکێشانه بۆ ڕابردوو له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که له‌ڕابردوودا به زۆر کار هه‌ستاوین که لێی ڕازی نین و ویژدانمان ئازارمان ئه‌دات و ئه‌مانه‌وێت ئه‌و ڕابردووه بسڕینه‌وه و سه‌رله‌نوێ مێژووییه‌کی تر تۆمار بکه‌ینه‌وه ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یان بێت ئه‌وا له‌ناواخنی ئه‌م سۆزهماندا بۆ ڕابردوو ڕق و کینه‌یه‌ک خۆی حه‌شارداوه که ڕابردوومان دهبێزێنین . به‌ڵام کێ ئه‌ڵێت بۆ ئه‌وه نیه که فریانهکهوتوین به‌دڵی خۆمان خه‌ڵکمان ئازاردابێت یان ئه‌و خه‌ونانه‌ی به‌شکست و خراپ به‌سه‌رهاتنی که‌سانی تره‌وه بینیومانه هه‌موویمان بۆ نه‌هاتۆته دی ؟ ئه‌ی بڵێیت له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بێت ڕابردوو دووره له‌مردنه‌وه به‌ڵام ئایینده ڕۆژ به ڕۆژ له مردن نزیکمان ده‌کاته‌وه واته ئه‌م سۆزه‌مان بۆ ڕابردوو ده‌رئه‌نجامی دڵه‌ڕاوکێیه‌ک بێت به‌رامبه‌ر به‌مردن ؟
ئه‌وه‌تا ده‌روونناسی به‌ناوبانگ ( میلانی کلاین ) پێی وایه دڵه‌ڕاوکێی مردن بناغه‌ی هه‌موو دڵهڕاوکێکانه ، ( کارل یۆنگ )یش ده‌ڵێت دڵه‌ڕاوکێی مردن سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و نائومێدییه ده‌روونییه‌یه که تووشمان ده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌نیوه‌ی دووه‌می ته‌مه‌نماندا ، ( ئه‌لفرێد ئادله‌ر )یش ده‌ڵێت نه‌خۆشییه ژیرییه‌کان له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌وه تووشمان دێن که شکست ده‌هێنین له تێپه‌ڕاندنی ترس به‌رامبه‌ر مردن ، ( ستانلی هۆل )یش جۆرێک له فۆبیای ناونا به فۆبیای مردن .
( وتجن شتاین ) ده‌ڵێت ( مردن ساتێک نیه له‌ژیان ، ئه‌وه‌نده زۆریش ناژین تاکو تاقیبکه‌ینه‌وه ) .
ئه‌وانه‌ی زۆر وابه‌سته‌ی ڕابردوون ئه‌وانه‌ن که زۆربه‌یان بارێکی ده‌روونی ئاڵۆز یان ناته‌واویان هه‌یه ، ڕاسته ڕابردوو به‌شێکه له بوونمان ، یاده‌وه‌ری تاڵ و شیرینمان هه‌یه له دووتوێی ڕابردوودا هه‌یه که هه‌ندێ جار یادکردنه‌وه‌ی ڕابردوو ساتێکی خۆشمان پێده‌به‌خشێت ، به‌ڵام ئاخ هه‌ڵکێشان به‌به‌رده‌وامی بۆ هه‌له له‌ده‌ست چووه‌کانی ژیانمان گه‌مژه‌یی و خۆ خه‌ڵه‌تاندنه ، ده‌شێت ئێمه ئه‌وه‌نده ئاوڕ له ڕابردوو بده‌ینه‌وه که خزمه‌ت به‌ئێستا و ئایینده‌مان بکات نه‌ک خۆمان بکه‌ینه دیلی ڕابردوو که بۆمان ناگه‌ڕێته‌وه . کوردیش ده‌ڵێت ( به دووی چوواندا مه‌چۆ ) ، ئه‌وانه‌ی زۆر به‌دووی چوواندا ده‌چن هه‌میشه له‌ژێر فشارێکی ده‌روونی قورسدان که توانای به‌رگه‌گرتنیان نامێنێت ئه‌وجا یان تووشی نه‌خۆشییه سایکۆسۆماتییه‌کان ( ده‌روون – جه‌سته‌ییه‌کان ) ده‌بن یان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی دێن یان خۆیان ده‌خه‌نه داوی مه‌ی و ماده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه یان دواجار له ساتێکدا کۆتایی به‌ژیانی خۆیان ده‌هێنن و خۆیان ده‌کوژن . خۆ ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌کوژن به‌شی هه‌ره زۆریان ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین هه‌موویان له‌سه‌ر ڕابردوو خۆیان ده‌کوژن نه‌ک داهاتوو .
له‌م ڕۆژگاره‌دا خه‌ڵکی به گومانه‌وه ده‌ڕواننه ئایینده وێنه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه له که‌سێک ده‌چێت که په‌لێکی به‌ده‌ست ڕابردووه‌وه بێت و بۆ خۆی کێشی بکات ، په‌له‌که‌ی تری به‌ده‌ست ئایینده‌وه بێت و کێشی بکات بۆ خۆی ، ده‌رئه‌نجام که‌سێکی شه‌که‌ت و ده‌روون پڕ ململانێ له‌نێوان ئه‌و دوو زه‌مه‌نه‌دا گێژ ده‌خوات ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بدرێته ده‌ست که‌سه‌که ئه‌و په‌له‌ی به‌ده‌ست ئاییندهوهیه له‌ده‌ستی ده‌ردێنێته‌وه نایه‌وێت خۆی به نادیار بسپێرێت به‌ڵام ئه‌مه مه‌حاڵه بۆی و پێچه‌وانه‌ی سروشتی ژیانه . ڕه‌نگه یه‌کێک له‌هۆکاره‌کان ئه‌وه بێت که خێرایی گۆڕانه‌کان زۆر به‌زوویی ڕوو ئه‌ده‌ن له‌م ڕۆژگاره‌دا به‌جۆرێک مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه فریای خۆگونجاندن ناکه‌وێت له‌گه‌ڵیاندا ، ئایا ئه‌م ڕه‌وشه مرۆڤ تووشی نامۆبوون ناکات ؟ ، هه‌ندێ جار په‌رژوبڵاوی له‌به‌رنامه ڕێژی ژیانی ڕۆژانه و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی کات بۆ ڕاپه‌ڕاندن کار و ئه‌رکه‌کان جه‌نجاڵییه‌کی گه‌وره‌ی تر بێت له‌م بواره‌دا ، ئه‌و دوێنێی به ویستی خۆی به‌ڕێ نه‌کردووه ، له به‌یانیدا ئه‌رکه‌کانی ئه‌مڕۆ و ماوه‌کانی دوێنێی لا که‌ڵه‌که ده‌بێت ، بۆ ڕۆژی پاشتریش ڕه‌وشه‌که خراپتر ده‌بێت ، که‌واته ڕه‌نگه بێ به‌رنامه‌یی و ڕێز نه‌گرتن له‌کات به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌م گرفته پێکبهێنن .
ئه‌ی که‌واته چۆن بتوانین ڕابردوو و ئێستا و ئایینده به‌جۆرێک گرێ بده‌ین به‌یه‌که‌وه تاکو دووچاری شپرزه‌یی و کێشمه‌کێشی ده‌روونی نه‌بین ؟
ئه‌گه‌ر مرۆڤ هه‌میشه وا بیربکاته‌وه که ئه‌م ساته‌ی ئێستای پاش ساتێکی تر ده‌بێت به‌ڕابردوو ، ئه‌گه‌ر پلان بۆ کاره‌کانی دابڕێژێت و خۆئاماده‌کردنی هه‌بێت بۆ ئایینده ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌پێش خۆیاندا دایانده‌نێت واقیعی بن و خۆی نوقمی ده‌ریای خه‌یاڵات نه‌کات ، ئه‌وا ده‌توانین خۆمان له‌زۆر گرفت بپارێزین .
له‌م ڕۆژانه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزێک دانیشتم که دووچاری نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی هاتبوو ، ئه‌م که‌سه له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه به‌رده‌وام کۆچکردن بۆ هه‌نده‌ران بووه‌ته خولیای و هه‌میشه شکستی هێناوه له‌به‌دی هێنانی ئه‌م خه‌ونه‌یدا ، تادواجار تووشی نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی ئه‌وتۆی کردووه که چه‌ند جارێک نه‌خشه‌ی کێشاوه بۆ خۆکوشتن ( ته‌نانه‌ت نامه‌یشی نووسیوه بۆ ئه‌وه‌ی پاش خۆکوشتنه‌که‌ی جێی بهێڵێت ) ، من دوا نامه‌ی ئه‌م که‌سه‌م خوێنده‌وه که تیایدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که ساڵانێکه خه‌ونی پێوه ده‌بینێت و بۆی نه‌هاتۆته دی ئه‌وا به‌م خۆکوشتنه‌ی سه‌فه‌ری ئه‌به‌دی ده‌کات .
سه‌یره بیست و سێ ساڵ له‌ته‌مه‌ن که له‌وڵاتی ئێمه‌دا ده‌کاته نزیکه‌ی سێیه‌کی ته‌مه‌ن مرۆڤ بهئامانجێکهوه خۆی شه‌ته‌ک بدات که بۆی نه‌یه‌ته دی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستبه‌رداری نه‌بووبێت و نهیگۆڕیبێت به‌ئامانجێکی تر که بتوانێت پێی بگات . ده‌شێت مرۆڤ له بیست و سێ ساڵدا چه‌ندین بڕوانامه لهپسپۆری جیاجیادا به‌ده‌ست بهێنێت ، هاوسه‌رگیری بکات و منداڵه‌که‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا زانکۆ ته‌واو بکات ، یان مرۆڤ له‌و ماوه درێژه‌دا کارێکی بازرگانی یان کارگێڕی بکات و سه‌رمایه‌یه‌کی باش کۆ بکاته‌وه یان بگاته خانه‌نشینی ، یاخود ئه‌گه‌ر بنووسێت ئه‌وا چه‌ندین په‌ڕتوک داده‌نێت له‌و ماوه‌یه‌دا . واته ئه‌و ماوه‌یه بۆ که‌سێک که دروست بیر بکاته‌وه و به‌پلان کار بکات بۆ هێنانه‌دی ئامانجه‌کانی ده‌توانێت گه‌شترین مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات . که‌واته هه‌ندێ جار بیرکردنه‌وه‌ی نادروست ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و ته‌نگژانه‌ی دواتر لێمان ده‌بێت به نه‌خۆشی ده‌روونی . ئه‌و کاتانه‌ی مرۆڤ پڕوپوچی ڕۆژگاره‌کانی ڕابردووی ده‌یگه‌یه‌ننه ئه‌و بڕوایه‌ی که ئایینده‌ش هه‌ر پڕوپوچه و پێویست ناکات پێشوازی بکات له‌و ئایینده‌یه و پێی وایه باشتره خۆڕزگار بکات له‌و ئایینده‌یه که ئه‌و به مردنێکی هێواشی دائه‌نێت .
ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرێت ، ڕابردووی ناشیرین ده‌بێت و ئاییندهیشی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری . که‌واته با هه‌ریه‌که‌مان هه‌وڵبدات مێژوویه‌ک بۆ خۆی بنه‌خشێنێت به‌و شێوه‌یه‌ی بۆ ده‌لوێت ، به‌و توانستانه‌ی شکی ده‌بات له‌خۆیدا . جوانترین کار که مرۆڤ جوان ده‌کات خزمه‌تکردنی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تییه ، دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له هه‌لپه‌رستی و به‌شداری کردنه له کاری خۆبه‌خشی که خێر و خۆشی خه‌ڵکی تێدا بێت ، ( هیچ شتێک هێنده‌ی ئه‌مه من ئاسووده ناکات ) . ئه‌وجا به ئاسووده‌ییه‌وه به‌ره‌و دوا ساتی ئایینده‌ت هه‌نگاو هه‌ڵبنێ تاده‌گه‌یته لێواره‌کانی مردن .
ڕاستی وتووه ئه‌و که‌سه‌ی خاوه‌نی ئه‌م په‌نده پڕ په‌نده‌یه ( له‌بیرته کاتێک له‌دایک بوویت تۆ ده‌گریایت و خه‌ڵکی پێت پێده‌که‌نین ؟ وا بژی کاتێک که مردیت تۆ پێبکه‌نی و خه‌ڵکی بۆت بگرین ) .
لەهاوپۆلی: نهخۆشییهدهروونیهكان
« ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ده‌روون و هه‌نگاوه‌کانی به‌خته‌وه‌ربوون | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پادشایه‌کی ئاشق به »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

slaw………
dast xosheet ly akam dktor barasty babateky ba swda …….swpas
ده‌ست خۆش کاک سامان ،هه‌میشه سه‌رکه‌وتو بیت بۆ خزمه‌تکردنی گه‌له بێنازه‌که‌مان به‌و هیوایه‌ی نه‌وه‌ی نوێ خاوه‌نی بیروهۆشێکی ساغ و ته‌ندروست بن بۆ پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی ووڵاته‌که‌مان