تشرینی یهكهم 7, 2008
نهێنیپارێزى لە چارەسەرکردنى دەروونیدا
سهڵاح حهسهن / چارهسازی دهروونی
سلێمانی
یەکێک لە خاڵە جیاوازەکانى پیشەى پزیشکى لەگەڵ پیشەکانى تر، تایبەتمەندى پزیشک و کەسانى کلینیکى بریتییە لە پاراستنى نهێنیەکانى نەخۆش لە هەر بارودۆخێکدا بێت، هەروەها ئاشکراکردنى نهێنیەکانیشى بەهەر شێوەیەک بێت پێشێلکردنى یاسای پیشەى پزیشکییە. نەخۆش لەکاتى چارەسەرکردنیدا لەبەرئەوەى حەزدەکات نەخۆشییەکەى دەستنیشانکردنێکى دروستى بۆ بکرێت، باشترین و گونجاوترین چارەسەرى پێبدرێت ئامادەیە بۆ باسکردن و درکاندنى وورد و درشتى ژیانى خۆى بۆ پزیشک، چارەساز، توێژەر،.. لەکاتێکدا ئامادە نییە ئەو نهێنیانەى خۆى بۆ کەسى تر باس بکات. ئەگەر پاراستنى نهێنیەکانى نەخۆش لە بەشە جیاجیاکانى پزیشکیدا گرنگ بێت، ئەوا لە نەخۆشى دەروونیدا ئەرکەکە زۆر گەورەترە، چونکە ئەم نەخۆشانە بەهۆى سروشتى نەخۆشیەکەیەوە لەوانەیە چەندین هەڵسوکەوت و گیروگرفت و چیرۆکى تایبەتى خۆى هەبێت.
بۆ ئەوەى چارەسەرکردنى دەروونى بە شێوەیەکى کاریگەر بەڕێوە بچێت، پێویستە نەخۆش هەست بە ئاسایش و دڵنیاى بکات کە ئەوەى دەیڵێت بە نهێنى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت. هەرکاتێک نەخۆش هەستى بە دڵنیایى تەواو کرد و متمانەى بە کەسى بەرامبەر هەبوو، هەست بە ئازادى دەکات بۆ دەربڕینى ناخى خۆى بەکراوەیى و باسکردنى نهێنیەکانى و گفتوگۆکردن لەسەر شتە تایبەتەکان. زۆرجار پزیشک یان چارەساز وا دەزانێت هەموو کاتێک دەتوانێت هەستى ئەمان و دڵنیایى بدات بە نەخۆش تاکو بتوانێت قسە بکات و تێبگات کە ئەوەى دەیڵێت بە نهێنى دەپارێزرێت، بەڵام پاش ماوەیەک بۆى ئاشکرادەبێت ئەو بیرکردنەوەیە شتێکى تێۆریە و بەشێوەیەکى پراکتیکى هەموو کات ناتوانیت متمانەى نەخۆش بەدەستبهێنیت.
لە ساڵى 1977 لە ڕاگەیەندراوى هاواى کۆمەڵەى پزیشکانى دەروونى جیهانى چەند هێڵێکى ڕێنمایى گشتى دانا بۆ ئەو رەوشتانەى پێویستن لە کاتى ئیشکردن لە بوارى تەندروستى دەروونى رەچاوبکرێن، لە ساڵى 1983 لە ڕاگەیەندراوى ڤێنا و هەروەها لە 25ى ئاب ساڵى 1996 لە کۆبونەوەى کۆمەڵەى گشتى جارێکى تر پێوانە رەوشتیەکانى کارکردن تازەکرانەوە.
لە نوێکرنەوەوەى بەیانامەکەدا لە ساڵى 1996 جەختکراوەتەوە لەسەر پاراستنى ئەو نهێنیانەى کە نەخۆش بە پزیشکى دەڵێت، وەکو لە ماددەى پێنجەمدا دەڵێت: دەبێت ئەو زانیاریانەى وەردەگیرێن لەکاتى چارەسەرکردندا بە نهێنى بهێڵرێنەوە، پێویستە ئاشکراکردنیان تەنها بە مەبەستى باشکردنى تەندروستى دەروونى نەخۆشەکە بێت، لەسەر پزیشکانى دەروونى قەدەغەیە زانیارییەکان بەکاربهێنن بۆ مەبەستى شەخێى، دە+ستکەوتى ماددى و ئەکادیمى. دەکرێت زانیاریەکان تەنها لەو کاتانە بەکاربهێنرێن کە زیانێکى دەروونى و جەستەیى لەسەر نەخۆش یاخود کەسى سێهەم لەئارادایە و لەوانەیە روبدات ئەگەر نهێنیەکان ئاشکرا نەکرێن. پێویستە لەسەر پزیشکى دەروونى هەر لەسەرەتاوە نەخۆش بەرچاوڕونکەن سەبارەت بە شێوازى کارەکەیان لەم بارودۆخەدا.
نهێنیپارێزى (Confidentiality) چییە؟ واتا تایبەتمەندی ئەزموونەکانى نەخۆش و ئەو زانیاریانەى باسى دەکات وەک خۆی بهێڵیتەوە. هەروەها متمانەى نەخۆشە بەوەى ئەو زانیاریانەى باسیکردون هەمووى پارێزراون و نادرکێنرێن بۆ هیچ کەسى تر و بەهۆیانەوە توشى هیچ مەترسى و زیانێک نابێت.
یاساى گشتى: نهێنیپارێزى لە پیشەى تەندروستى دەروونیدا بەهایەکى زۆرى هەیە، چونکە لەکاتى چاوپێکەوتن نەخۆش زۆربەى زانیاریە تایبەت و نهێنیەکانى خۆى باسدەکات. پێویستە لەسەر پزیشک و چارەساز نهێنى نەخۆش بپارێزن تا ئەوکاتەى خۆى رێگەیان پێئەدات بە درکاندنى.
پاراستنی نهێنى ڕێگەیەکە بۆ دروستکردنى متمانە لەنێوان خۆت و نەخۆشەکەتدا و پاشان هاندانێتى بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا. ئەگەر خەڵکى متمانەیان پێت نەبێت، ئەوە پێناچێت ئەو شتانەت پێبڵێن کە گرنگە بە لایانەوە. لەکاتى ئیشکردن لە بوارى تەندروستى دەروونیدا ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامى نهێنیپارێزى یەکێکە لە ڕێکەوتنە بنەڕەتییەکانى کارکردن لەگەڵ نەخۆش، چونکە بە بآ نهێنیپارێزى ناتوانین چاوەڕوانى ئەوە بین نەخۆشەکانمان باسى ئەو شتە گرنگانەمان بۆ بکەن کە هەستدار و شەخێین، لەوانەیە دەرئەنجامى سامناک ڕوو بدات لە نەخۆشەکەتدا وەکو هەستکردن بە شەرمەزارى، دوورکەوتنەوە، لە هەندآ حاڵەتدا لەوانەیە ببێتە هۆى مردنى نەخۆشەکە. پێویستە لەکاتى کارکردن لە گەڵ خێزانى نەخۆش بە هەمان شێوەى کارکردن لەگەڵ نەخۆشەکان نهێنى بپارێزیت، هەروەها ئەندامە بەشداربووەکانى خێزان تێبگەیەنیت کە پێویستە ئەوانیش نهێنى یەکتر بپارێزن و ڕازی بن بەوەى قسە لە دەرەوەى چارەسەرکردنەکە نەکەن دەربارەى ئەو شتانەى گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لە چارەسەرکردنەکەدا. بۆ درکاندنى زانیاریەکانیش پێویستە هەموو ئەندامە ئامادەبووەکانى خێزانەکە ڕازی بن لەسەر ئەنجامدانى ئەو کارە. بەشێوەیەکى گشتیش نابێـت زانیارى لە رێگەى تەلەفونەوە لە نەخۆش وەربگیرێت، ئەگەر نەخۆش ئەیویست بە تەلەفۆن زانیارى گرنگ و خێرا بدات، وا باشترە رێگەى پێنەدرێت و چاوپێکەوتنێکى نزیکى بۆ رێکبخرێت بۆ ئەو مەبەستە.
هەر زانیاریەک لە میانەى پەیوەندى پیشەیى لە نەخۆش وەربگیرێت پێویستە بپارێزرێت، ئەم مافە بەردەوام دەبێت تەنانەت تاکو پاش مردنى نەخۆش. لە زۆربەى شوێن یاساى تایبەتى هەیە کە باس لە نهێنیپارێزى دەکات بەپێى بنەما یاساییەکانى پاراستنى تایبەتمەندییە کەسیەکان و بنەماکانى رەوشتى پیشەیى. نهێنیپارێزى دانامەزرێت ئەگەر هاتوو پەیوەندیەکى پیشەیى راستەقینە نەبێت لە نێوان کەسێکى کلینیکى و نەخۆش وەکو تەنها هەڵسەنگاندن.
پێویستە نهێنیپارێزى هەر لە یەکەم چاوپێکەوتن لەگەلڕ نەخۆش باس بکرێت و ماناکەى بۆ ڕوون بکرێتەوە و پێى بوترێت لە چ بارودۆخێکدا ئەتوانرآ ئەم نهێنییە بدرکێنرێت. لەم حاڵەتەتانەى خوارەوەدا دەتوانرێت نهێنى نەخۆش بدرکێنرێت:
1. لە حاڵەتى کوتوپڕ و مەترسیدارى پزیشکیدا بۆ ڕزگارکردنى ژیانى نەخۆش یاخود پاراستنى تەندروستى.
2. ئەگەر نەخۆش هەڕەشەى خۆکوشتن یا کوشتنى خەڵکانى دیکەى دەکرد و مەترسی ئەوەى لێدەکرا ئازار بە خۆی یاخود کەسانى دیکە بگەیەنێت.
3. لەپاش وەرگرتنى ڕەزامەندی نەخۆش بۆ درکاندنى زانیاریەکان، ئەگەر نەخۆش مۆڵەتى دایتآ بۆ باسکردنى زانیاریەکان وا باشترە نوسراوێک ئیمزا بکات کە تیایدا ڕازى بێت و دیاری بکات دەتوانیت کام زانیاری باس بکەیت.
4. لەکاتى وەڵامدانەوەى بڕیارى دادگا، بۆ نموونە لە کاتى تۆمەتبارکردنى نەخۆش بە تاوانێک دادگا داوابکات ئاستى ژیرى ئەو کەسە دەستنیشان بکرێت.
5. ئەگەر ئاشکراکردنى نهێنیەکان یارمەتیدەربن بۆ پاراستنى نەخۆش، دۆزینەوەى تاوانى گەورە وەکو دەستدرێژیکردن، خراپ رەفتارکردن لەگەڵ منداڵ. لەم حاڵەتەدا پێویستە رەزامەندى نەخۆش وەربگیرێت بۆ ئاشکراکردنى نهێنیەکان. بەڵام ئەگەر نەخۆش ئاشکراکردنى نهێنیەکانى رەتکردەوە، پێویستە راوێژ بە هاوپیشەیەکى بەئەزموونتر لەخۆى بکات و بگەڕێنەوەى بۆ یاسایەکانى بوارى پزیشکى لەو بارەیەوە.
6. ئەگەر نەخۆش پزیشک یان چارەسازەکەى تۆمەتبارکرد بە خراپ بەکارهێنانى پیشەکەیان، ئەوا دەکرێت زانیاریەکان دەربارەى چارەسەرکردن ئاشکرا بکەن بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە خۆیان دەربارەى ئەو تۆمەتانەى نەخۆش روبەروی کردونەتەوە.
7. لەکاتى ئیشکردن لەگەڵ نەخۆش بە شێوازى تیم دەتوانیت گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانى ترى تیمەکە ئەنجام بدەیت دەربارەى ئەوەى نەخۆشەکە باسی دەکات، چونکە ئیشکردن لە بوارى تەندروستى دەروونیدا زیاتر بە شێوازى تیمە و بۆ بەئەنجام گەیاندنى کارەکانیش بەشێوەیەکى باش پێویست دەکات هەموو ئەندامانى تیمەکە زانیارى بزانن دەربارەى نەخۆشەکە، بەلایەنى کەمەوە هەندێک لە زانیاریەکانیان پێبوترێت. دەبێت ئەو کەسەى چاوپێکەوتن لەگەڵ نەخۆشەکە ئەنجام دەدات بۆى رونبکاتەوە کە ئەوان بەشێوازى تیم کاردەکەن و پێویستە زانیاریەکان بەشدارى پێبکرێت لەگەڵ ئەندامانى ترى تیمەکە بەمەبەستى دابینکردنى باشترین خزمەتگوزارى، دەستکەوتنى پێشنیارى بەسود، بۆ ئەم جۆرە کارکردنەش پێویستە رەزامەندى نەخۆش وەربگیرێت. سەرجەم ئەندامانى تیمەکە دەبێت نهێنیەکانى نەخۆش بپارێزن ئەگەر زانیاریان پێدرابوو. هەندێک جار کێشە دروست دەبێت کاتێک پلانى چارەسەرکردن چەند پیشەیەکى جیاواز تێیدا بەشدار دەبن، لەبەرئەوەى هەریەکەیان لە بوارەکەى خۆیدا بەشێوەیەکى جیاواز مامەڵیان کردووە لەگەڵ نهێنیپارێزى.
وەرگرتنى زانیارى زیاتر دەربارەى نەخۆش:
بەشێوەیەکى گشتى دەبێت رەزامەندى نەخۆش وەربگیرێت پێش ئەوەى زانیارى زیاتر لە کەسانێکى ترەوە وەربگیرێت دەربارەى نەخۆش، تەنها کاتێک نەبێت کە نەخۆش تواناى نییە رەزامەندى بدات بۆ ئەو مەبەستە و زانیاریەکانیش گرنگن سەبارەت بەنەخۆشەکە بزانرێت. پێویستە بۆ پێدانى زانیارى بە کەسوکارى نەخۆش دەربارەى نەخۆشەکەیان هەمان یاساى سەرەوە رەچاو بکرێت ئەگەر نەخۆشەکە بێتوانابوو لە دەربڕینى رەزامەندى.
سەرچاوەکان:
1. Heartland Alliance Mental Health Promotion Training Curriculum Module – III 2005
2. Psychiatry / Oxford core texts – third edition 2005
3. Clinical psychiatry for medical students، Alan Stoudemire – third edition
4. الدلیل العملى للمرشدین النفسیین و التربویین ، اساسیات الارشاد الفردى ، الگبعە الاولى 1998 ، ترجمە : د. نادر فهمی زیود.
5. Internet (www.alriyadh.com )
لەهاوپۆلی: نهخۆشییهدهروونیهكان
« دیالۆگی نێوان ژن و مێردی کورد | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پێشنیارێک بۆ وهزارهتی تهندروستی و ئهوانهی لهبواری دهروونناسیدا کار دهکهن »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
