نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

زه‌بری ده‌روونی Psychological Trauma

ئه‌یلول 18, 2008

زەبرى دەروونی Psychological Trauma

ئاماده‌کردنی : ڕێکخراوی هارتلاند-ئه‌لایه‌نس بۆ پێداویستی مرۆیی و مافی مرۆڤ

وڵاتى عێراق پێشتر و ئێستاش یەکێک بووە لەو  شوێنانەى پڕ بووە لە کێشە و ڕوداوى هەمە جۆر. ڕۆژانە دەبیسرێت چەندین کەس توشى ڕوداوى ناخۆشى توندوتیژ ، ئیرهابى ، جەنگ ، دەستدرێژى ، ئوتۆمبیل ، کارەساتى سروشتى و چەندین ڕوداوى تر دەبن کە سەرجەمیان هۆکارى دروستکردنى زەبرى دەروونین ، بەتایبەت ئەگەر ڕوداوەکە مایەى ترس و  هەڕەشە بێت لەسەر ژیانى ئەو کەسە خۆى یان کەسێکى نزیکى. 
ووشەى زەبر ( Trauma ) لە بناغەدا ووشەیەکى یۆنانییە بە واتاى بریندارى یان زیان گەیشتن بە شانەکانى جەستە بەکاردێت ، بەڵام ئەم ووشەیە ئێستا بۆ وەێفکردنى ئەو حاڵەتە دەروونییانەش بەکاردێت ، کە تووشى کەسێک دەبێت بەهۆى ڕوداوێکى ناخۆش و توندەوە. لەم دواییانەدا خەڵکى زیاتر تێگەیشتون کە ئەم کەسانە تەنها لەڕوى جەستەییەوە زەرەرمەند نابن ، بەڵکو دەروونیشیان زیانى پێدەگات.
بەشێوەیەکى گشتى ئەو کەسانەى توشى ڕوداوى ناخۆش دەبن ، ئەو نیشانە و کاردانەوانەى لەسەریان دەردەکەوێت بەشێوەى پڕۆسەیەکى ئاسایى تێدەپەڕێت و پاش ماوەیەک بە هاوکارى کەسانى چواردەوریان دەگەڕێنەوە بارى ئاسایى خۆیان ، بێ ئەوەى پێویستیان بە ڕاوێژکردنى کەسانى تایبەتمەند هەبێت.

زەبری دەروونی چییە ؟
بریتییە لە کاردانەوەیەکی دەروونی بۆ ڕووداوێکی ناخۆشى کوتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو. هەروەها حاڵەتێکی دەروونى ناخۆش و تەنگژاوییە لە دەرئەنجامى یادەوەرییە نائاساییەکانى پەیوەندیدار بە ڕوداوێک دروست دەبێت ، ئەزموونێکی تاڵە و  زیان بە هەست و سۆزى کەسى توشبوو دەگەیەنێت.

ڕوداوى زەبراوی چییە ؟
بریتییە لە ڕوداوێکى دەرەکى توندى کوتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو، کە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر تواناى خۆگونجاندنى ئەو تاکە لەگەڵ ڕوداوەکە ، وەک ئەشکەنجەدان ، جەنگ ، تیرۆر ، کارەساتی سروشتی و دەستکرد ، ڕووداوی ئۆتۆمۆبیل،  دەستدرێژى سێکسی ، پەلاماردان ، نەشتەرگەرى ، خراپ رەِفتارکردنى ناو خێزان ، ڕاگواستنی بەزۆر ، هتد.
کامانەن ئەو ڕوداوانەى زەبرى دەروونى دروست دەکەن؟
1. کەسێک توندوتیژى بەسەر خۆى بێت یان بیبینێت یاخود بۆى باسبکرێت ، وەکو هەموو ئەو ڕوداوانەى ژیان دەخەنە مەترسییەوە وەکو لێدان و پەلاماردان ، ڕفاندن ،خراپ مامەڵەکردن ، هەڕەشەى کوشتن. هێرشى تیرۆرستى ، هێرشى خۆکوژى ، ئەشکەنجەدان ، جەنگ ، روداوى سەختى ئۆتۆمبیل ، فڕۆکە ، شەمەندەفەر.
2. نەشتەرگەرى ، ئازارى توند و کوتوپڕ ، توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.
3. ڕوداوى سروشتى ( لافاو ، بومەلەرزە ، بەفربارینى زۆر ، … )
4. لەدەستچوونى کەسێکى خۆشەویست ، شتێکى خۆشەویست ، پلەوپایە.
5. دابڕان و جیابوونەوەى نێوان ژن و مێرد ، منداڵ و دایک و باوک ، خزم و کەس.

کاریگەرییەکانى روداوى ناخۆش بەپێى ئەم خاڵانەى خوارەوە دەگۆڕێت:

o توندى و جۆرى ڕوداوەکە ،  ماوەکەى ، دوبارەبوونەوەى
o پێگەیشتویى ، تەمەن ، کەسێتى ، ئەزموونى پێشوترى کەسى توشبوو
o تێگەیشتن و لێکدانەوەى ئەو کەسە بۆ ڕوداوەکە “بەهاى ڕوداوەکە چەندە ”
o تواناى بەکارهێنانى میکانیزمەکانى خۆگونجاندن
o لایەنى رۆشنبیرى و بیروباوەڕ
o پاڵپشتى کۆمەڵایەتى

نیشانە و کاردانەوەکانى مرۆڤ بۆ زەبرى دەروونى :
1. کاردانەوە دەروونى و سۆزدارییەکان :
سەرسام بوون ، نکوڵیکردن ، هەڵچوون و توڕەبوون ، هەستکردن بە نەبوونى یارمەتى ، بێهیوایى ، خەمبارى ، خەمۆکى ، ترس و دڵەڕاوکێ ، نەوبەى تۆقین ، گۆڕانى مەزاج ، سڕبوون ، هەستکردن بە دابڕان لە چواردەور.
2. کاردانەوە ڕەفتارییەکان :
دابەزینى ئاستى چالاکى ، کەمبوونەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ، نەسرەوتى ، ماخۆلان ، زیادبوون یان کەمبوونى ئارەزوى خواردن ، تێکچوونى خەو / بێخەوى ، کەمبوونى ئارەزو و تواناى سێکسى ، زیادە بەکارهێنانى جگەرە یان ئەلکحول ، خۆلادان لەو فکر و شوێن و بارودۆخانەى کە  ڕوداوە زەبراوییەکەى بیر دێننەوە.
3. کاردانەوە جەستەییەکان :
شەکەتى و دابەزینى ووزە ، سڕبوون ، سەرئێشە ، پشت ئێشە ، تێکچوونى گەدە ، دڵتێکەڵهاتن ، ڕشانەوە ، تێکچوونى خەو ، گرژى ماسولکەکان ، زیادبوونى لێدانى دڵ ، لەرزین ، ڕاچڵەکین ، بەئاگایى زۆر ، عارەق کردنەوە ، گێژبوون.
4. کاردانەوە فکرییەکان ( هزرییەکان ) :
لاوازى تەرکیزکردن ، سەرلێتێکچوون ، زەحمەتى لە بڕیاردان ، بینینى خەوى ناخۆش دەربارەى ڕوداوەکە ، فکرى دووبارە و واسواسى دەربارەى ڕوداوەکە ، لەبیرچوونەوە ، هاتنەوەى یادەوەرییە ناخۆشەکان.
کاریگەرییە درێژخایەنەکانى زەبرى دەروونى :
ترس ، دڵەڕاوکێ ، شەڕەنگێزى ، متمانە نەکردن بە خەڵکى ، تێڕوانین بۆ ژیان بە شێوەیەکى ڕەشبینانە ، پێشبینیکردنى ڕودانى کارەساتى تر. دروست بوونى کێشە لە پەیوەندیەکانیدا لەناو خێزان و خەڵکیدا. لاوازبوونى کۆئەندامى بەرگرى لەش. ناتوانێت هەست و سۆزەکانى ڕێک بخات. هەست بەکەمى کردن ، دابەزینى تواناى فێربوون و تەرکیزکردن ، تێکچوونى خەو وەک : بێخەوى ، بینینى خەوى ناخۆش . نیشانەى جەستەیى وەکو ئازار ، هەناسە توندى ، …

کەى پێویستە داواى یارمەتى بکەیت ؟
• ئەگەر چەند هەفتەیەک تێپەڕى بەسەر ڕوداوەکەدا  و کاردانەوەکانت بەرەو خراپتر دەچوون لە جیاتى باشبوون
• هەست بکەیت نیشانەکان بەرەو باشى ناچن
• زوربەى کاتەکان سەرقاڵیت بە ڕوداوەکەوە
• خەوت تێکچووە ، خەونى ناخۆش دەبینیت
• خۆت لادەدەیت لە هەموو ئەوانەى ڕوداوەکەت بیر دەهێننەوە
• زەحمەتیت هەیە لە جێبەجێکردن و ئەنجامدانى ئەرک و چالاکى ڕۆژانە
چاکبوونەوە لە زەبرى دەروونى :
• چاکبوونەوە لە زەبرى دەروونى پرۆسەیەکى ڕۆژانەى بەردەوامە وردە وردە بەرەو پێش دەچێت.
• هەندێک لە کاردانەوە و نیشانە بەردەوامەکانى زەبرى دەروونى ئاسیین و ئەوە دەردەخەن کە مێشک و لەش ئاسایین.
• چاکبوونەوە یان ساڕێژبوون ماناى بیرچوونەوەى ڕوداوە ناخۆشەکان نییە.

چۆن لەگەڵ قەیران و ڕوداوە ناخۆشەکان خۆت دەگونجێنیت؟

• کارە ڕۆتینیە ڕۆژانەکانت بەگەڕبخەرەوە هەر چەندێک دەتوانیت ، هەروەها کاتەکانى ڕۆژت ڕێکبخە و بەپێى خشتەیەک چالاکیەکان ئەنجام بدە.
• کات دابنێ بۆ پشوو وەرگرتن و خاوبوونەوە. وەکو خەوتن و پشوودانى  تەواو لە شەودا ، بەئاگاهاتن لە کاتى ئاسایی بەیانیاندا.
• گفتوگۆ بکە لەگەڵ کەسێکدا کە متمانەت پێیەتى دەربارەى سەرجەم هەستەکانت کە پەیوەندیدارن بەو ڕوداوەى بەسەرت هاتووە وەکو هەستەکانى خۆخەتابارکردن ، شەرمەزارى ، خەمبارى ، تووڕەیی ، ترس ، دۆڕان ، نکوڵیکردن. وەرگرتنى یارمەتى لە ئەندامانى خێزان و هاوڕێیان و بەشداریپێکردنى کەسانى تر لە دەربڕینى هەستەکان کارێکى بەسودە ، شاردنەوەشیان سەرچاوەى تێکدانى تەندروستى مرۆڤن.
• ئەو شتانە ئەنجام بدە کە خۆشى بەخشن یان داهێنانیان تێدایە وەکو ( گوێگرتن لە مۆسیقا ، خوێندنەوە ، پیاسەکردن ، ڕستن ، وێنە کێشان ، کارى تەختە ، هونەرى هەڵکۆڵین ، باخەوانى ، گۆرانى و سەماکردن ، خواردن دروستکردن ، سەردانکردن ).
• وەرزشێکى گونجاوى جەستەیی  و تەکنیکەکانى خاوبوونەوە ئەنجام بدە بەشێوەیەکى ڕێک وپێک.
• سەرچاوە رۆحییەکانت بەکاربهێنە وەکو نوێژ و پارانەوە.
• ئەو خواردنانە هەڵبژێرە کە بۆ تەندروستى باشن ، ژەمەکانت با هاوسەنگى و دروستیان تێدابێت ئەگەر چى هەست بە برسێتیش نەکەى.
• کارێکى ڕۆژانەى ئاسایى ئەنجام بدە کاتێک هەست بە ناڕەحەتى دەکەیت، وەکو سەرشتن، خۆشتن، چا لێنان، بانگهێشتکردنى هاوڕێیەک.
• با پەیوەندیت لەگەڵ خەڵکانى دیکە ، و تێکەڵبوون بە هاوڕێکانت و خێزانەکەت بەردەوام بێت.
•  بەشدارى بکە لە بۆنە کۆمەڵایەتی و دینیەکاندا ، چونکە بەشداریکردن لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا یارمەتیت دەدات زیاتر بەرگەى ئەو ناڕەحەتییە بگریت ، پاڵپشتى کۆمەڵایەتیت دەست بکەوێت ، کەسانێکى تر ببینیت کە ئەوانیش ڕوداویان بەسەرهاتووە.
• بڕیار و  گۆرانکارییە سەرەکییەکانى ژیانت دوا بخە بۆ پاش کەمبوونەوەى نیشانەکان تاکو بە هەڵەدا نەکەویت و  پەشیمان بیت لە کارەکەت. چونکە ئەو نیشانانەى دروست دەبن پاش تێپەڕبوونى چەند هەفتەیەک نامێنن و کەسەکە دەگەڕێتەوە بارى ئاسایى خۆى.

 

 

ئەگەر توشى زەبرى دەروونى بوویت خۆت بەدوور بگرە لە ئەنجامدانى ئەم شتانەى لاى خوارەوە:
• وا بیربکەیتەوە ، دەرکەوتنى نیشانەکانى زەبرى دەروونى ماناى لاوازى کەسێتى دەگەیەنێت.
• هەست و سۆزەکانت دەرنەبڕیت ، بەتەنها خۆت مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکەدا بکەیت و هەوڵى چارەسەرکردنى بدەى.
• خۆلادان لە باسکردنى ڕوداوەکە ، خۆلادان لەو خەڵک ، شوێن ، فکرانەى ڕوداوەکەت بیردەهێننەوە.
• پێشبینى ئەوە بکەیت ئەو یادەوەریانەى پەیوەندیدارن بە ڕوداوەکە ، دەبێت بەزووى نەمێنن.
• چاوەڕوانى و پێشبینى زۆر لە خۆت بکەیت.
• خۆبەدورگرتن لە تێکەڵاوبوونى خەڵکى ، گۆشەگیرى .
• خواردنەوەى بڕێکى زۆر کحول ، قاوە ، یان جگەرە کێشان وەکو ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەى دڵەڕاوکێ یان هێوربوونەوە. بەکارهێنانى کحول و هەندێک لە هێمنکەرەوەکان یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەى گرفتارى و لەبیرکردنى بە شێوەیەکى کاتى ، بەڵام دواتر دەبنە هۆى دروستکردنى خەمۆکى و زیانگەیاندن بە تەندروستى ئەو کەسەو ئالودەبوون لەسەریان.
• وازهێنان لە چالاکییە دڵخۆشکەر و بوژێنەرەوەکان.
• کارکردنى بەردەوام  و خۆ ماندوو کردن بەمەبەستى لە بیرخۆبردنەوەى ڕوداوەکە.
ئەگەر کەسێکى نزیکت ڕوداوێکى ناخۆشى بەسەرهات پێویستە : 

1. بەووردى تێبینى بکەیت بۆ هەرگۆڕانکارییەک ئەگەر لەسەرى دروست بووبێت وەکو گۆڕانى هەڵسوکەوت، دابەزینى تواناى بەڕێوەبردنى ئیشوکار ، دواکەوتن لە ئیش ، وەرگرتنى مۆڵەتى نەخۆشى.
2. بزانە چەند نیشانەیەکى لەسەر دەرکەوتووە وەکو هەڵچوون ، توڕبوون ، خەمۆکى ، بێزارى ، نەبوونى تەرکیز.
3. کاتى بدەرێ قسە بکات دەربارەى ئەو ڕوداوەى بەسەرى هاتووە ، مەیپچڕێنە لە قسەکردن.
4. بەکەسەکە مەڵێ دەزانم چۆن هەست دەکەیت ، پێى مەڵێ تۆ بەختت هەبوو لەو ڕوداوە ڕزگار بوویت و نەمردیت
5. ئەوڕوداوەى توشى بووە ، بەکەمى مەزانە و بچوکى مەکەرەوە
6. سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى پێ بکە.
7. هاوکارى تەواوى خۆت بۆ کەسەکە نیشان بدە.

 

ئامادەکردنى
 ڕێکخراوى هارتلاند ئەلایەنس  بۆ پێداویستى مرۆیى و مافى مرۆڤ
heartland_education@yahoo.com

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

بۆچوونەکان


« ئاگاداری .. ئاگاداری | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | گۆڕان و گۆرانی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional