نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

نه‌خۆشیه‌ ده‌روونیه‌کان له‌نێوان شاردنه‌وه‌ و ڕاوێژکردندا

یونی 21, 2008

222.jpgنەخۆشییە دەروونییەکان لەنێوان شاردنەوە و ڕاوێژکردندا
چاره‌سه‌رسازی ده‌روونی : سه‌ڵاح حه‌سه‌ن

شێوازى پەروەردەییى لە کۆمەڵى کوردەواریدا شێوازێکى ناتەندروستە بەواتا پەروەردەییەکەى،ئەمەش پەیوەندى بەو ناهاوسەنگیەوە هەیە کە لەنێوان پەروەردەى واقیعى و دابو نەریتەکاندا هەیە، دابونەریتەکان کە سیاقێکى دوورو درێژى هەیە و بوەتە خوو، ڕۆژانە سیخناخە بەسەر تێکڕاى ڕەنگدانەوەکانى ڕەفتارماندا، لەونێوەندەدا ( ناخ ) پڕە لە شاراوەى سەیر و سەرسوڕهێنەر کە بەدەیان ( ئەکلینیکى ) سەرودەرى لێ دەرناکەن، شەرم وەکو دێوەزمەیەک لەبەردەم هەناسە قوڵەکاندا خۆى مەڵاس داوە ناهێڵێ بەڕاشکاوى منداڵان، کچان و کوڕان، دایکان و باوکان، ئەوانەى کە ناخییان نەخۆشە بدوێن، ( ناخ )یش جەستەکان دەشێوێنێ و ڕەفتارەکان لاسەنگ دەکات.
مرۆڤ کاتێک تووشى ناساغیى دەبێت، خۆشحاڵە بەزوترین کات بزانێت بە نەخۆشییەکەى بۆ ئەوەى داواى ڕاویژ و چارەسەرکردن بکات.بەهۆى بوونى چەند نیشانەیەکى ئاشکرا لە نەخۆشییە جەستەییەکاندا وەک : ئازار، تا، تێکچوونى کارى ئەندامێکى لەش، … نەخۆشەکە زوو ئاگادار دەبێتەوە و بەئاشکرا باسى دەکات و هەوڵى چارەسەرى نەخۆشییەکەى دەدات.
تەندروستى مرۆڤ تەنها لایەنى جەستەیى نییە، بەڵکو تەندروستى دەروونییش دەگرێتەوە. واتا توشبوونیشى بەنەخۆشى تەنها لەڕوى جەستەییەوە نییە، بەڵکو نەخۆشییە دەروونییەکانیش دەگرێتەوە. چۆن پێویستە لەکاتى خۆیدا داواى ڕاوێژو چارەسەر بکرێت بۆ نەخۆشییە جەستەییەکان، بەهەمان شێوەش پێویستە بۆ گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان.بەڵام بەداخەوە ئاستى ڕۆشنبیرى کۆمەڵى کوردەوارى بەرامبەر نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر کەمە و زیاتر نەخۆشییەکان دەشارنەوە و لێکدانەوەى هەڵەیان بۆ دەکەن، یان بەشێوەى نادروست داواى ڕاوێژ و چارەسەر دەکەن.
لەگەڵ بوونى ژمارەیەکى زۆر خەڵکى تووشبوو بە گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان، وەکو پێویست ئاوڕنەدراوەتەوە لەم لایەنە بە بەراورد بەنەخۆشییە جەستەییەکان لاى خودى نەخۆش، کەس وکارى نەخۆش، کۆمەڵگا، حکومەت،دەزگاکانى ڕاگەیاندن، خولەکانى ڕۆشنبیرکردن…
بڵاوى نەخۆشییە دەروونییەکان ، ناوەکانیان، چارەسەرکردنیان، شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵیان جیاوازى هەبووە لە سەدە کۆنەکانەوە تاکو گەیشتۆتە ڕۆژگارى ئێستا لەگشت کۆمەڵگا و کەلتورە جیاوازەکاندا.
شێوازى مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکان لەگەڵ تێپەڕبوونى کات لەگۆڕاندا بووە وشێوازێک جێگەى شێوازێکى ترى گرتۆتەوە، یان لەهەمان کات و هەمان کۆمەڵگا زیاتر لە شێوازێکى مامەڵەکردن هەبووە لەگەڵ نەخۆشییەکان، لەکۆندا زیاتر لە بیروباوەڕە ئاینیەکانەوە سەرچاوەى گرتبوو، بڕوایان وابوو نەخۆشەکە بەهۆى هێزێکى باڵاى سروشتەوە توشبووە یان گیانێکى دڕندە چۆتە جەستەیەوە وەکو سۆمەرییەکان، بابلییەکان، ئاشورییەکان، فرعەونەکان، هیندییەکان، ئیغریقە کۆنەکان، ئەوانەش بەگشتى لەڕێگەى کاهن و جادوگەرەکانەوە هەوڵیان دەدا ئەو هێزە بناسن کە توشى کردووە، یان ئەو گیانە دڕندەیە بکەنەدەرەوە لە جەستەى بەمەبەستى چارەسەر کردن.
لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانیشدا خەڵکى لێکدانەوەیان بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان ئاماژە کردنە بەوەى جنۆکە چۆتە لەشییەوە یان دەستى لێوەشاندووە. بۆ چلرەسەرکردنى حاڵەتەکەش، کۆمەڵیک ڕێگاى نادروست بەکاردەهێنن وەکو لێدان، بەستنەوە،جۆرى سزاىتر، بڕواشیان وایە ئەم سزایانە ئاڕاستەى نەخۆشەکە ناکرێت، بەڵکو بۆ ئەو جنۆکەیە دەبێت کە چۆتە لەشییەوە، بەڵام ئەوەى جێگەى داخە چەندین نەخۆش بۆ ماوەیەک دوادەکەون لەچارەسەر بەهۆى ئەم بۆچونانەوە.
وەکو ئاشکراشە ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ نەخۆشییە دەروونییەکان ڕەتدەکاتەوە و ئەو کارانە زیاتر لە داب و نەریتەوە سەرچاوەى گرتووە نک ئایین، لەگەڵ ئەوەى پیاوانى ئاینى ئەنجامی دەدەن.
بەڵام ئێستا نەخۆشییەکان بڵاوبوونەوەیەکى فراوانیان بەخۆوە بینیوە لەگشت وڵاتانى جیهاندا و هیچ کۆمەڵگایەک نییە گرفتارى ئەو نەخۆشیانە نەبێت.ڕێژەى بوونى نەخۆشییەکان لەشوێنێک بۆ شوێنێکىتر جیاوازە، بەڵام بۆ هەندێک نەخۆشى ئەو جیاوازیەش نییە و ڕێژەکە چونیەکە.

لەژێر ڕۆشنایى ئەو سەرژمێریانەى پەیمانگاى نیشتمانى بۆ تەندروستى ژیرى ( National Institute of Mental Health ) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەنجامى داوە ، نەخۆشییە دەروونییەکان بەشێوەیەک فراوان بوون ژمارەیەکى زۆرى خەڵک لەجیهاندا گرفتارن لەدەستیان.دەرکەوتووە 27 ملیۆن گەورە و 7.5 ملیۆن منداڵى پێگەیشتوو دەستنیشان کراون بەوەى یەکێک لە نەخۆشییە دەروونى یان ژیرییەکانیان هەیە.ئێستا هەندێک ڕیپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ژمارەى منداڵانى پێگەیشتووى توشبوو بەرزبۆتەوە بۆ ( 11 – 14 ) ملیۆن.
لەیەکێک لە دراسە روپێوییەکاندا ( مسحی ) لە ساڵى 1994 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەنجامدرا، لەلایەن (National Institute of Mental Health) بە مقابلە کردنى ( 8098 ) کەس لە ژن و پیاو لە نێوان تەمەنى ( 15 –54 ) ساڵ ، دەربارەى بوونى هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان ئەنجامەکەى بەم شێوازەبوو(*):

جۆرى نەخۆشییە دەروونییەکان لەساڵێکى دیاریکراودا % لەکاتێک لەکاتەکانى ژیان %
خەمۆکى توند 10.3% 17.%
خوگیرى لەسەر کحول 9.7 % 23.5%
ترسى نائاسایى ( نەخۆشى ) 8.8 % 11.3 %
ترسى کۆمەڵایەتى 7.9 % 13.3 %
بەکارهێنانى دەرمانى قەدەغەکراو 3.6 % 11.9 %
بێهیوابوون 2.5 % 6.4 %

خۆشبەختانە لەگەڵ بڵاوى و زۆربوونى گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان، لەبەرامبەردا باسکردنى هۆکارەکانیان بەشێوەیەکى زانستى، تایبەتمەندى نەخۆشییەکان بۆ دەستنیشانکردن، چارەسەرکردنیان ، شێوازى مامەڵەکردنى گونجاو لەگەڵیان، شێوازى خۆپاراستن لێیان، دەرچوونى چەندین کتێب و بڵاوکراوە لەو بارەیەوە، بەرەوپێشچونێکى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە .
بەڵام بەداخەوە لەکۆمەڵى کوردەواریدا تاکو ئێستا کەم و کورتى و بۆشاییەکى فراوان هەست پێدەکرێت لەم لایەنەدا و زۆرێک لەحاڵەتەکان دەستەوسانن لەبەرامبەر نەخۆشێکەیاندا و نازانن چى بکەن بۆ ئەوەى جارێکىتر بگەڕێنەوە سەر دۆخى جارانى خۆیان و هەمان تواناى بەئەنجامگەیاندنى ئەرک و کارەکانى ژیانى ڕۆژانەیان بۆ بگەڕێتەوە.زوربەى ئەو حاڵەتانەى توشى یەکێک لەنەخۆشییە دەروونی یان کێشە هەڵچونییەکان بوون وادەزانن تەنهان و کەسىتر حاڵەتى ئەوانى نییە یان بەرامبەرەکانیان لێیان تێناگەن، لەبەرئەوە زۆرێکیان حاڵەتەکەیان ئاشکراناکەن و تەنانەت هەندێک جار نکوڵى حاڵەتەکە دەکەن لەگەڵ خۆشیان، بەوەى نەخۆشى یان کێشەیەکیان هەبێت .
نموونەیەکى گونجاو لێرەدا باسى بکەم ئەوکچە گەنجە تەمەن 30 ساڵە بوو، لەیەکێک لە ڕۆژەکانى کارکردنم سەرقاڵ بووم ، کاتێک دایکێکى بەتەمەن ، لەگەڵ یەکێک لەکوڕەکانى، ئەو کچە گەنجەیان هێناوە بۆ بەشى دەروونى بۆ چارەسەرکردن. دەبینم کچێکى زۆر توڕەیە و جنێوى ناشرین بەدایک و براى و ستافى بەشەکە دەڵێت و نکوڵى دەکات نەخۆش بێت و دەڵێت بەزۆر منیان هێناوە بۆ ئێرە، کاتێک بەهێمنى پرسیارم لەدایکى کرد کچەکەت ئیشى چییە؟ ئەویش بەدەنگێکى هێواش و پڕ لەخەم وەڵامى دایەوە ووتى : دەرچووى زانکۆیە، بەڵام تائێستا دانەمەزراوە و لەماڵەوەیە. پرسیم ماوەى چەندە نەخۆشە؟ پاش هەڵکێشانى هەناسەیەکى قوڵ، وەڵامێکى زۆر سەر سوڕهێنەرى دامەوە ووتى: ماوەى ( 3 ساڵە ) نەخۆشەو لەیەک ژوردا بەتەنهایەو تێکەڵى ئێمە نابێت، لەم ماوەیەدا بۆ تەنها جارێکیش لە درگاى ماڵ نەچۆتەدەرەوە.

خوێنەرى بەڕێز خودى ئەم نەخۆشە و چەندین نەخۆشى تریش بەهۆى جۆرى نەخۆشییەکەیان بەرچاوڕون نین بەحاڵى خۆیان و نکوڵى دەکەن نەخۆش بن، تاکو داواى چارەسەر بکەن. بەڵام سەرسوڕمان لەوەدایە کەمى هوشیارى خێزانێک بەشێوەیەک بێت، سێ ساڵ کچێکى دەرچوى زانکۆ لە ژورێکدا بێت و بە تەواوى دابڕابێت لە چواردەورى و جۆرى قسە و هەڵس و کەوتەکانى تێکچوبێت بەهۆى نەخۆشییەکى دەروونى، بەڵام شەرم کردن و هۆکارەکانىتر ڕێگربن لەبەردەمیان بۆ داواکردنى چارەسەر.
خۆشبەختانە ئەم حاڵەتە پاش مانەوەى لە نەخۆشخانە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک و وەرگرتنى چارەسەر، حاڵەتەکەى بە شێوەیەکى بەرچاو بەرەو باشى چوو.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئایا دەکرێت خەم سارد بین لە بەرامبەر نەخۆشییە دەروونییەکان، لەکاتێکدا بەو ڕێژانەى سەرەوە هەبن و هۆشیارى خێزانەکانى کۆمەڵى کوردەواریشمان بەوشێوازە بێت؟ بێگومان نەخێر، ئێمەش بەو مەبەستە ئەم بابەتەمان نوسیووە، ببێتە هۆى ڕەواندنەوەى شەرم و نکوڵى کردن لاى تاک و خێزان لە بوونى نەخۆشییە دەروونییەکان، هەروەها داواکردنى ڕاوێژ و چارەسەر بۆیان لەزوترین کات.

ئەو خێزانانەى ئەندامێکى تووشبوو بە نەخۆشى دەروونییان هەیە بەچەند تێڕوانین و شێوازێکى جیاواز داواى ڕاوێژو چارەسەردەکەن:
1. داواى ڕاوێژ و چارەسەر لە پزیشکى پسپۆڕ لەبوارى جەستە بەگشت بەشەکانییەوە ( هەناوى، نوژدارى، ….. ) دەکەن.
2. داواى ڕاوێژ و چارەسەر لە پزیشکى پسپۆڕى دەروونى دەکەن.
3. داواى ڕاوێژ و چارەسەر لە پیاوى ئاینى ( شێخ، مەلا، قەشە، … ) دەکەن، یان چوونە سەر گۆڕى پیاوانى ئاینى.
4. لەناو خێزانەکەدا وتوێژ لەسەر نەخۆشییەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن ئاشکراى نەکەن و بەشاراوەى بمێنێتەوە.

زۆرینەى خێزانەکان هەوڵ دەدەن بەچونەلاى پزیشکێکى هەناوى نەخۆشەکەیان چارەسەر بکەن، لەبەرئەوەى بەلایانەوە ئاساییە ئەم سەردانە، بەڵام ئامادەنیین سەردانى پزیشکى دەروونى بکەن، لەبەرئەوەى شەرم دەکەن بەخێزانەکەیان بوترێت نەخۆشێکى دەرونیان هەیە.هەندێک خێزان پاش چوونەلاى چەندین پزیشکى بوارەکانى جەستە ئەگەر نەیتوانى سود وەربگرێت، پاشان پەنادەباتە چوونەلاى پیاوانى ئاینى، چونەسەرگۆڕى پیاوچاک، بەکارهێنانىڕێگاکانى تر، تا لەکۆتایدا بەناچارى دەچێتە لاى پزیشکى دەروونى و بەڵام زۆرجار بەم شێوازەى خوارەوە:

ا.بەشێوەیەکى نهێنى سەردانى پزیشک دەکات، تەنانەت لە کەسە نزیکەکانى خۆشى دەشارێتەوە.
ب.لەگەڵ بۆچونەکانى پزیشکى دەروونى هاودەنگ نییە و هەوڵدەدات نکوڵى واقیع بکات و بیسەلمێنێت نەخۆشەکەى لەڕوى جەستەوە نەخۆشە نەک دەروون. بەتایبەت زۆرینەى خێزانەکان داوادەکەن شیکارى تاقیگەیى بکرێت بۆ نەخۆشەکەیان بزانرێت نەخۆشى گرانەتا( تایفۆئید ) یان نەخۆشییەکى ترى جەستەیى نییە.

خوێنەرى بەڕێز بزانە :
چۆن ئەگەرى ئەوە هەیە مرۆڤ توشى نەخۆشییەکى جەستەیى ببێت وەک :نەخۆشییەکانى جگەر، دڵ، گورچیلە،سپڵ، قوڕگ، یان گرانەتا… و بۆ هەرکام لەم نەخۆشیانەش لە کتێبە پزیشکییەکاندا تایبەتمەندییەکانیان دیارى کراوە بەمەبەستى دەستنیشان کردن و چارەسەر. بەهەمان شێوە ئەگەر هەیە مرۆڤ توشى نەخۆشییە دەروونى و ژیرییەکان ببێت وەک:خەمۆکى، دڵەڕاوکێ، هیستیریا، وەسواسى، فۆبیا، نەخۆشییەدەروونىجەستەییەکان، شیزۆفرینیا، مانیا، … و بۆهەرکام لەم نەخۆشیانە لە کتێبە پزیشکییەکاندا تایبەتمەندییەکانیان دیارى کراوە بەمەبەستى دەستنیشان کردن و چارەسەر .
واتا بۆچى دەبێت خێزانەکان لایان ئاسایى بێت ئەندامێکیان نەخۆشییەکى جەستەیی هەبێت و بەزووى چارەسەرى بکەن و بەئاشکرا باسبکرێت بۆ ئەوەى خزم و کەس و هاوڕێکانى سەردانى بکەن ، بەڵام شەرم بکەن نەخۆشێکى دەروونییان هەبێت و بیشارنەوە، لەکاتێکدا هەردوکیان نەخۆشیین و پێویستیان بەچارەسەر هەیە، بەڵام لەجۆرى دووەمدا مافى کەسێک پێشێل دەکرێت و بێبەشدەکرێت لە چارەسەر.

پەلەکردن لە داواکردنى ڕاوێژ:
چۆن بزانیت پێویستیت بەیارمەتى و ڕاوێژ هەیە؟
ئەم کارە ڕاوەستاوە لەسەر توندى ئەو گرفت و نەخۆشییەى توشت هاتووە ، ئەگەر بووەتە هۆى زەحمەتى بۆت لەم بوارانەى خوارەوە ئەوا پێویستیت بەیارمەتى و ڕاوێژ هەیە:
1.شوێنى کارکردن: توانا و ئارەزوى کارکردنت وەکو پێشتر نییە و جێگەى لۆمەى خۆت و چواردەورەکەشتى لەوبارەیەوە.
2. پەیوەندى کۆمەڵایەتى: پەیوەندییەکانت لەناو خێزان و خزم و کەس و هاوڕێکانتدا گۆڕانى بەسەردا هاتووە و بەرەو کەم بوونەوە چووە و زیاتر ئارەزووى تەنهایى دەکەیت.
3. بوارەکانى ترى ژیانى ڕۆژانە: ناتوانیت ئەرکەکانى سەرشانت ئەنجام بدەیتت و دەستەوسانیت لەبەردەم ئەرکى وادا کە پێشتر بەشێوەیەکى سانا ئەنجامت داون .
باشتروایە پەلە بکەیت لە داواکردنى یارمەتى و ڕاوێژ، پێش ئەوەى کێشەو نەخۆشییەکەت زیاتر ئاڵۆزتر بێت، لەبەرئەوەى ئەم پەلەکردنە ئەگەرى لاچوونى کێشەو نەخۆشییەکەت گەورەتردەکات.

ئەگەر گومانت هەبوو لەوەى ئایا پێویستت بە ڕاوێژکردن هەیە یان نا؟ دەبێت ئەم پرسیارانە لەخۆت بکەیت:
1.ئایا هەڵچونەکانت لەزیادبوون و خراپ بووندان بەو شێوەى ببنە ئاستەنگ لەبەردەم ئیشکردن و پەیوەندییەکانت لەگەڵ خەڵکى؟ ئایا بەرەو دابِران چویت و حەز بە گۆشەگیرى بکەیت؟
2.ئایا وات لێهاتووە کەم دڵخۆشبیت، کەم ئارامى دەروونیت هەبێت، کەم متمانەت بەخۆت بێت، کەم تواناى کۆنترۆڵکردنى خۆت هەبێت، خەوت کەم بێت ؟
3.ئایا گەیشتویتە ئاستى ناڕەحەت بوون بەهۆى دەروونتەوە ؟ بەشێوەیەک بەردەوام لەبیرى ئەوەدا بیت چۆن ڕزگار بیت لەو تەنگانەیە؟ یان بێهیوا بویت و ئارەزوى مردن بکەیت؟
4.ئایا ئەندامانى خێزانەکەت،خزم و کەس، هاوڕێ نزیکەکانت هەستیان بەگۆڕانکارى کردووە لە هەڵسوکەوتتدا؟
5.ئایا توانا تایبەتیەکانت خامۆش بوون لە ڕوبەڕوبوونەوەى هەڵوێستەکاندا؟
6. ئایا مامەڵە کردنت لەگەڵ کێشەکانى ژیانى ڕۆژانەت گەیشتۆتە ئەوەى کۆڵبدەیت یان بێهیوابیت؟
7. ئایا تێڕامان و ئاگاداریت زیاتر لەسەر کەم و کورتییەکانتە یان لەسەر ئەو بارودۆخ و ژینگەى لەچواردەورتە؟
8.ئایا هەست دەکەیت بێتوانایت لەڕووى هەڵچوونەوە بۆ گۆڕینى هەڵسوکەوتەکانت و دروستکردنى گۆڕانکارى لە بارودۆخى ژیانتدا ؟
ئەگەر لەڕێگەى وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوە زانیت پێویستت بەداواکردنى یارمەتى هەیە ، دەبێت بەزوترین کات داواى ڕاوێژ و چارەسەرکردن بکەیت.

کێن ئەوانەى دەتوانیت داواى یارمەتى و ڕاوێژیان لێبکەیت و حاڵەتى خۆتیان بۆ باسبکەیت؟
1.پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى.
2.دەرونناس.
3.چارەسازى دەروونى.
4.توێژەرى کۆمەڵایەتى.
5.کەسانى ڕاهێنراو لە بوارى دەروونى.
6.تایبەتمەندى بوارى ڕێنمایى خێزان.

لە کۆتایدا تێدەگەین گرفت و نەخۆشییە دەروونییەکان مەترسیدارنین و نابێت توشى بێهیواى بین بەرامبەریان.بەڵکو وەکو نەخۆشییە جەستەییەکان چارەسەریان هەیە و پێویستە لەکاتى خۆیدا داواى ڕاوێژو چارەسەر بکەین بۆیان.هەنگاوى سەرەتاى چارەسەرکردن بە قبوڵکردنى حاڵەتەکە دەست پێدەکات، پاشان داواى ڕاوێژو چارەسەرکردن لەکەسانى تایبەتمەند بۆ دەستنیشانکردن و ناسینى حاڵەتەکە، هەروەها جێبەجێکردنى ڕێنماییەکانى ڕاوێژپێکراو، دواتر چاودێرى کردنى حاڵەتەکە لەلایەن کەس وکارى نەخۆش لە لایەک، ڕاوێژپێکراوى تایبەتمەند لەلایەکىتر.

(*) العنایە بالعقل و النفس د.دیانا هیلز و د. روبرت هیلز الگبعە الاولى 1999 ترجمە د. عبدالعلی الجسمانی .

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

بۆچوونەکان


« له‌دیدگای سۆسیۆلۆژیاوه‌ پێناسه‌یه‌ک بۆ بێئومێدی و نامۆیی مرۆڤ له‌کۆمه‌ڵگه‌دا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ڕۆڵی فاکته‌ره‌ ده‌روونیه‌کان له‌لاوازکردنی ڕه‌پ بوونی چووکی پیاواندا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional