مای 4, 2008
گوناهه گرێ و گه‌ڕان به‌دوای سزادا / به‌شی دووه‌م و کۆتایی
توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
1- هه‌ندێک له‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی که به‌ند ده‌بوون و له قۆناغه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌دا ده‌بوون زۆر به تامه‌زرۆوه پرسیاریان ده‌کرد سه‌باره‌ت به‌و ماده یاساییانه‌ی پێی به‌ند کرا بوون و ئه‌و سزایانه‌ی وه‌ریده‌گرن واته ماوه‌ی حوکمدانیان ، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌مجۆره بوون به په‌رۆش بوون بۆ ڕۆژی دادگایی کردن و ده‌رچوونی بڕیاری دادوه‌ر و به‌ند کردنیان به پێی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان دابوو ، وه‌ک ئه‌وه‌ی وێڵ بن به دوای سزادا ، له کاتێدا ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی که ڕێکه‌وت یان ڕه‌وشێکی تایبه‌تی تووشی لادانی کردبوون ، شه‌رم و په‌شیمانی و په‌رۆش بوون بۆ لێبوردن و ڕزگاربوون زۆر به سانایی به گوفتار و ڕه‌فتارو سیمایانه‌وه دیار بوو .
2- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی گوناهه گرێ وه‌ک پاڵنه‌رێکی نه‌ستی زاڵ بوو له‌سه‌ر تاوانه‌کانیان زۆربه‌یان دوای ئازاد بوون له‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ریان ده‌برد له فه‌رمانگه‌ی چاککردنی کۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان و جارێکی تر یان زیاتر له جارێک خۆیان ده‌خسته داوی یاسا ، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێته‌وه که ئه‌و نه‌وجه‌وانانه هه‌میشه ده‌گه‌ڕان به دوای سزادا چونکه به‌توندی ده‌یانناڵاند له‌ده‌ست ده‌روونه گرێ .
3- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی ده‌روونه گرێ - گوناهه گرێ – پاڵی پێوه نابوون بۆ ئه‌نجامدانی تاوان له زۆربه‌ی باردا سه‌ره‌داویان به‌جێ ده‌هێشت له‌پاش ئه‌نجامدانی تاوانه‌کانیان به‌مه‌به‌ستی ئاشکرا بوونیان ، وه‌ک ئه‌وه‌ی به ده‌ستی خۆیان خۆیان ئاشکرا بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بکرێن و ئه‌و سزایه وه‌ربگرن که ئاسووده‌یان ده‌کات و وێڵن به دوایدا .
4- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی له‌مجۆره بوون هه‌میشه هاوکار بوون له‌گه‌ڵ لێکۆڵه‌ردا و به‌سانایی زانیاریان ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه سه‌باره‌ت به تاوانه‌کانیان ، به بۆچوونی من ئه‌وانه‌ی له‌مجۆره‌ن خۆیان به نه‌خۆش و لێکۆڵه‌ر یاخود دادوه‌ر به‌و پزیشکه له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن که چاره‌سه‌ریان ده‌کات .
5- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی له‌مجۆره بوون ، له قۆناغه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌دا و له‌ناو ژووره‌کانی تێبینی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی نه‌وجه‌وانان هه‌میشه لاساری زۆریان ده‌کرد و له ڕێنماییه‌کان ده‌رده‌چوون و ده‌بوونه مایه‌ی بێزاری و سه‌ر ئێشه بۆ نه‌وجه‌وانه‌کانی هاوژووریان تاکو سکاڵایان له‌ده‌ست بکه‌ن و سزا بدرێن ، هه‌روه‌ها هه‌وڵیان ئه‌دا که‌ره‌سه‌ی زامدارکار به‌ده‌ست بهێنن به‌مه‌به‌ستی خۆ زامدارکردن وه‌ک سزا نۆشینێک .
بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ کرا با له‌م سێ نموونه‌یه بڕوانین که خۆم کاری لێکۆڵینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ نموونه‌ی دووه‌م و سێیه‌مدا ئه‌نجام داوه :
یه‌که‌م / له‌کاتی ده‌رچوونی بڕیارێکی لێبووردن بۆ ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی ماوه‌ی حوکمیان به‌سه‌ر ده‌برد له فه‌رمانگه‌ی چاککردنی کۆمه‌ڵایه‌تی له سلێمانی له ساڵی 2000 دا ، له‌دوا شه‌ودا که نه‌وجه‌وانان خۆیان ئاماده ده‌کرد که بۆ ڕۆژی دوایی ئازاد ده‌کرێن و ده‌چنه‌وه ناو که‌س و کاریان ، له‌دوا ساته‌کانی ئه‌و شه‌وه‌دا دوو نه‌وجه‌وان ده‌ست درێژی سێکسی ده‌که‌نه سه‌ر نه‌وجه‌وانێکی به ته‌مه‌ن بچوکتر له‌خۆیان له‌ناو پێشاوی به‌شه‌که‌یاندا ، بۆ ڕۆژی دوایی له‌کاتی ڕێوڕه‌سمی ئازادکردنیاندا نه‌وجه‌وانه ده‌ست درێژی لێکراوه‌که ده‌ست به‌جێ سکاڵای له دژیان تۆمار کرد و له‌پاش لێکۆڵینه‌وه دادوه‌ر سه‌رله‌نوێ حوکمی هه‌ردوو نه‌وجه‌وانه‌که‌ی دایه‌وه و بۆ ته‌نها ساتێکیش ئازاد بوونیان به خۆیان ڕه‌وا نه‌بیینی .
دووه‌م / نه‌وجه‌وانێکی ته‌مه‌ن چوارده ساڵ (ن) ، دانیشتووی یه‌کێک له شارۆچکه‌کانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی بوو ، ئه‌م هه‌رزه‌کاره دزی له ماڵێکی دراوسێی خۆیان کردبوو له‌کاتێکدا ئافره‌تی ئه‌و ماڵه به میوانداری له ماڵی (ن) ده‌بێت و هاوسه‌ره‌که‌یشی له بازاڕ بووه ، دزیه‌که‌ش بریتی بوو له بردنی بڕی 30000 دینار له جۆری دراوی 25 دیناری چاپی سویسری ، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م دراوه له‌و ده‌مه‌دا و به‌چه‌ند ساڵێک پێش تریش مامه‌ڵه‌ی پێنه‌ده‌کرا و ڕژێمی دیکتاتۆری ئه‌وکاتی عێراق به بڕیارێک له‌کارپێکردنی خستبوو به‌ڵام له کوردستان ئه‌و که‌سانه‌ی له‌مجۆره دراوه‌یان هه‌بوو زۆربه‌یان له ماڵه‌کانیاندا هه‌ڵیانگرتبوو به‌و ئومێده‌ی له پاشه‌ڕۆژدا بکه‌وێته‌وه بازاڕ وه له‌کاتی ئه‌م ڕووداوه‌شدا ئه‌م دراوه به ئاڵوگۆڕ له‌گه‌ڵ دراوه‌کانی تر (ده‌یی و پێنجی) نرخێکی زۆر که‌می ده‌کرد ، (ن) کاتێک ئه‌م پڕه پاره‌یه له ماڵه‌که ده‌هێنێته ده‌ره‌وه و ده‌یبات به‌ره‌و بازاڕی پاڕه گۆڕینه‌وه له شارۆچکه‌که‌یاندا ، (ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێڕامان و سه‌رنج ڕاکێشانه) هه‌ر له‌به‌رده‌می ماڵه‌که‌وه هه‌تاکو بازاڕ نزیکه‌ی 24000 دیناری لێبه‌خشیبوو به مناڵانی گه‌ڕه‌ک و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگایدا پێیگه‌یشتبوون ، بڕێکیش له‌و 24000 دیناره‌ی فڕێ‌دا بوو هه‌ر له‌به‌رده‌می ماڵه‌که‌وه هه‌تا بازاڕ ، کاتێک ده‌گاته بازاڕ ته‌نها بڕی6000 دیناری پێده‌مێنێ ، ده‌یگۆڕێته‌وه به دراوی پێنجی و ده‌یی به نرخێکی هێجگار که‌م .
سێیه‌م / نه‌وجه‌وانێکی ته‌مه‌ن پانزه ساڵ (م) دانیشتووی یه‌کێک له گه‌ڕه‌که چڕه‌کانی شاری سلێمانی بوو ، به شێوازێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره دزی له دوکانێکی جگه‌ره فرۆشتن کردبوو له بازاڕی جگه‌ره فرۆشانی سه‌روو مزگه‌وتی گه‌وره ، بڕی جگه‌ره دزراوه‌کان بریتی بوو له دوو کارتۆن جگه‌ره، ئه‌م ڕووداوه له به‌ره‌به‌یانێکی زۆر زوودا ڕوویدابوو پێش بازاڕ کردنه‌وه ، (م) ده‌ست به‌جێ جگه‌ره‌کان ده‌گوێزێته‌وه بۆ دوکانێکی لاکۆڵان له نزیک ماڵی خۆیان ، پاش دوو کاژێر که بازاڕ ده‌کرێته‌وه ، (م) دێته‌وه هه‌مان بازاڕی جگه‌ره فرۆشان و به‌ناوجگه‌ره فرۆشه‌کاندا ده‌گه‌ڕێت و ڕایده‌گه‌یه‌نێت که دوو کارتۆن جگه‌ره‌ی هه‌یه و له مامه‌ڵه‌دا ئه‌و نرخه‌ی ده‌یڵێت زۆر هه‌رزانتره له‌چاو نرخی بازاڕدا .
ئه‌م سێ نموونه‌یه که پاڵنه‌ری نه‌ستی ڕۆڵێکی گرنگی بینیوه له لایه‌ک له ئه‌نجامدانی تاوانه‌کان ، له لایه‌کی تره‌وه له خۆ ئاشکرا کردن به مه‌به‌ستی ده‌ستگیرکردنیان، ته‌نانه‌ت (م) له‌سه‌روبه‌ندی لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا له‌سه‌ر تاوانی ئاماژه بۆکراو ، زۆر به سانایی و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گوشارێکی بخرێته سه‌ر دانی به دوو تاوانی دزی تردا نا که پێشتر‌و له کاتی جیاوازدا ئه‌نجامی دابوو ، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌ی هاوار من تاوانبارم سزام بده‌ن… سزا .
● ● ●
لێره‌دا پرسیارێک دێته پێشمان ، ئایا ئه‌و پێوه‌ره چیه که تاک ڕه‌فتارو گوفتاره‌کانی خۆی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌ودا لێک ده‌داته‌وه تاکو به گوناه یاخود به به‌دی له‌قه‌ڵه‌م بدات یان به پێچه‌وانه‌وه به په‌سه‌ند و چاکی له‌قه‌ڵه‌م بدات ؟ وه ئایا بۆ ئه‌و پێوه‌ره ته‌نها یه‌ک سه‌رچاوه هه‌یه یاخود ده‌شێت فره سه‌رچاوه بێت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین ئه‌و پێوه‌ره ویژدانه یاخود ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دادیه مۆراڵیه‌ی که‌سێتیه که به زاراوه ده‌روونناسیه‌که‌ی به خۆمه‌کی باڵا - superego – ناسراوه و پێک هاتووه له ( منی نموونه‌یی + ویژدان ) ، که جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوانه . کاتێک باوان ( دایک و باوک ) له ڕێگای پاداشت و سزاوه ئه‌رێ و نه‌رێکانیان ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر خودی مناڵ‌دا که بێگومان باوانیش له ئه‌نجامی ئه‌رێ و نه‌رێکانی باوانی خۆیان له‌سه‌رده‌می مناڵی و قۆناغه‌کانی تری پاش مناڵی و له ده‌رهاویشته‌ی دابونه‌ریت و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵیه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه یاخود له کولتوری کۆمه‌ڵگاوه ئه‌و پێوه‌ره‌یان لاخوڵقاوه. واته باوان هه‌وڵی گوێزانه‌وه‌ی خۆمه‌کی باڵای خۆیان ئه‌ده‌ن بۆ وه‌چه‌کانیان ، ئه‌وه‌ی باوان به چاک و خێری ده‌زانن هانی مناڵه‌کانیان ئه‌ده‌ن بۆ دووپاتکردنه‌وه و ڕه‌فتارپێکردنی یاخود پاداشتی مادی یان مه‌عنه‌ویان ده‌که‌ن ، وه ئه‌وه‌ی ئه‌وان به هه‌ڵه و گوناهی ده‌زانن ڕێ له ئه‌نجامدانی ده‌گرن یاخود سزای مادی یان مه‌عنه‌ویان ئه‌ده‌ن . به‌م شێوه‌یه له‌ڕێگای پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و گۆشکردنی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دادییه‌ی باوان وه‌ک چاودێرێک ده‌گوێزرێته‌وه بۆ تاک و تاکه‌که وای لێدێت دوور له باوانیش کردار‌و ڕه‌فتاره‌کانی خۆی بخاته به‌ر لێکدانه‌وه‌ی ویژدانی و لێره‌دا ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی که به پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ی (ده‌سه‌ڵاته‌ی) که جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوانه خراپ و نه‌شیاوه ده‌که‌وێته‌وه لێپرسینه‌وه له خودی تاکه‌که و تووشی هه‌ستکردن به گوناه یان ژانی ویژدان یان گوناهه گرێی ده‌کات . ده‌شێت جگه له باوان ( وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک ) ده‌سه‌ڵاتی تریش هه‌بێت که کار له داڕشتنی پێکهاته‌ی ویژدانی تاکدا بکات وه‌ک ( هاوڕێ یاخود کۆمه‌ڵی هاوه‌ڵ ، مامۆستایانی قوتابخانه ، پیاوانی ئایینی ، پارتی سیاسی و … هتد ) ، وه ڕه‌نگه ئه‌م کارتێکردنه‌ش به ئه‌ندازه‌یه‌ک بێت که ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ببنه جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوان به تایبه‌تی لای ئه‌و تاکانه‌ی که له خێزانی ناڕێک و ناته‌با یان پڕئاژاوه و بێسه‌روبه‌ر یان بێ لێپرسینه‌وه‌دا گه‌شه یاخود زینده‌گی ده‌که‌ن. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری تیرۆریستی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که کرده‌وه‌ی خۆکوژی و له‌هه‌مان کاتدا خه‌ڵک کوژی ئه‌نجام ئه‌ده‌ن ( ئه‌گه‌ر ده‌ستگیر بکرێن پێش ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه ) ، ئه‌وا بێگومان چه‌ندین نموونه‌مان چنگ ده‌که‌وێت که ئه‌م ڕاستیه بسه‌لمێنن که بوونی گوناهه گرێ له ده‌روونی ئه‌و تیرۆریستانه‌دا هانده‌ری سه‌ره‌کی ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی خۆکوژی بێت لایان ، کاتێک لاوێک ده‌که‌وێته داوی پارتێک یان گرووپێکی ئیسلامی سیاسی توندڕه‌وه‌وه ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌رله نوێ بینای ویژدانی بۆ داده‌ڕێژنه‌وه ، به‌جۆرێک که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌بێته میراتگری ده‌سه‌ڵاتی باوان و ژینگه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی ، ئیدی ئه‌م لاوه‌که چاک و خراپ ، خێروشه‌ڕ ، ڕه‌ش وسپی ، له‌به‌ر تیشکی ئه‌و پێوه‌ره نوێیه‌دا له مه‌حه‌ک ئه‌دات ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته توندڕه‌وه به‌چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر لاوه‌که تووشی گوناهه گرێ ده‌که‌ن به‌و پێودانگه‌ی هه‌رچی ئه‌و کردوویه‌تی و وتوویه‌تی له ڕابردوودا هه‌مووی ناڕاست و گوناهو تاوان بووه ( چجای ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌که له ڕابردوودا کرده‌وه‌ی پێچه‌وانه‌وه‌و دژ به‌م پێوه‌ره تازه‌یه‌ی بۆی داڕێژراوه ئه‌نجام دابێت وه‌ک په‌یوه‌ندی سێکسی .. مه‌ی خواردنه‌وه .. هتد ) ، هه‌ربۆیه کاتێک گه‌نجه‌که له‌م ڕه‌وشه نوێیه‌دا باکگراوه‌ندی ڕه‌فتاره‌کانی خۆی له‌به‌ر تیشکی ئه‌و پێوه‌ره نوێیه‌دا ده‌پێوێت ئه‌وا خۆی زۆر به گوناهبار ده‌بینێت و ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که سزا نۆشین باشترین ده‌رمانی ئه‌م گوناهباریه‌یه ( له کاتێکدا وه‌های تێده‌گه‌یه‌نریت که ئه‌و سزا نۆشینه شه‌هاده‌ته و جگه له‌وه‌ی که له هه‌موو گوناهه‌کانی پاک ده‌بێته‌وه ، پاداشتیش ده‌کرێت له‌لایه‌ن خوداوه ) . ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مان پره‌نسیپی گه‌ڕان به دوای سزادانی خود- دا ، که ئه‌م کرده‌وه تیرۆریستیانه - خۆ کوژیانه - ترۆپکی ئه‌و سزا نۆشینه‌یه .
===== ============== ======
په‌راوێزه‌کان :
(1) چه‌پاندن - الکبت - پرۆسه‌یه‌کی نه‌ستیه ، واته پرۆسه‌یه‌که به‌بێ ویست و ئیراده‌ی تاک ڕووئه‌دات ، تیایدا ئه‌و پاڵنه‌رو به‌سه‌رهات و یاده‌وه‌ری و ڕووداوانه له هه‌سته‌وه دوور ده‌خرێنه‌وه بۆ نه‌ست که ده‌بنه مایه‌ی دڵه‌ڕاوکێ و په‌شێوی و هه‌ستکردن به که‌مسه‌ری یان گوناه یان شوره‌یی بۆ تاک .
(2) کینه کێشی - الغیرة - هه‌ستێکی به ئازاره بۆ ده‌روون ، دیارده‌یه‌که له دیارده‌کانی ڕه‌فتاری مناڵ که له‌ئه‌نجامی بوونی کۆسپێک له‌به‌رده‌م کۆششی مناڵ له به‌ده‌ستهێنانی شتێکه‌وه په‌یدا ده‌بێت ، جا ئه‌و شته خۆشه‌ویستی دایک و باوک بێت یان سه‌رنج ڕاکێشانی ده‌وروبه‌ر یان …هتد . گه‌لێک جار به‌هۆی شێوازی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌وه له‌لایه‌ن دایک و باوکه‌وه ئه‌م هه‌سته تاو ده‌ستێنێ و له قۆناغه‌کانی داهاتووی ژیانی تاکدا وه‌ک دیارده‌یه‌کی ڕه‌فتاری زه‌ق ده‌رده‌که‌وێت .
(3) نه‌ست - اللاشعور – که پێیشی ده‌گوترێت ژیری ناوه‌کی ، بریتیه له‌و کۆمه‌ڵه فاکته‌روپرۆسه و پاڵنه‌ره چه‌پێندراوانه‌ی که کار له ڕه‌فتاری تاک ده‌که‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ‌بکات . هه‌ست و نه‌ست دوو ناوچه‌ی دابڕاو نین له‌یه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی دوو نهۆم بن له‌سه‌ر یه‌ک ، به‌ڵکو دوو سیفه‌تن که وه‌سفی فاکته‌رو پرۆسه ده‌روونیه‌کانیان پێده‌کرێت .
(4) ده‌روون شیته‌ڵی - التحلیل النفسي – ڕێبازێکه له ڕێبازه‌کانی چاره‌سه‌ری ده‌روونی که ئامانجی گه‌ڕانه به‌دوای سه‌رچاوه‌ی په‌شێویه‌کان ” الاضطرابات” له‌نێو خورپه هه‌ڵچوونیه‌کان و به‌سه‌رهات و پاڵنه‌ره چه‌پێندراوه‌کانی سه‌رده‌می قۆناغی مناڵی ، تاکو نه‌خۆشه‌که یان که‌سه په‌شێوه‌که خۆی دان به بوونیاندا بنێت و له نه‌سته‌وه بیانهێنێته‌وه هه‌ست له‌ڕێگه‌ی چه‌ندین شێوازی وه‌ک وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئازاد ، شرۆڤه کردنی خه‌ونه‌کان و … هتد .
(5) کرده سه‌پێنراوه‌کان - الافعال القسریـة – مه‌به‌ست له‌و کردار‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌یه که وێڕای ده‌رک کردنی تاک به پڕوپوچیان به‌ڵام هه‌ر ئه‌نجامیان ئه‌دات به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام وه‌ک بژاردنی دارته‌ل ( عمود ) ی کاره‌با له‌کاتی پیاده ڕه‌ویدا یان فره‌بارکردنه‌وه‌ی ده‌ست شتن یاخود به‌کارهێنانی ووشه‌یه‌ک یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک به‌شێوازێکی به‌رده‌وام له‌کاتی ئاخاوتندا ، یان چه‌ند جار ده‌ست لێدان له ده‌رگا به‌مه‌به‌ستی دڵنیابوون له داخستنی یان وه‌ک له نموونه‌که‌ی (س) دا هاتبوو و … هتد .
(6) ئاماده‌گی نه‌ستی - استعداد لاشعوري - واته ئاماده‌گیه‌که تاکه‌که په‌ی به‌بوونی نابات و نازانێت چۆن کاری له ڕه‌فتاری کردووه ، هه‌روه‌ها ئاماده‌گیه‌کی چه‌پێندراوه .
(7) قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵی - مدرسة التحلیل النفسي - دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م قوتابخانه‌یه زانای مه‌زن و ده‌روونناس و پزیشکی نه‌مسایی سیگمۆند فرۆید بوو ، سه‌ره‌تای ئه‌م ڕێبازه به چاره‌سه‌رکردنی ده‌روونیانه‌ی هه‌ندێک نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌ستی پێ‌کرد ، پاشان بووه تیۆرێک و سیستمێکی سایکۆلۆژی وه‌ها که کاریگه‌ری گه‌وره‌ی خوڵقاند نه‌ک ته‌نها له سایکۆلۆژیا به‌ڵکو له‌هه‌موو زانسته مرۆییه‌کان و هونه‌ره‌کانیش وه‌ک کۆمه‌ڵناسی و په‌روه‌رده و سیاسه‌ت تا ده‌گاته وێژه و هونه‌ر و مێژووی ژیاری مرۆڤایه‌تی و … هتد . ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌وه ناسراوه که { جه‌خت له‌سه‌ر کاریگه‌ری فاکته‌رو پاڵنه‌ره نه‌ستیه‌کان ده‌کات له‌سه‌ر ڕه‌فتاری مرۆڤ – بایه‌خدانێکی زۆر به لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌سێتی ئاسایی و نائاسایی هه‌ربۆیه به ده‌روون شیته‌ڵی ده‌گوترێت زانستی که‌سێتی – جه‌خت کردن له‌سه‌ر کاریگه‌ری و مه‌ترسی قۆناغی مناڵی له داڕشتنی که‌سێتی تاکدا – جه‌خت کردنه‌وه‌ی زۆرله‌سه‌ر چه‌مکی ڕه‌مه‌ک (غریزة) ی سێکسی – فرۆید یه‌که‌م که‌س بوو هه‌وڵیدا په‌یڕه‌وێکی زانستیانه له لێکدانه‌وه‌ی خه‌وندا پیاده بکات و تیۆرێکیشی له‌مباره‌یه‌وه داڕشت – جه‌خت کردنه‌وه له یه‌کانگیری مرۆڤ واته جه‌سته و ده‌روون ته‌واوکاری یه‌کترن } .
* تێبینی ووشه‌ی گوناهه گرێ به‌رامبه‌ر ( عقدة الذنب ) به‌کارهاتووه .
* بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته سوودم له‌م دوو سه‌رچاوه‌یه وه‌رگرتووه :
1- اصول علم النفس ، د. احمد عزت راجح .
2- مبادئ علم النفس الفرویدي ، کالفن – س . هول ، تعریب دحام الکیال .
لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان
« گوناهه گرێ و گه‌ڕان به‌دوای سزادا / به‌شی یه‌که‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ناوبانگ و خودناسین »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
