مارش 23, 2008
جن بەرپرسیارە لە نەخۆشیە دەروونیەکان؟
د. ئەفرام محمد حسن /پسپۆری نەخۆشیە دەروونیەکان
جن وەکو بونەوەرێک زۆر جار لە لایەن مرۆڤەوە بە بەرپرس دادەنرێت لە سەرهەڵدانی نەخۆشیە دەروونیەکان یان هەرگرفت و رەفتارێکی تاک کە نامۆ بێت و نەتوانرێت راڤەیەکی تەواوی بۆ بکرێت لەبەر هۆیەک یان هۆیەکی تر .
زۆرن ئەوانەی پژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کاسپیە دەبەنە سەر و سادەو ساویلکەیی تاکی گرفتدار یان سادەیی کەس وکاری دەقۆزنەوەو برێک پارە لە تاک دەسەنن بەناوی ئەوەی جن چۆتە لە شی نەخۆشەکەوە، ئەوان جنەکە دەردەکەن و هەندێ جار داوای خواردن و دەکەن بۆ جنەکان و هەندێکی تریان بەدار لە نەخۆشەکە دەدات و هەندێکی تر تاک دەداتە بەر کارەباو بەناوی ئەوەی جنەکان دەسوتێنێ و هەندێکی تر بەلێدان لە سەرو پەلى نەخۆش بە بەکارهێنانی دار و دەستی موبارەکیانەوە لاشەی نەخۆش شین ومۆر دەکەنەوە و قوربانیەکانیان رۆژانە لە کلینیکی پزیشکە دەرونیەکان و نەخۆشخانەکاندا بەدەم ئازاری جەستەو دەروونەوە دەنالێنن.
رەنگە هەندێ هاولاتی باس لەوە بکات فلانە کەس چاک بۆتەوە ئەوی تر نەیتوانیوە قسەبکات و پاش سەردانی بۆ لای فلانە شێخ یان مەلا کەوتۆتەوە قسەکردن و هەندێکی تریان بەشێک لە قارەمانێتیەکانیان بلاودەکەنەوە لە رێی سی دی و گوایە توانیویانە ئەم نەخۆشانە چاک بکەنەوە ماوەیەک پێش ئێستا هەندێ لەو کاسێتانەیان بۆ هێنام کە پالەوانەکەی کاکی چارەسەرەو قوربانیەکەی تاکێکی بەسەرزمان و ئەوەی لە دیمەنانەدا سەرنجی راکێشام ئیستغلال کردنى سادەیی هاولاتیانە و ئاوازلێدانە لە ژێی ئاینی ئەو هاولاتیانەو بەکارهێنانی ئایینە دوور لەجێی خۆی، ئەوەی ئەو برادەرانە شانازی پێوە دەکەن هەموو پزیشکێک پاش خوێندی بکالۆریۆس رۆژانە چەند حالەتێکی وا چارەسەر دەکات لە ماوەی چەند خولەکێکداو بەبێ ئەوەی کەسیان لە نەخۆش بدات و ئازاری جنیش نادەن و کەسیان سی دی و دی ڤی دییان بڵاونەکردۆتەوە چونکە گەر وابکەن هەریەکەیان پێویستیان بە کۆمپانیایەکی بەرهەم هێنان دەبێت.
لێرە جێی خۆیەتی بپرسین ئایا جن هەیە یان نا؟
گومان نیە لەوەی گەر وەڵامی زانستی ئەم پرسیارە بدەینەوە زۆر گرانە چونکە جن ناچێتە ژێر تاقیکردنەوەی مرۆڤەوەو ناتوانرێت بە هیچ ئامێرێک ببینرێت یان بپێورێت بەڵام وەکو باوەرێکی ئایینی گومان لەوەدا نییە کەجن هەیە و ژیانی تایبەتی خۆیان هەیە و موسلمان و بێ باوەریشیان هەیە لە قورئاندا بە ووردی باس لەم راستیانە کراوە لە سورەتی جندا ، بۆیە پێویستمان بەوە نییە یەکێک بێت و دینداریمان پێ بفرۆشی وەکو ئەوەی کەس لە راستیەکانی ئایین ئاگاداری نەبێ . ئەوەی جێی پرسیارە ئەو بەرێزانە دواى ئەوەی ئەو جنانە لە لەشی تاکی نەخۆش دەردەکەن جی لێدەکەن ؟ دەیکەنە لەشی یەکێکی ترەوە ( بە چ حەقێک ) یان برەودانە بە کاسپی ؟ یان بەرەلای دەکەن ؟ هەندێکیان هەڵدەستن بە کوشتنیان بە پێی ووتەى خۆیان ، جێی خۆیەتی بپرسین کێ رێگەی داوە بەتۆ کەجن بکوژیت کە بونەوەرێکی خوای گەورەیە لە چ شوێنێکی ئیسلامدا سزاى بۆ جن داناوە گەر چووە لەشی مۆرڤەوە دەبێ بکوژرێ ؟ گەر ئەم کوشتنانەی ئێوە راست بێ پێویستە دادگا سزاتان بدات بە کوشتنی ئەو هەمو جنانە !!
لەکوێى زانستدا یان ئایندا هەیە کە جن بە لێدان دەمرێ ئەو دارو کارەباو نەعل و زلانەی ئێوە بە چ رێگەیەک جن دەکوژێ ؟ هەر بۆ زانیاریتان لە قورئاندا وا وەسفی جن دەکات کە خاوەن جولەیەکی زۆر خێرایە کاتێک جولەی مار بە جن دەشوبهێنی ( تهتز وکانها جان) واتە جولەیان لەمار خێرا ترە لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو بەرێزانە بیر بکەنەوە تۆ بلێ خواى گەورە جنی هێندە بێ دەستەلات دروست کردبێ نەتوانێ لە زلەو نەعل و داری ئەوان خۆی لابدات لە کاتێکدا جن بەو جۆرە لە قورئاندا وەسف کراوە؟!
من وەک پزیشکێک کە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بواری نەخۆشیە دەروونیەکاندا کار دەکەم نەم دییوە و نەم بیستوە هیچ کام لە حالەتەکانی زوهان وەکو شیزۆفرینیا یان شادی بوون یان وەهم کە پێناسەی زانستی ئەو نەخۆشیانەیان بەسەردا بچەسپێ لە لای هیچ شێخ و مەلایەکی ئەم وولاتە چاک بوبێتەوە ئەوەی کە دەبینرێ تەنها چەند حالەتێکی نیۆرۆسسە وەکو هستریا کە ئێستا پێی دەلێن کۆنڤێرشنەل دسئۆردەر و خەمۆکی و دلەراوکێ ئەمەش کەس ناتوانێ نکوڵی لێبکات لاى ئەو کەسانەو لای کەسانی تریش کە باوەریان بە ئایین نییە هەزارەها حالەتی وا چاک بوەتەوە ئەوانیش ناتوانن ناوی ئەو حالەتانە بنێن کە جنی هەیە تەها حالەتی هستریا نەبێ کە زۆر جار نەک کارمەندانی تەندروستی بەلکو هاولاتیەک برێک رۆشنبیری تەندروستی هەبێ دەزانێ ئەم حالەتە چیەو چارەسەریشی دەزانێ.
ئەوەی لە کۆتادا دەمەوێ بیلێم ئەوەی ئەو بەرێزانە ناوی دەنێن جن لە دنیای زانستدا بە تێکچونی ئاستی وەرگرەکانی مێشک دەناسرێ زیاتر لە بەلگەیەکی زانستی هەیە کە جۆرە دەرمانێک هەیە گەر بدرێت بە تاک بەو بەرێزانەشەوە پاش ماوەیەک گوێیان لە دەنگە دەنگ دەبێ کە کەسانی تر گوێیان لێنیە و شتی نائاسایی دێتە بەر چاویان و ئەوەی لە دنیای زانستدا پێی دەلێن هەلوەسە ( لای ئەو بەرێزانەش پێی دەلێن جنی) ، هەروەها گەر یەکێک ئەم حالەتەی هەبێ بە وەرگرتنی هەندێ دەرمان کە پێیان دەلێن دژە سایکۆسس ئەم نیشانانەیان نامێنێ. کەواتە دەتوانین بلێین حەبى یەکەم بریتیە لە جن و دەچێتە لە شی تاکەوە و حەبی دووەم بکوژی جنە!! . خوایەگیان ئەمە قسەى من نیە بەلکو هەولێکە بۆ راڤەی بۆچونێ ئەوانەی کە بوونی نەخۆشی دەرونی دەدەنە پاڵ جن.
ماڵپهڕی دهروونناسی
لەهاوپۆلی: نهخۆشییهدهروونیهكان
« دیمانهیهک لهگهڵ توێژهری دهروونی سامان سیوهیلی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | گهشهی کۆمهڵایهتیانهی مناڵ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
