فێبرایهر 7, 2008
دەرخستنى هاوسۆزى لە چارەسەرکردنى دەروونیدا
ئامادهکردنی: چارهسهرسازی دهروونی :
سهڵاح حهسهن
نهخۆشخانهی سلێمانی / بهشی دهروونی
تواناى دەرخستنى هاوسۆزى بریتیى نییە لە ئیمتیازێک تەنها تایبەت بێت بە کەسانى باش و بۆ مەبەستى باش بەکاربێت ، بەڵکو هاوسۆزى دەتوانرێت بەکاربهێنرێت لەلایەن کەسانێکى خراپیشەوە ، چونکە هەر کەسێک توانى بەتەواوى لە ناخى بەرامبەرەکەى تێبگات ، بەئاسانى دەتوانێت بۆ مەبەستى جیاواز جیاواز بەکارى بهێنێت.مرۆڤەکان بەگشتى ، بەشداری دەکەن لە کێشەکانى چواردەوریاندا بە هەڵوێست و تێگەیشتنى جیاواز ، بە دەربڕینى سۆز و بەزەیى ، بە نیشاندانى هاوسۆزى ، بە پێشکەشکردنى یارمەتى ، هەروەها …..بەڵام دەرخستنى هاوسۆزى لە کاتى ئەنجامدانى دانیشتن لەگەڵ نەخۆش ، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان تاکو نەخۆش هەست بکات پزیشکەکەى یاخود چارەسازەکەى هەست بە کێشەو گرفتەکانى دەکات و ئامادەیە هاوکارى بکات ، ئەم جۆرە هەستکردنە بۆ مرۆڤ لەلایەنى دەروونى زۆ گرنگە ، بەتایبەتى کاتێک بیەوێت ناخى خۆى دەرببڕێت بۆکەسى بەرامبەر.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لە جیاوازى نێوان سۆز و بەزەیى لەگەڵ نیشاندانى هاوسۆزى ، هەروەها کامیان پێویستە بۆ چارەساز یان کارمەندى دەروونى ، زیاتر دەچینە ناو باسکردنى بابەتەکەوە.
سۆز یان بەزەیى (Sympathy ) چییە ؟
بریتییە لە بوونى بەزەیى یان سۆز بۆ کەسێک یان بۆ ئەو حاڵەتەى هەیەتى، یاخود نیشاندانى هاودەنگ بوون یان کۆکبونێکى سادە لەگەڵ کەسێک دەربارەى ئەو کێشەى قسەى لەسەر دەکات لەڕێگەى بەڵێ کردنێک یان وتنى چەند وشەیەکى سادە وەک “ڕاست دەکەیت منیش دەڵێم بەوشێوەیە”.
هاوسۆزى ( Empathy ) چییە ؟
دەتوانین هاوسۆزى بەم خاڵانەى خوارەوە پێناسە بکەین:
• بریتییە لە تێگەشتن لەو حاڵەتەى کەسێک یان خێزانێک هەیەتى ، پاشان بتوانیت ئەو تێگەیشتنەت بۆ کەسى بەرامبەر پەرچبکەیتەوە یاخود نیشان بدەیتەوە بە شێوەیەکى گونجاو .
• بریتییە لە هەستکردن بە هەستى کەسێک یان خێزانێک دەربارەى ئەو کێشە یان قەیرانە تایبەتەى کە هەیانە. گرنگ نییە تۆ هاوڕایت لەگەڵ کەسى بەرامبەرت یان نا ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تێبگەیت لە هەستەکانى.
• بریتییە لە هەستکردن بەکێشەى بەرامبەرەکەت بەوشێوەى بزانیت کێشەى خۆتە ، بەواتایەکى تر خۆت بخەیتە جێگەى کەسى بەرامبەر بۆئەوەى تێبگەیت لە بیرو بۆچون و هەست و واتا تایبەتەکانى دەربارەى ئەو کێشەى کە هەیەتى ، پاشان بتوانیت ئەو تێگەیشتنەت بۆ کەسى بەرامبەر نیشان بدەیتەوە.
• تێگەشتنە لەو شتە شاراوانەى لە پشت ووتەو هەستەکانى کەسى بەرامبەرن لە ڕێگەى گوێگرتنى باش و تێبینیکردنى وورد ، پاشان پەرچکردنەوەیان بۆ خودى کەسەکە خۆى ، وەکو ئەوەى تۆ ئاوێنەیەک بیت بۆ ئەوکەسە.
• بریتییە لە ڕازیبوون و ڕێگەدان بەهەموو هەستەکانى نەخۆش کاتێک دەریدەبڕێت ، ڕێگەدان بە هەموو ئەو وەێفانەى دەیدات بەحاڵەتەکەى دوور لەپچڕان و وەستاندنى لە قسەکردن. هەروەها هاوسۆزى نیشاندەدرێت لە ڕێگەى گوێگرتنێکى چالاکانە و دەرخستنى خۆشحاڵى بۆ بەرامبەرەکەت لەوکاتەى لەگەڵیدا دانیشتویت.
جۆرەکانى هاوسۆزى :
1. هاوسۆزى سروشتى یان ( بناغەیى ) :
بریتییە لە تایبەتمەندییەکى ئەدگارى ( سروشتى ) مرۆڤ ، لە هەموو مرۆڤێکدا بەپلەى جیاواز دەردەکەوێت. هەروەها توێژینەوەکان دەریان خستووە کە هاوسۆزى سروشتى لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونى مرۆڤدا ئەویش گەشە دەکات. ( Alligod، 1992).
2. هاوسۆزى پیشەیى یان فێرکراو :
بریتییە لەو هاوسۆزییەى چارەسازى دەروونى یان کارمەندى دەروونى فێرى دەبێت و زیادى دەکات بۆ سەر ئەو هاوسۆزییە سروشتییەى کە هەیەتى . هەروەها بریتییە لە ئامڕازێک یان شارەزاییەک بە شێوەیەکى بەئاگایانە بەکاردێت بۆ دەستکەوتن و گەیشتنە دەستێوەردانى چارەسەرى گونجاو.( Pick،1990).
هاوسۆزى سروشتى هەر تاکێک لە ئاستێکى بەرزدا بێت ، ئەوا دەتوانێت هاوسۆزى پیشەیى باشتر وەربگرێت ، دەتوانێت بەچاکى لە نەخۆش تێبگات و کارى لەگەڵ بکات. بەڵام هاوسۆزى سروشتى هەر کەسێک لە ئاستێکى نزمدا بێت ، ناتوانێت بە چاکى هاوسۆزى پیشەیى دەربخات بۆ نەخۆش. توێژینەوەکان نیشانیانداوە ، کە دەربڕین و دەرخستنى هاوسۆزى بە تایبەت لە سەرەتاى پەیوەندى دروستکردندا ، هۆکارێکى گرنگە بۆ دەستکەوتنى ئەنجامێکى باش.
لە ڕوانگەى پێناسەکانەوە بۆمان دەرکەوت ، کە هاوسۆزى زیاترە لە سۆز و بەزەیى بۆ کەسێک ، زیاترە لە دەرخستنى هەستێکى روکەش بۆ کەسى بەرامبەر ، زیاترە لە ڕشتنى چەند فرمێسکێکى کاتى. ئەگەر بمانەوێت هاوسۆز بین لەگەڵ کەسێک ، پێویستە هەوڵبدەین بەوردى لەسەرجەم هەستەکانى تێبگەین و دنیا بەچاوەکانى ئەو ببینین ، پرسیار لەخۆمان بکەین ئەگەر ئەو کێشەیە بەسەر ئێمە بهاتایە چۆن بیرمان دەکردەوە ، چۆن هەستمان دەکرد. هاوسۆزى وادەکات بتوانیت بە کەسێک بڵێیت ” دەزانم مەبەستت لە چییە ” لەکاتێکدا لەوانەیە تۆ هەمان کێشەکانى ئەوت بەسەرنەهاتبێت لە ڕابردودا.
مرۆڤ بەگشتى لەزۆربەى هەڵوێستەکانى ژیاندا پێویستە هاوسۆزى نیشان بدەن بۆ بەرامبەرەکانیان نەک دەربڕینى سۆز و بەزەیى. بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە جیاوازى نێوان دەرخستنى هاوسۆزى و دەربڕینى سۆز و بەزەیى نموونەیەک باس دەکەین . ئەگەر کەسێک لە رۆژێکى باران و سەرمادا لەسەر شەقامێک بڕوات ، هەموو لاشەى تەڕبوبێت و پەلەى بێت بگاتە شوێنێکى وشک و گەرم ، ئالەم کاتەدا کەسێکى نابینا ببینێت ، بەتەنهایە، لە حاڵەتێکى زۆر ناهەمواردایە و دەیەوێت لە شەقامەکە بپەڕێتەوە ، بەڵام کەسى لەگەڵدا نییە ، ئۆتومبیلەکان بوارنادەن بپەڕێتەوە و سەرەڕاى ئەوەش بەخێراى دەڕۆن و قوڕاوى سەرجادەکەشى پێ هەڵدەپڕژێنن. ئەم کەسە ئەگەر بەلاى نابیناکەدا بڕوات و سۆز و بەزەییەکى زۆرى بۆ دەرببڕێت بە وتنى چەند وشەیەک ” وەى توخوا کە گوناهە ، دەستم بشکێت بۆت ،.. چەندین ووتەى تر” نەیتوانى هیچ سودێک بگەیەنێت بە نابیناکە، ئەم هەڵوێستە بریتییە لە دەربڕینى سۆز و بەزەیى. بەڵام ئەگەر ئەو کەسە کاتێک نابیناکەى بینى، دەستبەجێ لە فکرى خۆیدا خۆى خستە شوێنى نابیناکە و هەستى کرد خۆى نابینایە و بەو شێوەیە تەڕبووە، سەرمایەتى، لە بارودۆخێکى خراپدایە ، لێرەدا حەز دەکات کەسێک بێت چى بۆ بکات ، پێویستە خۆشى هەمان شت بکات بۆ نابیناکە ، کە ئەویش بریتییە لە” دەستگرتنی نابیناکە و پەڕاندنەوەى لە شەقامەکە و گەیاندنى بە شوێنێکى وشک ” بەم کارەى توانى سودێکى باش بگەیەنێت بە نابیناکە ، ئەم هەڵوێستەش بریتییە لە دەرخستنى هاوسۆزیى .
قۆناغەکانى دەرخستنى هاوسۆزى لەکاتى ئەنجامدانى دانیشتن لەگەڵ نەخۆش :
قۆناغ یەکەم : کاتێک نەخۆش باس لە حاڵەتێکى گرنگ و بێزارکەرى دەروونى دەکات ، چارەساز پێویستە یەکەم جار ووتەکانى وەربگرێت و تێبگات لە پەیوەندییەکەى ، ئەویش لە ڕێگەى خۆ خستنە شوێنى نەخۆشەکە. ئەمە ماناى ئەوە ناگەیەنێت چارەساز دەبێت هەمان کێشەى نەخۆشەکەى بەسەرهاتبێت یان هەمان هەستى نەخۆشەکەى هەبێت.
قۆناغ دووەم : لەم قۆناغەدا چارەساز دەبێت جارێکى تر بگەڕێتەوە شوێن و ڕۆڵى پیشەیى خۆى ، پاشان بتوانێت ئەو تێگەیشتنەى بەشێوەیەکى باش نیشان بە نەخۆشەکە بداتەوە. ئەم تێگەیشتنەى چارەساز ئاوێنەیەکە تاکو نەخۆشەکە خۆى تیا ببینێت و گۆڕانکارى دروست بکات بە مەبەستى دەستکەوتنى ئەنجامێکى باش.
ڕێگاکانى دەرخستنى هاوسۆزى بە شێوەیەکى باش :
1. لەڕوى جەستەییەوە بەرامبەر نەخۆش و نزیک دابنیشێت ، کەمێک بچەمێتەوە بۆ پێشەوە لە شێوەى گۆشەیەکى بچوکدا ، دەستەکانى بە شێوەى کراوە دابنێت .
2. لەڕوى سۆزدارى و دەروونییەوە ئامادەبێت دوور لە سەرقاڵبوون و خەیاڵ ڕۆیشتن بۆلاى ئیشکردن ، دەبێت تەنها تەرکیزى لەسەر نەخۆش بێت ، ووریابێت لەسەر هەموو ئەو شتانەى نەخۆشەکە دەیڵێت یاخود دەیکات.
3. چالاکانە گوێبگرێت ، کاردانەوەى هەبێت بۆ سەرجەم پەیوەندییە زارەکى و نازارەکییەکانى نەخۆش. هەروەها حەز و ئارەزو نیشانبدات بۆ تێگەیشتن لەو شتانەى نەخۆش ئاماژەیان پێ دەکات.
4. ئاماژە بدات بە هەستەکانى نەخۆش لە کاتى قسەکردنەکاندا ، تەرکیز بکاتە سەر خاڵە بەهێزەکانى.
5. ئەو خاڵانە هەڵبژێرێت ، کە بەلاى نەخۆشەکەوە جێگەى مەبەستن و هەوڵى باسکردنیان دەدات .
6. پەیوەندییە زارەکى و نازارەکییەکانى لەگەڵ یەکتردا گونجاوبن و دژى یەکتر نەبن.
7. پەیوەندییەکى کاریگەر لەگەڵ کەسى بەرامبەر ڕێکبخات ، بەو شێوەى ئاماژەبێت بە تێگەیشتنت لە پەیامەکانى.
دەرخستنى هاوسۆزى شێوازى جۆراوجۆرى هەیە و دەتوانرێت بەپێى حاڵەتەکان نیشان بدرێن. بۆ نموونە ئەگەر نەخۆشێک لەکاتى دانیشتنەکەدا دەستى کرد بەگریان بەهۆى ئەو کێشە یان نەخۆشییەى هەیەتى ، لێرەدا پێویستە چارەساز ( دەستێک بدات لەسەرشانى ” ئەگەر گونجا ” ، کلێنکسێکى بداتێ فرمێسکەکانى پێ بسڕێت ، پێى بڵێ گریان لەم جۆرە حاڵەتانەدا شەرم نییە و بەڵکو هۆکارێکى یارمەتیدەرە تاکو هەستە ناخۆشەکانتى پێ دەرببڕیت ). ئەگەر نەخۆشێکى تر هێماى خەمبارى و دڵتەنگى لەسەر دیاربوو ، چارەساز دەتوانێت پێى بڵێت دەبینم بێزارو خەمباریت ، ئایا دەتوانیت قسەم بۆ بکەیت لەو بارەیەوە؟ ، ئەم رستەیە وا لە نەخۆشەکە دەکات هەست بکات چارەسازەکەى لە کێشەکەى تێگەیشتووە ، هەست بە ئازارەکانى دەکات ، ئامادەیە هاوکارى بکات.
کاتێک نەخۆش قسە دەکات ، وەکو نموونەى ئەوە سەیرى بکە بەڕێگەیەکدا دەڕوات و هەندێک جار لە ڕێگاکە لادەدات و دەڕوات بەرەو دارستانێک ، پیایدا دەگەڕێت و قاچى لە بەردەکان دەخلیسکێت ، بە دۆڵەکاندا تێدەپەڕێت ، بەلاى کانییەکاندا گوزەر دەکات و شتى نوێ ئاشکرا دەکات. هەندێک جار دەگەڕێتەوە هەمان ئەو شوێنەى لێیەوە دەستى بە ڕۆیشتن کرد. لێرەدا چارەساز یان ڕێنمایکارى دەروونى پێویست نییە لەسەرى بەتەواوى شوێنکەوتەى ئەو کەسە بێت یان بە تەواوى خۆى بە ڕێنیشاندەرى بزانێت ، بەڵکو هەندێک جار پێویست دەکات شوێنى بکەوین هەندێک جار پێویست دەکات رێنیشاندەرى بێت.
بەڵام زۆربەى کات پێویستە چارەسازى دەروونى شان بەشانى نەخۆشەکە هەنگاو بنێت ، بڕوات بۆئەو شوێنەى ئەو هەڵیدەبژێرێت ، ئەو شتانە ئاشکرابکات کە ئەو مەبەستێتى ، بەرامبەر نەخۆش گەرم وگوڕبێت، هاوسۆزبێت ، کراوەبێت ، دیاریکراوبێت ، ڕاستگۆبێت ، جێگیربێت ، گرنگى پێ بدات. بەم ڕێگایانە دەتوانێت متمانە لە نێوان خۆى و نەخۆشدا دروست بکات.
هەوڵ بدات بەو شێوەیە بیر بکاتەوە و هەست بکات کە نەخۆش بیرى پێدەکاتەوە و هەستى پێدەکات ، کاتێک نەخۆش دەگەڕێت بەناو کێشەکانیدا بەمەبەستى ئاشکرا کردنیان و دۆزینەوەى چارەسەرەکان ، با دەستى لەناو دەستى بێت و لە سەرجەم جوڵەکانیدا شان بەشانى بڕوات ، گوێ لە هەموو ووتەکانى بگرێت ، هەڵوێستەکانى بەرامبەر نەخۆش شێوازى دادگایى کردن لەخۆ نەگرێت ، بەتایبەت لەو کاتانەى بەهاکانیان جیاوازن و لەگەڵ هەڵسوکەوتەکانى هاوڕانییە. ئەمەى باسکرا تەواو ماناى دەرخستنى هاوسۆزییە بۆ نەخۆشەکەت ، دروستکردنى ژینگەیەکى پڕ متمانە و ئارامە تاکو نەخۆشەکەت هەست بە ئاسودەیى بکات ، بزانێت گرنگى پێدەدرێت ، بتوانێت دەربارەى سەرجەم نهێنییەکانى ژیانى ، شتە تایبەتەکانى ، هەستە گرنگەکانى قسە بکات کە پێشتر نەیتوانیوە لاى کەسى تر ئەوانە بدرکێنێت.
بە تێگەیشتنمان لە هەستەکانى کەسێک ، زیاتر بەرچاوڕوون دەبین لە دیاریکردنى ئەو جۆرى یارمەتییەى پێویستێتى. کاتێک دەتوانین بەکەسێک بڵێین ” لێت تێدەگەم ” یان ” هەست بە هەستەکانت دەکەم ” یان ” تێدەگەم لەوەى لە ناختدایە ” ئەگەر کەسێکى هەستدار بین ، بەباشى گوێبگرین ، بە ووردى تێبینى بکەین.
سەرچاوەکان:
1. الدلیل العملى للمرشدین النفسیین و التربویین ، اساسیات الارشاد الفردى ، الگبعە الاولى 1998 ، ترجمە : د. نادر فهمی زیود.
2. Psychiatric Mental Health Nursing ، Second Edition 2000
3. Heartland Alliance Mental Health Promotion Training Curriculum Module – III 2005
4. Internet
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: نهخۆشییهدهروونیهكان
« بهکارهێنانی ئهلکهول و مادده هۆشبهرهکانی تر / بهشی یهکهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئایا کۆنترۆڵت ههیه بهسهر کۆنترۆڵی تهلهفیزیۆنهکهتدا ؟ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
