ئاب 1, 2007
گرێی ده‌روونی كۆمه‌ڵێكی تێكه‌ڵاوه له بیره‌وه‌ری و ڕووداوی چه‌پێندراو(١) كه بارگاوین به هه‌ڵچوونی به‌هێزی وه‌ك : ترس ، تۆقاندن ، تووڕه‌بوون ، بێزلێكردنه‌وه ، ڕق لێبوون ، كینه‌كێشی (ئیره‌یی)(٢) ، هه‌ستكردن به كه‌مسه‌ری یان گوناه .
گرێی ده‌روونی ئاماده‌گیه‌كی نه‌ستی چه‌پێندراوه كه شێوازی ناوازه له ڕه‌فتار و هه‌ست و بیركردنه‌وه ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر تاكدا .
ده‌روونه گرێ ڕه‌نگه له خورپه‌یه‌كی هه‌ڵچوونیه‌وه دروست بێت یان له‌چه‌ند به‌سه‌رهاتێكی پڕ ژان و ئازاری فره‌باربووه‌وه یان له‌ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌یه‌كی ناڕێك و چه‌وتی سه‌رده‌می مناڵیه‌وه وه‌ك : سه‌ركوتكردن و ترساندنی زۆر ، نازدانی زۆر ، گوناهباركردنی زۆر به‌جۆرێك ئه‌و هه‌سته له مناڵ‌دا بخوڵقێت كه هه‌ر ڕه‌فتارێك ئه‌و ئه‌نجامی ئه‌دات هه‌ڵه‌یه و گوناهباره ، … هتد . ئه‌م شێوازه چه‌وتانه له په‌روه‌رده‌دا ده‌بنه هۆی خوڵقاندنی سۆزی ڕوخێنه‌ر و وێرانكه‌ر له ده‌روونی مناڵ‌دا وه‌ك هه‌ستكردن به دڵه‌ڕاوكێ .. گوناه .. كه‌مسه‌ری .. ڕقاوی بوون .. كینه‌كێشی . ئه‌م هه‌ست و سۆزانه‌ش بارێكی گران دروست ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ده‌روون بۆیه ده‌چه‌پێندرێن و له نه‌ستی(٣) مناڵه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه ، له‌ئاكامدا گرێیه‌ك یان چه‌ند گرێیه‌كی ده‌روونی لێده‌كه‌وێته‌وه .
ده‌روونه گرێ ئاماده‌گیه‌كی نه‌ستیه ، كه‌سی هه‌ڵگری گرێكه په‌ی به بوونی و به سه‌رچاوه‌كه‌ی نابات ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كات ته‌نها شوێنه‌وار و كارتێكه‌ره‌كانی گرێكه‌یه له‌سه‌ر ڕه‌فتار و هه‌ست و جه‌سته‌ی وه‌ك ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی هه‌راسانی ده‌كات یان ئه‌و په‌شێویانه‌ی تووشی فه‌رمانه‌كانی گه‌ده یان دڵ یان هه‌ناسه و … هتد- ی ده‌بن .
گرێی ده‌روونی مانای نه‌خۆشی ده‌روونی ناگه‌یه‌نێت هه‌روه‌كو خه‌ڵكی ئاسایی لێكی ئه‌ده‌نه‌وه ، وه مه‌رج نیه هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵگری گرێی ده‌روونی بێت ئه‌وا تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌بێت ، به‌ڵكو بوونی گرێی ده‌روونی زه‌مینه خۆشكه‌رێكه بۆ تووش بوون به نه‌خۆشی ده‌روونی ئه‌گه‌ر فاكته‌ری تر بۆ تووش بوون ئاماده‌یی هه‌بێت وه‌ك بۆماوه یان هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و … هتد . ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه بۆ كردنه مه‌ترسیدارترین گرێ و ڕێخۆشكه‌رترینیان بۆ تووش بوون به نه‌خۆشی و په‌شێویه‌كانی كه‌سێتی ئه‌و گرێیانه‌ن كه له‌سه‌رده‌می مناڵیدا دروست ده‌بن به تایبه‌تی له‌ئه‌نجامی په‌یوه‌ندی مناڵ له‌گه‌ڵ باوانیدا .
ئه‌و توخمانه‌ی ده‌روونه گرێ پێك ده‌هێنن ڕه‌نگه به‌ته‌واوی یاخود به‌شێكی له بیری كه‌سه گرێیاویه‌كه بچێته‌وه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا ، به‌ڵام له‌زۆر باردا ئه‌وه‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه بریتیه له وورده‌كاریه‌كانی ئه‌و بابه‌ته یان ئه‌و ڕووداوه یان ئه‌و توخمانه‌ی ده‌روونه گرێیه‌كه‌یان پێك هێناوه .
گرێی ده‌روونی یان به‌ناوی ئه‌و هه‌ڵچوونه‌وه ناوزه‌د ده‌كرێت كه زاڵه به‌سه‌ر باره ده‌روونیه‌كه‌دا وه‌ك ( گوناهه گرێ ) ، ( گرێی كینه‌كێشی ) ، یاخود به‌ناوی ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆته ته‌وه‌ری گرێكه ناوزه‌د ده‌كرێت وه‌ك ( گرێی دایك كه ناو ده‌برێت به ئۆدیبه گرێ ) ، ( گرێی باوك ) ، ( گرێی باوه‌ژن ) ، ( گرێی قابیل – برا گه‌وره‌كه‌ی هابیل- ) و به‌مجۆره .
نموونه‌یه‌ك بۆ ده‌روونه گرێ :
خانمێكی لاو ( د ) مامۆستا بوو ، وه‌ك سروشتی خۆی هێمن و گۆشه‌گیر بوو ، ئه‌م خانمه هه‌رچه‌نده به ته‌نها بوایه له ژووره‌كه‌یدا ڕووبه‌ڕووی ترسێكی یه‌كجار به‌تین ده‌بووه‌وه له‌وه‌ی كه‌سێك له‌پشتیه‌وه یان له په‌نایه‌كی ژووره‌كه‌یدا خۆی حه‌شار دابێت ، ناچار زوو زوو ئاوڕی ده‌دایه‌وه بۆ پشته‌وه‌ی خۆی و به‌ملاولادا ده‌یڕوانی ، هه‌تا به‌ترسه‌وه ده‌كه‌وته پشكنینی په‌ناو پاساری ژووره‌كه‌ی . هه‌رچه‌نده ( د ) دانی به پڕوپوچی ئه‌م كرده‌وه سه‌پێنراوه‌ی خۆیدا ده‌نا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆی به ناچار ده‌زانی كه به‌م كرده‌وانه هه‌ستێت چونكه بۆی ده‌بووه ده‌رچه‌یه‌ك له‌و ترسه به‌تینه‌ی تووشی ده‌هات .
كاتێك ( د ) خرایه ژێر پشكنین و شیته‌ڵی ده‌روونیه‌وه(٤) و دوای ئه‌وه‌ی له‌مێژووی ژیانی كۆڵرایه‌وه ، توانرا ده‌ستنیشانی هۆكار و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گرێ ده‌روونیه‌ی بكرێت كه له‌ئه‌نجامی ڕووداوێكی ترسناكی سه‌رده‌می مناڵیه‌وه له‌ده‌روونی ( د ) دروست بوو بوو ، پوخته‌كه‌شی ئه‌مه‌یه : ( كاتێك ( د ) مناڵ بووه خوشكێكی گه‌وره‌ی سزای داوه ، سزاكه‌ش بریتی بووه له به‌ندكردنی ( د ) له‌ناو پێشاو – w.c – ێكی تاریكی ماڵه‌وه‌یاندا … ده‌رگای پێشاوه‌كه‌ی له‌سه‌ر داده‌خات و به‌ته‌نها جێی ده‌هێڵێ و بۆخۆیشی ماڵه‌وه جێده‌هێڵێ و له‌و ده‌مه‌شدا ماڵ كه‌سی تری لێنابێت . ( د ) تووشی ترسێكی یه‌كجار به‌تین هاتووه ، له‌ترساندا هه‌میشه ئاوڕی به‌ملاولای خۆیدا داوه‌ته‌وه له‌ناو ئه‌و پێشاوه تاریكه‌ی بۆی كراوه‌ته به‌ندیخانه ) .
ئه‌م ڕووداوه كه ( د ) به‌ته‌واوی له‌بیری چووبۆوه ، كاتێك هاته‌وه یادی له‌و دانیشتنه چاره‌سه‌رسازیه‌دا تووشی خورپه‌یه‌كی به‌تین هاته‌وه . لێره‌دا ئه‌و ترسه چه‌پێندراوه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو له نه‌ستی ( د ) دا شاراوه و خۆی حه‌شار دابوو و كاری له‌ڕه‌فتاری كردبوو لێی جودا بۆوه و ئه‌و كرده سه‌پێنراوه‌ی(٥) هه‌میشه پێی هه‌ڵده‌ستا له‌ئه‌نجامی بوونی ئه‌م گرێیه‌وه ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه نه‌ما .
گوناهه گرێ :
جۆرێكه له گرێ ده‌روونیه‌كان . ئاماده‌گیه‌كی نه‌ستیه(٦) كه هه‌ستكردنێكی ناوازه به گوناهباری ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر تاكدا یاخود ناچاری ده‌كات كه هه‌ستێت به كرده‌وه‌ی هه‌مه‌جۆر له ئازاردان و سزادانی خودی خۆی یان بێنرخكردن و كه‌مڕاگرتنی خودی خۆی وه‌ك باجدانێك بۆ ئه‌و گوناهانه‌ی پێی وایه ئه‌نجامی داوه .
ئه‌م گرێیه له‌سه‌رده‌می قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای مناڵیه‌وه دروست ده‌بێت له‌ئه‌نجامی شێوازی په‌روه‌رده‌یی چه‌وته‌وه كه تیایدا زیادڕه‌وی ده‌كرێت له سه‌زه‌نشت كردن وگوناهباركردن و سزادانی مناڵ‌دا به‌جۆرێك ئه‌و هه‌سته لای مناڵ دروست بكرێت كه گوناهباره له هه‌موو كردار و ڕه‌فتارێكدا ، یاخود به گه‌وره‌كردنی هه‌ڵه‌كانی مناڵ و بێنرخكردنی ڕه‌فتاره چاكه‌كانی ، ئه‌م شێواز و مامه‌ڵه هه‌ڵه‌یه‌ش به‌ڕۆڵی خۆی ده‌بێته هۆی شێواندنی ویژدان ( ویژدان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌روونیه‌یه كه ڕه‌خنه‌مان لێده‌گرێت و سزامان ئه‌دات هه‌ركاتێك لاماندا له ویسته‌كانی ئه‌و ) به‌جۆرێك قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌م ویژدانه شێواوه به‌سه‌ر تاكدا وه‌های لێدێت كه له‌سه‌ر شتی پڕوپوچ و هه‌ڵه‌ی ئاسایی ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر جوڵه‌یه‌كیش له‌تاكه‌كه ده‌پرسێته‌وه و سزای ئه‌دات . هه‌روه‌ها هه‌مان ویژدانی پیس بوو زیادڕه‌وی ده‌كات فه‌رمانكردندا به‌سه‌ر تاكه‌كه‌دا ، چ فه‌رمان پێكردن بۆ ئه‌نجامدان یاخود ڕێگرتن له ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك ، به‌چه‌شنێك خاوه‌نی ئه‌م ویژدانه پیسبووانه زۆر له‌خودی خۆیان ئه‌پرسنه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو كردار و گوفتارێك ، زۆر نیگه‌ران ده‌بن له كرده‌وه‌كانیان یاخود له بیركردنه‌وه‌كانیان ، بچوكترین هه‌ڵه‌ی خۆیان به گوناهێكی گه‌وره له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن كه‌لێخۆشبوونی نه‌بێت ، سه‌رزه‌نشتی خودی خۆیان له‌سه‌ر كرده‌وه‌ی وه‌ها ده‌كه‌ن كه له‌لای خه‌ڵكی ئه‌و كرده‌وه‌یه ئاساییه‌و شایسته‌ی سه‌رزه‌نشت كردن نیه ، هه‌میشه هه‌ستێكی نادیار هاوه‌ڵیان ده‌كات به‌وه‌ی گوناهبار و خراپه‌كارن . تاك له‌مبارانه‌دا هیچ ده‌رباره‌ی بنه‌چه و بنه‌مای ئه‌م هه‌سته نادیار و شاراوه‌یه‌ی نازانێت . له‌مباره‌دا به‌و جۆره كه‌سانه ده‌گوترێت گوناهه گرێیان هه‌یه .
ده‌شێت گوناهه گرێ جگه له قۆناغی مناڵی و له‌ژێر كاریگه‌ری خێزان ، له‌قۆناغه‌كانی پێشه‌وه تری ژیانی تاكدا دروست ببێت له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌زگا و ڕێكخراو و گروپی تردا . گوناهه گرێ جیاوازه له‌هه‌ستكردنێكی ئاسایی به به‌گوناهباری كه له‌ئاكامی ئه‌نجامدانی ڕه‌فتارێكه‌وه ده‌خوڵقێت كه ویژدانمان ڕه‌زامه‌ند نیه پێی . له گوناهه گرێدا هه‌ستكردن به‌گوناهباری هه‌ستێكی ناوازه‌یه به شه‌رم و سوكایه‌تی و بێزكردنه‌وه له خود ، ئه‌م هه‌سته ناوازه‌یه‌ش ده‌رهاویشته‌ی ویژدانێكه كه توندوتیژی و سه‌ركوتكردنی زۆر په‌كی خستووه و نه‌یهێشتووه گه‌شه بكات و پێبگات ، بۆیه هه‌ر به ویژدانێكی مناڵانه ماوه‌ته‌وه‌و لێپرسینه‌وه له تاكێكی گه‌وره ده‌كات هه‌روه‌كو چۆن ئه‌و تاكه له‌سه‌رده‌می مناڵێتی خۆیدا له‌سه‌ر شتی پڕوپوچ لێیپرسراوه‌ته‌وه . ئه‌و ده‌مانه‌ی ئه‌و ویژدانه نه‌گه‌ییوه هاوبه‌ند بوو له‌گه‌ڵ ئاره‌زوو و سۆزی چه‌پێندراو و ڕێگه‌پێنه‌دراوی وه‌ك : ڕق لێبوونه‌وه له باوك یان برا ، كینه‌كێشی له برای بچوك و به‌ئاوات خواستنی مردن بۆی ، ئاره‌زووی سێكسیانه له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه له‌ڕووی په‌یوه‌ندی خێزانیه‌وه قه‌ده‌غه‌و ڕێگه پێنه‌دراو و نه‌شیاو بێت و … هتد . ئه‌وا له‌مبارانه‌دا گوناهه گرێ زۆر تاو ده‌ستێنێ و توند‌وتیژتر خۆی ده‌نوێنێت .
گوناهه گرێ و گه‌ڕان به‌دوای سزادا :
كاتێك مناڵێك هه‌ڵه‌یه‌ك ئه‌نجام ئه‌دات دوور له‌چاوی باوانیه‌وه ئه‌وا ئه‌و مناڵه ده‌كه‌وێته بارێكی دڵه‌ڕاوكێ و نائارامیه‌وه ، ئه‌م باره نائاساییه لای مناڵه‌كه كۆتایی پێ نایه‌ت هه‌تاكو له‌به‌رده‌م باوانیدا دان به‌گوناهه‌كه‌یدا نه‌نێت و سزای خۆی وه‌رنه‌گرێت ( هه‌ر جۆرێكی سزا بێت ) . هه‌ندێك جار ئه‌و ڕه‌فتاره‌مان له‌مناڵدا به‌دی كردووه كاتێك دایكی له ژوورێكی تره یان له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵه مناڵه‌كه كه‌لوپه‌لێكی به‌نرخی ناوماڵ ده‌شكێنێت ، ئیدی ئه‌و مناڵه ئۆقره‌ی لێهه‌ڵده‌گیرێت ، كاتێك دایكی دێته‌وه بێ سێ و دوو به‌ره‌وڕووی دایكی ده‌چێت و به‌شپرزه‌ییه‌وه ئاگاداری ده‌كات ، هه‌ندێك جار په‌نا بۆ درۆ ده‌بات و ده‌ڵێت خۆی شكا یان پشیله‌كه شكاندی یان ئه‌م كاره ده‌خاته ملی برایه‌ك یان خوشكێكی بچوكتر له‌خۆی . كاتێك دایكه‌كه لێی ئه‌دات یان سه‌رزه‌نشتی ده‌كات ئیدی ئارامی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌روونی مناڵه‌كه . به‌هه‌مان شێوه كه‌سی تووشبوو به گوناهه گرێ ناتوانێت باری شانی خۆی سووك بكات له‌و هه‌سته شاراوه‌یه‌ی به‌گوناهباری كه هاوه‌ڵی ده‌كات و فشارێكی قورسه له‌سه‌ر ده‌روونی ، ناچار په‌نا بۆ ده‌روازه‌یه‌ك ده‌بات كه ئارامی پێببه‌خشێت ، ئه‌ویش له ڕێی سزادانی خودی خۆیه‌تی یان به‌ده‌ربڕینێكی تر له‌ڕێی سزا نۆشینه‌وه‌یه . ئه‌م سزا نۆشینه‌ش یان له‌لایه‌نی مادیه‌وه یان مه‌عنه‌ویه‌وه یاخود له‌ڕێگای هه‌ردووكیانه‌وه ده‌بێت . بۆ نموونه ئه‌م جۆره كه‌سانه خۆیان تێوه ده‌گلێنن له كێشه‌و گیروگرفتی دارایی یان پیشه‌یی یان خێزانیه‌وه كه تیایاندا كه‌سه‌كه هیچی چنگ ناكه‌وێت جگه له‌ده‌رده‌سه‌ری و ئه‌شكه‌نجه و ناوزڕان و ماندووبوون. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ئه‌م كه‌سانه توڕه‌یی و شه‌ڕه‌نگێزی كه‌سانی تر یان كۆمه‌ڵگا له‌خۆیان ده‌وروژێنن ئه‌ویش له‌ڕێگای ئه‌نجامدانی تاوانه‌وه ، وه هه‌ركاتێك له‌م كه‌ناڵانه‌وه سزای وه‌رگرت ئه‌وا ئارامی پێده‌به‌خشرێت و ئه‌و په‌شێوی و شپرزه‌ییه‌ی لێی ده‌ترسێت تووشی بێت ده‌ڕه‌وێته‌وه . له‌م باره‌دا ڕه‌فتاری كه‌سی تووشبوو به گوناهه گرێ وه‌ها به‌رجه‌سته ده‌بێت كه هه‌میشه پێویستی به سزادانی خودی خۆی هه‌بێت .
سزای مادی وه‌ك ئه‌نجامدانی تاوان یاخود گیرۆده‌بوون به ماده هۆشبه‌ره‌كان یان خۆزامداركردن به‌چه‌قۆ و گوێزان و ئامێری تر یان فه‌رامۆشكردنی لایه‌نی ته‌ندروستی خۆی و خۆچاره‌سه‌رنه‌كردن و … هتد .
سزای مه‌عنه‌ویش وه‌ك ئه‌نجامدانی هه‌ر ڕه‌فتارێك كه ببێته مایه‌ی له‌كه‌داربوون و ناوزڕاندن ، یان خۆگێل كردن له‌قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لانه‌ی به‌كه‌ڵكی دێن و سوودی پێده‌گه‌یه‌نن یاخود به‌خۆ ته‌مه‌ڵ كردن و گوێ نه‌دان به كاروپیشه یان به په‌سه‌ندكردنی سوكایه‌تی پێكردن یاخود بینینی لایه‌نی شه‌ڕ و نێگه‌تیفی هه‌موو كاروبارێك . نابێت ئه‌وه‌ش له‌یاد بكرێت كه خۆكوشتن به‌رزترین پله‌ی سزادانی خوده .
قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵی(٧) پێی وایه كه ئه‌نجامدانی تاوان لای هه‌ندێك كه‌س ئامڕازێكه بۆ سزادانی خودی خۆیان به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشار و بارگرانیه ده‌روونیه‌ی ده‌رئه‌نجامی گوناهه گرێكانیانه ، ئه‌ویش له‌ڕێگای ئه‌و سزایانه‌ی له‌ئه‌نجامی تاوانه‌كانیانه‌وه وه‌ریده‌گرن .
له‌چوارچێوه‌ی كاركردنم وه‌ك لێكۆڵه‌رێك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی نه‌وجه‌وانان له سلێمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی تووشی لادان یاخود تاوان هاتبوون له‌شاری سلێمانی و شارۆچكه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری و له‌به‌ر ڕۆشنایی لێكدانه‌وه‌كانی قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵی ئه‌م ڕاستیانه‌م له‌لا گه‌ڵاڵه بوو :
١- هه‌ندێك له‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی كه به‌ند ده‌بوون، له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا زۆر به‌تامه‌زرۆوه پرسیاریان ده‌كرد سه‌باره‌ت به‌و ماده یاساییانه‌ی پێی به‌ند كرابوون و ئه‌و سزایانه‌ی وه‌ریده‌گرن واته ماوه‌ی حكومدانیان ، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌مجۆره بوون به‌په‌رۆش بوون بۆ ڕۆژی دادگایی كردن و ده‌ركردنی بڕیاری دادوه‌ر و به‌ندكردنیان به‌پێی ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامیان دابوو وه‌ك ئه‌وه‌ی وێڵ بن به‌دوای سزادا . له‌كاتێكدا ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی كه ڕێكه‌وت یان ڕه‌وشێكی تایبه‌تی تووشی لادانی كردبوون ، شه‌رم و په‌شیمانی و په‌رۆشی بۆ لێبوردن و ڕزگاربوون زۆر به سانایی به گوفتار و ڕه‌فتار و سیمایانه‌وه دیار بوو .
٢- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی گوناهه گرێ وه‌ك پاڵنه‌رێكی نه‌ستی زاڵ بوو له‌سه‌ر تاوانه‌كانیان زۆربه‌یان دوای ئازاد بوون له‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ریان ده‌برد له‌فه‌رمانگه‌ی چاككردنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی تاوان و جارێكی تر یان زیاتر له‌جارێك خۆیان ده‌خسته‌وه داوی یاسا، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێته‌وه كه ئه‌و جۆره نه‌وجه‌وانانه هه‌میشه ده‌گه‌ڕان به‌دوای سزادا چونكه به‌توندی ده‌یانناڵاند له‌ده‌ست ده‌روونه گرێ .
٣- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی ده‌روونه گرێ – گوناهه گرێ – پاڵی پێوه‌نابوون بۆ ئه‌نجامدانی تاوان له‌زۆربه‌ی باردا سه‌ره‌داوی تاوانه‌كانیان به‌جێده‌هێشت به‌مه‌به‌ستی ئاشكرابوونیان ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی خۆیان خۆیان ئاشكرا بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێن و ئه‌و سزایه وه‌ربگرن كه ئاسووده‌یان ده‌كات و وێڵن به‌دوایدا .
٤- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی له‌مجۆره بوون هه‌میشه هاوكاربوون له‌گه‌ڵ لێكۆڵه‌ردا و به‌سانایی زانیاریان به‌ده‌سته‌وه ئه‌دا سه‌باره‌ت به تاوانه‌كانیان . به‌بۆچوونی من ئه‌وانه‌ی له‌مجۆره‌ن له هه‌ڵوێستێكی وه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌دا خۆیان به‌نه‌خۆش و لێكۆڵه‌ر یاخود دادوه‌ر به‌و پزیشكه‌ی چاره‌سه‌ریان ده‌كات له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن .
٥- ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی له‌مجۆره بوون ، له قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌دا و له‌ناو ژووره‌كانی تێبینی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی نه‌وجه‌وانان هه‌میشه لاساری زۆریان ده‌كرد و له ڕێنماییه‌كان ده‌رده‌چوون و ده‌بوونه مایه‌ی سه‌رئێشه و بێزاری بۆ نه‌وجه‌وانه‌كانی هاوژووریان تاكو سكاڵایان له‌ده‌ست بكه‌ن و سزا بدرێن ، هه‌روه‌ها هه‌وڵیان ئه‌دا كه‌ره‌سه‌ی زامداركه‌ر به‌ده‌ست بهێنن به‌مه‌به‌ستی خۆزامداركردن وه‌ك سزا نۆشینێك .
بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ كرا با له‌م سێ نموونه‌یه بڕوانین كه خۆم كاری لێكۆڵینه‌وه‌م له حاڵه‌تی دووه‌م و سێیه‌مدا ئه‌نجامداوه :
یه‌كه‌م : له‌كاتی ده‌رچوونی بڕیارێكی لێبوردن بۆ ئه‌و نه‌وجه‌وانانه‌ی ماوه‌ی حوكمیان به‌سه‌ر ده‌برد له فه‌رمانگای چاككردنی كۆمه‌ڵایه‌تی له سلێمانی له‌ساڵی ( ٢٠٠٠) دا ، له‌دوا شه‌ودا كه نه‌وجه‌وانان خۆیان ئاماده ده‌كرد بۆ ئازاد بوون و چوونه‌وه ناو كه‌س و كاریان له ڕۆژی پاشتردا ، له‌دوا شه‌وه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌دا دوو نه‌وجه‌وان ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه سه‌ر نه‌وجه‌وانێكی به‌ته‌مه‌ن بچوكتر له‌خۆیان له‌ناو پێشاوی به‌شه‌كه‌یاندا ، بۆ ڕۆژی دواتر له‌سه‌روبه‌ندی ڕێوڕه‌سمی ئازادكردنیاندا نه‌وجه‌وانه ده‌ستدرێژی لێكراوه‌كه ده‌ست به‌جێ سكاڵای له دژیان تۆمار كرد ، له‌پاش لێكۆڵینه‌وه دادوه‌ر سه‌رله‌نوێ حوكمی هه‌ردوو نه‌وجه‌وانه‌كه‌ی دایه‌وه‌و بۆ ته‌نها ساتێكیش ئازادبوونیان به‌خۆیان ڕه‌وا نه‌بینی .
دووه‌م : نه‌وجه‌وانێكی ته‌مه‌ن چوارده ساڵ ( ن ) ، دانیشتووی یه‌كێك له شارۆچكه‌كانی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی بوو . ئه‌م هه‌رزه‌كاره دزی له‌ماڵێكی دراوسێی خۆیان كردبوو له‌كاتێكدا كابانی ئه‌و ماڵه به‌میوانداری له‌ماڵی ( ن ) بووه و هاوسه‌ره‌كه‌یشی له‌بازاڕ بووه . دزیه‌كه‌ش بریتی بوو له بردنی بڕی ( ٣٠ ) هه‌زار دینار له‌جۆری دراوی ( ٢٥ ) دیناری چاپی سویسری . ئه‌گه‌رچی ئه‌م دراوه له‌وده‌مه‌دا ( ساڵی ١٩٩٩ ) به‌چه‌ند ساڵێك پێشتریش مامه‌ڵه‌ی پێنه‌ده‌كرا و ڕژێمی دیكتاتۆری ئه‌وكاتی عێراق به‌بڕیارێك له‌كارپێكردنی خستبوو ، به‌ڵام له كوردستان ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌مجۆره دراوه‌یان هه‌بوو زۆربه‌یان له‌ماڵه‌كانیاندا هه‌ڵیان گرتبوو به‌و ئومێده‌ی له‌پاشه‌ڕۆژدا بكه‌وێته‌وه بازاڕ ، له‌كاتی ئه‌م ڕووداوه‌شدا ئه‌م دراوه به‌ئاڵوگۆڕ له‌گه‌ڵ دراوه‌كانی تر ، ده‌یی و پێنجی ، نرخێكی زۆر كه‌می ده‌كرد . ( ن ) كاتێك ئه‌م بڕه پاره‌یه له‌ماڵه‌كه ده‌هێنێته ده‌ره‌وه ده‌یبات به‌ره‌و بازاڕی پاره گۆڕینه‌وه له‌شارۆچكه‌كه‌یاندا . به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمانه ( ن ) هه‌رله‌به‌رده‌می ماڵی خاوه‌ن پاره‌كه‌وه هه‌تاكو بازاڕ نزیكه‌ی ( ٢٤ ) هه‌زار دیناری لێبه‌خشیبوو به‌مناڵانی گه‌ڕه‌ك و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕێگایدا پێیگه‌یشتبوون و بڕێكیش له‌و ( ٢٤ ) هه‌زار دیناره‌ی فڕێدابوو له‌به‌رده‌می ماڵه‌كه‌وه هه‌تاكو ناوبازاڕ . له‌بازاڕیش بڕی ( ٦ ) هه‌زار دیناری پێده‌مێنێ ده‌یگۆڕێته‌وه به‌دراوی پێنجی و ده‌یی به‌نرخێكی یه‌كجار كه‌م .
سێیه‌م : نه‌وجه‌وانێكی ته‌مه‌ن پانزه ساڵ ( ك ) دانیشتووی یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه چره‌كانی شاری سلێمانی بوو ، به‌شێوازێكی سه‌یروسه‌مه‌ره دزی له له‌دوكانێكی جگه‌ره فرۆشتندا كردبوو له‌بازاڕی جگه‌ره فرۆشانی سه‌روو مزگه‌وتی گه‌وره . بڕی جگه‌ره دزراوه‌كان بریتی بوو له دوو كارتۆن جگه‌ره. ئه‌م ڕووداوه له‌به‌ره‌به‌یانێكی زۆر زوودا ڕووی دابوو پێش بازاڕ كردنه‌وه . ( ك ) ده‌ستبه‌جێ جگه‌ره‌كان ده‌گوازێته‌وه بۆ دوكانێكی لاكۆڵان له‌نزیك ماڵی خۆیان ، پاش دوو كاژێر كه بازاڕ ده‌كرێته‌وه ، ده‌بێته هه‌ڵلا له‌و بازاڕه هه‌موو كاسبكارانی ئه‌م بازاڕه هه‌واڵه‌كه ده‌بیستن ، له‌م ده‌مه‌دا ( ك ) به‌پێی خۆی دێته‌وه هه‌مان بازاڕ و به‌ناو جگه‌ره فرۆشه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت و ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه دوو كارتۆن جگه‌ره‌ی هه‌یه و له‌مامه‌ڵه‌دا ئه‌و نرخه‌ی ده‌یڵێت زۆر هه‌رزانتره له‌چاو نرخی بازاڕدا .
٭٭ ٭٭ ٭٭ ٭٭
ئه‌م سێ نموونه‌یه ئه‌و ڕاستیانه ده‌سه‌لمێننه‌وه كه پاڵنه‌ری ڕۆڵێكی گرنگی بینیوه له‌لایه‌ك له‌ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له‌خۆ ئاشكراكردن به‌مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنیان به‌ئامانجی سزا وه‌رگرتن . ته‌نانه‌ت ( ك ) له‌سه‌روبه‌ندی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیدا له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی ، زۆر به‌سانایی و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ گوشارێكی بخرێته سه‌ر دانی به دوو تاوانی دزی تردا نا كه‌پێشتر و له‌كاتی تردا ئه‌نجامی دابوو . وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ ئه‌ی هاوار من تاوانبارم سزام بده‌ن … سزا .
٭ ٭ ٭ ٭ ٭
لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسرێت ئایا ئه‌و پێوه‌ره چیه كه تاك گوفتار و ڕه‌فتاره‌كانی خۆی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌ودا لێك ده‌داته‌وه تاكو به‌گوناه یاخود به به‌دی له‌قه‌ڵه‌م بدات یان به‌پێچه‌وانه‌وه به په‌سه‌ند و چاكی له‌قه‌ڵه‌م بدات ؟ وه ئایا بۆ ئه‌و پێوه‌ره ته‌نها یه‌ك سه‌رچاوه هه‌یه یاخود ده‌شێت فره‌سه‌رچاوه بێت ؟
له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین ئه‌و پێوه‌ره ویژدانه یاخود ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ( داد ) یه مۆراڵیه‌ی كه‌سێتیه كه به زاراوه ده‌روونناسیه‌كه به خۆمه‌كی باڵا – super ego – ناسراوه ، كه‌جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوانه. كاتێك باوان ( دایك و باوك ) له‌ڕێگای پاداشت و سزاوه ئه‌رێ و نه‌رێكانیان ده‌سه‌پێنن به‌سه‌ر خودی مناڵ‌دا كه‌بێگومان باوانیش له‌ئه‌نجامی ئه‌رێ و نه‌رێكانی باوانی خۆیان له‌سه‌رده‌می مناڵی و قۆناغه‌كانی دواتری ژیانیاندا و له‌ده‌رهاویشته‌ی داب و نه‌ریت و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه یاخود له‌كولتوری كۆمه‌ڵگه‌وه ئه‌و پێوه‌ره‌یان له‌لا خوڵقاوه، واته باوان هه‌وڵی گوێزانه‌وه‌ی خۆمه‌كی باڵای خۆیان بۆ وه‌چه‌كانیان ئه‌ده‌ن . ئه‌وه‌ی باوان به چاك و خێری ئه‌زانن هانی مناڵه‌كانیان ئه‌ده‌ن بۆ دووپاتكردنه‌وه‌و ڕه‌فتارپێكردنی یان پاداشتی مادی و مه‌عنه‌ویان ده‌كه‌ن ، ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش به هه‌ڵه‌و گوناهی بزانن ڕێ له‌ئه‌نجامدانی ده‌گرن یاخود سزای مادی و مه‌عنه‌ویان ئه‌ده‌ن . به‌م شێوه‌یه له ڕێگای پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و گۆشكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دادیه‌ی باوان وه‌ك چاودێرێك ده‌گوێزرێته‌وه بۆ تاك و تاكه‌كه وای لێدێت دوور له‌باوانیش كردار و ڕه‌فتاره‌كانی خۆی بخاته به‌ر لێكدانه‌وه‌ی ویژدانی ، لێره‌دا ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ی كه‌به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ی ( ده‌سه‌ڵاته‌ی ) كه‌جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوانه خراپ و نه‌شیاوه ده‌كه‌وێته پرسینه‌وه له‌خودی تاكه‌كه و توشی هه‌ستكردن به‌گوناه یان ژانی ویژدان یان گوناهه گرێی ده‌كات . بۆ نموونه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وا‌ریدا باوان ( به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ) فه‌رمان ئه‌ده‌ن به‌سه‌ر كوڕه‌كانیاندا ( هه‌ر له‌قۆناغی هه‌رزه‌كاریه‌وه ) كه‌ته‌ماشای كچی خه‌ڵكی به‌چاوێكی خراپه‌وه نه‌كه‌ن و خۆیان له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌دوور بگرن ، به‌هه‌مان شێوه بۆ كچانی هه‌رزه‌كاریش زۆر توندتر ئه‌م فه‌رمانه‌یان به‌سه‌ردا ئه‌درێت و چاودێری ده‌كرێن ، كاتێك كچ و كوڕێك له‌م قۆناغه‌دا به‌وپه‌ڕی نهێنیه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كی سۆزداری ده‌به‌ستن ئه‌وا ته‌نها به‌دروست بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندیه مه‌سه‌له‌كه ده‌كه‌وێته ژێر پرسی ویژدانیانه‌وه ، چونكه به‌ده‌رچوون داده‌نرێت له‌و ڕێسا و چوارچێوه‌یه‌ی كه باوان بۆیان ڕه‌نگڕێژ كردوون . خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندیه په‌ره‌بسێنێت و زیاد بكات تاده‌گاته ده‌ستگرتن یان ماچ كردن ئه‌وا بێگومان هه‌ستێك به‌گوناهباری له‌لایان دروست ئه‌بێت . كاتێكیش ئه‌م هه‌ڵوێستانه فره‌باره ده‌بێته‌وه یاخود لاوێك به‌چه‌ند ئه‌زموونێكی جیاجیا له‌مجۆره تێپه‌ڕ ده‌بێت ئه‌وا بۆی هه‌یه ببێته گرێیه‌كی ده‌روونی ، جگه له‌وه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ئاشكرابوونی ئه‌مجۆره په‌یوه‌ندیانه له‌و قۆناغانه‌دا ده‌بێته مایه‌ی كاره‌سات و خورپه‌یه‌كی به‌تین بۆ لاوان له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ( به‌تایبه‌تی مێ ) و وه‌ك گوناهبار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و سزا ده‌درێن . ئه‌م شێواز و ڕه‌وشانه له‌زۆربه‌ی باره‌كاندا گرێی ده‌روونیان لێده‌كه‌وێته‌وه .
ده‌شێت جگه له‌باوان ( وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك ) ده‌سه‌ڵاتی تریش هه‌بێت كه كار له‌پێكهاته‌ی ویژدانی تاكدا بكات وه‌ك هاوڕێ یاخود كۆمه‌ڵی هاوه‌ڵ ، مامۆستایانی قوتابخانه ، پیاوانی ئایینی ، پارتی سیاسی و … هتد . وه ڕه‌نگه ئه‌م كارتێكردنه‌ش به ئه‌ندازه‌یه‌ك بێت كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه ببنه جێگره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوان به‌تایبه‌تی لای ئه‌و تاكانه‌ی كه له‌خێزانی ناڕێك و ناته‌با یان پڕ ئاژاوه و بێسه‌روبه‌ر یان بێ لێپرسینه‌وه‌دا گه‌شه یاخود زینده‌گی ده‌كه‌ن . هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری تیرۆریستی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه كرده‌وه‌ی خۆكوژی و له‌هه‌مان كاتیش‌دا خه‌ڵك كوژی ئه‌نجام ئه‌ده‌ن ، زانستیانه شرۆڤه بكرێت ( ئه‌گه‌ر ده‌ستگیر بكرێن پێش ئه‌وه‌ی خۆیان بته‌قێننه‌وه ) ئه‌وا بێگومان چه‌ندین نموونه‌مان چنگ ده‌كه‌وێت كه ئه‌م ڕاستیه بسه‌لمێنن كه بوونی گوناهه گرێ له‌ده‌روونی ئه‌و تیرۆریستانه‌دا هانده‌ری سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی خۆكوژی بێت لایان . كاتێك لاوێك ده‌كه‌وێته داوی پارتێكی ئیسلامی سیاسی توندڕه‌وه‌وه ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌رله‌نوێ بینای ویژدانی بۆ داده‌ڕێژنه‌وه ، به‌جۆرێك كه ئیدی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌بێته میراتگری ده‌سه‌ڵاتی باوان و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی ، ئیدی لاوه‌كه چاك و خراپ ، خێر و شه‌ڕ ، ڕه‌ش و سپی ، له‌به‌ر تیشكی ئه‌م پێوه‌ره نوێیه‌دا له‌مه‌حه‌ك ئه‌دات . ئه‌م ده‌سه‌ڵاته توندڕه‌وه به چه‌ندین شێوازی جۆراوجۆر لاوه‌كه تووشی گوناهه گرێ ده‌كه‌ن ، به‌و پێودانگه‌ی هه‌رچی ئه‌و كردوویه‌تی و گوتویه‌تی له‌ڕابردوودا هه‌مووی ناڕاست و گوناهو تاوان بووه ( چجای ئه‌وه‌ی لاوه‌كه له‌ڕابردوودا كرده‌وه‌ی پێچه‌وانه‌وه و دژ به‌م پێوه‌ره تازه‌یه‌ی بۆی داڕێژراوه ئه‌نجام دابێت وه‌ك په‌یوه‌ندی سێكسی و مه‌ی خواردنه‌وه و … هتد ) . هه‌ر بۆیه كاتێك لاوه‌كه له‌م ڕه‌وشه نوێیه‌دا باكگراوه‌ندی ڕه‌فتاره‌كانی خۆی له‌به‌ر تیشكی ئه‌و پێوه‌ره نوێیه‌دا ده‌پێوێت خۆی زۆر به گوناهبار ده‌بینێ و ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه سزا نۆشین باشترین ده‌رمانی ئه‌م گوناهباریه‌یه ، له‌كاتێكدا وه‌ها تێده‌گه‌یه‌نرێت كه ئه‌و سزا نۆشینه شه‌هاده‌ته و جگه له‌وه‌ی له‌هه‌موو پاك ده‌بێته‌وه ، پاداشتیش ده‌كرێت له‌لایه‌ن خوداوه . ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ هه‌مان پره‌نیسیپی گه‌ڕان به‌دوای سزادانی ( خود ) دا ، كه ئه‌م كرده‌وه تیرۆریستیه خۆكوژیانه ترۆپكی ئه‌و سزا نۆشینه‌یه .
په‌راوێزه‌كان :
(١) چه‌پاندن – الكبت- پرۆسه‌یه‌كی نه‌ستیه ، واته پرۆسه‌یه‌كه به‌بێ ویست و ئیراده‌ی تاك ڕووده‌دات ، تیایدا ئه‌و پاڵنه‌ر و به‌سه‌رهات و یاده‌وه‌ری و ڕووداوانه له‌هه‌سته‌وه دوور ده‌خرێنه‌وه بۆ نه‌ست ، كه‌ده‌بنه مایه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و په‌شێوی و هه‌ستكردن به‌كه‌مسه‌ری یان گوناه یان شوره‌یی بۆ تاك .
(٢) كینه‌كێشی – الغیره- هه‌ستێكی به‌ئازاره بۆ ده‌روون ، دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی ڕه‌فتاری مناڵ كه له‌ئه‌نجامی بوونی كۆسپێك له‌به‌رده‌م كۆششی مناڵ له‌به‌ده‌ستهێنانی شتێكه‌وه په‌یدا ده‌بێت ، جا ئه‌و شته خۆشه‌ویستی دایك و باوك بێت یان سه‌رنج ڕاكێشانی ده‌وروبه‌ر یان … هتد . گه‌لێك جار به‌هۆی شێوازی هه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده‌وه له‌لایه‌ن دایك و باوكه‌وه ئه‌م هه‌سته تاو ده‌ستێنێ و له‌قۆناغه‌كانی داهاتووی ژیانی تاكدا وه‌ك دیارده‌یه‌كی ڕه‌فتاری زه‌ق ده‌رده‌كه‌وێت .
(٣) نه‌ست – اللاشعور- كه‌پێیشی ده‌گوترێت ( ژیری ناوه‌كی ) بریتیه له‌و كۆمه‌ڵه فاكته‌ر و پرۆسه و پاڵنه‌ره چه‌پێندراوانه‌ی كه كار له‌ڕه‌فتار و هه‌ست و سۆز و بیركردنه‌وه‌ی تاك ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی تاكه‌كه هه‌ستی پێبكات .
(٤) ده‌روون شیته‌ڵی – التحلیل النفسی – ڕێبازێكه له‌ڕێبازه‌كانی چاره‌سه‌ری ده‌روونی كه‌ئامانجی گه‌ڕانه به‌دوای سه‌رچاوه‌ی په‌شێویه‌كان – الا‌ضطرابات – له‌نێو خورپه هه‌ڵچوونیه‌كان و به‌سه‌رهات و پاڵنه‌ره چه‌پێندراوه‌كانی سه‌رده‌می قۆناغی مناڵی ، تاكو نه‌خۆشه‌كه یان كه‌سه په‌شێوه‌كه خۆی دان به‌بوونیاندا بنێت و له‌نه‌سته‌وه بیانهێنێته‌وه بۆ هه‌ست به‌چه‌ندین شێوازی وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئازاد ، شرۆڤه‌كردنی خه‌ونه‌كان و … هتد .
(٥) كرده سه‌پێنراو – الافعال القسریه - مه‌به‌ست له‌و كردار و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌یه كه‌وێڕای ده‌رك كردنی تاك به‌پڕوپوچیان به‌ڵام هه‌ر ئه‌نجامیان ئه‌دات به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام وه‌ك بژاردنی دارته‌ل ( عمود ) ی كاره‌با له‌كاتی پیاده‌ڕه‌ویدا یان فره‌باركردنه‌وه‌ی ده‌ست شتن یاخود فره به‌كارهێنانی ووشه‌یه‌ك یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك به‌شێوازێكی به‌رده‌وام له‌كاتی ئاخاوتندا ، یان چه‌ند جار ده‌ست لێدان له‌ده‌رگا به‌مه‌به‌ستی دڵنیابوون له‌داخستنی ، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی له نموونه‌كه‌ی خانمه مامۆستاكه ( د ) دا هاتبوو .
(٦) ئاماده‌گی نه‌ستی – استعداد لاشعوری – واته ئاماده‌گیه‌كه تاكه‌كه په‌ی به‌بوونی نابات و نازانێت چۆن كاری له‌ڕه‌فتاری كردووه ، وه ئاماده‌گیه‌كی چه‌پێندراوه .
(٧) قوتابخانه‌ی ده‌روون شیته‌ڵی – مدرسه التحلیل النفسی – دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م قوتابخانه‌یه پزیشك و زانای مه‌زنی ده‌روونناسی سیگمۆند فرۆید بوو . سه‌ره‌تای ئه‌م ڕێبازه به چاره‌سه‌ركردنی ده‌روونیانه‌ی هه‌ندێك نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌ستی پێكرد ، پاشان بووه تیۆر و سیستمێكی سایكۆلۆژی وه‌ها كه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خوڵقاند نه‌ك ته‌نها له‌بواری سایكۆلۆژیادا به‌ڵكو له‌هه‌موو زانسته مرۆییه‌كان و هونه‌ره‌كانیش وه‌ك كۆمه‌ڵناسی و په‌روه‌رده و سیاسه‌ت تا ده‌گاته وێژه و مێژووی ژیاری مرۆڤایه‌تی و … هتد . ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌وه ناسراوه كه ( جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ری فاكته‌ر و پاڵنه‌ره نه‌ستیه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر ڕه‌فتاری مرۆڤ - بایه‌خێكی زۆری داوه به لێكۆڵینه‌وه له كه‌سێتی ئاسایی و نائاسایی ، هه‌ربۆیه به ده‌روون شیته‌ڵی ده‌گوترێت زانستی كه‌سێتی - جه‌ختكردن له‌سه‌ر كاریگه‌ری و مه‌ترسی قۆناغی سه‌ره‌تای مناڵی له‌داڕشتنی كه‌سێتی تاكدا – جه‌ختكردنه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ر چه‌مكی ڕه‌مه‌ك ( غریزه ) ی سێكسی - فرۆید یه‌كه‌م كه‌س بوو هه‌وڵیدا په‌یڕه‌وێكی زانستیانه له‌لێكدانه‌وه‌ی خه‌وندا پیاده بكات و تیۆرێكیشی له‌م باره‌یه‌وه داڕشت – جه‌ختكردنه‌وه له یه‌كانگیری مرۆڤ واته جه‌سته و ده‌روون ته‌واوكاری یه‌كترن .
سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠٥
ئه‌ڵمانیا
شتوتگارت
لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان
« پیشەو کەسێتی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | فشارى ده‌روونى و کاریگه‌رى له‌سه‌ر منداڵ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
