نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ته‌نگژه‌ی پاش زه‌بری ده‌روونی PTSD

دیسه‌مبه‌ر 30, 2007

logo-1.jpgتەنگژەى پاش زەبرى دەروونى PTSD

هەموو تاکێک لە ژیاندا توشى چەندین حاڵەتى قورس و مەترسیدار دەبێت یاخود دەیبینێت ، کە بەرامبەرى دەستەوسانە و ناتوانێت مامەڵەیەکى دروستى لەگەڵ بکات ، وەکو ڕوداوەکانى ئۆتومبیل ، جەنگ ، دەستدرێژى ، کارەساتى سروشتى…. بەڵام خاوەنى هەندێک پیشە زیاتر ڕووبەڕوى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە ڕوداوانە دەبنەوە وەکو پۆلیس ، سەرباز ، شۆفێرى ئیسعاف ، ئاگرکوژێنەوە.
خاڵى دەستپێکردنى ئاشکراى زەبرى دەروونى بریتییە لەو ڕوداوە ناخۆشەى بۆتە هۆى دروستکردنى ، بەڵام ئەوەى جێگەى پرسیارە بۆچى زۆرێک لەوانەى یەک جۆر ڕوداویان بەسەر هاتووە توشى هەمان کاردانەوەى دەروونى نابن لەگەڵ ئەوەى ڕوداوەکە فشارێکى دەروونى دروست کردووە و مایەى هەڕەشە و ترس بووە لەسەر ژیانی هەموویان. هەندێک خەڵک دەتوان بە چاکى لەگەڵ ڕوداوە زەبراویەکاندا مامەڵە بکەن و بێ وەرگرتنى یارمەتی یاخود بەهاوکارى چواردەورەکەیان زاڵبن بەسەریاندا ، بەڵام ڕوداوەکان بۆ هەندێکى تریان دەبێتە مایەى دەرکەوتنى چەندین نیشانەى جەستەیى و دەروونى کە بۆ ماوەى چەند هەفتە ، مانگ ، یاخود چەند ساڵێک بەردەوام دەبن و حاڵەتێک دروست دەکەن پێى دەوترێت تەنگژەی پاش زەبری دەروونی Post Traumatic Stress Disorder (PTSD).

بڵاوبوونەوەى ئەو دیمەنە سامناک و مەترسیدارانەى کە ڕۆژانە بڵاودەبنەوە لە ڕێگەى تەلەفزیۆن و مۆبایل و سایتەکانى ئینتەرنێت وەکو ئەو دیمەنە نامرۆڤانەى کیژۆڵەیەکى کوردى بەناوى (دوعا) تیا بەردباران دەکرێت و دەکوژرێت، تیایدا بە نمایشکردنى شێوازێکى نوێ لە کوشتن سوکایەتى بە مرۆڤ دەکرێت، لاشەیەک خەڵتانى خوێن دەکرێت، ڕۆَحێک دەسەنرێتەوە. ئەنجامدانى خودى ئەو کارانە چۆن مەترسیدارە، وێنەگرتنى و بڵاوبوونەوەى لە ڕێگەى مۆبایل و سایتەکانى ئینتەرنێت و سەیرکردنى لە لایەن خەڵکەوە، مەترسیەکى ترە کە چەندین کەس توشى زەبرى دەروونى یان تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) دەکات. بۆ ئاگادارى خوێنەر تەنها سەیرکردنى دیمەنى بەردبارانکردنى (دوعا) و کوشتنى بەسە بۆ ئەوەى توشى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD)یت بکات.

تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) چییە؟
بەشێوەیەکى گشتى یەکێکە لە حاڵەتەکانى دڵەڕاوکێ ، بریتییە لە شڵەژانێکى دەروونی یان سۆزداری و تەشەنە دەکات پاش تووشبوونی کەسێک بە ڕووداوێکى زەبراوی توند کە لە میانەیدا هەست بەترسێکى زۆر بکات.

کێ توشى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) دەبیت ؟
ئەو کەسانەى روداوى زۆر ناخۆشیان بەسەردێت یان ڕووبەروى دەبنەوە یاخود دەیبینن کە مەترسى مردنى تەواو یان هەڕەشەى مردن یان بەرکەوتنێکى زۆرى تیابێت بۆ سەر ژیانى خۆى یان کەسانێکى تر. هەروەها وەڵامدانەوەى ئەو کەسە بۆ ڕوداوەکە پڕبێت لە ترس و هەستکردن بە نەبوونى یارمەتى.

ئەو ڕوداوانەى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) دروست دەکەن :
ئەشکەنجەدان ، بریندار بوون ، کوشتن ، جەنگ ، بەدیلگیران ، هێرشى تیرۆرستى ، دەستدرێژى سێکسی ، ڕاگواستنی بەزۆر ، ڕفاندن ، پەلاماردان ، ڕوداوى سەختى ڕێگاوبان ، کارەساتى سروشتى یان دەستکرد ، توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.

ڕێژەى توشبوون بە تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) :
لەبەر نەبوونى داتا و توێژینەوەى تایبەت بەم حاڵەتە لە کوردستاندا، ئاماژە دەکەین بە ئەنجامى چەند توێژینەوەیەک کە لە وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ئەنجام دراون :
o بەلایەنى کەمەوە 70% ى ئەوانەى گەورەن لە ژیانیاندا توشى ڕوداوێکى زەبراوى دەبن ، 20% زیاترى ئەمانە حاڵەتەکەیان دەبێتە تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD).
o 8% ى گەورەکان یاخود هەر 13 کەس یەکێکیان ، لە کاتێکی ژیانیاندا توشى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) دەبن.
o لە 10 ئافرەت یەکێکیان لە کاتێک لە کاتەکانى ژیانیاندا توشى (PTSD) دەبن ، ڕێژەى توشبوونى ئافرەتان لەو وڵاتە بە (PTSD) دوو هێندەى پیاوان.

هەندێک توێژینەوە دەریان خستووە کە ڕێژەى توشبوون بە تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) لە هەندێک گروپى تایبەتدا بەم شێوەیەیى خوارەوەیە :
1. یەک لە 5 کەسى ئاگر کوژێنەوە.
2. یەک لە 3 گەنجى ڕزگار بوو لە ڕوداوى توندى ئۆتۆمبیل.
3. یەک لە 2 ئافرەت دەستدرێژى سێکسیان کرابێتە سەر.
4. 2 لە 3 دیلکراوانى جەنگ.
حاڵەتى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) خراپتر دەبێت ئەگەر ڕوداوەکە ؟
• کوتوپڕ و چاوەڕوان نەکراوبێت
• بۆ ماوەیەکى درێژ بەردەوام بێت
• کەوتنە ناو ڕوداوەکە وەکو گەمارۆیەک بێت و نەتوانیت لێى دەربازبیت
• دەستکردى مرۆڤ بێـت، هەڕەشەبێت لەسەر ژیان و تەندروستى مرۆڤ
• قوربانى زۆرى لێکەوێتەوە و لە نێوانیاندا منداڵانیشى تێدابێت
• ببێتە هۆى شێواوى جەستە و کەمئەندام بوون وەک لەدەستدانى دەست ، قاچ ، چاو …

نیشانەکانى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) کەى دەردەکەون ؟
نیشانەکانى ئەم حاڵەتە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک پاش ڕوداوەکە دەردەکەون ، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لە 6 مانگى پاش ڕوداوەکەدا دەردەکەون.

نیشانەکانى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) چیین؟
1. دووبارە بوونەوەى وێنەى ڕوداوەکە :
• گەڕانەوەى بەردەوامى ڕوداوەکە لە شێوەى شاڵاودا بۆ سەر بیر و خەیاڵ کە دەبێتە هۆى گرژى و خەمبارى ، ئەمەش وێنە و فکرەکانى پەیوەندیدار بە ڕوداوەکە دەگرێتەوە.
• خەونى ناخۆش و دووبارە سەبارەت بە ڕوداوەکە
• هەستکردن وەک ئەوەى جارێکى تر ڕوداوەکە ڕوبداتەوە
• کاردانەوەى دەروونى یان جەستەیى توند، لە کاتى ڕوبەڕوبوونەوەى ئەو شت و هێمایانەى ڕوداوەکەى بیردێنێتەوە.
• زیادبوونى هەندێک چالاکى فیسیۆلۆجى وەک : زیادبوونى لێدانى دڵ و هەناسەدان ، عارەق کردنەوە ، زەرد هەڵگەڕان لەکاتى ڕوبەڕوبوونەوەى هێما دەرەکى یان ناوەکییەکان.
2. خۆلادان : سێ یان زیاتر لەم هێمایانەى خوارەوەى لەسەر دەرکەوێت:
• خۆلادان لەو هەست و فکرانەى پەیوەندیدارن بە ڕوداوە زەبراویەکە.
• هەوڵدان بەمەبەستى خۆلادان لەو چالاکى و شوێن و کەسانەى زەبرە دەروونییەکەى بیردێننەوە.
• نەبوونى تواناى بیرهاتنەوەى لایەنە گرنگەکانى ئەو زەبرە دەروونییە.
• کەمبوونەوەى ئارەزوى بەشدارى کردنى کار و چالاکییەکان بەشێوەیەکى بەرچاو.
• هەستکردن بە نامۆیى و دابڕان لە خەڵکى
• هەستکردن بە تەنگبوونى دواڕۆژ بۆ نموونە ( وا پێشبینى دەکات ناتوانێت خوێندن تەواو بکات ، ژن بهێنێت ، لە داهاتودا ژیانى ئاسایى بێت )

3. وروژانێکى بەردەوام : ئەم وروژانە هەمیشەییە پێش زەبرە دەروونییەکە نەبووە ، پێویستە دووان یان زیاتر لەمانەى خوارەوەى هەبێت :
 بێخەوى ( گرفتى خەولێکەوتن یان بەردەوامبوون لە خەوتن )
 هەڵچوون بەئاسانى ، نەوبەى توڕەبوون
 گرفتى تەرکیزکردن
 زیادەڕۆیى لە ئاگابوون
 ڕاچڵەکین
4.نیشانەکانى تر :
خۆلادان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو چالاکییانەى تەرکیزکردنى پێویستە. ئەم حاڵەتەى باسکرا دەبێتە هۆى پەکخستنى چالاکى کۆمەڵایەتى و پیشەیى.
ئازارى ماسولکەکان ، ئازار بەگشتى ، سکچوون ، تێکچوونى لێدانى دڵ ، سەرئێشە ، هەستکردن بە ترس و تۆقین ، خەمۆکى ، خواردنەوەى بڕێکى زۆر ئەلکهول ،بەکارهێنانى دەرمان بەتایبەت دەرمانە ئازار شکێنەکان.

ئایا هەموو کەسێک دواى ڕوداوێکى ناخۆش توشى تەنگژەى پاش زەبرى دەروونى PTSD دەبێت ؟
نەخێر. مەرج نییە هەموو کەسێک دواى ڕوداوێکى ناخۆش توشى PTSD ببێت ، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى خەڵکى لە مانگی یەکەمى دواى ڕوداوەکەدا نیشانەیان لەسەر دەردەکەوێت. ئەمەش بۆ ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام بێت و تێبگات لەوەى بەسەرى هاتووە . ئەم حاڵەتەش کاردانەوەیەکى توندە بۆ ئەو تەنگژەی بەسەرى هاتووە، بەتێپەڕبوونى چەند هەفتەیەک زۆربەى خەڵکى هێواش هێواش نیشانەکانیان نامێنێت.

کەى دەتوانیت بە کەسێک بڵێیت توشى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) بووە؟
بەلایەنى کەمەوە نیشانەکان بۆ ماوەى یەک مانگ بەردەوام بن ئەو کاتە پێى دەوترێت PTSD ،حاڵەتەکە بەتەواوى کاریگەرى کردبێتە سەر تواناى کارکردن وچالاکییە کۆمەڵایەتییەکان یان هەندێک لایەنى گرنگى تر.

کەى پێویستە داواى یارمەتى بکەیت بۆ چارەسەرکردنى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی PTSD ؟
ئەگەر توشى روداوێکى ناخۆش بویت لەوانەى سەرەوە و لەگەڵیدا ئەم حاڵەتانەى خوارەوەت هەبوو:
• چەند هەفتەیەک تێپەڕى بەسەر ڕوداوەکەدا و کاردانەوەکانت بەرەو خراپتر دەچوون لە جیاتى باشبوون
• چەند یادەوەرییەکى ڕوداوەکەت بۆ دەگەڕایەوە لەشێوەى فکر ، وێنەى ڕوداوەکە ، خەوى ناخۆش.
• خۆت لادەدەیت لەو شتانەى ڕوداوەکەت بیر دەهێننەوە.
• هەمیشە هەست بە توڕەیى و دڵەڕاوکێ دەکەیت ، بێ ئەوەى هۆکارەکەى بزانیت.
• لە ڕوى سۆزدارییەوە هەست بە سڕبوون دەکەیت
• بە ڕادەیەکى زۆر خواردن بخۆیت ، خواردنەوە یان دەرمان بەکاربهێنیت.
• هەمیشە دەتەوێت سەرقاڵبیت بەمەبەستى خۆگونجاندن لەگەڵ ڕوداوەکەدا
• هەست بە خەمۆکى و ماندوبوونێکى زۆر دەکەیت
• زەحمەتیت هەیە لە جێبەجێکردنى ئەرک و چالاکى ڕۆژانە
ئەگەر توشى تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) بوویت چۆن یارمەتى خۆت دەدەیت بۆ چاکبوونەوە؟
o لە ژیانى ئاسایى ڕۆژانەى خۆت بەردەوام بە و بچۆرەوە سەر ئیش و کار و ئەنجامدانى چالاکییەکانت.
o بەکراوەیى و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسێک کە متمانەت پێیەتى گفتوگۆ بکە ، دەربارەى ئەو ڕوداوەى بەسەرت هاتووە
o ئەگەر گونجا پاش خۆئامادەکردن بچۆرەوە شوێنى ئەو ڕوداوەى کە بەسەرت هاتووە
o کاتى تایبەت بەسەربەرە لەگەڵ هاوڕێکانت و ئەندامانى خێزانەکەت، ئەو شتانە ئەنجام بدە کە خۆشى بەخشن
o بەشێوەیەکى رێک خواردن بخۆ، وەرزش بکە، سەرچاوە رۆحییەکانت بەکاربهێنە ..
o بیرى خۆت بهێنەرەوە کە هەموو ئەو فکر و وێنانەى پەیوەندیدارن بە ڕوداوەکە و دێنەوە بیرت، تەنها یادەوەرین و کاریگەریان نییە.
o لە زوترین کاتدا سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى بکە.
o بەردەوام بە لەسەر ڕێنماییەکانى پزیشک و تیمى چارەسەرکردن.

ئەگەر کەسێکى نزیکت ڕوداوێکى ناخۆشى بەسەرهات یاخود بینى پێویستە:

1. بەووردى تێبینى بکەیت بۆ هەرگۆڕانکارییەک ئەگەر لەسەرى دروست بووبێت وەکو گۆڕانى هەڵسوکەوت، دابەزینى تواناى بەڕێوەبردنى ئیشوکار ، دواکەوتن لە ئیش ، وەرگرتنى مۆڵەتى نەخۆشى.
2. بزانە چەند نیشانەیەکى لەسەر دەرکەوتووە وەکو هەڵچوون ، توڕبوون ، خەمۆکى ، بێزارى ، نەبوونى تەرکیز.
3. کاتى بدەرێ قسە بکات دەربارەى ئەو ڕوداوەى بەسەرى هاتووە ، مەیپچڕێنە لە قسەکردن.
4. بەکەسەکە مەڵێ دەزانم چۆن هەست دەکەیت ، پێى مەڵێ تۆ بەختت هەبوو لەو ڕوداوە ڕزگار بوویت و نەمردیت
5. ئەوڕوداوەى توشى بووە ، بەکەمى مەزانە و بچوکى مەکەرەوە
6. سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى پێ بکە.
7. هاوکارى تەواوى خۆت بۆ کەسەکە نیشان بدە.

ئامادەکردنى
ڕێکخراوى هارتلاند ئەلایەنس بۆ پێداویستى مرۆیى و مافى مرۆڤ
heartland_education@yahoo.com

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

بۆچوونەکان


« دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ د . که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی .. به‌شی چواره‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | مناڵان و به‌های خۆیه‌تی Childern And Self-Esteem »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional