فۆبیا (تۆقین) / به‌شی یه‌که‌م

فۆبیا(تۆقین)
به‌شی یه‌که‌م
د. که‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی
فۆبیا ووشەیەكی یۆنانییە و زاراوەیەكی دەروونییە, بریتییە لە حاڵەتێكی تری لەڕادەبەدەر كە سەرچاوە و هۆكارەكانی ئەوەندە ترسناك نین و پێویست بەو هەموو ترس و تۆقینە ناكات, چونكە فۆبیا(تۆقین,رهاب) نەخۆشییەكی دەروونییە, لەبەرئەوە هەڵس و كەوت و بیركردنەوەی ئەو كەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئاسایی نییە و زۆر گەورەی دەكەن و بەزەقی لە بیرو بۆچوون و ڕەوشتیاندا ڕەنگ دەداتەوە, فۆبیا ترۆپێك و پۆپەی ترسە و بیر و هۆشی مرۆڤ تووشی ئیفلیجی دەكات, بەڵام ترسێكی بێ مانا و بێ بنەمای واقعی و مەنتیقیە, ئەم خاڵانەی خوارەوە ترس لە فۆبیا جیا دەكاتەوە:-
1. ترس هەڵچوونێكی سروشتییە و لای هەموو مرۆڤێك هەیە و زۆر پێویستە بۆ مانەوە و پارێزگاریكردنی تاك لە گشت دیاردە و بوونەوەرە ترسناكەكانی ژیان, بەڵام فۆبیا(تۆقین) دیاردە و نەخۆشییەكی كۆمەڵایەتییە و مرۆڤ لەو ژینگەی تیایدا دەژی تووشی دەبێت و زەرەر و زیانێكی گەورە بە كەسایەتی و خودی مرۆڤ دەگەیەنێ و لە ڕێچكەی گەشەكردنی سروشتی خۆی لای دەبات.
2. هۆكارەكانی دروست بوونی ترس ئاسایی و سروشتییە و مرۆڤ ڕاستەوخۆ هەست بە هەڕەشە و مەترسەكانیان دەكات و شایەنی ئەو مەترسییەیە, بۆ نموونە (ئاژەڵی دڕندە, ئاگر, دەنگی زۆر بەرز, نەخۆشی, هەژاری, هەڕەشە و شەڕ و كوشتار,..هتد). دەبنە هۆی دروست كردنی ترس لای زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵ و كارێكی ئاساییە ئەگەر مرۆڤ بترسێت, بەڵام لەحاڵەتی فۆبیا مرۆڤ لەشتی وا دەترسێت كە پێویست بەو هەموو ترس و هەڵاتنە ناكات و بەلای زۆربەی خەڵكەكانی ترەوە ئاساییە و ئەوان لێی ناترسن بەڵام ئەو مرۆڤانەی تووشی فۆبیا دەبن زەندەق و زراویان دەچێت و لەو شتە ئاساییانە دەتۆقن وەهۆی سەرەكی تۆقینەكەشیان نازانن بە پێچەوانەی ترسەوە كە مرۆڤ هەست بە سەرچاوەی ترسەكە دەكات.
كاتێك مرۆڤ تووشی فۆبیا دەبێت, وەك هەموو كەسێكی ترساو تووشی كۆمەڵێك گۆڕانكاری فیسیۆلۆژی و جەستەیی دەبێت, لەوانە ( زیاد بوونی لێدانی دڵ, زەرد هەڵگەڕان, ئارەق كردنەوە, ئازاری هەناو, خێرابوونی هەناسەدان, هەندێك جاریش شۆری و زوو زوو میزكردن…هتد) وە دڵە ڕاوكێ و ترس لەو شوێن و كەس و شتانە زۆر زیاد دەكات, تاوا لەو كەسە تۆقیوە دەكات بەپەلەو یەكسەر ئەو شوێن و كەس و شتانە بەجێ بهێڵێ و ڕابكات و دوور بكەوێتەوە, یان هەندێك جار لە هۆش خۆی دەچێت یان سەری گێژ دەبێت و تووشی هێڵنج و ڕشانەوە دەبێت و تووشی هێڵنج و ڕشانەوە دەبێت, بەڵام دوای دووركەوتنەوەی و نەمانی سەرچاوەی تۆقینەكە, ئەو كەسە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆیی و دیاردە فسیۆلۆژی و جەستەییەكان نامێنن.
سەرچاوە و جۆرەكانی تۆقین زۆرن و لە ژمارە نایەن, لەوانە تۆقین لە (گۆڕەپانی بەرفراوان, شوێنی بەرز, تەسك, داخراو, تاریك و شەو, ئاو, خوێن, سواربوونی فڕۆكە, پەڕینەوە لە پرد, قەرەباڵغی, نەخۆشی, قوتابخانە, هەورە تریشقە و برووسكە…هتد) كە ئەم شت و شوێنانە بە لای زۆربەی خەڵكانەوە زۆر ئاسایین و پێویست بەو هەموو ترس و تۆقینە ناكات, بەڵام ئەو نەخۆشانە تووشی تۆقین دەكات.
لەمێژەوە ئاماژە بۆ ئەم حاڵەتە كراوە بەڵام (فرۆید) یەكەم كەس بوو كە بەشێوەیەكی زانستییانە لێكۆڵینەوەی لە سەر ئەم نەخۆشییە كرد, ئەوە بوو لە ساڵی (1909) یەكەم حاڵەتی تۆقینی بڵاوكردەوە كەناسراوە بە حاڵەتی (هانسی بچكۆلە) پوختەكەی ئەوەیە هانس منداڵێكی تەمەن (5) پێنج ساڵان بوو, كاتێك ئەسپی دەبینی تووشی تۆقین دەبوو, خەریك بوو ڕۆحی دەربچێت, كاتێك پرسیاری هۆی ئەو تۆقینەی لێدەكرا لە وەڵامدا دەیگوت گاز و قەپم لێدگرێت.
دوای شیتەڵ كردنەوەی دەروونی حاڵەتی (هانس), فرۆید گەیشتە ئەو ڕاستییەی كە (هانس) ڕق و كینەیەكی زۆری لە باوكییەتی, زۆرجاریش بیری لە ئازاردان و لێدان و دەست درێژی كردنە سەری كردۆتەوە, بەڵام لەبەرئەوەی كەم توانا و لاواز و بچكۆلە بووە و بیركردنەوەكەی نابەجێ بووە, بۆیە ناچار وازی لەو بیركردنەوەیە هێناوە و ئەو ڕق و كینە و دڵە ڕاوكێیەی لە هەستی خۆیدا خەفە و كپ كردووە و لەڕێگەی میكانیزمی دەروونییەوە (ئەسپ) وەك هێمایەك بۆ باوكی لە جیهانی دەرەوە دیاری كردووە چونكە ترس و دڵە ڕاوكێ لە ئەسپ, كەمترە لە ترس و دڵەڕاوكێی باوكی و دەربازبوونیش لە ئەسپ ئاسانترە وەك لە باوك. واتە تۆقین لە ئەسپ سەرچاوەكەی لە ترس و ڕق و كینەی باوكەوە هەڵدەقوڵێت.
مرۆڤ لە ئەنجامی ڕووداو یان كارەساتێكی دڵتەزێنی سەردەمی منداڵی تووشی فۆبیا دەبێت یان لە ئەنجامی كۆبوونەوەی كۆمەلێك ترسی سروشتی وەك (گومان, نەبوونی دڵنیایی و ئارامی, هەڕەشەكردن) مرۆڤ تووشی تۆقین لە شوێنی بەرز و كەوتنە خوارەوە دەبێت, ئەو مرۆڤە بە خەیاڵ و نەستی خۆی ئەگەر لە شوێنە بەرزە دووركەتەوە ئەوە لە گومان و نائارامی و دڵنیایی و هەڕەشە, ڕزگاری دەبێت.
هەروەها لەوانەیە تۆقین رێگا و ئامڕازێك بێت بۆ خۆپاراستن لە هەندێك حەز و ئارەزووی نەگونجاو و كپ كراوی نەستی مرۆڤ, وەك ئەو ئافرەتەی كە ئاڵۆشی سێكسی كپ كراوەی هەیە و لە ڕێگەی تۆقین لە شوێن و جێگای چۆڵ, یان قەڵەباڵغ یان تاریك, خۆی لەمەترسی كەوتنە ناو چڵپاوی سێكسەوە دەپارێزێت, دەتوانرێت نەخۆش لە ڕێگەی چارەسەركردنی دەروونی و ڕەوشتی و بەكارهێنانی داودەرمانی خاوكەرەوە (مهدئات) لە فۆبیان ڕزگار بكرێت ئەوەش پێویستی بە ئارامی و ماوە و پشوویەكی درێژ هەیە.
فۆبیای كۆمەڵایەتی
فۆبیا مانای ترسی نەخۆشی و نائاسایی دەگەیەنێ كە جیاوازە لە ترسەكانی تر كە سروشتین و لە لای هەموو كەسێك هەیە بەڵام فۆبیای كۆمەڵایەتی یەكێكە لە ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی كەهەندێك كەس بەدەستییەوە دەناڵێنن, ئەم نەخۆشییە جۆرە ترسێكی نائاساییە لە كۆمەڵ و داو و دەزگاكانی, واتە كۆمەڵ و خەڵك پێویست بە ئەو هەموو ترس و ناڕەحەتیانە ناكات كە ئەو كەسانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن لێیان دەترسن.
ترس وەك دیاردەیەكی دەروونی و یەكێكە لە هەڵچوونەكانی مرۆڤ پێویستە و یارمەتی مانەوەی مرۆڤ دەدات, واتە دەبێت هەموو كەس لەئاگر و ئاژەڵی دڕندە و شەڕ و كارەسات و دیاردە مەترسیدارەكانی تر بترسن, چونكە ئەگەر نەترسن ئەوا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە, بەڵام كاتێك ترس لە ڕێژەی ئاسایی خۆی دەردەچێت و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و كێشە بۆ خانەوادەكەی دروست دەكات و ناهێڵێت خۆسازاندنی دەروونی و كۆمەڵایەتی پێویستی هەبێت ئەو كاتە دەبێت بە نەخۆشی و گرفتێكی دەروونی و پێویستی بەچارەسەركردن دەبێت.
بەڵام ئەو ترسەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ئەو جۆرە ترسەیە كە ئاسایی نییە و هەموو كەس نییەتی, بەڵكو هەندێك كەس هەیانە و بە ترسی نەخۆشی (خوف مرڤی) ناو دەبرێت, ئێمە زۆربەمان دەچینە ناو كۆمەڵ و داو و دەزگاكانی (خوێندنگە و فەرمانگا و مزگەوت و بازاڕ و ماڵە خزم و كەس و كار و هاوڕێ و پارك و شوێنە گشتییەكانی تر) بەڵام هەندێك كەس ناوێرن بچنە ئەو جێگایانە یان كاتێك دەچن هەست بە ناڕەحەتی و بێزاری و گرژی دەكەن ئاواتە خوازن یەكسەر لەو جێگایە نەمێنن یان زەوی قوتیان بدات و لەو كۆڕ و كۆبوونەوانە ڕزگاریان بێت, ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو كەسانە توشی نەخۆشی فۆبیای كۆمەڵایەتی بوون.
زۆربەی دەروونزان و كۆمەڵناسان لەو بڕوایەدان كە مرۆڤ كۆمەڵایەتییە و بەبێ كۆمەڵ و داو و دەزگاكانی ناتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژی, لەبەرئەوەی منداڵانی مرۆڤ لاوازترین بوونەوەرە بەبەراورد بە بێچووی بوونەوەرەكانی تر, واتە زۆربەی ئاژەڵ و باڵندەكان دوای ماوەیەكی كەم لە دوای لەدایك بوونیان ئەوا دەتوان پشت بەخۆیان ببەستن و پێویستیان بە دایكیان نەمێنێت, بەڵام تەنها منداڵی مرۆڤە كە ماوەی چەند ساڵێك پێویستی بە دایك و باوك و كەسانی چواردەوری هەیە و بەبێ ئەوان ناتوانێت بژی, چونكە خواردن و ئاو و خەو و دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكانی تری پەیوەستە بە كەسانی تر و ئەگەر ئەوان بۆی دابین نەكەن ئەوا دەمرێت.
زۆربەی منداڵان تا تەمەنی شەش مانگی لەهیچ كەسێك ناترسن و هەر كەسێك بانگیان بكەن, ئەوا دەچن بۆ لایان, بەڵام دوای تەمەنی شەش مانگی ئیتر وردە وردە منداڵ كەسانی نزیكی (دایك و باوك و خوشك و برا) لە كەسانی نامۆ(غریب) جیادەكاتەوە و دەزانێت ئەو كەسە نامۆیە و نایناسێت, بۆیە ئەگەر چوون بۆ ماڵێك كە نەیانناسن ئەوا لەباوەشی دایكی دادەنیشێ و لەو كەسانەی كە نایان ناسێ نزیك نابێتەوە, وەئەگەر زۆریشی لێبكەن ئەوا دەست دەكات بە گریان و زیاتر خۆی بە دایك و باوك و كەسە نزیكەكانی دەنووسێنێ و لێیان دوورناكەوێتەوە, بەڵام ئەگەر كەسە نامۆكان ڕوویان خۆشبێت و بە دەنگێكی هێمن و لە سەرخۆ بانگی منداڵەكە بكەن و لە هەمان كاتیشدا دایك و باوكی هانی بدەن ئیتر وردە وردە منداڵ هۆگری كەسانی تر دەبێت و پەیوەیندی كۆمەڵایەتی لەگەڵیان دادەنێت.
لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئەو كەسانەی كە مامەڵە لەگەڵ منداڵ دەكەن, دەبێت ڕوویان خۆشبێت و رێزی هەست و نەستی منداڵ بگرن و نەیان ترسێنن و گاڵتە بە منداڵ نەكەن بۆ كات بەسەر بردنی خۆیان بەكاری نەهێنن, لەبەرئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا زۆر هەستیارە و بە ئاسانی لە ڕێگەی تۆنی دەنگ و گۆڕانكاریەكانی دەم و چاو و هەڵس و كەوتی كەسی بەرانبەرەوە, هەست بە توڕەبوون و گرژی و توندوتیژیەكانیان دەكات و بەردەوام لێیان دوور دەكەوێتەوە و پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە گەڵیان دانانێت و بۆ لای ئەو كەسانە دەچێت كە خۆشیان دەوێت و مامەڵە و ڕەفتاریان نەرم و نیانە.
لەلایەكی تریشەوە كاتێك مرۆڤ لە ناو كۆمەڵ و داو و دەزگاكانی ڕوو بەڕووی بێبەشبوون و لێدان و ئازار و سووكایەتی پێكردن دەبێتەوە و پێداویستیە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكانی بۆ دابین ناكرێت, ئەوا وردە وردە لە كۆمەڵ و كۆڕ و كۆبوونەوەكان دوور دەكەوێتەوە و لە ناو كۆمەڵ و خەڵكیدا هەست بە ئارامی و دڵنیایی ناكات, ئا لێرەوە سەرەتای نەخۆشی و گرفتە دەروونیەكان دەست پێدەكات, ئەمەش مانای ئەوەیە كە ترس لە خەڵك و كۆمەڵ و كۆڕ و كۆبوونەوەكان دیاردەیەكی بۆماوەیی نییە و هەر لەكاتی لە دایك بوونەوە لەگەڵ مرۆڤدا بێت, بەڵكوو هۆی سەرەكی تووش بوون بە ئەو نەخۆشیە بۆ ژینگە و دەور و بەر و ڕووداو و كارەساتەكانی ژیان بە تایبەتیش ڕووداوەكانی سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە.

ئازار 13, 2010