ئۆکتۆبه‌ر 31, 2007
ئه‌گه‌رچی هیستیریا و فێ دوو نه‌خۆشی جیاوازن ، به‌ڵام به‌هۆی لێکچوونی جۆرێک له‌نۆره‌کانی هیستیریا ( النوبات الهیستیریة ) له‌گه‌ڵ نۆره‌کانی فێ ( النوبات الصرعیة ) زۆر جار بۆچوونی هه‌ڵه دروست ده‌بێت له‌لای خه‌ڵکی و ئه‌م دوو جۆر نۆره‌یه له‌یه‌ک جیاناکه‌نه‌وه . له‌ڕاستیدا جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو حاڵه‌ته له‌یه‌کتر له‌زۆرباردا کارێکی ئاسانه ، به‌ڵام له‌هه‌ندێک باردا به‌هۆی لێکچوونه‌وه کاری ناسینه‌وه‌ی نۆره‌کان قورس ده‌بێت .
هیستیریا ( Hysteria ) نه‌خۆشیه‌که له‌نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کان ، وه‌ک باوه له‌و که‌سانه‌دا ڕووده‌دات که تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی که‌سێتیه‌کی دیاریکراویان هه‌یه که ناسراوه به که‌سێتی هیستیری . ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌م جۆره که‌سێتیانه‌دا ده‌رده‌که‌ون : خۆشه‌ویستی خود ، زۆر گرنگیدان به‌خود ، هه‌وڵدان بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی که‌سانی تر و خۆهێشتنه‌وه له‌ناوه‌ندێک که‌جێی تێڕوانینی ئه‌وان بێت ، پشت به‌ستن به‌که‌سانی تر له لێپرسراوێتیدا ، ئه‌م که‌سانه زۆر زوو کاریان تێده‌کرێت له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه به‌قسه یان هه‌ر جۆره ڕه‌فتارو هه‌ڵوێستێک بێت ، توانای زێده‌ڕۆیی و درۆ و نواندن ، نه‌گه‌یینی گه‌شه‌ی سۆزی که به‌هۆیه‌وه هه‌ڵچوونه سۆزداریه‌کانی مناڵانه‌و خێرا‌و ناجێگیرن ، سه‌رنه‌که‌وتن له‌ژیانی سێکسیدا به‌هۆی نه‌گه‌یینی گه‌شه‌ی سۆزداری سێکسی که ئه‌مه‌ش وایلێده‌کات له‌ژیانی هاوسه‌ریدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت .
نه‌خۆشی هیستیریا هه‌روه‌ک که‌سێتی هیستیری له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر‌و مێدا ڕووده‌دات به‌ڵام زیاتر له مێدا ڕووده‌دات وه‌ک له‌نێردا . هه‌روه‌ها زیاتر له‌قۆناغی باڵق بوون و هه‌رزه‌کاری و یه‌ک دوو ده‌یه‌ی ته‌مه‌نی دوای قۆناغی هه‌رزه‌یی ڕووده‌دات ، به‌ده‌گمه‌ن له‌دوای ته‌مه‌نی چل ساڵیه‌وه ڕووده‌دات مه‌گه‌ر بارێکی زۆر توند وکتوپڕ ڕووبدات . هه‌روه‌ها ڕوودانی هیستیریا له‌مناڵاندا شتێکی ده‌گمه‌ن نیه و ئه‌گه‌ر له‌م قۆناغه‌دا ڕوویدا ئه‌وا ئاماژه‌یه بۆ به‌رده‌وامبوونی له‌گه‌وره‌ییدا . هه‌روه‌ها له‌و که‌سانه‌دا زیاتر ڕووده‌دات که‌نه‌که‌وتوونه‌ته ژیانی هاوسه‌رێتیه‌وه .
نۆره‌کانی هیستیریا فره‌جۆرن ، وه‌ک تێکچوونی ڕه‌فتار ، هه‌ڵچوونی سۆزداری ، هه‌ڵچوونی ژیری ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه له‌م وتاره‌دا ئه‌و جۆره نۆره‌یه‌یه که له‌بواری جوڵه و په‌رتبوونی هۆشدا ڕووده‌دات و له‌ڕووی چه‌ند نیشانه‌یه‌که‌وه له‌نۆره‌ی فێ ده‌چێت .
فێ ( Epilepsy ) گردکۆی کۆمه‌ڵه نیشانه‌یه‌کی نه‌خۆشیه که‌سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌ماخه . فێ تێکچوونێکی کاتیه له‌فه‌رمانه‌کانی ده‌ماخدا که‌بێهۆشی هاوه‌ڵی ده‌کات ، ئه‌م تێکچوونه‌وه حاڵه‌تێکه توانای دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه . که‌واته ده‌ماخ ته‌وه‌ری فێیه و نۆره‌ی فێش تێکچوونی فه‌رمانه‌کانیه‌تی . ڕه‌نگه ناته‌واویه‌که له‌خودی ده‌ماخ خۆیدا بێت ، وه‌یان له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ماخدا بێت و ناڕاسته‌وخۆ کاربکاته سه‌ر فه‌رمانه‌کانی وه‌ک دابه‌زینی شه‌کر له‌خوێندا یان به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما له‌مناڵدا یان دابه‌زینی چڕی کالیسیۆم له‌خوێندا .
بۆ ناسینه‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له‌نۆره‌ی هیستیری و نۆره‌ی فێ پێویسته خه‌سڵه‌ته‌کانی هه‌رجۆره‌یان بزانین و جیاوازیه‌کانی نێوانیان ده‌ستنیشان بکه‌ین ، که‌ئه‌مانه‌ن : 1- نۆره‌کانی فێ زیاتر له مناڵان و نه‌وجه‌واناندا ڕووده‌دات ، به‌ڵام نۆره‌کانی هیستیریا به‌که‌می له‌پێش ته‌مه‌نی هه‌رزه‌کاریدا ڕووده‌دات . 2- تووشبوونی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ به‌نۆره‌کانی فێ وه‌ک یه‌کن ( به‌نزیکه‌یی ) ، به‌ڵام نه‌خۆشی هیستیریا و به‌تایبه‌تی نۆره‌کانی هیستیریا زیاتر مێ تووش ده‌بێت به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆرتر له‌چاو نێردا . 3- نۆره‌ی فێ له‌شه‌ودا یان ڕۆژ .. له‌بێداری یان له‌خه‌ودا ، ڕووده‌دات ، به‌ڵام نۆره‌کانی هیستیریا ته‌نها له‌کاتی بێداریدا ڕووده‌دات .. یان پێش نووستن یاخود له‌کاتی بێداربوونه‌وه له‌خه‌و . 4- نۆره‌ی فێ له‌پێش چاوی خه‌ڵکی یان له‌ته‌نهاییدا ڕووده‌دات به‌جۆرێک ڕه‌وشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که یان خێزانیه‌که هه‌رچۆنێک بێت کار له‌ڕوودانی ئه ناکات ، به‌ڵام نۆره‌ی هیستیری هه‌میشه له‌ئاماده‌بوونی خه‌ڵکیدا ڕووده‌دات به‌تایبه‌تی له‌ئاماده‌بوونی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کی تایبه‌تییان به‌نه‌خۆشه‌که‌وه هه‌یه ، هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌و که‌سانه‌دا ڕووبدات که‌بایه‌خ به‌کاروباری نه‌خۆشه‌که ده‌ده‌ن . 5- نۆره‌ی فێ له‌خۆوه ڕووده‌دات بێئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵوێستێکی سۆزداری دیارکراوه‌وه هه‌بێت وه که‌مجاریش به‌هۆی هه‌ڵچوونێک یان ترسێکه‌وه ڕووده‌دات . به‌ڵام نۆره‌ی هیستیری هه‌میشه به‌هۆی هه‌ڵوێستێکی بارگاوی به‌هه‌ڵچوونێکی سۆزداریه‌وه ڕووده‌دات . 6- نۆره‌ی فێ هیچ ئامانجێکی له‌پشته‌وه نیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی که‌ڵک و سوودێک بۆ نه‌خۆشه‌که ، به‌ڵام نۆره‌ی هیستیری ڕووده‌دات به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی گرنگی پێدان و سه‌رنج و سۆزی ده‌وروبه‌ر یان به‌ئامانجی هۆهێنانه‌وه بۆ هه‌ڵوێستێکی دیاریکراو یان بۆ ڕاکردن له‌به‌رپرسیارێتیه‌کی دیاریکراو . 7- نۆره‌ی فێ کت‌وپڕ ڕووده‌دات و له‌وانه‌یه ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌کی هه‌ستیاری کورت خایه‌ن ( Aura ) پێش نۆره‌که بکه‌وێت .. نۆره‌ی فێ یه‌ک خوله‌ک یان که‌مێک زیاتر ده‌خایه‌نێت و به‌دوایدا کرژبوونی ماسولکه‌کان له‌هه‌رچوار په‌لدا ڕووده‌دات ، به‌ڵام نۆره‌ی هیستیری کت‌وپڕ ڕوونادات و له‌سه‌رخۆ ده‌بێت له‌وانه‌یه پێشه‌کیه‌کی درێژ پێش نۆره‌که بکه‌وێت .. نۆره‌ی هیستیری ماوه‌یه‌کی درێژتر ده‌خایه‌نێت که له‌چه‌ند خوله‌کێکه‌وه تا چه‌ند کاژێرێک ده‌خایه‌نێت و کرژبوونی ماسولکه‌کان ناهاوسه‌نگتره له‌چاو ئه‌وه‌ی له‌فێدا ڕووده‌دات . 8- بێهۆشی له نۆره‌کانی فێدا به‌ته‌واوی ده‌بێت و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی ده‌ماریش نیشانده‌ری ئه‌مه ده‌بێت ، به‌ڵام له‌هیستیریادا بێهۆشی به‌ته‌واوی ڕوونادات و به‌ڵگه‌یه‌کی ده‌ماریش نابێت بۆ سه‌لماندنی بێهۆشی .. زۆربه‌ی تووشبووانی هیستیریا ده‌ڵێن که گوێ بیستی ئه‌و قسانه‌ن که له‌گه‌ڵیاندا ده‌کرێت به‌ڵام ناتوانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه ، له‌و بارانه‌شدا که نکوڵی له بیستین یان بینین ده‌که‌ن ئه‌وه ده‌رئه‌نجامی ئه‌و له‌بیرچوونه‌وه هیستیریه‌یه که له‌ماوه‌ی نۆره هیستیریه‌که‌دا ڕووده‌دات له‌هه‌ندێک نه‌خۆشدا ، یاخود ئه‌م له‌بیرچوونه‌وه‌یه هۆهێنانه‌وه‌یه‌که بۆ نابه‌رپرسیارێتی . 9- له فێدا نه‌خۆشه‌که دانه جیڕه ده‌کات و گاز له زمان و لێوه‌کانی ده‌گرێت یان ئازار به‌خۆی ده‌گه‌یه‌نێت له‌کاتی که‌وتن به‌سه‌ر زه‌وی یان ئاگر یان ئاودا یان له‌کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل یان پاسکیل ، به‌ڵام له هیستیریادا نه‌خۆشه‌که هه‌ردوو کاکیله‌ی جووت ده‌کات و زمان و لێوه‌کانی ناگه‌زێت .. نه‌خۆشه‌که به‌و کتوپڕیه ناکه‌وێت که له‌فێدا هه‌یه و تووشی ئه‌و زیانانه‌ش نابێت که له‌فێدا ڕووده‌دات ، چونکه که‌وتنه‌که‌ی له‌سه‌رخۆ و به‌هێمنی ده‌بێت و خۆی له مه‌ترسیه‌کان ده‌پارێزێت یان خۆی دوور ده‌خاته‌وه ، هه‌ر بۆیه زۆر به‌که‌می ڕووده‌دات له‌نۆره‌ی هیستیریدا نه‌خۆش تووشی زیان ببێت مه‌گه‌ر به‌ڕێکه‌وت بێت . 10- له‌نۆره‌ی فێدا نه‌خۆشه‌که که‌ف له‌ده‌می دێته ده‌ره‌وه و ده‌موچاوی شین هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و ڕه‌نگه میزیش به‌خۆیدا بکات ، به‌ڵام ئه‌م دیاردانه له‌نۆره‌ی هیستیریادا ڕووناده‌ن . 11- جوڵه‌ی کاره‌بایی ده‌ماخ له‌فێدا تێکده‌چێت و ناڕێک ده‌بێت له‌کاتی نۆره‌دا و له‌نێوان نۆره‌کاندا ، به‌ڵام جوڵه‌ی کاره‌بایی ده‌ماخ له‌نۆره‌ی هیستیری و له‌نێوان نۆره‌کانی هیستیریادا به‌سروشتی ( ئاسایی ) ده‌مێنێته‌وه . 12- نه‌خۆش له‌دوای ته‌واوبوونی نۆره‌ی فێ له‌وانه‌یه تووشی هه‌ڵچوون و داچوون بێت ، به‌ڵام له‌هیستیریادا ئه‌م باره ئه‌گه‌ر ڕووبدات ئه‌وا له‌کاتی نۆره‌که‌دا ڕووده‌دات نه‌ک له‌پاش نۆره‌که . 13- له‌زۆربه‌ی باره‌کاندا نۆره‌ی فێ وه‌ڵامده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر به‌ده‌رمانی دژه فێ ، به‌ڵام ده‌رمان کاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر نۆره‌ی هیستیری ته‌نها له‌ڕێگه‌ی ئیحاوه نه‌بێت .
لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان
« ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسیه‌وه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سروشتێ ده‌روونزانیێ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
