نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

گرێ ده‌روونیه‌کان

ئه‌یلول 11, 2007

paa274000050.jpgبەر لە چەند ڕۆژێک بابەتێکی بەڕێز دکتۆر ( ئەفرام ) مان بڵاوکردەوە بەناونیشانی ( گرێ دەروونیەکان ) ، ئەم بابەتە وەک ئەو دەقەی لەلایەن بەڕێزیانەوە بەدەستمان گەیشتبوو بڵاوکرایەوە ، بەڵام دیارە بابەتەکە درێژتر و زیاترە لەوەی بڵاوکراوەتەوە ، هەربۆیە بەڕێزیان لەمە ئاگاداری کردین و تەواوی بابەتەکەی بۆ ناردینەوە ، هەربۆیە بابەتەکەی پێشووتر هەڵدەگرین و بابەتە نوێیەکە بڵاودەکەینەوە ، لەگەڵ داوای لێبووردنمان بۆ خوێنەرە بەڕێزەکانی ماڵپەڕی دەروونناسی و بەڕێز دکتۆر ئەفرام ، هیوای بەردەوامی و بەخششی زیاتر بۆ بەڕێزیان دەخوازین .
بەڕێوەبەری ماڵپەڕ

گرێ دەروونیەکان
ئامادەکردنی : د . ئەفرام محەمەد حەسەن

زۆرجار هەندێ ڕەفتار لە تاکدا تێبینی دەکەین جێی سەرنج راکێشانە و دەلێن ئەو کەسە گرێی دەروونی هەیە یا ئالۆزی دەروونی هەیە .
گرێی دەروونی بریتیە لە کۆمەڵە بیر و ئارەزویەک ، خاوەن پێک هاتەیەکی رەمەکییە و پاڵ بەتاکەوە دەنێ بە شێوازێکی تایبەت رەفتاربکات .
لە دەرونزانیدا ژمارەیەکی زۆر گرێی دەروونی باس کراوە و هەریەکەیان یان زۆربەیان پەیوەست کراون بەروداوێکی مێژووییەوە یان ئەفسانەیەکی مێژووییەوە. زانایان بەتایبەتی فرۆید (خاوەن زانستی دەروونە شیکار) هاتووە لە مەر شیکردنەوەی ئەو رووداوانەدا دەروونی تاکی هەڵسەنگاندوەو کۆمەڵە گرێیەکی دەروونی باس دەکات بە هۆیەوە هەندآ رەفتاری رۆژانەی تاک راڤە دەکات .

Oedipus complex 1- گرێی ئۆدیپ :
گرنگترین گرێی دەرونیە و پێی دەڵێن گرێی بنەرەتی یان ناوک چونکە سەرجەم گرێیەکانی تر لەمەوە سەرچاوە دەگرآ یان لەدەوری هەمان بابەت دەخولێتەوە ئەویش بریتییە لەوەی کەتاک(نێرینە )لە تەمەنێکی دیاری کراودا (3 سالان ) حەز لە دایکی خۆی دەکات و رقی لە باوکی دەبێتەوە ، بێگومان ئەم رستەیە کە زۆربەی سەرچاوەکان دەیدەن بە گوآی دا یان دەیخەنە بەر چاو، بیسەر یا بینەر دەوروژێ و بە تاوانێکی گەورەی لە قەلەم دەدات و دەلێ شتی وانییە و ئەمە مەحالە و کوفرە و……هتد تەنانەت هەندێ لە تەمەنی (40 ) ساڵیدا دەڵێ شتی وانییە من چۆن حەز لە دایکی خۆم دەکەم و لە کۆرو کۆبۆنەوەدا دەیداتە بەر گوێی سەداها کەس شتی وامەحالە و ئەرێ کەس لە ئێوە حەز لەدایکی خۆی دەکا!!!
کورتەی ئەم گرێیە بۆ ئەفسانەیەکی یۆنانی دەگەرێتەوە کە سۆفۆکلیس لە سەدەی پێنجەمی پێش زانیدا بە هۆنراوە نوسیویەتەوە و باس لە پاشایەک دەکا بەناوی لایۆس ئەوانەی کتێبی بۆ دەگرنەوە پێی دەلێن کۆرێکت دەبێ و پاش گەورەبونی تۆ دەکوژێ و خێزانەکەت مارە دەکات ئەویش فرمان دەدات بە یەکێک لە پاسەوانەکان کە کورەکەی بەرێت و بیکوژێت بەڵام پاسەوانەکە دڵی نایەت بیکوژێت دەیداتە دەست پاشای ناوچەیەکی تر (کوریسنە) ئەویش زۆر دڵشاد دەبێ چونکە منداڵی نابێ . کاتێک کورە گەورە دەبێ کتێب گرەوەکان پێی دەڵێن تۆ باوکی خۆت دەکوژیت ودایکت مارە دەکەیت ، ئەویش ئەو ناوچەیە بەجێ دێڵێ و دەچێتەوە بۆ ناوچەی یەکەم جاری لەوآ باوکە ڕاستەقینەکەی خۆی دەکوژێ و شاژن کەدایکێتی مارە دەکات. پاشان کەڕاستیەکەی بۆ دەردەکەوآ سەری خۆی هەڵدەگرێ و چاوی خۆی کوێر دەکات و دایکیشی خۆی دەکوژێ .
گومانی تێدا نییە ئەم چیرۆکە کارێکی ئەدەبی گەورەیە و سۆفۆکلیس داهێنانی تێدا کردوە لە هەمان کاتدا فرۆید لە رووی زانستیەوە داهێنانێکی کەمتری تێدانەکردووە و تێۆرێکی لە سەر بناغە ناوە تاکو ئێستاش لە زیاتر لە ناوەندێکدا جێی مشت ومرە لە نێوان نەیاران و لایەنگراندا و ناکرێ هەروا بەئاسانی و عاتیفیانە رەتبدرێتەوە یان قەبول بکرێ .
بە پێی تێۆری شیکارەدەروون کارە ئەدەبیە گەورەکان لە توانایدایە دەربرى نەستی تاک وکۆمەڵ بێت بۆیە ئۆدیب دەربری ئارەزووە خەفەکراوەکانی نەستی سۆفۆکلیسە .ئەویش یەکێکە لە کۆمەلڕ ودەکرى دەربری ناخی هەمووان بێت.
ئەم گرێیە لە تەمەنی (3 – 6 ) ساڵی روودەدات بەوەی منداڵ دەست دەکات بەناسینەوەی ئەندامەکانی زاوزێی خۆی و پاشان لەتەمەنی 6 ساڵیدا بەرەو نەمان دەچێت و منداڵ لەگەل هاورەگەزی خۆیدا دەگونجآ و ئیتر ئەم حەزەی نامێنى و بەڵام گەر لە م قۆناغەدا گەشەی بوەستێ دەشێ لە ئایندەدا هەلگری هەمان گرێ بێت و بە شیوەیەک لە شێوەکان کار لە هەلس وکەوتی رۆژانەی بکات
Electra complex 2- گرێی ئەلیکترا :
پێچەوانەی گرآی ئۆدیبەو مێینە لەتەمەنێکی دیاری کراودا حەز لەباوکی دەکات و رقی لە دایکی دەبێتەوە . بە پێی شیکارەدەروون هۆی ئەمەدەگەرێتەوە بۆ بوونی چووک لە نێرینەدا مێینە بەخیلی بەم ئەندامە زیادەیەی نێرینە دەبات و تاوانی بێبەشبوونی لەم ئەندامە دەداتە پاڵ دایکی و هەست بەکەمی دەکات لە چاو نێرینەدا .
رەگی ئەم گرێیەش بۆ ئەفسانەیەکی یۆنانی دەگەرێتەوە کە کچی ئەجاممنونی پاشای مسینا داوا لەبراکەی (ئوریست) دەکات دایکی و عاشقی دایکى بکوژیت چونکە دایکی خیانەتی لە باوکی کردووە و کوشتویەتی .
لایەنگرانی شیکارە دەروون وای بۆ دەچن هۆی ئەمە رقی کچەکەبێت لە دایکی و بەم بیانووە دەری دەبرێ. نمونەی ئەم گرێیەش لە واقیعى ئەمرۆماندا گەلێک زۆرەو بەردەوام لەم لاولەولا گوى بیستی ئەوە دەبین کە فلانە کەس لەسەر مەسەلەی شەرەف دایکی خۆی کوشتووە ئەم کردەوەیەش لە کۆمەلگای ئێمەدا زۆربەی جار دەست خۆشی لێدەکرێت و بەجۆرێک لە قارەمانی دەدرێتە قەلەم .
Inferiority complex 3- گرێی نزمی :
هەست کردن بە کەمی یان ناتەواوی لە بواریک لە بوارەکانی ژیاندا.
ئەم گرآیە هەندێ جاردەبێتە هاندەر بۆ سەرکەوتن لە بوارێکی تری ژیاندا بۆ نمونە دەشێ ئافرەتێک دیمەنی سەرنج ڕاکێش نەبێت (واتە جوان نەبێت) دەبینیت لەبری ئەوە بایەخێکی زۆر دەداتە مێردەکەی و زۆر رووخۆش و بەسۆزە . یان پیاوێکی لاوازی باڵا کورت دەبینی لەگەڵ خێزانەکەیدا زۆر توندەو دەیەوى پیاوێتی خۆی بسەلمێنی بۆ نمونە دەگێرنەوە ناپلیۆن خاوەن چووکێکی کورت بووە بەڵام هەمیشە حەزی بەوە کردووە لەگەل ئافرەتی باڵابەرزو لەش پردا بنوآ و ئەو هەموو توندوتیژییەی کە هەیبووە رەنگە لە هەمان گرێدا خۆببینێتەوە.
یا خوێندکارێک لە وانەکانیدا لاوازەو ناتوانێت کێشمەکێش لەگەل هاوەڵەکانیدا بکات دەبینی هەوڵ دەدات لە بوارێکی تردا خۆی چالاک بکات و بەڵام هەندێ جار لەبری ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ داهێنان یا خۆدۆزینەوە لە بوارێکی تردا دەبێتە رێگر لە بەردەم تاکدا و نەخشەی ژیانی تێک دەدات و توشی گەڵآ نارەحەتی دەکات و لە کۆمەلڕ دادەبرێت و نیشانەی هەندێ نەخۆشی دەروونی تێدا بەدەردەکەوێت(دلەراوکى و خەمۆکی) و ڕەنگە لە هەندآ باری تردا ببێتە هۆی رق لێبوونەوە لە کۆمەلڕ و سەرهەڵدانی رەفتاری نەشیاو و توندوتیژ بەرامبەر مرۆڤایەتی.
Castration complex: 4- گرێی خەساندن
فرۆید لەو باوەرەدایە منداڵان هەموویان دلەراوکێی خەساندنیان هەیە بە هۆی هەرەشەی بەردەوامی باوان بە تایبەتی باوک بەوەی چوکی منداڵەکەی دەبڕێ گەر فلانە کاربکات یان گەر قسەیەکی بە گوێ نەکات. بەمەش منداڵ رقی دەبێتەوە لە باوکی یا هەرکەسێ شوێنی باوکی بگرێتەوە .
پاشان فرۆید گەیشتە ئەو باوەرەی گەر هەرەشەش نەبێ منداڵ هەر هەمان گرێی بۆ دروست دەبێ کاتێ دەبینێ مێینە چوکی نیەو وای بۆ دەچێ بەهۆی شتێکەوە لە دەستی دابێ بۆیە بەردەوام دەترسێ ئەو شتە چی بێت نەوەک ئەمیش بکەوێتە هەمان هەڵەوە.
لای مێینە ئەم گرێیە بەشێوەی حەسودی دەبآ فرۆید ناوی دەنى ……….. ئێستا ئەم بۆچونەی فرۆید بەتەواوی رەتکراوەتەوە لایەنگری نییە یان زۆر کەمە.
دەشى تاک خۆی بخەسێنێ بەشێوەیەکی راستەقینە (گرێی ئیشمون)[ واتە لە رێی نەشتەرگەرییەوە خۆی دەخەسێنێت] یا بەشێوەیەکی مەجازی واتە دەیبینیت بەشێوەی مێینە رەفتار دەکات لەترسی ئەوەی نەیخەسێن.نمونەی ئەمەش لە شانۆی ژیاندا بەدی دەکری لە لایەن ئەو تاکانەی هاوەڵی بەرپرسە بەرزەکان دەکەن لەترسی ئەوەی گومان نەکەن لە پەیوەندی نێوان ئەوان و هاوسەرەکانیان .
Musculity complex- گرێى نێرینەیی : 5
لەم بارەدا مێینە وەکو نێرینە رەفتار دەکات ، پاڵنەری دەرکەوتنی ئەم گرێیەش بریتیە لەهەستکردنی مێینە بەوەی لە نێرینە کەمترە بەڵام بەرپەرچی ئەم کەمێتییە دەداتەوە بەوەی هەوڵ دەدات وەکو نێرینە رەفتاربکات (لە توندوتیژی و پۆشاک و شێوازی قسەکردن ودانیشتن و….)
کتێبە مێژووییەکان باس لەوە دەکات کە ئەسکەندەر وناپلیۆن بەژن وباڵا وتەنانەت دەنگیان هاوشێوەی دەنگی مێینە بووە رەنگە هەر ئەوە وای لێکردبن هێندە توندوتیژبن.
بێگومان ئەم رەفتارەی مێینە هەروائاسان نییە و زۆر کات گەر نەلێم هەمیشە لەسەر حیسابی ماڵ ومنداڵ دەبێت وچونکە ئاسان نییە لەرووی فکری وسلوکییەوە نێرینە بیت ولەرووی سۆزدارییەوە مێینە؟!
هەندآ جار مێینە هێندە بە توندی باوەش بەم شێوازی ژیانەدا دەکات تادەگاتە ڕادەیەک حەز بە سکبوون و مناڵبون ناکات هەندێ جار بیرۆکەی شووکردن بەتەواوی رەت دەکاتەوە نایەوێ هیچ شتێ هەبێ مێینەیی ئەو بسەلمێنآ.
کۆمەلگەش رۆڵی گەورەی هەیە لە دروست کردنی ئەم گرێیەدا بەهۆی ئەو جیاوازییە گەورەیەی دەیکات لە هەلس وکەوت لە نێوان نێر ومێدا چەوساندنەوەی بەردەوامی مێینەو سزادانی لەسەر بچوکترین ، تاوان و گەر هەردوو رەگەز هەمان تاوان بگەن هەمیشە سزای مێینە گەورەترە و ئەو شەرمەزارییە بەسەر کەس وکاردا دەیهێنى گەورەترە و دەبآ سزای توندتر بدرآ ئەمەش وا لە مێینە دەکات لەو واقیعە تالە بێزار بێت و هەوڵی قوتاربوون بدات بۆ جیهانێکی تر گەر جیهانی خۆیشی نەبێت، یا ئەو بەهەشتی چاوەروانکراوە نەبآ . بەڵام دۆزەخێ تا دۆزەخێکی تر جیاوازە !
)Diana complex هەروها پێیشى دەلًێن گرێی دیانا(
Feminity complex 6 – گرێی مێینە:
مناڵی کوڕ کاتێک یاری لەگەل خوشکەکەیدا دەکات یان لەکاتی خۆشتندا تێبینی ئەوە دەکات ئەو چوکی نییە بەخەیاڵی خۆی هۆی ئەمە دەگەرێنێتەوە بۆ ئەوەی دایکی وەکو سزایەک ئەمەی لە خوشکەکەی سەندبێتەوە بۆیە لەرێی رەفتارەوە هەوڵ دەدات بۆ دایکی بسەلمێنێ ئەوەی دەتەوێ بیکەی دەتوانیت بەدەستی بهێنی بەبآ ئەوەی ئەو پارچەیەم لێبکەیتەوە.
هەروەها دەشێ چۆن فرۆید باس لە ئێرەیی چووک دەکات بەهەمان شێوە ئێرەیی دامێن هەبێ ؟!
Grandfather complex 7- گرێی باپیرە :
ئارەزوویەک وا لە منداڵ دەکات حەز بەوە بکات کەباپیرە بێت و رەفتاری باپیرانە بکات ، هەرچەندە خۆی دەبینێ گەورە دەبآ ئەم ئەگەرەی لا زیاتر دەبێ کە ببێتە باوکی باوانی.پەروەردەی کۆمەلیش کاریگەری گەورەی هەیە هەر لە مندالیەوە فێر دەکرى قسەی ناشرین بە باوانی بڵآ یان لێیان بدات بۆیە هەمیشە واهەست دەکات رۆلی باوکی باوانی دەبینآ.
Cain complex 8- گرێی قابیل:
گرێی غیرە و ئێرەیی و بەرەبەرەکانییە لە نێوان براکاندا . مێژووی ئەم گرێیەش دەگەرێتەوە بۆ چیرۆکی قابیل وهابیل کاتێک قابیل هابیل دەکوژێت تاکو خوشکەکەی مارە بکات هەروەها چیرۆکی حەزرەتی یوسف وبراکانی دەتوانین لە هەمان گرێدا پۆلێنی بکەین .
لە رۆژگاری ئەمرۆشدا سەدەها نمونەی وادەبینین پاش مردنی برا ، براکەی تری خێزانەکەی لە خۆی مارەی دەکات گەر لەتەمەندا لەویش گەورەتر بێت لە ژیر هەندێ پاساوی کۆمەڵایەتیدا (بامناڵەکان لاى مامیان گەورەبن ، تۆ جاری گەنجی ناکری کچیش بە تەنیا بآ ، دنیاکە خراپە) ڕەنگە ئەم پاساوە کۆمەڵایەتیانە تارادەیەک ڕاست بآ بۆ کۆمەڵگەی ئێمە بەڵام بوونی ئەم گرێیەش راڤەی هەندێکی تریان دەکات بە بوون یا نەبوونی ئەم پاساوانە.
هەندێ جار مێینە هەڵدەستێ بەکوشتنی مێردەکەی تاکو شوو بە برای مێردەکەی بکات ئەمەش حالەتێکی زۆر نامۆ نییە. بوونی خیانەت لە نێوان ژن و برای مێردا دیادەیەکی نامۆ نییە.
Atreus complex 9 – گرێی ئەتریۆس:
بەرامبەر گرێی میدیایە. لە باری یەکەمدا باوک رقی لە منداڵ وهاوسەرەکەی دەبێتەوە بە هۆی خیانەتی خێزانەکەی لەباری دووەمدا ئافرەت رقی لە منداڵ و هاوسەرەکەی دەبێتەوە بە هۆی خیانەتی مێردەکەی. چیرۆکی میدیا کەحەز لە ئەسپرتۆس دەکاو لەو پێناوەدا براکەی دەکوژێ لەگەل خۆشەویستەکەیدا هەڵدێن، پاش بوونی دوومناڵ مێردەکەی ژنی بەسەردا دێنێتەوە ئەویش هەڵدەستى بە کوشتنی ژنی دووەم وهەردوو مناڵەکەی .
لە واقیعی ئەمرۆماندا هاوشێوەى ئەم گرێیە زۆرە کاتێک مێینە هەست بە خیانەتی مێردەکەی دەکات یان مێردەکەی ژنی دووەم دێنی هەست بەکۆمەڵە نارەحەتیەک دەکات و پەیوەندی لەگەڵ مێردو منداڵەکانیدا تێک دەچآ ڕەنگە نەگاتە حالەتی کوشتن بەڵام شیرازەی خێزان دەشێوێت وپاشاگەردانی روودەکاتە ئەو ماڵە. دیاردەی فرە ژنی سەرتاپایی کۆمەڵگەی جیهانی سێى داگیر کردووە و بوونی بریارێکی رێگرتن لێرە یا لەوآ هیچ لە واقیعەکە ناگۆرێ و بگرە لە هەندێ حالەتدا بارەکەی زیاتر تێک داوە ، لە کۆمەلگەی خۆمان پاش ئەو بریارەی کە دادگا مارەی ژنی دووەم نەبرآ و سزای پیاو بدرێ بە زیندانی یان پارە لێسەندن جارێکی تر بازاری کۆلکە مەلاو هاوەلچەکانیانی گەرم کردەوە بەوەی ئەوەی دادگا نایکات ئێمە دەیکەین! ئەی تاوانی ئەو منداڵانەی ژنی دووەم چیە هەر لە سەرەتای هاتنە ژیانەوە مافی هاوولاتی بوونیان نەدرێتی لە وولاتێکدا کە گەورەکانی رادەکەن لە هاوولاتی بوون؟!!
Orest complex 10- گرێی ئۆریست :
گرێی ئەو لاوەیە کاتێک دەبینێ دایک وخوشەویستەکەی پیلان دادەنین بۆ کوشنی باوکی ئەویش لە تۆلەیا هەردووکیان دەکوژآ . دایکی ئۆریست ناوی (کلیتمنسترا)بووەو خاوەن گرێی کلیتمنسترایە .
Griselda complex 11- گرێی گریسلیدە :
گرێی ئەو باوکەیە کەڕازی نابێ کچەکەی بداتە شوو بۆ مارەبرینی داوای شتی زۆر دەکات لە توانای زاوادا نەبێ چونکە نایەوێت کچەکەی شوو بکات لەراڤەی هەڵوێستی باوکدا واباس دەکرى پەیوەندی بە گرێی ئۆدیپەوە هەبآ لە لایەن باوکەوە پاشماوەی هەندێ کێشمەکێشی دەروونی مابێ. نمونەی ئەم جۆرە باوکانە لە وولاتی ئێمەدا زۆرە بۆتە دیاردەو هەندێ پاساوی نابەجێی بۆ دەهێنرێتەوە بە دڵنیاییەوە باوک خۆیشی قەناعەتی بەو پاساوانە نییە. هەندآ جار یەکآ لە براکان ئەم دەورە دەبینآ داوای پارەی زۆر و ژن بیانووی تر دەگرێ بە زاوا لە کاتێکدا زۆرێک لەو کردەوانە لەم گرێیە بەدەر نین.
Jocasta complex 12- گرێی جۆکاستا :
دایکی ئۆدیب بووە ، هەرچەندە نەیزانیوە کەئۆدیپ کوریەتی پاش مارەکردن خۆی دەکوژێ بەڵام هەندێ لە زانایان دەلێن ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی ئەو خۆشەوستیە بآ سنورەی دایک هەیەتی بۆ کورەکەی لە هەندآ باری نەخۆشیدا دەشآ بگاتە ئاستی پەیوەندی سێکسی ئاشکرا.گەر گرێی گریسلیدە پێچەوانە بکەینەوە بۆ دایک شتێکی زۆر نامۆ نابێت .
Phaedra complex 13 – گرێی فیدرا:
گرێی ژنی باوک کاتێک دەکەوێتە عەشقی کوری مێردەکەیەوە ( فیدرا خێزانی ئیسیۆس بووە حەزی لە (هیبۆلیتۆس) دەکرد کوری ئیسیۆس بوو.
هەروەها کۆمەڵێ گرێی تریش هەن وەکو گرێی مەمک وگرێی هیراکلیز(کە بەبەختی نەگبەتی خۆی بۆ مناڵکانی دەگێرایەوە ودەستی کرد بەکوشتنیان).
لە کۆتاییدا ئەوەی جێی ووتنە مەبەست لە باس کردنی ئەم گرێیانە ئەوە نییە ڕاست یان ناراستن؟!
چونکە وەکو لە سەرەتادا باسم کرد بە پێی قوتابخانەی شیکارەدەروون دەتوانرێت سوود لە شاکارەکان وەربگیرێت بۆ شیکردنەوەی دەروونی تاک بە بۆچونی هەندێکی تر ناتوانرێ بە هیچ جۆرێ پشت ببەسترێ بە ئەفسانە بۆ دارشتنی تێۆری زانستی ، ئەمەی منیش خستمە روو تەنها کۆمەڵە زانیاریەکە و هیچی تر مەبەست پالڕ پشتی یان رەتکردنەوەی هیچ لەم گرێیانە نییە، تەنها ئەوە نەبێت ناکرێ دووهێلی راست وچەپ بەم گرێیانەدا بێنین هەمووی بەهەڵە دابنێین لەهەمان کاتدا ناکرێ هەمووی بە ڕاست ئاژمار بکەین چونکە واقیعی ژیان وکۆمەڵ زیاتر لە قسەیەکیان هەیە.
سەرچاوەکان:
1- الموسوعە الجنسیە النفسیە . تڕلیف الدکتور- عبدالمنعم الحفنی گ4 2004
Introduction to psychology 2003 2-
Hilgard &Atkinson

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

بۆچوونەکان


« خه‌مۆکێ… ( depression ) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئاوهێنانه‌وه‌ ( خۆ ڤه‌ڕه‌ساندن ) »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional