نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

خه‌مۆکێ… ( depression )

ئه‌یلول 11, 2007

ڕێکخراوی هارتلاند بۆ پێداویستی مرۆیی و مافی مرۆڤخەمۆکى تەواو جیاوازە لەو حاڵەتى خەمبارییەى کە زۆربەى کات خەڵکى پێوەى گرفتارن. هەستکردن بە خەمبارى بە شێوەیەکى کاتى ، بەشێکە لە ژیانى ئاسایى مرۆڤ ، لەبەرئەوەى پەیوەندیدارە بە گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ژیانى رۆژانە. بەڵام ئەو دڵتەنگییەى لە حاڵەتى خەمۆکیدا هەیە تەواو ناخى مرۆڤ داگیردەکات و بەکەمى فاکتەرە دەرەکییەکان دەتوانن ببنە هۆى کەمکردن یاخود رەواندنەوەى.
لە ژیانى ڕۆژانەدا زۆر هەڵوێست و ڕوداو هەن کە مرۆڤ توشى دڵتەنگى دەکەن ، بەڵام لەوانەیە تەنها بۆ ماوەیەکى کورتى چەند ڕۆژى بەردەوام بن و نەگەنە ئاستى خەمۆکى و مرۆڤى ئاسایى بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و توشى پەکخستنى نەکەن.

خەمۆکى چییە ؟
خەمۆکى یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییە بڵاوەکانى جیهان کە جەستە و مەزاج و بیرکردنەوەى مرۆڤ دەگرێتەوە . کاریگەرى دەکاتە سەر شێوازى خواردن و خەوتن ، هەستکرن ، بیرکردنەوە لە شتەکان. ئەم حاڵەتە گۆڕانێکى ئاشکرا لەمەزاجی مرۆڤدا دروست دەکات و خەمباردەبێت ، بەڵام هەموو کاتێک تەنها خەمبارى نیشانەیەکى بەردەوامى خەمۆکى نییە ، بەڵکو چەندین نیشانە و گۆڕانکارى لە کەسەکەدا دروست دەبێت لەوانە کەمبوونەوەى ئارەزوەکانى ، چێژ وەرنەگرتن لە هیچ شتێک ، دابەزینى تواناى مرۆڤ ، … هتد. خەمۆکى لەجۆرى ئاسانەوە تا قورس و درێژخایەنى هەیە و هەموو قۆناغەکانى تەمەن ئەگەرى توشبوونیان هەیە پێى. ئەم حاڵەتە هەڕەشەیەکە لەسەر ژیانى مرۆڤ و کاریگەری دەبێت لەسەر لایەنى کۆمەلایەتی ، ئەنجامدانى چالاکى ، کارکردن .

رێژەی تووشبوون بە خەمۆکى :
نەخۆشى خەمۆکى یەکێکە لە بڵاوترین نەخۆشییە دەروونییەکان لە جیهاندا ، ڕێژەى توشبوون بەم نەخۆشییە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر دەگۆڕێت. بە پێى داتاکانى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ( W.H.O) ، لە جیهاندا ( 121 ملیۆن ) کەس نەخۆشى خەمۆکیان هەیە ، تەنها لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ( 21 ملیون ) کەس توشى خەمۆکى بوون کە 9.5 % ى کۆى دانیشتوانەکەیەتى. بە گشتى ڕێژەى توشبوون بە خەمۆکى لە جیهاندا ( 15% - 20% ) ە ، لە ژناندا دوو هێندەی پیاوانە ، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە خەمۆکى نەخۆشییەکى ژنانە بێت ، بەڵکو هۆکارەکەى دەگەرێتەوە بۆ جیاوازى لایەنى بایۆلۆجى و هۆڕمۆنى ژن ، سوڕى مانگانە ، سکپڕى و مناڵبوون ، فشاری کۆمەڵایەتی و کەلتورى ،… بە پێى توێژینەوەکان لە ساڵى 2007 خەمۆکى دەبێتە یەکێک لە بڵاوترین نەخۆشییەکان لە جیهاندا ، هۆکارە سەرەکییەکانى دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنى تەکنەلۆجى و مەدەنى ، زیادبوونى فشارەکانى ژیانى ڕۆژانە. لە ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانیدا هاتووە لە هەر ( 4 کەس ) لە جیهاندا یەکێکیان توشى خەمۆکى دەبن لە کاتێک لە کاتەکانى ژیانیاندا.

هۆکارەکانی خەمۆکی:

بۆماوە: بەپێى ئەو توێژینەوانەى ئە نجامدراون ، دەرکەوتووە بۆماوە رۆڵێکى گرنگى هەیە لە گواستنەوەى نەخۆشى خەمۆکى لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان . رێژەی تووشبوون لە کەسانی پلە یەکی نەخۆشدا دوو بۆ سێ هێندەی کەسانێکى تەندروستە.
هۆکارى بایۆلۆجی : هەر تێکچونێک لە بڕى یاخود کەمبوونى ئاستى ترشە ئەمینییەکان لە دەمارەکانى مێشکدا وەکو ( سیرۆتۆنین ، دۆپامین ، نورئەدرینالین ) هۆکارى توشبوونن بە خەمۆکى. ئەو دەرمانانەى بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنى خەمۆکى لەسەر بناغەى ئەم بیردۆزە دانراون و کاردەکەن لەسەر زیادکردنى ئاستى ئەم ماددانە لەناو مێشکدا.

هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان : مرۆڤ لە ژیانى ڕۆژانەیدا تووشى چەندین ڕوداوى چاوەڕوان نەکراو دەبێت وەکو لەدەستدانی خزم و کەس یاخود هاورێیەکی نزیک ، لەدەستدانی سەروەت و سامان و ئیشوکار ، جیابونەوەی خێزان ، ئاوارەبوون ، جەنگ ….هتد ، هەموو ئەمانە تەنگژە و فشار دروست دەکەن لەسەر مرۆڤ و بەشداردەبن لە دروستکردنى حاڵەتى خەمۆکى.

ڕەگەز : هەردوو ڕەگەز توشى نەخۆشى خەمۆکى دەبن ، بەڵام ڕێژەى توشبوون لە ڕەگەزى مێدا دوو بۆ سێ هێندەى ڕەگەزى نێرە. هەروەها ئافرەتى زەیستان لەپاش منداڵبوون ئەگەرى توشبوونی هەیە بە جۆرێکى تایبەتى خەمۆکى ، ئەویش پێى دەوترێت ( خەمۆکى زەیستانى ).

توشبوون بە نەخۆشى جەستەیى : هەندێ جار خەمۆکى دروست دەبێت ، ئەگەر ئەو کەسە پێشتر توشى نەخۆشیەکى جەستەیى بووبێت ، وەکو نەخۆشى شێرپەنجە ، نەخۆشى دڵ ، نەخۆشییە درێژخایەن و ئازاراویەکانى تر.

بەکارهێنانى دەرمان یان ئەلکهول : هەندێ جار خەمۆکى لەئەنجامى بەکارهێنانى دەرمانى نەخۆشییەکى جەستەیى یاخود خراپ بەکارهێنانى مەوادێکى تایبەت دروست دەبێت ، لەم حاڵەتەدا ئەگەر توانرا سەرکەوتوانە چارەسەرى هۆکارەکە بکرێت ئەوا خەمۆکییەکەش کۆتایى دێت. هەروەها ئەو کەسانەى کە بە زۆرى ئەلکهول یان ماددە هۆشبەرەکانى تر بەکاردەهێنن توشى خەمۆکى دەبن.

کەسایەتى : هەموو کەسێ ئەگەرى تووشبوونی بە خەمۆکی هەیە ، بەڵام تێبینی کراوە هەندێک جۆرى کەسایەتى ئامادەیی زیاتریان تێدایە بۆ توشبوون بە خەمۆکى وەکو کەسایەتی وەسواسی ، هستیری ، توندوتیژ.

نیشانەکانی خەمۆکى:
نیشانەکان بەپێى جۆر و تایبەتمەندى خەمۆکییەکە ، هەروەها بەپێى تەمەن و هۆکارەکانى توشبوون دەگۆڕێن.
بۆ ئەوەى بڕیار بدرێت کەسێک نەخۆشى خەمۆکى هەیە ، پێویستە بەلایەنی کەمەوە پێنج یان زیاتر لە نیشانەکانى بۆ ماوەی زیاتر لە دووهەفتە هەبێت و کارى کردبێتە سەر توانای ئیشکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى.
1.زوربەى کاتەکانى ڕۆژ دڵتەنگە بەتایبەت بەیانیان ، بەڵام دەمەو ئێواران کەمێک هەست بە باشبوون دەکات. دڵتەنگى لەسەر دەموچاوى دەردەکەوێت ، گۆشەى لێوەکانى بەرەوخوارەوەن ، لەڕوى خۆ ڕێکخستن و جلوبەرگەوە گرنگى بەخۆى نادات ، لەکاتى قسەکردندا سەرى شۆڕدەکاتەوە و سەیرى بەرامبەرەکەى ناکات.
2.هەست دەکات ژیان خۆشى تیانەماوە ، ناتوانێت چێژ لەخۆشییەکانى ژیان و ئەنجامدانى چالاکییەکان وەربگرێت.
3.تێکچوونى ئارەزوى خواردن، لە زۆربەى حاڵەتەکاندا کەم دەبێتەوە ئەمەش وا دەکات کێشى نەخۆشەکە لەماوەیەکى کەمدا دابەزێت. ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ئارەزوى خواردن زۆر دەبێت و کێشى زیاد دەبێت ).
4.خەوى تێکدەچێت، بەچەند شێوەیەک وەکو درەنگ خەوى لێدەکەوێت، یان خەوەکەى پچڕپچڕە و بەردەوام نییە، بەیانیان زوو خەبەرى دەبێتەوە. ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتى خەمۆکیدا خەوتن زیاد دەکات ).
5.تواناى ئەنجامدان و بەڕێوەبردنى سەرجەم چالاکییەکانى دادەبەزێت وەکو ئیشکردن ، خوێندن ، سەردانکردن و تێکەڵاوبوونى خەڵکى ، بەڕێوەبردنى ئیشى ناو ماڵ ، بەشداریکردن لە بۆنەکاندا.
6.هەستکردن بە ماندوبوون و شەکەتى ، کەمبوونەوەى جموجوڵ ، مانەوە لەناو جێگادا ، ( بەڵام لە هەندێک حاڵەتى خەمۆکیدا جوڵەى جەستەیى زیاد دەکات و توشى ماخۆلان دەبێت ).
7.هەستکردن بە بێنرخى، بێهیوایى و نەبوونى یارمەتى ، ڕەشبینى ، خۆ سەرزەنشتکردن ، متمانە بەخۆ نەکردن.
8.بێزاربوون لە ژیان و دووبارەوبوونەوەى بیرکردنەوە لە مردن یاخود خۆکوشتن، ( 60 % )ى حاڵەتى خەمۆکى بیرى خۆکوشتنیان هەیە، نزیکەی ( 15 - 20 % ) یان بیرۆکەکە جێبەجێ دەکەن.
سەرەڕاى ئەو نیشانانەى سەرەوە، ئەو کەسانەى توشى خەمۆکى دەبن ئارەزوى سێکسیان دادەبەزێت و تواناى ئەنجامدانى کارى سێکسیان لاواز دەبێت لە هەردوو ڕەگەزدا. دەرکەوتنى هەندێک نیشانەى جەستەیى لەوانە سەر ئێشە ، پشت ئێشە و ئازارى سک و … هتد. هەروەها لەهەندێک حاڵەتدا نیشانە ( زهانییەکان ) دەردەکەون کە بریتین لە وەهم و هەلوەسە ، نەخۆشەکە لەناو مێشکیدا گوێى لە دەنگەدەنگ و قسەکردن دەبێت بێ ئەوەى دەنگەکە هیچ سەرچاوەیەکى هەبێت ، یاخود وێنە و تارمایى دێنە بەرچاوى بێ ئەوەى لە ڕاستیدا بوونیان هەبێت.

کەى پێویستە داواى یارمەتى بکەیت بۆ چارەسەرکردنى خەمۆکى ؟
•ئەگەر بۆ ماوەى دووهەفتە هەست بە خەمۆکییەکى نائاسایى توند بکەیت ، حاڵەتەکە وا دەربکەوێت بەرەوخراپى دەچێت و باش نابێت.
•ئەگەر دڵتەنگى وخەمۆکییەکەت کاریگەرى کردبێتە سەر کارەکەت ، پیشەکەت ، گرنگیدانت بە خێزان و چواردەورەکەت.
•هەست بکەیت ژیان خۆشى تیا نەماوە و مردن خۆشترە لە ژیان.

بەرنامەیەکى ڕۆژانە بۆ خۆ ڕزگارکردن لە خەمۆکى :
•شتەکان لە ناخى خۆتا مەشارەوە و بە تەنها مامەڵەیان لەگەڵ مەکە : ئەگەر دڵتەنگ بوویت ، هەوڵ بدە لەگەڵ کەسێکى نزیکى خۆت دەربارەى هەستەکانت گفتوگۆ بکەیت. چونکە ڕێگەیەکى گرنگە بۆ چاکبوونەوە.
•گوێبگرە لەوەى ئارەزوى دەکەیت : وەکو گوێگرتن لەو گۆرانى و مۆسیقایانەى ئارامیەکى دەروونیت پێ دەبەخشن.
•بخوێنەرەوە : هەوڵبدە بەردەوام بیت لەسەر خوێندنەوەى شتى گشتى یان ئەوەى بەتایبەت ئارەزوى دەکەیت.
•شتێک ئەنجام بدە : ئەم کارە یارمەتیت دەدات دور کەویتەوە لە بیرکردنەوەى خراپ و دڵتەنگ بوونى زیاتر، لەوانە ئەنجامدانى هەندێک چالاکى ڕۆتینى ڕۆژانە وەکو خۆ خەریک کردن بە چاککردنى شتێکى ماڵەوە ، بەشداریکردن لە چالاکییە ئاینى و کۆمەڵایەتییەکاندا.
•وەرزش بکە : لە ناو ماڵدا یان بچۆرە دەرەوە بۆ ئەنجامدانى وەرزشێک ، ئەگەر تەنها پیادە ڕۆیشتنیش بێت. ئەم کارە یارمەتیت دەدات جەستەت چالاکانە بمێنێتەوە ، خەوتنت باش بێت ، ..
•خواردنى باش بخۆ : بەشێوەیەکى هاوسەنگ ژەمە خواردنەکان بخۆ ، تەنانەت ئەگەر ئارەزوى خواردنیشت نەبێت.
•خۆت بەدووربگرە لە بەکارهێنانى خواردنەوە کهولییەکان : چونکە بەکارهێنانیان تەنها بەشێوەیەکى کاتى هەستى باشبوون دروست دەکات ، پاش ئەوە حاڵەتەکە خراپتر دەبێت و دڵتەنگى زیاتر دەکەن.
•باش بخەوە : خۆت بەدووربگرە لەو کارانەى خەوت دەزڕێنن ، ئەو شوێنە هەڵبژێرە کە دەتوانیت بە ئاسودەیى تێیدا بخەویت و بەئاگا ناهێنرێیت.
•خۆت بشۆ : ئەوکاتەى هەست بە بێزارى دەکەیت ، بە ئاوێکى گەرم خۆت بشۆ تاکو بەتەواوى جەستەت خاودەبێتەوە.
•هۆکارەکە چارەسەر بکە : ئەگەر ئەتزانى هۆکارێکى دیاریکراو هەیە لە پشت دڵتەنگیەکەت ، بیر بکەرەوە لەوشتانەى چارەسەرى هۆکارەکە دەکەن و باشترین چارەسەریان هەڵبژێرە.
•حاڵەتەکە بەنەخۆشى سەیر بکە ، هەوڵ بدە زووترین کات سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى بکەیت ، تاکو چارەسەرى تایبەتت بۆ دەستنیشان بکات .

چۆن یارمەتى کەسێکى خەمۆک دەدەیت ؟

1.بەباشى گوێى لێبگرە کاتێک دەیەوێت قسە بکات دەربارەى هەستەکانى ، هەندێک جار پێویست دەکات چەند جارێک گوێ لەهەمان شت بگریتەوە . وا باشترە ئەگەر داواى لێنەکردیت ئامۆژگارى نەکەیت ، تەنانەت ئەگەر وەڵامەکەش ڕوون و ئاشکرا بوو.
2.لۆمە و سەرزەنشتى مەکە دەربارەى ئەو حاڵەتەى هەیەتى ، وا بزانیت بۆ خۆى ئەو حاڵەتەى دروستکردووە .
3.هەندێک جار خەمۆکى هۆکارەکى دیارە ، لەم حاڵەتانەدا یارمەتى نەخۆشەکە بدە چارەسەرى هۆکارە بکات یان چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بکات.
4.لەگەڵیدا کات بەسەربەرە ، یارمەتیدەر و هاندەرى بە قسە بکات ، بەردەوام بێت لەسەر چالاکییە جەستەیی و کۆمەڵایەتییەکان کە پێشتر ئەنجامى داوە ، بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانى کارى ئاسایى و ڕۆتینى ڕۆژانە بۆ ئەوەى توشى دابڕان نەبێت.
5.بانگهێشتى بکە بۆ چوونە دەرەوە ، ئەنجامدانى گەشت ، ئەنجامدانى چالاکییە خۆشى بەخشەکان ، بەشدارى کردن لە بۆنە کلتورى و ئاینییەکان ، ….
6.دڵنیاى بکەرەوە کە نەخۆشیى خەمۆکى چارەسەرى هەیە و چاک دەبێت ، بەڵام هێزى ئیرادە بەتەنها ناتوانێت چارەسەرى خەمۆکى بکات و پێویستە یارمەتى وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنى.
7.پێشنیارى بۆ بکە لەو ماوەیەدا کە دڵتەنگ و خەمۆکە ، بڕیارى گەورە و چارەنوسساز نەدات.
8.تەئکید بکە لەوەى خواردنى تەواو بخوات ، دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانى خواردنەوە کحولییەکان.
9.کەسى بڕوادار هانبدرێت پەنابەرێتە بەر ئاین و لایەنە ڕۆحییەکان بۆ خۆگونجاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ خەمۆکییەکەى.
10.ئەگەر حاڵەتەکەى بەرەو باشى نەدەچوو ، هێماى بێزارى لە ژیان ، نیەتى خۆ ئازاردان یان حۆکوشتنى لەسەر دیاربوو ، هانى بدە بەزوترین کات سەردانى پزیشکى تایبەتمەندى دەروونى بکات.
11.سەرپەرشتى وەرگرتنى ئەو دەرمانانە بکە کە پزیشک بۆى دیارى دەکات ، هانى بدە بەردەوام بێت لەسەر بەکارهێنانیان ، ڕێنماییەکانى پزیشکەکەى جێبەجێ بکات و لەکاتى خۆیدا سەردانى بکاتەوە.
12.پێویستە بەشێوەیەکى بەردەوام چاودێرى هەڵسوکەوتى نەخۆشەکە بکەیت ، نەوەکو هەوڵى خۆکوشتن بدات ، ئەویش لە ڕێگەى بەجێنەهێشتنى نەخۆش بەتەنها ، لابردنى هەموو ئەو هۆکارانەى مەترسى خۆکوشتنى پێدەکرێت.

چارەسەرکردنى خەمۆکى :
زوو دەستنیشانکردنى حاڵەتەکە و دەستپێکردنى چارەسەر هۆکارێکى گرنگن بۆ سەرئەنجامى نەخۆشییەکە. خەمۆکى ئەگەر چارەسەر نەکرا ، ئەوا نیشانەکانى بەردەوام دەبن بۆ چەند هەفتە ، مانگ ، ساڵ ، بەڵام چارەسەرى گونجاو دەتوانێت یارمەتى زوربەى کەسانى خەمۆک بدات بۆ چاکبوونەوە.
چارەسەرکردن چەند شێوازێکى هەیە ، پزیشک بەپێى توندى حاڵەتەکە بڕیار دەدات کام جۆرەیان بەکاربهێنرێت ، هەندێک جار بەیەکێک یان زیاتر لەم شێوازانەى خوارەوە نەخۆش چارەسەر دەکرێت :

1.چارەسەرکردن بە دەرمان :
بەکارهێنانى دەرمانى دژە خەمۆکى یەکێکە لە سەرەکیترین چارەسەرەکان ، لەبەرئەوەى کاردەکەن لەسەر ئەو گۆڕانانەى لە ڕێژەى ترشە ئەمینیەکانى ناو مێشکدا دروستبوون. بەڵام پێویستە نەخۆش بزانێت دەرمانەکانى دژە خەمۆکى 2 - 4 هەفتەیان پێویستە تاکو کاریگەرییان دەردەکەوێت لە جەستەدا ، لەبەرئەوە دەبێت نەخۆش کەمتەرخەمى نەکات لەبەکارهێنانى دەرمانەکان ، کاتێک دەبینێت بەخێرایى کاریگەرییان دەرناکەوێت.
بەشێکی زۆر لەو نەخۆشانەى بە دەرمان چارەسەر دەکرێن پێویستییان بەهێشتنەوە نییە لە نەخۆشخانە و دەتوانرێت لە ماڵى خۆیاندا چارەسەر بکرێن لە رێی پێدانی دەرمانی دژەخەمۆکی .
بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى نەخۆشەکان سود وەردەگرن لەبەکارهێنانى دەرمانى دژە خەمۆکى ، بەڵام ئەگەر نەخۆش سودى وەرنەگرت لە بەکارهێنانى دەرمان پێویستە جارێکى تر راوێژ بە پزیشکەکەى بکاتەوە ، لەوانەیە پێویست بکات دەرمانەکانى بۆ بگۆڕێت یان بڕەکەى زیاد و کەم بکات ، یاخود جۆرێکى ترى چارەسەرى بۆ بەکاربهێنێت کە ئەویش بریتییە لە تەزوى کارەبا.

2.چارەسەری دەروونی :
ا. چارەسەرى دەروونى تاکى :
ئەم جۆرە چارەسەرە هەندێک جار بەتەنها بەکاردێت ، بەڵام زوربەى جارەکان پێکەوە لەگەڵ دەرمان بەکاردێت ، چونکە دەرکەوتووە ئەو دوو جۆرە چارەسەرە پێکەوە کاریگەرییەکى باشییان هەیە لەسەر نەخۆش. ئەم شێوازى چارەسەرکردنە بریتییە لە دانانى پرۆگرامێک ، کە تیایدا لەلایەن چارەسازى دەروونى دانیشتن لەگەڵ نەخۆش ئەنجام دەدرێت بە پێى خشتەیەکى دیاریکراو کە ماوەى نێوان دانیشتنەکان بەپێى پێویستى حاڵەتەکە دەگۆڕێت ، چارەساز دەتوانێت چەندین شێوازى چارەسەرکردنى دەروونى بەکاربهێنێت بۆ حاڵەتى خەمۆکى وەکو چارەسەرى مەعریفى ، رەفتارى ، رەفتارى مەعریفى ، پاڵپشتیکردن ، وە هەروەها چارەسەرى دەرونى خێزانى ،..

ب. چارەسەرى دەروونى خێزانى :
ئەگەر حاڵەتەکە پێویستى بوو ، دانیشتنى چارەسەرى دەروونى خێزانى ئەنجام دەدرێت لە ڕێگەى بەشدارى پێکردنى ئەو ئەندامانەى خێزان ، کە نەخۆش بە گونجاویان دەزانێت بۆ پڕۆسەى چارەسەرکردن. لە دانیشتنەکاندا گفتوگۆ لە گەڵ ئەندامانى خێزان دەکرێت سەبارەت بە نەخۆشەکە و ئەرکی تایبەتیان بۆ دیارى دەکرێت بۆ ئەوەى ئەنجامى بدەن .

3.چارەسەرکردن بەتەزوى کارەبا ( E.C.T):
بەکارهێنانی تەزووی کارەبا یەکێکى ترە لەو چارەسەرە کاریگەرانەى کە دەتوانرێت بۆ نەخۆشى خەمۆکى بەکار بهێنرێت ، بەتایبەت لەو حاڵەتانەى کە فکرى خۆکوشتن یان هەوڵی خۆکوشتنیان هەیە ، خواردن و خواردنەوە ناخۆن ، ناتوانن دەرمان بەکاربهێنن ، یاخود خەمۆکییەکى توندیان هەیە و سوود لە بەکارهێنانى دەرمان وەرناگرن. چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا ، خێرا و کاریگەرترە لە چارەسەرکردن بە دەرمان ، هەرچەندە لە نێو خەڵکیدا بۆچون و تێگەیشتنى هەڵە هەیە بەرامبەر ئەم جۆرە چارەسەرە . پێویستە ئەم کارە بەشێوەیەکى زانستى ئەنجام بدرێت ، نەخۆش پێش بەکارهێنان پشکنینى تەواوى بۆ بکرێت وەکو ( شیکارى خوێن ، تیشک ، هێڵکارى دڵ ، …) تاکو بزانرێت گونجاوە بۆ سڕکردنى گشتى یان نا ، دواتر نەخۆشەکە ئامادە دەکرێت و لەلایەن پزیشکى بێهۆشکار سڕکردنى گشتى بۆ دەکرێت ، پاشان تەزوى کارەباى بۆ بەکار دەهێنرێت.

ماوەى چارەسەرکردنى نەخۆشى خەمۆکى چەندە ؟
سەرەتا نەخۆش ( 6 – 8 ) هەفتە چارەسەر وەردەگرێت ، لەو ماوەیەدا هەفتانە یان دوو هەفتە جارێک سەردانى پزیشک دەکات بە مەبەستى چاودێریکردنى کاریگەرى دەرمانەکەو نیشانە لاوەکییەکانى ، دانان و رێکردنى جۆر و بڕى دەرمانەکە ، هاندانى نەخۆشەکە بۆ بەردەوام بوون لەسەر وەرگرتنى چارەسەر. دواتر بۆ ماوەى شەش مانگ بەردەوام دەبێت لەسەر وەرگرتنى دەرمان و چارەسەرکردنى دەروونى بە مەبەستى چاکبوون و ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەى نەخۆشییەکە. وەرگرتنى چارەسەر بەم شێوازە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى نەخۆشییەکە لە ( 40% - 60% ) بۆ ( 10% - 20% ). هەروەها دیاریکردنى ماوەى وەرگرتنى چارەسەر بەپێى حاڵەتەکان و سەرهەڵدانەوەیان دەگۆڕێت و پێویستە نەخۆش پابەند بێت بە ڕێنماییەکانى پزیشکەوە.

بۆچى زۆربەى ئەوانەى نەخۆشى خەمۆکییان هەیە چارەسەرى پێویست وەرناگرن؟

1.زۆربەى نەخۆشەکان بەدواى چارەسەردا ناگەڕێن ، تەنانەت لە وڵاتانى پێشکەوتودا ، ئەم حاڵەتە وەکو نیشانەیەکى نەخۆشییەکە وایە ، چونکە نەخۆش هەست بە ڕەشبینى ، بێهیواى ، کەم نرخى و هەست بەتاوان دەکات.
2.نەبوونى هۆشیارى پێویست و بەکارهێنانى ڕێگاى هەڵە ، شەرمکردن لە گەڕان بە دواى چارەسەرى نەخۆشى دەروونى.
3.جێگەى تایبەت بە پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تەندروستى دەروونى و پزیشک و کارمەندى ئەو بوارە ژمارەیان زۆر کەمە بەراورد بە بەشەکانى تر ، ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى نەخۆش کاتى پێویستى پێ نەدرێت و نەتوانرێت سەرجەم چارەسەرەکان بەشێوەیەکى زانستى بگەیەنرێتە نەخۆش.

ئایندەی نەخۆشیی خەمۆکى:
نەخۆشیى خەمۆکى بەشێوەیەکى گشتى سەرئەنجامێکى باشى هەیە، ئەگەر بە چاکى چارەسەر وەربگرێت. حاڵەتێک ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت ، لەوانەیە نەتوانێت تەنها بە ئیرادە و تواناى خۆى چاکبێتەوە ، تەنانەت بە تێپەڕبوونى کات بەرەو خراپتریش دەچێت. لەگەڵ ئەوەى ئەم نەخۆشییە حاڵەتێکى قورسە ، بەڵام ئەوانەى بە پەرۆشەوە هەوڵى چارەسەرکردنى خۆیان ، دەدەن ئەنجامێکى باشیان دەبێت. نەخۆشیى خەمۆکى دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە پێى قورسى و سوکى حاڵەتەکان لەڕێگەى بەکارهێنانى دەرمانى دژە خەمۆکى ، چارەسەرى دەروونى ، تەزوى کارەبا. بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەو حاڵەتەى پێکەوە دەرمان و چارەسەرى دەروونى بۆ بەکار بهێنرێت ، ئەوا سەرئەنجامێکى باشى دەبێت.
بەشێوەیەکى گشتى 80 % ى ئەوانەى خەمۆکییان هەیە ، وەڵامدانەوەیەکى باشیان هەیە بۆ چارەسەرکردن ، ئەگەر حاَلەتەکان چارەسەری تەواویان بۆ بکرێت ( 50% ) یان لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا چاک دەبنەوە. بەڵام ئەم نەخۆشییە پاش چاکبوونەوە جارێکى تر ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى هەیە. ( 35 % ) ى حالەتەکان لەماوەی دوو ساڵى یەکەمدا ، ( 60% ) ى حالەتەکان لە ماوەی دوانزە ساڵ پاش توشبوونى یەکەم ئەگەرى سەرهەڵدانەوەیان هەیە. ڕێژەى دووبارە سەرهەڵدانەوەى نەخۆشییەکە زیاترە لەوانەى تەمەنیان لەسەروو 45 ساڵەوەیە.
سەرئەنجامى ( 15 - 20 % )ى ئەوانەى حاڵەتى خەمۆکیان هەیە ، پەنا بردنە بۆ خۆکوشتن.

سەرچاوەکان :

1. Heartland Alliance Mental Health Promotion Training Curriculum Module – III 2005.
2. NMS Psychiatry 3rd Edition - 1996
3. Clinical psychiatry for medical student 3rd Edition - 1998.
4. Internet ( www.merck.com ، http://depression.about.com )

5. کتاب ( الێحە النفسیە ). تالیف ترفور باول ، اعداد : قسم الترجمە بدار الفاروق / الگبعە العربیە الاولى 2005
6. کتاب ( کیف تتخلێ من الچغڤ العێبی و القلق و الاکتئاب ) تالیف : مارتین سیوز ، اعداد : قسم الترجمە بدار الفاروق / الگبعە العربیە الاولى 2005
7. گۆڤارى تەندروستى گشتى ژمارە ( 13 ) ساڵى 2004
8. گۆڤارى زانستى سەردەم ژمارە ( 3 ، 17 )

ئامادەکردنى
ڕێکخراوى هارتلاند ئەلایەنس بۆ پێداویستى مرۆیى و مافى مرۆڤ
heartland_education@yahoo.com

لەهاوپۆلی: نه‌خۆشییه‌ده‌روونیه‌كان

یەک وەڵام بۆ “خه‌مۆکێ… ( depression )”

  1. kamaran | فەرموی:
    13-09, 2007 كاتژمێر 3:55 سپام

    dast khoshi bo babatakat
    agar dakre naw w naw neshaneki dktoreki pspor law bwarada bner bo emailakam swpastan dakam bas la swlaimani bet
    dwbara swpas

بۆچوونەکان


« پشکنینی ده‌روونی ، بۆ داواکارانی مۆڵه‌تی شۆفێری | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | گرێ ده‌روونیه‌کان »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional