ئۆگه‌ست 8, 2007
کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ژیانى فرۆید:-
سیگمۆند فرۆید (1856 - 1939) پزیشکێکى ده‌رونزانى نه‌مساوییه، دامه‌زرێنه‌رى په‌یڕه‌وى ده‌رونشیکارییه، فرۆید یه‌کێکه‌له گه‌ڕیده هه‌ره‌مه‌زنه‌کان، له مێژوى مرۆَڤــایه‌تیدا چه‌ندان ناوچه‌ى نه‌زانراوى ئاشکراكردوه، ئه‌و ناوچانه‌ش پێش ئه‌و که‌س په‌ى پێ نه‌بردوون، به‌ڵام جیاوازى ئه‌م له‌گه‌ڵ گه‌ڕیده‌کانى تردا ئه‌وه‌یه، ئه‌م ئه‌مریکاى خۆى له ناخى مرۆڤـدا دۆزیه‌وه، نه‌ک له جوگرافیای ده‌ره‌کیدا، ئه‌ویش مه‌به‌ستمان جیهانى نه‌سته، که وه‌کو مۆزه‌خانه‌یه‌ک به‌شى هه‌ره زۆرى یاده‌وه‌رى و هه‌سته سه‌رکوتکراو و چه‌پێنراوه‌کانى ژیانى ڕوَژانه‌مان له‌وێدا پاشه‌كه‌وت ده‌کرێت و له‌کاتى پێویستدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و، دێنه پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌و کاته پێویستانه چ کاتێکن؟ فرۆید ده‌ڵێ له‌کاتى شۆک وڕوداوه ناخۆشه‌کان و جیهانى خه‌ون و هه‌ندێ له نه‌خۆشیه‌کاندا دێنه‌وه پێشه‌وه. گرنگى دۆزینه‌وه‌کانى فرۆید له‌وه‌دایه که‌هه‌میشه به‌دواى ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێت: بۆچى خه‌ڵک به‌م شێوه‌یه ڕه‌فتار ده‌که‌ن که پێى ڕاهاتون؟
فرۆید له مایسى (1856) له خێزانێکى جوله‌که‌ى ده‌ستکورتدا له دایک بووه، پاشان خێزانه‌که‌ى له ده‌ستى هه‌ڵمه‌تى هۆلۆكۆست (دژه‌سامیه‌ت) هه‌ڵهاتون چون بۆ شارى (لێپزینگ)، پاشان دواى ماوه‌یه‌کى که‌م له ڤییه‌ننا جێگیربوون و فرۆیدى ته‌مه‌ن چوار ساڵه به‌شى زۆرى ته‌مه‌نى خۆی له‌و شاره‌دا به‌سه‌ر ده‌بات، ساڵى (1938)، نازییه‌کان نه‌مسا داگیر ده‌که‌ن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى جوله‌که‌یه، زۆرى بۆ ده‌هێنن، ئه‌ویش به خۆیی و خێزانه‌که‌یه‌وه ڕوده‌کاته له‌نده‌ن و هه‌ر له‌وێش ده‌مرێت.
شۆڕشى فرۆید له که‌سایه‌تى مرۆڤــــدا
ئه‌م ڕاپورته هه‌وڵدانێکه بۆ تێگه‌یشتن له تیۆره شۆڕشگێرێکه‌ى فرۆید (سایکۆلۆژیایی شیکارى)، به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى ئایا سایکۆلۆژیاى شیکارى ئایدیایه‌کى مه‌زنه له بوارى که‌سایه‌تیدا یاخود نا؟
هه‌روه‌ها بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه‌کانى ئه‌م تیۆره لێره‌دا باسکراون، له‌گه‌ڵ باسکردنى بۆ چوونى شاره‌زایان له‌م بواره‌دا، هه‌روه‌ها گه‌لێک ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ى تیۆره‌که کراون، باسکراون له‌گه‌ڵ لایه‌نه به‌هێزو توَکمه‌کانى تیۆره‌که.
ئه‌وه‌ى پێویسته باسبکرێت، ئه‌وه‌یه که سایکۆلۆژیاى شیکارى میتۆدێکه بۆ تێگه‌یشتن له كاره عه‌قڵیه‌کان و قۆناغه‌کانى گه‌شه‌کردن و به‌ره‌و پێشچونیان، سایکۆلۆژیای شیکارى هه‌وڵ ئه‌دات بۆ دۆزینه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ئاڵۆزى نێوان عه‌قڵ و جه‌سته‌ى مرۆڤ، تێگه‌یشتن له ڕۆڵى هه‌ست و سۆزه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا سایکۆلۆژیاى شیکارى بناغه‌ى گه‌لێک چاره‌سه‌رى تره.
* ئه‌وه‌ى فرۆید کردى وه‌ک شۆڕشێک وابوو له‌کاتى خۆیدا، ته‌نانه‌ت ئێستاش به‌شێوه‌یه‌کى به‌رفراوان قابیلى قبوڵکردنه له‌لایه‌ن زۆربه‌ى قوتابخانه ده‌رونیه‌کانه‌وه.
* ساڵی (1896) فرۆید زاراوه‌ى (سایکۆلۆژیاى شیکارى) داهێنا، له‌ماوه‌ى (40) چل ساڵی دوایشدا هه‌موو هه‌وڵى خۆى خسته‌گه‌ڕ بۆ گه‌شه پێدانى (بنه‌ماکانى، ئامانجه‌کانى، ته‌کنیکه‌کانى، ڕێگه‌کانى چاره‌سه‌رى سایکۆلۆژیای شیکارى).
* زۆربه‌ى نوسینه‌کانى فرۆید و بیرکردنه‌وه‌کانى تایبه‌ته به ژیانى عه‌قڵ (MENTAL LIFE) و ڕاڤه‌کردنى خه‌ون و ته‌کنیکى سایکۆلۆژیاى شیکارکردن له‌گه‌ڵ هه‌ندىَ بابه‌تى تردا.
* سایکۆلۆژیاى شیکارى به‌رده‌وام بووه له گه‌شه‌کردن و له ساڵى (1925) گه‌یشته لوتکه‌و ترۆپکى گه‌شه‌کردن و بووه به‌ربڵاوترین بزوتنه‌وه‌ى جیهانى و فرۆیدیش بووه که‌سێکى ڕادیکاڵى به‌هۆى کاره‌کانیه‌وه به‌ماوه‌یه‌کى َزۆر که‌م بووه ناودارتین ڕابه‌رى سایکۆلۆژیاى شیکارى، وه پاش مه‌رگیشى فرۆید که‌له‌پورێکى بێهاوتاى بۆ به‌جێهێشتوین که‌تا ئێستاش کاریگه‌رى به‌رده‌وامى خۆی هه‌یه.
بۆیه فرۆید پێی وایه سایکۆلۆژیاى شیکارى کاریگه‌رترین میتۆده بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى له‌باره‌ى عه‌قڵى مرۆڤه‌وه… وه له‌ڕێگه‌ى سایکۆلۆژیاى شیکارکردنه‌وه‌یه، که نه‌خۆش ئه‌توانێت خۆی ئازاد بکات له ئاڵۆزیه عه‌قڵیه‌کان و ڕێگه‌ى تریش بگرێته به‌ر بۆ تێگه‌یشتن له خود‌و ئه‌وانیتر.
بنه‌ماکانى تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى فرۆید:-
له په‌رتووكى (AN DUTLINE PSYCHOANALYSIS):
1- فرۆید ئه‌و بنه‌مایانه‌ى ڕونکردوَته‌وه که تیۆره‌که‌ى له‌سه‌ر بنیاتنراوه سه‌ره‌تا فرۆید باس له‌هه‌ر سێ هێزى (ID- EGO- SUPER EGO) ئه‌کات، واته (ئه‌و، من، منى باڵا).
2- فرۆید پێى وایه که غه‌ریزه‌کان چه‌ند هۆکارگه‌لێکى جۆراوجۆرن بۆ دروستکردنى هه‌ڵسوکه‌وت، گرنگترین دووغه‌ریزه‌ش له ژیانى مرۆڤــه‌کاندا بریتین له (ئیروَس - ژیاندوَستى) و (ساناتوَس - مه‌رگدوَستى).
3- فرۆید پرۆسه‌ى عه‌قڵى ناساندوه به‌وه‌ى که له دۆخى ئاگایدایه، یان له‌پێش ئاگایدایه، یاخود له دۆخى نائاگایدایه ( شعور، ماقبل الشعور، لاشعور).
ڕێگه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى سایکۆلۆژیاى شیکارى به‌چه‌ند هه‌نگاوێکدا تێئه‌په‌ڕێتت:
یه‌که‌م/ کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى له‌ڕێگه‌ى دوانگه‌ى سه‌ربه‌سته‌وه (التداعى الحر)ه‌وه، ڕاڤه‌کردنى خه‌ونه‌کان، هه‌ڵه‌ى زمان له‌لایه‌ن نه‌خۆشه‌وه.
دووه‌م/ له‌و گریمانانه‌وه ده‌ست پێده‌کات که‌چى به‌سه‌ر نه‌خۆشدا هاتووه له ڕابردودا، وه‌چى به‌سه‌ردێ له‌ژیانى ئێستایدا، ده‌رونشیکار پشت به‌و زانیاریانه ئه‌به‌ستێت که‌دواى تێبینى و چاودێریکردن به‌ده‌ستى هێناون.. سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و باره‌دا پێویستى به ئارامگرتن هه‌یه له‌لاى هه‌ر یه‌ک له ده‌رونشیکارو نه‌خۆشه‌وه.
هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى که له سایکۆلۆژیای شیکارى گیراون:
یه‌که‌م/ ڕه‌خنه له باره‌ى به‌ڵگه‌کانى فرۆیده‌وه:
(گروم باوم) که یه‌کێکه له سایکۆلۆژیسته نوێیه‌کان باوه‌ڕی وایه، ئه‌و به‌ڵگانه‌ى فرۆید تیۆره‌که‌ى خۆی له‌سه‌ر بنیات ناوه هه‌ر له بناغه‌وه ته‌واونین، ته‌نانه‌ت به‌ڵگه ئیکلینیکیه‌کانیشى نه‌ک جێگه‌ى پرسیارن، به‌ڵکو جێگه‌ى گومانیشن، چونکه ئه‌و به‌ڵگانه زیاترنین له وه‌ڵامه‌کانى نه‌خۆشه‌که، بۆ پرسیار و پێشنیاره‌کانى باباى ده‌رونشیکار.
دووه‌م/ ڕه‌خنه له ته‌کنیکه‌کانى فرۆید:
دوانگه‌ى سه‌ربه‌ست (التداعى الحر) ئه‌و ڕێگه‌یه‌یه که له سایکۆلۆژیاى شیکاریدا به‌کاردێت، کاتێک که نه‌خۆش قسه‌ئه‌کات له باره‌ى هه‌ربابه‌تێکه‌وه بێت، ئه‌نجامى لێکوَڵینه‌وه‌کانى ده‌رونشیکار به‌نده به‌و قسانه‌ى که نه‌خۆش ئه‌یکات.
به‌پێی لێکۆلینه‌وه‌کانى (ستوَر 1986) زۆر به‌توندى ئاماژه‌ى به‌وه داوه که (تداعى الحر) نه‌ئازاده‌و نه‌گونجاویشه بۆ تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى، وه (گروم باوم)یش دیسان پێی وایه که ئه‌م ڕێگه‌یه وا له نه‌خۆش ناکات یاده‌وریه خه‌فه‌کراوه‌کانى ده‌رببڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تا ئێستا هیچ ڕێگه‌یه‌ک نیه که بتوانێت یاده‌وه‌ریه ڕاسته‌قینه‌یه‌کان له یاده‌وه‌ریه خه‌یاڵیه‌کان جیابکاته‌وه.
سێیه‌م/ ڕه‌خنه له بنه‌ماکانى فرۆید:
(پۆپه‌ر)، یه‌کێکه له به‌ناوبانگترین ڕه‌خنه‌گرانى بوارى سایکۆلۆژیاى شیکارى، ئه‌ڵێت سایکۆلۆژیاى شیکارى زانست نیه و ئه‌و پێشبینیانه‌ى ئه‌م تیۆره‌ى پێناسراوه ناتوانین پێی بڵێین پێشبینى، چونکه ئه‌وانه پێشبینى هه‌ڵسوکه‌وته، دیارده‌کان نین به‌ڵکو پێشبینى باره شاراوه‌کانى ده‌رونن.
بۆ نمونه کاتێک که تاکێک ده‌بینیت ناسراوه به هه‌ندێ نه‌خۆشى نیرۆتیکى (عێابی) ناتوانین بڵێن ئه‌م مرۆڤه ئه‌م جۆره یان ئه‌و جۆره ژیانه‌ى به‌سه‌ر بردوه له‌کاتى منداڵی‌دا، که‌واته هیچ کام له‌م پێشبینیانه ناتوانرێت به شێوه‌یه‌کى زۆر ورد به‌ده‌ست بێن.
(ئێسینک) ئه‌ڵێت: ڕوونترین به‌ڵگه له‌سه‌ر شکستى چاره‌سه‌رى فرۆیدى ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک ڕێگه‌ى تر جێگه‌ى تیۆرى فرۆیدیان گرته‌وه به شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو بۆ نمونه (چاره‌سه‌رى ڕه‌وشتى) (سلوکى).
هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه به‌هێزه‌کانى سایکۆلۆژیای شیکارى:
1- تیۆره‌که مه‌زنه، چونکه زۆر له‌و شتانه‌ى که خه‌ڵکى به گرنگیان ئه‌زانێت، تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى قسه‌ى خۆى له‌باره‌یه‌وه کردوه.
2- سیفه‌تێکى زۆر گرنگ ئه‌وه‌یه تا ئێستا له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونى ڕۆَژگاردا به زیندوی ماوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا به پێی بۆچونى فه‌یله‌سوفانى بوارى زانست، هه‌ر تیۆرێک زیاده‌یه‌کى هه‌بێت (اچافه) و تواناى گشتاندنى (تعمیم) هه‌بێت ئه‌وا تیۆرێکى سه‌رکه‌وتوه، بۆیه شاراوه نیه که‌سایکۆلۆژیاى شیکارى ئه‌م خاَلاَنه له‌خۆ ده‌گرێت.
3- تا ئه‌مڕۆش سایکۆلۆژیاى شیکارى باشترین ڕێگایه بۆ ڕزگارکردنى نه‌خۆش له نه‌خۆشیه عه‌قڵیه‌کان، قبوڵکردن و بڵاوبونه‌وه‌ى سایکۆلۆژیاى شیکارى له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه له‌و سۆنگه‌یه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌چه‌ندان ده‌زگاو ڕێکخراو کوَنفرانس به‌ستراون له‌سه‌ر بناغه‌ى سایکۆلۆژیاى شیکارى، که‌ده‌کرێت سه‌یرى تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى بکه‌ین وه‌ک تیۆرێکى نوێ خواز‌و شۆڕشگێر که‌تا ئێستا به زیندوى ماوه‌ته‌وه.
4- یه‌کێک له گرنگترین لایه‌نه‌کانى تر ئه‌وه‌یه، که سایکۆلۆژیاى شیکارى وه‌ک جۆرێک له هه‌وێن وابوو بۆ زۆربه‌ى کاره‌کانى تر‌ى بوارى ده‌رونزانى، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆره نه‌بوایه ئه‌وا زۆر دیارده هه‌بوو هه‌ر به نادیارى ئه‌مایه‌وه، تیۆرى سایکۆلۆژیاى شیکارى ڕوَشنای خسته زۆر لایه‌نى عه‌قڵى مرۆڤ که‌پێشتر فه‌رامۆشکرابوون، بۆیه وه‌ک ده‌رئه‌نجامێک سایکۆلۆژیاى شیکارى ئێستا له‌سه‌ر تاسه‌رى دنیادا بڵاوه‌ى به‌خۆیه‌وه بینیوه.
5- له به‌هێزترین خاڵه پۆزه‌تیڤه‌کانى ئه‌م تیۆره ئه‌وه‌یه که ده‌توانرێت وه‌ربگیرێت (استعاب)، چونکه سایکۆلۆژیاى شیکارى هه‌وڵ ئه‌دات بۆ شیکارکردنى چه‌مکه ده‌رونیه‌کان، وسروشتى گه‌شه‌ى مرۆڤ و لایه‌نه‌کانى وه‌زیفه‌ى عه‌قڵى مرۆڤ و، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا هه‌ندێ له‌خاوه‌ن ئه‌زمونه‌کان پێیان وایه که‌سایکۆلۆژیاى شیکارى ده‌توانێت هه‌ندێ دیارده‌ى ده‌ره‌وه‌ى بوارى ده‌رونزانى پێ وه‌سفبکرێت وه‌ک (ئاین، سروشتى سه‌رکرده‌و و شوێنکه‌وتوانى، وێنه کێشانى هونه‌رى ….هتد).
هه‌ڵسه‌نگاندنى گشتى سیسته‌مه‌که‌ى فرۆید:
ئێمه دوو ڕه‌خنه‌ى سه‌ره‌کیمان له سیسته‌مه‌که‌ى فرۆید هه‌یه، که یه‌کێکیان فه‌لسه‌فیه‌و ئه‌ویتریان زانستیه،
له ڕووى فه‌لسه‌فیه‌وه ئێمه ماتریاله‌که‌ى فرۆید ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه، فرۆید هه‌موو وه‌زیفه به‌رزه‌کانى مرۆڤ کورتده‌کاته‌وه، بۆ ئاستى ئاژه‌ڵ، ئه‌و هیچ جیاکاریه‌کى بنه‌ڕه‌تى له نێوان مروَڤ و ئاژه‌ڵدا ناکات، لاى فرۆید مرۆڤ ئاژه‌ڵێکه تۆزێک په‌ره‌ى سه‌ندوه، ئه‌وه‌ى مرۆڤ له ئاژه‌ڵ جیاده‌کاته‌وه بریتیه له ئایدیا زانستى و هونه‌رى و دینیه‌کانى، ده‌ستکه‌وته‌کانى ئه‌و ته‌نیا بریتین له وه‌رچه‌رخاندنى پاڵنه‌رى سێکسى، به‌شێکى گه‌وره‌ى سیسته‌مه‌که‌ى فرۆید به‌م ته‌داره‌که ماتریالستیه گه‌نده‌ڵ بووه، که‌وا دیاره به شێوه‌یه‌کى نه‌ستیانه که‌وتوَته ژێر کاریگه‌رى ئه‌و ژینگه ماتریالسته‌وه، که فرۆیدى تێدا ژیاوه.
له ڕووى زانستیه‌وه گه‌وره‌ترین لاوازى فرۆید له‌وه‌دایه، که گشتاننێکى بێپاساوى مۆڵه‌ق پێشکه‌شده‌کات، فرۆید چاوێکى سایکۆلۆژى زۆر تیژى هه‌یه، که‌واى لێده‌کات بتوانێت گرفته‌کان به شێوه‌یه‌کى وه‌ها شیکار بکات که هیچ کام له‌وانه‌ى پێش خۆى بۆى نه‌چوون، به‌ڵاَم بۆ به‌دبه‌ختى له یه‌کدانه یان چه‌ند بارێکى که‌مه‌وه گشتاندنه‌که‌ى ده‌کات، ئه‌و له نه‌خۆشیه نیرۆتیکیه‌کانه‌وه هه‌ندێک خاسیه‌ت هه‌ڵده‌هێنجێت و یه‌کسه‌ر ده‌رئه‌نجامى گرێوگۆڵه ده‌رونیه‌کان، به‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤێکدا پیاده‌ده‌کات، ئه‌م گشتاندنه به‌نسبه‌ت عه‌قڵی زانستیه‌وه زۆر نامۆیه، هه‌ر ئه‌مه‌یه وایکردوه که‌شتێکى تاڕاده‌یه‌ک قورسه ڕه‌گه‌زه به‌نرخه‌کانى ناو سیسته‌مه‌که‌ى فرۆید له بێ به‌ها یان ئه‌وانه‌ى ماتریاله‌که‌ى تێکى داون، جیا بکه‌ینه‌وه.
دواى ئه‌وه‌ى شه‌ن و که‌ویان ده‌که‌ین و له بیژنگیان ده‌ده‌ین ژماره‌یه‌کى زۆر له ڕه‌گه‌زه به نرخه‌کانمان بۆ ده‌مێنێته‌وه، که هیچ قوتابیه‌کى سروشتى مرۆڤ ناتوانێت پشتگوێ‌یان بخات.
لێره‌وه ده‌ڵێن فرۆید دژى عه‌قلاَنیه‌ت نیه، به‌ڵکو سه‌رله‌به‌رى بۆ عه‌قلاَنیه‌ت ده‌گۆڕێت، نه‌خشه‌یه‌کى نوێی پێ ده‌به‌خشێت، هه‌ڵه‌یه گه‌ر وابزانین پڕۆژه‌ى فرۆید دژایه‌تیکردن وسوکایه‌تی پێکردنى عه‌قڵه، به‌ڵکو پڕۆژه‌ى ئه‌و دروستکردنى جۆرێکى تازه‌ى ڕوانینه که له بڕى ستایش‌کردن و پیاهه‌ڵدان، به‌ناسینى که‌م و کوڕی و تاریکیه‌کان ده‌سه‌ڵاَتى گه‌وره ده‌کات، فرۆید بانگه‌شه‌ى موَدێرنه‌ى برینداکرد، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ى دژایه‌تى مۆدێرنه ده‌کات، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ته‌کنیکێکى تازه‌ى سه‌یرکردن بهێنرێته ئاراوه که ناچارمان ده‌کات بۆ تێگه‌یشتن و به‌هێزکردنى شتێک له دژه‌که‌ى بڕوانین، فرۆید گوتى؛ له هۆشیارى تێناگه‌ین گه‌ر نا هۆشیارى نه‌ناسین، خۆشه‌ویستیمان بۆ ئاشکرا نابێت، گه‌ر چاومان له‌سه‌ر ڕق نه‌بێت، ئیڕۆس ناناسینه‌وه، گه‌ر غه‌ریزه‌ى مه‌رگمان به‌جدى وه‌رنه‌گرتبێت.
به‌ڕاستیش له‌کوێدا خه‌ڵک خۆشه‌ویستى دبینى، ئه‌و ڕقى ئه‌دۆزیه‌وه، له کوێدا خه‌ڵک ڕێزی باوک و ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌بینى، ئه‌و له ململانێ و ڕکه‌به‌رایه‌تیه شاراوه‌کان ده‌دوا.. له کوێدا خه‌ڵک ته‌ندروستى ئه‌دۆزیه‌وه، ئه‌و باسى له په‌شێویه ده‌رونیه‌کان ده‌کرد.
(میشیڵ فۆکۆ) له نوسینێکدا فرۆید له‌گه‌ڵ مارکس و نیچه‌دا به دامه‌زرێنه‌رانى ته‌کنیکى تازه‌ى ڕاڤه‌کردن داده‌نێت، ئه‌و ده‌نوسێت (فرۆید، مارکس، نیچه) به‌ڵگه‌یه‌كی تازه‌یان به جیهانى ڕۆژئاوانه‌دا، واتایه‌كی تازه‌یان به‌وشتانه نه‌به‌خشى که واتایان نه‌بوو، به‌ڵکو سروشتى ده‌لیل و ئه‌و چۆنایه‌تیانه‌یان گۆڕی که ده‌شێ به‌هۆیانه‌وه ده‌لیله‌کان ڕاڤه‌بکه‌ین، یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانى ئه‌م ته‌کنیکه بریتیه له به‌رده‌وامى و ڕانه‌وه‌ستان به‌ڕاستیش هیچ میتۆدێک هێنده‌ى ده‌رونشیکارى ته‌فسیرو ڕاڤه‌کردنى جیاواز‌و هه‌مه ڕه‌نگى به‌رهه‌م نه‌هێناوه، ناوى ئادله‌رو ڕایش و ئه‌ریک فڕۆم و مارکیۆز تاده‌گاته جاک لاکان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندى و هه‌مه‌ڕه‌نگى میتۆده‌کانى فرۆید ئاشکرا بکات، هه‌روه‌ها که‌م میتۆدیش هێنده‌ى ده‌رونشیکاری بواره جیاوازه‌کانى بیرى مرۆڤایه‌تى ناچارکردوه بڕێکى زۆر له چه‌مک و زاراوه‌کانى به‌کاربهێنێت، له ڕه‌خنه‌ى وێژه‌ى و کۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فیه‌وه بگره تا زانستى ڕامیاری و ئه‌نسرۆپۆلۆژیا.
كێشه‌كه لێره‌دا ئه‌وه نیه ئایا تێگه‌یشتنه‌کانى فرۆید بۆ مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه، تێگه‌یشتنێکى ڕاستن یان هه‌ڵه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى گرنگه و ده‌بێت هه‌میشه له‌به‌ر چاومان بێت که‌هه‌رگیز له کێشه‌کانى مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه تێناگه‌ین، گه‌ر به وێستگه‌کانى فرۆیدا تێنه‌په‌ڕین.
له کۆتایدا ده‌ڵێین که‌لتورێک که هێشتا فرۆیدى به وردى نه‌ناسیوه و په‌رتووكه‌كانى وه‌رنه‌گێڕاوه‌و سه‌ر قاڵی وتووێژى تێزه‌کانى نه‌بووه، ئه‌وا له فه‌رهه‌نگ و که‌لتورێکى له‌م چه‌شنه‌دا فرۆید ده‌توانێت هه‌میشه پرسیارى گرنگ و ئاسۆیه‌کى فراوانى وتووێژبێت له‌سه‌ر مرۆڤ، خێزان، په‌روه‌رده.
ئه‌م تۆزه قسه‌یه‌ش هه‌وڵدانێکه بۆ نزیکبونه‌وه له ناسینى بیریارێک که که‌مترین شت له باره‌یه‌وه بڵێین ئه‌وه‌یه، که یه‌کێکه له بیریاره مه‌زنه‌کانى مۆدێرنه.
نووسین و ئاماده‌كردنی/ لانه محمد حه‌سه‌ن
ماموَستاى سايكوَلوَذى لة ثةيمانطةى مةلَبةندى سليَمانى
لەهاوپۆلی: ناودارانی ده‌روونناسی
« کاریگەری دەروونی ئەنفلوەنزای باڵندە | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دەروونشیکاریی … فرۆید لەدیدی فرۆمەوە »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

من داوای لی` بوردن داکام و ده‌ست خۆشێ له خانمی به‌ریز ده‌که‌م به‌لام ئه‌م بابه‌تا وا پیویستی ده‌کرد که ناوی ئه‌و سه‌رچآوانه‌ی له سه‌ر با که لێوه‌ی وه‌رگیراوه هیچ ئاماژه‌یه‌کیان بۆ ناکراوه