ئۆگهست 13, 2007
ئەلکحول یەکێکە لەو مادانەی لەسەرانسەری جیهاندا بەکاردەهێنرێ سەرەرای ئەوەی هەمووان کۆکن لەمەر زیانەکانی لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا ، تەندروستی تاک (لەهەردوو لەرووی جەستەیی و دەروونییەوە) وکاریگەری خراپی لەسەر ژیانی تاک لە رووی کۆمەلامەیەتی و خێزانی و کاریگەری ئابووری …..هتد.
جۆرەکانی ئالوودە بوون :
بەپێ جیلینک ( پێنج جۆر ئالوودەبوون هەیە )
1- جۆری ئەلفا : تاک لەم بارەدا تەنها پشت بەستنی دەروونی هەیە واتە بۆیە دەخواتەوە تاکو هەست بەشادمانی بکات وبرێک خۆ بپارێزێ لە کێشەی رۆژانە.
2- جۆری بیتا: لەم بارەدا زیانە لابەلاییەکان دەردەکەون سەرەرای ئەوەی هێشتا پشت بەستنی لاشەیی رووی نەداوە.
3- جۆری گاما: لەم بارەدا تاک هەلدەستێ بەخواردنەوەی مەشروبی خەست (رێژەیەکی زۆر ئەلکحولی تێدایە ) لەماوەیەکی کەمدا تاکو مەست دەبێ. ئەم جۆرە زیاتر لە بەریتانیا و ئێرلەندەدا هەیە.
4- جۆری دەلتا: لەم بارەدا تاک برێکی زۆر ناخواتەوە بەلکو بەشێوەیەکی بەردەوام دەخواتەوە بەجۆرێ: بەردەوام برێک ئەلکحول لەخوێنیدا هەبێ . ئەم جۆرە زیاتر لەو وولاتانەدا هەیە کە واین بەکاردەهێنن وەکو فەرەنسا .
5- ئیپسلۆن: تاک لەم بارەدا حەزێکی نەپساوی هەیە بۆ خواردنەوە و دووبارەکردنەوەی خواردنەوە لەنێوان ئەو ماوانەدا ئاساییە (هاوسەنگە) هەندێ وای بۆ دەچن پەیوەندی هەبێ بە نەخۆشی وەسواسی (عەمەلی) یەوە.
هەروەها پۆلین کردنێکی تریش هەیە بۆ خواردنەوە ئەویش بخۆرەوەکان دەکات بە دوو جۆرەوە :
1- سەرەتایی : کەبەبێ هۆیەکی دیاردەخۆنەوە وەکو خواردنەوەى کۆمەلایەتی ، زیاتر لەو تاکانەدا هەیە کەلەسەرەتایی تەمەندا دەست دەکەن بە خواردنەوە .
2- دووەمی (لاوەکی ) : ئەوانەن بەهۆی بوونی هۆکارێکی ترەوە دەخۆنەوە وەکو بوونی نەخۆشی.
هۆکاری ئالوودەبوون:
دەتوانین هۆکاری ئالوودەبوون دیاری بکەین بەوەی :
1- بۆماوە: بەوەی دووانەی یەک هێلکە ئەگەری بەکارهێنانیان زیاترە لە دووانەی دوو هێلکە.
2- دەووروبەر: لەرێی باوانەوە وەکو لاسایی کردنەوە، منداڵ حەزدەکات لاسایی گەورە بکاتەوە بۆیە کاتێک یەکێک لە باوان بەبەرچاوی مندالەکەیەوە دەخواتەوە هەول دەدات رێگری مندالەکەی بکات لە لاسایی کردنەوەى ئەم کارە، ئەمە وادەکات مندال زیاتر ئارەزووی ئەم کارە بکات و بەدزی ئەوانەوە بەکاری بهێنێ گەر بۆ تاقیکردنەوەش بێت. بەلام هەندێ جار باوان (زیاتر باوک) بەبەرچاوی منداڵەکەیەوە دەخواتەوە وتەنها بەوەوە ناوەستێ بەلکو هەول دەدات تۆزێک بکات بەدەمی مندالەکەدا و هەندێ جار تاکو ئاستی مەستی دەداتێ تاکو مندالەکەی بەمەستی ببینێ بەو دیمەنە برێک پێبکەنێ ، لەکاتێکدا ئەو دیمەنە جێی گریانە نەک پێکەنین گەر شتێک شایەنی پێکەنین بێت لەو دیمەنەدا عەقلی ئەو باوکەیە نەک شتێکی تر). وەنەبێ رۆلی سلبیانەی باوان لەو ئاستەدا بوەستێ بەلکو لەتەمەنێکی دواتر (هەرزەکاری)دا باوک زۆر جار مندالەکەی خۆی دەکاتە هاودەمی خواردنەوەی یان لە بۆنە کۆمەلایەتییەکاندا داوا لە کورەکەی دەکات بخواتەوە تاکو ئاستی بەرزی کۆمەلایەتی خۆی راگرێ وپێی نەلێن تۆ تاکێکی دواکەوتویت و لەم پلە کۆمەلایەتییەدا جێت نابێتەوە !!!!!
جگە لەباوان برای گەورەو هاوەڵی خراپ و خزم وکەسوکار و راگەیاندن ….. هەر یەکەیان کاریگەری خۆی هەیە .
جۆری پیشە کاریگەری ئاشکرای هەیە لەسەر فێربوونی تاک بۆ خواردنەوە بۆیە ئەوانەی لە باڕەکاندا کار ئەکەن ئەگەری بەکارهێنانی ئەلکحولیان زیاترە وەک لە کەسانی تر.
ئاستی ئابووری هەمان کاریگەری هەیە نەک تەنها لەسەر فێربوون بەلکو لەسەر جۆری ئەو مەشروبەی بەکاری دێنێ تاکی خاوەن سەرمایە مەی گران بەها دەکرێ وتاکی لات هەراج کراوەکان.
زیانەکانی خواردنەوە:
گومانی تێدا نییە خواردنەوە گەلێک زیانی هەیە بەرادەیەک دەتوانرێ نەک کتێبێک بەلکو چەند کتێبێ لەمەری بنوسرێ لێرەدا برێک لەو زیانانە ئاژمار دەکەین:
1- زیانی لاشەیی :
ئەگەری تووش بوونی بەنەخۆشییەکانی جگەر (10 هیندەی ) کەسانی ترە.
کۆئەندامی دەمار : رەنگە ببێتە هۆی پەرکەم ، پوکانەوەی مێشکۆکە و لاوازی چێوەدەمارەکان و تێک چوونی هاوسەنگی و ئەگەری زیاتری بریندار بوونی سەر بەهۆی بەرکەوتنەوە یان کەوتنەوە.
کۆئەندامی سوران : بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و خوێن بەربونی مێشک (جەلتەی مێشک).
شیرپەنجەی دەم وگەروو سورێنچک و جگەر …. لە مەی خۆراندا زۆر زیاترە وەک لە مەی نەخۆر .
کەم خوێنی وکەمی فیتامیینەکان بەتایبەتی فیتامینی بی 1 وبی 6
مردن لەوانەی برێکی کەم دەخۆنەوە لە ناوەندی تەمەندا دوو هبَندەی کەسانی ترە لە مێینەدا لەوەش زیاترە وەک لە هاوشانە مەی نەخۆرەکانیان ، لەوانەی برێکی مام ناوەند دەخۆنەوە رێژەی مردن سێ هێندەیە ولەوانەی زۆر دەخۆنەوە 4،5 هێندەی کەسانی ترە کە ناخۆنەوە .(لاپەرە 545 سەرچاوەی 1)
بۆ نمونە لە بەریتانیا سالانە نزیکە (33000) حالەتی مردنی پێش وەخت تۆمار دەکرێت بەهۆی ئەلکحولەوە بەهۆی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سوران وجگەر ورووداوی رێو بان و شیرپرنجە…
کاریگەری لەسەر کۆرپەلە دەبێتە هۆی سەرهەلدانی نیشانەیەکی تایبەت کە پێی دەوترێ نیشانەی مندالی ئەلکحولی لەم بارەدا مندالەکە سەری بچوکە و دەم وجاوی ناتەواوییەکی ئاشکرای هەیە وئاستی زیرەکی کەمترە لە مندالی ئاسایی و کێشی کەمە و بالای کورتە …..
بەم دوواییە بۆجونێک هەیە لە نێوان زانایاندا کە زیاتر لە پەرتووکێکی پزیشکی ئاماژەی پێدەکات ئەویش بریتییە لەوەی ئەوانەی بری کەمتر لە(20 یەکە ئەلکحول) دەخۆنەوە لە هەفتەیەکدا ئەگەری مردنیان بەنەخۆشی دل کەمترە لەوانەی ناخۆنەوە (لاپەرە 544 سەرچاوەی 1) بەلام لێرەگەلێ کێشەی گەورە دێتە بەردەممان لەوانە
یەکەم : زەمانەت چییە لەوبرە زیاتر ناخوینەوە واتە چۆن دڵنیا بین تووشی ئالوودەبوون نابین .
دووەم : لەگەلیدا دەشێ فێری بەکارهێنانی مژادی تر بین.
سێهەم : ئەو برە مانای ئەوە نییە کە زیانی تری نییە .
زیانە دەرونییە کانی خواردنەوە:
گۆڕان لە کەسێًتی دا ووردە ووردە دابرانی لە کۆمەڵ ولاوازبوونی پەیوەندییەکانی.
پەیوەندی ئەلکحول بە تەنگژەکانی مەزاجەو ە برێک ئاڵۆزە چونکە هەندێ جار تاک تاکو زال بێت بەسەر خەمۆکیدا برێکی زیاتر مەی دەخواتەوە بەڵام خواردنەوەی مەی بەرێژەیەکی زۆر دەبێًتە هۆی خەمۆکی ، ئەم پەیوەندییە بەئاشکرا دیارە لەوانەی لە نەخۆشخانەکان داخل دەکرێن کەدەگاتە نزیکەی لە سەدا (42%) لە نێرینەدا بەڵام ئەم پەیوەندییە کەمتر روونە لە دەرەوەی نەخۆشخانە واتە لە واقیعی کۆمەلگەدا ، پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی (4هەفتە) ئەم بارە کەم دەکات بۆ نزیکەی (5%).
* خۆکوشتن لە کەسانی مەی خۆردا شەش هێندەی کەسانی ترە و ئەوانەی لە نەخۆشخانە داخل دەکرێن بۆ چارەسەری کێشەکانی مەی خواردنەوە لە 8% یان خۆیان دەکوژن لە ماوەی چەند سالی ئایندەی پاش داخل بوون.گەلێک هۆکار هەن ئەگەری خۆکوشتن زیاد دەکەن لەوانە:
* بەردەوام بوون لەسەر خواردنەوە.
** خەمۆکی
*** نەخۆشی تر بەتایبەتی درێژ خایەنەکان.
**** بێکاری.
***** لاوازی پالپشتی کۆمەلایەتی.
واهیمە بەتایبەتی لە جۆری واهیمەی خیانەت کە تاک واهەست دەکات هاوسەرەکەی خیانەتی لێدەکات رەنگە هۆی ئەمەش بگەرێتەوە بۆ ئەوەی خواردنەوە بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی هەیە گوایە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی لایەنی سێکسی هەموو راستییەکان پێچەوانەی ئەمە دەلێن بۆیە تاک ناتوانێت کاری سێکسی وەکو جاران بکات ناچاردەبێت پەنا دەباتە بەر میکانیزمەکانی بەرگری وبانگەشەی ئەوە دەکات کە هاوسەرەکەی خیانەتی لێکردووە.
کاریگەری خواردنەوە لەسەر پەیوەندی خێزانی:
تاک هەموو بایەخێکی بریتی دەبێت لە چونێتی پەیداکردنی مەی برێکی زۆر لە داهاتی خۆی بۆ ئەو مەبەستە سەرف دەکات و ئەمەش زۆر جار کاردەکاتە سەرباری ئابووری خێزان و وادەکات ئەندامانی خێزان هەلی بژێوی ژیانیان بدەن لە سەرچاوەی ترەوە کەدەشێ نادروست بێت.
تاک ئامادەیە لەو پێناوەدا درۆ یا دزی بکات تاکو بری پێویستی لە مەی دەست بکەوێت، شەوان درەنگ دێتەوە دەبێتە میوانی بار و یانەکان و هاوەلەکانی زۆربەی هاوشێوەی خۆیین و بایەخ دانی بەکێشەکانی خێزان کەم دەبێتەوە ولەجێهانێکی تایبەت بەخۆی دەژی و پەیوەندی لەگەل ئەندامانی خێزان کەم دەبێتەوە و کەمترین ماوە لەگەل ئەواندا بەسەردەبات و زۆر جار بەربەستێک دروست دەبێت لەنێوان ئەوو ئەندامانی تری خێزاندا کەوادەکات متمانەی پێنەکەن وهاوبەشی نەکەن لەکێشەکانی خۆیان.
دەشێ بەهۆی ئەمەوە ئەندامانی تری خێزان فێری هەمان رەفتار ببن و ئەم خۆی هاندەریان بێت وبۆ ئەوەی کەش و هەوای تایبەتی هەبێ وداوای هەندێ شتی نەشیاویان لێبکات وەکو بینینی رۆلی ئەو سۆزانیانەی کەبەناوی هونەرەوە سەمادەکەن و هونەری سەماکردنیش دەشیبَوێنن و ئەمیش رۆلی پیاوە چوار پێکە ببینێ کەبەدەوری سەماکەردا دەسورێتەوە ناوبەناو سەماکەر سواری دەبێ !!!
ئەمە سەرەرای ئەوەی لەرووی سێکسیەوە لاواز دەبێت وناتوانێ بەشێوەی جاران بە هەمان چالاکی پەیوەندی لەگەل خێزانەکەیدا هەبێ و تووشی واهیمەی خیانەت دەبێ و رەنگە بگاتە ئاستی ئەوەی خێزانەکەی تەلاق بدات یان بیکوژێت و هەندێ جار منداڵەکانی و خۆیشی دەکوژێت.
رێژەی تالاق دان لەنێوان مەی خۆراندا زیاترە وەک لە خێزانەکانی تر ، هەروەها خێزانی ئەو پیاوانەی دەخۆنەوە زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە بە دڵەراوکێ وخەمۆکی و دابرانی کۆمەلایەتی.(لاپەرە 548 سەرچاوەی 1)
کاریگەری خواردنەوە بەپێ ئەو برەی تاک دەیخواتەوە دەگۆرێت بەم جۆرەی خوارەوە:
نێر بری کەمتر لە 20 یەکە /هەفتە
مێ کەمتر لە 14 یەکە/هەفتە کاریگەری کەم لەسەر باری کۆمەلایەتی وتەندروستی
نێر بری 22-50 یەکە /هەفتەیەکدا
مێینە بڕی 15-35 یەکە/ هەفتەیەکدا کاریگەری مام ناوەندی لەسەر باری کۆمەلایەتی وتەندروستی
نێر بڕی زیاتر لە 50 یەکە / هەفتە
مێ بری زیاتر لە 35 یەکە/ هەفتە کاریگەری زۆر لەسەر باری کۆمەلایەتی وتەندروستی
(لاپەرە 539 سەرچاوەی 1 )
مەبەستمان لە یەکە چییە؟
نزیکەی 8گرام ئەلکحول یەکسانە بە یەک یەکە لەم خشتەیەی خوارەوەدا رێژەی سەدی ئەلکحول لە هەندێ جۆری مەشروبدا روون کراوەتەوە لەگەل ئەوەی هەریەکەیان چەند یەکەیان تێدایە:
یەکە رێژەی سەدی ئەلکحول جۆری مەشروب
2 یەکە /پاینت 3% بیرە
4یەکە /پاینت 5.5% بیرەی خەست
3یەکە /پاینت 4% سیدار
7یەکە /بوتلێک 8-10% واین
15 یەکە /بوتلێک 13-16% شێری ، پۆرت ، ڤێرمۆس
30 یەکە/بوتلێک 32% ویسکی ، جن ، فۆدگا ، برانتی
(لاپەرە 540 سەرچاوەی 1)
کێشەی رێ وبان:
لەسالی (1990) لە وولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (44529 کەس) بە رووداوی رێ وبان مردوون کەلە (41%) یان پەیوەندی بە خواردنەوە هەبووە.
ئەوانەی مەی خۆرن پێش کەسانی تر دەمرن بەهۆی:
1- توندوتیژی لە توێژینەوەیەکدا لە ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەدات 24% مردن دەگەرێتەوە بۆ توندوتیژی.
2- خۆکوشتن لە مەی خۆراندا شەش هێندەی مەی نەخۆرانە.
3- رووداوی رێ وبان.
4- هەوکردنی جگەر وپەنکریاس و سییەکان …..
5- نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سوران وەکو بەرزی فشاری خوێن وجەلتە.
6- بەدخۆراکی کەمی فیتامیەنەکان بەتایبەتی کۆمەلەی فیتامین بی.
7- پەرکەم کەلەئەنجامدا زۆرتر تووشی بەرکەوتن دەبێت .
8- ژەهراوی بوون بەهۆی خواردنەوەی برێکی زۆر مەی.
ئایندەی تاک:
ئەوانەی لە سەرەتای دەست پێکردندان دەتوانن وازبهێنن ونەگەرێنەوە سەرئەم کارە و ئایندەیان باشە ، بەلام ئەو تاکەی ئەم سیفەتانەی خوارەوەی هەبێ ئایندەی گەش نییە:
1- ئەوانەی تێکچوونی کەسێتیان هەیە بەتایبەتی کەسێتی دژە کۆمەل.
2- ئەوانەی لەرووی کۆمەلایەتییەوە دابراون و بەتەنیا دەژین.
3- ئەوانەی سزادراون بەبەندکردن بەتاوانی خواردنەوە.
4- ئەوانەی بێکارن.
5- ئەوانەی تووشی نەخۆشی هاتوون بەهۆی ئەلکحولەوە وەکو نەخۆشی جگەر وهەوکردنی پەنکریاس وسییەکان .
چارەسەر:
گرنگترین خالڕ لە چارەسەردا بریتییە لەوەی تاک نیازی وازهێنانی هەبێ واتە باوەرێکی تەواوی هەبێ بەواز هێنان دەنا هەولەکان بەفیرۆ دەچن وتاک پاش ماوەیەک دەگەرێتەوە سەر خواردنەوە ، بۆیە زۆر گرنگە لەسەرەتادا کاتی پێویست تەرخان بکەین بۆ گوێ گرتن لە تاک وهەوڵ بدەن قەناعەتی تەواو بکات بە وازهێنان و زیانەکانی خواردنەوەی بۆ باس بکەین بە تەواوی گۆی لەوانە بگرین کەئەو دەیزانێت و راستیە شاراوەکانی تری بۆ روون بکەینەوە و گەر بۆچوونی هەڵەی هەبوو بۆ چوونەکانی بۆ راست بکەینەوە .
چارەسەر دەبێت لەسەر چەند تەوەرەیەک بێت
1- کۆمەلایەتی: وەک وووتمان خێزان و دەووروبەر کاریگەری کەورەی هەیە لەسەر تاک بۆیە لە چارەسەریشدا هەمان رۆلی گرنگیان هەیە
* دەبێت خێزان پاڵپشت وهاندەر بێت بۆ وازهێنان لەم خووە خراپە.
** هەول دان بۆ گۆرینی جۆری پیشە بەتایبەتی گەر لە باڕەکاندا کاری دەکرد.خۆ گەر بێکار بوو پەیداکردنی کار هەنگاوێکی گرنگە لە چارەسەردا و هەول دان بۆ زال بووون بەسەرکاتی بەتاڵدا بە وەرزش کردن یا خوێندنەوە یا هەر چالاکییەکی تر کە ئارەزووی بکات .
*** وازهێنان لەو هاوەلانەی کە هاندەرین بۆ خواردنەوەو هەولدان بۆ دۆزینەوەی هاوەلی نوێ.
2- چارەسەری دەروونی : لەرێی چارەسەری بەکۆمەل و چارەسەری خێزانی.
3- بەکارهێنانی دەرمان : لەرێی کاریگەری پێچەوانەوە کە برێک مادەی نالترۆکسۆن دەدرێت بەتاک پاش 30 خولەک بری 30 س س ویسکی دەدرێتێ دەبێتە هۆی رشانەوە بەمەش تاک وای لا دەچەسپێت کە خواردنەوە دەبێتە هۆی رشانەوە .
خۆپاراستن:
هەمیشە دەلێین خۆپاراستن لە چارەسەرکردن باشترە ، بۆیە گەر تاک هەر لەسەرەتاوە خۆی بپارێزێت زۆر باشترو چاکترە وەک لەوەی کە تووشی ئالوودەبوون بێ ، نیشانەکانی (ماکەکانی) بەکارهێنانی تیا دەربکەوێت ئینجا بەشوێن چارەسەردا بگەرێ.
لە وولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەنێوان سالانی (1920-1933 ) هەولێکی جدیانە درا بۆیە رێگرتن لەمەی خوادنەوە وکۆمەلە یاسایەکی توند دانرا بۆ سەرپێچی کەران ، ئەنجامەکەی :
1- 200 کەس لە سێدارەدران.
2- 500000 (نیو ملیۆن)کەس بەندکران بەهۆی سەرپێچیەوە.
3- هەلمەتەکە سەرنەکەت و رێگەدرایەوە بەهاوولاتیان بۆ سەر لە نوێ مەستی!.
ئەم رێگە پێدانە لەسەر بنەمای سوودو زیان نەبوو واتە لەبەر ئەوە نەبوو کەمەی سوودی هەیە بەلکو لەبەر ئەوەی هەلمەتەکە فەشەلی هێنا!.
ئەتوانین گرنگترین رێگەکانی خۆپاراستن وبەرەنگاربوونەوە ئاژماربکەین بە:
1- کەم کردنەوەی بەرهەم هێنانی ئەلکحول.
2- کەم کردنەوەی هاوردنی مەی لەدەرەوەی وولات ودانانی باجی زۆر تاکو نرخی بەرز بێتەوە لەتوانانی زۆربەی کەسدا نەبێت بیکرن.
3- کەم کردنەوەی رێژەی ئەلکحول لە گیراوەکاندا.
4- دانانی چاودێری تەندروستی لە کارگەکانی بەرهەم هێنانی ئەلکحول تاکو بری ئەلکحول زیادنەکرێت لە گیراوەکاندا.
5- دیاری کردنی شوێنی فرۆشتن ودانای کاتی دیاری کراو بۆ فرۆشتن.
6- بەرزکردنەوەی تەمەنی ئەوانەی سەردانی بارو یانەکان دەکەن لە 18 ساڵیەوە بۆ 21 ساڵی .
7- کەم کردنەوەی ریکلام لە کەنالەکانی راگەیاندنەوە (تەلەفزیۆن ، رۆژنامەو گۆڤارەکان….).
8- نوسینی ئاگادارکردنەوە لەسەر سەرجەم بوتلەکان کە مەشروب زیان بەخشە وەکو چۆن لەسەر پاکەتی جگەرە دەنوسرێت.
9- کەم کردنەوەی لێدانی ئەو فلیمانەی کەپالەوان کەسێکی مەی خۆر و نمونەییە ودلسۆزی گەل ونیشتمان وبەها مرۆڤایەتییەکانە!؟.
10- دەرکردنی یاسای گونجاو بۆ رێگرتن لە مەی خواردنەوە.
11- زیادکردنی رێنمایی و رۆشنبیری تەندروستی لەمەر زیانەکانی ئەلکحول لە خوێندنگە وزانکۆو پەیمانگاکاندا.
12- بایەخ دانی دەروونی وکۆمەلایەتی بەوخێزانانەی کەتاکێکیان مەی خۆرە تاکو ئەوانی تریش فێری بەکارهێنانی مەی نەبن.
13- کاریگەرکردنی رۆلی پیاوانی ئاینی و کەسانی رۆشنبیر بۆ رێگرتن لەم کردەوەیە.
14- رێکخراوەکان و سەنتەرەکانی گەنجان و خوێندکاران وقوتابیان و رێکخراوە کۆمەلایەتییەکان رۆلی گەورەیان هەیە لەم بەرەو رووبونەوەیەدا.
سەرچاوە:
1-Shorter Oxford textbook of Psychiatry 2004
2- الادمان على الکحول د – ێالح الشیخ گمر
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان
« ماددە هۆشبەرەکان كوردستان له ڕووبهڕووبوونهوهی ئهنفالی سپیدا(بەشی دووەم) | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای ڕهنگ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

دكتور كيان تو بو ئه وه نده حه سا سيه تت به خوار دنه وه هه يه برا ى به ريزم…له كه ل ئه وه دا كه زور به ى ئه و شتا نه ى كه بيروزيشن..كه ئيفرا طى تيا كرا هه ر وه ك مشروب زه ره ريا ن هه يه وه ك ئا يين به روه رى له را ده به ده ر وه ك جه نا بت…ئيستا بيم بلى له رووزيكدا له م ولا ته (عيراق)جهند كهس به هوى مشروب و جه ند كه س به هوىخراب به كا رهينانى ئاين ه وه مردا ر ئه بنه وه
زيا ترين ريزه ى مه ى له شارى سليمانى ده خوريته وه له به را مبه ردا كه مترين ريزه ى تيرور هه يه..تيبينيم له شيكارى علميه كه ت ئه وه يه زور جا ر مشروب خوا ردن ده ره نجا مه نه ك مسبب
كه سى شه كره ى هه بى يا ضغط يا با رى ده روتى ئه وا ئه وا ئه كه ر كهول جا كيشى نه كات بو جه ند سا تيك اسرا حه تى بي ئه به خشى..كه وه ك خوت ئه زانى ئه م نه خوشيا نه..مزمنن هه مو علا جه كانيش وه ختين…