ئاب 4, 2008
ئازارو دەرمان
د. سابیر بۆکانی
دکتۆرا دهروونناسی
زانکۆی سلێمانی
مرۆڤ هەر لەکۆنەوە بۆ هەموارکردنی ڕەفتارو باری دەروونی و چارەسەرکردنی نەخۆشیە جەستەییەکانی، پەنای بۆ هەموو شتێکی ژینگەکەی بردوە (گژوگیاو ڕووەک و بەرد و کانزاو شاخی ئاسک و …تاد) و تاقیکردوونەتەوە، هەندێکیان بەتایبەتی گژوگیاو ڕووەک بەڕێکەوت چارەسەری تەواوەتی نەخۆشیان بۆ کردووەو لەوە بەدواوە وەک دەرمان ناوزەدی کردون. هەموو ئەم هەوڵانە پێشترو هەتا سەدەی نۆزدەش بەرەو پێشچوونێکی گەورەیان بەخۆوە نەدیوە، لەو سەدەیە بەدواوەو بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای توێژینەوەو زانستەکانی کیمیاوە، جۆرەها دەرمان دروست کراون لەمەشدا پشتی بەپەیوەندی نێوان دەرمان و ڕەفتارو پێکهاتەی کیمیاوی مێشک بەستووە.
مێژووی کیمیاویانەی دەرمان بەو شێوەیەی ئێستا؛ زۆر کورتەو نزیکەی سەدو پەنجا ساڵێکە، بەر لەوە چارەسەرکردنی نەخۆشی هەر هەبووەو مرۆڤایەتی قڕی تێنەکەوتووە. ڕاستە دەرمان؛ سروشتی و گیایی و سەرەتایی بووە بەڵام ئێرادەو ویست و بڕیاری مرۆڤەکان ڕۆڵی مەزنیان لەتەندروستی و باش بوون و چاک بوونەوەی نەخۆشیدا بینیوەو فاکتەری یەکلاکەرەوە بوون. جاران دەرمان بۆ باشترکردنی تەندروستی و چارەسەرکردنی یەکجاریانەی نەخۆشی بەکارهێنراوە، بەڵام ئێستا زیاتر بۆ کەمکردنەوەو لابردنی ئازار بەکاری دەهێنرێت. شایانی باسە لەزۆربەی نەخۆشییەکاندا ئێش و ئازار زەنگن و ئاگادارمان دەکەنەوەو پێمان دەڵێن بۆ چارەسەرکردن هەنگاو بنێ و بجوڵێ. ئەمڕۆ بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە کە زۆربەیان هێمنکەرەوەن و بڕێک ئەسپرینیان تێدایە، زۆرێک لەو نەخۆشیانە لەبیر خۆمان دەبەینەوە کە ڕەنگە دواجار ببنە نەخۆشی کوشندەو بەزەحمەت چارەسەر بکرێن.
یەکەمین و سەرەکیترین ئەرکی پزیشک؛ چاککردنەوەی دەروونی تێکشکاوی نەخۆش و بەهێز کردنی ئیرادەو ئامۆژگاری کردنیەتی بەوەی دەرمان وەرنەگرێ و بەکاری نەهێنن. گومان لەوەدا نییە هۆکاری لەسەدا هەشتاو زیاتری نەخۆشییەکانی جەستە، لەدەروونەوە سەرچاوە دەگرن. ئەوانەی دیکەش لەبەر ناساغی دەروون، پڕۆسەی چاک بوونەوەیان دوا دەکەوێت یان بەئاکام ناگات. فەرامۆش کردنی باری دەروونی و ریکلام و پڕوپاگەندەی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئازار وایان کردووە بەرگەی ئازار نەگرین و بەرگریمان کەم ببێتەوە. بەجۆرێک کە باس لەسەرکەوتنی دەرمانێک بەسەر دەرمانێکیتردا دەکرێت لەلابردنی ئازاردا؛ وامان لێدێت بەوردی بگەڕێین و سەرنج لەبەشێک یان ئەندامێکی جەستە بدەین تاکو ئازارێک بدۆزینەوەو بەپشت بەستنی تەواوەتی بەدەرمانەکە لایبەرین، سەرئەنجام بەخۆمان نازانین و ئازارەکەمان زیاترە لەوەی بەفیعلی هەمانە. هەردەم بۆ دۆزینەوەی ئازار وریاو هۆشیار دەبین و لەبۆسەداین و لەخۆڕا دروستی دەکەین. بەسەرنجدان و لێوردبوونەوە؛ ئازارو ژان دەخولقێن و زیاتر دەبن، کە لەوانەیە لەڕاستیدا بوونیان نەبێت.
بۆیە هەڵەیەکمان نەکردووە ئەگەر بڵێین: ئەوەندەی دەرمان نەخۆشمان دەخات یاخود نەخۆشییەکانمان سەختتر دەکات، ئەوەندە نەیتوانیوە سووک یان چارەسەریان بکات، ئەمەو جگە لەزیانە لاوەکییەکانی دەرمان کە ئەگەر بەشێکیش چاک بکەنەوە ڕەنگە چەندین بەشێکیتر وێران بکەن. زۆرێک لەئێمە بەلاسایی کردنەوە یان لەبەر تەمەڵی یاخود لەنەزانیینەوە دەیان دەرمان بۆ حاڵەتێکی نائاسایی بەکاردەهێنین کە لەوانەیە نەخۆشی نەبێت. بۆ نموونە دور نییە کەسێک بەهۆی بێخەوی یان کەمخەوییەوە سیستمی لێدانەکانی دڵی تێکبچێت بۆ ئاسایی بوونەوەی ئەو حاڵەتەش، سەردانی چەندین پزیشک بکات و بەلیست دەرمانی بۆ بنوسن، ئەم حاڵەتە هەموو جارێک نیشانەی نەخۆشی نییە و پێویست بەدڵەڕاوکێ ناکات. ڕەنگە باشترین دەرمان ئیرادەو بڕوابەخۆ بوون و خەوتن بێ و هیچیتر.
ئیرادەو بڕوابەخۆبوونیش پێوەری خۆی هەیەو دەبێت لەبڕو جۆردا هاوشانی تەمەن بێت. هەندێک کەس لەپاییزی تەمەندان و دانی پێدا نانێن و وادەزانن ئەگەر وەکو جاران و سەردەمی لاوێتی جوڵانەوەو هەڵسوکەوتیان کرد؛ ئەوە نیشانەی تەندروستییەو نازانن نیشانەکانی پیری سەرەتا بەسەر عەقڵ و یادەوەری و توانا زەینەکانەوە دەردەکەوێت و پاشان و درەنگتر بەجەستەوە ڕەنگدەداتەوە. ئەم جۆرە کەسانە پێویستیان بەوەیە دیدو بۆچوونیان سەبارەت بەئەندامەکانی لەشیان بگۆڕن، چونکە گەنجێتی توانای عەقڵی و زەمینەی جەستەیی دەوێت و دروشمێک نییە بەرز بکرێتەوە.
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان
« کۆمهڵناسی چۆن دهڕوانێته بهکارهێنانی ماده هۆشبهرهکان ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سایکۆلۆژیای ژنکوژ »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
