تهمموز 31, 2008
زانستى کۆمەڵناسی چۆن دەڕوانێتە بەکار هێنانى ماددە هۆشبەرهکان ؟
لوقمان سیوهیلی
قوتابی ماستهر لهبواری کۆمهڵناسی دهرمان و مادههۆشبهرهکان
زانکۆی سلێمانی
بەر لە خستنە رووى بینشی کۆمەڵناسیانە بۆ ئەم دیاردەیە ،دەمەوێت سەرەتا دوو خاڵى بنچینەیی بخەمە ڕوو کە رەنگە لە ڕووى ئەکادیمیەوە یارمەتیدەرمان بن لە باشتر ناسینى دیاردەى بڵاو بوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمى کوردستاندا .
1. دەستەواژەى بەکار هێنان لە بوارى ماددە هۆشبەرەکاندا ڕەنگە مەدلولى راستەقینەى خۆى لە دەست بدات بەو پێیەى بەکارهێنان زیاتر ماناو مەبەستى پزیشکى دەگەیەنێت بە پێى ڕەچەتەى پزیشکى ، لە کاتێکدا ئێمە بۆ ماددە بێهۆشکەرەکان مەبەستمان لە بە کار هێنانى نایاسایی و نا پزیشکى دوور لە رێنمایی تەندروستیە ، هەر لە بەر ئەوە رەنگە دەستەواژەى (خراپ بەکار هێنان ) پر بە پێستى خۆی بێت و بە گەرانەوە بۆ زمانەکانى دیش بە هەمان شێوەیە ، ئەوەتا دەبینین لە بەرامبەر دەستەواژەى (خراپ بەکار هێنان ) ئینگلیزەکان چەمکى (Abuse ) و عەرەبەکان (تعاگى یاخود سوء الاستخدام ) و فارسەکانیش ( سوء مێرف ) بەکار دەهێنن ئەمە خاڵى یەکەم .
2. پێویستە لە جێى دەستەواژەى ماددە بێهۆشکەرەکان ئەوا دەستەواژەى (دەرمان و ماددە بێهۆشکەرەکان ) بە کار بهێنین ،
ئەویش بە سەرنج دان لە پۆلێنى ماددە هۆشبەرەکان دەبینین لە سێ بەشی سەرەکى پێکدێن ، ئارامبەخشەکانى وەک تلیاک و مۆرفین و کۆدایین و هیرۆیین و کۆمەڵەى باربچورەیتەکان و لە تلیاک چووەکان ،بەشی دووەمیشیان پێکدێن لە ماددە چالاکیبەخشەکانى وەک ئەمفیتامینەکان و کۆکاین وکراک و ئەفیدرینەکان ،و بەشی سێهەمیشیان بریتین لە ماددە وڕێنەبەخشەکانى وەکو بەنک ( حەشیشەو ) و L.C.D وداتورەو P.CP … هتد .بە سەرنج لەم سێ پێکهاتیە دەبینین بەشی دووەمى ئەم ماددانە نەک هەر مرۆڤ بێهۆش ناکەن واتە نەک هەر هۆش بەر نین بەڵکو زێدە چالاکی و وریایش دەبەخشنە مێشک و جەستەى مرۆڤ هەر بۆیە رەنگە دانانى (دەرمان و ماددە بێهۆشکەرەکان ) پڕاو پڕى ئەم سێ پێکهاتانە بێت و لە زمانى ئینگلیزیشدا چەمکى( Drug ) بۆ دانراوە کە واتاى دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان دەگەیەنێت،ئەم راستیەى ئاماژەم پێدا لە سالى 2005 و کاک عەتاى مەلا کریم وەک پسپۆرێکى ئەو بوارە لە بریتانیا ئاماژەى بۆ کردوە .
دیارە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان دەکرێت لە ڕەهەندى یاسای و تەندروستى و دەرونناسی و بگرە ئاینیش خوێندنەوەى خۆى بۆ بکرێت و ئەمە جێدێڵین بۆ شارەزایانى ئەم بوارە، بەڵام ئەوەى زێتر پەیوەندى بە ئێمەوە هەیە خوێندنەوەى کۆمەڵناسیانەیە بۆ دەرمان ماددە هۆشبەرەکان لە سەر بنەماى دەرئەنجامى نێگەتیڤى ئەو ماددانەیە بۆ سەر تاک و کۆمەڵگە (زێتریش کۆمەڵگە ) واتە کاریگەریەکەى مەوداى تاک جێدیێلێت و هەڕەشە دروست دەکات لە سەر پەیوەندیە خێزانی و کۆمەڵاتیەکان .
بە کورتى بە کوردى واتە دیاردەى خراپ بەکارهێنان تا ئەو شوێنەى کاریگەرى لە سەر تاکە ئەوە زیاتر دەبێتە کارى دەرونناس وپسپۆرانى بوارى تەندروستى لێرەشەوە ڕەنگە ئەوەهە راست بێت ئەگەر بڵێین لە کوێدا کارى دەرونناسی تەواو دەبێت لەوێڕا ئیشی کۆمەڵناسی دەست پێدەکات ،ئەگەر چی کارەکەشیان تەواوکارى تێدایە بۆ یەکترى بە و پێیەى دیاردەى خراپ بەکارهێنان وەک دیاردەیەکى ( دەروونى –کۆمەڵایەتى ) ناوزەد دەکرێت ،
ئاخۆ بۆچی کەسانێک وەک فریاد ڕەس دەڕواننە دەرمان و ماددە بێهۆشکەرەکان ،تۆ بڵی بۆ لەبیر کردنى خەم و ئەندوهەکانیان بێت ،یان بۆ کەیف و سەفاو خۆشی ؟ تۆ بڵێى خود ئاگایانەو بە ئارەزوى خۆیان ڕوو بکەنە ئەم دیاردەیە یان بارو دۆخێک پاڵیان پێوە دە نێت بەرەو کەنارەکانى عەدەم دەیانبات ؟
بە هەر حاڵ دەکرێت بڵێین هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا کە کۆمەڵناسی کار لە سەر ئەو پێش زەمینە کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و سیاسیو ئابوریانە دەکات کە دەبنە مۆتیڤ بۆ تەشەنەکردنى گەراى ئەم پەتایە ، هەر لێرەشەوە کەسی ئالودە بوو وەک کەسێکى تاوانبار یاخود جەلاد سەیر ناکات ، بەڵکو وەک قوربانیەک دەیبینێت کە بەردەوام باجى خراپی باردو دۆخە هەمەجۆرەکان دەدات کە دوور لە ویست وئیرادەى خۆى بە سەریدا سەپاوە ،( ئەمەش بە واتایە نا کە هۆکارە دەرونی و خودیەکان رۆڵیان نەبێت ).بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک تیۆر خراونەتە روو کە هەریەکەیان رۆڵی یەکێک یان زیاتر لە هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان ئەکتیڤ تر دەکات .بۆ نمونە زاناى کۆمەڵناسی فەرەنسی ئەمیل دۆرکایم زۆرێک لە دیاردە ناسازە کۆمەڵاتیەکان دەگێڕێتەوە بۆ بوونى لیکترازانى پەیوەندی کۆمەڵاتیەکان و ناوى ناوە ( Social Anome ) ئەمەش لە دەرئەنجامى پێشکەوتنى کۆمەڵگاوە بەر هەم دێت و جۆرێک لە بێ ئەرزشی لە ناو کۆمەڵگادا تەشەنەدەکات کە دواجار دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى کێشە گەلە جۆر بەجۆرەکان ،یاخود هەندێکى تر لە بیر یارانى بوارى تاوانناسی هۆکارە ئابوریەکان دەکەنە دایکى کێشە جۆراو جۆرەکان و هۆکارەکانى بێکارى و هەژارى و حاشیە نشینى و پەراوێز خستن دەکەنە هۆکار بۆ ئەمەش گەر سەرنجێک لە بڵاو بوونەوەى دەرمان و ماددە هۆشبەرکان بدەین لە عێراق هەروەک بینیمان لە میدیاکاندا دەنگۆى ئەوە بڵاو بویەوە کە لە ناو کیڵگەکانى پرتەقاڵ لە پارێزگاى دیالە هاوشان تلیاک واتە رووەکى خەشخاش دەچێنرێت بەجۆرەش جوتیارى عێراقی بە بوونى تەنها یەک کیلۆ تلیاک رەنگە لە داهاتى ساڵانەى باخە پرتەقاڵەکەى زیاتر بێت ،تەنانەت هەندێک لە داتاو ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە قەبارەى وەبەر هێنانى دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان لە قەبارەى داهاتى نەوت زیاترە لە جیهاندا ،یەکێکى تر لە هۆکارەکان بریتیە لە دیاردەى کۆچ بەرەو وڵاتانى ئالودە بوو ،هەروەک لە نسکۆى ساڵى 1975 زۆرێک لە کوردەکان روویان کردە ئێران و بۆ ماوەیەکى زۆر لە ئێراندا مانەوە کە ئەمەش شوێن پەنجەى خۆى لەسەر تەشەنەسەندنى ئەم دیاردەیە جێهڵاو ئیستاشی لە گەڵدا بێت ناوچەى سۆران ڕەنگە رێژەیەکى زۆرى ئەم دیاردەیەى تیادا بە دى بکەین ، دوبارەو لە ساڵى 1991 و لە دەرئەنجامى کۆرەوێکیتردا زۆرینەى هەر زۆرى کوردەکان روویان کردەوە ئێران و کەم تازۆر لە ئێران مانەوە ،دوا بە دواى ئەمەش لە سەروەختى رووخانى ڕژێمى بەعسدا دەرگاى باشوریش بە هاتنە ناوەوەى دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان کرایەوە بە تایبەت لە ڕێگەى کەرکوک و دیالەوە . بەم پێیەش ئێمە ئێستا لە زۆربەى سنورەکانەوە لە باکورو باشورەوە لە ژێر هەرەشەى ئەم ماددانەداین .ئەمە بە شێوەیەکى گشتى ، وەک هۆکارە دەرەکیەکان ،بەڵام خۆ هۆکارە ناوخۆییەکانیش لە هەرێمى کوردستاندا بێ بەش نەبوون لە هەڵگرتنى بەرپرسیارەتى بڵاو بونەوەى ئەم پەتایە ،ڕەنگیشە بێ ئومێد بوونى گەنجى کورد لە گەیشتن بە هیواو داخوازیەکانى جۆرێک لە نامۆبونى بەر هەم هێنابێت کە ئەمەش یەک لە هۆکارەکانى ئالودەگیە ، بەڵام پێویستە ئەوەشمان بیرنەچێت کە دیاردەى ئالودەبوون لە وڵاتانى ئەسکەندەناڤیش هەیە لە گەڵ بوونى هۆکارەکانى خۆشگوزەرانى مرۆڤ ، ماوەتەوە بلێم هۆکارەکانى ئالودەگى فرەچەشن و هەمەجۆرن لە ولاتێک بۆ وڵاتێک جیاوازى هەیە ،بەڵام وەک دیارە هیچ وڵاتێک لێى بەرى نییە .
دەمەوێت ئەوەهە بڵێم کە مەترسی ئەم دیاردەیە لەوە دایە کە ئەکتیڤ ترین چینى ناو کۆمەڵگە کە چینى گەنجانن دەکەونە بەر مەترسی دیاردەى خراپ بەکارهێنانى ئەم ماددانەوەو بە زۆریش تەمەنیان لە نێوان (18-30) ساڵیدایە ئەمەش وا دەکات ئایندەیەکى نارۆشن چاوەرێى نەوەى داهاتومان بکات ئەگەر بێتو ئەم دیاردەیە زیاتر پەرە بسێنێت ، وەک ئاستى رۆشنبیریش دەکرێت بڵێین زۆرینەى ئەو کەسانەى لە قۆناغیک لە قۆناغەکانى خوێندندا وازیان هێناوە و خوێندنیان تەواو نەکردوە بونەتە قوربانى ئەم دیاردەیە ،ئەوەشمان بیر نەچێت کە هونەرمەندان و بیرمەندان و لە ئاستى ناوخۆو دەرەوە توشی خراپ بەکار هێنان بوون لە گەڵ ئەوەى ئاستى خوێندەواریشیان بەرزە ،لە رووى ئاستى کۆمەڵایەتیشەوە یان ڕوونتر بڵێن پێگەى کۆمەڵایەتى رەنگە ئەو بۆچونە راست بێت کە کەسانى ئالودە خاوەنى پێگەیەکى مام ناوەندى هەروەک بارى ئابوریەکەیان و بە تێوە گلانیان بە دەرمان و ماددە هۆشبەرەکانەوە کە پێگەو متمانەى کە هەیانە بە زویی لە دەستى دەدەن لە ناو کۆمەڵگەدا .
لێرەدا دەکرێ پرسیارەکە بە دیوێکى تردا بکەین و بپرسین ئاخۆ لێکترازانى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەبێتە هۆى ئالودەگى ، یاخود ئالودەگى دەبێتە هۆى لیکترازانى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ؟.
ڕەنگە ئەم پرسیارە بە هەردو دیوەکەیدا ڕاست بێتت بەڵام لێرە پرسیار لە کاریگەرى ئالودەبونە لە سەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ،هەر لە بەر ئەوە جێگەى خۆیەتى وتەیەکى ڕێبوار سیوەیلی بە بیر بێنینەوە کە دەڵێت مرۆڤى نەخۆش هەر خۆى نەخۆش ناکەوێت بەڵکو پەیوەندیەکۆمەڵاتیەکانیش لە گەڵیدا نەخۆش دەکەون ،ڕەنگە بە بیرتدا بێت و بپرسیت ئاخۆ مەبەستت چیە لە نەخۆش کەوتنى پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان ؟
هەروەک پێشتریش وتمان کەسی ئالودەبوو سەرەتا متمانەى بە خۆى نامێت وکێرڤى ویست و ئیرادەى ڕوو لە دابەزین دەکات ،ئەمەش وا دەکات متمانەى لە ناو خێزاندا لە دەست بدات و زۆر جاریش بە جیابونەوە کۆتایی بێت کە ئەمەش خۆى لە خۆیدا پەیوەندى ئەو خێزانە لە بەر یەک هەڵدەوەشێنێت ،لێرەشەوە کارى نێگەتیڤى خۆى دەکاتە سەر پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان چەندین گرفتى کۆمەڵایەتى دەخوڵقێنێت .ئەوەتا هەریەکە لە زانایان راب Rab و سلیزنیک Selznick پێیان وایە کێشە کۆمەڵایەتیەکان دەر ئەنجامى ناسازى پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە کە دواجار ئەم ناسازیە دروست دەبێت لە ئەنجامى بوونى گرفت لە پەیوەندیە مرۆڤایەتیەکانداو دەبێتە لەمپەرو و هەرەشەیەکى مەترسیدار لە بەردەم هیواو خواستەکانى زۆرێک لە تاکەکانى ، ئەمە لە لایەک لە یەکى دیش ڕەنگە ئالودەگى سەر بکێشێت بۆ دروست بوونى رەفتارى تاوانکارى وەک دزى لا پیاوان و لەشفرۆشی لاى ژنان بە مەبەستى دەستکەوتنى ئەم ماددانە .
بۆ زانستى دەرونناسی وەڵامى ئەو پرسیارە بۆ شارەزایانى ئەو بوارە جێدێڵم ،سەبارەت بە رۆڵى کۆمەڵناسی و کۆمەڵناسی ماددە هۆشبەرەکان ،بەشێکى ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر ئەوەى ئاخۆ تاچەند لایەنە پەیوەند دارەکان گوێمان بۆ دەگرن و هاوکاریمان دەکەن ، ئەگەرچی تا ئێستا پرۆژەى لەو شێوەیە پێشکەش نەکراوە .
سەبارەت بە خستنە رووى ڕێگە چارەى کۆمەڵناسی دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆى بکەینەوە .
1) پێکهێنانى لێژنەیەکى فرە پسپۆرى لە بوارەکانى کۆمەڵناسی ، دەرونناسی ، دەروون پزیشکى ،فارماکۆلۆجی و پزیشکى تەندروستى بۆ دەرخستنى سەرجەم لایەنەکانى دیاردەى ئالودەگی و ئەنجامدانى توێژینەوەى تایبەت بەم بوارە .
2) کردنەوەى سەنتەرێکى تایبەت بە ئالودەبووان ( مرکز الادمان ) بۆ مەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى رۆژانە لە سەر جەم لایەنەکانەوە .
3) زیاتر هوشیارکردنەوەى خێزانى کوردى لە ڕێگەى قوتابخانەکانەوە و بە دانانى وانەیەکى تایبەتى بۆ ناساندنى هۆکارو دەرئەنجامەکانى دیاردەى خراپ بەکارهێنان لە سەر ئاستى تەندروستى و تەندروستى دەرونی و یاسایی و روودانى رەفتارى تاوانکارى لە ناو کۆمەڵگەدا .
Loqman_Sewaily@yahoo.com
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان, کۆمهڵناسی
« ههرهمهکهی ( ماسلۆ ) و پێداویستییهکانی لاوانی کورد | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئازار و دهرمان »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
