حوزهیران 14, 2008
نووسینی : توێژهری کۆمهڵایهتی
حهمهی ئهحمهد ڕهسوڵ
بهشی دووهم و کۆتایی
!!
هەروەها جێگەی داخە و لە بەر خاتری زانست و لۆژیک پێویستە پێ بە جەرگی خۆمدا بنێم و بڵێم کە ئەفسووس ئەی لاوانی حەشیشە و تریاک و مادەی دیکەی بێهۆشکار بەکاربەر ، ئێوە لەگەڵ ئەوەشدا کە بوونەتە قووربانی ئەم کۆمەڵگایە و نێچیری دەست مۆدێرنیتەی زاڵمی دەموەختی پۆست جەنگ و ئازادی پۆست -دیکتاتۆر ، کەچی موخابن ئێوە خۆشتان تاوانبارن بەوەی کە زوو بە زوویی خۆتان دا بە دەستەوە و بوونە دەروێشی ئەو دەنک و تۆزە چکۆلەیەی کە ناوی حەشیشە و تریاکەو مادەی وەکو سیکۆتین بۆ مەبەستێکی دیکە بەکاردێت و دەرمانی وەکو تۆسیرام و دۆڵستۆپ لە بنەچەدا ئەوە شرووب و دەرمانێکن بۆ کۆکە بڕان بەکاردێت و کەچی ئێوە قوومی پێوە ئەنێن و بە یەک فڕ ئەچنە ئەودیوی واقیع و ئەم واقیعە ڕاستەقینەیە بۆ ئێمەیەک جێدێڵن کە لە مێژە شانمان داوەتە بەر و لە کۆشش داین و کارئەکەین و دێین و ئەچین و دەرمانی زێدەڕەوی فڕ ناکەین و خۆمانگرتووە و بەرانبەر بە ڕەشەبا ناهەموار و دژوارەکانی ئەم ڕۆژەڵاتە دۆزەخە وەستاوینەتەوە و وەکو نەخۆش و پەککەوتەی دەستی زەمانە ڕەفتار ناکەین و ئەژین !!
وەلی ئەگەر ئێوە یەکێک پێتان بڵێت نەخۆشن زۆرتان پێناخۆشە بەڵام بەداخەوەو بە دڵێکی پەژارەوە ئەیڵێم کە ئێوە نەخۆشن ، ئێوە ئیرادەتان نەماوە ، وزە و توانای کار و داهێنان و بەرهەمهێنلنتان لەدەستداوە ، لەلایەکی دیکەوە ئەی ئەگەر نەخۆش نین بۆچی دەرمانی کۆکە و حەب و دەرزی کیمیایی بەکاردێنن و کارگەکانی پزیشکی و دەرمانچێکاری بۆ نەخۆشیان بەرهەمهێناون و لە ئافەریدە زۆر پیرۆزەکانی دونیای نووژداری ناوزەد ئەکرێن یان بۆچی بێ ئیرادەن و بۆ ساتێک بێهۆشبوون و خەیاڵپلاویتان ئەو مادە ناخۆش و تالانە بەکاردێنن !!؟
هەروەها بەکارهێنانی ئەو جۆرە ماددانە ئەوەشی لێئەکەوێتەوە کە بێجگە لەوەی کە ئەو ڕەفتارە قێزەونە ئەنوێنن ماکەکەی ئەوەیە کە ڕەفتارێکی دیکەی لەوە ناشرینتر بنوێنن کە بریتییە لە دەرۆزە کردن و سواڵکردنتان لە برادەر و نەیار و دۆست و نەناس بۆوەی تۆزێک تریاک و حەشیشە و بوتڵ و دەرزی و حەب و قوتووی خۆ گێژکەری پێبکڕن .. کە ئەمەش گۆمەکەی زیاتر قووڵتر کردووە و جێگەی بەزەیی و خێر پێ کردن و دڵدانەوە و گوێ پێدانێکی جیدین .. کەواتە دیاردەکە بوو بە دوو دیاردەی جەرگبڕ ، بۆیە ئێوە پێویستە یەکێک لەو دوو کردارە قێزەون و زۆر ناشرینە تەرک بکەن یان ئەوەتا چیتر ئەو دەرمانانە مەخۆن یان ئەوەتا چیتر سواڵ مەکەن !! لەبەرئەوەی ئێوە بێکارن و ناتانەوآ و ناتوانن کار بکەن و ماسولکەی لەشولارتان و ماسولکەی مێشکتان هیلاک و تەمەڵ و یاخییە لە ژیان .. ئێوە لەبەرئەوەی عیززەتی نەفستان نزم بووەتەوە بۆتۆزقاڵە زەڕەیەک لە مادەی بێهۆشکار ، کەواتە هەرئەبێت نەفستان نزم بکەنەوە بۆ ئەوکاتەی کە ئیدی جەستە و خوێن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێژەی وەرگرتنی ماددەی بێهۆشکەر و گێژکەری زیاتری پێویستە لەبەرئەوە ئەمڕۆ زیاترتان گەرەکە لە دوێنآ و سبەینآ لە ئەمڕۆش زیاتر چونکە پێبەپێی ڕاوێژ و نوژداری و پزیشکان ئیتر هێدی هێدی جەستە وخوێن بە قەبارەیەکی گەورەترو بە ڕێژەیەکی زۆرتر ئینجا ئەگاتە حاڵەتی تێربوون ! ئەمەش ئەو لاوە کڵۆڵانە لەبەردەم بارودۆخێکی دژواردا ڕائەگرێت و خۆ ئێرەش وەکو ئەوروپا پارەی بێکارە و سۆسیال نادرێت بەو هاوڵاتیانەی کە ناتوانن کاربکەن و بە نەخۆشی دەروونی حسێبیان بۆ ئەکرێن.. بۆیە ئەبینین نەک هەر ئەم لاوانە ، بەڵکو زۆرن ئەو کەسانەی کە وردە سواڵێک ئەکەن و زوو زوو لەسەر ڕێگاو بان و شەقامەکاندا و نزیک بە مزگەوت و چایخانەکان پۆلێک دەرۆزەکەر دێن و پۆلێکی دیکە دەڕۆن !!!!!
ئا لێرەوە گرفتێکی نوآ سەرهەڵئەدات و ناکرێت وەکو نەعامە خۆمانی لێ گێل بکەین و” فەرامۆشکردنی گەر بۆ باسکردنیش بێت و مەبەستمان نەبێت ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە پاش ئەوەی پێشکەشی ئەم حکومەتەی ئەکەین ” ئەویش ئەوەیە کە بارودۆخی دوای براکوژی و/ قۆناغی پۆست شەڕی ناوخۆیی / دیاردەیەکی دیکەی ناچاریی فەراهەمبوو کە زیاتر باری ئابووری و نەبوونی مووچەی مانگانە بۆ هاوڵاتیان هێناویانەتە گۆڕێ کە بریتییە لەوەی خەڵکی سەر بە پەنجا جێگادا بکەن بۆوەی بڕە پارەیەکی دیاریکراویان دەستبکەوێت و بە پاساوی ئەوەی کە موویەک لە بەراز بێتــەوە .. ئیتر خەڵکانێکی زۆر شەرمیان شکاوە و پێیان نەنگ نییە کە لەم حیزب و لەو حیزب پارە گەدایی بکەن و ڕۆحییەت و نەفسییەتی ئینسانی مەزنتر لە هەموو شتە مردووەکانی دونیای ماددەی پێ نزم و نزمتر بێتەوە .. ئیدی کە گەورەکان ئاوەها ڕەفتار بکەن ئەی ئەبێت چکۆلە بێدەرەتان و کەم هۆشەکان چی بکەن !؟
ئەمانەوە و گەلێکی دیکە لە هۆکار و فاکتەرە زۆر گرنگەکانی وەدەرکەوتنی دیاردەی بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەر و گێژکەرەکانن ، کە زۆر بە خێرایی لە نێو ئەم کۆمەڵگا هەتیووەدا تەشەنەی کردووە و زیاتریش تەشەنە ئەکات ، چونکە هەموو ئامراز و هۆ و بەڵگە و زەمینەکانی بۆخۆش کراون و ئامادەن …!
ئەگەر یەکێک بێتو بڕیار و ڕایەکی خێرا بدات کە گوایە تاوانبار و داهێنەر و هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە نامۆیە بە کۆمەڵگا پاکەکەی ئێمە تەنها ئەو برادەرانە ئەگرێتەوە ، ئەوا زۆر هەڵەیە و لە لۆژیک و زانست دوور ئەکەوێتەوە و ئاسەواری ئەو ڕاو بۆچوونە زۆر ئەشکێتەوە بەسەر ئەو کاتەدا کە بمانەوێت ڕێگەچارەیەکی بنەبڕ بۆ ئەم دیاردە کوشندەیە بدۆزینەوە !!
چونکە ئەم دیاردەیە لە نێو مناڵدانی ئەم کۆمەڵگایەوە سەریهەڵداوە ، ڕاستە ڕەنگە لە ئێران و توورانەوە هاتبێت ! بەڵام ئێمە پێمان ناوەتە نێو ئەو قۆناغەوە کە لە ڕۆژاوادا زۆر چاک ناسراوە و پێی ئەڵێن مۆدێرنیتە و دەموەختی دوای جەنگ و سەرمایەداری و موڵکدارێتی و بازاڕی ئازاد کە زۆر زاڵمانە بەسەر ژیانی ئاسایی و سادەی کۆمەڵگادا ئەشکێتەوە ، ئەوەی لە بازاڕدا ڕۆژانە ئەقەومێت و ڕوو ئەدات ڕاستەخۆ بێت یان ناڕاستەخۆ بەسەر خێزان و دانیشتوانی کوونی ژوورەوەدا ڕەنگ ئەداتەوە !
لەبەر ئەوە خۆ ئێستاکە زۆربەی خەڵکی وەکو ئەو برادەرە تۆسیرامخۆرانە ئەکەن ، بەڵام بە شێوازێکی تر و
خەریکی زیادەڕۆیین لە ئیشوکارێکی دیکەدا ..
لێرەدا حەزئەکەم ئەوەتان بیر بێنمەوە کە بیرتانە کاتێک ڕۆلان پارت ئەیووت ( نووسین خۆکووشتنە بەڵام بە شێواز و بە ڕێچکەیەکی جیاواز لە خۆ کووشتنی ئاسایی ، ڕەخنە گرتنیش لە دەق بە مانای مردنی نووسەر دێت ) ..
بێگومان هەمان شت ڕاستە سەبارەت بەوەی کە ئەمڕۆ خەڵکی بە گشتی خەریکی خواردنەوەی مەی و خۆ مەستکردنن ،ڕێژەیەکی دیکەش بە درێژایی ڕۆژگار خەریکی نێرگەلە کێشانن .. ڕێژەیەکی دیکەش لە خەڵکان خەریکی ئیشکردنن بەڵام بە شێوەیەکی زۆر ناماقووڵ ، کەم نین ئەوانەی لە سپێدەوە هەتا دوانزەی شەو هەر تەکسی دەئاژۆن و فڕکەیان دێت ، لە سەدا هەشتای ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەشەقامەکاندان تەکسین .. یان بارهەڵگرن …. خەڵکانێکی دیکەش هەن بەیانیان ئیشێک ئەکەن و عەسران ئیشێکی دیکە و ئێوارانیش ئیشێکی تر کە ئەوەش خۆکووشتنە بە خاوی و باوەشکردنە بە ئەودیوی ژیاندا ….. **
کەواتە هەر ئەوحەشیشە خۆرە کڵۆڵانە تاوانبار نین ، ڕۆژگارەکە خراپ گۆڕاوە و هەنگاوێک بەرەو دواوە پێشکەوتووین و ئێمە هەڵپەمانە بەرەو پاشەوە .کە. گەورەکانمان هەڵەی دیرۆکی و فرە مەزن ئافەریدە بکەن ئیتر چکۆلەی بێدەرەتان چی بکەن !؟وە لێ ئەمە ئەوان بێگوناهو مەعسوم جێناهێڵێ و ئەوان ئێستاکە نیوەی وزەی خۆیان لە دەستداوە و بەداخەوە لە دووا قۆناغی پێشکەوتندان و توانای هیچ چالاکی و بزاوت و ئیبداعێکیان تیا نەماوە ! ئەوان باوان و کەسوکاریشیان بە دەستیانەوە ئەناڵێنن ، ڕەنجی باوان بە فیڕۆ ئەڕوات و هەمووی بۆ دادە تریاک و حەشیشەیە و دەستی گەرمی قاچاخچییەکانیش خۆتان بگرن و ئەم برا خۆگێژکەرانە هاتوون و پارەی نانیان لە ماڵەوە ستاندووە و ئەیکەن بە قووڕگی ئێوەدا!
تاقە ڕێگەچارەیەک ئەگەر هەبێت !
بەداخەوە لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیە لە مێژەوە سەریهەڵداوە و ئێستا ڕەنگە بیست ساڵێک تەمەنی هەبێت واتە لە تەمەنی هەرزەکارێکدایە ..هیچ شێوازێکی توندوتیژی کەڵکی نییە و بە پێچەوانەوە ئارەزووی لەسەر زۆرتر ئەبێت و زیاتر برەوی بۆ پەیدا ئەبێت و ئەگەر بڵێم با هەڵمەتی ئەوە بکەین کە با ئەو ماددە بێهۆشکەر و گێژکەرانە و وەچنگکەوتنیان لە شوێنە تایبەتییەکاندا کۆنتڕۆڵێکی توندیان بخەینە سەر ! بەڵام بە ڕاستی باشترین شێوازو ڕێگەچارەیەک کە هەبێت و لە ئەوروپاشدا ڕەچاو ئەکرێت ئەوەیە کە با وەزارەتی کۆمەڵایەتی لاوان و پەروەردە و بە یارمەتی و وەزارەتی تەندروستیش پێکەوە دەزگایەک ، ماڵێکی کۆمەڵایەتی لە ( شێواز و لە شێوەی ماڵی بێنەوا یان خەڵوەتگەی بەساڵاچووان )بنیات بنرێت کە بوارەکانی ئیشکردن و فێرکردنیشی ( وەک خوێندنگە و قوتابخانەیەکی ) تێدا بێت بۆوەی ئەو کەسانە بچنە ئەوێ و لەوێ دەوام بکەن و بە بەردەوامی دکتۆر و کۆمەڵناس و دەروونناس و یاریدەدەری کاروباری ئینسانی و یارمەتی مرۆڤایەتیش لەوێ ئامادەگی خۆیان هەبێت ! تکایە با رژد و پیسکەیی تیا نەکرێت و با مووچەیان هەبێت و هاتووچۆش بۆ دەرەوەو سەردانی کەسوکاریش بۆ لایان قەدەغە نەکرێت و هۆکار و ئامرازەکانی دەربڕینی خولیا و ئارەزوویان دەستەبەر بکرێت و هەوڵێک بێت بۆوەی بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا و لە کەنار و بن دیوار و پەراوێزی کۆمەڵ و ژیاندا بە ڕۆحێکی شل و شێواوەوە نەبنە گاڵتەجاڕی ئەو کۆمەڵگایەی دەستی هەیە لە دروستبوون و سەرهەڵدانی ئەو کوڕگەلە ڕۆح سووکانەدا کە ئەمڕۆکە گومڕان بەڵام سەری دونیا بە پووش نەگیراوە و ئێرەش بەنگلادیش نییە و باسی ڕەزیلی و بوودجە و پارە مەکەن و ئیمکانیات و داهاتی ئابووری و وزەی ئینسانی و مەعریفی و تەکنۆلۆژی -هیومانیستی تێدا قڕبووبێت .. لێرە دڵێک ئەژی پەپوولەی بێگەردی تیایە بەڵام هێشتاکە سەرچاوەی کەڵک لێوەرگرتنیان نەدۆزراونەتەوە ..بەڵام پێویستە گەشبین و ڕوونبین بین بۆوەی ژیان بێتاقەت نەکەین ، هەرچەندە ژیانی کوردستان لەم سەروەختەدا بێتاقەت و بێوازی کردووین !
ئەمستردام-سلێمانى
تێبینییەکان:
* ( لێرەدا حەزئەکەم دەستی ماندوو بوونی د.کەریم قەرەچەتانی تێر بگوشم وخوا لە نموونەیان زۆر کات !)
** ( من هیچ توانج و سەرنجێکم لەسەر ئەم حاڵەت و دۆخە ناجۆرە نییە ، لەبەرئەوەی ئێمە خەڵکی ئەستێرەیەکین هەر شەڕ و شۆڕ و جەنگ و کەمی متمانە و بڕوا بە ئەمڕۆو ئایندەی بینیووە ،خەڵکی لەترسی سبەی وا ڕەفتارئەکەن ! بەڵام ئەم حاڵەتە ناوازەیە و چەندان ساڵی تریش ئەخایەنێت! )
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان, کۆمهڵناسی
« خوێندنهوهیهک بۆ کۆمهڵگای کوردی / ئالوودهیی تریاک و حهشیشه و خواردنهوه و …. / بهشی یهکهم | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سهرهتایهک لهسهر فهلسهفهی پهروهردهیی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

سوباس بؤ ئةو بابةتة جوانة دةستان خؤشبيَت و بةهيواى سةركةوتن
من دووبراو باوكم كيرؤدةي ئةم دةردةبوون مةي دةخؤنةوةو كومانم هةية يةكيَك لة براكانم تلياك بخوات ئايا بؤ ريَنمايي سةرداني كويَ بكةم