حوزهیران 14, 2008
خوێندنەوەى کۆمەڵگاى کوردى
ئالوودەیی تریاک و حەشیشە و خواردنەوە و
جگەرە و نێرگەلەکێشانی لاوان لێوانلێوە ……!
توێژەرى کۆمەڵایەتى: حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
بهشی یهکهم
دەسپێک:
ئاشکرایە هەر دیاردەیەک کە لە کۆمەڵگایەکدا دەرئەکەوێت ، لە سەرەتادا وەکو شێوازێکی سادە دێتەگۆڕآ و لە نێو دەستەو گرووپێکدا سەرهەڵئەدات بە هۆکارو فاکتەری پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بەریەککەوتن - احتکاک - ەوە لەم دەستەیەوە پەلئەهاوێت بۆ ئەو دەستەیە و بە هۆکاری گەڕەک و چایخانە و قوتابخانە و هەندێک لە یانە و بارەگاکانەوە ( کە لای ئێمە فرە زۆرن ! ) تەشەنە ئەکەن و پاشان بەپێی ئەو یاسا کۆمەڵایەتییە کوشندەیەی پێی ئەڵێن : چاولێکەری و لاساییکردنەوە کە ئەمەشیان لە مێژە لای ئێمەی دەوڵەمەند بە کەلتوورێکی باوو سەقەت و داهێزراو ،هەموو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە هاندەر و بەخێوکەرییەتی ..ئەو دیاردەیە ئەتەنێتەوە و پیادەئەکرێت ..دوواجار ئەبێت بە مۆدێل .
مەترسییە ، ئەگەر دیاردەکە پێبـەپێی داب ونەرێت و نۆرمی کۆمەڵایەتی هالەیەکی پیرۆزی بە دووادا بۆ بکێشرێت و بگەیەنرێتە ڕادەیەک کە گوایە ” پیاو ئەبێت نوێخواز و سنوورشکێن و بە زەوق و نەبەز و چاونەترس بێت ” ئەوا ئیتر بە تەواوی لە نێو گەنجانی خوێن گەرم و بێئامانج و بێکار و بێ خولیا و هیوابڕاودا بەرکەماڵ و بە ئیسراحەت ئەتەنێتەوە ….! لەو دەروازەیەوە ئەمەوێت بە کورتی و دڵسۆزانە لە دەرگای دیاردەیەک بدەم کە ساڵانێکە و لە کۆتایی هەفتاکانەوە لە نێو ئەم وڵاتەدا خراپ تەشەنەی کردووە و ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان سست و بێ چالاک و کۆڵەوار و گیرۆدەبوون بەدەست تۆسیرام خواردنەوە و دەرزی و شروبی دیکە و حەشیشە و پاشان تریاکەوە ….!
ڕۆژگارێک تێکەوتووین هێندە تاڵ و ڕەزا قورس و زاڵمە کە موخابن کەس ئاگای لە کەس نییە و کەس لایەکی برایانە لە کەس ناکاتەوە.. ” داریوش ووتەنی : کەس بە فیکری کەسی نیست ” دەرچووانی کۆمەڵناسیی و دەروونناسی وخێرخواکانی دیکەی دونیای زانکۆ و ڕۆشنبیری و مەعریفەش وەکو دکتۆر و نوژدارەکان ئەکەن ، لەگەڵ تەواو کردنی زانکۆ دا ئیتر ئەو زانستە تەڵاق ئەدەن و هیچ وەفایەکیان بۆ خۆشیان نییە و ئەبنە فەرمانبەر و بەڵێندەر و بازرگان و لە شێوازی دوکاندارێکیان لێدەر ئەچێت کە هەر خەریکی حسێبکردن و ژماردنی ڕۆژەکان و مووچەکانیانن ، ئیتر بۆ ئەوەی ملیان وەرنەگەڕآ ئاوڕێک لەو هەموو دەرد و پەتا و دیاردە کوشندانەی ئەم کۆمەڵگا زۆر دواکەوتووەمان نادەنەوە و بەوەش خراپ ئەکەن .. قووڕ بۆ ئەوە گیراوەتەوە کە ئەیەوێت لەسەر یەکێک لەودیاردانە بنووسێت !
بێگومان لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم دیاردەیە کە بریتییــــــە لە : بەکارهێنانی ئەو دەرمان و شروبانەی کە بۆ نەخۆشییەکی دیاریکراو دانراون لەوانە تۆسیرام و بلمۆکۆدین و ئارتین و دۆلستۆب و سۆمادرین و پەسەدین و ..تاد. یان بەکارهێنانی یەکێک لەو حەبانە لەگەڵ دەرزی ڤالیۆمدا .. بەکارهێنانی سیکۆتین کە لە زیندان و بەندیخانەوە سەریهەڵداوە و تەشەنەی کردووە .. بە مەبەستی ئەوەی کە بە پارەیەکی کەمیش بێت بێهۆش و سەرمەست بن .. کەواتە جۆرێکە لە ئیبداع و داهێنان بەڵام بەداخەوە بە بارێکی دیکەی پۆزەتیڤدا و بە ڕووە خراپەکەیدا !
هـۆکارە گرنگەکان :
بەڵگەنەویستە کە بارودۆخی ناهەمواری سیاسی هەر وڵاتێک لەگەڵ خۆیـدا ئاشووبگەلێکی زۆر دێنێتە ئاراوە و ئاسەواری نابەجآ فەراهەمئەکات لە هەموویان قێزەونتر هەڵایسانی جەنگە ، کە ئیتر ئەوپەڕییەتی و هەموو شتێک لە پێناوی بردنەوەی جەنگ و سەرکەوتندایە کە بێئاکارترین دروشمێکە دیکتاتۆرەکان بەرزی ئەکەنەوە و هەموو شتێکی ناڕەوا بەکاردێت و تیایا مرۆڤـــــ نزمترین بەهای پێئەدرێت لەسەر ڕووی ئەم هەسارەیە دا و هەتا دێت نرخی کاڵاش زیاتر ئەبێت و ڕێژەی هەژار و نەدار زیاتر ئەکات .. لە هەموو توێژێکیش زیاتر لاوان و گەنجانی کوڕن کە بەو بارو دۆخە ناهەموار و دژوارە وە ئەناڵێنن و ئەکرێن بە بەرداش و لە بەرداشێک ئەچن کە لە ئاشی هاڕین و فەنابووندا بەکاردێن ، بۆ مەبەستی فەریادبوون و ڕزگاربوون لە مەرگ و مردنی بەزۆرەملێ لاوان هەموو ڕێگا ڕەواکانی قووتاربوون بەکاردێنن ، لە هەشتاکاندا و لە دەموەختی شەڕی عێراق و ئێراندا ( ڕاکردن و لە سەربازی هەڵاتن و فیراری )لە ووتەزا و دەستەواژە زەق و دیارەکانی پۆست جەنگن و لە بیرەوەری لاوان و ئەوجا میللەتدا جێگای خۆیان گرتووە !!
بە نیسبەت جیهانەوە ، کەم نین ئەو ڕێباز و تیۆرییە ئەدەبی و هونەرییانەی لە ئەوروپای دوای / پۆست جەنگی دووەمدا وەدەرکەوتوون ، لەوانە دادایی و سوریالیزم و ناماقووڵ و ناموونتەمی وئابستراکت و زۆری دیکە لەوانە کە بۆ مەبەستی خۆ دەربازکردن و ونبوون لەو واقیعە تاڵەی تیایدا ئەژین و پەنایان بۆ بەهەشتی خەیاڵات و یۆتۆپیای ئەودیوی واقیع ئەبرد بۆ ئەوەی مەودایەک هەبێت بۆ پشوودان و حەسانەوە و ئاسوودەیی ڕۆحی جەنجاڵ و پەرتەوازەیان و گیانی لەت و پەتیان .. لە مۆسیقا و گۆرانیشدا بە هەمان شێوە بانگەوازیان بۆ ئەو دونیاو بەهەشتە ئەکرد : دیسکۆ و ڕۆک ئاندڕۆڵ و هیپییەکان لە سەر شەقام و باڕەکان و میترۆ و کووچە و کۆڵانەکان بوو بوونە مینبەر و سەکۆی بانگەشەیی بۆ دونیایەک کە مۆدێرنیتە و پۆست - جەنگ هێنایانە گۆڕآ ….!!
لێرەش لە وڵاتی سەر بە گۆچەڵ و هەمیشە خێرنەدیوودا ، ئەوەی کە دیکتاتۆرەکەى عۆجە کردی بە هیچ کتێب و کتێبخانەیەک ناگێڕدرێتەوە لە پێش هەموو چین و کۆمەڵێکدا لاوان و گەنجان زەرەرمەند بوون و لە کوونی ژوورەوەی ماڵەکەیاندا لێدران و دونیای ڕووناکی لێکردن بە شەو و شەوی لێکردن بە دۆزەخی سووتماک ! لاوان بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی جەنگێکی شەهوانی و سەرشێتی سەدامی بێئاکارو بێئابڕوو ، ڕاکردنیان هەڵبژارد و بەسەر پردی باریک و تیژی - سیراتول موستەقیم-دا پەڕینەوە و هەندێکی زۆریان ئاودیو بوون و چوونە باوەشی فەریاد ڕەسییەوە بەڵام زۆربەی ئەوانەی مانەوە و قووتار نەبوون لە ئێرانی تریاک و حەشیشە خواردندا ، فێری کارو خوویەکی نابەڵەدبوون و زیاتر لەبەرئەوەی گەیشتنیان بە هەندەران دژوار و سەخت بوو لە ڕووی ماددە وبێپارەییەوە و شێوازی سەخت و مەترسیداری پەڕینەوەدا ، تووشی بێهیوایی و نائومێدی کردن و بە ئاسانی بوونە نێچیری ئەو پەتاو دەردە ، کە زۆرتر بێهیوابوون ئیتر گەڕانەوە وڵاتی وێرانەو لێرەش ئاتمۆسفیر و هەوای حەواندنەوە و گوزەرانی نێو بەهەشتی چاوەڕوانکراوی ئەوان نەبوو بۆیە گۆمەکە قووڵتربوو بۆ ژێرەمەلەی عەبەسییەتی لاوان .. بێکاری ئەوان و هەژاری کەسوکاریان هۆکارێکی دیکەیە ، چونکآ ئەوان زیاتر لە دەرکۆڵان و سەرشەقامەکان دەگووزەرێنن و پەروەردەش زۆر کزو شەرمنانەیە و ئاستی خوێندەواری و ڕۆشنبیری ئەوە نەبوو کە بەرگەی ئەو هەموو کاریگەری و هۆکار و تەکنۆلۆژیا سەقەتەی ئەوسای کۆمەڵگای عێراق بگرێت ..
هۆکارێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی ئەوانەی کە مادە بێهۆشکەرەکان بەکاردێنن …!
تەواو نەکردنی قوتابخانە و فێربوون و ژیان لە هەوای فێرگەکاندا و پەیڕەونەکردنی سیستمەکانی قوتابخانە و بوون بە شاگردی زانست ، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە مرۆڤـ وا هەڵئەسوڕێنێت کە لە خــۆوە وگەر باوانـیـش پێیاننـەڵیـَن کە ڕێز لە پەیڕەو و پرۆگرامی ڕۆژانەو ئیشو کاروباری ڕۆژانە بگریت ،مێشک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەست بە بەرپرسیارێتیکردن فێرئەبێت و یاسا و ڕێسایەکی مێتۆدیی ئەچێتە پرۆگرامی ژیانەوە بۆیە بۆ کردنی هەموو کارێکی لاوەکیانە مرۆڤی خوێنەوار و قوتابی جیدی چەند جارێک لە مێشکیدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لاوەکی بێنە و بەردەی پێئەکات …! کەچی کرێکارێکی خانووبەرە یان بۆیاخچییەکی پێڵاو یان فیتەرێک یا دارتاشێک یان پاکەت فرۆشێک یان چایچییەک ( لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا بۆ هەموویان ) کەمتر لە شتەکانی دەوروبەر ووردئەبێتەوە و هەستی بەرپرسیارێتی لای ئەوان تەرمۆمەترەکەی نزمترە و چاکە و خراپەی کردارەکان ئەو حسێبە خەستەی بۆ ناکرێت وەک لای قوتابییەکی ئامادەیی یان ئامۆژگا یان زانکۆ دا ئەکەوێتەوە !!
هۆکارێکی دیکەی هۆی تەشەنەکردنی دیاردەی بەکارهێنانی ئەم مادە هۆشبەر وسڕکەرانە ، ئەوەیە کە باوانییان بە تەمەنن و زۆر حوکمی توندو بەهێزیان نییە بەسەر مناڵانییانەوە، هەروەها خوێنەواری وئاستی ڕۆشنبیرییەکی ئەوتۆشیان نییە کە چۆنییەتی مناڵ پەروەردەکردن فێرببن و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مناڵەکانیان هەست پێبکەن ..کە هەر ئەوەنییە نانییان بدەیتێ و فڕێیان بدەیتە سەر شەقام بۆئەوەی پارە و بژێوی خۆیان و خێزانەکەیان پەیدا بکەن بە پاساوی ئەوەی کە خۆیان بەخێو بکەن و بزانن گوزەران و نان پەیداکردن چەندە سەختە کە موخابن ئەم تێفکرین و پاساوە زۆر خەتەرناکە و باوان لە بەرپرسیارێتی پەروەردە و سەرگەردان نەبوونی مناڵاندا بەتاڵئەکاتەوە .. ئەرکی باوان ناردنی مناڵانە بۆ قوتابخانە وخوێندنگەکان و بردنیانە بەرەو ئەو ئاقارەی کە تیایدا هەست بە برپرسیاری و بوونی خۆیان ئەکەن !
هۆکاریکی دیکەش ڕەنگە ئەوە بێت کە ئێمە لە وڵاتێکدا ئەژین کە چیت بوێت و بخوازیت بە پارە و بە قاچاخ و بە ساختە و یاساغی و بە ناسیاوی و بە واسیتەکاری بۆت دێتە پێش و کۆنتڕۆڵ وچاوەدێری تەنها لەسەر بیروڕای سیاسیتە و گرنگ ئەوەیە تۆ هەوڵنەدەیت کودەتا و شۆڕش و هەڵگەڕانەوە و یاخیبوون بەرپا بکەیت ( سەرەتا زیاتر لە دەموەختی دیکتاتۆرەکەی بەغدادا و زیاتر باس لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە ئەکەم کە ساڵانی هەشتاکان مەى خواردنەوەو سیکۆتین وشروب وجگەرەکێشانى بێشومار )هەروەها بە نیسبەت دەرمان و شروب و دەرزییەوە : بۆ وێنە دزین و هێنانی ئەو دەرمانانە لە خەستەخانە و داییرەو دامەزراوەکانی پزیشکییەوە لە بەغداوە بۆ ئێرە و ئینجا شاردنەوەی ئەو دەرمانانە لە نەخۆش و فرۆشتنیان بە تۆسیرامخۆر و بەکاربەری مادە سڕکەرەکانەوە بە پارەیەکی خەیاڵی لە لایەن دەرمانفرۆشەکانەوە کە بەداخەوە لە قاچاخچی زیاتر خەریکی کرداری ناشرین و نابەد بوون کە تەنها بە سەیرێکی کۆشکەکانیاندا بۆت دەرئەکەوێت کە چۆن توانیویانە تەنانەت کۆڵەکەی خانووەکانیشیان بە مەڕمەڕ بنیات بنێن و شەبەح و سەقەڕ و مۆنیکا لە ژێر خۆ بنێن .. ڕێخۆشکەرترین هۆکار و فاکتەرێک لە بواری تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیەدا ئەوەیە کە لێپرسینەوە لە لایەن دەوڵەتەوە بەدیناکرێت ، چی خراپە و چی باشە بەدیئەکرێت و ئەمەش پێی ئەڵێنبازاڕی ئازاد یاخود ئازادی و سەربەستی ؟ سەبارەت بە دوکان و بازاڕو فرۆشتن و کڕین و مەسەلەی هەرە گرنگتر لەوانەی کە کێشەی ئابووری و نرخی ئینسان لە کۆمەڵگادا ڕائەگرێت و تەرمۆمەتر و ناقووسێکە بۆ ئەوەی بتوانیت ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی پێ دیاری بکەیت ! بۆ وێنە ئەگەر کیلۆیەک تەماتە لە ئەوپەڕی باشووری ئەڵمانیادا ( لە میونشن ) بە دوو یۆرۆ بێت ئەوا چاک بزانە کە لەوپەڕی باکووردا و ( لە ڕۆستۆک یان لە هامبورگ ) بە هەمان نرخە . کەچی ئەفسووس نرخدانان و یاساکانی نرخی شتومەک لە بازاڕدا دیارترین خەسڵەتێـکە کە لەم ڕۆژگارەدا بەدیناکرێت !
هەروەها ئەگەر نەڵێین ئەڵمانیا وبا ناوی یۆنان بێنین کە هەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتێکی ئەوروپایە ..بۆ وێنە لە یۆنان ئەگەر ڕێچەتە یان پسووڵەی دکتۆرت پێنەبێ بۆ وەرگرتنی دەرمانێک ، ئەگەر لەوێدا بمریت ، ناکرێ و ناشێت تۆ تەنها حەبێک وەربگریت ..! کەچی لێرە بەداخەوە هەر لە ئەزەلەوە وابووە ئەتوانیت هەموو دەرمانخانەکە بکڕیت و نەخۆشێکی دیکەی چاوەڕوان بۆی نییە فزە بکات !
هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە ئەوەبوو ، کە لە دەموەختی دیکتاتۆرە میکرۆبەکەدا ، سیاسەتێَک پیادەئەکرا کە بریتی بوو لەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ، ژمارەی باڕو مەیخانەکان لە زیادبووندا بوو بۆوەی لە جیاتی ئەوەی خەڵکی کۆببنەوەو لووت لە سیاسەتەوەبژەنن یان لە شوێنێکی نادیار و جێی گوماندا خڕ ببنەوە و سەغڵەتی بۆ حکومەتەکە دروست بکەن..خەریک کردنیان بە خواردنەوە و خۆ گێژ کردنیان و خۆ لە بیربردنەوەیان باشترین ڕێگاچارەیەک بوو بۆوەی تەمەنی حکومەتەکەی درێژتر ببێتەوە .. کە بەداخەوە هەتاوەکو ئێستا ئەو بارودۆخ و حاڵەتە بینی گرتووە و برەوی زیاتر بووە !؟کە ئەوەش هاندانێکی دیکە بوو بۆوەی ئەو لاوانە دەرمانێک و شلەمەنییەکی موخەدیرتر و هەرزانتر بدۆزنەوە و ئەوانیش لە کاروانە کە دوانەکەوون کە ساڵانێکە بەرکەماڵە و کەوتۆتە گەڕ!!؟؟
یەکێکی دیکە لە هۆکارو هاندەرەکانی بڵاوبوونەوەی دیاردەی تۆسیرامخۆری و حەشیشە و مادەی دیکەی بێهۆشکار ، کێشەی بارودۆخی پۆست جەنگە ، بە واتای هاتنە دەرەوەی هەواو ئەتمۆسفیری کۆمەڵگا لە قۆناغێکی دژواری جەنگ و ماڵوێرانییەوە بۆ قۆناغێکی دیکەی ناهەموارتر کە لە خەو هەستان و هۆش بەخۆدا هاتنەوەیە بەسەر وڵاتێکی وێران و کاولبوودا کە لە هەموویان گرنگترو بەرچاوتریات :- هەرەسهێنان و داڕمانی ڕەفتار و ئاکار و بیرکردنەوەی چەوت و لابەلای خەڵکانی کۆمەڵگایە کە لە هەرە دیارترینیان چاوچنۆکی و شڕەخۆریی و جاسوسی و بێڕەوشتی و کاڵبوونەوەی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و نزمبوونەوەی عیزەتی نەفس وهەڵوەشاندنەوەی خێزان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و خۆفرۆشتنی ژنان وزێدەبوونی بێکاری نێوان لاوان و وەدەرکەوتنی زۆر دەوڵەمەند و زۆر هەژارە لە کۆمەڵگادا .. کە ئەمەش کار لەکەس نەکات ، کاریگەری زۆر گەورەی بەسەر گەنجی هەژارو لاوی نەدارەوە ئەبێت .. بێکاری و سەرگەردانی و خەرجی و مەسرەفێکی گەورەی زۆربەی ئەو خێزانانەی کە ژمارەی ئەندامەکانی هەشت و نۆو دەن .. ڕەنگە لەسەر کێشەی بژێوی پەیداکردن و گرانی کەلوپەل و شتومەکە بنچینەییەکانی ماڵ و خێزان ، ڕۆژانە شەڕو هەرا جێگەی ئاسوودەیی و هێمنی و بەختەوەری بگرێتەوە کە ئەمەش لاو و هەرزەکار بەرەو هەڵدێر و ناسۆری و نائومێدی ئەبات ..!
هەروەها نەبوونی کەسانی ڕاوێژکار و دڵسۆزی وەکو کۆمەڵناس و توێژەرە کۆمەڵایەتی و سایکۆ -لۆژییەکان و نەبوونی ڕۆڵی دکتۆر و نووژدارەکان لە ڕێگەی میدیا و کەناڵەکانی وەکو تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆڕو کۆبوونەوەو وۆرک شۆپ ودیدارە جەماوەرییەکانەوە ، کە بەداخەوە جێگەی داخو موخابنە کەوا ئەو توێژە ڕۆشنبیرانەی وەک دکتۆر و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لەم وڵاتە هەناسەساردەی ئێمەدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە ..بێجگە لە هەوڵی دەگمەن نەبێت !*
نزیکەی دوو تا سێ بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی لێرە و لەوێ کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە و لە جێگەی نەبووانە و نازانم دکتۆرە دڵسۆزەکانی وەک د . نەوزاد ڕەفعەت چییان بەسەرهات !؟ ماستەر و دکتۆرە پسپۆڕەکان وشارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی و دەروونی لە کوێن؟ چۆن ئەوان خەویان لێئەکەوێت و ئەو هەموو دەردو پەتا و نەهامەتییەش سەرەتاتکێمان لێئەکەن و..چی زۆرە دەردو دیاردەی قێزەون زۆرە…..!! کلینیک و عەیادەی دکتۆر سیخناخە لە نەخۆش .. گەر بچیتە ئەو جێگایانە ئینجا بۆت دەرئەکەوێت کە چ ڕێژەیەکی نەخۆش لەم وڵاتەدا هەیە، من خۆم چاودێریم کردووە و لێم پرسیوون کە چەند لای دکتۆر ماونەتەوە و چ جۆرە دەرمانێکیان وەرگرتووە و چیان دەستکەوتووە لای دەرمانخانەکان و ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە وێرانە وێران !!!؟؟؟؟
( بەداخەوە ئێرە جێگەی ئەو مشتومڕییە نییە و بەو ئومێدەی بوار بڕەخسێت لێکۆڵینەوەی لەمەڕ سازبدەم و لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا و بە ئەرکی سەرشانی خۆمی ئەزانم !!؟ )
بۆ ئەم دیاردە خەتەرناک و وەبەرە (مەترسیدارە ) کآ تاوانبارە !؟
بە پلەی یەکەم هەر دیاردەیەکی ئاوەها بارگاوی بە جەمسەرێکی نێگەتیڤی و ناهەموار و بەد وخراپ شکاوە بەسەر توێژ و چینێکی گەورە و بەهێز و خاوەن وزەی وەکو لاوانی بەهرەمەندا زەنگێکی زۆر خەتەرناکە و وەکو تیشکی لێزەر بە خێرایی و بەلەز تەشەنە ئەکات و بێگومان بارودۆخ و ڕژێمی سیاسی هەر کۆمەڵگایەک لێی بەرپرسیارە و حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارە کۆمەڵایەتییەکان و سیستمی بەڕێوەبردن وپەروەردە و گەورە بەرپرس و بەڕێوەبەران لە پێشەوەی لیستی تاوانباریدان ! ئەوجا ئەو دامودەزگا و دوکان و دەرمانخانانە و وەزارەتی تەندروستیش لێی بەرپرسیارن .. کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری و بەڕێوەبردنی دڵسۆزانە خەسڵەتی ئیدارە و حوکمڕانییەلە هەر کۆمەڵگایەکدا نەک وەک لای خۆمان هەر توند ڕاگرتنی ئاسایش و زەوی بە دۆنم دابەشکردن بەسەر ناسیاو و خزم و خانەخوێدا و کارەباوئاو بڕین و مووچە بڕین وخزمەتگوزاری نەبەخشین
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان, کۆمهڵناسی
« ئهرک و فۆرمی توێژهری کۆمهڵایهتی - دهروونی لهقوتابخانه سهرهتاییهکاندا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خوێندنهوهیهک بۆ کۆمهڵگای کوردی / ئالوودهیی تریاک و حهشیشه و خواردنهوه و …. / بهشی دووهم و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
