نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ئه‌لکهول و ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی تر / به‌شی سێیه‌م و کۆتایی

شوبات 12, 2008

logo-1.jpgئه‌لکهول و مادده‌ هۆشبه‌ره‌کانی تر / به‌شی سێیه‌م و کۆتایی
ئاماده‌کردنی : ڕێکخراوی هارتلاند ئه‌لایه‌نس بۆ پێداویستی مرۆیی و مافی مرۆڤ
سلێمانی

چۆن ئالودەبوون بەزوویى ئاشکرا دەکرێت ؟
بەداخەوە دایکان و باوکان زۆربەى کات دوا کەسن کە ئەزانن منداڵەکەیان ئالودە بووە لەسەر هەر جۆرێک لە ماددە هۆشبەرەکان، چونکە دەستەوسانن بەرامبەر ئاشکراکردنى کەسێکى ئالودەبوو لە ڕێگەى ناسینەوەى ئەو تایبەتمەندی و هەڵسوکەوت و گۆڕانکارییانەى کە لەسەرى دەردەکەوێت وەکو ئەمانەى لاى خوارەوە :
o خۆدورخستنەوە و دابڕان لە ئەندامانى خێزانەکەى لەوانە لەژورى خۆى بەتەنها نان دەخوات، بەشدارى دانیشتنەکانى خێزان ناکات.
o گوڕانکارى کتوپڕ لە هەڵسوکەوتى رۆژانە، گوێنەدان و ئیهمالى کردن لە ئیش و کارە ئاسایى و گرنگەکاندا.
o درەنگ کەوتن لە چونە سەر کار بە شێوەیەکى بەردەوام، هەندێک جار دەگاتە وازهینان.
o گوێنەدان بە کات و دواکەوتن لە مەوعید بە شیوەیەکى گشتى.
o دورکەوتنەوە و دابڕان لە زۆربەى هاوڕێ کۆنەکانى، تەنانەت هەندێک جار هاوڕێ نوێیەکانیشى.
o نەمانى ئارەزوى خواردن و تێکچوونى کاتى ژەمەکان، ئەمەش ئەبێتە هۆى ڕەنگ زەردى و دابەزینى کێش.
o تێکچونى خەو بەشێوەیەک زۆر دەخەوێت یاخود توشى بێخەوى دەبێت ئەوانیش بەهۆى کاریگەرى ئەو جۆرە ماددەیەى بەکارى دەهێنێت.
o هەمیشە پیویستى بە پارەیە و داوا لە هاوڕێکانى و خێزانەکەى دەکات، شتى ناو ماڵ دەفرۆشێت، پاساو ئەهێنێتەوە تاکو سەرفکردنى پارەکان بشارێتەوە.
o بەکارهێنانى توندو تیژى و شەڕەنگێزى ئەگەر ماددەکەى دەستنەکەوتبێت.
o گوێنەدان بە بنەما سەرەکیە ڕەوشتییەکانى خێزان و دەرچون لێیان.
o ئاشکراکردنى شوینەوارى بەکارهێنان وەکو بینینى بڕێک لە ماددەکە یان ئەو کەلوپەلانەى بۆ وەرگرتنیان بەکاردێن. بینینى شوینەوارى بەکارهێنان لەسەر جەستەى یاخود جل و بەرگەکانى.

یاساى عێراقى سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان:
لەم یاسایەدا تەنها مادەیەک کە باس لە بارى یاسایى کەسى ئالودەبوو بە مادەى هۆشبەر بکات ماددەى 14 برگەى 2 کە یاسا دانەرى عیراقى سزاى 3 ساڵ کەمتر نەبێت 15 ساڵ زیاتر نەبێت زیندانى داناوە بۆ ئەو کەسەى کە ئەو مادە هۆشبەرانەى پێبگیرێت کە لە ماددەى 3ى ئەم یاسایەدا هاتوە و مەبەست لێى بەکارهێنانى شەخسى بووە. بەڵام لە برگەى 7 دا دەڵێت دادگا بۆى هەیە (واتە حاڵەتەکە جوازییە) لە جیاتى ئەوەى ئەو سزایە بسەپێنێت، فەرمان بدات بە دانانى کەسە ئالودەبوەکە لە (مصحە) یان شوێنى تایبەت کە وەزارەتى تەندروستى دابینى کردوە بۆ چارەسەرکردن بۆ ماوەى 6 مانگ، دواتر پێش تەواو بوونى ئەو 6 مانگە بەردەدرێت لەسەر داواى داواکارى گشتى یان خودى کەسە مەحکومەکە ئەگەر دەرکەوت بارى تەندروستى باش بووە بەپێى راپۆرتێکى پزیشکى ئەو شوێنە. لەمرۆدا هەموو ئەو کەسانەى کە بە تۆمەتى ئالودەبون بە ماددەى هۆشبەر دەستگیر دەکرێن سزاى 3 ساڵ زیندانیان بەسەردا دەسەپێت وە برگەى 7 لە یاساکە جێبەجێ ناکرێت لەبەر نەبوونى شوێنێک یاخود سەنتەرێک بۆ چارەسەرى ئەو کەسانە.

کەسانى ئالودەبوو نەخۆشن پێویستیان بە چارەسەر هەیە:
لەگەڵ ئەوەى یاسا چەند سزایەکى توندى دانەوە بۆ ئەو کەسانەى ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، هەمان کات بە تێڕوانینێکى مرۆڤ دۆستانە پێشنیارى چارەسەرکردنیشى کردووە، چونکە کەسانى ئالودەبوو نەخۆشن و پێویستیان بە یارمەتیدان هەیە بە تایبەت هاوکارى دامودەزگا حکومییەکان بۆ وازهێنان لە بەکارهێنانى ئەو ماددانە و چارەسەرکردنیان لە شوێنى تایبەتدا. ئەگەر حکومەت تەنها پەنا نەباتە بەر سزادان و زیندانیکردنى کەسى ئالودەبوو، بەڵکو بە شێوازى مامەڵەکردنى دروست لەگەڵ ئەم کێشەیەدا بتوانێت سەرنجى خەڵکى ڕابکێشێت بە دابینکردنى شوێنى تایبەت بۆ چارەسەر، ئەوا هاندانێکى باشە بۆ کەسى ئالودەبوو خۆى داواى چارەسەر بکات، یاخود کەسوکارى هاوکارى بکەن بچێت بۆ چارەسەرکردن.‏پێویستە کەسانى ئالودەبوو وەکو نەخۆش سەیر بکرێن نەک تاوانبار تاکو هاوکارى بکرێن بگەنە شوێنى مەبەست بۆ چارەسەرکردن.

چارەسەرى ئالودەبوون :
پێویستە ئەو کەسانەى ئالودەبوون لەسەر بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان بەزووترین کات هەوڵى چارەسەرکردنى خۆیان بدەن، لەبەرئەوەى چەندە لە چارەسەر دوابکەون ئەوەندە حاڵەتەکەیان بەرەو خراپتر دەچێت.

چۆن کەسێکى ئالودەبوو هەوڵى چارەسەرکردن بدات؟
1. یەکەم هەنگاو بڕیاردانى وازهێنانە لە بەکارهێنانى ماددەکە لەلایەن خودى کەسەکە خۆى.
2. داواى هاوکارى و یارمەتى لەو کەسانە بکات کە متمانەى پێیانە لە پڕۆسەى چارەسەرکردندا.
3. سەردانى پزیشک و کەسانى تایبەتمەند بکات بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر.
4. لە هەموو قۆناغەکاندا پابەندى سەرجەم ڕێنمایەکانى پزیشک و تیمى چارەسەرکردن بێت.
5. هەوڵى چارەسەرى ئەو کێشەیە بدات کە توشى ئالودەبوونى کردوە.

قۆناغەکانى چارەسەرکردنى کەسێکى ئالودەبوو بە ئەلکهول یاخود ماددە هۆشبەرەکانى تر بریتین لە:

• قۆناغى لابردنى ماددەکە لە جەستەدا :
ئەم قۆناغە لە بناغەدا پزیشکییە، هەوڵدەدرێت جەستەى ئەو کەسە خاڵى بکرێتەوە لەو ماددەیەى لەسەرى ڕاهاتووە لە نەخۆشخانەدا، تاکو جەستە بتوانێت بە ئەرکى ئاسایى خۆى هەستێت، ئازارەکانى وازهێنان لە ماددەکە کەم بکرێتەوە، ئەو شلەمەنیەى جەستە لەدەستى داوە پڕبکرێتەوە، ئەو نیشانانەى بەهۆى وازهێنان لە ماددەکەوە دەرکەوتون چارەسەر بکرێن لە ڕێگەى پێدانى هەندێک دەرمانى پزیشکى تایبەت. نەخۆش لەم قۆناغەدا خەوى کەمە، ئارەزوى بەکارهێنانەوەى ماددەکەى زۆرە، هەست دەکات ناتوانێت بەرگەى نیشانەکانى وازهێنانى ماددەکە بگرێت، لەبەر ئەم هۆکارانە هەندێک نەخۆش چارەسەرکردنەکە وازلێدەهێنن. ئەم قۆناغە تێکەڵە لەگەڵ قۆناغى دواترى خۆى، گرنگە لەگەڵ باشبوونى بارى تەندروستى ئەو کەسە، چارەسەرى دەروونى و کۆمەڵایەتیش دەست پێبکات.

• قۆناغى چارەسەرکردنى دەروونى و کۆمەڵایەتى:
ئەگەر ئالودەبوون لە بناغەدا دیاردەیەکى دەروونى و کۆمەڵایەتى بێت، ئەوا ئەم قۆناغە زۆر پێویستە و بە چارەسەرکردنى بنەڕەتى ئالودەبوون دەژمێرێت. لەم قۆناغەدا چارەسەرى دەروونى تاکى (Psychotherapy Individual) بەکاردێت لە جۆرەکانى (ڕەفتارى، فکرى، ڕەفتارى فکرىCBT ) بە مەبەستى هاوکاریکردنى نەخۆش بۆ تێگەشتن لە کێشەکەى و دۆزینەوەى چارەسەرەکان، خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکانى ژیان، دروستکردنى گۆڕانکارى لە تێڕوانین و بیرکردنەوەکانى دەربارەى بەکارهێنان و ئالودەبوون لەسەر ماددە هۆشبەرەکان، لابردنى هەست بە تاوان و خۆ سەرزەنشتکردن. هەر لە ڕێگەى چارەسەرى دەروونى کەسى ئالودەبوو ڕادەهێنرێت لەسەر شێوازى بڕیاردان، چارەسەرکردنى کێشەکان، ڕوبەڕوبوونەوەى تەنگژەو فشارەکان، خاوبوونەوە و نوستن بەشێوەیەکى تەندروست.
هەمان کات چارەسەرى دەروونى خێزانى ( Family Psychotherapy) بەکاردێت بە مەبەستى باشکردنەوەى پەیوەندییە تێکچوەکانى ناو خێزان کە بەهۆى بەکارهێنان و ئالودەبوون لەسەر ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان دروست بوون. هەروەها دەتوانرێت چارەسەرى دەروونى بە شێوازى گروپ (Group Psychotherapy) بەکاربهێنرێت بۆ کۆمەڵێک کەسى ئالودەبوو پێکەوە، بە مەبەستى فێرکردنى شارەزاییە کۆمەڵایەتییەکان و بەهێزکردنەوەى پەیوەندییەکانى، ڕەواندنەوەى شەرم و هەست بەکەمى کردن. هەر لەم قۆناغەدا هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو هۆکارە دەروونیەى بۆتە هۆى ئالودەبوون، بۆ نموونە ئەگەر هۆکارەکە خەمۆکى بێت هەوڵى چارەسەرکردنى بدرێت. هەروەها ئەنجامدانى وەرزش بە مەبەستى گێڕانەوەى تواناى جەستەیى و ئەنجامدانى چالاکى و متمانە بەخۆبوون.

• قۆناغى ڕاهێنان و چاوێرى دواتر : ئەم قۆناغە لە سێ بەشى گرنگ پێکدێت:
قۆناغى ڕاهێنانەوە لەسەر ئیشکردن:

مەبەستى ئەم قۆناغە بریتییە لە گێڕانەوەى کەسى ئالودەبوو بۆ کارکردن، چارەسەرکردنى کێشەکانى بەردەم گەڕانەوەى بۆ ئیشوکار، ئەگەر نەتوانرا بگەڕێنرێتەوە سەر هەمان ئیشى ڕابردوى ئەوا پێویستە بخرێتە سەر ئیشوکارێکى نوێ کە پێى ئاسودەیە، تاکو بتوانێت ژیان بەشێوەیەکى ئاسایى بگوزەرێنێت، یاخود ئەگەر ئیشەکەى هۆکار بوو بۆ فێربوونى بەکارهێنان وەکو فرۆشتنى خواردنەوە کهولیەکان، ئەوا پێویستە ئیشەکەى بگۆڕدرێت.

قۆناغى ڕاهێنانەوەى کۆمەڵایەتى:
مەبەست لەم کارە گێڕانەوە و پەیوەستکردنەوەى کەسى ئالودەبووە بە خێزان و کۆمەڵگەوە، ئەم چارەسەرە ڕاوەستاوە لەسەر باشکردنى پەیوەندى نێوان کەسى ئالودەبوو لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەکەى و ڕاهێنانیان لەسەر قبوڵکردن و تێگەیشتن لەیەکتر، هەروەها یارمەتیدانى کەسى ئالودەبوو تاکو بتوانێت متمانەى خێزان و کۆمەڵگەکەى بەدەست بێنێتەوە و هەلێکى نوێى بدرێتێ بۆ نیشاندانى سوربوونى لەسەر چاکبوون و دروستکردنى ژیانێکى نوێ.

قۆناغى ڕێگرتن لە دەستپێکردنەوەى بەکارهێنان:
دووبارە دەستپێکردنەوەى بەکارهێنان دیاردەیەکى بڵاوى نێو ئالودەبوانە پاش وازهێنان و ئەم هەستە لە کەسانى ئالودەبوودا زۆر بەهێزە. مەبەست لەم قۆناغە چاودێریکردنى ئەو کەسەیە کە چاکبۆتەوە بۆ ماوەى (6مانگ تا 2 ساڵ) لە سەرەتاى چارەسەرکردنەکەوە، هەروەها لەگەڵیدا ڕاهێنانى خۆى و خێزانەکەى دەربارەى ناسینەوەى پێشوەختى نیشانە ئاگادارکەرەوەکانى ئەگەرى دەستپێکردنەوەى بەکارهێنان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لێى.

شێوازەکانى ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان:
1. ڕێگەگرتنى سەرەتایی Primary Prevention :
ئامانجەکەى ڕێگەگرتنە لە تاقیکردنەوە و بەکارهێنان لە ناو ئەو کەسانەى پێشتر ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانیان بەکار نەهێناوە. لەم قۆناغەدا هەوڵ دەدرێت پێشبینى بکرێت و ڕێگەبگیرێت لە یەکەم بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان بەتایبەت لە نێو هەرزەکار و گەنجاندا. ئامانجەکانى بریتین لە:
1. برەودان بەخۆگرتن یان بەکارنەهێنان.
2. یارمەتیدانى گەنجان بۆ فێربوونى ڕەتکردنەوەى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان.
3. دواخستنى تەمەنى یەکەم بەکارهێنان، بەتایبەتى بۆ ماددە یاساییەکانى وەک ئەلکهول و توتن.
4. هاندانى جێگرەوە تەندروستەکان کە دەرمان نین بۆ دەستکەوتنى خۆشى و دروستکردنى گۆڕانکاری لە مەزاجدا.

2. ڕێگەگرتنى پلە دوو Secondary Prevention لەم قۆناغەدا هەوڵی ڕاگرتنى بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان ئەدرێت لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە ئەویش لە ڕێگەى ڕۆشنبیرکردن، چارەسەرکردن، بونیادنان و فێرکردنى شارەزایی.
3. ڕێگەگرتنى پلە سێ Tertiary Prevention لەم قۆناغەدا هەوڵ دەدرێت بۆ ڕاگرتنى زیانى زیاتر کە بەهۆی کیشەکانى بەکارهێنانى ماددەکانەوە دروست دەبێت و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى حاڵەتەکە.

ئامادەکردنى
ڕێکخراوى هارتلاند ئەلایەنس بۆ پێداویستى مرۆیى و مافى مرۆڤ
heartland_education@yahoo.com

لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان

بۆچوونەکان


« ژن له‌دیدی یۆگاوه‌ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دڵه‌ڕاوکێ لای قوتابیانی په‌یمانگای مه‌ڵبه‌ندیی مامۆستایانی سلێمانی ( توێژینه‌وه‌ی زانستی ) / به‌شی سێیه‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional