نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ئه‌لکهول و ماده‌ هۆشبه‌ره‌کانی تر / به‌شی دووه‌م

فێبرایه‌ر 10, 2008

logo-1.jpgئه‌لکهول و مادده‌ هۆشبه‌ره‌کانی تر / به‌شی دووه‌م
ئاماده‌کردنی : ڕیکخراوی هارتلاند ئه‌لایه‌نس بۆ پێداویستی مرۆیی و مافی مرۆڤ
سلێمانی

• دووبارەبوونەوەى کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی نێوان تاکەکان کە بەهۆی کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان دروست دەبێت وەک دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوسەردا دەربارەى بەکارهێنان ، شەڕکردن ،.. هتد.

چ کاتێک دەتوانیت بە کەسێک بڵێیت ئالودەبووە ؟
بەپێى ڕێبەرى دەستنیشانکردنى نەخۆشییە دەروونییەکانDSM-IV) َ( پێویستە ئەو کەسە سێ یان زیاتر لەم حەوت خاڵەى خوارەوەى هەبێت بۆ ماوەى 12 مانگى بەردەوام تاکو پێى بوترێت کەسێکی ئالودەبوو:
1. بەرگەگرتن Tolerance: ئەو کەسە پێویستى بە وەرگرتنى بڕێکى زیاترى دیار هەیە لەو ماددەیەى وەرى دەگرێت، تاکو هەمان کاریگەرى ئارەزوکراوى دەستبکەوێت کە پێشتر دەستى کەوتووە.

2. کشانەوە Withdrawal: بریتییە لە دەرکەوتنى هەندێک نیشانەى جەستەیى و دەروونى لە کاتى وەرنەگرتنى ماددەیەکدا کە پێشتر بەردەوام بەکاریهێناوە لەوانە زوو هەڵچوون، دڵەڕاوکێ، دڵتێکەڵهاتن، لەرزین ….
3. وەرگرتنى بڕى ماددەکە و ژمارەى جارەکانى زیاتر دەبێت لەوەى لە سەرەتادا وەریگرتووە.
4. ئارەزوى بەردەوام بۆ وەرگرتنى ماددەکە، نەبوونى تواناى زاڵبوون بەسەر خۆیدا بۆ ئەوەى ماددەکە وەرنەگرێت.
5. زۆربەى کاتەکانى خۆى لە گەڕان بە دواى ماددەکە و بەکارهێنانیدا بەسەر دەبات بۆ ڕزگار بوون لەو کاریگەرییەى لەسەرى دروست بووە..
6. دابڕان لە چالاکییە کۆمەڵایەتى و پیشەییەکان بەهۆى وەرگرتنى ماددە هۆشبەرەکانەوە.
7. بەردەوام بوون لەسەر وەرگرتنى ماددەکە لەگەڵ ئەوەى دەزانێت لەوانەیە کێشەى دەروونى و جەستەیى بۆ دروست بکات.

هۆکارەکانى بەکارهێنان و ئالودەبوون لەسەر ماددە هۆشبەرەکان:
o بەمەبەستى خۆشی وەرگرتن و کات بەسەربردن لەگەڵ هاوڕێکانى.
o بەمەبەستى ڕەواندنەوەى خەم و پەژارەکان، بەتایبەت ئەو کەسانەى حاڵەتى خەمۆکییان هەیە دەیانەوێت بەهۆى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان خۆیانى لێ ڕزگار بکەن.
o چاولێکەرى و لاسایکردنەوەى کەسانى تر بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە لە ناو خێزانەکەى خۆیدا بێت وەکو باوک و برا، یاخود لە دەرەوەى خێزان وەکو هاوڕێى و هۆکارەکانى راگەیاندن.
o کاریگەرى هاوڕێى خراپ، چونکە هاوڕێ بەشێوەى ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرى هەیە بەتایبەت لە قۆناغى هەرزەکارى. چونکە لەم تەمەنەدا ئەوەندەى ووتەى هاوڕێکانى وەردەگرێت نیو هێندە ئەوانەى دایک و باوکى وەرناگرێت.
o کاریگەرى گەڕەک و شوێنى نیشتەجێبوون، بەتایبەت ئەو گەڕەکانەى میللین، دوور و هەژارنشینن، دانیشتوانیان زۆرە.
o بوونى پارەى زۆر لەبەردەستى هەرزەکار و گەنجان بێ چاودێرى و لێپرسینەوە.
o بێکارى و نەبوونى هەلى کارکردن، چونکە دەبێتە هۆى دروستکردنى تەنگژە و فشارێکى زۆر.
o کارکردن لە تەمەنى منداڵى و دەستکەوتنى داهاتى تایبەت بە خۆیان.
o تێکەڵبوونى منداڵ و هەرزەکارى ئیشکەر بە کەسانى گەورە و ئیستغلال کردنیان.
o کڕین و فرۆشتنى ماددەکان لەلایەن منداڵ و هەرزەکارەوە وەکو جگەرە، ئەلکهول، دەرمان.
o هەڵوەشانى پەیوەندى خێزانى ، نەمانى هاوکارى نێوانیان، ململانێى بەردەوام ، جیابوونەوە.
o پەروەردەى خراپ و هەڵە، وەکو بەکارهێنانى توندوتیژى، پێنەدانى سۆز و خۆشەویستى، نەبوونى چاودێرى و ئاڕاستەکردنى ڕاست و دروست، نازپێدانى زۆر.
o لاوازى بیروباوەڕى ئاینى و پابەند نەبوون بە داب و نەریتە جوانەکانى کۆمەڵگە، چونکە دین هۆکارێکى کاریگەرە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى ماددەکان.
o بیروبۆچونى هەڵە دەربارەى ماددە هۆشبەرەکان وەکو خەم بیردەبەنەوە، جەستە بەهێز دەکەن، تواناى سێکسى زیاد دەکەن.
o کاریگەرى بۆماوە، هەندێک جۆرى کەسایەتى.

بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و کێشەى یاسایى:
بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانى تر ڕۆڵێکى گەورەیان هەیە لە ڕودانى تاوان و سەرپێچیکردنى یاسادا، لەبەرئەوەى لەکاتى بەکارهێنانى ماددەکاندا مێشک تواناى زاڵبوونى بەسەر هەڵوێستەکاندا لاواز دەبێت و ئەو مرۆڤە ناتوانێت کۆنترۆڵى هەڵسوکەوتى خۆى بکات وەکو سەرپێچیکردنى یاساى هاتوچۆ و ڕوداوەکانى ڕێگاوبان. هەروەها ئالودەبوون دەبێتە هۆى بێکارى و لاوازى بارى ئابورى، ئەمەش وا لەو کەسانە دەکات پەنا بەرنە بەر ئەنجامدانى کارى نایاسایى وەکو دزیکردن، لەشفرۆشى، بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تاکو بتوانن ئەو ماددەیان دەستکەوێت.

بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و کێشەى تەندروستى:
بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و ئالودەبوون پێیان مرۆڤ توشى چەندین کێشەى تەندروستى دەکەن، لەوانە گواستنەوەى نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانى وەکو ئەیدز(AIDS) و هەوکردنى جگەر و پێست بە تایبەت بە هۆى بەکارهێنانەوەى سرنجە پیسبووەکانى یەکتر. هەموو ساڵێک پتر لە دوو ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن بەهۆی ئەلکهولەوە، چونکە وەرگرتنی بەبڕی زۆر دەبێتە هۆى دروستبوونى کێشى خەفەکردنى سەنتەرى هەناسە لە مێشکدا و دروستکردنى کێشەکانى دڵ. لە سەرتاسەرى جیهاندا نزیکەى 10% ى سەرجەم نەخوشییەکان و بریندارییەکان (بەرکەوتنەکان)دەرئەنجامێکى ڕاستەوخۆی خراپ بەکارهێنانى ئەلکهولە لە هەر ساڵێک لە ساڵەکاندا.

بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و خۆکوشتن :
ئەگەرى خۆکوشتن شەش هێندە زیاترە لەنێو ئەو کەسانەى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانى تر بەکاردەهێنن بەراورد لەگەڵ ئەوانەى بەکارى ناهێنن.

زیانە جەستەییەکانى ئالودەبوون:
1. نەمانى ئارەزوى خواردن، ڕشانەوە و سکچوون، توشبوون بە نەخۆشییەکانى جگەر و پەنکریاس.
2. شەکەتى، تێکچوونى هاوسەنگى، کەمبوونەوەى تواناى ئەنجامدانى چالاکى.
3. نەبوونى تواناى ئیشکردن و بەردەوامى پێدانى.
4. دروست بوونى ئازار لە جومگەکان و پشتدا بە تایبەت پاش تەواو بوونى کاریگەرى ماددەکە.
5. خەوزڕانى درێژخایەن.
6. لاوازکردنى ڕژانى هۆڕمۆنە سێکسییەکان و ئەنجامدانى چالاکى سێکسى ، نەزۆکى.
7. هەوکردن و لەناوبردنى خانەکانى مێشک، ئەمەش دەبێتە هۆى لەبیرچونەوە .
8. توشبوون بە سنگە کوژێ و بەرزى پەستانى خوێن.
9. مردن بەهۆى ژەهراوى بوون بە ماددەکە یاخود بەهۆى یەکێک لەو نەخۆشیانەى دروستى دەکات.

زیانە دەروونییەکانى ئالودەبوون:
1. تێکچونى بیرکردنەوە، تەرکیزکردن، بڕیاردان و لەدەستدانى خۆکۆنترۆڵکردن.
2. دروستکردنى دڵەڕاوکێ، نائارامى بەردەوام، هەستکردن بە ناجێگیرى و توڕەبوون.
3. تێکچونى بارى سۆزدارى و مەزاج ، گۆڕانى کەسایەتى.
4. بێ هیوایى و ڕەشبینى لە ژیان، هەندێک جار دەگاتە خۆکوشتن.
5. دروستبوونى وەهم بەتایبەت وەهمى خیانەت (خانە گومانى).

زیانە کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانى ئالودەبوون:
1. گوێنەدان بە دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتیەکان وەکو درۆکردن، فڕوفێڵ، دزیکردن، قەرزکردن، شەرم نەکردن بەمەبەستى دەستکەوتنى ماددە هۆشبەرەکان
2. خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتى، پشت گوێخستنى ژیانى هاوسەرى و خێزان.
3. لەدەستدانى متمانە، دابڕان و کشانەوە لە کۆمەڵ.
4. ڕەش بینى لە ژیان و بێ هیوایى، هەندێک جار دەگاتە خۆکوشتن
5. دروستکردنى پەیوەندییەکانیان تەنها لەسەر بەرژەوەندى خۆیان و بەدەست هێنانى مادە هۆشبەرەکانە.
6. سەرنەکەوتن لەو کارانەى دەیانەوێت ئەنجامى بدەن.

چەند هەنگاوێک بۆ پاراستنى نەوەکان تاکو نەکەونە داوى مادە هۆشبەرەکانەوە:
ڕ. ئاستى خێزان:
خێزان یەکەم شوێنى بەرگرییە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى مەترسییەکانى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان. ئەرکەکانى خێزان:
1. دایک و باوک پێشەنگێکى باش بن و جیاوازى نەبێت لە نێوان گوفتار و کردارەکانیاندا.
2. پاراستنى کیانى خێزان لە هەڵوەشان و نەهێشتنى کێشە و ناکۆکییەکان لە بەردەم منداڵان.
3. بارێکى خێزانى وا بڕەخسێنرێت کە پڕبێت لە هێمنى و ئارامى و تێرکردنى پیویستییە دەروونى و مادییەکانى سەرجەم ئەندامەکانى.
4. دروستکردنى پەیوەندییەکى باش و نزیک لەگەڵ منداڵەکانیان و بەسەربردنى کاتى تایبەتى ڕۆژانە لەگەڵیان.
5. بە باشى گوێبگرن لە منداڵەکانیان، بزانن پێداویستییەکانیان چییە، ئەو شوێنانەى بۆى دەچن و لەگەڵ کێ و بۆچى دەچن وەکو قوتابخانە ، یاریگا ، گەڕەک.
6. بەکارهێنانى پەروەردەکردنێکى هاوسەنگ و دورکەوتنەوە لە شێوازە هەڵەکانى پەروەردەکردن وەکو گوێ پێنەدان، توندو تیژى، ڕێگەپێدانى زۆر.
7. کارنەکردن بە منداڵ بە تایبەت لەو شوێنانەى تێکەڵاون بە گەورە و دورن لە چاودێرى خێزان.
8. باسکردنى خراپى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییان لەسەر تەندروستى تاک و کۆمەڵگە.

ب. ئاستى حکومەت وکۆمەڵگە:
1. هۆشیارکردنەوە لەڕێگەى میدیاکان، ووتارى ئاینى، ئەنجامدانى کۆڕو سیمینار دەربارەى زیانەکانى بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان.
2. کەمکردنەوەی بەکارهێنان و بەرهەم هێنانى ماددە هۆشبەرە یاساییەکانى وەکو ئەلکهول لە ڕێگەى زیادکردنى باج.
3. دانانى چاودێریکردنى توند لەسەر فرۆشتنى ئەو دەرمانە پزیشکییانەى خەڵکى پێى ئالودە دەبن.
4. کاراکردنەوەى یاساى تایبەت بە ڕێگرتن لە بەکارهێنان و فرۆشتنى ئەلکهول لە خوار تەمەنى 18 ساڵەوە.
5. زیادکردنى چەند زانیارییەک بۆ پڕۆگرامەکانى خوێندن دەربارەى زیانە تەندروستى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکانى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان.
6. گرنگیدان بە گەنجان لە ڕێگەى دامەزراندن، پێدانى هەلى کارکردن، دابینکردنى شوێنى گونجاو بۆ کات بەسەربردن وەکو کردنەوەى یانەى وەرزشى.
7. نوسینى زیانەکان لەسەر ڕووى پاکەت و شوشەى ئەو ماددە هۆشبەرانەى کە یاساین

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان

بۆچوونەکان


« ئایا کۆنترۆڵت هه‌یه‌ به‌سه‌ر کۆنترۆڵی ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌تدا ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خۆشه‌ویستی ئه‌ندریایی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional