شوبات 7, 2008
بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانى تر
بهشی یهکهم
ئامادهکردنی:
ڕێکخراوی هارتلاند ئهلایهنس بۆ پێداویستی مرۆیی و مافی مرۆڤ
سلێمانی
بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان لە گرنگترین و ئاڵۆزترین کێشە تەندروستى و کۆمەڵایەتی و یاساییەکانن، ئەم کێشەیە کاردانەوەى سەلبى هەیە لەسەر ژیانى تاک و کۆمەڵگە. کێشەى ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشەیەکە لەسەر هەموو وڵاتانى جیهان، هیچ کۆمەڵگەیەک نابینیت بتوانیت بە ئاسودەیى و دوور لەم ماددانە ژیان بەسەربەرن، عێراقیش بەهۆى شوێنى جوگرافییەوە یەکێکە لەو وڵاتانەى بۆتە جێگایەى پێداتێپەڕین و بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان، بە بەڵگەى ئەوەى کە ئێستا ئاماژەدان بەم بابەتە لە نێو دەزگاکانى ڕاگەیاندندا بە شێوەیەکى دیار دەبینرێت، چ بە شێوەى هەواڵى دەستگیرکردنى فرۆشیار و بەکارهێنەران، یاخود بەشێوەى وتووێژکردن لەگەڵ کەسانى پسپۆر بە مەبەستى ڕۆشنبیرکردنى خەڵکى و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەى. ئێمەش لێرەدا دەمانەوێت هەندێک زانیارى زانستى زیاتر دەربارەى ئەو کێشەیە بخەینە بەردەست خوێنەران بە مەبەستى هۆشیارکردنەوەى سەرجەم چین و توێژەکانى کۆمەڵگە دەربارەى کاریگەرییە خراپەکانى بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان، ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ئەم ماددانە و یارمەتیدانى ئەو کەسانەى ئەم کێشەیان هەیە ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەر، هەروەها دەستبەکاربوونى حکومەت بە خێرایى بۆ کردنەوەى شوێنى تایبەت لە شارەکاندا بە مەبەستى چارەسەرکردنى ئالودەبووان .
بڵاوى ماددە هۆشبەرەکان :
سەرەڕاى ئاستى پێشکەوتنى وڵاتەکان، سەرژمێریى ڕاست و دروست نییە دەربارەى ژمارەى ئالودەبووان لە هیچ وڵاتێکى دنیادا، ئەویش بەهۆى سروشتى کۆمەڵایەتى و تاوانیى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن پێیان. بەپێى چەند ئامارێکى ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى (WHO) لە 136 وڵاتدا ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنرێت، هەندێک ئامار ئاماژە دەکەن بە هەبوونى نزیکەى 200 ملیۆن ئالودەبووى ئەم ماددانە لە سەرتاسەرى جیهاندا، زۆربەى بەکارهێنەرانیش چینى لاوانن.
بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان چۆن پەرەدەسەنێت ؟
سەرەتاى دەستپێکردنى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان بە گشتى لە تەمەنى هەرزەکایدایەو بەو ماددانە دەستپێدەکات کە یاسایین و بەربڵاون وەکو جگەرە و ئەلکهول، زۆربەى خەڵکى ڕۆژانە بەکاریان دەهێنن بێ ئەوەى بە ماددەى هۆشبەریان بزانن لەکاتێکدا ئەلکهول ماددەیەکى هۆشبەرە و کاریگەرییەکى بەهێزى هەیە لەسەر مێشک، دواتر پەرەدەسەنێت بۆ بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکانى تر وەکو تریاک، حەشیش، ئەفیون ، مۆرفین، کۆداین، کۆکاین، هەندێک لە دەرمانە پزیشکییەکان کە بەکاردێن بۆ هێمنکردنەوە، خەواندن، ئازارشکاندن. فێربوونى بەکارهێنانى ماددەکان بەم شێوازە کارێکى نامۆ نییە، لەبەرئەوەى لە زۆربەى شوێنەکاندا ئەو ماددانەى بە دەروازەى فێربوونى بەکارهێنان ناودەبرێن وەکو جگەرەو ئەلکهول زۆر بڵاو و بەردەستن. سەرەتاى بەکارهێنان بە بڕى کەم و ناڕێک لە جۆرێکى دیاریکراو لەم ماددانە دەستپێدەکات بەتایبەت لە بۆنەیەکى کۆمەڵایەتیدا، دواتر بڕى ماددەکە و ژمارەى بەکارهێنانى زیاد دەکات و دەبێتە شێوە بەکارهێنانێکى ڕێک و دیاریکراو، پاشان پەرەدەسەنێت لە یەک جۆر ماددەوە بۆ بەکارهێنانى چەند جۆرێک بە شێوەیەکى زیادەڕەوى تاکو دەگاتە ئاستى ئالودەبوون.
ماددەى هۆشبەر ( مخدرات ) چییە ؟
هەموو ماددەیەکى سروشتى و ئامادەکراوى کارگە دەگرێتەوە ، ئەگەر بەکاربهێنرێت بۆ مەبەستى نا پزیشکى و ببێتە هۆى حاڵەتى ڕاهاتن و ئالودەبوون کە زیان دەگەیەنێت بە تەندروستى دەروونى و جەستەیى تاک و کۆمەڵ وەکو حەشیش، هیرۆین، کۆکاین، ئەفیون، قات، ئەلکهول، دەرمانە پزیشکییەکان کە بەکاردێن بۆ هێمنکردنەوە، خەواندن، ئازارشکاندن، و تەنانەت بەنزین و بەرهەمە بەکارهێنراوەکانى ناو ماڵ کاتێک بەچەند ڕێگەیەکى تایبەتى بەکاردەهێنرێن.
جۆرى ماددە هۆشبەرەکان :
بەپێى بوونیان (سروشتیان) دەکرێن بە سێ بەشەوە :
• ماددە هۆشبەرە سروشتیەکان : ئەو ماددانەن کە راستەوخۆ لە ڕووەکەوە وەردەگیرێن و بەکاردەهێنرێن، جا ڕوەکەکە خۆڕسک بێت یاخود بچێنرێت، لەوانە: حەشیش ، ئەفیون، بانجو، کۆکا، قات، توتن.
• ماددە هۆشبەرە پاڵفتەکراوەکان: ئەو ماددە هۆشبەرانەن کە لە مەواد و درەختە سروشتییەکان وەردەگیرێن، بەڵام چڕیەکەیان زیاترە و کاریگەرترن لەسەر مرۆڤ، لەوانە : مۆرفین لە ماددەى ئەفیون وەردەگیرێت ، هیرۆین لە مۆرفین وەردەگیرێت، کۆداین لە ئەفیون وەردەگیرێت، کۆکاین لە گەڵاى کۆکا وەردەگیرێت.
• ماددە هۆشبەرە دروستکراوە کیمیاویەکان: ئەم ماددانە بەهۆى کارلێکردنى کیمیاویەوە بەرهەم دەهێنرێن و هەموو قۆناغەکانى دروستکردنیان لە کارگەدا بڕیوە، ماددە سروشتییەکانیان تێدا نییە، لەوانە : دەرمانە ئازارشکێنەکان وەکو پەسەدین، هێمنکەرەوەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، خەوێنەرەکان، چالاککەرەکان وەکو ئەمفیتامین، هەلوەسکارەکان وەکو LSD .
چەند پێناسەیەک:
بەکارهێنان Use: بریتییە لە بەکارهێنانى ماددەیەکى هۆشبەر بەشێوازێکى ناڕێک و دیارینەکراو بەمەبەستى خۆشى وەرگرتن یاخود دروستکردنى گۆڕانکارى لە مەزاج و بارى دەروونیدا ، بەڵام ناگاتە ئاستى ئالودەبوون لەسەر ماددەکە.
خراپ بەکارهێنانى ماددە (Substance Abuse):
بریتییە لە بەکارهێنانى ماددەیەک بۆ ئەو مەبەستانەى پزیشکى نین و لە ئەنجامدا کێشەى تەندروستى یان کۆمەڵایەتى لێدەکەوێتەوە یاخود بەردەوامبوونە لەسەر بەکارهێنانى ماددەیەک ، سەرەڕاى دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانى.
ئالودەبوون (Dependence) :
بریتییە لە کۆمەڵێک نیشانەى دەروونى و فکرى و ڕەفتارى کە پەرەدەستێنن پاش وەرگرتنى ماددەیەکى هۆشبەر بە شێوەیەکى دووبارەبوو، لەگەڵیدا ئەو کەسە ئارەزوییەکى بەهێزى هەیە بۆ دەستکەوتنى ماددەکە و زەحمەتە بتوانێت لە کاتى دیاریکراودا بەکارى نەهێنێت. سورە لەسەر بەردەوامى وەرگرتنى ماددەکە لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەحەتیانەى توشى دەبێت، وەرگرتنى ماددەکەى پێ گرنگترە لە هەموو چالاکییەکى تر.
دووجۆر ئالودەبوونمان هەیە (جەستەیی Physical) و (دەروونی Psychological). ئەو ماددانەى ئالودەبوونى جەستەییان زۆرە وەکو ئەفیونەکان لەوانە هیرۆین و مۆرفین، ڕاگرتنى ئەم ماددانە بە شێوەیەکى کتوپڕ دەبێتە هۆى دەرکەوتنى چەند نیشانەیەک وەکو باوێشکدانى زۆر ، لیک هاتنەخوارەوە بە دەمدا ، هاتنە خوارەوەى ئاو بە چاو و لوتدا ، سکچوون ، ڕشانەوە ، ئازارى قاچ ، … ئەو ماددانەى ئالودەبوونى دەروونیان زۆرە وەکو ( کافاین ) کە لە قاوەو چادا هەیە ، وەکو ماددەى ( قاتین ) کە لە قاتدا هەیە، وەکو ماددەى ( نیکۆتین ) لە توتندا هەیە و بڵاوترین ماددەیە لە جیهاندا کە دەبێتە هۆى ئالودەبوون. ڕاگرتنى کتوپڕى ئەم ماددانە دەبێتە هۆى نائارامى دەروونى و دڵەڕاوکێ.
ئاستەکانى بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانى تر:
لە هەر ئاستێکى بەکارهێناندا بیت ئەگەرى ئەوە هەیە بچیتە ئاستەکانى دواتر بەم شێوازەى خوارەوە:
• خۆگرتن Abstention- واتە ئەو کەسە لە هیچ هەلومەرجێکدا و بە هێچ جۆرێک ئەلکهول و ماددەى هۆشبەر بەکار ناهێنێت.
• تاقیکردنەوە Experimentation - وەکو تاقیکردنەوە بەکاریدەهێنێت بێ ئەوەى بەدوای ماددەکەدا بگەڕێت یاخود زوو زوو بەکاریبهێنێت.
• بەکارهێنان لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا: Social/Recreational Use – واتە بەشێوەى پچڕپچڕ دەگەڕێت بەدوای ماددەى هۆشبەر بێ ئەوەى بوبێتە شێوازێکى جێگیرو دووبارەبوو بەمەبەستى دروستکردنى گۆڕانکارى لە مەزاج و بارى دەروونیدا. ئەم کەسانە دەتوانن بەکاریبهێنن یاخود وازی لێبهێنن.
• خووپێوەگرتن Habituation - واتا بە شێوەیەکى دووبارەبوو بەکاریدەهێنێت بەبێ بوونى هیچ دەرئەنجامێکى گەورەى خراپ.
• خراپ بەکارهێنان Abuse - لەم ئاستەدا خەڵکی بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر سەرەڕای دەرئەنجامە خراپەکانیان و لە ئەنجامدا کێشەى تەندروستى و کۆمەڵایەتى لێدەکەوێتەوە..
• ئالودەبوون ( ڕاهاتن ) Dependence - لەم ئاستەدا خەڵکی بە ناچارى ماددەکە بەکاریدەهێنن و ناتوانن ڕایبگرن، هەروەها بەردەوامى بەکارهێنان دەبێتە هۆى تێکدانى بەشێکى سەرەکی ژیانیان.
چ کاتێک دەتوانیت بە کەسێک بڵێیت خراپ بەکارهێنەرى ماددەیەکە؟
بەپێى ڕێبەرى دەستنیشانکردنى نەخۆشییە دەروونییەکان Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders – fourth edition DSM-IV) َ(خراپ بەکارهێنانى ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکانى تر زۆربەى کات بەڕوونی دەردەکەون لەڕێی یەکێک یان زیاتر لەم دەرئەنجامانەى خوارەوە لەماوەى 12 مانگدا:
1. شکست هێنان لە بەئەنجام گەیاندنى ئەرکە سەرەکییەکانی سەرشانى لە شوێنى کار، قوتابخانە، یاخود ماڵەوە بەهۆی بەکارهێنانى ماددەکەوە، وەکو دووبارەبوونەوەى ئامادەنەبوون یاخود نزمى ئاستی کارکردن، فەرامۆشکردنى ماڵ و منداڵ، دەستکێشانەوە لە ئیش، یان دەرکردن لە قوتابخانە لەبەر ئەو هۆیانەى پەیوەندییان هەیە بە بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکانەوە.
2. دووبارەبوونەوەى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لەو حاڵەتانەى کە مەترسیدارن بۆ سەر جەستە، وەک لێخوڕینى ئوتوموبیل یاخود ئیشپێکردنى ئامێرێک کاتێک لەژێر کاریگەری خراپی ماددەکەدا دەبێت.
3. کێشە یاساییە پەیوەندیدارەکان بە دووبارەبوونەوەى بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان لەوانەش گرتن و بەندکردن بەهۆی توندوتیژی خێزانی یاخود ئەنجامدانی هەڵسوکەوتە ناڕێکەکانى پەیوەندیدار بە بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان.
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: مادە هۆشبەرەکان
« دهروونناسی کۆمهڵایهتی ( Social Psychology ) و ئهرک و کاریگهری زمان لهسهر ژیان و کهسێتی مرۆڤ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دهرخستنی هاوسۆزی لهچارهسهرکردنی دهروونیدا »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
