نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

له‌ په‌راوێزییه‌وه‌ بۆ مه‌رگ

ئاب 28, 2008

لەپەراوێزییەوە بۆ مەرگ

د. سابیر بۆکانی
ئەو دڵە چەند ڕەقەو ئەو بڕیارە چەند قورس و سەرسوڕهێنەرە کەوا لەمرۆڤێک دەکەن خۆی بکوژێت و کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت. سەرەڕای هەموو تابۆ ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئاکاری و یاساییەکان، کەچی ڕێژەی خۆکوشتن لەجیهاندا، بەپێی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO هەموو ڕۆژێک لەهەزار کەس تێدەپەڕێت، جگە لەژمارەیەکی مەزنتر، کە لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئایینی و خێڵەکی، بیانوویتری بۆ دەدۆزرێتەوە و بەفەرمی وەک خۆکوشتن ڕاناگەیەنرێن. خۆکوشتن بەو ماناو شێوەو ڕێژەیەی لەجیهاندا بڵاوە، بەرۆکی کۆمەڵگای کوردی نەگرتووە. لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی خۆکوشتن تێیاندا بەرزە (وەک هەنگاریاو ئەڵمانیاو سوید و نەمسا و دانیمارک و یابان، لەدوای ئەوانیشەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا) تا ژنێک خۆی دەکوژێت سێ پیاو بەفیشەک و زەهرو خۆهەڵدانەخوارەوە لەشوێنی بەرز خۆی کوشتووە. زۆربەی ئەوانەش کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن و بۆیان جێبەجێی ناکرێت ژنانن. لێرە خۆسوتاندن تاکە ڕێگەی خۆکوشتنە کە زیاتر ژنان ئەنجامی دەدەن ئەویش لەبەر ئەوەی ڕێگایتر نازانن یان بەدی ناکەن کەمەرگ تیایدا مسۆگەر بێت. لەوێ ئەو پیاوانەی خۆیان دەکوژن تەمەنیان زیاتر لەنێوان 65 - 85 ساڵاندایە. لێرە ئەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن گەنجن و تێکڕای تەمەنیان لە سی ساڵ کەمترە. لەوێ زیاتر خوێندەواری خاوەن بڕوانامەو شارنشینن، لێرە باگراوندنی کۆمەڵایەتییان گوندو شارۆچکەکانەو کەمیان لەڕووی خوێندەوارییەوە بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێناوە. لەوێ لەسەدا حەفتایان پێشتر هەوڵیتریان داوەو سەرکەوتوو نەبوون، یاخود بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی خۆکوشتنیان لەخێزان و کەسوکاریان کردووەو، ئاماژەیەکی لەوجۆرەیان بەکەسانی نزیکیان داوە. بەڵام لێرە زیاتر لەسەدا حەفتاو پێنجیان بەهیچ جۆرێک پێشتر هەوڵی خۆسوتاندیان نەداوە. ئەوانەش کە هەڕەشەی خۆسوتاندیان کردووە، لەلایەن کەسوکاریانەوە هەڕەشەکەیان بەهەند وەرنەگیراوەو بایەخیان پێنەداوە. لەوێ هۆکارەکەی نائومێدی و تەنهایی و دەستەوەستانی و ڕەشبینی تەواوەتییە لەپەیوەندییە تاکەکەسییەکاندا، لێرەش هۆکاری سەرەکی تایبەتە بەشووکردن و بەزۆر بەشوودانەوەو کەمجار لەو بازنەیە دەترازێت.
لەکۆمەڵگای ئێمەدا خۆسوتاندنی ژن، دەرئەنجامی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانەو کەسەکە لەوپەڕی ئاگاییدا بڕیارێکی لەو جۆرە دەدات و بەدەگمەن فاکتەری نائاگایی سایکۆلۆژیی لەپشتەوەیە. لەلێکدانەوەی خۆکوشتندا،  قوتابخانەی دەروون شیکاریی پێی وایە ئەو کەسەی لەڕابردووی قۆناغی منداڵیدا بایەخی پێنەدرابێ و فەرامۆش کرابێت یان لەکەسانی نزیکی دابڕابێت و بەو هۆیەوە شۆکی گەورەی بەرکەوتبێت، لەئێستایدا هەست بەتەنهایی و فەرامۆش کراوی دەکات و لەوبڕوایەدا پەیوەندی کەسێتی و خۆشەویستی تاسەر نییەو ڕۆژێک دادێت کۆتایی پێبێت. ئەو کەسە هەموو کاتێک لەچاوەڕوانی ئەو سات و ڕۆژەدایە کە نزیکترین و خۆشەویسترین کەسی لەبەچاو وون بێ و نەیبینێتەوە. ئینجا بۆئەوەی تووشی هەمان شۆک نەبێتەوە ئەمجارەیان خۆی دەستپێشخەرەو بەخۆکوشتن بڕیاری جیابوونەوەکە دەدات و دەیخاتە دۆخی جێبەجێکردنەوە. هەندێک لەزاناکانیتری سایکۆلۆژیا لەو بڕوایەدان هەموو خۆکوشتنێک پێشینەی هەیە، سەرەتا کەسەکە لەکەسانیتر دوور دەکەوێتەوەو هەموو بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆی خۆی دەکاتەوەو چیتر ملکەچی بەها ڕەسەنەکانی ژیان نابێت و دواجار کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت. حاڵەتەکانی خۆسوتاندن لای ئێمە وەکو پێویست، بەو لێکدانەوانە ڕاڤە ناکرێت. ڕەنگە ئەو راڤەکردنە سایکۆلۆژییە دروست و تەواو بێت کە پێیوایە خۆکوشتن لەو بێ ئومێدییە ڕاستەقینەیەوە یان چاوەڕوان کراوەوە سەرچاوە دەگرێت کە مرۆڤە سەبارەت بەکارو پیشەو هاوسەرێتی و خێزان و هاوڕێ و …تاد، لەگەڵیدا دەژی. کاتێک کەسەکە هیچ هیوایەکی نامێنێت و پەراوێز دەخرێت و شتێک نییە دڵی پێخۆش بکات، بیر لەمردن دەکاتەوە بڕیار دەدات خۆی بسوتێنێت تاکو ئەوانەی هۆکاری ئەو ڕەوشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی ئەون، هەتا ماون بەئازاری ویژدانەوە بتلێنەوەو هەست بەگوناه بکەن و لەخەم و ناسۆردا بژین، چونکە پێی وایە بەخۆسوتاندن تۆڵەیان لێدەکاتەوەو هاوکات دەبێتە بابەتێکی بایەخدار کەچیتر نەخرێتە پەراوێزەوەو هەردەم سەرنجی دەوروبەر ڕاکێشێت و بەزەییان بجوڵێنێت، بۆ ئەوەی وایان لێبکات هەتا لەژیاندا بن ئاسوودە نەبن.

لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌

بۆچوونەکان


« پێوه‌ری دڵه‌ڕاوکێی دواڕۆژ Future Anxiety Scale | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پرسه‌ و سه‌رخۆشی »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional