حوزهیران 24, 2008
سایکۆلۆژیاى هاتوچۆ Traffic psychology
د . سابیر بۆکانی
مامۆستای زانکۆی سلێمانی
کۆلیژی زانسته مرۆییهکان
سایکۆلۆژیاى هاتوچۆ یەکێکە لەبوارەکانى سایکۆلۆژیاى پراکتیکی و، بەهۆى پەرەسەندنى مەزن و فرارانەکانى ڕێگاوبانى شارو شارۆچکەکان و، قەرەباڵغى هاتوچۆوە هاتۆتەبوون. ئەمڕۆ لەبازرگانى کرین و فرۆشتنى هۆیەکانى گواستنەوەدا (فڕۆکەو ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرو کەشتى ) ساڵانە ملیارەها دۆلار تەرخان و خەرج دەکرێت. لەلایەکیترەوە ژمارەى قوربانییەکانى کارەساتى هاتوچۆ گەورەء سەرسوڕهێنەرن، جگە لەزیانە مادى و دەروونى و کۆمەڵایەتییەکانیشى زۆر زیاترو گەورەترن و بەئاسانى نایەنە پێوانەکردن.
توێژینەوەکانى سایکۆلۆژیاى هاتوچۆ زیاتر لەبوارەکانى کارەساتى ئۆتۆمبێل و هۆکارە سایکۆلۆژییەکانى و، مەرجەکانى شۆفێریى و کەسێتى شۆفێرو پەشێوییەکانى ئەو کەسێتیەیەو بەتایبەتیش لەکەسێتى فڕۆکەواندان، کەمتر بابەتەکانى پیادەو سوارىو هۆیەکانى گواستنەوە ، ئەو هۆکارە سایکۆلۆژیانەى کەرەسەکان لەیەکدى جیادەکاتەوەو، سایکۆلۆژیاى ڕەفتارى لێخوڕین ، ڕەفتارى پیادەو سواریى، توێژینەوەیان بۆ دەکرێت. زۆرجار لێکدانەوەى زاناکانى شیکارى دەروون بۆ هەڵەشەیى گەنجان لەلێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا، هەمان لێکدانەوەیە کە بۆ ئەنجامدانى ڕەفتارى سێکسى کردویانە. ئەوان بەلێخوڕینى ئۆتۆمبێل قەرەبووى سێکس دەکەنەوە. چونکە لێخوڕین هەستى کۆنترۆڵ و فەرمانڕەوایى و زاڵبوون تێردەکات. بۆ نمونە فڕۆکەوان بەدەست نیوڕۆسێسى فڕینەوە دەناڵێنێ، ئەم نەخۆشییەش جۆرە ترسێکە دەبێتە لەمپەر لەبەردەمى پڕۆسەى فڕیندا، لەوانەیە بەهۆیەوە توشى شەوکوێرى ببن. لەوانەشە ناوبەناو توشى ترسى ڕوناکییەکان ببنء ببێتە ڕێگر لەپڕۆسەى فڕیندا.
زاناکانى سایکۆلۆژیا بەپێى سیستمى مرۆڤى میکانیکى man- machine system(MMS) لەپەیوەندى نێوان شۆفێرو ماشێنەکەى دەکۆڵنەوەو، لەو پێناوەشدا چەندین ڕێگاو کەرەسەى وەک: دەستنیشانکردنى جوڵەى شۆفێرەکانء ڕاو بۆچونیان، کاردانەوەى پیادەو سواربوەکان، بەکاردەهێنن. چەندین ڕێگا هەیە بۆ تۆمارکردنى تێکڕاى قەرەباڵغىء وێنەگرتنء تۆمارکردنى دەنگیى: سەرجەم ئاماژە هەڵواسراوەکانى هاتوچۆ لەهەموو لایەکانەوە. زۆرجار لەتاقیگەکاندا هەڵوێستى دەستکردى ئەزموونى دەهێننە ئاراوە بۆ نیشانەکردنء لێکۆڵینەوەى هەندێک لایەنء بوارى تایبەت بەهاتوچۆ، وەک ڕەفتارو هەموارکردنى دیزاینى ماشێنەکانء چاککردنی کەموکورتیەکانیان. شایانى باسە لەئەنجامى توێژینەوە سایکۆلۆژییە پراکتیکیەکاندا ساڵانە دەیان چاککردن و گۆڕانکارى بەسەر دیزاینى شەقام و ئاماژەکانى هاتوچۆو کاریگەریى شێوەو ڕەنگ و ژمارەیاندا دێت تاکو لەگەڵ تواناى جوڵەیى و پەیبردنى مرۆڤدا بسازێنرێن.
پسپۆڕانى سایکۆلۆژیا گرنگى بەڕەفتارى لێخوڕین driving behaviour وپێکهاتە جوڵەییەکانىء پەیبردنى بینراوو بیستراوى بوارى لێخوڕینء، کاریگەرییەکانى قەرەباڵغىء پێشکەوتنء پەککەوتنى ئۆتۆمبیلەکان، دەدەن. قەرەباڵغى، نائارامىء پەستى بەدواى خۆیدا دەهێنێت، ڕاوەستان دەبێتە هۆى نائومێدى. لەم بارەیەوە چەندین توێژینەوە لەسەر ئاژەڵان کراوە بۆ دەستنیشانکردنى کاریگەریى پەستىء نائارامى کە دەرئەنجامى قەرەباڵغین. لەشارە گەورەکاندا کە قەرەباڵغى هاتوچۆى زۆرى تێدایە، شۆفێران زیاتر توشى برینداربوونى گەدەو هەرسکردن دەبن. هەروەها ژانەسەر (ئەو جۆرانەى کە هۆکارەکەى سایکۆلۆژییە) دەگەڕێتەوە بۆ نائومێدىء پەستى بەردەوام، کە لەقەرەباڵغىءبێزارىء دڵەڕاوکێى دواکەوتنەوە، پەیدا دەبن. لێخوڕین بەگشتى، فشارى دەروونى بەدواى خۆیدا دەهێنێت. ئەو شۆفێرانەى کە لەدواى ئۆتۆمبێلى دیکەوەن، حەزیان لەوەیە لەخێرایىء خاوکردنەوەو وەستاندا، شوێنپێى ئۆتۆمبێلەکانى پێشیانەوە هەڵبگرن. پەیوەندییەک لەنێوان پۆلیسى هاتوچۆو جۆرى ئۆتۆمبێلء شۆفێرى ئەو ئۆتۆمبێلانەدا هەیە. ڕەنگە مامەڵەى نەرمونیانى پۆلیسى هاتوچۆ لەگەڵ شۆفێرى ئۆتۆمبێلە کەشخەو مۆدێل بەرزەکاندا، بگەرێتەوە بۆ کاریگەریى ئەو شتەى کە پێیدەوترێت ( ڕۆڵى دیمەن یان کاریگەریى ڕوخسار)ء، لایەنگرىء ڕێزى چینایەتی لاى پۆلیسى هاتوچۆ بۆ شۆفێر یان خاوەنى ئۆتۆمبێلە کەشخەو مۆدێل بەرزەکە. بەو پێیەى لەلاى ئەو سومبولى چینایەتییەو وەڵامدانەوەى سایکۆلۆژیى تایبەت بەخۆى هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لەهەڵەشەیى ئەو گەنجانەى ئۆتۆمبێلى کەشخەو مۆدێل بەرزەیان پێیە، لەلایەن پۆلیسەکانى هاتوچۆوە ئاساییەو قبوڵ دەکرێت. بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ شۆفێرى تاکسى یان ئۆتۆمبێلى کۆن ، مۆدێل نزم ئاسایى نییەو قبوڵ ناکرێت.
دەڵێن بەکارهێنانى ڕەنگى سور بۆ وەستانى کتوپڕو خێرا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ڕەنگە سەرنج ڕاکێشەو مرۆڤ دەخاتە بارى هەڵچونەوە. بەڵام سەوز ڕەنگێکى هێمنەو هەڵچونى مرۆڤ خاو دەکاتەوەو دایدەبەزێنێت. پرتەقاڵیش کە لەنێوان هەردوو ڕەنگەکەى پێشودایە، ڕەنگێکە وا لەشوفێر دەکات بسلەَمێتەوەو خێرایى ئۆتۆمبێلەکەى هێواش بکاتەوەء بەملاو بەولادا بڕوانێتء خۆى لەڕووداو بپارێزێت. ئەم سآ ڕەنگە بەهۆى کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانیانەوە لەئاماژەکانى هاتوچۆدا پشتیان پێدەبەسترێت. هەروەها ڕەنگى سورو پرتەقاڵى بۆ لایتئاماژەکانى پشتەوەى ئۆتۆمبێل لەبەر هەمان هۆ بەکاردەهێنرێن تاکو هەمان کاریگەریى دەروونى لەلاى شۆفێرەکانى دواوە، بەوەستان بێت یان بەخاوکردنەوە، دروست بکات.
یەکێک لەمەرجەکانى لێخوڕین تواناى وەرگرتنى بوارى بینینء جێگیرکردنى پەیبردنى بینینە لەسەر شتە نزیکء دوورەکانء، پاشان بڕیاردانء چاونەترسى، ئەمانە ئەو ئەرکانەن کەوا لەشۆفێر دەکات هەندێجار بەناچارى بڕیارى پەلە بداتء یاخود لەپێناو ڕزگارکردنى ژیانى خۆىء کەسانیتردا سەرچڵى بکاتء، خۆى لەکارەساتى مسۆگەر دووربخاتەوە. ئەمەش پێویستى بە خێرایى جوڵە هەیە کە یەکێکە لەگرنگترین خێراییەکانى پەیبردن. ئاماژەکانى هاتوچۆو ڕێنمایىء شێوەى ڕێگاو ژمارەى ئۆتۆمبێلەکانء ڕێکوپێکى ڕەوتى پیادەو هەڵچونەکانى پۆلیسى هاتوچۆ، ئەمانە هەموو فشارگەلء پەستانى مێشکن mental load بۆ سەر شۆفێرء پێویستى بەئاستێکى زیرەکىء سەرنجدانء هاوسەنگى دەروونىء تواناى جوڵەو وەرگرتنى بڕیار هەیە. هەتا ئێستا توێژینەوە بۆ سایکۆلۆژیاى ئۆتۆجوڵە نەکراوە کە بەهۆى مەشقء ڕاهێنانى لێخورینەوە پەیدا دەبێتء لەخۆڕاو بەبآ مەبەستء سەرنجى شۆفێر ئەنجام دەدرێت. شۆفێر لەکاتى لێخوریندا لەگەڵ کەسێکیتردا دەدوێتء، هەندێجاریش دەخوێنێتەوەء یان شتێک دەخوات یان بەتەواوەتى گوێى لەبەرنامەیەکى ڕادیۆیى گرتوەو یاخود زۆر بەقوڵى بیر لەبابەتێک دەکاتەوە، یان بەمۆبایل لەگەڵ یەکێکدا دەدوێت.
لێخوڕین پرۆسەیەکە بەتێکڕایى سەرچڵىء چاونەترسییەء، مامەڵەکردن لەتەکیدا پشت بەچەشنى کەسێتى شۆفیرەکە دەبەستێت. توێژینەوەکان دەریانخستوە کە پەیوەندى لەنێوان کەسێتى شۆفێرو ڕوودانى کارەساتدا هەیە. لەوە دەچێت ئەو کەسێتیانە هەبێت کە ڕووداویان (بەڕووداوى هاتوچۆوە) لەدەست دەقەومێت. یان تواناء ئامادەگییەک هەبێت بۆ ڕووداوەکانء accident proneness وا لەهەندێ کەس بکات لەڕووى دەروونى و بایۆلۆژییەوە لایەنگربن بۆ ڕووداوو کارەسات. هەروەها دەرکەوتوە حەزیان بەدووبارەکردنەوەى ڕووداوەو دواتریش دەیگێڕنەوە بۆ داڵغەو لەیادچونء مێشکى جەنجاڵ. گومانى تێدا نییە کە پەیوەندییەکى تەواو لەنێوان نزمى ئاستى زیرەکىء قەوماندنى ڕووداودا هەیە. تێکڕاى ڕووداوەکانء بەتایبەتیش ڕووداوەکانى هاتوچۆ لەلاى ئەو کەسانەى کە ئاستى زیرەکییان نزمە، نزیکەى پێنج ئەوەندەى تێکڕاى ڕووداوەکانە بەبەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە ئاستى زیرەکییان بەرزە.
هەندێک لەشارەزایان هەوڵیانداوە نیشانەکانى ئەو کەسێتیانە دیارى بکەن کەزیاتر ئەگەرى قەوماندنى ڕووداویان لێچاوەڕوان دەکرێت. وەک چۆن نیشانەکانى بۆ کەسێتى شەڕانگێزو، کەسێتى سایکۆپاتی دیارى کراون. ئەو نیشانانەش کە بۆ ئەم کەسێتییانە دیارى کراون بریتین لە: هەڵەشەیىء، هەڵمەتبردنء، بیرکردنەوەى ساکارو ڕوکەشىء، هەنوکەیىء نێرگسیزم. ئەم کەسێتیانە بەوردى بەدواى دەرفەتێکى بچوکى هاتوچۆدا دەگەڕێن تاکو هەڵەیەکى گەورەى بەدوادا بهێنن.
هەندێک ڕووداوى هاتوچۆ بەڕێکەوت ڕوودەدات و هیچ گوناهێکى شۆفێرەکەى تێدا نییە. بۆ نمونە کاتێک ئۆتۆمبێلەکە بەخێراییەکى ڕێپێدراو بەشەقامێکدا تێدەپەڕێت، لەناکاو کەسێکى پیادە بەوێدا بپەڕێتەوە. ئەو شۆفێرانەى بەڕێکەوت ڕووداوى هاتوچۆیان لێقەوماوە، دواتر لەژێر کاریگەرى ترسء سڵەمینەوەو بەتەنگەوەهاتنء، کەمى بڕوا بەخۆبووندا، وایان لێدێت لەکاتى پێویستدا، بڕیارى گونجاویان بۆ نەدرێت، بۆیە سەرلەنوێ تووشى ڕووداوى دیکە دەبنەوە. ئامادەگى ئەو شۆفێرەى بەڕێکەوت تووشى ڕووداوى هاتوچۆ هاتووە بۆ ڕووداویتر لەئایندەدا، واى لێدەکات کەسێتیەکى لەبارو شیاو بێت بۆ قەوماندنى ڕووداویتر. هەندێک لەتوێژەرانى سایکۆلۆژیا لەو بڕوایەدان کە زەمینەى لەدەست قەومانى ڕووداو بەڕووداوى هاتوچۆشەوە، لەلاى هەموو کەسێک بوونى هەیە بەڵام بەپلەى جیاواز، واتا لەو بارەیەوە جیاوازى تاکێتى لەنێوانماندا هەیە. ئەم زەمینەیەش بەیەک دوورییەو ئەوەیە کە پێى دەڵێن ڕاستەهێڵى گەیەنراو.
ڕووداوى هاتوچۆ بەهۆکارى دەرەکىء، هۆکارى خۆیى (لەخودى شۆفێرەکەوە) ڕوودەدات. هۆکارە دەرەکییەکان وەک: نەبوونى توندوتۆڵى ئۆتۆمبێل، کۆنىء پەڕپوتى ئۆتۆمبێل، دژواریى ڕێگاوبان، لاوازى یان نەبوونى ڕوناکى پێویست، هەڵەشەیى کەسانى دیکە، نەبوونى هۆشیارى هاتوچۆ بەهۆى نەخوێندەوارىء یان نەبوونى ڕۆشنبیرییەوە، کاریگەری کەشوهەوا وەک بەرزى پلەى گەرما، هەموو ئەمانە ڕەوشى ژینگەیینء شوێنەوارى سایکۆلۆژى گەورە لاى شۆفێران بەجآ دەهێڵن. پێویستە بگوترێت لەبەرزى نرخى ئۆتۆمبێلەکان وا پێویست دەکات بایەخ بەڕاهێنانى شۆفێریش بدرێتء ڕەوشێکى واش بۆ لێخوڕین بهێنرێتە ئاراوە کە ڕووداوى تێدا ڕوونەدات. هەر شۆفێرێک بەپێى نیشانە جەستەیىء جوڵەیى و پەیبردنەکانى، بەشێوازێکى لێخوڕین ئاشنابووەو ڕاهاتووە.
ماندووبوون کارکردنى خراپ بەسەر شۆفێرى ئۆتۆمبێلى تایبەتء تاکسىء ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانەوە بەجێ دەهێڵێت. ماندووبوون بێزاریى بەدواى خۆیدا دەهێنێت هەروەک چۆن بێزاریى ماندووبوون بەدواى خۆیدا دەهێنێت. بێزاریى ئەو کاتە کارا دەبێت کە شۆفێر بەڕێگایەکى دوورى نەگۆڕى بێ دیمەن و ڕووداودا ڕێبکات. هەروەها تەمەن و ڕەگەزو ئەزموونیش کاریگەرى خۆیان هەیە. کەمى ئەزموون پەیوەندى بەتەمەنەوە هەیە، خاوى لەجوڵەو بیرکردنەوەدا لەگەڵ هەڵکشانى تەمەندا دێنە ئاراوە. ژنان زۆرترین ڕووداوى هاتوچۆیان لەدەست دەقەومێت بەتایبەتیش لەپێشء لەکاتى سوڕى مانگانەدا. ژن لەو ماوانەدا زۆرتر توڕە دەبێتء زیاتر داڵغە لێدەداتء شتى لەیاد دەچێتەوە. بەهۆى ئەو ناهاوسەنگییە دەروونىء فسیۆلۆژییەوە وایان لێدێت زووتر بێزارو ماندوو ببنء، سەرنجیان پەرشء بڵاو ببێتەوەء زیاتر توشى نائارامىء دڵەڕاوکێ دەبن. ئەمانەو سەرەڕاى چەشنى ژیانى کۆمەڵایەتى ئەو ژنانەى ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن کە زۆرجار ژنى ئیشکەرنء ئەمەش وایان لێدەکات لەپیاو ماندووتربنء سەربارى ئیشوکارى ماڵء خێزانء فەرمانگەکەی. توێژینەوە دەروونییەکان سەلماندوویانە، ڕەگەزى مآ زیاتر لەڕەگەزەکەتر توشى نیڕۆسێسى لیخوڕینى ئۆتۆمبێل دەبێت.
لەتوێژینەوەکانەوە دەرکەوتووە کە بارى میزاج کار لەپڕۆسەى لێخوڕین دەکاتء زۆرێک لەڕووداوەکانى هاتوچۆ لەبارى میزاجیی، دڵتەنگى زۆرو دڵخۆشى زۆردا، ڕوودەدات. یان لەتوڕەبوونء ترسدا. لەم بارە دەروونیانەدا سەرنج چڕناکرێتەوەء ئاراستەى بڕیاردان دەشێوێت. زاناکانى شیکارى دەروون پێیانوایە پەرچەکردارى سەرکێشى یان کەمتەرخەمى لەلێخوڕیندا، لەئارەزووى خۆکوشتنء، سزادانى خودو، ئازارگەیاندن بەخود یان کەسانیترەوە سەرچاوە دەگرێت. یاخود بۆ ئەو ئارەزووە شەڕانگێزییە دەگەڕێتەوە کە ئاراستەى خود یان کەسانى دى کراوە. لەوانەشە بگەڕێتەوە هەستکردن بەگوناهء ململانێء پاڵنەرى نەستى. هەڵەکردن لەلێخوڕینى ئۆتۆمبێلدا وەک هەر هەڵەیەکیترى بوارى کارکردن، هۆکارى سایکۆلۆژى هەستەئاگا و نەستى لەپشتەوەیەو، ناکرێت سەرپێییانە بۆ نەزانین و سەرچڵى و هەڵەشەیى بگێڕینەوە. بەلاى فرۆید ڕێکەوتى دەروونى نییەء، تەنانەت نەزانین و سەرچڵى و هەڵەشەیش کە ڕووداوى لێدەکەوێتەوە و کەسانیتر تووشى نەهامەتى دەکات، ئەمانە هەمووى حەتمییەتى سایکۆلۆژى لەشتەوەیە.
سەرچاوە:
د. عبدالمنعم الحفنی(1995) الموسوعە النفسیە: علم النفس فی حیاتنا الیومیە، مکتبە مدبولی، القاهرە، ێ 135-141
لەهاوپۆلی: لهكۆمهڵگهوه
« توێژینهوهی سۆسیۆسایکۆلۆژی/ ترس لهبیرکردنهوه و ڕهفتاری تاکی کورددا ئامادهیه | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | پرسیار و وهڵام لهسهر سێکس »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
