نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

خوێندنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژیانه‌ بۆ تیرۆر / به‌شی یه‌که‌م

فێبرایه‌ر 17, 2008

dr-danial.pngخوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ تیرۆر / به‌شی یه‌که‌م
نووسینی :
د.دانیال سەعدی حامد
پزیشکی دەروونی

پێشەکی:
مرۆڤ هەمان توڕەبوونی هەیە بەرامبەر بەو شتانەی بەدڵی نییە کە دەیانبینێت یان دەیانبیستێت وەک ئاژەڵ و بەهەمان شێوە زەبروزەنگ بەکاردەهێنێت کاتێک کە هێرش دەکرێتە سەری یان کاتێک تۆڵە دەکاتەوە کە هەندێک جار بەرامبەرەکەی ئەوەندە بەهێزە تەنها بەشێوەی ناڕاستەوخۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە و خەفەتی دەداتی، یان بە شێوەی ڕاستەوخۆتۆڵەی خۆیی لێ دەکاتەوە ……بەڵام مرۆڤ کۆنترۆڵی هەڵسوکەوتی دەکرێت لەلایەن بەشی پێشەوەی مێشک ،ئەوەی کە پێی دەوترێت هەست و نەست وئاگاو ویژدان ،ئەمانە بەیەکەوە پێکهاتەیەک دروست دەکەن لەمێشکی تاکدا توڕەبون و تۆڵەسەندنەوە و شەڕەنگێزی کەگۆڕانکاری و هونەری (تفنن)ی تێدا دەکرێت …
لەکۆنترۆڵ دەرچونی هەڵسوکەوت و توڕەبون و شەڕەنگێزی و هەڵەشەبون و هەڵچون و تیرۆرست بوون لە ژێر کاریگەری کۆمەڵە ڕێنماییەکی ئاینی و ئاراستەی ڕۆشنبیری وتیۆری کۆمەڵگەو باکگراوندی ئابوریو پەروەردەیی کەسەکە لە خێزان و کۆمەڵگەدا دەبێت….واتە پەیدابون و درووست بوونی تیرۆریست لە کارگەی خێزان ،کۆمەڵگە،دەوڵەتی کۆمەڵگەکەو ئاینی کەسەکە وئابوری خێزانەکەوە بەرهەم دەهێنرێت، هەرگیز لەسەر ئاسمانەوە تیرۆریست نابارێتە سەر زەوی هەرگیز زەوی تیرۆریست دەرناداتە سەر ڕوی خۆی ،بەڵام لە هەموو کات و شوێنێکیشدا هەبووە، کەواتە بۆ باسەکەمان دەبێت پێناسەی تیرۆرو تیرۆریست بکەین، دەبێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بدەینەوە بۆئەوەی تێ بگەین تیرۆرست چۆن بیردەکاتەوە؟بۆ کەسێک کەدەیەوێت ئامانجێک بێنێتە دی کەچی خۆی دەتەقێنێتەوە یان خۆی دەدات بە کوشت ،ڕۆڵی ئاین چییە لە دروست کردن و دروست نەکردنی تیرۆریست؟
ئەریک فرۆم(Erich From)دەڵێت :،پێناسەیەکی ڕون و ئاشکرا و گشتگیرمان نییە بۆ تیرۆرست کە نێو دەوڵەتی بێت و زۆربەی زاناکان (بەزانا موسوڵمانەکانیشەوە) لە سەری ڕێکبکەوین ،بەڵام بەگشتی تیرۆر بریتییە لە بەکارهێنان و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی دژی خەڵکی سیڤیل (مەدەنی)بۆ مەرامی سیاسی وە تیرۆریست ،ئەو کەسەیە کە کێشەیەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئابوری یان نەتەوەی یاخود ئایدۆلۆژیایەک دەقۆزێتەوە و بەکاریدەهێنێت وەک ئامانجێکی پاک و بێگەرد (هدف مقدس) و ئەو ڕێگەیەی کەباسمانکرد یان هەر ڕێگەیەکی نەشیاوی تر دەگرێتەبەر،! واتە تیرۆریست خاوەن پەیامە ،پەیامەکەی لەبنەڕەتدا پاک و ڕاستە کەلەوانەیە (نەتەوەیی ،ئاینیی وە لەناو ئایندا لەوانەیە پەیامی ڕێچکەیەکی(مەزهەب)ئەو ئاینە بێت)،بەڵام کەسەکە زیادەڕوی بکات لە خزمەتکردن لەو پەیامەدا …تیرۆر ئامرازێکە (وەسیلەیەکە) ،وە ئامێرێکە کەهەموو کەس دەتوانێت بەکاری بهێنێت ،واتە ،تۆ، ئێمە هەرکاتێک بمانەوێت دەبین بە تیرۆریست ئەگەر هەستاین بەکاری تیرۆریستی واتە ئەنجامدانی کارەکە یە کە ماناو سیمای کەسێتی (شخصیة)دیاری دەکات و دەیگۆڕێت ….
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ..ئایا کەسی تیرۆریست خاوەن کەسایەتی نۆرمەڵە ؟ئایا توشی تێکچونی کەسێتی (personality disorder) نەبووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆربەی زاناکانی بواری سایکۆلۆژیا لەو باوەڕەدان کە تیرۆریست خاوەن کەسایەتی نۆرمەڵەو نەخۆشی دەروونی نییە ،ئەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵتی یە کە وا مرۆڤایەتی بەرەو تیرۆریزم دەبات .
فاکتەرەکانی پەیدابوونی تیرۆر:
هەموو کات تیرۆر پێویست بە باکگراوندێکی عەقیدیی ناکات ،جاری واهەیە تەنها هۆکاری ئابوری پاڵپێوەنەرەکانی بوووون بۆ تیرۆریستیی لەم سەردەمەداو لەم عێراقەدا کە بوین بە جێگەی لاقیرتەی هەموو جیهان ڕووداوی سەیرو سەمەرە دەبیستین کە هەمویان کاری تێکدەرانەو تیرۆریستانەیە ،بەڵام پاڵپێوەنەرەکان زۆر بە سانایی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت !!!
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکی شیعەم ڕوداوێکی سەیرو هەزەلی بۆ گێڕامەوە ئەگەر لە فیلمدا یان لە هەر ووڵاتێکی تر جگە لە عێراق بمبیستایە باوەڕم نەدەکرد، ووتی ،کەسێک لە بغداد دایکی توشی ئازارێک لە پشتدا دەبێت،پشتوێنێکی بۆ دێنێتە ماڵەوە دەڵێت ڕۆشتم بۆلای پزیشکی جومگەو ئێسقان و لە بارەی ئازارە کەت پرسیارم لێکرد ئەویش ئەم پشتوێنەی بۆ ئازارەکەت نوسیوە پێی ووت :دایکە بەکاریبێنە با هەموو کات لە پشتتدا بێت،لەو کاتەشدا یادی زیارەتی گۆڕی ئیمام موسای کازم دەبێت لە بغداد ،لەگەڵ دایکی دەڕوات بۆ زیارەت و پێی دەڵێت دایکە تۆ لە پێشەوە بڕۆ دایکەکەش دەڕوات و سواری پاس دەبێت لە پاسەکەدا لێی دەپرسن بۆ وا ناڕەحەتیت و دەستت بە پشتەوە گرتووە ،دەڵێت توشی فەقەرات بووم کوڕەکەشم پشتوێنێکی بۆ هێناوم بۆ ئەم ئازارەم کە چی زۆر قورسە ئەوەندەی تر ناڕەحەتی کردوم ،لێی دەکەونە گومان کاتێک پۆلیس بانگدەکەن و دەیپشکنن دەبینن پشتوێنەکە (T.N.T)یە و کوڕکەی ویستبوی لە قەرەباڵغیدا بە کۆنترۆڵ بیتەقێنێتەوە!!!!!!
باشە با لێرەدا هەڵوەستەیەک بکەین :،ئەو کوڕە شیعەیە و تەقینەوە لەناو مەرقەدێکی یەکێک لە ئیمامە بەرزەکانی شیعەدا دەکات و هەموو زییارەتکەرانیش شیعەن وە دایکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ مەرامەکەی …!!!!!پاش لێکۆڵینەوەش دەرکەوتووە کە لە بەرامبەر (20000)بیست هەزار دۆلار ئەمەی کردووە!!!!!ئەمە ئەوە دەردەخات کە بەرژەوەندییە ئابورییەکان یەکێکە لە فاکتەرو پاڵپێوەنەرە گرنگەکانی بوون بە تیرۆریستن. ،
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە ئەو ناوچانەی گەشەسەندنی ئابوری تیادا بەخۆوە دەبینێت و کەس بێکارنییە و توانای ئابوری کەسەکان بەرزە بیر لە کاری تیرۆریستی ناکەنەوە ،لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەی باشە گەنجی سعودی لەچییان کەمە کە کاری تیرۆریستی ئەنجامدەدەن؟؟؟ .
یەکێکی تر لە فاکتەرەکان ؛نامۆ بوونی مرۆڤە بەخۆی ،کەدەبێتە هۆی دروست بوونی بیری وێرانکەری و تێکدەرانە لەناو مێشکیدا،نامۆ بوونی مرۆڤ یەکۆمەڵگەکەی بە خودی خۆی بیری عەبەسیەت ی لادروست دەکات ئەگەرچی خۆی بە پەیڕوی تەواو ترین ڕێچکەی ئاین بزانێت!!!
هەستکردن بە ژێردەستەیی و چەوساندنەوەو کۆنترۆڵکردن یەکێکی ترە لە فاکتەرەکان ودروست کردنی بیری تۆڵەسەندنەوە ،کاتێک کە ئازادی بیروڕاو جوڵە لە کەسێک زەوت و سنوردار دەکرێت ئەوا ڕق و کینە لە دڵیدا دروست دەبێت بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی کە ئەو هەڵوێستەیان لە بەرامبەردا نوواندووە، ئەو ڕقە ش پەرە دەسێنێت لە مێشک وهزری کەسەکاندا بۆ تۆڵە سەندنەوە ،ئەگەر تۆڵەسەندنەوەکە چوارچێوە نەکێشرا بە ئاگایی و ویژدان و هۆشمەندی ئەوا دەڕوات بەرەو لای بیری تیرۆریستیدا،ئەوکاتە ئەو مرۆڤە لە بونەوەرێکی داهێنەرانە وە (مبدع ومنتج) دەبێ بە بونەوەرێکی کاولکەر (مخرب و مدمر)وە ئەو مرۆڤە ئەگەر دەربڕینەکەشی ڕێی لێگیراو نەیتوانی دەریببڕی ،ئەو کات حەز لە مەرگی خۆی دەکات وە بیری خۆکوژی (الانتحار suicide) دێت بە مێشکیدا،چونکە ئەو کەسە ئیتر ناتوانیت بەرەنگاری ژیان و پێداویستی ژیان ببێتەوە .
هەست بە مەزڵومیەت کردن و فێڵەکانی ژیان و غەدری زەمانە وادەکات کەسەکە هەمیشە بە دوای تۆڵەدا بگەڕێت،بۆ نمونە هەنێک ڕێچکەی ئاینی و ئایدۆلۆژیای حیزبی هەیە کە لەسەر ئەوە ئەندامەکان ولایەنگرانی خۆیان پێی دەگەیەنێت کە هەست بە مەزڵومیەت بکەن بە ناشرینترین شێوە بیری تۆڵە سەندنەوەیان لادروست دەکەن ، چونکە دڵسۆزترین ئەندام ئەوەیە کە زۆر ترین و زیاترین هەستی تۆڵە سەندنەوەی هەیە، هەمیشە لەسەر پێیە بۆ لەناوبردنی ئەو شتەی کە مەبەستیەتی (بەشێوەی زارەکی وەک جنێو هێرشی فیزیایی وەک لێدان وکوشتنی ءیتر بە هەرشێوەیەک ببێت)……
تیرۆر لەو ووڵاتانە زۆرە کە کە لە ڕووی ئابورییەوە لاوازە وەک ئەفغانستان ،یەمەن ،فەلەستین….،بەڵام گەر بەو پێیەبووایە دەبوایە هەموو دانیشتوانی کیشوەری ئەفریقیا تیرۆریست بونایە!!! ڕایەک هەیە دەڵێت: دەشێت لەوێ تیرۆریست هەبێت چونکە نە زەمینە لەبارەو نە خۆراکیش (تاکە کەسی ) هەیە ،یان تیرۆریست هەیە لەوێ بەڵام زیاتر لەسەر ئاستی تاکەکەس یان زۆر باو بووە لەسەر ئاستی خێڵ (قبیلە)وە ڕایەکی تر هەیە دەڵێ لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گەورە دەکرێت (بە مەبەست) و کێچێک دەکرێت بە گا ،چونکە لەو وڵاتانەدا دەزگا گەورە کانی ڕاگەیاندنەکانی جیهان مەبەستیانە. !!کەسەکانی ئەم وڵاتانە(کە یرۆروتیرۆریست زۆرە تیایاندا) چانسی ژیانیان کەمترە ،لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژین بەڵام ئەوان وا نین !!!جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هاوڵاتیاندا دەکرێت ،هاوڵاتیان پلەیان هەیە بەپێی نزیکی لە دەسەڵاتەوە ماف دەدرێت بەهاوڵاتی نەک بەپێی هاوڵاتی بون و هاو نیشتمانیتی بوون!!!! ،هەندیک کەسیش هەر لە پێوەرە کەدا نییەو ئەوانیش هیچ چارەو ڕێگەیەکیان بۆ نامێنێتەوە تەنها ڕێگەی ڕەفزکردنی هەرشتێک کە کە پەیوەندی بە دەسەڵات و حیزبی دەسەڵاتدارو دەستەی ڕژێم نەبێت !!!!
لێرەدا باباسی هەندێک گەورە ناودارەکانی جیهان بکەین کە بە تیرۆریست دەناسرێن،:ئوسامە بن لادن ئەندازیاری بینا سازی و ملیاردێرە،د.ئەیمەن زەواهیری کە پزیشکی چاوەو سەرکەوتوش بووە لە بوارەکەیدا،محەمەد عتا خوێندکاری دکتورا بووەو باری ئابوری زۆر باش بووە ،کە ئەمانە دەبینم خاوەن ئابوری باش و بڕوانامەی بەرزیان هەبووە ،گومانی باری ئابووری لاواز بەهێز دەبێت..
ڕێکخراوی (Badden Wenhoff)ی ئەڵمانیا و لە ئەمریکاش(Weather Under Gronnd) کە لەناو دوو کۆمەڵگەی بەرزو ڕاقیدا درووست بوون …بوونی ئەمانە ئەو گریمانەی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیارێکی جددیو محرجەوە ،چونکە ئێمە ووتمان فاکتەری ئاین یەکێکی ترە لە پاڵپێوەنەرەکان کە بەڕای من ئەوە بەدحاڵی بوونی تەواوە لە ئاین و چەمکەکانی ئەوەش توند ڕەو بوونی بیروکردار دروست دەکات ،کە بەزۆری توند ڕەوبوونی بیر پێش توندڕەو بوونی کردارەو پاشان بەیەکەوە بەرجەستە دەبن لە کەسەکەدا دەبێت بە تیرۆریست.
ئاین بۆ ڕێکخستنی کارو باری ژیان و چاککردنی پویوەندی کەسەکانە لە نێوان خۆیاندا هاتوون، چەقی بونەوەر و ئاین و فەلسەفەی فەیلەسوفەکان بریتییە لە مرۆڤ و خۆشگوزەرانی مرۆڤ ،لادان لەم مەبەستە بەهەر بیانوویەک لادانە لە ڕۆحی ئاین ،بەڵام تەفسیرەکانی مرۆڤ بۆ چەمکی سەرەکی ئاین (کە بریتییە لە لەو کتێبە پیرۆزانەی کە لەگەڵ هەر ئاینێکدا کە هاتوون وەک قورئان وتەورات وئینجیل)گۆڕانکاری تێدا بووەو کەوتۆتە ژێر کاریگەری کەسەکانەوە ئەمەش زیادە ڕەوی و شلگیری درووست کردووە (افراگ و تفریگ).
بۆ نمونە دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکی ئاینییە ،بگرە بۆ جێ بەجێ کردنی بڕگەیەک لە (تەورات) پێکهێنراوە …مەسیحیەت مێژووەکەی زۆرێک لەم لادانەی تێدایە بەدرێژایی 2008سالی ڕابردوی خۆی ،،وە ئیسلام کەمترین ئەم پریشکی زیادە ڕەویەی بەرکەوتووە و بێ بەش نەبووە لەم لادانە هەر لە سەردەمی خەواریجەکان تا ئەمڕۆ !!!
ئاینە کەدەتوانێت لە کەمترین ماوەدا بیری (خۆبەکوشتدان)لە لای مرۆڤەکان دروست بکات …لەمەدا پیاوانی ئاینی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن،زیاتر گرنگی یان بە تۆڵە سەندنەوە داوەو ڕق وکینە دروست دەکەن لەلای ئەندامەکانیان و شوێنکەوتوانیان،ئەمەش ڕەها نییە !!!کەمتر باس لە بەخشندەیی و مهرەبانی و خۆشەویستی دەکەن ،دروست کردنی هەستی مەزڵومیەت ،خولقاندنی وێنەی زاڵمێکی ناشیرین و بێ مۆراڵ و بی پیرۆزی لە مێشکی لایەنگرانیاندا ،ئەمیرەکانیان واقسەدەکەن و ڕەفتاردەکەن وا تەوجیە دەدەن و فێری شوێنکەوتوانی خۆیان دەکەن کە ئەوان (مغدورو ماف خوراون ) ئەوەش پێویستی بە تۆڵە سەندنەوەیە !!!.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئەوە بڵێین کە تەفسیری ئەمیر بۆ چەمکە سەرەکیەکانی ئاین کراوە بەلێکدانەوەی پێغەمبەر بگرە زیاتر بۆ ئەو چەمکە سەرەکییە و کراوە بە چەمکی سەرەکی ئاین وەک ئەوەی لێکدانەوەی مەلا عومەری تالیبان بۆ هەندیک مەسەلەی دینی و دنیایی لەلای لایەنگرانی خۆی لەپێش لێکدانەوەی پێغەمبەر (د.خ)ەو لەریزی قورئاندایە !!لەبەر ئەوە زۆر ئاسانە تەوجیهاتی ئەو و ئوسامە بن لادن لەلای لایەنگرانیان بیری خۆ بەکوشتدان(الانتحار) و وێرانکاری درووست بکات

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌

بۆچوونەکان


« سێکس له‌مرۆڤدا | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ته‌کنیکێکی یۆگا بۆ ئارام بوونه‌وه‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional