نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

خێزانی ته‌ندروست Healthy Family

شوبات 15, 2008

muhamad-aziz.jpgخێزانى تەندروست
Healthy Family
نووسینی : محه‌مه‌د عه‌زیز ڕه‌حیم
زانکۆی کۆیه‌ / کۆلیژی زانسته‌ مرۆییه‌کان
به‌شی ده‌روونزانی
muhamadaziz@yahoo.com

خێزان ئەو دامەزراوەیەیە کە بەسەرەتا و بناغە داڕێژەرى کۆمەڵگە دادەنرێت و بریتییە لەو چوارچێوەیەى کە دەبێتە پەناگەیەکى ئارام بۆ کۆمەڵێَک ئەندامى زۆر لێکنزیک ، کە لە چەندین ڕووى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و دەروونییەوە کاریگەر دەبن بەیەکترى . هەر لەم دامەزراوەیەشدا منداڵ گەشەدەکات و توانا کۆمەڵایەتییەکان و هەست وسۆز لەلاى درووست دەبێت و ئاڕاستە دەکرێن ، پەیوەندى نێوان ئەندامانى خێزان وادەکات بەشێوەیەکى خۆڕسک کاریگەرییەکى گەورە و گرنگ لەڕووى پەروەردەیى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و ڕەوشتییەوە لەسەر یەک دابنێن .
هەر لەبەرئەوەشە کاتێک منداڵ هەستیکرد ویستراو و خۆشەویستە و گرنگى پێدەدرێت و لێیتێدەگەن و لەچارەسەرى گرفتەکانیدا لەلایەن ئەندامانى خێزانەکەیەوە یارمەتى دەدرێت دەتوانێت پەرە بەلێهاتووییەکانى بدات و هەڵسەنگاندنێکى بەرزى بۆ خودى خۆى هەبێت و تەندرووستى دەروونى و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى لەئاستێکى بەرز و باشدابن .
بۆیە پێوییستە تاکەکانى خێزان بەتایبەتى ئەو ئەندامانەى کە بە پەروەردەکەر و ئاڕاستەکەر و ڕێنوێنیکەرى خێزان دادەنرێن بەشێوەیەکى تەندروست و هاوچەرخ و زانستیانە هەڵسوکەوت بکەن و بە ئەرکە پەروەردەییەکانیان هەستن ، لێرەشدا کۆمەڵێک خاڵى گرنگ و پێویست دەخەینە بەرچاو کە لەڕووى دەروونییەوە بەبناغە و بنەماى خێزانى تەندروست دادەنرێن.

1. هاوکاریکردنى یەکترى: Mutual Support
هاوکاریکردنى یەکترى لەنێوان تاکەکانى خێزاندا گرنگییەکى تایبەتى هەیە و کاتێک دەتوانین خوى پێوە بگرین و ببێت بەبەشێک لە ژیانمان کەواى دابنێین کاتێک هاوکارى ئەویتر دەکەین واتا هاوکارى خۆمان کردووە ، چونکە هەموو ئەوانەى هاوکاریان دەکەین چ منداڵ بێت یاخود هەر ئەندامێکى دیکەى خێزان و کۆمەڵگە ئەوا لە داهاتوودا گیانى یارمەتى تێدا درووست دەبێت وئەبێتە بەشێک لە کارەکتەرى ئەو ، ئەو کات هەم خۆمان و هەم بەرامبەرەکەشمان لەکەشێکى دەروون ئارام و شادى بەخشدا دەژین .

2. ڕێزگرتنى یەکترى لەجیاوازى بیروبۆچوندا :Respect For Individual Differences
ئەوەى بەڵگە نەویستە ئەوەیە کە هەر تاکێکى کۆمەڵگە منداڵ بێت یان گەورە خاوەنى حەزو و خولیا و تێڕوانین و هەڵسوکەوتى تایبەت بەخۆیەتى ، واتە هەرکەسە و خاوەنى کەسایەتییەکى سەربەخۆى خۆیەتى کە جیاوازە لە کەسەکانى دیکه . یاخود ئەتوانین بڵێین تاکەکان جیاوازن لە ئاستى زیرەکیان و جوانیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و ………..هتد .
پێویستە لەسەر دایکان و باوکان کە ڕێزى ئەو جیاوازییانە بگرن و جیاوازیى نەکەن لەتێڕوانیننیان بۆ منداڵەکانیان ، تاکو ئەم جیاوازییکردنەى ئەوان نەبێتە هۆى درووستکردنى گیانى ڕق و قین لەنێوان منداڵەکانیاندا ، یاخود ببێتە کەمبونى هەستى خۆشویستنى دایک و باوک لەلاى منداڵ یان نەمانى ئەو هەستى خۆشەویستییە.

3. چارەسەرکردنى کێشەکان بە نەرموونیانى: Flexible Problem Solving
نەرمونیانى و لەسەر خۆیى کلیلى کردنەوەى زۆربەى کێشە و گرفتەکانە و زەمینەیەکى گونجاو دەڕەخسێنێت بۆئەوەى بەهێواشى لەسەر کێشەکان بدوێین ، چونکە ئەوکاتەى دایکان و باوکان بەشێوەیەکى ڕەق و تووندوتیژ مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەکەن و شێوازى ئازاردان و شکاندن بەکاردەهێنن ، وا لەمنداڵەکانیان دەکەن سوور تربن لەسەر دووبارەکردنەوەى هەڵەکانیان و هانیاندەدەن لاسایى بکەنەوە و لەچارەسەرى کێشەکانیاندا هەمان شێوازى ئەوان پەیڕەوبکەن لەگەڵ منداڵانى لەخۆیان بچوکتر ، لەداهاتووشدا پەنا بەرنەبەر بەکارهێنانى توندوو تیژى و قسەى بریندارکەر و وەرگرتنى هەڵوێستى ڕەق بەرامبەر ئەوانى دیکە.

4 پەیوەندى کراوە: Open Communication
پێویستە لە ناوخێزاندا زۆر بەکراوەیى لەگەڵ منداڵدا بدوێین و ڕێگە بەمنداڵ بدرێت بیروبۆچون و هەستەکانى خۆى دەرببڕێت و هیچ شتێک لە دایک و باوکى نەشارێتەوە ، هەرلەبەر ئەمەشە ئەم منداڵانە لە گەورەییاندا دەتوانن زۆر بەراِشکاوانە و ئازایانە قسە بکەن و بۆچوونى خۆیان دەرببڕن ، بەڵام ئەگەر ڕێگە نەدەین منداڵ بەسەربەستى و ئازادانە بدوێت و بیروبۆچونەکانى دەرببڕێت ئەوا درۆ لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکات و لە گەورەیشدا کەسایەتییەکى شەرمن و گۆشەگیرى دەبێت ، لەوانەشە ڕێگەنەدان بەقسەکردن و فشار خستنە سەر منداڵ وایلێبکات تووشى نەخۆشى دەروونى جەستەیى ببێت کە هۆکارەکەیشى بریتى دەبێت لەسەرکوتکردن و ڕێگەندانى لەدەربڕین و قسەکردن لەسەر کێشەو داواکارییەکانى .

5. ڕۆڵى ئاشکرا : Clear Roles
پێویستە لەناو خێزاندا ڕۆڵەکان بەشێوەیەکى ئاشکرا دیارىکرابن لە بچوکترین منداڵ تاکو دایک و باوک، بۆ ئەوەى هەموو ئەندامێکى خێزان بەرچاوڕونبێت و ئەرکەکانى بە باشى ئەنجامبدات. نەبوونى ئاشکرایى ڕۆڵەکان سەرچاوەیە بۆ دروستکردنى کێشەى خێزان، لێپرسینەوە و سەرزەنشتکردنى نەگونجاو، ئەنجامنەدانى ئەرکەکانى ناو ماڵ، …
گەورەترین دەستکەوتەکانى بوونى ڕۆڵ بۆ هەرئەندامێک لە خێزاندا بریتییە لە هەستکرن بە بوون و بەهاى خود، هەستکردن بە ئینتما، هەستى بەشدارىکردن،…

6. یاساکان جێگیربن :Consistent Rules
پێویستە لەسەر دایکان و باوکان یاساکانیان بەشێوەیەکى ڕوون و ئاشکرا بۆ منداڵەکانیان بەیانبکەن و تێیان بگەیەنن کەچ شتێک ئەرکى ئەوە و چ شتێک ڕێگەى پێدراوە بیکات و بەپێچەوانەشەوە ، هەروەها ئەم یاسایانە دەبێت بارێکى جێگییریان هەبێت و دایک وباوک هاوڕاو کۆکبن لەسەرى و نابێت ئەم یاسایانە دووڕوییان هەبێت بەشێوەیەک کارێک جارێک سزاى لەسەربێت و بەڵام هەمان کار جارێکیدیکە ئاسایى بێت چونکە بەم شێوەیە منداڵ لێیان تێناگات و فێر نابێت بۆ نموونە هەڵەیە لەسەر ڕەفتارێکى منداڵ جارى یەکەم پێبکەنین و جارێکى
تر لەسەر هەمان ڕەفتار لێیبدەین یاخود لێى توڕەببین .

7. گوێزانەوەى بەهاکان : Transmit Values
فێرکردنى بەها کۆمەڵایەتییەکان بەنرخکردنى لاى منداڵان پێویستە بەشێوەیەکى وانەبێت کە منداڵ هەست بکات ئەو بەهایانەى بەسەردا دەسەپێنرێت ، کاتێک بمانەوێت منداڵ پەروەردە بکەین لەسەر بەها کان جا ڕەوشتییبن یان ئایینى پێویستە لەسەر دایک و باوک سۆز و خۆشەویستى خۆیان بۆ منداڵەکانیان دەرببڕن لەم ڕێگەیەوە بتوانن کار لەهەڵس و کەوتیان بکەن تاکو ئەو بەها یانەى کە دەیانەوێت لەمنداڵەکەدا بیڕوێنن و سەرکەوتوبێت مناڵەکەش وەریبگرێت و ببێت بەبەشێک لەژیانى .

هەموو ئەم خاڵانەى کە باسمان کردن کۆمەڵێک لایەنى گرنگى سایکۆلۆژیین وپەیوەندیان هەیە بە پەروەردەکردن و مامەڵە کردن لەگەڵ منداڵدا بەشێوەیەکى درووست ، بنیاتنانى خێزانێکى تەندرووست واتاى پێکهێنانى کۆمەڵگەیەکى خاوەن ئاسایش و ئارام .
هەرئەمەشە وامان لێدەکات کەگرنگى زیاتر بدەین بەسایکۆلۆژیا چونکە هەمووى پاڵنەرە دەروونییەکانن کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ هەیەو کەسێتى و بەها و ڕەشەوشتەکانى دیارى دەکەن .بۆیە پێویست لەسەرمان بە شێوەیەکى زانستیانە و بەردەوام بۆ هەرشتێک کەپەیوەندى بەکار و چالاکى و بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى بەحتەوەر و ئارامەوە هەبێت بگەڕێینەوە سەربنەماکانى دەروونناسى و شیکردنەوەکانى . تاکو لە ئاییندەدا بتوانین کۆمەڵگەیەکى ئارام و دوور لە توندوتیژى بنیاتبنێین .

ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی
www.derunnasy.com

لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌

بۆچوونەکان


« سایکۆلۆژیای گه‌نده‌ڵی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | سێکس له‌مرۆڤدا »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional