شوبات 12, 2008
ژن لە دیدى یۆگاوە
نووسینی :یۆگی / هاوبیر کامەران
(مامۆستاى کۆمەڵەى هونەرى یۆگا-سلێمانى)
پێش (5000) ساڵ لەمەوبەرو لە دۆڵى (سند) شارستانیەتێکى گەورە لەسەر بنەماى فەلسەفەى (تانترا یۆگا)بونى هەبوە کە تیایدا مرۆڤ خاوەنى بەرزترین بەهاو خاوەن گەورەیى سروشتیى خۆى بوە. شارى (هاراپا-Harapa) و(مۆهەنگۆدارو-Mohangodaru) لە پاشماوەکانى ئەم شارستانیەتەن. ئاریەکانیش کە خاوەن ڤیدا(Vidas)کان بون و زێدەتر پێیان لەسەر سروشت و پیرۆزی و گرنگیەکەى دادەگرت، لە کەنارەکانى دەریاى (خزر)ەوە کۆچیان کرد بۆ هیند و سند و لەوێ نشتەجێ بون. دارشاناى یۆگا(Yoga darshan) پێکهاتەى هەردو ئەزمونى ڕۆحانى و جیهانى تانتراو ڤیدایە. یۆگا ڕێگەیەکى تایبەتى ژیانە کە تیایدا مرۆڤ بە تەواوى ئاگایەوە لەگەڵ بونو سروشتى خۆیدا یەکدەگرێت و دەگاتە کامڵ بونى هەمیشەیى . سپێنوزا ئاسا دەڵێین: یۆگا یەکبونى سروشتى دروستکار(Nature naturante) و سروشتى دروستکراو(Nature naturee)ەلە ئاگایى مرۆڤدا و دواتر یەکبونیەتى لەگەڵ ئەو ئاگاییەدا.
لەو تێکستە گرنگانەى کە جێ رێزى فەیلەسوفانى جیهان بون و لە مەتنە باڵاکانى یۆگاش دەژمێردرێن دەکرێت ناوى (بهاگاڤاد گیتا-Bhaavad gia)و (یۆگا سوترا-Yoga sutra)و (ڕامایانا-Ramayana)و (ئوپانشادەکان-Upanishads)و (بهاگاڤاتام-bhagavatham)و (هاتایۆگا پڕادیپیکا-hatha yoga Pradipika)و (یۆگا ڤاشیستا-Yoga vashistha)و (برەهما سوترا-Brahma sutra) و چەند تێکستێکى دیکەى گرنگ بێنین کە تیایدا یۆگا وەک ڕێگەى سەرەکى بۆ گەیشتن بە خواوەند کارى لەسەردەکرێت. ئەم تێکستانە بە ووردى باس لە مرۆڤ و گرنگى ئەو دەکەن و ڕێگەکانى ناسینى ڕون دەکەنەوە.
لە هیندستندا و لە ژیارى (هیندید_ئارى)دا شەش ڕێگەى گرنگ هەن کەبە (دارشانا) بەناوبانگن . دارشانا لە ووشەى (دریش)ەوە هاتوە کە ماناى بینین ، یان ڕوانین دەگەیەنێت . واتە ئەم شەش ڕێگەیە شەش جۆر ڕوانینن لە بون و مرۆڤ و پلەبەندیەکانى . یۆگا یەکێکە لەو دارشانایانە ، هەروەک چۆن سانکهیا یەکێکى تر لەو ڕێگایانەیە . سوامى مادهاڤاناندا(Swami Madhavanana) دەڵێت: ” هەر کەسێک بیەوێت فەلسەفەى یۆگا بەڕاستى تێبگات، دەبێت دیدگاى سانکهیا دەربارەى بون و دروست بون بزانێت”. من دەمەوێت لێرەدا باس لە ڕوانینى یۆگا بکەم لە ژن ، یەکەم جار وەک یۆگاو پاشان وەک ڕوانگەى سوامیەکان لەبارەى ژنەوە، بەڵام سەرەتا لە سانکهیاوە دەست پێدەکەین تا خوێنەر بە شێوەیەکى تەواو لە ڕوانگەى یۆگا بگات .سانکهیا بون (Bing) دابەش دەکاتە سەر (25) ئەسڵ و ڕەگەز کە لێرەدا بەکورتى لێیان دەدوێم :
1) پوروشاPurusha . یان ڕۆح یان ئاگایى. نە نێرەو نەمێ. یەکەمین دەرکەوتەى خواوەندە، کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەردەکەوێت و ئەوى پێ دەناسرێت.
2) پڕاکریتىPrakriti. هیۆلاى یەکەمە. سەرەتاى بونە لە شێوەى ناپوروشادا و سەرچاوەى هەمو ڕەگەزەکانى خوار خۆیەتى.سنوردارو لەناوچوە.
3) ماهاتMhat. ئاگایى تاکەکەسى. ئەم دەرکەوتەیە نزیکترین شێوازە لە پوروشاوەو بەماناى ئەقڵى گشتى دێت.
4) ئاهەنکارە Ahamkara .منى تاکەکەسى (Ego). لێرەدا ژنَتى و پیاوەتى دروست دەبێت و کارى پێدەکرێت.
5) ماناسManas. هەستى هاوبەش.
6) شابداShabda. هێزى بیستن.
7) سپارشاSparsha.هێزى بەرکەوتن.
ڕوپاRupa.هێزى بینین.
9) ڕاساRasa.هێزى چێژ.
10) گانداراGandhara.هێزى بۆن.
11) سراتراSratra.گوێ.
12) تڤاکTvak. پێست.
13) چاکشوCakshu.چاو.
14) ڕاساناRasana. زمان.
15) گراناGrana.لوت.
16) پایووPayu.کۆم.
17) پڕاستاPrasrtha.دەزگاى زاووزێ.
18) پانىPani.دەست.
19) پاداPada.قاچەکان.
20) شابداShabda.دەم، دەنگەژێ.
21) ئاکاشاAkasha.فەزا.
22) ڤایووVayu.هەوا.
23) ئاگنىAgni. ئاگر.
24) ئاپاسApas.ئاو.
25) پریتیڤىPrithivi.خاک.
ئەمانە ئەو ڕەگەزانە بون کە لە سانکهیادا مرۆڤى بەسەردا دابەش دەکرا. بڕوانە:
فەلسەفەى یۆگا پێى وایە ئێمە ڕۆحین نەک ماددە. واتە ئێمە ئەو لەشە نین کە دێینە بەرچاو و دەبینرێین و خاوەن ئەو هەمو هەڵچون و لاوازى و سنوندارەیەین . ئێمە ڕۆحین ، ئەم رۆحەش بەشێکە لە خواوەندو خاوەن تواناى تەواوەو هیچ کات لەناو ناچێت و نامرێت . یۆگیەکان دەڵێن مرۆڤ پوروشایە . پوروشا نەنێرەو نەمێیە . لێرەوە یۆگا نەک هەر پیاوان بە باشتر نازانێت لە ژنان ، بەڵکو بڕواى بەوە نیە کە پیاو یان ژن بونى هەبێت لاى مرۆڤى بەئاگاو خاوەن (خود) . خاوەن خود واتە ئەو مرۆڤەى تواناى دەرککردنى سروشت و بونى خۆى هەبێت، مرۆڤێک کە سەرتاپا خۆناسى و مەعریفە بێت . وەنەبێت یۆگا تەنها پێداگرى لەسەر رۆح بکات و لەش وەلاوەبنێ ، بەڵکو لاى یۆگیەکان لەش مەعبەدى رۆحەو زۆر پیرۆز و موققەدەسەو دەبێت تا ئەوپەرى رێزى بگیرێت و بپارێزرێت لە ئازار و نەهامەتى و نەخۆشى .
“ئاهەنکارە” کە چوارەم رەگەزە کەلە سانکهیادا باسکراوە، بەماناى منێتى مرۆڤ دێت ، لەم پلەیەدا لەبونى مرۆڤ کە هایدگەر بە (دازاین) ناوى دەبات مرۆڤ دوچارى (ئیگۆ)دەبێت و ڕەهایى خۆى لەبیر دەچێتەوەو هەست بەبونى خۆى دەکات وەک وەحدەیەکى سەربەخۆو جیا لە هەمو پێکهاتەکانى دیکەى بون . لاوتزۆر لە “تاو” دا دەڵێت ” ئەوەى هەمیشە بە ئارەزوە پەنهان دەبینێ” . مرۆڤە کە ئەگەر پیاو بێت هەست بە پیاوەتى خۆى دەکات و پێى وایە دەبێت لەماڵەوە چایى بخرێتە بەردەستى و جلى بۆ بشۆردرێت و خاوەن نهێنى وابێت کە هاوسەرەکەى ئاوات بەزانینیان بخوازێت. هەستى پیاوەتى لەم هەستى ئیگۆیەوە سەرهەڵ ئەدات و لاى یۆگیەکان کارێکى بێزراوە چونکە بە خۆپەرستى”ئاسمیتا” کۆتایى پێدێت ، هەوڵى ئێمە وەک یۆگى لە پێناو ئەوەدایە بچینە دەرەوەى سنورەکانى ئاهەنکارەوە ، لەبەرئەوەى ئاسمیتاکە بەماناى(خۆپەرستى)دێت لە ئاهەنکارەوە دروست دەبێت . خۆپەرستیش ئەو دیاردە دەرونیەیە کە بەهۆى ئیگۆوە دروست دەبێت و مرۆڤ ئاڕاستەى ئەوە دەکات هەستى زاڵ بون تیایدا پەیداببێت و خۆى بەلەهەموان باشتر بزانێت. زانایانى دەرونناسى پێیان وایە سەرچاوەى هەمو شەڕو ئاژاوەکانمان هەستى خۆپەرستیە و پیاوانیش لەم هەستە زیاتر بەهرەمەندن تا ژنان و ئەمەش وادەکات کە زۆرینەى شەڕو ئاژاوەکان لە سەردەستى پیاوان روبدەن . کەواتە لە ڕوانگەى یۆگاوە مرۆڤ دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدات ڕزگارى ببێت لە هەستى خۆپەرستى و بگاتەوە بەو دەرکەى کە ئەو پوروشایە (واتە ڕۆحە) نەک پڕاکریتى، کە جیهانى مادەو خۆپەرستیە. واتە دەبێت مرۆڤ تێبگات لەوەى کە ئەو سنورى نیەو رۆحى ئەو لەگەڵ هەمو رۆحەکانى دیکەدا لەیەکبونێکى سەرتاسەرى دایەو ووشەى “یۆگا”ش بەماناى ئەم یەکبونە دێت لە زمانى سانسکرێتیدا ، یۆگا واتە یەکبونى رۆحى تۆو من و ئەو .
کاتێک مرۆڤ لە ئاهەنکارە ڕزگارى دەبێت دەرکى ئەوە دەکات ئەو لە بونێکى تەواو وکامڵ زێدەتر نیە و ئەو کاتیش جێیەک بۆ هەستى جیاوازى نامێنێتەوە . ژنێتى و پیاوەتى لەبەین دەچێت و مرۆڤ تەنها مرۆڤ دەبێت . خۆ ئەگەر ئەم دەرکە لە کەسێکدا سەرى هەڵدا، ئەوا کەسى تێگەیشتو دەگات بە ئەقڵى ناوەکى و ئەوەى پێى دەوترێت (ماهات) واتە ئەقڵى گشتى لەودا چالاک دەبێت، پاتانجالى لە یۆگا سوترادا بەم جۆرە یەکبونەى یۆگى دەڵێت(جنیانە سامیاما) واتە یەکبونى مەعریفى . یەکبونى مەعریفى واتە ئەوەى کەسێک جیاوازى نەکات لەنێوان خۆی و خێزانەکەیدا . یۆگا ئەمەیە نەک لەسەرسەر وەستان و هەناسەدان . تاو دەڵێت” ئەوەى هەمیشە بێ ئارەزوە پەنهان دەبینێ” ، ئارەزو واتە ئەوەى تۆ خۆت بەبچوک بزانیت و پێت وابێت ژن خاوەنى هەندێ شتە کە تۆ نیتەو (خۆزگە) خاوەنى بویتایە . یاخود بەمانا فەلسەفیەکەى ماناى ئەوەیە کە تۆ هێشتا نەگەیشتبیتە دەرکى ئەوەى کە تۆ هەمو (بون)یت و دەرکەوتەى خوایت و هەمیشە کامڵ و تەواویت . ئەوەى پێى وابێت تەواوە پەنهان دەبینێ و ئەوەى تا وەکو ئێستا دەرکى نەکردوە دەرکى دەکات. بەڵام تەواویى چیە؟ تەواویى ئەوەیە بزانیت سەرچاوەى مرۆڤى ژن و پیاو یەک سەرچاوەیە ، لەنێو ئەم سەرچاوەیەشدا هەمان هێزى پوروشا و پڕاکریتى و ماهات و ئاهەنکارەو ماناس و هەمو ڕەگەزەکانى دیکەش بونیان هەیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەدا کە بەلەش پیاوین بەڵام هەمو سیفەتەکانى ژنانمان تیادایە بە شاراوەیی .
زانایانى فسیۆلۆژیا تا چەند سەدەیەک لەمەوبەر پێیان وابوو پیاو تەنها پیاوەو ژنیش تەنها ژن ، بەڵام ئێستا ئیدى ئەو بڕوایە لە نێو زانستیەکانیشدا ناپەسەندە و ئەوانیش پێیان وایە هەمو سیفەتەکانى ژن لە پیاودا و سەرپاکى تایبەتمەندیەکانى پیاویش لە ژندا بونیان هەیە. ئەم تایبەتمەندیانە لە هەردو ڕەگەزدا بەپێى چۆنیەتى ئەو کەسە دەردەکەون . لە ژناندا سیفەتى ژنایەتى و لەپیاواندا سیفەتى پیاوەتى دەردەکەوێت و زاڵ دەبێت . لێرەدا یۆگا هاوڕایە لەگەڵ تەسەوفى ئیسلامیدا . تەسەوف دەڵێت ژن و پیاو تەنها وەهمێکن ئێمە دەیدەن بەخۆمان بۆ تێرکردنى غەریزە حەیوانیەکانمان و هیچى تر . ئەم وەهمە لە باڵادەستى جەستەوە بەسەرماندا پەیدا دەبێت . ئەوەتا ئاڵوگۆڕێکى جەستەیى دەتوانێت وامان لێ بکات هەستمان بگۆڕێت ، هەر لەهەستە دەرونیەکانەوە تا هەستە سێکسیەکانیش و تەنانەت کاریگەرى لەسەر زانینیشمان هەیە . ئەو سۆفیانە یان ئەو یۆگیانەى دەگەنە پلە بەرزەکانى ئاگایى و دەگەنە ئەو دەرکەى کە ژنێتى و پیاوەتیمان وەهمى لەشە ، ئەوکات جیاوازیان نەکردوە لە نێوان ئەم دو جنسەدا ، چ جاى ئەوەى هەقى بەرامبەر پێشێل بکەن .زۆرتر ئەوانە مافى ئافرەت پێشێل دەکەن کە بڕوایان بە جیاوازى ئەم دوو ڕەگەزە هەیە.
ئێستالە ڕوى دیدگاى یۆگاوە گەشتینە ئەو ڕایەى ژن و پیاو لەچەند ڕویەکەوە هاوتاو هاوجۆرن ….
یەکەم لە ڕوى وجودیەوە… بە پێى ڕیزبەندیەکەى سانکهیا هەموان پێکدێین لە هەموان . واتە مرۆڤ پوروشایە کە هەمو ڕەگەزەکانى دیکەى لەخۆیدا کۆکردۆتەوە. ئەم یەکبونە وجودیە لە یۆگادا بە(ئاتما سامیاما-Atmasamyama)بەناوبانگە . لێرەدا ژن وپیاو مرۆڤن و لەمرۆڤایەتى خۆیان بەرخوردارن بێ ئەوەى کەسێک لەوى دى گەورەتربێت . (بودهى یۆگا) کە یۆگاى ڕۆحیە بۆ هەردو ڕەگەزەکە دەگونجێت و هەردوک دەگەیەنێتە ڕەهایى .
دوەم هاوتابونى ئەم دوو ڕەگەزە لەڕوى مەعریفیەوەیە . لە یۆگادا بڕوا وایە هەموان بێ جیاوازى خاوەن زانینى ناوەکین . ئەم زانینە دەتوانرێت کارى پێ بکرێت و بخرێتەوە کار لەڕێگەى وەگەڕخستنى ئەقڵى کەونی(ماهات) ەوە. ژن و پیاو دەتوانن سود لە یۆگا وەربگرن بۆ کامڵ بونى مەعریفى و کارکردن پێى . ئەمەش تەنها بەوە دەکرێت لەئاهەنکارە ڕزگاریان ببێت . ئەم یەکبونە مەعریفیە بە (جنانە سامیاما-Jnana samyama) ناوزەد دەکرێت . (جنانە یۆگا-Jnana Yoga) واتە یۆگاى مەعریفى و کار بۆ ئەوە دەکات یۆگى بتوانێت بگاتە پلەى ناسینى مرۆڤ لە ڕوى وجودیەوە و ئەم ناسینەش بەوە کۆتایى دێت کە ژنێتى و پیاوەێتى نامێنێت .
ئەوانەى بەشێوەى یۆگا بیر بکەنەوە و بڕواننە خەڵکى و هەمان دیدى یۆگایان هەبێت ڕزگاریان دەبێت لەو هەموو هەستەى بەرامبەر ڕەگەزى بەرامبەر هەیانە . ژنان لە پیاوان دەترسن و پێیان وایە پیاوان ستەمکارن و بەچونە ژێر یاساکانى ئەوانەوە تەنها زیانى گەورە چاوەرێیانە و پیاوانیش لایان وایە بارى پارێزگارى لەهاوسەرەکانیان لەسەر شانیانەو و دەبێت هەمیشە وەک منداڵ چاویان لەژنان بێت . لە ڕاستیدا تەڵاق و شەڕو گومان و دودڵى و غیرەو هیلاک بون لەدەست هاوسەرێتى و بێ هیوابون لە پاش شوکردن و ژن هێنان زادەى ئەوەن کە ئێمە وا هەست بکەین ژنان جیاوازن لە ئێَمەو ژنانیش وا هەست بکەن لە پیاوان جیان . ئەم جۆرە بیرو باوەڕانە خۆپەرستى لە مرۆڤدا پەرە پێدەدەن ، چونکە لە ڕاستیدا زۆرجار ئەوانەى دەیانەوێت دژى پیاوان یان دژى ژنان بخوێنن ، خۆیان لەو کەسانەن کە ستەم لەڕەگەزى بەرامبەر و تەنانەت ڕەگەزەکەى خۆیان دەکەن . من زۆر لەو کەسانە دەناسم کە داکۆکى لە مافى ژنان دەکەن و پێیان وایە کە پیاوان زاڵم و ستەمکارن و بونیان دژى ژنانە ، بەڵام خۆیان لە ستەمکارێک زیاتر نین بۆ کچ و ژنەکانیان ، هەروەک تاویش دەڵێت ” دادەهێنێ و نایبێ ” بەڵام ئایە یۆگیەکان چۆنن لە گەڵ خێزانەکانیاندا و چۆن لە ژنانیان ڕوانیوە ؟
ئەگەر بڕوانیە تێکستە گرنگ و فەلسەفیەکانى هیندۆیزم کە ڤیدایۆگا و تانترایۆگا (بەشێکن لەبەشەکانى یۆگا) بەشێکە لەو شاکارە فەلسەفیە ، دەبینین ژن لە جۆرێک ڕێزى تایبەتى بەرخوردارە بە شێوەیەک کە ناوى زۆرینەى خواوەندەکان لە ژنانن بۆ نمونە :
فەلسەفەى تانترایۆگا بون دابەش دەکاتە سەر دوو بەش ، یەکەم شاکتى (Shakti) و دوەم شیڤا (Shiva) یە. شاکتى خواوەندى مێینەیە و بە هێزى ئافرەت چوێنراوەو وەک خواوەندێکى مێ باسى کراوە . هەروەها شامبهاڤى (Shambhavi) خواوەندێکى ترى مێینەى ناو تێکستە هیندیەکانە ، هەروەک چۆن یامى (Yami) و پارڤاتى (Parvati)و دوورگا (Durga) و ئیلا (Illa) لە خواوەندە ژنەکان .
کالى (Kali) یەکێک لە ژنە خواوەندەکانى هیندە کە ماناى زەمەن دەگەیەنێت و دەلالەت لە ڕاگیرى و بەردەوامى دەکات کە لە سیفەتى ژنانە .
ساراسواتى (Saraswati) ژنە خواوەندى هیندە و بە خواوەندى زانین و مۆسیقاو ووشەو زمان بەناوبانگە . زۆرینەى یۆگیەکان و بەتایبەت سلکى سوامی (Swami)ەکانى هیند ساراسواتى وەک ناونیشانى باڵابونى ڕۆحى بەکاردەبەن ، بۆ نمونە کاتێک کەسێک دەگاتە پلەیەکى مەعریفى ناوەکى بەرز ئەم نازناوەى پێدەدرێت وەک (سوامى شیڤاناندا ساراسواتى) یاخود(پاڕاماهانزا سوامى ساتیاناندا ساراسواتى) .
ژنان لە تێکستە کۆنەکانى یۆگادا گەلێک بە گەورە باسکراون و تانتراش لەم بارەیەوە هیچ قسەیەکى نێگەتیڤى نیە. بڕوانە تێکستى (ڕامایانا)…لەم تێکستەدا ڕاماى خواوەندى بەهێزى و خۆشەویستى بەدڵ و ماوەیەکى زۆر بەدوى خێزانەکەیدا وێڵە کە (سیتا-Sita) ى ناوەو ئێستا لە هیندستاندا چیرۆکى ڕاماو سیتا زۆر بەناوبانگە و بە گەورەترین چیرۆکى ڕۆحى و خۆشەویستى لە جیهاندا قسەى لەسەردەکرێت.
لە میسۆلۆژیاى تانترایۆگادا باس لەوە دەکرێت کە (برەهما-Brahma) کاتێک بونەوەرى دروستکرد ڕوانى کار هێشتا بە نیوە ناچڵى ماوەتەوە. لە پڕدا دەنگێک بە برەهما دەڵێت : تۆ تەنها پیاوەکانت دروست کردوە . برەهما لەو هەڵەیە دەگاتە کە ئەو تەنها پیاوانى دروست کردوەو دەست دەداتە دروست کردنى یەکەمین ژن بە ناوى (ئوشاس-Ushas)ەوە . ئوشاس یەکەمین ژنە کە دروستکرا لە پێناو تەواو کردنى بونەوەردا ، چونکە ئەگەر ژن نەبێت بونەوەر ناتەواو دەبێت و هاوسەنگى بون تێکدەچێت .ژن درێژەى بە ژیان دا. لە تانترادا بە ئوشاس وتراوە(کاما-Kama) واتە پادشاى ئارەزوەکان . ئەگەر ژن نەبێت ئارەزو نابێت و ژیانیش بێ ئارەزو پێش ناکەوێت . ئەگەر ژن نەبێت جیهان پێش ناکەوێت ، چونکە ژن و ڕەگەزى ژنایەتى لە نێو بوندا تەواوکەرى پیاوو ڕەگەزى پیاوایەتیە . لە بیرو باوەرە چینیەکانیشدا هەمان ڕاو بۆچون هاتوە . ئەگەر لە فەلسەفەى (ین و یانگ) بڕوانیت ئەم دوو تەواوکەرە واتە ژن و پیاو دەبینى کە لە شێوەى ماسیەکى ڕەش و سپیدا وێناکراون . لە فەلسەفەى ئیسلامیشدا ژن خاوەن تواناو بەهرەیەکى زۆر بوەو توانراوە سودى لێوەربگیرێت ، چ لە شەڕو چ لە ئاشتیدا . تەنانەت بە شێوەیەک ژن خاوەن ڕێزە کە پێغەمبەرى ئیسلام (محمد) درودى خواى لێ بێت لە کۆتا کۆبونەوەى لەگەڵ موسوڵماناندا و لە کاتى حەجى کۆتاییدا، تەنها ڕێنماییەک کە زۆر جەختى لەسەر دەکاتەوە چاک بونە لەگەڵ هاوسەرو ژناندا . (خەدیجە) یەکەم موردی ئیسلام بوو (ڕابیعەى عەدەوى) یەکێک لەو ژنە عارفانەیە کە موسڵمانەکان ڕێزێکى زۆرى بۆ دادەنێن و تەنانەت لە تەسەوفى ئیسلامیدا بەیەکێک لە گەورە عارفە زیندوەکانى جیهان دەژمێردرێت . خێزانەکەى پێغەمبەرى ئیسلام (عائیشە) لەو کەسانەیە کە گەلێک لە وتەکانى (الحدیپ) پێەمبەرى لێوە وەرگیراوەو کارى پێدەکرێت، چونکە بە یەکێک لە ژنە ڕاستگۆ و وردگەرەکانى مێژو دەژمێردرێت .
بێینەوە سەر باسى یۆگاو ژن….شرى سوامى مادهاڤاناندا(برزۆى قادرى) لە پێشەکى یەکێک لە نوسراوەکانیدا پێش هەموان دەڵێت: ” ئەم نوسراوە پێشکەشە بە خۆشەویستم ڕادا، کە بە خۆڕاگرى و لە خۆبوردویى خۆى ڕێگەى خوێندن و لێکۆڵینەوەى ئەم زانستەى (کە مەبەستى زانستى ئەستێرەناسیە) بۆ ئاسان کردم” . بڕوانە لەو قەدرزانى و سوپاسگوزاریە کە سوامیەکى یۆگا بۆ خێزانەکەى دەنوسێت . ئەمە نمونەیەکى زیندووە. گورو واتە مورشیدى بەرێز “سوامى ڤیشودهاناندا گیرى” کە مامۆستا بەندەیە ئافرەتێک بوو بەناوى “ما شانتى دێڤى” ، ئەم ئافرەتە هیندیەو لەکاتێکدا زۆر هەژار نەخوێندەوار بوە بەڵام مورشیدى پرۆفیسۆر”شیام سوندار گۆسوامی” بوە کەیەکێک لە یۆگیە هەرەگەورەکانى هیند بوو.
نمونەیەکى دیکە لەسەر ئەو ژنانەى کە لە یۆگادا خاوەن ڕێزێکى بێ پایان بون (میرابادا)ى هیندیە . میرابادا وەک ڕابیعەى عەدەوەى یەکێک لە عارفەکان و ئافرەتێکى هیندیە و گەلێک موریدى هەیە .
سوامى شیڤامورتى ئافرەتێکە کە بەڕێوەبەرى ئاشرامى یۆنانى یۆگایە و یەکێکە لە کەسە عەزیزەکانى سوامیە هیندیەکان . (شرى ماتاجى) دامەزرێنەرى (ساهاجایۆگا)ى تازە ئەمڕۆ یەکێکە لەو کەسانەى خاوەن چەندەها فێرگەو مورید و قوتابى زۆرو زەبەندە و یەکێکە لە ژنە یۆگیەکانى هیند . (گورو مایى-Guru Mayi) و (ئاناندا مایى ما-Ananda Mayi Ma) دوانن لەو ژنە بەناوبانگانەى یۆگا کە بەرخوردابون بەگەلێک بەهرەى ڕۆحى و لەو کەسە گەورانە بون کە لەناو یۆگیەکاندا خاوەنى ڕێزێکى زۆر بون و لەم بارەیەوە دەتوانیت سەیرى نوسینەکانى یۆگاناندا بکەیت کە چۆن و بە چ گەورەییەک باس لە (ئاناندا مایى ما) دەکات و ستایشى دەکات .
سوامى ساتیانانداى خاوەن بەهرەو پەڕجوى ڕۆحی جۆراو جۆر و دامەزرێنەرى “زانکۆى یۆگاى بیهار”و گەلێک جار ئەمەى بۆ موریدەکانى گێراوەتەوە کە ئەو سودێکى بێ پایانى لە ژنێک وەرگرتوە بە ناوى (سوخنا)وە . ئەم ژنە یەکەم مامۆستاى سوامى ساتیاناندا بوەو توانیویەتى هێزى ڕۆحى (کوندالینى-Kundalini) تیادا بجوڵێنێت و ئەو بە ڕێگەى گەورەى تانترا ئاشنا بکات .
(ساراها-Sraha) ى سەر بە ڕێرەوەى تانترا لەگەڵ یەکێک لەو ژنانەدا لە خەڵوەتدا بو کە بە مامۆستاى خۆى قبوڵى کردبو . تانترا دەڵێت: ژنان باشترین مامۆستاى تانترا یۆگان .
خوێنەرى بەڕێز ژن و پیاو تەنها مرۆڤن و مرۆڤیش زۆر لە ژن و پیاو گەورەترە، ئەوەى خۆی بە ژن یان بەپیاو بزانێت ئەوە لە هەڵەیەکى گەورەدایە. ڕاست ئەو کەسەیە وەک مرۆڤێک لەبەرامبەر ژنێک یان پیاوێکدا بەڕێزەوە دەچەمێتەوە.
ئوم شانتى شانتى شانتى ئوم……..
ماڵپهڕی دهروونناسی
www.derunnasy.com
لەهاوپۆلی: لهكۆمهڵگهوه
« گۆرانی ووتن و فیکه لێدان بۆ کهمکردنهوهی گرژبوونی دهروونی / سترێس | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | ئهلکهول و ماده هۆشبهرهکانی تر / بهشی سێیهم و کۆتایی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

دهستخۆش بۆ ئهو بابهته بهسووده و هیوادارم بابهتی دیکهی لهم چهشنه بڵاو بکهنهوه . ههروهها لهگهڵ چۆنێتی فێربوونی یۆگا و ئهنجامدانی. تکادهکهم ناونیشانی کۆمهڵهی هونهری یۆگام بۆ بنێرن.. .
لهگهڵ ڕێزدا …
ههتاو