شوبات 14, 2010
کیژۆڵه‌ی کورد له بازاڕی خێزانی کوردی‌دا
کامه‌ران چروستانی
ئه‌ڵمانیا – شتوتگارت
- له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که داوام کردوون، هه‌ر له پشتێن و دوانزه تاک بازن، گه‌ر یه‌ک مسقاڵی که‌م بێت، ئه‌وا با نه‌یه‌ته‌وه به‌م ناوه‌دا و ڕازی نیم شووی پێ بکه‌م.
- کاروان ده‌چێت بۆ داوای ناز، پاش په‌یدابوونی په‌یوه‌ندییه‌ک له نێوانیاندا، دایکه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له به‌یه‌کگه‌شتنیان بگرێت، داواکاریییه‌کی وا قورس ده‌خاته به‌رده‌می کوڕه، که به هیچ شێوه‌یه‌ک له توانای جێبه‌جێ کردنیدا نابێت و له پاشانیشدا دایکه زۆر به‌ئاشکرا ده‌ڵێت، من ڕازی نابم کچی خۆم بده‌م به یه‌کێک، که له هه‌نده‌ران بژی.
- سۆران له شوێنی کاره‌که‌یدا کچێک ده‌ناسێت و بڕیاری ژیانێکی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن، به‌ڵام برای کیژۆڵه‌که، بڕیاری ئه‌وه ده‌دات،که ئه‌م دووانه بۆ یه‌کتر ناگونجێن و ئه‌ویش ڕازی نییه به‌م نزیکبوونه‌وه‌یه. پاش هه‌وڵێکی زۆر و دوای ئه‌وه‌ی که سۆران هه‌موو هیوایه‌ک وون ده‌کات، نه‌ک ته‌نها به‌ڕێوبه‌رایه‌تیییه‌که به‌جێ ده‌هێڵێت، به‌ڵکو شاره‌که‌ش.
ئه‌مانه چه‌ند نموونه‌یه‌کی بچووکن له‌و تراژیدیایه‌ی، که هه‌موو ڕۆژێک، له کوردستاندا دووباره ده‌بێته‌وه و کۆمه‌ڵگا پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت، کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی له ناو کۆمه‌ڵگادا دروستکردووه. کۆمه‌ڵگا تیایدا قوربانیشه و گوناهباریشه.
له کۆمه‌ڵگا ئیسلامیییه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی و له کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتیییه‌کاندا یان کۆمه‌ڵگاکانی جیهانی سێهه‌م، به شێوه‌یه‌کی گشتی، ئافره‌ت له زۆر کاتدا وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت، به شێوه‌یه‌ک، که خێزانی ئه‌و ئافره‌ته به هه‌موو شێوازێک هه‌ولێ ئه‌وه ده‌ده‌ن، که به‌های ئه‌م که‌ره‌سه‌یه له ناو بازاڕی کۆمه‌ڵگا و ده‌وروپشتدا به‌رزبکه‌نه‌وه، جا به هۆی وه‌سفکردنی جوانییه‌وه بێت یان له چ خێزانێک و یان خاوه‌نی چ بڕوانامه‌یه‌که، خۆ ئه‌گه‌ر هیچیان ده‌ست نه‌که‌وت، ئه‌وا بۆ نیشاندانی به‌های به‌رزی کیژۆڵه‌که، داواکاریییه‌کی قورس ده‌خه‌نه به‌رده‌می کوڕه، که به بۆچوون و هۆشی خێزانه‌که، ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه قورسیییه‌ک ده‌دات به کچه‌که، له به‌رده‌م کوڕه‌که و خێزانه‌که‌یدا. واتا دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی ژن و مێردایه‌تی له‌لایه‌ن خێزانه‌کانه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی ماددی ده‌ست پێ ده‌کات، که نرخیک، نه‌ک به‌هایه‌ک ده‌دات به‌و په‌یوه‌ندیییه و به‌و که‌سه‌ی که لایه‌که له په‌یوه‌ندییه‌که، که بریتییه له کچه‌که.
لێره‌دا خێزان له لایه‌ک مافی چاره‌نووس و موڵکایه‌تیی ئه‌و کیژۆڵه‌یه ده‌گرێته ده‌ست خۆی و به ئاشکرا ده‌ریده‌خات، که ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو بڕیارێک و ڕه‌وتی پلانی ژیانی ئه‌و کیژۆڵه‌یه‌یه، له‌لایه‌کی تر ئه‌م موڵکایه‌تیییه هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و له برا و باوکه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ مێرد.
گه‌ر تێبینی بده‌ین، له نه‌ستی تاکه‌که‌سی ڕۆژهه‌ڵاتییدا زۆر جار ده‌بیستین که باسی ئافره‌تێک ده‌کرێت ده‌ڵێن: فڵان ئافره‌ت خاوه‌نی خۆی هه‌یه، یاخود ده‌ڵێن جا ئێمه حه‌قمان به‌سه‌ریه‌وه نییه، مێردی خۆیه‌تی و ئه‌و خاوه‌نییه‌تی. ئه‌م ده‌سته‌واژانه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، که له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌تا ئێستاش مێرد، واتا هاوسه‌ری ژیان، به‌و که‌سه داده‌نێن که نه‌ک به هاوشانی، به‌ڵکو به خاوه‌نی ژن داده‌نرێت، که له ژێر سێبه‌ری مێرده‌که‌یدا ده‌ژی، هه‌رچه‌نده به تایبه‌ت له‌پاش ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام و به‌ره‌وه پێشچوونی باری ئابووری هه‌ریمی کوردستان، به ڕواڵه‌ت ئافره‌ت جۆره سه‌ربه‌ستیییه‌ک و که‌سایه‌تیییه‌ک و ڕۆڵێکی تری هه‌یه، مرۆڤ ناتوانێت ئه‌و گۆڕانانه‌ش فه‌رامۆش بکات، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا پرۆسه‌ی ئه‌م گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تیییانه گۆڕانێکی خاون، کاتێکی درێژتری ده‌وێت، ئه‌بێت زۆر فاکته‌ر و پاڵنه‌ر هه‌بن، بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی تاک و خێزان و کۆمه‌ڵگا.
موڵکایه‌تییکردنی ژیان و که‌سایه‌تی ئافره‌ت، له سێ ڕوانگه‌وه‌ن، له لایه‌که‌وه له ڕوانگه‌ی ده‌ووبه‌ر و له لایه‌کی تر له ڕوانگه‌ی ئافره‌ت خۆیه‌وه بۆ ژیانی خۆی، هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ی مێرد یاخود هاوسه‌ر. ده‌وروبه‌ر که هه‌ر له خودی خێزانی ئافره‌ته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ره‌و دراوسێ و خزم و خێزان و ده‌وروبه‌ری ماڵه مێرد و.. و…و… و ئه‌مانه هه‌موو کارێکی زۆر گرنگ ده‌که‌ن له دیاریکردنی به‌هاکانی ژیانی ئافره‌تێک، چونکه هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی له دایکبوونی هه‌موو یه‌کێک، کۆمه‌ڵگا و ده‌وروبه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه‌یه، که تاک خۆی تیایدا ده‌دۆزێته‌وه و به‌شێک له شێوازه بیرکردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر پرسیاره‌کانی ژیان دیاری ده‌کات. جا له کاتێکدا که خێزان و ده‌وروبه‌ر پێناسه‌ی ئافره‌ت ده‌که‌ن وه‌ک که‌سایه‌تیییه‌ک، که هه‌موو ده‌وروبه‌ری سنوور و هێڵه سووره‌کانی ژیانه، ئه‌مه وا ده‌کات کۆمه‌ڵگا له‌و سنوور و هێڵه سوورانه‌وه ته‌ماشای که‌سایه‌تی ئافره‌ت بکات، ده‌توانین بڵێین به‌ها و مافه‌کانی خۆی وه‌ک مرۆڤێک، به‌ر له هه‌موو شتێک نه‌درێتێ، به‌ڵکو خاوه‌ن مامه‌ڵه‌یه‌کی تایبه‌تیی سنوورداری ته‌سک بێت له ناو کۆمه‌ڵگادا، که تیایدا کۆمه‌ڵگا و خێزان و داب و نه‌ریت و ئاینه‌که، لێپرسراون له دیاریکردنی شێوازی ژیان و دانانی ئه‌و سنوورانه‌ی، که ژیانی ئافره‌ت له ناو کۆمه‌ڵگادا دیاری ده‌کات.
ڕوانگه‌ی دووهه‌م بریتییه له ڕوانگه‌ی مێرد بۆ ژنه هاوسه‌ره‌که‌ی. هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێ کردووه، سه‌ره‌تای زۆربه‌ی په‌یوه‌ندی خێزانیییه‌کان له مامه‌ڵه‌یه‌کی ماددیییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که نه‌ک ته‌نها کیژۆڵه‌که ئه‌و داواکارییانه دیاری بکات، به‌ڵکو زۆر جار خێزانی کچه‌که داواکاریییه مادیییه‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه به‌رده‌م خێزانی کوڕه‌که، نه‌ک خودی کوڕه‌که خۆی. وه زۆر جار کوڕ و کچ ته‌نها ڕۆڵی ته‌ماشاکه‌رێک ده‌بینن له سه‌رتاپای ئه‌م جۆره مامه‌ڵه کردنه‌دا. ئه‌م پرۆسه‌یه له نزر و تێگه‌یشتنی کوڕه‌که‌دا نرخێکی ماددی ده‌دات به په‌یوه‌ندییه‌که، که به هۆیه‌وه شتێکی ماددی پێشکه‌ش ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیییه‌ک دروست بکات و ئافره‌تێکی ده‌ست بکه‌وێت. جا گه‌ر ته‌ماشای مامه‌ڵه‌ی هه‌ر بازاڕێک بکه‌ین، چ جیاوازییه‌ک ده‌بینین له نێوان کڕینێ که‌ره‌سه‌یه‌ک له بازاڕ و ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی که ئه‌و دوو که‌سه پێکه‌وه ده‌به‌ستێت؟ ئه‌م دیارده‌یه ده‌بێته هۆی دروستبوونی تێڕوانینی پیاو له ڕوانگه‌یه‌کی کڕین و خاوه‌ندارێتی به‌رامبه‌ر به ژنه‌که، که ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی سه‌به‌ستی و ده‌سه‌ڵاتی پیاو له هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌کدا، که به‌رامبه‌ر به ژن ده‌یه‌وێت بیکات، ئه‌گه‌رچی بگاته لێدان و ده‌ستدرێژیکردنی سێکسی، که هه‌ندێک پیاو به مافێکی یاسایی و مرۆڤیی خۆیانی ده‌بینن. هه‌ر ئه‌مه‌شه، که بووه‌ته هۆی ڕاکردنی به‌شێکی زۆری لاوی کورد له مه‌سه‌له‌ی ژنهێنان، بۆ ڕزگاربوون له‌و قورسایییه مادیییه‌ی که کۆمه‌ڵگا ده‌یخاته سه‌رشانیان، بۆ پێکهێنانی خێزانێک. که‌واته ئه‌مه به‌ڵگه‌یه، که ئه‌م په‌یوه‌ندییه نرخێکی ماددیی خۆی هه‌یه، به‌ر له‌وه‌ی به‌هایه‌کی مه‌عنه‌وی هه‌بێت. ئه‌م دیارده‌یه‌ش به شێوه‌یه‌کی زۆر نێگه‌تیڤ ڕه‌نگ ده‌داته‌وه له به‌های کوڕه‌که یان پیاوه‌که بۆ خودی په‌یوه‌ندییه‌که و کیژۆڵه‌که‌ی هاوسه‌ری. هه‌رچه‌نده به‌شێکیش له پیاوان هه‌تا ئێستاش له‌و بۆچوونه‌دان، که ئافره‌ت خاوه‌نی که‌سایه‌تیی و شوێنی خۆیه‌تی، گه‌ر داواکاری ئاڵتون و ئاهه‌نگێکی قورس بێت و به‌ڵام خودی ئه‌و پیاوانه‌ش قوربانیی ده‌ستی کولتورێک و تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ن، که به‌ر له‌وه‌ی به‌هایه‌کی مرۆڤانه بدات به په‌یوه‌ندییه‌که، به‌هایه‌کی ماددی پێ ده‌به‌خشێت.
ئایا تێڕوانینی خۆی چییه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه؟ شوێنه‌واری پیاوسالاری له نزری سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگاکانی جیهاندا به درێژایی مێژوو دیارده‌یه‌که، که له بیر و هۆشی مرۆڤایه‌تیدا به ئاسانی لێی ڕزگار نابین، به‌ڵکو پێویستی به کار و هه‌وڵێکی زۆر هه‌یه، نه‌ک ته‌نها له لایه‌ن خودی ئافره‌تان خۆیانه‌وه، به‌ڵکو له‌لایه‌ن پیاوانیشه‌وه، ئه‌ویش به رزگارکردنی خود ده‌بێت له هه‌موو ئه‌و بیر و بۆچوونانه‌ی، که ئافره‌ت له ناو به‌ندیخانه‌ی بیره کۆنه‌کاندا به‌ند ده‌کات. بێگومان ئه‌م ڕاوبۆچوونه کۆنانه کار و کاردانه‌وه‌ی خۆی به‌ر له هه‌موو که‌سێک، له سه‌ر خودی ئافره‌ت خۆی ده‌بێت، ئه‌ویش به ڕازیبوونی ئافره‌ت به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی، که کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵیدا ده‌کات و به دانانی ئافره‌ت له ناو بازاڕی کاڵای بیره کۆنه‌کانی کۆمه‌ڵگادا، به شێوه‌یه‌ک هه‌تا ئێستاش به‌شێکی زۆر له ئافره‌تان له کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا به‌های مرۆڤایه‌تی و که‌سایه‌تی خۆی به‌وه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئایا چه‌ند زێڕ و خشڵی بۆ کراوه. ئاسه‌واری ئه‌م دیارده‌یه‌ش له خۆبه‌ندکردن و کوێربوونه له ئاستی مافه‌کانی ئافره‌تدا، که ده‌رکیان پێ ناکات یاخود نایه‌وێت ده‌رکیان پێ بکات، به‌ڵکو زۆر لای ئاسانتره له ناو کێبڕکێی بازاڕی کۆمه‌ڵگادا بمێنێته‌وه و ئه‌وه قبوڵ بکات، که کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌گه‌رچی به دڵی نه‌بێت و ڕاکانی له‌گه‌ڵیدا جیاواز بێت. کاردانه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ش له چۆنێتی په‌یوه‌ندیی هاوسه‌ریدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، که ئافره‌ت تیایدا زۆربه‌ی کات ڕای دووهه‌مه و زۆربه‌ی بڕیار و بۆچوونه‌کان پیاو ده‌یدات له ژیانی خێزانییدا. جا ده‌بینین زۆر ئافره‌ت هه‌ن، که ژیانی سێکسی به حه‌قی یه‌که‌می پیاوه‌که داده‌نێن و به‌ر له‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه، که له په‌یوه‌ندی سێکسی له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌دا په‌یوه‌ندیییه‌کی دوو لایه‌نانه‌یه، ئه‌وان بۆچوونیان ئه‌وه‌یه، که ئه‌رکی سه‌رشانیانه، که پیاوه‌که به ئۆرگازم بگه‌یه‌نن، ئه‌گه‌رچی له کاتێکدا بێت، که ئافره‌ته‌که هه‌رگیز ئاره‌زووی سێکسی نه‌بێت. واتا به‌که‌ره‌سته‌کردنی ئافره‌ت ته‌نها له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگاوه نییه، به‌ڵکو له‌لایه‌ن خودی ئافره‌تیشه‌وه خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که ئافره‌ت زۆر جار بێده‌نگ بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و ناڕه‌وایی و توندوتیژیییانه‌ی که به‌رامبه‌ری ده‌کرێت و به‌ڵکو به‌شێکیان به مافی پیاو ده‌زانن، گه‌ر له ئافره‌ت بدات.
سیفاتی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌رهه‌می سه‌ده‌ها ساڵی پێکه‌وه ژیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه، گۆڕانکاریییه‌کانیش به هه‌مان شێوه، کار و هه‌وڵێک و کاتێکی زۆری ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له زۆر به‌ند و کۆتی داب و نه‌ریتی هه‌ڵه‌ی ڕابوردوومان ڕزگارمان ببێت، ئه‌ویش کارکردنه له بواره‌کانی ڕۆشنبیریی، مێدیا، یاسا، په‌روه‌رده، شێوازی خوێندن، هه‌روه‌ها تێڕوانینی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران بۆ کێشه‌ی ئافره‌ت. له‌م بواره‌شدا به داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌تا ئێستا کارێکی وای نه‌کردووه، که بتوانێت شوێن په‌نجه‌ی دیار بێت و ئه‌م کێشانه ئه‌گه‌رچی به هه‌نگاوی له‌سه‌رخۆش بێت، به‌ره‌و که‌نارێکی هێمن بیانبات. گه‌ر باس له گۆڕانی باری ئافره‌ت بکه‌ین له کوردستاندا، ئه‌وا به‌شێکی زۆری ئه‌و گۆڕانکارییانه‌یه که گۆڕانی باری سیاسیی و ئابووری و جیهانگیری له‌گه‌ڵ خۆی هانیویه‌ته ناوچه‌که‌وه، نه‌ک به‌رهه‌می یاسادانان و جێبه‌جێکردنیان بووبێت له هه‌رێمدا. کوشتنی چه‌نده‌ها ئافره‌ت هه‌موو ساڵێک له هه‌رێمدا، به ناوی جیاواز جیاوازه‌وه، به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایه، که پیاو هه‌تا ئێستا خۆی به موڵکداری ئافره‌ت داده‌نێت و ئه‌وه‌ش، که پشتگیری له‌م بۆچوونه چه‌وته‌یه‌دا ده‌کات، بریتییه له شێوازی ده‌سه‌ڵاته‌که له ناوچه‌که‌دا و هه‌ندێک جاریش ڕاکردن له لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی، که کاری نایاسایی به‌رامبه‌ر به ئافره‌تان ده‌که‌ن، هه‌ر له خه‌ته‌نه‌کردنی ئافره‌ته‌وه و کوشتنیان و سوتاندنیان.
لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه یەک بۆچوون »
« هه‌واڵێک له سه‌نته‌ری هۆڵه‌ندی بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌سلێمانی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له‌ڕێنماییه‌کانی به‌رنامه‌ی ده‌رووندروستی ڕێکخراوی IRD »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

selaw.zwr zwr dest xushytan le dakem bw malpere ketan hyuadarem ber dewam ben.zwr zwr pe xushhalem rexne le yek begryn.ba xushkw bera azizekanman per werdey bashteryan he bet.dwa ruji kurd kurdistan le dest ewandaye.gari wa heye basi welatani erupa ekam,yan yunan rexney zwrem le egeren,elen tw lew welata ejyt bw washi pe eleyt,belam men be bashi ezanem,we hyuadarem her xushkw berayekman le her welate ken be bashy basi ew uelate be ken agar hich ne bet bw bnemalekanian,ba leme zyat ter twsh awarey ne byn.we teka le herymi kurdistan ekam her welatek rez le pena beri kurd negert,ewysh peywendi bash negret le gelya.be supaseww.bw ne mune agar kesek begane bet bw kurdistan dawa manewe bekat,we her wa agar herem re nemai nekat we seby tushi hele bet.bawer ken kurdistan tawan bare.teka teka le herem ekam ernema yekanian bashter ken bw beganekan,agarish wystian 10 rujsh be mene nw le herem.dubare be supaseww