شوبات 7, 2010
سایکۆلۆژیای خۆکوشتن
توێژه‌ری ده‌روونی
سامان سیوه‌یلی
ئه‌گه‌ر مردن نه‌بوایه مرۆڤ به‌دوای نهێنییه‌کانی ژیان و نه‌مریدا نه‌ده‌گه‌ڕا. ئه‌گه‌ر کوشتن نه‌بوایه مرۆڤ په‌ی به‌ماناکانی خۆشه‌ویستی و ئاشتی و دادپه‌روه‌ری نه‌ده‌برد. ساته‌کانی مردن لای زۆربه‌ی مرۆڤه‌کان ئه‌و ساتانه‌ن که‌نه‌خواستراو و قێزه‌ونه، به‌ڵام له‌وه‌ش قێزه‌ونتر ئه‌وه‌یه ئه‌و مردنه به‌ده‌ستی مرۆڤێک ڕووبدات، له‌وه‌ش قێزه‌ونتر ئه‌وه‌یه که‌سه‌که قوربانی ده‌سته‌کانی خۆی بێت.
خۆکوشتن یه‌کێکه له‌و چوار ڕێگه‌یانه‌ی که‌کۆتایی به‌ژیانی مرۆڤ ده‌هێنێت که‌ئه‌وانیش بریتین له (مردنی سروشتی به‌هۆی نه‌خۆشی یان به‌ساڵاچوونه‌وه، کوشتن، ڕووداوه کتوپڕه‌کانی وه‌ک ڕووداوی ئۆتۆمبیل و زه‌مین له‌رزه و لافاو و…تد، خۆکوشتن).
خۆکوشتن وه‌ک حاڵه‌ت ڕه‌گێکی مێژوویی هه‌یه له‌ناو کۆمه‌ڵگه جیاجیاکانی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کرێت و ئاماره‌کان ئاماژه‌ی پێده‌ده‌ن له‌م ڕۆژگاره‌دا په‌نابردن بۆ خۆکوشتن زیادی کردووه، ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌ی خۆکوشتن له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تر جیاوازه و فاکته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ئایینی و ده‌روونی و ته‌ندروستی و ڕه‌گه‌ز و که‌شوهه‌وا، تێکڕا کاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر دروستبوونی ئه‌و جیاوازییه له‌ڕێژه‌ی خۆکوشتندا چ له‌ناو یه‌ک کۆمه‌ڵگه له‌ماوه‌یه‌که‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی تر، چ له‌نێوان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تر.
هۆکاره‌کانی پشت ڕه‌فتاری خۆکوژی زۆرن، هه‌روه‌ها ئه‌و تیۆرانه ڕاڤه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌یان کردووه جۆراوجۆرن.
مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا جیاواز له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانی تر زیاتر هه‌ست به‌نائارامی ده‌کات و که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری فشاره ده‌روونییه‌کانه‌وه، له‌هه‌موو کات زیاتر هه‌ست به‌نامۆیی ده‌کات، وزه‌ی ده‌روونییه‌که‌ی له‌هه‌موو کات زیاتر که‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی که‌مبوونه‌وه و نه‌مان، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌هه‌موو کات زیاتر بێ پێز و کرچ و کاڵن، به‌رهه‌مه ته‌کنۆلۆژییه‌کانیش له‌هه‌موو کات زیاتر ته‌نگی به کات و حه‌وانه‌وه و خه‌و و ته‌ندروستی و ده‌رووندروستی هه‌ڵچنیوه، گرنگیدان به‌به‌ها ڕۆحانییه‌کان له‌هه‌موو کات زیاتر که‌می کردووه یان هه‌ر نه‌ماوه، ڕاکه‌ڕاک و کێبه‌رکێی سامان کۆکردنه‌وه و سه‌رقاڵبوون به‌ژیانی مادییانه له‌هه‌موو کات زیاتر خانه‌ی پێشه‌نگی گرتووه له‌نێو گرنگیپێدانه‌کانی.
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش به‌ده‌ر نییه له‌کۆمه‌ڵگه‌کانی تری مرۆڤایه‌تی له‌بوونی حاڵه‌ته‌کانی خودکوژی، خۆ ئه‌گه‌ر به‌راوردی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌کۆمه‌ڵگه‌کانی تر بکه‌ین له‌ڕووی ڕێژه‌ی حاڵه‌ته‌کانی خودکوژی ئه‌وا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌خۆشبه‌ختانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد به‌جۆره‌ها ڕه‌وشی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی نائاساییدا گوزه‌ری کردووه که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئه‌م ساته وه‌خته‌ش ناتوانین بڵێین بوونی حاڵه‌ته‌کانی خۆکوژی له‌کوردستان هه‌تا ئه‌م ساته وه‌خته بۆته دیارده، نابێت بوونی چه‌ند حاڵه‌تێک ناو به‌ناو لێره و له‌وێ ببێته مایه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی نائومێدی و دڵه‌ڕاوکێ له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا، ڕاسته له‌ده‌ستدانی یه‌ک هاوڵاتی به‌م ڕێگه نه‌شیاو و قێزه‌ونه زیانێکه له‌سامانی مرۆیی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر گه‌نج و خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر بێت.
له‌ماوه‌ی مانگی ڕابردوودا چه‌ند حاڵه‌تێکی خودکوژی له‌ناوچه جیاجیاکانی کوردستاندا ڕوویاندا، ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه زۆربه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین کۆی حاڵه‌ته خۆکوژییه‌کان له‌هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان بوون، بێگومان پاڵنه‌ره‌کانی پشت ئه‌م حاڵه‌تانه جیاوازن، هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان له‌ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا له‌ده‌ست په‌یوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌رزۆک و بێ متمانه ده‌ناڵێنن له‌گه‌ڵ خێزانه‌کانیاندا، ململانێی نێوان باوان وه‌ک نه‌وه‌یه‌ک و ڕۆڵه‌کانیان وه‌ک نه‌وه‌ی نوێ گه‌یشتۆته ئاستێک که‌نائاساییه، کێشه‌ی سۆزداری که‌ئێستا وه‌ک کێشه‌ی پله‌یه‌کی هه‌رزه‌کاران خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات ڕۆڵێکی به‌رچاو ده‌گێڕێت له له‌ده‌ستدانی هاوسه‌نگی ده‌روونی هه‌رزه‌کاران و دواکه‌وتن و دابه‌زینی ئاستی خوێندنیان که‌جاریکی تر خوڵقێنه‌ری باری ده‌روونی نائاسایی ده‌بێت له‌لایه‌ک له‌ڕووی تیڕوانینی خۆی بۆ خودی خۆی، له‌لایه‌ک ناڕازی بوونی خێزان له‌و ئه‌نجامانه‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، له‌لایه‌کی تره‌وه ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی گله‌یی و گازنده‌ی مامۆستا و به‌ڕێوبه‌ر و خۆ به‌راورد کردن به‌هاوڕێکانی له‌ناو قوتابخانه.
ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه به‌شێکی زۆر له‌خێزانی کورد هه‌تا ئه‌م ساته وه‌خته ڕه‌وشی ده‌روونی ڕۆڵه‌کانیان به‌تایبه‌تی (هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان) به‌هه‌ند وه‌رناگرن، چ له‌کاتی تووشبوونیان به‌په‌شێوییه ده‌روونییه‌کان به‌تایبه‌تی نه‌خۆشی خه‌مۆکێ، چ له‌په‌یڕه‌وکردنی شێوازی نادروستی وه‌ک به‌کارهێنانی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام و توندوتیژی و فه‌رامۆشکردن و به‌که‌مزانین و شکاندنه‌وه‌ی ده‌روونی به‌رده‌وام، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی ڕۆڵه‌کانیان به‌خۆکوشتن له‌حاڵه‌تی شکستی ده‌روونیدا به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت. هه‌روه‌ها ناکرێت کاتێک قسه له‌سه‌ر حاڵه‌ته‌کانی خودکوژی ده‌که‌ین کاریگه‌ری میدیا فه‌رامۆش بکه‌ین له‌خوڵقاندنی (ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی) زه‌مینه‌سازی بۆ ڕه‌فتاری خودکوژی، هه‌روه‌ها ناکرێت کاریگه‌ری ته‌کنۆلۆژیاش فه‌رامۆش بکه‌ین به‌تایبه‌تی ئامێری مۆبایل له‌دروستبوونی ئه‌و کێشانه‌ی هه‌رزه‌کاران و گه‌نجان ڕۆژانه تێیده‌که‌ون و دواجار ده‌بنه پاڵنه‌ر بۆ ڕه‌فتاری خۆکوژی. به‌ده‌ر له‌م هۆکارانه‌ش په‌یڕه‌ونه‌کردنی شێوازی دروست له‌ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی فشاره ده‌روونییه‌کاندا هۆکارێکی تره، بۆنموونه کاتێک هه‌رزه‌کارێک یان گه‌نجێک ده‌که‌وێته ته‌نگژه‌یه‌کی ده‌روونییه‌وه ئیدی له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌موو ده‌رگاکانی به‌ڕوودا داخراون و توانای بیرکردنه‌وه‌ی دروست له‌ده‌ست ده‌دات، به‌رده‌وام خۆی ده‌خواته‌وه و خه‌م و ژانکۆکانی بۆ که‌س باس ناکات یاخود سه‌ردانی پسپۆرێک یان راوێژکارێکی ده‌روونی ناکات.
هه‌روه‌کو چۆن خۆپارێزی به‌مه‌به‌ستی بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی په‌تا و نه‌خۆشی جۆراوجۆر ده‌کرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌کرێت خۆپارێزی بکرێت له‌ڕوونه‌دانی حاڵه‌ته‌کانی خۆکوژی‌دا، به‌ڵام نه‌ک به‌و هیوایه‌ی بڵێین هه‌ر نابێت حاڵه‌تی خۆکوژی ڕووبدات له‌کۆمه‌ڵگه‌دا. سه‌باره‌ت به‌خۆپارێزیش له‌مبواره‌دا ده‌کرێت به‌دوو ئاڕاسته کار بکرێت، یه‌که‌م به‌ئاڕاسته‌ی ڕوونه‌دانی حاڵه‌تی خۆکوژی له‌ژیانی تاکدا، دووه‌میان به‌ئاڕاسته‌ی دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆکوژی لای ئه‌و تاکانه‌ی هه‌وڵی خۆکوژیان داوه.
له‌ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا ده‌بێت خێزان چاو به‌په‌یوه‌ندی نێوان باوان و هه‌رزه‌کار و گه‌نجه‌کانیاندابخشێننه‌وه سۆز و خۆشه‌ویستی پێویست ببه‌خشرێته ڕۆڵه‌کانیان، باوان دووربکه‌وه‌نه‌وه له‌په‌یڕه‌وکردنی شێوازه‌کانی توندوتیژی، بۆشایی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سۆزداری بۆ ڕۆڵه‌کانیان دروست نه‌که‌ن، له‌کاتی ڕوودانی گۆشه‌گیری ڕۆڵه‌کانیاندا یان ده‌ربڕینی نائومێدی و بێ هیواییاندا هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و هاوده‌نگ و هاوده‌میان بن، له‌کاتی بوونی گرفتێکی وه‌ک ده‌رنه‌چوون یان که‌وتن له‌چه‌ند وانه‌یه‌کدا ده‌بێت به‌هێمنی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بکرێت و هان بدرێن و ڕێگه‌ی دروستیان پیشان بدرێت تاکو له‌م شکسته بپه‌ڕنه‌وه، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌بوونی متمانه و زمانی دیالۆگ ده‌بێت که‌به‌داخه‌وه له‌م ڕۆژگاره‌دا زۆر به‌که‌می ئاماده‌ییان هه‌یه له‌ناو خێزانی کوردی‌دا.
لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه, که‌سێتی یەک بۆچوون »
« زێن مێدیتاشون | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | محرومون یا سادة من بکاء »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964

slaw mamosta saman payameki jwant arasati komalga krdwa dabet xezan u komalga u dasalat am jora payamana bahand warbgrn supas bo xamory u mandwbwny ewa har sarkautw bn
shewaz