نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

ته‌ڵاق ….. ئه‌زموون و ئومێد

تشرینی دووه‌م 10, 2007

new-picture.png
تەڵاق بەر لەوەی ببێتە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی یاسایی، پڕۆسەیەکی سایکۆلۆژیی تاکەکەسییە وزۆرجار بەبیانووی هەڵبەستراوی وەک کێشەی دارایی و بەجێهێشتن و نەگونجان و خووگرتن بەمەی و مادەی سڕکەر وناپاکی هاوسەری و…تاد ئەنجامدەرێت و هۆکاری ڕاستەقینە هەردەم بەشاراوەیی دەمێنێتەوەو بەدەگمەن باسی لێوە دەکرێت.
لەوەتەی چەمکی هاوسەرگیریی جێگای هەردوو چەمکی ژنهێنان و شووکردنی گرتۆتەوە، ئەم دیاردەیە ڕێژەکەی لەبەرزبوونەوەدایە. ئەمە جێگای سەرنجە بەڵام سەرسوڕمانی ناوێت چونکە هاوسەرگیریی وا دەخوازێت لەسەر بنەمای یەکسانی و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی ژیانی ڕۆژانە ڕاگیر بێت و وەک ژنهێنان و شووکردن نییە کە بەندن بەسەروەرێتی پیاو و ملکەچایەتی ژنەوەو هەردوولاش بە ئەرک و ماف و پێگەی خۆیان ڕازین ولەو بارەیەوە کێشەیەکیان نییە. ئینجا بەو پێەی ئەمڕۆ هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت کەخۆی لەخۆیدا یەکسانی و ئازادی هەمبەری لە ئەرک و مافدا گەرەکەو لەزۆربەی حاڵەتەکانیشدا بەقۆناغی دەزگیرانێتیدا تێدەپەڕێت، ئەو ماوە کاتییەی لە چەند مانگێک زیاتر ناخایەنێت و ژیان تیایدا تیۆرییەو دروشمەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەرقەرارەو پێشێل ناکرێن و وادەو بەڵێن و پەیمانی زۆری تیادەدرێت. پاش ئەو ماوەیەش ژیانی ڕاستەقینەی پراکتیکی هاوسەرێتی دەست پێدەکات و سەردەمی جێ بەجێکردنی بەڵێنەکانەو هەر لایەک بە کەسێتی خۆیەوە وابەستەیەو لەهەوڵی گۆڕینی ئەویتردایەو دەیەوێت وەک خۆی ڕەفتار بکات و بیر بکاتەوەو لەواقیعیشدا ئەو گۆڕانکارییە بەرجەستە نابێت، ئیتر ڕۆژگارەکان وەک ڕۆژگارەکانی دەزگیرانێتی کورت نین و هێدی هێدی درێژو درێژتر دەبنەوە و ڕۆتین زاڵ دەبێ و بێزاری پەرە دەگرێ وکێشەی بچوک گەورە دەکرێتەوەو ئومێدێک بۆ لەیەک تێگەشتن و چاک بوونەوە لەئاسۆدا نامێنێت. لێرەوە باشترین و گونجاوترین چارەسەر کە مابێتەوە هەر تەڵاقە. جێگای دڵخۆشییە ئەمڕۆ بڕیاری تەڵاق وەکو جاران قورس نییەو بەئاسانی دەدرێت. ئەو هاوسەرێتییەی کە بەتەڵاق کۆتایی پێدێت، زۆر سەرکەوتووترە لەژیانی ئەو ژن ومێردەی کە بەهیچ پێوەرێک هاوسەرێتی نییەو هەر لەبەر قسەی خەڵکی یاخود بەبیانووی بووی منداڵەوە درێژەی پێدەدرێت. کەسێتی منداڵ لەو جۆرە خێزانەدا بەیەکجاریی تێکدەشکێت وئایندەی پریەتی لەگرێ و نەخۆشی دەروونی و عەقڵی. منداڵ ئەگەر لای یەکێکیان بوو ئەوا باشترو گونجاوتر پەروەردە دەکرێت لەوەی لەو دۆزەخەدا بمێنێتەوە. ئاشکرایە تەڵاق جیابوونەوە نییەو هەنگاوێکە لەدوای جیابوونەوەوە چونکە ئەوانەی بەبڕوای تەواوەوە پێی دەگەن، پێشتر بەژانی تەنهایی و دابڕانی سێکسی و کێشەی دارایی و گەلێک شتی ناخۆشتردا تێپەڕیوون و ئینجا ئەو بڕیارەیان داوە. بۆ ئەوەی تەڵاق بەرهەمدارو سەرکەوتوو بێت پێویستە ئەو دوو کەسە بگەنە ئەو ڕایەی کە فێر بن ئیدی ژن ومێرد نین، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕۆڵانەی پێشتر لەژیانی پێش هاوسەریدا بینیویانەو پێی هەڵساون واتە بەتەواوی بچنەوە ژیانی بێ هاوسەری. دەبێت لەشوێنەوارە قوڵ وتاڵەکانی تایبەت بەمنداڵ و مافی موڵکایەتی و کێشەی ئابوری و هەر ژانێکی لەو جۆرانە، ڕزگاریان بووبێ. تەڵاق کۆتایی ژیان نییە هەروەک دەرکەوتووە زیاتر لەناوەڕاستی تەمەن و لەسەرەتاکانی ژیانی هاوسەرێتیدا ڕوودەدات. تەڵاق هەنگاوێکە بۆ دووبارە چوونەوە نێو ژیانی هاوسەرێتی دروست و پەندو وانەیەکە بۆ دوور کەوتنەوە لەو هەڵانەی لەهاوسەرگیری یەکەمدا ڕوویانداوە. گەرچی هەردوولامافی ئەوەیان هەیە سەرلەنوێ هاوسەر بگرنەوە بەڵام باشتروایە ئەو کەسانە، دوای نوشست لەئەزموونی یەکەمدا، چیتر هاوسەرگیریی نەکەن بەڵکو ئەمجارەیان ژن بهێننەوە یاخود شووبکەنەوە. شایانی باسە پیاوان چالاکترن و زووتر ئەو هەنگاوە هەڵدەگرن. ئاشکرایە نەریت و کولتور وای کردووە پیاوان لەپڕۆسەی هاوسەرگرتن و هاوسەرگرتنەوەدا، بکەرو دەستپێشخەربن و ژنانیش بەرکارو پاشکۆبن. ڕەنگە بشگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شۆکی تەڵاق زیاتر بەڕۆکی هەست و عاتیفەی ژن دەگرێت نەک پیاو. یان لەبەرئەوەی یاسا منداڵ بە ژن دەدات پەروەردەکردنی منداڵ و غەم و ترس لەئایندەی، بۆخۆی ڕێگربن لەسەر لەنوێ هاوسەرگرتنەوەی ژندا. هەروەها زۆربەی ئەو پیاوانەی ژنیان تەڵاقداوە، کچ دەهێنن یان ژنێک دەهێننەوە کە منداڵی نەبێت یان لەخۆیان بچوکتر بێت. کەمێک لەو پیاوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە، ئەو ژنانە دەهێنن کە تەڵاقدراون. ئەم حاڵەتە لای ژنە تەڵاقدراوەکان نییەو ئەوان شوو بەو پیاوانەش دەکەنەوە کە پێشتر ژنیان تەڵاقداوە، هەروەها ژنان بڕوایان بەپیاو نامێنێت، لەوەش دەترسن کە لەئەزموونیتردا، سەرلەنوێ شکست بهێننەوە.

لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌

بۆچوونەکان


« ئایا پزیشکه‌ ده‌روونیه‌کان شێتن ؟ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له‌شفرۆشی وه‌ک دیار‌ده‌ »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional