توندوتیژی و جۆره‌کانی
توندتیژی و جۆره‌کانی
توێژه‌ری ده‌روونی
ته‌ها حسێن والی
مامۆستای سایکۆلۆژیا له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کان
لێکدانه‌وه و شرۆڤه کردنی توندوتیژی ڕه‌هه‌ندی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت، توندوتیژی به‌مانا گشتییه‌که‌ی بریتییه له‌ئاڕاسته‌کردنی تووڕه‌یی و خاڵیکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌نگێزی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی مرۆڤایه‌تی ئه‌وا ده‌بینین هه‌ر له‌کۆنه‌وه مرۆڤ به‌شێک له‌توندوتیژی و شه‌ڕه‌نگێزی تێدابووه، سه‌ره‌تا ئه‌م توندوتیژییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌سروشت و گیانله‌به‌ران به‌کارهێناوه، دواتر به‌پێی قۆناغه‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م یوندوتیژییه گواستراوه‌ته‌وه بۆ نێوان مرۆڤه‌کان خۆیان، ورده ورده له‌جێی گیانله‌به‌ران و سروشت گۆڕاوه بۆ دابونه‌ریت و ڕه‌گه‌ز و کار و …تد. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌یه قسه‌کردنه له‌سه‌ر ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌م ڕۆژگاره‌دا ئاڕاسته‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه ده‌کرێت. له‌فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریدا چه‌ندین ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک (ده‌سه‌ڵاتی پیاو، بیرکردنه‌وه‌ی پیاو، بڕیاری پیاو…) ده‌بیستین، له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک چه‌مکی پیاوه‌تی بخاته مه‌ترسییه‌وه هێڵی سووره و وروژێنه‌ری توندوتیژی و شه‌ڕه‌نگێزی پیاوانه. به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده ئه‌م ته‌وژمه په‌سه‌ند کراوه و سه‌پێنراوه، ئه‌م ڕه‌وشه‌ش جۆرێک له‌ئاماده‌گی ده‌روونی لای ڕه‌گه‌زی نێر خوڵقاندووه که‌به‌رگری له‌قه‌ڵای پیاوسالارانه‌ی خۆی بکات. هه‌ربۆیه له‌ڕێی پرۆسه‌ی ڕاهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئه‌م ئاماده‌گییه گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌وه‌کان (نه‌وه دوای نه‌وه). له‌هه‌مان کاتیش‌دا درێژه کێشانی ئه‌م ڕه‌وشه کارێکی وه‌های کردووه که‌خودی ڕه‌گه‌زی مێینه‌ش ئه‌و ئاماده‌گییه‌یان لادروست بێت و په‌سه‌ندی بکه‌ن.
زۆرجار ئه‌گه‌ر له‌ژنێک بپرسرێت ده‌بێت پیاو چۆن بێت؟، وه‌ڵامه‌که‌ی هه‌مان ئه‌و ویست و خواستانه له‌خۆ ده‌گرێت که‌پیاو خۆی ده‌یه‌وێت، چونکه به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده ئه‌و ئاماژانه دراون به‌مێشکی ژن‌دا که ماسۆشیانه بیر بکاته‌وه و وه‌ها بار هێنراوه که‌نه‌ک ڕازی بێت به‌توندوتیژی به‌ڵکو چێژیشی لێوه‌ربگرێت.
به‌کارهێنانی توندوتیژی به‌پێی گۆڕانکارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌میشه له‌هه‌ڵکشاندا بووه و که‌ره‌سته و شێوازه‌کانی به‌کارهێنانیشی به‌هه‌مان شێوه له‌گۆڕاندا بووه. گرنگترین جۆره‌کانی ئه‌و توندوتیژییه‌ی ئاڕاسته‌ی مێینه ده‌کرێت، ئه‌مانه‌ن:
1- توندوتیژی جه‌سته‌یی:
کۆنترین جۆری توندوتیژژیه که دژی مێینه به‌کارهێنراوه و به‌ربڵاوترینیانه، له‌مبواره‌دا هه‌زاران ژن بوونه‌ته قوربانی ئه‌م جۆره له‌توندوتیژی. ئه‌و کاتانه‌ی باوک کچه‌که‌ی و قامچییه‌ک ده‌داته ده‌ست زاوا ئه‌مه هێمایه‌که بۆ وه‌شاندنی قامچییه‌که و جه‌ختکردنه‌وه‌یه بۆ پیاوسالاری پیاو، له‌باوکه‌وه بۆ مێرد.
2- توندوتیژی ڕه‌گه‌زی:
ئه‌مجۆره له‌توندوتیژی بریتییه له به‌که‌م سه‌یرکردنی ڕه‌گه‌زی مێینه و پاشکۆکردنێتی بۆ ڕه‌گه‌زی نێر، ڕاسته له‌مجۆره‌دا شوێنه‌واری ئازاری جه‌سته‌یی جێ ناهێڵرێت، به‌ڵام توندوتیژییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه و پێگه و توانای ژن ده‌مرێنێ.
3- توندوتیژی ده‌روونی:
ئازاری ده‌روونی له‌ئازاری جه‌سته‌یی به‌سوێتره که‌پیاو زۆرجار له‌ڕێی ده‌ربڕین و خوڵقاندنی ژینگه‌و ڕه‌وشێکی ناله‌بار و لێوان‌لێو له‌په‌راوێزخستن و فه‌رامۆسکردنی ژنه‌وه به‌کاری ده‌هێنێت. هه‌ندێ جار ئه‌م جۆره له‌توندتیژی له‌شوێنی کاریشدا به‌کارده‌هێنرێت.
4- توندوتیژی سێکسی:
ئه‌م جۆره له‌توندوتیژی له‌کۆنه‌وه تائێستا درێژه‌ی هه‌یه، که‌بریتییه له‌سه‌رکوتکردنی حه‌زی سێکسی ژن، نه‌ک له‌گه‌ڵ که‌سانی تر به‌ڵکو له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌کانی خۆشیاندا، چونکه تاپیاوه‌کانیان ئاره‌زووی سێکسییان نه‌جوڵێت ژن بۆی نییه و بڤه‌یه باسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بکات، زۆرجار له‌کاتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سێکسیشدا پیاوان جۆرێک له‌توندوتیژی به‌کارده‌هێنن بۆ وه‌رگرتنی چێژ، یان بێ ئاماده‌بوونی ژن بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سێکسی پیاوان زۆریان لێده‌که‌ن. وێڕای هه‌موو ئه‌مانه هه‌راسانکردنی سێکسی وه‌ک ده‌ست بۆبردن و خۆپێوه‌نوساندن که‌له‌شوێنه گشتییه‌کاندا پیاده‌ده‌کرێن به‌رامبه‌ر به‌ڕه‌گه‌زی مێینه، ده‌چنه خانه‌ی ئه‌م جۆره له‌توندوتیژی.
5- توندوتیژی سیاسی:
توندوتیژی هه‌ر به‌و جۆرانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکو کایه‌ی سیاسیشی گرتۆته‌وه، کاتێک ده‌بینین وه‌ک خێر و سه‌ده‌قه پۆستی سیاسی یان کارگێڕی گرنگ ده‌درێت به‌ژنان.
دواجار ده‌مه‌وێت بڵێم کاتێک ده‌بیستین که فڵانه مانگ یان فڵانه ساڵ توندوتیژی دژی ژنان که‌مبۆته‌وه ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه که‌ته‌نها توندوتیژی جه‌سته‌یی که‌مبۆته‌وه نه‌ک توندوتیژییه‌کانی تر، ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌سه‌لمێنیت که‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ته‌نها توندوتیژی جه‌سته‌یی به‌توندوتیژی ده‌خوێنیته‌وه.
تشرینی دووه‌م 26, 2009

