نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

پشکنینی ده‌روونی ، بۆ داواکارانی مۆڵه‌تی شۆفێری

ئه‌یلول 5, 2007

shofery4.jpgبە گەشەکردن و برەوى ژیان و ژیار، مامەڵە کردن لەگەڵ دەروون دا ئاسایى دەبێت و ڕەنگە زۆر لەو کۆمەڵانەى کە بەمەدەنى ناودێر دەکرێن ئەم مامەڵەیە تیایاندا لەبەرتربێت.
زیادبوونى ژمارەى ئوتۆمبیل بەو خێراییە لەکوردستاندا، بەندە بە زیادبوونى داخوازى خەڵک و باش بوونى ئاستى بژێوى ژیانیان. هاوکات لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى ئوتۆمبیل، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ زیاتر داوا بۆ وەرگرتنى مۆڵەتى شۆفێرى پێش کەش دەکرێ و بەردەوامیشى هەیە،لەبەرئەوە ژمارەى شۆفێران بەردەوام لە زیادبووندان، چ ئەوانەى پاش وەرگرتنى مۆڵەت دەبنە شۆفێر، چ ئەوانەى بێ مۆڵەت شۆفێرى دەکەن و مەترسییان بۆ سەر خودى خۆیان و خەڵکیش هەیە، جگە لە پێشێلکردنى یاساى هاتوچۆ.
وەکو دەبینرێت هەزاران کەس داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ وەرگرتنى مۆلەَتى شۆفێرى، ئەوەش مافێکى ئاسایى خۆیانە ببنە خاوەنى، بەڵام دەبێت لەکاتى بەدەستهێنانى مافێکى خۆت، مافى کەسانى تر پێشێل نەکەیت و جێگەى مەترسى نەبیت لەسەریان، وادەزانم وەرگرتنى مۆڵەتى شۆفێرى و بونە شۆفێر ئەم بارەى بەڕونى تیا دەردەکەوێت. واتە چۆن هەموو تاکێک مافى خۆیەتى ببێتە خاوەنى مۆڵەتى شۆفێرى، سەرجەم تاکەکانى تریش مافى خۆیانە دڵنیابن لە شێوازى شۆفێرى کردنەکەى.
یەکێک لەو ڕێوشوێنانەى پێویستە داواکارانى مۆڵەت بیگرینەبەر، چوونە بەردەم لیژنەى پزیشکییە بەمەبەستى پشکنین، بەڵام ئەوەى جێگەى ئاماژە بۆکردنە، لیژنەکە تەنها پشکنین بۆ ئاستى بینین و کەم ئەندامى جەستەیی دەکات، بۆ ئەوەى بڕیار بدات داواکار دەتوانێت شۆفێرى بکات یان نا. لە هەموو ئەمانەدا چەندێک گرنگى بەجەستە و ڕووکارە ڕواڵەتییەکان دەدرێت نیو هێندە گرنگى بە بوارى دەروونى نادرێت.
ئایا تاکۆ ئێستا بۆچى دەبێت بیر لە پشکنینى دەروونى نەکرێتەوە بۆ داواکارانى مۆڵەتى شۆفێرى، لەکاتێکدا چەند نەخۆشییەکى دەروونى و دەمار هەیە جێگەى مەترسین بۆ دروست بوونى ڕوداو لەکاتى شۆفێرى کردندا.
خستنە ڕووى ئەم بابەتە بۆ بەرچاوى لایەنە پەیوەست دارەکان دەشێ هۆکارێک بێ بۆ گرنگىدان بەو بوارە و چىتر لەبارى پشکنین دا بۆ داواخوازان لایەنى دەروونى فەرامۆش نەکرێت و لیژنەیەک ئەو ئەرکە جێبەجێبکەن.
لەم باسەدا بەخێرایى ئاماژە بەهەندێک حاڵەت دەکەین:
1. ئالودە بوون لەسەر جگەرە کێشان:
چەند توێژینەوەیەک ئەوەى دەرخستووە، ئەو شۆفێرانەى لەکاتى لێخوڕینى ئوتۆمبیلدا جگەرە دەکێشن، زیاتر ئەگەرى توشهاتنیان هەیە بە ڕوداو، ئەوەش پشتڕاستکردنەوەیە بۆ بوونى پەیوەندییەکى جێگیر لەنێوان جگەرەکێشان لەکاتى شۆفێرى کردن لەگەڵ دروستبوونى ڕوداوەکانى ڕێگاوبان.ڕاڤەکردنى زانستیانەش بۆ بوونى ئەو پەیوەندییە، بریتییە لە پەرتبوونى ترکیز و ووریایى شۆفێر بە هۆى کاریگەرى خراپى ئەو گازەى لەگەڵ دوکەڵى جگەرەدا دروست دەبێت، لە ناو شوێنێکى بچوکى تاڕادەیەک داخراوى وەکو ئوتومبێلدا، دەبێتە هۆى زیادبوونى ڕێژەکەى لەناو خوێندا و کاریگەرى دەبێت لەسەر چالاکى مێشک و کردارى دەمارەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنى جوڵەى مرۆڤ، بەتایبەت جوڵە کوتوپڕو هەستدارەکانى کاتى شۆفێرى کردن.

2.نەخۆشى پەرکەم:
نەخۆشییەکى دەمارى بڵاوە، بەهۆى زیادبوونى تەزووى کارەبایى لەناو بەشێکى مێشک دروست دەبێت و بەشێوازى نەوبەى کوتوپڕە، دوور لەویست و ئاگادارى خاوەنەکەى ڕودەدات، نەخۆشەکە بەم نەوبەیە ئاگاى لەخۆى نامێنێت، جەستەى ڕەق دەبێت، پەلەقاژەیەکى توند هەموو جەستەى دەگرێتەوە، مەترسى زمان گەستن، شکانى ئێسک، خنکان بەهۆى ڕژێنەکانى ناودەم هەیە، هەروەها دروست بوونى بریندارى لە جەستەدا بەهۆى بەرکەوتن بەشتى تیژ و ڕەق.
لەزۆرترین ژمارەى حاڵەتەکانیشدا هێمایەکى ناسینەوەیان نییە پێش دروستبوونى نەوبەکە، بۆ ئەوەى بتوانن ڕێگیرى بکەن یان خۆیانى بۆ ئامادەبکەن وەک: دانیشتن لەکاتى بەپێوەبوون، خۆدورخستنەوە لە کەوتن بەسەر شتى مەترسیدارى وەک ئاگر، شتى تیژ، شوێنى بەرز، ڕاگرتنى ئۆتومبیلەکانیان لەکاتى لێخوڕیندا،…
ڕێژەى ئەم نەخۆشییەش کەم نییە تاکو خەمسارد بین لە بەرامبەریدا، تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا نزیکەى ( 4 ملیۆن ) کەس گرفتارى ئەم نەخۆشییەن، ساڵانە لە جیهاندا هەزاران کەس تووشى ئەم حاڵەتە دەبن.
هەموو ئەو بارە زەحمەتانەى باسمان کرد لەنەخۆشێکى پەرکەمدا، لەکاتى چونە بەردەم لیژنەى پزیشکى زۆر بە شێوازێکى ئاسایى دیارە و هیچ ناتەواوییەکى تیا بەدى ناکرێت . بەڵام بینینى تەنها نەوبەیەکى ئەم حاڵەتە بە واقیعى، ئەوەمان نیشان دەدات ئەگەر نەخۆشێکى پەرکەم لەکاتى شۆفێرى کردندا نەوبەیەکى بۆ بێت، چ کارەساتێکى دڵتەزێنى لێدەکەوێتەوە.

3.خەمۆکى:
وەکو ئاشکرایە ئەوکەسانەى گرفتارن بەنەخۆشى خەمۆکى، یەکێک لە نیشانە دیارەکانیان بریتییە لە ئارەزوکردنى مردن و بیرکردنەوە لە کۆتایى هێنان بەژیانى خۆیان، بێزارى و خەمۆکى لە ناخیاندا بۆتە پاڵنەرێک بۆ ئەنجامدانى کارى خۆکوشتن ( انتحار ).
ئەگەر شۆفێرێک حاڵەتی خەمۆکى هەبوو، مەترسى زۆرە لە کاتى لێخوڕینى ئۆتومبیلدا بیرکردنەوەکانى لە خۆکوشتن و کۆتایى هێنان بەژیان، بەشێوەى کردارى جێبەجێ بکات، هەندێک جار ڕاستەوخۆ ئەم کارە ئەنجام دەدەن لەڕێگاى خۆکێشان بەسەیارەى تردا، خستنەخوارەوەى ئۆتومبیلەکە لە شوێنێکى بەرزەوە یان بۆ ناو ئاوێکى زۆر. هەندێک جارىتر بەشێوەى ناڕاستەوخۆ کارەکە جێبەجێ دەکەن لە ڕێگەى لێخوڕین بەخێراییەکى زۆر، مجازەفە کردن، پێشبڕکێ کردن، هەموو ئەم شێوازانە هێماىگەڕانن بەدواى مەرگدا.

4. شیزۆفرینیا:
وەکو ئاشکرایە یەکێکە لە بڵاوترینى نەخۆشییە دەروونییەکان، لە ناو کۆمەڵدا بەڕێژەى( 1 % ) بوونى هەیە، بێ جیاوازى کەلتورى، نەژادى، ڕەگەز، بارى ئابورى، ئەو ڕێژەش ئەوەندە زۆرە شۆفێرانیش پشکیان بەربکەوێت. لە ڕێگەى توێژینەوەوە دەرکەوتووە تەنها لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ( 1 – 6 )ملیۆن حاڵەتى شیزۆفرینیا هەیە.
یەکێک لەنیشانە سەرەکییەکانى ئەم نەخۆشییە جێگەى ئاماژە بۆکردن بێت لەم بابەتەدا، بریتییە لە بوونى ( هلوسە ) بە تایبەت لەکاتێکدا نەخۆشییەکەى چالاکە و نیشانەکانى بۆگەڕاوەتەوە :
ڕ. هەلوسەى بیستن: ئەو شۆفێرانەى حاڵەتى شیزۆفرینیایان هەبێت، دەنگێکى تایبەت دەبیستن بەشێوەى هلوسە وەک: وتووێژیان لەگەڵ بکرێت ، بانگ بکرێن لە لایەن کەسێکى تایبەت، سەرزەنشت بکرێن، هان بدرێن بۆ ئەنجامدانى کارێک، ببیستنى زیکە زیک، هەموو ئەم حاڵەتانە جێگەى مەترسین بۆ دروست کردنى ڕوداوى ڕێگاوبان.
ب. هەلوەسەى بینین: ئەو شۆفێرانەى ئەم حاڵەتەیان هەیە شتێک دەبینن، کە بوونى نییە لە دنیاى واقیعدا وەک: مرۆڤێکى تایبەت ، ئاژەڵێکى تایبەت، مادەیەکى تایبەت،…یەکێک لە مەرجەکانى تواناى شۆفێرى کردن بینینە بەشێوەیەکى ڕاست و دروست، واتە
بوونى ئەو حاڵەتانەى سەرەوە لە کاتى شۆفێرى کردندا بەشێوەیەکى دووبارەوەبوو، بێزارکەرن و هۆکارى دروست کردنى ڕوداون.

5.زەبرى دەروونى:
ئەوکەسانەى توشى زەبرى دەروونى دەبن، زامێکى قوڵ لە ناخیاندا دروست دەبێت، بەجۆرێک شوێنەوارەکەى هەست پێدەکرێت ، بەتایبەت ئەگەر چارەسەرى پێویستى بۆ نەکرێت لەکاتى خۆیدا. چۆن لەکاتى ڕوداوێکدا بەرکەوتنەکانى وەکو شکاوى، برینداربوون، … چارەسەرى پێویستە، بەهەمان شێوە زەبرى دەروونیش چارەسەرى پێویستە.
کارەساتى تراژیدى هۆکارى دروست کردنى زەبرى دەرونین، جا بەشێوەى ڕاستەوخۆ بێت بۆ سەر ژیانى ئەو کەسە وەک: هەڕەشەى کوشتن، زیندانىکردن، ئەشکەنجەدان، برینداربوون، یان بەشێوەى ناڕاستەوخۆ بێت وەکو بینینى توندوتیژى، کوشتن، بریندارى و خوێن، یاخود بیستنى هەرکام لەم حاڵەتانە.
ئەو کەسانەى توشى زەبرى دەروونى بوون بەهۆى یەکێک لەو حاڵەتانى باسمان کرد، هەروەها چارەسەر نەکرابن لەکاتى خۆیدا، زۆر کات دەبێتە هۆى دروست کردنى نەخۆشییەک بەناوى گرژى دواى زەبرى دەروونى ( PTSD ) کورتکراوەى ( Post Traumatic Stress Disorder) وەکو لەکتێبەکانى زانستى پزیشکى دەرونیدا تایبەتمەندییەکانى باسکراوە.
یەکێک لەنیشانە سەرەکییەکانى ئەم حاَڵەتە، بریتییە لە دووبارە هاتنەوە بەرچاوى ئەو وێنە و ڕوداوە زەحمەتەى بەسەرى هاتووە وەکو کوشتن، بریناربوون، بینینى وێنەى ترسناک، توندوتیژى… ئایا ئەو کەسە کاربکات، دانیشتبێت، شۆفێرى بکات،… هیچ جیاوازییەکى نییە دوبارەبوونەوەکەى ، دروست بوونى ئەم حاڵەتەش والەمرۆڤ دەکات لە کارەکەى ڕابوەستێت و نەتوانێت بەئەنجامى بگەیەنێت، یاخود توشى پەرت بوون دەبێت و ترکیزى تێکدەچێت، واتە ئەگەر لەکاتى لێخوڕینى ئۆتومبیلدا بوو مەترسى دروست بوونى ڕوداو هەیە.

6. نەخۆشى مانیا: یەکێکە لە نەخۆشییە ژیرییەکان، هەندێک جار وەکو نەخۆشییەکى درێژخایەن دەمێنێتەوە، بەڵام بەشێوەى نەوبات،واتە خاوەنەکەى ماوەیەک باشە و ماوەیەک نیشانەى نەخۆشییەکەى بۆ دەگەڕێتەوە بە شێوەیەکى کوتوپڕ.
ئەگەر نەخۆشەکە لە حاڵەتى دەرکەوتنەوەى نیشانەکاندا بوو بەم شێوازە دەبینرێت: ئارەزوییەکى زۆری هەیە لە گشت لایەنەکاندا،
تێڕوانین و هەڵسەنگاندنێکى بەرزى بۆخۆى هەیە، هەست دەکات کەسێکى مەزنە، خەوى کەم دەبێتەوە، چەندین پڕۆژە بە بیریادێت و لە دانەیەک بازدەدات بۆ دانەیەکىتر، زۆر خۆشحاڵن، زوو سەرنجیان ڕادەکێشرێت.
شۆفێرێک توشى حاڵەتى مانیا بوبێت و نەخۆشییەکەى لە ماوەى چالاکى خۆیدا بێت، ئاستەمە بتوانێت بەشێوەیەکى ڕاست و دروست شۆفێرى بکات، جێگەى مەترسى نەبێت لەسەر خەڵکى، یاساکانى هاتوچۆ پێشێل نەکات.

7. ئالودەبوون ( ادمان ) بە دەرمان، مادەسڕکەرەکان، ئەلکهول:
لە مێژوییەکى دێرینەوە مرۆڤ هەندێک ماددەى جۆراوجۆرى سروشتى یان ئامادەکراوى بەکارهێناوە لەگشت کۆمەڵگا جیاجیاکاندا، بەمەبەستى خۆشى و چێژ وەرگرتن، لابردنى تەنگەژەیەکى دەروونى، ڕەواندنەوەى بارگرژییەکى جەستەیى، هێمایەک بۆ بیروڕایەکى تایبەت لە بۆنەکانیاندا.
ئالودەبوون بۆتە یەکێک لە دیاردە ترسناکەکان، لە لایەک فراوان دەبێت و ڕێژەکەى لە زیادبووندایە، لە لایەکى تر چەندین ڕێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ کەم کردنەوە و کۆنترۆڵکردنى،لە توێژینەوەیەکدا لە وڵاتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا دەرکەوتووە ( 9 – 14 ) ملیون کەس گرفتارى خراپ بەکارهێنانى ئەلکهولن، هەروەها 50% ى ڕوداوى ڕێگاوبان بەهۆى خواردنەوەى بڕێکى زۆر لە ئەلکهول دروست دەبێت.
ئەوکەسانەى گرفتارى بەکارهێنانى ئەلکهول یان دەرمان یاخود ماددە سڕکەرەکانن، بە سێ شێوازئالودە دەبن:
1.جەستەیى: دواى ماوەیەکى زۆر لە بەکارهێنانى ئەو ماددەیە، جەستە فێرى دەبێت و ناتوانێت دوورکەوێتەوە لێى.
2.دەروونى : لە ڕوى دەروونییەوە هەست دەکات پێویستى بە وەرگرتنى ئەو ماددەیە هەیە بۆ چێژ وەرگرتن و لابردنى تەنگەژە دەروونییەکانى.
3. زیادبوونى تواناى بەرگەگرتن: ڕۆژ لە دواى ڕۆژ تواناى جەستەیى ئەو کەسە زیاد دەکات بەرامبەر ئەو ماددەیەى ئالوودە بووە لەسەرى، تا واى لێدێت جار لە دواى جار بڕەکەى زیاد بکات بۆ ئەوەى هەمان کاریگەرى دەست بکەوێت.
ئەگەر ئالودەبویەک بە یەکێک لەو ماددانەى باسمان کرد، وەرگرتنى ماددەکەى وەستان یاخود بەردەست نەبوو بەکارى بهێنێت، کۆمەڵێک نیشانەى بێزارکەردروست دەبێت وەک ( لەرزین، دڵەکوتێ، زیادبوونى هەناسە، نائارامى و جێگا بەخۆ نەگرتن، بێخەوى، وڕێنە، ئارەق کردنەوە،… )
ڕاڤەى زانستیش بۆ بەکارهێنانى ئەو ماددانە بریتییە لە زیادبوونى ڕێژەکەى لە ناوخوێندا، پاشان دەبێتە هۆى تێکدانى فەرمانى ژیرى ، تواناى جەستەیى، بارى دەروونى، بەئاگابوون، ترکیز کردن، هاوسەنگى لەش.
هەموو ئەو نیشانە و کاریگەریانە مەترسیدارن بۆ کاتى شۆفێرى کردن،وەکو هەرکام لە نەخۆشیانەى باسکران.
پێشنیارەکان:
1.بوونى یاسایەکى تایبەت سەبارەت بە مۆڵەت نەدان بەوکەسانەى جۆرێک لەو نەخۆشییە دەروونی و دەمارییانەیان هەیە کە ڕێگرە لە شۆفێریکردن.
2.لەڕوى زانستییەوە نەخۆشییەکان بناسێنرێن کامیان بەتەواوى نابێت شۆفێرى بکەن و کامیان تەنها لەکاتى گەڕانەوەى نیشانەى نەخۆشییەکەدا نابێت شۆفێرى بکەن.
3.پشکنینى پزیشکى بۆ داواکارانى مۆِڵەتى شۆفێرى بارى دەروونیش لەخۆبگرێت.
4.ڕۆشنبیرکردنى کۆمەڵ بەگشتى و توشبووانى نەخۆشییە دەروونییەکان بەتایبەت، دەربارەى مەترسى شۆفێرى کردن بۆ ئەوکەسانەى یەکێک لەو حاڵەتانەى سەرەوەیان هەیە.

سەلاح حسن
چارەسازى دەروونى
salahboskany@yahoo.com

لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌

بۆچوونەکان


« جه‌سته‌ و جوانی | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | خه‌مۆکێ… ( depression ) »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional