ئه‌یلول 2, 2007
ماڵپه‌ڕی ئیلاف له‌به‌دواداچوونێکدا که‌له‌لایه‌ن به‌ڕێز نزار جافه‌وه به‌زمانی عه‌ره‌بی ئاماده‌کراوه له‌مه‌ڕ دیارده‌ی ناپاکی له‌ژیانی هاوسه‌ری و خۆشه‌ویستی له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی هاوسه‌رێتیدا له‌لایه‌ن هاوسه‌رانه‌وه به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وه ، بیروڕای چه‌ند که‌سێکی سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌یه وه‌رگرتووه له‌ناویاندا خاتوو ڕوخۆش غه‌ریب که هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دکتۆرایه له ده‌روونناسیدا و ڕاهێنه‌رێکی به‌توانای بواری گه‌شه پێدانی مرۆییه و نیشته‌جێی وڵاتی هۆڵه‌نده‌یه. ماڵپه‌ڕی ده‌روونناسی ته‌نها بیروبۆچوونه‌کانی ئه‌م به‌ڕێزه‌ی وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی کوردی که‌سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌یه لێی دوواوه ، بفه‌رموون ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی :
هاوسه‌رگیری ڕاسته‌قینه یه‌کگرتنی دوو که‌سه که‌هه‌ریه‌که‌یان تامه‌زرۆی ئه‌وی تره نه‌ک ته‌نها له‌لایه‌نی سێکسیه‌وه به‌ته‌نها به‌ڵکو له‌هه‌موو لایه‌نه‌کانی تریشه‌وه ، هه‌ردووکیان به‌تاسه‌ی ژیانێکه‌وه‌ن که له‌ژێر یه‌ک ساباتدا زینده‌گی بکه‌ن ، هه‌ریه‌که‌یان هه‌ست ده‌کات که پێویستی به‌وی تره له‌لایه‌نی سۆزداری و فیکری و جه‌سته‌ییه‌وه وه‌ک یه‌ک . له‌ڕاستیدا هاوسه‌رگیری پێویست بوونی دوو دڵ و دوو جه‌سته و دوو عه‌قڵه به‌یه‌کتر . که‌واته هاوسه‌رگیری هاوبه‌ندیه‌کی پیرۆزه که ده‌بێته مایه‌ی یه‌کگرتنێکی ته‌واو له‌نێوان دوو که‌س و بنیاتنانی خێزان . هه‌رکاتێک یه‌کێک له‌لایه‌نه‌کان جا ژنه‌که بێت یان پیاوه‌که هه‌ستا به‌به‌ستنی په‌یوه‌ندیه‌ک له‌ژێر هه‌رناوێکدا بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری ، ئه‌وا ئه‌م کاره به‌شتێکی ناسروشتی هه‌ژمار ده‌کرێت . دیارده‌ی بوونی په‌یوه‌ندیه‌کانی خۆشه‌ویستی له‌ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی هاوسه‌رگیری ، دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه که دێرزه‌مانه‌وه بوونی هه‌بووه له کۆمه‌ڵگه مرۆییه جیاوازه‌کاندا ، هه‌رچه‌نده ئه‌م دیارده‌یه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تر جیاوازه به‌پێی به‌ها و بیروباوه‌ڕ و ڕێساکان .
سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دیارده‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی ناته‌واویه‌ک له‌و په‌یوه‌ندیه سروشتیه‌ی که هاوسه‌ران پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه . گه‌لێک له ده‌روونناسان و توێژه‌ره‌وان له هۆکاره‌کانی پشت ئه‌م دیارده‌یه‌یان کۆڵیوه‌ته‌وه ، زانیاریه ده‌ستکه‌وتووه‌کان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته له‌و وه‌ڵامانه‌وه ده‌ست که‌وتووه که زانایان و توێژه‌ره‌وان له‌شێوه‌ی پرسیار و وه‌ڵام له پیاوان و ژنانیان کردووه ، چۆن … بۆچی … که‌ی ، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی په‌یدا ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری ؟ .
له‌نێوان پیاوان و ئافره‌تاندا جیاوازی هه‌یه سه‌باره‌ت به هۆکاره‌کان و شێواز و پاڵنه‌ره‌کانی پشت ئه‌م دیاره‌ده‌یه . ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌و هۆکار و پاڵنه‌رانه بکۆڵینه‌وه که له‌پشت دروست بوونی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی ئافره‌ته‌وه هه‌یه بۆ که‌سێکی تر له‌ئاماده‌بوونی مێرد ( هاوسه‌ر ) دا ، ئه‌وا پێویسته زیاتر شۆڕبینه‌وه به باکگراوه‌ندی ئه‌م ڕه‌فتاره‌دا ، چونکه هیچ ڕه‌فتارێک بێ بوونی خواست یان پاڵنه‌ر بوونی نیه . که‌واته چ ئامانجێک له‌پشت ئه‌م ڕه‌فتاره‌وه هه‌یه ؟ .
کۆمه‌ڵێک هۆکاری گشتی هه‌ن که‌ده‌بنه هۆی په‌یدابوونی خۆشه‌ویستی لای ئافره‌تان بۆ که‌سێکی دی له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتیدا که ئه‌مانه‌ن :
1- ناهاوسه‌نگی ( سۆزداری ، سێکسی ، ڕۆشنبیری ) ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی جیاوازی ته‌مه‌ن و بیرکردنه‌وه و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه . وه ئه‌وه‌ی کچان هیوای بۆ ده‌خوازن پێش هاوسه‌رگیری . شاردنه‌وه‌ی ڕازه ئاڵوگۆڕکراوه‌کان . نه‌سازانی سێکسی و سۆزداری .
2- دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مێرد و زۆر بایه‌خدان به ئیش و کاری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و پاره په‌یداکردن و سیاسه‌ت و خوێندن و… هتد . چونکه ئه‌م حاڵه‌تانه بۆشاییه‌کی سۆزداری و سێکسی دروست ده‌کات لای ئافره‌ت که‌وای لێده‌کات بگه‌ڕێت به‌دوای په‌یوه‌ندی تردا بۆ تێرکردن و پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کانی .
3- گۆڕانی ڕه‌فتاره‌کانی مێرد و ده‌رکه‌وتنی هه‌ڵسوکه‌وتی ناڕه‌وا و ناشایسته لێوه‌ی ، بۆ نموونه کاتێک ئافره‌ت ناپاکی له مێرده‌که‌ی ببینێت که په‌یوه‌ندی تری هه‌یه ، ئه‌م حاڵه‌ته بڕوای ئافره‌ته‌که ناهێڵێت به مێرده‌که‌ی و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی لێبکاته‌وه . یاخود کاتێک پیاو خۆی فه‌رامۆش بکات و بایه‌خ به ڕوخسار و پاک‌وخاوێنی خۆی نه‌دات .
4- نه‌بوونی زمانێکی هاوبه‌ش له ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستیدا ، پێنج زمانی تایبه‌تی هه‌یه بۆ خۆشه‌ویستی ، هه‌موو که‌سێک زمانێکی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ده‌ربڕین و تێگه‌یشتن له خۆشه‌ویستی .
5- جیاوازی له سیستمه نوێنه‌رایه‌تیه‌کانی مرۆڤدا ، سێ سیستمی جیاواز هه‌یه ( بینایی و بیستیاری و هه‌ستیاری ) ، هه‌ریه‌که‌یان لایه‌نی باشی و خراپی هه‌یه له مامه‌ڵه‌کردندا له‌گه‌ڵ که‌سانی تر و تێگه‌یشتن لێیان ، زۆربه‌ی جار زمانێکی هاوبه‌ش پێک نایه‌ت بۆنموونه له‌نێوان که‌سێکدا که‌سه‌ر به‌سیستمی بینایی بێت له‌گه‌ڵ که‌سێکی تر که هه‌ستیار بێت .
6- هاوبه‌ند بوونی مێرد به هه‌ندێک حاڵه‌تی نه‌رێنی و ئازاراویه‌وه که وا له‌ئافره‌ته‌که ده‌کات له مێرده‌که‌ی ڕا بکات .
7- حه‌زکردن به گۆڕان لای هه‌ندێک که‌س و تووش بوون به بێزاری له گوزه‌ران له‌گه‌ڵ یه‌ک که‌سدا ، یان بوونی په‌شێوی ده‌روونی که‌وه‌ک نه‌خۆشی ده‌روونی کارده‌کاته سه‌ر که‌سه‌که و هۆکاره‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناعی مناڵی و ڕه‌نگه به‌رده‌وام بێت هه‌تا قۆناغی پیرێتی ، که وا له ئافره‌ته‌که ده‌کات ( به‌زۆره ملێ ) ئه‌م په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی تر ببه‌ستێت بێئه‌وه‌ی بزانێت بۆچی وا ئه‌کات ، له‌م باره‌دا ئافره‌ته‌که پێویستی به ڕاوێژکاری ده‌روونی هه‌یه .
8- هه‌ژاری و نه‌داری .
9- کۆچ و ئاوێته بوون به کولتورێکی نوێ که ده‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی ناسنامه و ئینتیما بۆ کولتوره نوێکه ، زۆربه‌ی جار ئه‌مه هۆکاری سه‌ره‌کیه لای کۆچبه‌ران .
10- زوو شوکردن و نادروستی له‌هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ردا .
11- بێتوانایی له داوای جیابوونه‌وه له مێرد ، یان به‌هۆی ترسان له مێرده‌که یان له که‌سوکار به‌له‌به‌رچاوگرتنی دابونه‌ریت .
12- ڕێز نه‌گرتنی مێرد له ژنه‌که‌ی و هه‌ست نه‌کردن و گوێ نه‌دان به ئاره‌زوو و خواسته‌کانی ژن و گوێ نه‌گرتن بۆ ڕاز وخه‌مه‌کانی . بۆیه له‌م کاتانه‌دا ئافره‌ته‌که ڕوو ده‌کاته که‌سێکی تر بۆ به‌دیهێنانی خواسته‌کانی و که‌مکردنه‌وه‌ی بارگرانیه‌که‌ی و گوێگرێکی نوێ بۆ راز و خه‌مه‌کانی .
چه‌ند هۆکارێکی تریش هه‌ن ، به‌بڕوای من قسه کردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته پێویستی به لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه ، هه‌روه‌کو له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م بۆ کرد له پشت هه‌موو ڕه‌فتارێک ، پاڵنه‌رێک یان داخوازیه‌ک هه‌یه ، چونکه هیچ شتێک له نه‌بووونه‌وه نابێت .
وه‌رگێڕانی
سامان سیوه‌یلی
لەهاوپۆلی: له‌كۆمه‌ڵگه‌وه
« سایکۆلۆژیای یاری | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | چێژ وه‌رگرتن له جوانی »
Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
