نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / که‌سێتی گه‌نجی کورد / به‌شی دووه‌م

تشرینی یه‌كه‌م 17, 2008

 
  لەبەر رۆشنایى سۆسیۆلۆژیادا
کەسێتى گەنجى کورد
توێژەى کۆمەڵایەتى :حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

به‌شی دووه‌م
   
   پردى ئاخاوتن و دیالۆگ  لە نێوان گەنج و باواندا لە یەکەمین هەنگاوەوە و لە نێو خێزانە خانە خوێکەى خۆیدا تووشى هەرەس و رووخان دەبێت….  ئەمەش زۆر مەترسیدارە و گەنج تووشى ونبوون و نامۆبوون دەکات، سست و لاوازى دەکات، وای لێدیت باوەڕى بە دەورووبەر و خێزانەکەى  خۆى کاڵتر و کزتر دەبێتەوە، ئیدى ئاکام ئەو کەش و هەوایە بەرکەماڵ دەبێت کە گەورە گوێ لە بچووکى نێو خێزان ناگرێت، گەنجى کورد بە تایبەت کچان هەست بە پەراوێزبوون و نەخوێندنەوە دەکەن، هەستدەکەن مامەڵەى مرۆڤیان لەگەڵدا ناکرێت!
لە خێزاندا نە برا و نە باوک زۆرجاریش دایک، دیالۆگ و گفتوگۆى ئازاد و بوێر و هێمن لەگەڵ رەگەزى مێدا سازناکەن، بۆیە کچانى گەنجى کورد لە کۆڕان زیاتر و دە هێندەش زیاتر ئازار و دەردى پەراوێزبوون و هەست بە کەمکردن و نامۆبوون و نوشوستى (الاحباگ) دەچێژن..!
   لێرەوە دەتوانین پاسادانى راستى ئەم قسەیەمان بەوە بسەلمێنین کە کچانى کوردى گەنج لە ژێر گوشارێکى توند و تاقەت پڕوکێندا دەژین، چونکە نە دەتوانن گوێبگرن و نەدەتوانن پرسیاربکەن و نە وەڵامى پرسیاریان دەدرێتەوە و نەحسێبى مرۆڤ یان نێوە مرۆڤیان بۆ دەکرێت، بۆیە رێژەى ئەو کچە کوردە لاوانەى خۆیان دەکوژن ساڵانە، دە هێندەى رێژەى ئەو کوڕە گەنجانەیە کە خۆیان دەکوژن…!
***
هێشتاکە بەردەوامین لە شیتەڵکردنى کەسێتى گەنجى کورددا و سەرەتاش پێویستە ئەوە بیر خوێنەرى بەڕێز بێنینەوە کە کەسێتى بریتییە لەو بەرهەم و دەرهاویشتەیەى کە هەر ەشارستانیەتى و ژیارێک بە تایبەتمەندییەکانییەوە دروستى دەکات…. شارستانیەتیش لە نێو چەقى کۆمەڵگەدا، رۆحى مێژووى خۆى جێدێڵێت کە بریتییە لە فەرهەنگ و کلتوورى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیر، ئەمانیش خۆیان لە داب و نەریت و بەهاى کۆمەڵایەتى هزری و ئاینیى و بیکردنەوەى کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە، بۆیە دواجار کەسێتى هەرتاکێک بریتی دەبێت لەهزر و لە کلتوورى باو و سەردەستى ئەو کۆمەڵگە و ژینگە کۆمەڵایەتییە……..!
    لەو پێودانگەوە و لەبەر رۆشنایى ئەو یاسا و رێسایەدا دەتوانین بڵێین کەسێتى گەنجى کوردیش پشت بە کلتوورى زاڵ دەبەستێت کە لە کۆمەڵگەکەماندا بریتییە لە بیرى خێڵەکى و هۆزگەرایى کلاسیکى و تەقلیدى باو کە گەورە و بچووک لەسەر هەمان قەوان دەڕوات و تۆخ و تۆخترى دەکاتەوە..!
  بیرى خێڵەکى و عەشیرەتگەرایى کوردیش لە نەزانى و نەخوێندەوارى و جەهالەتەوە نزیکترە وەک زانست و مەعریفە، گەنجى کوردیش وەکو پیرەکەى، لە ژێر کاریگەرى بەکارهێنانى ئەفسانە و خورافەدایە، نوشتنە و جادو زیاتر بە کاردێنێ، وەک لە ژیرى و عەقڵانییەت، ئەوەندەى دەچێتە لاى شێخ و مشایەخێک، ئەوەندە ناچێتە لاى پزیشک و نوژدارێک (هەرچەندە دکتۆرەکانیش وەک جاران دڵسۆز نیین و شارەزا و زیرەک نیین!!)
  گەنجى کوردى هاوچەرخ رێژەیەکى زۆریان خەمخۆر نیین کە ببنە کوڕى زانست و لۆژیک، ببنە رۆشنبیر و هۆشیار، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان بەکاردێنێ، وەکو مۆبایل و سەتەلایت و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت، کە سەردەمى مۆدێرنێت و مەدەنییەت خوڵقاندوون، کەچى پاش ئەوەى لە بەکارهێنانى  ئەو کەرەستە تەکنۆترۆینیە نوێیانە دەبێتەوە،  دەگەڕێتەوە دۆخى کۆن و دواکەوتووى جارانى خۆى… دەبێتەوە بە مرۆڤێک کە لە شوانکارە و قاچاخچى تێپەڕناکات، دەبێتەوە بە هاووڵاتى نیشتمانى (فەنتەڵۆس- کە هێمایە بۆ دواکەوتوویى کۆمەڵگەى کوردى) دەبێتەوە بە کوڕى جەهالەت و نەزانى..!
   پێویستە ئەوەش بە راشکاویى بدرکێنین کە کەسێتى گەنج لەگەڵ کەسێتى پیردا جیاوازییەکى ئەوتۆى نییە و لە زۆرێک لە خاڵ و بەندەکاندا هاوبەشییان هەیە…. بەڵام بەشێوەیەکى گشتى، کەسێتى گەنجى کورد (بە کوڕ و کچ)ییەوە پڕە لە ئیشکالییەت، لە کەمووکوڕى و کێماسى، کەسێتییەکە پتەو و سەقامگیر و تۆکمە و هاڕمۆنى نییە، کۆڵەکە بنەڕەتییەکانى لاواز و سستن، بۆیە بە ئاسانى گۆڕانکاری بەسەردا دێت و باهۆزى گۆڕان و وەرچەرخان یان تیشکى سووتێنەرى جەنگ و شەڕ و گەندەڵى سیاسیى، کاریگەرى خێرایان بۆ سەر ئەم کەسێتییە دەبێت و دەتوانن بە سانایى بیشێوێنن… بەڵام خەسڵەتى بنەڕەتى ئەم کەسێتییە ئەوەیە کە بە کاریگەرى داخراوەیى کۆمەڵگە، چەقبەستووە و نەگۆڕە، گەشە ناکات و بەرە و کرانەوە پێش ناکەوێت……
  ئەگەر بە وردى و بە میکرۆسکۆبى سیۆسۆلۆژى بچینە ژێر پێستى کەسێتى گەنجى کوردەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە گەنج لە نێو ناهەموارى و دژوارى و ناکۆکییەکى کوشندەدا ژیانى لاوێتى دەباتەسەر، لە ژێر فشار و گوشاردایە، لە لایەکەوە خەون و خەیاڵى رۆمانسیانەى گەنج، کە دەرهاویشتەى هۆرمۆنى و بایۆلۆژییە لە جەستەیەتى، هێز و وزەیەکى لە بنەهاتووى پێدەبەخشێت و  پێویستى بە راپەڕاندنى چالاکى و بزاوتنە، بەڵام لە لایەکى ترەوە فشارى تەندى دابوونەریت و عورفى کۆمەڵایەتى کە لە واقیعدا زاڵە  بیر و هزرى  هەمووانى کۆنتڕۆڵکردووە و ئیش لەسەر چەپاندنى گەنج دەکات و پیرەکانیش نوێنەر و جێبەجێکارى ئەم زەبر و فەرمایشتانەى کۆمەڵگەن…. بۆیە گەنج (بەشێوەیەکى راستەوخۆ و ئاراستەبۆکراو) لەو کەش و هەوا ناجێگێر و ناوازە و تاقەت پڕوکێنەدا کەسێتى خۆى بنیاتدەنێت، ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانە لە کۆمەڵگە داخراوەکانى رۆژهەڵاتى ناڤیندا و لە کۆمەڵگە سوونەتیەکەى ئێمەدا ئەتمۆسفیرێکى  چەواشە و شێواوى ئافەریدەکردووە کە تاکو نێوچەوان نوقە لە نایەکسانى و ناتەبایى جیاوازى جێندەرى (رەگەزى) و نادادوەرى کۆمەڵایەتیدا… کە لە سەرووى ئەمانەشەوە (توندووتیژى و زەبر و زەنگى) کردۆتە ئامرازى بەکارهێنان وبۆ سەرکوتکردنەوە و شکاندنەوە و چەوساندنەوەى گەنج (بە تایبەتى کچانى هەرزەکار) بەکار دێنێ… لێدان و هەڕەشەلێکردن و سووکایەتى پێکردن و جنێوپێدان، کەرەستە  و هۆکارى پەروەردەکردنى خێزان و کۆمەڵگەى کوردى بێت، ئاکام و دواجار کاریگەرى  زۆر نێگەتیڤى بۆ سەر کەسێتى گەنج دەبێت…!
  بۆیە کۆمەڵگەى کوردى کەسێتى گەنجێک دەستبەردەکات کە  لێوانلێوە لە تووڕەیى و بێزارى، لە سەرچڵى و یاخیبوون، لە تووندوتیژى و  لە زبرى و رەقى، دەروونى پڕە لە فشار و زەبرى توند و گورچکبڕ، کەسێتیەکى ئاڵۆز و تاریک و نارێک و پێک، کە سیخناخە لە پشێوى و راڕایى و دڵەڕاوکێ و ترس…. سەرکوتکردن و شکانەوەى کەسێتیەکەى، بێمتمانەیى و بێ بڕوا بە خۆبوونى پێبەخشیوە،  بێسەرووبەرەیى و بێبەرنامەیى و فەوزا و سەروەرنەبوونى یاسا و شکۆمەندنەبوونى دادگا و بڕیارى لەرزۆکى دادوەرانى کۆمەڵگەکەى (بەدرێژایى مێژوو) واى لەم بوونەوەرە کردووە کە هەمیشە سەرپێچیکار و لادەربێت لە یاسا و رێسا،  رێز و حورمەت  بۆ یاسا و دەستوور و بەدەنکانى دانەنێت، کەسێکە هیچ زانیارى و زانستێک لە بارەى مافەکانى خۆیەوە  نازانێت، لە ماف و ئەرکى خۆى و کەسانى دەورووبەرى خۆی تێناگات، مافى مرۆڤ و جاڕى گەردوونى  مافى مناڵان و مافى گەنجانى نەبیستووە، گەنجى کورد (بە درێژاى مێژووى هاوچەرخ بە زەبرى مێژووى ستەمتدیدەیى و ژێردەستى نەتەوەکەى) بەسەرپێچیکردن و لادانى لە یاساکانى حکومەت و دەوڵەت بەختەوەر و ئاسوودە دەبێت….
   گەنج وایلێهاتووە پشت بەهێز و تواناى مەچەک و بازووى خۆى ببەستێ و بۆ مەبەستى تۆڵەکردنەوە، بڕواى بە سزادانى یاسایى نییە، بڕواى بە حوکمى دادوەرى وڵاتەکەى نیە، بەوپەڕى قارەمانێتى و ئازایەتى دەزانێت کە خۆى لە سەرووى یاساوە ببینێتەوە، (وەکو بۆ نموونە چۆن دەبینیین زۆرێک لە گەنجى کورد شۆفێرن  لە ئاژۆتندا پابەندى یاساکانى هاتوچۆ نابن و بۆیە رێز لە پیادەى سەرجادەکانى کوردستان ناگرن، خۆ ئەگەر لە پیرێک یاخود لە ژنێک یاخود لە منداڵێک بدەن و هەناسەى لێببڕن، ئەوا هەڵدێن و  خۆیان ناخەنە ژێربارى بەرپرسیارێتى ئەو تاوانە یاساییەى ئەنجامیانداوە…!)
***
وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێدا، گەنج بەرهەمى کۆمەڵگەیە بە هەموو توخم و سەرچاوە و کایە جیاوازەکانییەوە، کەسێتیەکەشى رەنگدانەوەى لە سەدا سەدى دەورروبەر و ژنینگەى کۆمەڵایەتییە، یەکێک لە ژنگە سەرەکییەکانى ژیان و گوزەران و گەشەسەندنى گەنج،  خێزانە و پەروەردەى کۆمەڵایەتى رۆڵى هەرە دیار و گرنگ دەگێڕێت،  لەم بوارەدا، بۆ وێنە ئەو لاوانەى لە خێ.انێکدان کە چەوسێنەرەن، دووچارى تووندوتیژى و هەڕٍەشەلێکردن و لێدان دەینەوە، مەخابن و جەخار ئەو گەنجانە بە رێژەیەکى زۆر ترسنۆک و ملکەچ و لاواز دەردەچن، بۆیە ویست و ئارەزووەکانیان  دەشارنەوە و کپیان دەکەن، کە گەورەتر دەبن و هاوسەرگیرى پیچکدێنن، ئەم گەنجانەش وەکو دایک و باوکیان بە هەمان شێوە توندوتیژ و چەوسێنەر دەبن و لاساییان دەکەنەوە……!
   هەربۆیەشە لە کەسێتیاندا رەنگدەداتەوە و پشت بە خۆنابەستن لەبەردەم کێشە و گرفتدا، هەست بە کەمى دەکەن  راڕا دەردەچن.. ئیدى توندوتیژ دەبن بەرامبەر بە کەسانى هاوتایان یان لە خۆیان بچووکتر و تۆڵەى خۆیان لەوان دەکەنەوە…  بۆیە رێژەیەک لەمجۆرە لاوانە بڕوایان بە تۆاَەکردنەوە هەیە….!
    شایەنى وتنە، لەم تەرزە گەنجانە بە ئاسانى دەکەون تەڵەوە و بەرەو هەڵدێر دەچن… هەندێکیان بۆ کارى لادەرانە و لاسارى و تاوانکردن دەقۆزرێنەوە… تووشى کەتنکردن و زیندانیکردن دەبن…
   لە کوردستاندا کەم نیین ئەو لاوانەى کە لەم چەشنەن و ژیانى پڕ ئەشکەنجەیى لە نێو بەندیخانەى مێردمناڵام و زیندانى نەوجەوانان بەسەردەبەن…!
   جرۆێکى دیکە و شێوازێکى تر لە کەسێتى گەنجى کورد،  کە لە برەودایە، ئەو گەنجانەن کە لە نێو خێزانێکدا گۆشکراون کە زیاد  لە پێویست ناز و خۆشەویستى و سۆزیان  پێدەدرێت ( بەتایبەت رەگەزى نێر)   کە بە رادەیەک چاوپۆشى لە هەڵە و سەرە سۆڕییەکانیان دەکرێت، بۆیە لە داهاتوودا ئەم پەروەردەکردنە کەسێتەیەکى پیتە و سەرکەوتوو نابوخشن بە توێژى گەنجان، کە رێژەیەکى زۆریان بڕوا و متمانە نە بە خۆیان و بە توانا و ئیرادەى خۆیان نابێت و ئێمە لە کۆمەڵگەکەماندا رێژەیەکى زۆر  لەمجۆرە گەنجانە (بەتایبەتى کوڕ) کە هەڵگرى کەسێتیەکن و هەست بە بەرپرسیارتییان تیادا نزمە و حەز بە تەنیایى و گۆشەگیرى دەکەن بە دیدەکرێن.. ئەم لالاوانە  ئەوەندە بە نازدارى گۆشکراون، کامڵ و پێگەیشتوو نابن، ناتوانن یەک گرێ و گرفتى خۆیان چارەسەربکەن و هەمیشە و لە هەموو حاڵەتەکانى ژیاندا ئاسایى و نائاسایى پێویستیان بە پشت و پەنا و کەس و کار دەبێت بۆ هاریکار و یارمەتیدان…..!
  شتێکى بەڵگەنەویستە و گومانى تێدانییە، کە حەز و ئارەزوو بەشێکن  لە کەسێتى مرۆڤ و رەنگدانەوەى ئەوتۆى لەسەر رەوڕەوەى  ژیانى مرۆڤ بەجێدێڵێ، ئاشکرایە کە مرۆڤى ئازاد لە کۆمەڵگەى ئازاد و کراوەدا حەز و ئارەزووەکانى بە ئاسانى و بە سیستماتیکى دێنێتەدى، کەچى لە کۆمەڵگەى داخراو و چەقبەستووى وەکو ئەوەى ئێمە، هەمیشە فشار و گوشارى پەروەردەیى و کۆمەڵایەتى و ئاینیى تاقەت پڕووکین ئامادەیە بۆ چەپاندنى حەز و ئارەزووەکانى تاکو کورد بە گشتى و گەنجى کورد (کچان بە تایبەتى)، هەر بۆیەشە رێژەى گەنجانى بەختەوەر و کامەران و بەتوانا و چالاک  خاوەن ئیرادە و بڕیار و متمانە بە خود و بە دەورووبەرەکەى خۆى،  رێژەیەکن کە ئەوەندەە کەم، تروسکەى هیوا و ئومێدیان پێ نابەشخن… گەنجى کورد بێزار و وەڕس و تووڕە و یاخییە لە خۆى و خێزان و کۆمەڵگەى خۆى، بێئرادە و بێئومێدن و رێژەى خەسڵەتێکى دیکەى کەسێتى گەنجى کورد،  مەلەسەى شەرمنییە (بە تایبەت لە کچانى کورددا) کە ئەم حاڵەتەش زۆر بەربڵاو و دیارە و کوشندەیە و کێشەەى گەورەى بە دوادادێت، گەنجێک شەرم لە ناخیدا بێت و لە کردەوە و رەوشتیدا رەنگبداتەوە ناتوانێت بەقسە گوزارشت لە دەروون و لە بیرکردنەوەى  خۆیبکات، ناتوانێ چالاکى بنوێنێ، ناتوانێت بەشدارى لە کایە گرنگەکانى رۆشنبیرى و فەرهەنگیدا بکات… ناتوانێت بڕیارێکى ئازایانە و ئازادانە بدات… ناتوانێت رەچەشکێن و داهێنەربێت، ناتوانێت پرسیاربکات و فێربێت،  چ جاى بتوانێت پەردەى شەرم بدڕێت و زاڵببێت  رەخنە لە خراپى و خوارووخێچى کۆمەڵگە و خێزانەکەى خۆى بگرێت…!!!
    هەروەها لاسایکردنەوە، هۆکار و فاکتەرێکە کۆمەڵگە بە زۆرى زۆردارەکى خستوویەتییە نێو کەسێتى تاکەکانییەوە و بەگشتى و گەنجیش بە تایبەتى، چونکە گەنج، هەستى بەراوردکارى و دیقەتى بۆ رواڵەت و دیاردەکانى دورووبەرى خۆى زۆر تیادا بەرزە،  دەیەوێت بەرگ و ناواخنى خۆى بگۆڕێت و هەموو رۆژێک خۆى دووبارە نەکاتەوە…… بەڵام لە ئاراستەکردنى گەنجدا، کات و شوێن رۆڵى گرنگى خۆیان دەگێڕن، کۆمەڵگە و دەسەڵات، واتە هۆکارى کۆمەڵایەتى و سیاسیى گەورەترین رۆڵى خۆیان  لەمبارەیەوە دەگێڕن و چۆنایەتى لاسایکردنەوە بەرە و باشتر یان خراپتر ئاراستە دەکەن….
   بەڵام جێگەى داخە، چونکە گەنجى کورد لە کۆمەڵگەیەکى سەرەتایى - سووننەتى - دەواکەوتوو ژیان دەگوزەرێنێ، کۆمەلچگەیەکە بە دەستگایى و بە دامەزراوەیى (مۆسساتی) نەکراوە، دەوڵەت و وەزارەت و خشتەو پلان و بەرنامەکانى،  خاوەنى میتۆد و عەقڵ و زانست نیین، دواجاریش تیۆرى و ستراتیژییەتێکى مرۆڤدۆستانە لەم دەڤەرەدا بەدیناکرێت، کە مرۆڤ و خێزان و خوێندگە و کۆمەلچگە بە بەرنامە و بە دامەزراوە بکات و تاکەکان دۆسێ و فایل و فۆڵدەیان هەبێت، پێناس و شوناسى هاووڵاتى لاى دەوڵەت و حکومەت ئاشکرا و تەرخانکراو بێت، ئیدى بەپێى  یاسا وە رێسا و دەستوور،  منداڵ و گەنج و پیر ئاراستەبکات،  هۆکار و کاریگەرییە ئابوورى و کۆمەلایەتى و ئاینییەکان لە نێو ناواخنى کۆمەڵگەدا پۆلێنبکات، هۆکارێکى گرنگى وەکو (لاسایکردنەوە)ى تاکەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بەرە و دۆخى پۆزەتیڤى بەرێت، بۆ ئەوەى دیاردەى ناشیرین و قێزەوەن  سەرهەڵنەدات و کێشە و ئاریشەى ئاڵۆزى لێبکەوێتەوە، لەو شێوەیەى کە لە زێد و هەرێمەکەى ئێمەدا بەدیدەکرێت….!
  بۆ وێنەو هۆکارى لاسایکردنەوە، کاریگەرى خراپى بۆ سەر پێکهاتەى کەسێتى تاکى کوردى هەیە بە گشتى و بۆ گەنجى کورد (کچان بە تایبەتى)! هۆکارى لاسایکردنەوەیە کە گەنجى کورد هاندەدات لاسایى جگەرەکێشان و نێرگەولەکێش بکاتەوە، لایاسى مەیخۆەرکان دەکەنەوە…. لاسایى قومارچى دەکەنەوە… لاسایى لەشکڕەکان دەکەنەوە…. بۆیە دیاردەى جگەرە کێشان و نێرگەلە کێشان و مەیخواردنەوە و قەرمارکردن و سێکسکردن لەگەلچ لەشفرۆشەکاندا، دیاردەى بەربڵاون لە نێو گەنجاندا و سیستمى بەرگرى و بەرهەڵستى لە نێوپێکهاتەى کەسێتى گەنجانماندا زۆر سست و لاوازە و رێژەیەکى زۆر لە کۆڕانى گەنجى کوردستان گیرۆدەن بە دەست ئەو هەڵسوکەوت و رەوشتانەوە…!
    کچانى کوردستانیش بە هەمان شێوە لاسایکردنەوەى یەکتر بۆ هەبوونى  ئامێرى مۆبایل و خراب بەکارهێنانى، گرفتى گەورە و  دیاردەى ناشیرین و ترسناکى دروستکردووە…. لە زۆر جێگەدا بوونەتە قوربانى ئەو دیاردەیە.. هەروەها بە حوکمى لاساییکردنەوەیەە کە کچانى کوردى هاوچەرخ جل و بەرگ و پۆشاکێک دەپۆشن (کە جەخار و مەخابن) لە پۆشاکى سەماکەران و لەشفرۆشان دەچن و زۆر لەسەر کەسێتى و سەنگى ئەوان دەکەوێت، پەیوەندى و هەڵوێستى رۆژانەیەنان دەشێوێنێ و هانیاندەدات زۆر رووکەشانە لە ژیان و لە پەیوەندى خۆشەویستى و پرۆسەى هاوسەرگیرى و ئایندەیان بڕوانن، دووریان دەخاتەوە لە حەزى فێربوون و سەرکەوتن و لە بوارى زانست و مەعریفەدا..!
    هەروەها لاساییکردنەوە لە نێو گەنجاندا بۆتە باو و کە واز لە خوێندن بێنن، یان گرنگى و بایەخ بە خوێندن و سەعیکردن و کۆشش کردن و دەرچوون نەدەن…. وەک بڵێیت پەیمانى کۆمەڵایەتى گشتى و  هاودەنگ لە نێو گەنجى کورددا دروست بووە، کە لەوەدا لاسایى یەکرت بکەنەوە کە کەمتەرخەم و خەمسارد و تەمەڵ و بێئامانج و بێ خولیا و خەونبن… کە چالاک و داهێنەر و بزووێنەر نەبن بۆ نێو جیهانى گۆڕان و کودەتا و وەرچەرخان…!
   لە درێژەى ئەم بابەتە گرنگەدا و بۆ قوڵبوونەوە لە کەسێتى گەنجى کورد، هەوڵدەدەین لە ئەڵقەى داهاتوودا ئاوڕێکى  تێروتەسەل لە شوناس و خەسڵەتە گرنگەکانى شوناسى گەنجى کورد بدەینەوە…..!

لەهاوپۆلی: که‌سێتی, کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / که‌سێتی گه‌نجی کورد / به‌شی یه‌که‌م | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خاتوو خه‌ندان جه‌زا ده‌رباره‌ی دیارده‌ی له‌شفرۆشی و ناپاکی هاوسه‌ری له‌ کوردستان / به‌شی یه‌که‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional