نوێترین ١٠ بابەت

هاوپۆلەکان

ئەرشیف

گەڕان لەماڵپەڕ

چوونه‌ژووره‌وه‌




دواهەمین ١٠ بۆچوون

دراوسێکان

له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / که‌سێتی گه‌نجی کورد / به‌شی یه‌که‌م

تشرینی یه‌كه‌م 17, 2008

  لەبەر رۆشنایى سۆسیۆلۆژیادا
کەسێتى گەنجى کورد
توێژەى کۆمەڵایەتى :حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

به‌شی یه‌که‌م
   زۆرن ئەوانەى کە باس لە پێگە و رۆڵى گەنج دەکەن لە کۆمەڵگادا ، بەڵام زۆر گرنگە پێش ئەوەى بتوانین پێگە و رۆڵى گەنج بخوێنینەوە  لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت، پێویستە تواناى ئەوەمان هەبێت کەسێتى گەنج بنووسینەوە و شرۆڤەى بکەین،  بۆ ئەم مەبەستەش هەر توێژەرێک  بیەوێت لە کەسێتى توێژێک یان کەسێک بنواڕێت و قووڵتر شۆڕ بێتەوە بە نێو نهێنییەکانیدا، پێویستە لە دەوروبەرى ژینگەى ئەو کەسایەتیەى تیایدا دەژى وردبێتەوە، کە بەشێکە لە کۆمەڵگە،  کۆمەڵگەش بۆ خەمڵاندن و ئافەریدکردنى کەسێتى، بۆ چێکردنى پێکهاتە و ستراکتۆرى کەسێتى، کۆمەڵگە گەلێک کەناڵ و سەرچاوەى گرنگى هەیە کە وەکو کەرەستەى بونیاتنانى کەسێتى بەکاریدێنێت…
   کۆمەڵگەکانیش جیاوازن و وێکناچن، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لە باکوورەوە بۆ باشوورى گۆى زەوى، کۆمەڵگەى هەمەجۆر و جودا بەدیدەکرێت، هەر بەو پێودانگەش کەرەستەکانى پێکهاتەى کەسێتى مرۆڤەکان و توێژەکانیش پێبەپێى کۆمەڵگەکان دەگۆڕێن!
  بەشێوەیەکى گشتى، کەسێتى گەنج لەگەڵ کەسێتى منداڵ و کەسێتى گەورەکاندا خاڵى هاوبەش و خاڵى جیاواز بەدیدەکرێت… بەڵام ئاشکرایە کە ئەو گۆڕانکارییە فیسۆلۆژى و بایۆلۆژییانەى کە لە قۆناغى هەرزەکارى و گەنجێتیدا روودەدەن، تایبەتن بە گەنج و کاریگەرى راستەوخۆى دەبێت بۆ سەر کەسێتى ئەو…!
ئەو گۆڕانانە بە هۆکارى هۆرمۆن رژاندنەوە روودەدەن کە ئەندامەکانى جەستەى هەرزەکار دەرى دەهاوێژن و مژدەى گەورەبوون و نەشونماکردن دەبەخشن، کە نیشانەکانى باڵقبوون نوومایش دەکەن لە کوڕاندا موو دەردەکەوێت و لە کچاندا بەرزبوونەوەى سنگ و دەرکەوتنى مەمک و خەسڵەتى نوێى هەرزەکارى و سەرەتاى قۆناغى گەنجێتى  مانفێست دەکەن، هەروەها شایەنى وتنە کە گەشەکردنى ئەندامى زاوزێ  و چالاکییە سێکسییەکان رەنگدانەوەى گرنگى دەبێت بەسەر هزر و ئەقڵییەتى رەفتارنواندنەوە….!
  ئەم مەخلوقە نوێیەى پێى دەڵێن هەرزەکار، مێردمنداڵێکە و  هەنگاو دەنێ بەرە و لاوێتى، کە لەراستیدا لە منداڵێک زیاتر پێویستى  بە شوێنێکى تایبەتە بۆ ئەوەى نهێنى و شتە شاراوەکانى و رووخسارى تاریکى ژیانى و پرسیارە زۆرەکانى گەنجێتى و ژیانى تایبەتى خودى خۆى تیایدا تاوتوێبیکات و راڤەیان بکات، گەنج لە منداڵێک و مێردمنداڵێک زیاتر رەهەندەکانى خەون و خولیاى بەرفروانترن، خەیاڵ و ئەندێشەى بێسنوورە، چونکە سەرلەنوێ هەموو زانیارییەکانى سەبارەت بە بوون و بە گەردوون و بە خودا و بە ئاسمان و بەژیان لە مێشکى خۆیدا (فۆرمات) دەکاتەوە و بەدەیان و بگرە بە سەدان پرسیارى پڕ موجیزە و پەرچووئامێزى هەیە کە ئەوانە هەمووى داواى وەڵامدەکەن، داواى شوێن و کاتى تایبەت دەکەن!
   لە نێو جەستەى گەنجدا چەمکەکانى حەزلێکردن  و خۆشەویستى و عەشق غەریزەن، پێوانە و بارستاییان بۆ نییە و هێندەى هەموو گەردوون تیشکى سۆز و موحیبەت دەبەخشن بە مرۆڤایەتى…..
    گەنج بەشێوەیەکى گشتى و لە هەمو جیهاندا لەو خەسڵەتەدا یەک دەگرنەوە کە سیخناخن لە وەزە و توانا و چالاکى و لە گەورە و پیرەکان زۆرتر تواناى کارکردن و داهێنان و بەخشینیان هەیە، بۆیە کەسێکى لاو ناتوانێت وەستا وو جێگیر و ئارام بێت، هەردەم لە جووڵە و بزاوتن و چالاکیدایە،  هەڵگرى پەیامێک و دیدگا و دنیا بینیەکى دیکەیە کە بە هەر شێوە و جۆرێک بێت لەگەڵ جیهانبینى گەورەکاندا جیاوازە…….
  تێفکرین و مامەڵەکردنى گەنج لەگەڵ بابەت و دۆزە کلاسیکى و باوەکانى نێوان خێزان و کۆمەڵگە جوودایە لە تێفکرین و مامەڵەى گەورە و پیرێکدا….بۆیە وێکنەچوون و ناکۆکى و بەریەککەوتن (لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا) دژایەتیکردن و ململانێ لە ئاخاوتن و مامەڵە و رەفتاردا روودەدات و ئەمەشئاساییە و وەک دەڵێن سوونەتى ژیانە، هەمیشە پەیوەندى نێوان گەنج و پیر پەیوەندییەکى ناکۆک و دژە، ئەمەش ئاشکرایە و لە هیچ خێزانێکدا ناشاردرێتەوە….
  چونکە ئەو دووبوونەوەرە (گەنج و پیر) دووکەسایەتین و ئاراستەکانى فەرمان و ئەرک  حوکمى سەقامگیرییان دەدات، بەڵام گەنج لەبەر ئەوەى لە قۆناغى هەرزەکارییەوە نزیکە، ئەم قۆناغەش لە تەمەنى (12-18) ساڵیدایە و بناغە و کۆڵەکەیە بۆ بنیاتنانى کەسێتى گەنج بەگشتى، قۆناغى هەرزەکارى زیاتر پشت بە هەستەکان و سۆز و عاتیفە دەبەستێ، پێگەیشتن و کامڵبوونى ئەقڵ و ژیرێتى مرۆڤ هێشتا مامناوەند رەخساوە و کامڵ و تێر و تەسەل نەبووە، بۆیە رێژەیەکى  زۆر لە گەنجان (بە حومکى پەروەردەى چەواشە و نادەربەستیان) زۆر هەڵەشە و سەرچڵانە بیردەکەنەوە و رەفتار دەنوێنن…. رێژەیەکى زۆر لەم تەرزە گەنجانە بەرەو لادان و لارێیی دەچن، دەکەونە هەڵدێرەوەبە گشتى و پێش ئەوەى پێناسێک  بۆ کەسێتى گەنجى کورد بکەین، لە کۆنەوە بۆ ئەمێستا، دەتوانین ئەوە دەربارەى گەنج بڵێین کە سەرتاپا لاوانى دنیا لەوەدا هاوبەشن کە قۆناغى گەنجێتى بریتییە لە خودناسین و نوومایشکردنى کەسێتییەک کە زۆر تایبەت و جیایە لە منداڵى و جیاوازە لە پیریش…
گەنج بارستاییەکە لە وەزە تواناى لە بننەهاتوو، هەروا ئاسان نییە بەربەرست و کۆسپ لەبەردەمیدا دابنرێ و کەسێتى ئەم خاوەن وزە زۆرە بشکێنرێتەوە، گەنج بریتییە لە گڵۆڵەیەک لە ئارەزووى سێکسیى، هەروائاسان نییە بچەپێنرێت و کەبت بکرێت و بینین و دانیشتنى دوو رەگەزى نێر و مێ بکرێت بە کوفر و بابەتێکى حەرامکرا و و تابوو… لەسەر نامەیەک و وێنەیەک دوو خێڵ و بنەماڵە یەکى قاتووقڕبکەن، گەنج بریتییە لە قاسەیەک لە خۆشەویستى و میهر و موحیبەت، هەروا بە ئاسانى ئەو قاسەیە پڕبکەیت  لە رقو وتووندوتیژى و چەوساندنەوە و ستەمکارى، دیارە کە کەسێتییەک دەستبەردەکەیت کە دواجار بریتى دەبێت لە بوونەوەرێکى بێئومێد و لاواز و خەمگین، بێزار و بێکار و بێفەڕ و بێوەفا بۆ خۆى و بۆ خێزانەکەى و بۆ کۆمەڵگەکەى، کە لە بەشى داهاتوودا بە تێر و تەسەلى باس لەو هۆکار و فاکتەرانە دەکەین کە کەسێتى گەنجى کورد دروستدەکات و دەشتوانێت نوغرۆى بکات و پڕیبکات لە ئیشکالییەت….!
***
ئاشکرایە کە قۆناغى گەنجێتى یەکێکە لە گرنگترین و ناسکترین قۆناغەکانى ژیانى مرۆڤ، چونکە پردێکە و دەبێتە هۆى گواستنەوە لە قۆناغى مناڵییەوە بۆ قۆناغى کامڵى و پێگەیشتن… واتا لە قۆناغى پشتبەستن بە کەسانى دیکەوە بۆ پشتبەستان بە خود و بوون بە خاوەنى شوناس و کەسێتى و سەربەخۆبوون..!
   قۆناغى گەنجێتى قۆناغێکى گرنگە، سەرەتاى سەرهەڵدانى مرۆڤێکە کە گۆڕانکاری جەستەیى و دەروونى و ژیرى و کۆمەڵایەتى تیایدا روودەدات و هەنگاوەکانى یەکەیمین خەمڵاندن و دەستەبەربوونى کەسێتى و شوناسى مرۆڤ دەستپێدەکات.. گرنگترین  دۆزێک لەمبوارەوە ئەوەیە کە کەسێتى مرۆڤ پابەندە بەپەروەردەى خێزانیى لە لایەک و داب و نەریتى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگەوە، کەواتە بۆ ئەوەى کەسێتى کەسێک بخوێنینەوە، پێویستە سەرنج لە سیستمى پەروەردەى کۆمەلالایەتى خێزانەکان و کولتوورى باوى ئەو کۆمەڵگەیە و گوتارى ئاینى سەردەستى هەر کۆمەڵگەیەک بدەیت!
   واتا دەورووبەر و ژینگە، دروستکەر و خالقى کەسێتى مرۆڤ… بۆیە لە توێژینەوەشماندا سەبارەت بە کەسێتى گەنجى کورد پێویستە سیستم و کولتوور و فەرهەنگى باڵادەست و زاڵى کۆمەڵگەى کوردى لێکبدەینەوە… هەروەها بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەى کەسێتى گەنجى کورد، پێویستە ئاماژە بەوە بدیەن کە ناکرێت و ناشێت، هەروەها کۆمەڵناسى رێگانادات توێژێک لە کۆمەڵگە داببڕێت و لە خانەیەکى سەربەخۆدا دابنرێت و توێژینەوەى دەربارە بکرێت، بەو واتایەى ئەگەر ئێمە باسى کەسێتى گەنجمان کردوو و ئەو هۆکارانەمان دەستنیشان کرد کە رۆڵیان هەیە لە دەستەبەرکردنیدا هەمان هۆکار و فاکتەر هەمان رۆڵ دەگێڕن لە خەفڵاندنى کەسێتى منداڵ و تاکى کورددا بە گشتى، چونکە کۆمەڵگە وەکو لابۆر و کارگەیەگ وایە و کەسێتى ئەندامەکانى خۆى دروستدەکات، بۆیە ناکرێت هیچ توێژێک  یان گروپێک یان چینێک بە جیاواز وێنابکرێت و ستایش بکرێت یان رەخنەیان لێبگیرێت….
    کەواتە لە پێناسەکردنى کەسێتى گەنجدا، هەمان خەسڵەت و وێناکارى مناڵان و پیرانیش ( بە نێر و مێییەوە) دەگرێتەوە، بەڵام لە هەندێک خاڵدا  کە تایبەتمەندە بە قۆناغى هەرزەکارى و لاوێتییەوە (لە رووى بایۆلۆژى و فیسیۆلۆژییەوە) هەندێک جیاوازى روودەدەن…!
  هەروەها سەرنجى خوێنەر بۆ ئەو حاڵەتە رائەکێشم کە لە زۆربەى توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا، تەرکیز خراوەتە سەر گەنجان بە گشتى نەتوانراوە بە وردى و بە سەلیقەوە جیاوازى جێندەرى (لە توێژینەوەکردندا) بکرێت، زیاتر کوڕێکى گەنج لەبەرچاو گیراوە و باسێکى تێروتەسەل بەدیناکرێت کە لەسەر کچانى کورد و شوناس و کەسێتى و ژیانیان ئەنجامدرابێت، بێجگە لە هەندێک وتار و ریپۆرتاژ  بەدواداچوون لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا، بەڵام ئەمەش تینووێتى کەسمان ناشکێنێ و قووڕ بۆ ئەو توێژەرە دەگرێتەوە کە دەیەوێت توێژنەوەى  بەرفراوان لەسەر کچانى کورد وەکو گەنجێک و ئاریشەکانى ژیانى گەنجێتى و پێگەیان ئەنجامبدات… بۆیە کەم تا زۆر لە شیکارى کەسێتى گەنجى کوردا بە پێویستى دەزانم ئاوڕ لە کچانى گەنجیش بدەینەوە…!
   وەکو لاى هەموومان ئاشکرایە و بە تایبەت ئەوانەمان کە بە قۆناغى گەنجێتیدا تێپەڕبوون و رۆژانە حاڵەت و دۆخەکانیمان پراکیتک کردووە و وەکو ئەزموون و گووزەران لە ئەرشیفى بیرکردنەوەماندا ماوون و دەتوانین راشکاوانە گوزراشت لە کەسێتى  گەنجێگ بکەین کە لەم کۆمەڵگەیاماندا دەژى..
  بێگومان گەنج،  هەمیشە پرسیار گەلێک لە مێشکیدایە، پرسیارەکان هەمەجۆرن، هەندێکیان بە لاى خۆیەوە ئاسایى و ساکارن، بەڵام شارەزایایى و زانیارى دەربارەیان کەمە، هەندێک لەو پرسیارانە لە لاى باوان و خێزان و کۆمەڵگەوە پرسیارى حەرامکرا و یاساغ و تابوون، پێویست نییە هیچ کەسێک بیرى لێبکاتەوە و بیدرکێنێ و ئاراستەى دەورووبە و خێزانەکەى خۆیبکات… گەنج هەمیشە لە دەوروو و بەرى شتەکانى خۆى ، لە رەگەزەکەى بەرامبەرى خۆى ورددەبێتەوە و  کەوا هێدى  هێدى نەش و نما دەکات  و گۆڕانکارى تیادا روودەدات، سەرنج و دیقەت و پرسیارى گەنج  سنووریان  بۆ نییە و کات و  شوێن  نازانن، ئازادانە بیردەکاتەوە، سەرنجەکانى بۆ لاى سێکس و جیاواى نێوان کوڕ و کچ و ئەندامەکانى زاوزێى هەردووکیان کێش دەبێت، بیر لە پرۆسەى سێکسى و جووتبوون  دەکاتەوە، بیر لە منداڵبوون دەکاتەوە، لە پرۆسەى هاوسەرگیرى.. خۆشەویستى و عەشق  بۆ بەرامبەرەکەى یەکەمین گرفت و ئاریشەیە کە گەنج دووچارى دەبێت، چونکە کۆمەڵگە حوکمى خۆی دەدات و رێسا و داب و نەریت سووننەتى پیادە دەکات…
   یەکەمین دیارترین خەسڵەتێک کە گەنجى کوردى پێدەناسرێتەوە، گەڕانەیتى بە دواى وەڵامى پرسیارە بوێرەکانداکە (زیاتر کوڕان بوار و زەمینەى پرسیارکردنیان بۆ رەخساوە وەک لە کچانى کورد)!!
   بەڵام ئەوەى روودەدات و لە زۆرێک لە خێزانە کوردەکاندا دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیە کە دایک و  باوک بوێر و ڕچەشکێن نیین، یان شارەزا و دانا و خوێندەوار نین، تا بتوانن وەڵامى پرسیارە زۆرەکانى گەنج بدەنەوە، یان بەسەر پێیەوە  وەڵامێکى کورتى ناماقووڵ و چەواشە و لەخشتەبەر وەردەگرنەوە… گەنجیش مرۆڤێکى  هەستیارە و سەرنج و دیقەتى وردە، بۆیە هەستدەکات وەڵامى راستەقینە و کامڵى وەرنەگرتووە، یان لە زۆر حاڵەتدا تووشى بەرپەرچدانەوە دەبێت یان ئازارى جەستەیى و  دەروونى دەدرێت بۆیە رێژەیەکى زۆر لە گەنجانى کورد دووچارى نوشوستى و سەرنەکەوتن (الاحباگ) دەبنەوە، لێرەشەوە بونیادى کەسێتى ئەو گورزێکى کوشندە دەخوات و دەروونى دەهەژێ، ئەو گەنجە هەست بە کەمیی دەکات، خۆى بە کەسێکى ناتەواو و پڕ لە کەمووکوڕى دێتە بەرچاو، ئیدى متمانەى بە گەورەکانى خۆى و بە کەسانى نزیکى خۆى نامێنێ کە هانایان بۆ بەرێت و بابەتى گرنگیان لە لا باس بکات….

لەهاوپۆلی: که‌سێتی, کۆمه‌ڵناسی

بۆچوونەکان


« مێژووی په‌روه‌رده‌ | گەڕانەوە بۆ سەرەتا | له‌به‌ر ڕۆشنایی سۆسیۆلۆژیادا / که‌سێتی گه‌نجی کورد / به‌شی دووه‌م »

Mallperrî Derunnasy portal by WordPress
سەرنوسەر و بەرپرسی ماڵپەڕ : سامان سیوەیلی
7206 363 770 00964
designe-by-germeser
Valid CSS! Valid XHTML 1.0 Transitional